بوخاری عه‌بدوڵڵای قه‌سرێ، مامۆستای زانكۆ، قوتابی دكتۆرا له ئه‌ده‌بی ئینگلیزی
ڕایه‌ڵه‌ی ئه‌ده‌ب نیشاندان و نمایندهكردنی ئه‌و هه‌ست و هزر و دیمه‌نانه‌یه كه به تێپه‌ڕینی كات مرۆڤ به‌خۆیانه‌وه مژۆڵدهكهن، هه‌ر سه‌رده‌مێك پێشهاتی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، بۆیه ئه‌ده‌ب كه ئاوێنه‌ی ژیانه خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نوێده‌كاته‌وه كه دێته به‌رده‌می. ئه‌و شته‌مان نیشانده‌دات كه له واقیعدا مرۆڤ تێی ئاڵاوه و تێی خزیوه. ئه‌ده‌ب هه‌م له فۆڕم و شكڵ و شێوازگهرییدا، هه‌میش له دید و بیرۆكه و ئایدۆلۆژیادا، پۆشاك و به‌رگی خۆی نوێده‌كاته‌وه و، گۆڕانی به‌سه‌ردێت.
ئه‌م وتاره‌م، به پوختی و خێرا، په‌نجه ده‌خاته سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاكاری پوچگه‌رایی، له دیوه فه‌لسه‌فییه مێژووییه‌كه‌یدا له ئه‌ده‌بی جیهانیدا به‌گشتی. هه‌روه‌ها، هه‌وڵده‌دات ڕه‌گ و ڕیشاڵی پشت ئه‌و سیما پوچگهراییانه ده‌ستنیشان بكات كه له ئه‌ده‌بدا خۆیان حه‌شارداوه، چۆن و بۆچی؟
چه‌رده‌یه‌كی مێژوویی له سه‌رهه‌ڵدانی پوچگه‌رایی Absurd:
ده‌گوترێت نوسه‌ر (مارتین ئیسلین) له ساڵی 1942 دا ده‌سته‌واژه‌ی (ئابسێرد) واته "پوچ" و بێ واتا، ی به‌كارهێناوه بۆ یه‌كه‌مجار بۆ ئاماژه‌دان به هه‌ر به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیی كه نماینده‌ی بۆشیی و بێ‌واتایی ژیانی مرۆڤی مۆدێرن بكات به ته‌كنیك و شێوازگه‌ریی و فۆڕمی تایبه‌ت به‌خۆی. ئه‌ده‌بی پوچگه‌رایی ئه‌ده‌بێكه كه خۆی داتاشیوه له ته‌كنیكه كلاسیكییه‌كانی ئه‌ده‌ب، له كێش و سه‌روا و زمان و لۆژیك و جوانكاری و ڕووداوگێڕانه‌وه و چیرۆكخوانی و په‌ندئامێزی... هتد. چونكه ده‌یه‌وێت ئه‌ده‌بێكی ڕه‌مه‌كی و ساده بێت كه واقیع چۆنه به‌بێ ئارایشت وه‌ك خۆی به‌بێ مانایی و به‌شێوه‌یه‌كی ناشیرین و بۆش و پڕ له نالۆژیكی نه‌قڵ بكات، ده‌یه‌وێت نه‌قڵی "بێ‌واتایی" به "بێ‌واتایی" بكات به‌شێوه‌یه‌كی پڕ له ته‌نز و گاڵته و شۆخی.
پوچگه‌رایی له ئه‌ده‌بدا ڕه‌گ و ڕیشاڵێكی فه‌لسه‌فیی كۆنی هه‌یه (كه ئێره جێی ئه‌و باس و خواسه نییه)، به‌ڵام ئه‌و فۆڕمه‌ی ئێستای پوچگه‌رایی Absurd داڕشتراوێكی ڕۆژئاوایی ئه‌وروپییه. مرۆڤی ڕۆژئاوایی له هه‌ناوی دۆخێكی دیاریكراوی مێژووییه‌وه په‌لی هاویشت به‌ره‌و خۆتهسلیمكردن و بڕواهێنان به حه‌تمییه‌تی ڕه‌شبینانه‌ی پوچگه‌رایی. هه‌رچه‌نده له نێوان ڕه‌شبین بوون و گه‌شبین بوونی پوچگه‌راییدا ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب كۆك نین، ئیدی پوچگه‌رایی بووه مۆده‌ی باوی نێو ئه‌ده‌ب، بووه جۆر و تایپی باڵای ویستراو، كه وایلێهاتووه به‌حیساب"باشترین" و "سه‌ركه‌وتوو"ترین تێكست و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی دنیای ئێستا له پڕفرۆشترینهكانیان ئه‌وانه‌بن كه ڕه‌هه‌ندی پوچگه‌رایی به‌سه‌ریاندا زاڵه.
تێكڕای ئه‌م فۆڕم و تایپه ئه‌ده‌بییه، پاشخانێكی قوڵی مێژوویی هه‌یه. ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه دنیای مۆدێرن دابڕانێكی سه‌ختگیری دروستكرد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مانی پێش خۆی. مرۆڤی ڕۆژئاوا به خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو به‌ره‌و ستایلێكی ته‌واو جیاوازی ژیان كرایه‌وه. چۆن؟
له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، زانست بوو به دوانگه‌ی ههرهبڵندی گه‌ڕان و كه‌شفی هه‌قیقه‌ت، ته‌كنه‌لۆژیا و داهینان پتر په‌ره‌یان پێدرا، پێوه‌ندی نێوان ئایین و ڕامیاری به جۆرێكی دی داڕێژرایه‌وه، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ گۆڕانی به‌سه‌رداهات و مرۆڤ به‌ره‌و تاكگه‌رایی (فه‌ردانییه‌ت) هه‌نگاوی هه‌ڵێنا. هه‌ركه‌س به‌ره‌و داڕشتهكردنی ئه‌و شێوه‌ژیانه چوو كه خۆی ده‌یخوازێت، پانتاییه‌كانی مۆڕال و ژیریی تهسككرانهوه و پانتاییه‌كانی سۆز و ئاره‌زوو به‌رفراوانتر بوون. ڕه‌فاهییه‌ت و خۆشژیانی و لهززهتبازی شوێنی هه‌ندێ له ڕه‌وشته كلاسیكییه‌كانی گرته‌وه، بازاڕگه‌ریی و دۆخی به ماركێتكردنی ژیانی مرۆڤ گه‌شه‌ی كرد، ده‌ستی كار ڕووه‌و كارگه و كارخانه پتر وهكار خران، ژیان ئاڵۆزتر بوو، شاره‌كان بوون به بازاڕی گه‌وره بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا و كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه.
ئه‌مانه دۆخی مرۆڤی مۆدێرن بوون له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست دا، به‌ڵام له‌و ئان و ساتانه‌ی ئه‌وسادا، مرۆڤی ڕۆژائاوایی له نێوان خواستی ژیانێكی خۆشتر و باشتر و، واقیعێكی پڕ له نادادیی و توندوتیژی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی حه‌په‌سابوو. چینایه‌تی و برسێتی و خوێنپهرستی و فاشیزم ڕووه‌و گه‌شه بوون، ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌یویست دووربوو له‌وه‌ی ده‌یبینی، بۆیه ڕووه‌و جۆرێك له بێزاریی و خه‌مۆكیی و نامۆیی هه‌نگاوی هه‌ڵێنا. سیاسه‌تی وڵاتانی زلهێز به‌ره‌و داگیركردن و كۆلۆنیالیزم وزه و توانسته‌كانیان خه‌رج ده‌كرد، كۆیلایه‌تییه‌كی تازه‌یان به‌رهه‌مده‌هێنا به شێوازێكی تازه‌ی مۆدێرن و به به‌رگێكی ئامێریی و ته‌كنه‌لۆژیایی نوێوه.
ئه‌وكاته سه‌ره‌تای هه‌رزانفرۆشكردنی به‌های ڕاسته‌قینه‌ی (مرۆڤ) له‌ئارادا بوو. له‌ژێر چنگی سه‌رمایه‌داری كۆلۆنیالیستهوه، به پلان و پرۆگرامه‌وه، ورده ورده مرۆڤ ده‌خزێنرایه قه‌فه‌زێكی تازه‌وه كه ده‌بوو ته‌نها وه‌ك ماكینه‌یه‌ك ئیش بكات و كاتژمێری سه‌رمایه‌داری بجوڵێنێت. نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی جه‌سته‌یه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕووی ڕۆح و ده‌روون و سۆز و ههستهكانیشهوه مرۆڤ ناخێكی شه‌كه‌تی هه‌بوو. تا له‌پڕ دوو ڕووداوی گه‌وره ڕوویاندا، ئه‌وانیش دوو جه‌نگه جیهانییه‌كه بوون.
جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی، ناخی مرۆڤی مۆدێرنی هه‌ژاند. به‌و هه‌موو كوشتار و خوێنڕژان و توندوتیژیی و كاولكاریی و خراپكردنهی كه ڕوویاندا، جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی نه‌زیف بوو، تك تك خوێنی لێ ده‌چۆڕا. ئیدی ئه‌و ژماره زله‌ی قوربانیدان و خه‌ساره‌تی گیانی و ماددی، وایكرد كه مرۆڤی ڕۆژئاوایی ڕووه‌و نائومێدی و بێهیوایی چوو، ئه‌و تروسكاییهی خه‌ونبینین به ژیانێكی دادگهرانهشی له‌به‌رچاو ونبوو. لێره‌وه و له‌نێو هه‌ناوی ئه‌م واقیعه‌دا پوچگه‌رایی هێلكه‌ی خۆی دانا و له‌دایكبوو. بۆچی؟
چونكه له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو (دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی) مرۆڤی ئه‌وروپی مۆدێرن چیتر وه‌ك مرۆڤی كلاسیك له‌نێو سیسته‌مێكی ڕه‌وشتییانه‌ی ئایینیانه‌دا نه‌مابوو، نه‌شیتوانی بگاته به‌هه‌شتی سه‌رمایه‌داریی له خۆشگوزه‌رانی مۆدێرنیزم، هیواو خه‌ونه‌كانی له‌بارچوو، بۆیه ده‌سته‌وه‌ستان (پاسیڤیتی) و كۆڵدان و بێهیوایی و خه‌مۆكی ژیانی مرۆڤی نوێی ڕۆژئاوایی داپۆشی. له هه‌ناوی شارانێكی وێرانكراوی ته‌خت و بار كاولبووی وه‌ك به‌رلین و له‌نده‌ن و پاریس و لینینگراد و وارشۆ و ...هتد، چیتر به‌های مرۆڤ وه‌ك جاران نه‌مابوو. چیتر وه‌ك جاران هه‌واڵێكی تاسێنه‌ری به‌شووم نه‌بوو مرۆڤ قڕكردنی مرۆڤ به‌چاوی سه‌ری ببینێت، گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و كامپ و زیندانه گه‌وره‌كان و گازی خنكێنه‌ری به‌كۆمه‌ڵ له تراژیدیای یادگه‌ی مرۆڤدا هه‌ڵكه‌نرابوون. دیمه‌نه مه‌رگه‌ساته‌كان لهبیرنهدهكران! ته‌نانه‌ت هه‌بوون و نه‌بوونی مرۆڤ (له پرسیاره وجودییه فه‌لسه‌فییه‌كه‌یدا) كه‌وته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌مانه وایانكرد ئه‌دیب و وێژه‌وان و نوسه‌ر و خامهلهدهستان ناخی نهزیفبووی خۆیان خاڵیبكهنهوه، هه‌ڵسن به فۆرمه‌ڵه‌كردنی جۆرێكی یاخیبووی تازه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بێمانایی دۆخی جه‌نگ و دوای جه‌نگی مرۆڤی ڕۆژئاوایی بێت. ئیدی شانۆنووس و شاعیر و ڕۆماننووسێكی پاریس یان به‌رلین چیتر وه‌ك جاران به بۆنی گوڵێكی مێخه‌ك یان ڕوومه‌تی یار نهدهوروژا، به‌ڵكو له مه‌ره‌كه‌بی پێنوسهكهیدا خه‌مێكی قوڵی هه‌ڵده‌گرت كه پڕبوون له فرمێسكی ڕژاوی جه‌نگ. به‌خه‌سارچوون و به‌هه‌ده‌رچوونی گیانه‌كان له‌و دوو جه‌نگه‌دا هه‌بوونی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت هه‌بوونی ئامانج له ژیانی مرۆڤدا خسته ژێر گومانه‌وه.
ده‌بێ بشڵێم كه كزۆڵیی بڕوا به (ئایین) له‌لای تاكی ئه‌وروپی كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی (پوچگه‌رایی). به‌ر له هه‌موو شت، ئایینی مه‌سیحییه‌ت خۆی پرسیارێكی گه‌وره‌بوو له ڕۆژئاوای دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، دیبه‌یتی نێوان مه‌سیحییه‌ت و داروینیزم له لوتكه بوو، بۆیه مرۆڤی ئه‌وروپی له دین دوور ده‌كه‌وته‌وه، به‌ڵام ده‌شیزانی كه جۆرێك له برسێتی ڕۆحی و دینی ناخی ئازار ده‌دا. لاوازی مه‌سیحییه‌ت له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره وجودییه‌كان و ڕاوه‌ستان له به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی ئیلحادییانهی زانستی ئه‌وسا، وایكرد مرۆڤی ئه‌وروپی چیتر چاوه‌ڕوانی گه‌وره له مه‌سیحییه‌ت نه‌كات بۆ ڕزگاربوون له‌و خه‌مه قوڵه‌ی كه یه‌خه‌ی گرتووه. بۆیه پوچگه‌رایی له بنه‌چه‌دا به‌رگێكه به‌به‌ر هزری ئیلحاد.
ئیدی هیچگه‌رایی و بێبنه‌مایی له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و سینه‌ما و مهعریفهخوازیدا گه‌شه‌ی كرد، له دیدی مرۆڤێكی ڕۆژئاوایی كه وابه‌سته‌ی سیسته‌مێكی ئایینی توندوتۆڵ نه‌بوو و پرسیاره وجودییه‌كانی له مه‌سیحییه‌تدا نه‌ده‌دۆزیه‌وه، زۆر ئه‌سته‌م بوو وه‌ڵامه وجودییه قورسه‌كان له هۆشی خۆیدا هه‌ڵبهێنجێت. ته‌نانه‌ت هۆشگهرایی و ڕاشناڵیزم و ئهقڵانییهتیش كه‌وتنه بهربهستییهكی زۆر سه‌خته‌وه كه ده‌ربازبوون لێی ئه‌سته‌م بوو، هۆشی مرۆڤ نه‌یده‌زانی چۆن له‌و واقیعه تاڵه تێبگات كه مرۆڤ خۆی خوڵقاندوویه‌تی له كاولكاریی و خوێنڕێژیی و جه‌نگ و سته‌م. بۆیه ئه‌ده‌بی پوچگه‌رایی ڕاكردنێك بوو له سیسته‌می چوارچێوه‌داری ئه‌قڵانییه‌ت، ته‌نانه‌ت ڕاكردن له ڕهفاهیهتیش كه زانست به‌رهه‌می هێنابوو، چیتر ئه‌قڵ توانستی تێگه‌یشتن له‌و واقیعه تاڵه‌ی نه‌بوو. چیتر دروشمه‌كانی شارستانییه‌تی ڕه‌وشه‌نگه‌ریی و هۆشگهرایی نه‌یانتووانی وه‌ڵامی مرۆڤ بده‌نه‌وه.
له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ مرۆڤی ڕۆژئاوایی زۆر سه‌خت و قورس بوو بتوانێت هه‌رسی واقیعێكی تاڵی له‌وشێوه‌یه بكات كه تێگه‌یشتن لێی به‌و خه‌ساره‌ته گه‌وره‌یه له ده‌ره‌وه‌ی هێز و توانستی ئه‌قڵی مرۆڤه. مرۆڤی ڕۆژئاوایی چیتر هیچ شتێكی به (ڕێنامه) و (خاوه‌ن)ی خۆی نه‌ده‌زانی، هه‌ستی ده‌كرد ونبووه له‌م جیهانه (به‌گوته‌ی خۆیان) "بێڕه‌حم" و "بێناسنامهیهدا"، بۆیه مرۆڤ پشتی كرده به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیی و مۆڕاڵییه كلاسیكییه جێگیره‌كان و ئیدی ویستی خۆی له‌و دنیایه تازه‌یه حاڵی ببێت كه مرۆڤ خۆی وه‌ك دۆزه‌خ خوڵقاندوویه‌تی. له‌وێوه ده‌سته‌پاچه‌یی و بێئومێدیی و ونبوون و بێ ئامانجی باڵی به‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانیدا كێشا، ئه‌ده‌ب كه ئاوێنه‌ی واقیع خۆیه‌تی كه‌وته ژێر چنگی (هیچ) و (پوچی) و (بێ بنه‌مایی) له ئایدیاكانیدا.
ئیدی له‌وساوه، مه‌دره‌سه‌ی (پوچگه‌رایی) له‌ژێر ناوه‌كانی: نیهیلیزم و ئابسێردیزم و پهڕناسیزم و دادایزم و سوریالیزم و ....هتد، به ژانر و فۆڕم و شێوه‌ی جیاجیاوه گه‌شه‌یان كرد.
ڕه‌گه‌زه‌كانی پوچگه‌رایی Absurd له ئه‌ده‌بدا:
له هزر و بیرۆكه و ئایدیاكانیدا، پوچگه‌رایی یاخیبوونه له (به‌ها) و (مانا) نه‌گۆڕ و جێگیره‌كان. گومانێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی مۆدێرنه له هه‌موو ئاكار و دید و هزرێك كه به چه‌سپاویی و به میرات له چه‌رخه‌كانی پێشووه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه. بۆیه پوچگه‌رایی بڕوای به یه‌قین و ئیمان نییه، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له ئایین و ڕه‌وشتی ئایینی، چونكه پوچگه‌رایی وه‌ك فه‌لسه‌فه‌یه‌ك بڕوای به واتا و (مه‌عنا)یه‌كی چه‌سپاو نییه بۆ ژیان و بوون. هزرێكی شڵۆقی خۆدۆزهرهوهی خۆدروستكهر و ته‌نانه‌ت خۆڕووخێنیشه. پوچگه‌رایی خووگرتنه به (خود)و مانه‌وه له گومان و پرسیاره‌كانی ناخ، به‌بێ ئیلهام وه‌رگرتن له هێزی یه‌قینی ئایین. هه‌روه‌ها جۆرێكه له خۆكهنارگیرتن و دووركه‌وتنه‌وه له خه‌ڵك، ته‌نیایی و گۆشه‌گیریی و خاڵیبوونه‌وه له پێكه‌وه‌یی و كۆمه‌ڵگه، وه‌ك فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی سارته‌ر (كه به باوكی وجودییهتی مۆدێرن ناسراوه) ده‌ڵێت: "دۆزه‌خ بریتییه له خه‌ڵك، ئه‌وانیتر دۆزه‌خن". ئه‌م ڕه‌هه‌نده له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا زۆر به قوڵی هه‌ستی پێ ده‌كرێت. ئه‌دیبه قهڵهمدیارهكانی ئێستای دنیا به‌و زمانه كهنارگیرییه ده‌نووسن، به‌و نه‌فه‌سه گۆشه‌گیریی و یاخیبوونه‌وه ده‌ئاخڤن، ئه‌دیبه پوچگهراییهكان ده‌یانه‌وێ نیشانه‌ی پرسیار بخه‌نه سه‌ر سه‌رجه‌م ڕه‌وشت و ئاكار و دید و هزر و ئیمان و نه‌ریتێك كه له‌ڕێگه‌ی ئاسمان و ئایینه‌كانه‌وه خه‌ڵك له‌سه‌ری په‌روه‌رده كراوه. ئه‌وان له ڕاڕاییدا بیر ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه دوژمنی یه‌قین و سكونن، پێیانوایه كه مرۆڤ ته‌نها كاتێك ده‌توانێت له ئازاری مرۆڤێكی تر تێبگات كه سكون بگۆڕێته‌وه به گومان و ڕاڕایی و سه‌ركه‌شیی و ڕاكردن له نه‌رێته‌كانی كۆمه‌ڵگه.
بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی، كاراكته‌ره‌كانی ڕۆمانه تازه و هاوچه‌رخه جیهانییه‌كان كه‌سانێك نین كه ڕه‌وشتی ئایینی یان ڕه‌وشتی كلاسیكی پاڵه‌وانیی Hero به‌سه‌ریاندا بچه‌سپێت، به‌ڵكو كه‌سانێكی یاخیی و ده‌رووننه‌خۆش و دوودڵ و په‌رێشانن كه هه‌میشه پرسیاری بێ وه‌ڵامیان هه‌یه و له خه‌م و ئازار suffering دا ده‌تلێنه‌وه. ڕه‌نگه ئه‌م ڕۆمان و شانۆ و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه نوێیانه، كه ته‌نانه‌ت دنیای سینه‌ما و شاشهشی گرتۆته‌وه، ئه‌وه‌مان پێ بڵێن كه مرۆڤی مۆدێرن له ده‌ره‌وه‌ی یه‌قینی ئیمان و خواناسیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ی جه‌نگێكه له ناخی خۆیداو له ڕاڕایی و گوماندا ده‌ژیت.
ئه‌ده‌بی دنیای ئێستا، له ڕۆمان و شیعر و شانۆ و فیلم، مه‌ودا و دووریی تاكگه‌رایی و دووركه‌وتنه‌وه له (كۆمه‌ڵگه) به‌سه‌ریدا زاڵه، نامۆبوون و كه‌نارگیریی alienation یه‌كێكه له ئاریشه سه‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤی مۆدێرن. نامۆبوونێكی وجودییانه كه ڕه‌هه‌ندێكی ده‌روونیشی هه‌یه و په‌یوه‌سته به شكان و په‌ستیی و توڕه‌بوون. ئه‌ده‌بی ئێستا پڕه له‌و جۆره ونبوون و نامۆبوونانه: نامۆبوون به خود، خوا، خه‌ڵك، ناسنامه و شوناس و كات و شوێن و یادگه و ڕابردوو...هتد. ته‌نانه‌ت له‌ڕووی ته‌كنیكی و فۆڕمیشه‌وه دوو ڕه‌گه‌زی گرنگی شانۆ و ڕۆمان كه بریتین له (شوێن و كات) له ئه‌ده‌بی پوچگه‌راییدا ده‌شێوێنرێن و ده‌خرێنه ژێر چه‌تری خه‌ون و ته‌مومژ و لێڵی و ناڕوونیی و ناجێگیریی و گوماندا. نیشانی ده‌ده‌ن كه ژیان له سه‌رده‌می مۆدێرندا (كه دوای په‌نجاكان به پۆستمۆدێرنیش ناوده‌نرێت) كه سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیای چه‌ك و ڕۆكێت و كارخانه و بینای به‌رز و له‌مسی شاشه و میدیای زه‌به‌لاحه، وه‌ك ئه‌وه وایه مرۆڤ له خه‌ونێكدا matrix بژیت و هه‌موو شتێك وه‌ك سه‌رابێكی بیابان كاتیی و گوماناوی و خه‌ڵه‌تێنه‌ر بێت. ونبوونی شوناس و ونبونی خود له نێوان ئه‌و هه‌مووه چه‌رمه‌سه‌ریی و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه ڕۆژگار و جه‌نجاڵیی دنیای ئێستا بۆ مرۆڤی خوڵقاندووه، كاراكته‌رێكی هه‌ره سه‌ره‌كییه له ڕۆمان و شانۆ و فیلمی سینه‌مایی ئێستای دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دا.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌شێت خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆمان و شانۆیه‌كانی فرانز كافكا و ئا‌لبێرت كامۆ و سامۆێل بێكێت و تۆلستۆی و دۆیستۆڤیسكی و ڤێرجینیا وۆڵف و ئیدوارد ئاڵبی و ژان پۆل سارته‌ر و سیمۆن دی بو ڤۆار و ئالیس ۆڵكه‌ر و ژین ژا‌نێت و ئینیسكۆ...هتد كه گه‌وره‌ترین فیگه‌ر و كه‌سایه‌تییه مۆدێرن و پۆستمۆدێرنه ئه‌ده‌بییه‌كانی جیهانن. بۆ ڕۆماننووسێكی وه‌ك سیمۆن دی بو ڤۆار سه‌یركردنی ئاوێنه ئاریشه و كێشه‌یه، چونكه ئه‌وكه‌سه‌ی كه ته‌ماشای ده‌كات كه‌سێكه نامۆیه پێی! ده‌ڵێت:" كاتێك ته‌ماشای خۆم ده‌كه‌م له ئاوێنه‌وه، هیچ ده‌بینم، خه‌مناك ده‌بم، داده‌مێنم، بۆشیی و "هیچ" و بێ واتایی ده‌بینم". ئه‌م گوته‌یه ده‌رخه‌ری ڕووانینی ڕه‌شبینانه‌ی مرۆڤی مۆدێرن و پۆستمۆدێرنه له (خود)ی خۆی و نامۆبوونییهتی به به‌های مرۆڤانه‌ی خۆی، ئه‌مه‌ش له‌سایه‌ی ماكینه‌ی كاپیتالیزم كه به‌های مرۆڤ له وه‌به‌رهێنان و خه‌رجكردنی (پاره) و سه‌رمایه و بازاڕدا ده‌بینێت.
ساموێل بێكێت، نوسه‌ری ئێرله‌ندی كه یه‌كێكه له داهێنه‌رانی ڕیبازی پوچگه‌رایی له ئه‌ده‌بی تازه‌دا، له شانۆیه‌كی به‌ناوبانگدا كه به‌هۆیه‌وه خه‌ڵاتی نۆبڵی پێدرا، به‌ناوی (له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا) ئه‌وه ده‌رده‌خات كه قسه‌كردنی مرۆڤه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا له سایه‌ی دنیای مۆدێرندا واتای "هیچ" ده‌به‌خشێت و نرخی زمان و تێگه‌یشتن و وشه له‌ده‌ست ده‌دات، مرۆڤ ده‌بێته ڕۆبۆتێك كه ئیشی سه‌ره‌كیی شه‌وو ڕۆژی ته‌نها بریتییه له كات به‌سه‌ربردن، یان قسه‌كردن له‌باره‌ی كێشه‌ی زنجیری پانتۆڵ، په‌تی سێداره، خواردنی گیزهرێك بۆ ڕزگاربوون له برسێتی، گێڕانه‌وه‌ی خه‌ون، باسی كڵاو، باسی ته‌سك و ناڕه‌حه‌تبوونی پێڵاو، یان چوونه توالێت. ئه‌ده‌بی ساموێل بێكێت مرۆڤ ده‌خاته‌وه قاوغێكی بچووك كه ئاریشه و باس و خواسه گه‌وره‌كانی له‌بیرچووه، ته‌نها له چاوه‌ڕوانی كه‌سێكی گوماناویدا كات به‌سه‌رده‌بات به‌باسی شتی "هیچ" و بێ‌نرخ و بچووك! ئه‌مه مرۆڤی ئێستایه، ته‌نیا و بێكه‌س و له غوربه‌تدا ونبوو، له دوای ئه‌و جه‌نگه خوێناوییانه‌ی كه به‌سه‌رخۆیدا هێناوه و كاولكاری كردۆته خه‌ڵات بۆ شاره‌ستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی.
پوخته و ئه‌نجام:
له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی پوچگه‌رایی وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك، یان ده‌لاقه و په‌نجه‌ره‌یه‌ك، نه‌قڵێكی ڕاسته‌وخۆی جه‌نگی مرۆڤی مۆدێرن و پۆست‌مۆدێرن له‌گه‌ڵ خۆیی و ده‌روونی خۆی نیشانبدات، ئه‌وا كه‌ره‌سته‌یه‌كی گونجاوه بۆ تێڕامان و لێوردبوونه‌وه و هزرین. ئه‌ده‌بی پوچگه‌رایی ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌كی باش بۆ تاقیگه‌ی ده‌روونشیكاری تا له‌وێوه توێژینه‌وه له‌سه‌ر كڕۆكی كێشه‌كانی مرۆڤی هاوچه‌رخ بكرێت.
بۆچی مرۆڤی ئێستا شه‌یدای گۆشه‌گیرییه؟ ئه‌مه پرسیارێكی دهرونشیكارییه.
بۆچی مرۆڤی ئێستا له دووری ئایین و ئیماندا، ڕاڕا و گوماندار و بێ سكونه؟ تا چه‌ند ئه‌ده‌بی پوچگه‌رایی گه‌شتی په‌ستیی و بێزاریی و نائاسوده‌یی كه‌سانێكمان بۆ نه‌قڵ ده‌كه‌ن كه ده‌رچه‌ی ئیمانیان لێ ونبووه؟ ئه‌مه پرسیارێكی فه‌لسه‌فی و تیۆلۆژیییه.
بۆچی مرۆڤی ئێستا له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا له جه‌نگه؟ بۆچی مرۆڤی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریی و بازاڕگه‌ریی واتای ژیان نادۆزێته‌وه؟ یان بۆچی واتای ژیانی ون كردووه؟ ئایا مادده و سه‌رمایه به‌ته‌نها به‌س نین بۆ ژیان؟ چیتر ونه؟
بۆچی مرۆڤی ئێستا له پانتایی قوڵاییدا تینوێتییه‌كی ڕۆحی هه‌یه؟ خوێنه‌ر ڕاده‌سپێرم كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شانۆیه‌كانی ئیدوارد ئاڵبی موتاڵا بكات. ئیدوارد ئاڵبی نوسه‌رێكی ئه‌مه‌ریكییه، به ڕێبه‌ری پوچگه‌رایی شانۆی ئه‌مه‌ریكی ناسراوه، و به‌نده ناونیشانی ماسته‌ره‌كه‌ی له‌باره‌یه‌وه نووسیوه، له‌وێوه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی تێبینی ده‌كه‌ی كه مرۆڤی دنیای مۆدێرن (كه كاراكته‌ره‌كانی ئه‌م شانۆیه‌ن) له‌ناخدا ماندوو و بێزارن. ئه‌م كاراكته‌رانه هه‌ست ده‌كه‌ن شتێكیان لێ ونبووه و ناشزانن چیه، تینووی ڕاسته‌قینه‌ن بۆ به‌هایه ئاسمانی و ڕۆحی و ئیمانی و ڕه‌وشتییه‌كان. یاری ده‌كه‌ن، ده‌گرین، پێده‌كه‌نن، ڕاده‌بوێرن، ده‌خۆنه‌وه، سێكس ده‌كه‌ن، شه‌ڕده‌كه‌ن... هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن و به‌خته‌وه‌ر نین! له قسه‌كانیاندا په‌ستی و توڕه‌ییان له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا هه‌یه، ڕاسته له جه‌سته‌یاندا تێر و بێ كێشه‌ن، به‌ڵام له ناخیاندا وێڵ و سهركهشن، هه‌ست به نامۆیی و غوربه‌ت ده‌كه‌ن چونكه شتێكیان لێ ونبووه و نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه، له‌و تینوێتییهشدا ئاڕاسته‌ی ئاسوده‌ییان لێ ونبووه و خۆیان له (دیالۆگ)هكانیاندا ددانی پێدا ده‌نێن كه سه‌رگه‌ردانن و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
شانۆ و ڕۆمان و سینه‌مای ئێستا له دنیای ئه‌ده‌بدا ژووره تاریكه‌كانی ناخی نامۆ و توڕه و بێزار و بێده‌نگ و بێهیوای ناخی مرۆڤی ههڵڕشتۆته ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر شاشه و په‌ڕاوه‌كان. نووسه‌رانی شانۆ و ڕۆمان و سینه‌مای بێهوده‌یی له‌ڕووی ته‌كنیك و هزریشه‌وه كه‌سانی زیره‌كن. به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر خوێنه‌ر خۆیه‌تی كه هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بی و سینه‌ماییانه، بۆئه‌وه‌ی مرۆڤی ئێستا ئاڕاسته بكرێت خۆی بدۆزێته‌وه و واتا له‌ژیانیدا بدۆزێته‌وه.
توێژه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و نوسه‌ره‌كان ده‌بێت هێنده وشیار بن كه ئه‌و پێوه‌ندییه دروست بكه‌ن له نێوان ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییانه‌ی پوچگهراییان تێدا هه‌یه و شیكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌یان بۆ بكه‌ن به واقیعی مێژووییه‌وه، تا خوێنه‌ر بتوانێت تێبگات له چ دۆخێك‌دا چ ده‌قێك نوسراوه، دوورییه مێژوویی و سیاسی و كهلتوورییهكان ببینێت ئینجا ده‌قێك شیته‌ڵ بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له پێشه‌كی ئه‌م نوسینه‌م باسمكردوه.
به كارێكی ژیرانه‌ی نازانم ده‌قێكی ئه‌ده‌بی مرۆڤی ده‌سته‌پاچه (پاسیڤ) و بێ كردار و نامۆ و بێزار و بێ ئیمان و بێ ناسنامه دروستبكات بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی. وشه‌ی په‌رتووك و كتێبه ئه‌ده‌بیه‌كان ڕه‌نگه نه‌ك ته‌نها كار له دۆخی ده‌روونی خوێنه‌ر بكات، به‌ڵكو بیكاته كائینێكی ڕه‌شبین و بێهوده و بێ سوودیش بۆ كۆمه‌ڵگه، گه‌رچی نووسه‌ریش ئه‌و نیازه‌ی نه‌بوبێت له بنه‌ڕه‌تدا.
كاتێك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كاریگه‌ریی سه‌لبی له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤ دروستبكات به‌وه‌ی كه دنیای ڕه‌شبینی بۆ بخاته سه‌ر په‌ڕاو و ته‌نها ڕه‌نگی ڕه‌ش هه‌ڵبژێرێت به ڕه‌نگی ژیان و وشه‌ی "هیچ" و"بۆش" و "به‌تاڵ" و "سفر" بكاته هاو واتای هه‌بوون و كه‌ون و ژیان، به‌بێ ده‌رچه‌ی چاره‌سه‌ر، ئه‌وا خوێنه‌ر دوور و نزیك ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ژموونی هزر و دید و سایكۆلۆژیای نوسه‌ره‌وه، ئه‌و خوێنه‌ره وشه‌ی"هیچ" ده‌كاته ناونیشانی ژیانی خۆی! زۆر نووسه‌ر به‌هۆی هه‌بوونی شۆكی ده‌رونیtrauma وه وه‌كو چاره‌سه‌ری ده‌روونی ده‌چن ده‌ستده‌ده‌نه پێنووس و ئه‌وه‌ی له ناخیاندا قه‌تیس بووه ده‌ریده‌بڕن و ده‌نووسن، گرنگه خوێنه‌ر گه‌شه‌كردوو بێت و خۆی داڕنێت له سایكۆلۆژیای سهبجهكتیڤی نوسه‌ر و، وه‌ك ده‌قێكی ڕووت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وشه‌كاندا بكات، نه‌وه‌ك بكه‌وێته ژێر هه‌ژموونی عاتیفییانه‌ی ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌وه. به‌واتایه‌كی تر، خوێنه‌ر ده‌بێت (بوون)ی خۆی وه‌ك بونه‌وه‌رێكی هۆشهكیی بهێلێته‌وه و، له‌به‌رانبه‌ر ده‌قدا نابێت وه‌رگرێكی ده‌سته‌پاچه و كۆڵه‌وار بێت، به‌بێ شیكردنه‌وه و ڕامان و ڕۆنان.
ئه‌ده‌ب، له پاڵ چێژ و خۆشی خوێندنه‌وه‌شی، هه‌میشه به په‌یامێكی دیاریكراوه‌وه داده‌به‌زێته كۆشی خوێنه‌ر و ده‌خوێنرێته‌وه. نووسین ته‌نها خاڵیبونه‌وه و هه‌ڵڕشتن نییه، به‌ڵكو بیناكردن و دۆزینه‌وه و گه‌شبینی و گه‌ڕان و به‌رپرسیارێتیشه. بۆیه به‌پێویستی ده‌زانم، خوێنه‌رانی ده‌قه جیهانییه‌كان وردتر و ژیرانه‌تر و گه‌شبینانه‌تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕووداو و به‌سه‌رهات و وته‌كانی ئه‌و به‌رهه‌مانه بكه‌ن.
سه‌رچاوه‌كان
1 Rasool, Bukhari. Illusion and Reality in Albees Whos Afraid of Virginia Woolf and Sophocles Oedipus Rex. Master Thesis. Salahaddin University, 2016.
2 Solomon, Robert C. (2001). From Rationalism to Existentialism: The Existentialists and Their Nineteenth Century Backgrounds. Rowman and Littlefield.
3 Sartre, Jean-Paul (2007). Existentialism Is a Humanism (original text: 'L'existentialisme est un humanisme', 1946). Yale University Press.
4 Cuddon, J A, Claire Preston, and J A. Cuddon. The Penguin Dictionary of Literary Terms and Literary Theory. London: Penguin Books, 1999. Print.
5 Krasner ,David . A History of Modern Drama, Volume I. PDF
6 Day, Gary. Modernist Literature, 1890-1950. Pearson Longman.