گفتوگۆی نووسەرانی عەلمانی لەسەر چەند پرسێكی ئیسلامی سیاسی
گفتوگۆی نووسەرانی عەلمانی لەسەر چەند پرسێكی ئیسلامی سیاسی
  2022/08/30     482 جار بینراوە    


د.عوسمان عەلی

لە ساڵانی ڕابردوو گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر بیروتێروانینی ئیسلامییەكان كراوە، بەشێك لەو نووسەرانە بەڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ بوونی ئیسلامییەكانیان بە فاكتەری دەرەكی بەستووەتەوە، لەبەرانبەردا هەندێ لە نووسەرەكان پێیانوایە، فاكتەری دەرەكی ئەگەر هەشبێت، ئەو كاریگەرییە بەهێزەی نییە.

هەوڵدەدەین لەم نووسینە تیشك بخەینە سەر بیروبۆچوونی بەشێك لەو نووسەرانە و ڕوانینیان بەرانبەر ئیسلامییەكانی كوردستان.

عەدنان ئەبوزید نوسەری کوردی سووری دەڵێت: ئەمڕۆ زۆر لە گەلانی ناوچەکە دەیانەوێ بیروباوەڕە ئاینەکانیان لە سایەی شەپۆلی ئايینی لەگەڵ خواستە سیاسییەکانیان بگونجێنن، ڕژێمێک پێکدەھێنن کە گوزارشت لەوە بکات، کورد لە دەرەوەی ئەو دیدگایە مەلە دەکات، ئەوانە کۆششی چڕ دەکەن ھەتا ھەستی نەتەوەی و ئايینی بەکارلێکی دووسەرە بەرھەمەکەی بچننەوە".

ئەبوزەید لە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقی ئەیاد ده‌لیمی دەگێڕێتەوە، "کە کورد لە دەیەکانی سەدەی ڕابردوو بەدەست ئەو حکومەتانەی باڵادەستن بەسەره‌وه‌ چەوساونەتەوە، ھەتا دوایی لە دەوروبەری ساڵی ١٩٩١ سەرەتاکانی ھەرێمی کوردستان دروست بوو، لێرەوە بزاڤی کورد خۆی بە پارێزەری بزاڤەکانی دیکەی نەتەوەیی دانا، ئەمەش وایکرد، کورد بە ڕووی ئەو ڕەوتە ئیسلامیيانە بوەستێتەوە، کە پەرەیان سەندبوو". دواتر دێتە سەر قسەی ده‌لیمی لە چاوپیکەوتنێکی لە (ئاکانیوز) کە ئاماژەی بە جەدەلیيەتی کارلێکی نێوان ئیسلامی – نەتەوەی کردووە، دەڵێت: "لەوباوەڕەدام ئەو دۆخە زۆر ناخایەنێ، چونکە لە کۆتاییدا کورد میللەتێکی مسوڵمانەوە لەو بزاڤە ئاینیيانەوە نزیکە، کە پەیدابوون، دوایی دەروازەی تر نیە کورد دەکەوێتە ژێر کاریگەی تەوژمی ئیسلامی لەسەر حیسابی تەوژمی نەتەوەیی."1

بەڵام نووسەرانی کورد لە بایەخی ئیسلامی سیاسی کوردستان کەم دەکەنەوە و دەڵێن، بڵاوبوونەوەی لەناو کورد زۆر کەمترە بە بەراورد لەگەڵ بڵاوبوونەوە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەھۆی کەڵەکەبوونی ھەڵەکان لە مێژووی ھێزە ئیسلامیيە ھاوچەرخەکان بایەخی جددی و گونجاویان بە مافی چارەنووسی گەلی کورد نەداوە و سنووریان بۆ ستەمی ئەو چوار وڵاتە ئیسلامییە دانەناوە، کە ستەمیان لە گەلی کورد کردووە، لەوبارەیەوە ئازاد عەلی نوسەری کوردستانی ڕۆژاوا دەنووسێت:"پارتە ئیسلامیيەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەرانبەر ھەوڵەکانی گەلانی دەورووبەر لە بە زۆر تواندنەوەی شوناسی نەتەوەیی نەوەستاونەتەوە لە بەرانبەر شاڵاوی جینۆساید کە لەژێر ڕووخساری شەرع ئەنجام دراون و بێلایەن بوون، (وەک شاڵاوی ئەنفال دژی کورد لە عیراق) کە ڕەوتە ئیسلامییەکان زۆر دووربوون لە ناڕه‌حەتيیەکانی کورد"2

فاروقی حاجی موستەفا نووسەری کوردی چەپی سوریا لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەڵێت: ڕەوتە ئیسلامییەکان دەروازەیان لەسەر خۆیان تەسک کردووە، یان لەسەر خۆیان داخست بەرانبەریان پەیدابوون و نەیانتوانی کارلێک بکەن لەگەڵ دیموکراتیەت، کە بووە بەشێک لە ژیانی سیاسی لە کوردستان، دوایی نەیانتوانی فەرھەنگی دیکە وەربگرن".

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە سوودیان لە ئەزموونی پارتە ئیسلامییەکانی وڵاتانی دراوسێ وەرنەگرت، بۆ نمونە بە ئەزموونی (پارتی دادو گەشەپیدان) بەھرەمەند نەبوون، ھەروەھا حاجی مستەفا دەڵێ: "وەک سەرنجمان داوە کۆمەڵی ئەنساروڵڵا – ئەو ڕێکخستنەی دوایی گۆڕا بۆ ئەنسار و سوننەی عیراقی – تەوێڵە و بیارە و ڕانیە و شوێنەکانی تریان کردە ھاوشێوەی دەوڵەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان* کە لەو شوێنانە پیرۆزيی و یاسای  ڕۆژئاوایی لێ پەیڕەو دەکرا، کە پەیوەندی بە ئیسلاميیەوە نەبووە".

ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە لەسەر ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و پەیوەنديیەکانی لەگەڵ پارتە عەلمانیيەکان، لەگەڵ ئەو پرسیارەی ئایا پارتە ئیسلاميیە سیاسییەکانی کوردستان شوێنی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی نیشتیمانی کوردستان) دەگرنەوە، لە ڕێبەرایەتیکردنی بزوتنەوەی کورد، ھەروەک چۆن حەماس جێگەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی گرتەوە لەسەرکردایەتی کردنی فەلەستینيیەکان؟

 لەوبارەیەوە دوو بۆچوون ھەیە: بۆچوونی یەکەم دەڵێن ئەوە کارێکی بەكردەیی ئیسلامی سیاسی کوردی باڵادەست بوو، بەڵام بۆچوونی دیکە ھەیە ئەمە دەبەستنەوە بە نوشستی عەلمانیەکانی کوردستان لە ئاستی خزمەتگوزاريی و پرۆژەکانی پەرەپێدان بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان، ئەگەر ئیدارەی کورد ھەروا دەستەوەستان بێ بەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاريی و کاروباری وڵات فەرامۆش بکەن، ئەوە ئیسلامیيەکان گۆڕەپانی سیاسی کۆنترۆڵ دەکەن، بەواتایەكی تر ئەگەر ئەو دوو حیزبە باری بژێوی هاووڵاتیان چارەسەر نەکەن و کارنەکەن بۆ دابینکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی گشتگیر لەسەر ئاستی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، (سنورێک بۆ گەندەڵی ئیداری دانەنێن، ئەوە ئاییندە بۆ ئیسلاميیەکان دەبێ)، بەڵام بۆچوونی دووەم تەواو پێچەوانەیە، دەڵێن ئەوەی ڕوویدا لە فەلەستین لە نێوان ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین و حەماس بەراورد بکرێ لەگەڵ کوردستان ھەڵەیەکی گەورەیە، ئەو دەرفەتەی لەوێ ھەیە موزایەدەکردنە لە نێوان ڕێخکراوی ئازادیخوازی فەلەستین و بەتایبەت فەتح لەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و حەماسیش لەلایەکی ترەوە، ئەوە دیارە کە خواست و پرسەکانی شەقامی فەلەستینی جیاوازە لەگەڵ شەقامی هەرێمی کوردستان"3.

ئازاد عەلی دەنوسێت: وا چاوەڕوان دەکرێ ئایندەی پەیوەندی نێوان کورد و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە زیاتر ڕوخساری تێکگیران و پێکدادان وەربگرێ، چونکە ئیسلامی سیاسی بە ئاشکرا بەسەر سێ وڵاتدا باڵادەستن کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، وەکو ئێران (ئیسلامی سیاسی شیعی خومەینی) و ئیسلامی کاڵی لیبراڵی لە تورکیا (حکومەتی دادو گەشەپێدان) و ھەروەھا ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ھەیە بەدەست ھێزە ئیسلاميیەکانەوە بە شیعەو سوننەوە، واش چاوەڕوان دەکرێ لە سووریاش ھێزە سیاسییە ئیسلامییەکان کە ئێستا پێگەیان ھەیە لە نھێنيیەوە ببنە ئاشکرا، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بەردەوام بێ یان نا دەگەنە دەسەڵات.

بەو ھاوکیشەی ئازاد عەلی دیاری کردووە لە واقیعی سیاسی لە بابەت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە پێ ناچێ کورد بگاتە مافی خۆیی و چارەنووسی سیاسی خۆی دیاری بکات و بەشێوەی فیدراڵی بێت یان سەربەخۆیی تەواو بە مافەکانی خۆی بگات. چونکە لە بەرنامە و قەناعەتی ھێزە ئیسلامیيەکان داننان بە مافی چارەنووس بۆ گەلی کورد نیيە، بێجگە لە چەند بژاردەیەکی شەرمنانەی وەکو چارەسەر دادگەرانە بۆ گەلی کوردی مەزڵوم. ھەتا ئێستاش گوتاری ئیسلامی گوتارێکی تیۆريی و خەیاڵیيە، بەوشێوەی ھەموو مسوڵمانان یەک دەوڵەتیان ھەبێ، ھەندێ لە توێژەران پێیانوایە، "ئیسلامی سیاسی کوردی ھێزێکە نادیدە ناگیرێ، بەڵام بارودۆخی ئابووری تا ئەندازەیەک گەشەی ئیسلامی سیاسی دواخستووە، ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان پەرەسەندنێکی ئابووريی و ئاسایشی سیاسی ھەیە، بەڵام باڵادەستی سیاسی لە هەرێم لە دەستی ئەو دوو حزبە کورديیە دایە، (پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەكێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی). ئەم باڵادەستيیە گیانی بەرەنگاری لای بزاڤی ئیسلامی سیاسی دروستکردووە، بەتایبەت سێ ھێزە ئیسلامیيە سەرەکيیەکەی سەر گۆڕەپانی سیاسی: کۆمەڵی ئیسلامی لە کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان. لەگەڵ ئەوەدا ئەو بزووتنەوانە لە ڕابردوودا لە ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمە کورديیەکان و لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٥و٢٠٠٩ سەرکەتوو نەبوون، بەڵام چاودێران لە کوردستان بۆچوونیان وایە، ئەو بزاڤ و ڕەوتە ئیسلامیيانە بەشێوەیەکی گشتی فاکتەری گرنگن لە ڕاگرتنی ھاوسەنگی سیاسی لە هەرێم، بەتایبەت لە بەرانبەر ئەو گەندەڵیيەی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ھەیە، کە دەسەڵات لە نێوان کادیرانی ھەردوو حیزبی فەرمانڕەوا دابەشی كردووە.

مایکل ڕۆبن و دیڤید ڕۆمانو، كە دوو توێژەری ئەمەریكین لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانیان سەبارەت بە پەرەسەندنی ڕەوتی ئیسلامی کردووە، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەگەر ئەو دوو پارتە فەرمانڕەوایە گۆڕانگاری پەیوەست بە گەندەڵی ئیداريی و خۆفەرزکردن  و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات نەكەن، ئەوە ئایندە بۆ ئیسلامی سیاسی دەبێ.4

رۆمانۆ دەڵێ، (پارتی و یەكێتی) ده‌رکیان بەو گەندەڵیيە کردووە و دەبێ خۆيانى لێ دەرباز بکەن، بەڵام ڕۆمانۆ دەڵێ: لەبارەی چاکسازيیەوە زۆر سستن، بۆیە ھەستێکی میللی فراوان ھەیە بەوەی ئەگەر ئەوە گەندەڵیيە پەیوەستە بە یەکێک لەو دوو پارتە چارەسەر نەکرێ، ئەوە ئایندەی نزیک و پێشبینی نزیک پێمان دەڵێ: خەڵک بە خێرایی ڕوو لە ئیسلامیيەکان دەکەن، بەتایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 5.

جێمس براندونی پەیامنێری ڕۆژنامەی (کریشسیان یاینس مونیتەر)یش لە ھەولێر ھەمان بۆچوونی تویژەره‌ ئەمریکیيەکانی ھەیە . 6

ـ ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان:

ھۆکارە ناوخۆیی و کاریگەری ھێزە ھەرێمیيەکان.

هەندێك لە نووسەران بۆچوونیان وایە، دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی ھەندێ وڵاتی ناوچەكە لەپێناو لاوازکردنی بزاڤی نەتەوەیی کورد، ئەوانی دیکە پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەندەڵیيە ئیداريی و دەستەوەستانە سیاسيی و ئابووريیەی هەرێمی گرتۆتەوە لەسەر دەستی پارتە عەلمانيیە دەسەڵاتدارەکان، بەڵام خاوەنانی پرۆژەی ئیسلامی لە ناوچەکە بۆ خۆیان دەڵێن ئەم ڕابوونە بەشێکە لە ڕابوونی جیھانی ئیسلامی و دەگەڕێتەوە بۆ نووشستی ڕۆژئاوایی لیبراڵی و مارکسی... نووسەر ھەیە دەڵێ: کۆمەڵێک فاکتەر ھەبووە بۆ گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان.

توھامی عەبدولی نووسەر و توێژەری ئەنسرۆپۆلۆژی بەڕەگەز توونسی، دەربارەی بزاڤە ئیسلامیيە کوردیيەکان دەڵێت: نابێ زیاده‌ڕەوی بکەین ئەگەر وامان دانا ئیسلام بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ڕووخساری بزاڤێکەوە بگۆڕی بۆ بزاڤێک، بەبێ سەرھەڵدانی نەتەوایەتی کوردی و دامەزراندنی دەوڵەت، چونکە ھەموو بزووتنەوە ئیسلامیيەکان لە کوردستان پەیوەستن بە بزاڤی ئیسلامی جیھانی وەکو ئیخوان و قاعیدە و.... کە لای خۆیانەوە لایەنگرانیان لەسەر ئیسلامیيەکی جیھانی ڕادەھێنن" 7.

لە کۆڕێکدا کە بنكەی ڕووناکبیری کاوە بە ھاوکاری لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین/ ھەولێر ئامادەی کردبوو، زنجیرە لێكۆڵینەوەی زانستی ھەبوو بەناونیشانی "نوێبوونەوەی فیکری ئیسلامی" لە ساڵی ٢٠٠٨ دکتۆر محەمەد شەریف مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، خوێنديیەوە بەناونیشانی "نوێبوونەوەی فیکری کوردی و ئیسلامی سیاسی" جەختی کرده‌وە کە گفتوگۆ و ململانێ لەگەڵ ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بۆ باشترکردن و پەرەپیدانی فیکری نەتەوەییە، ئاماژەی بەوەدا ھەڵوێستی سیاسی نەتەوەیی لە ڕابردوو ئیجابی بووە لەگەڵ ئەو ڕەوتە، "بەڵام لەگەڵ ئەوەدا" گرەنتی نییە لە داهاتوو وا بمێنێتەوە، چونکە پەیڕەوی لە مەرجەعیەتی دەرەوە و نێودەوڵەتی دەکات8.

لەوبارەیەوە کتێبەکەی تەھامی عەبدولی"ئیسلامی کوردی لە خزمەتی ھۆزایەتیدا" زاگرۆس عوسمان دەڵێت: "کورد دوا نەتەوە بووە لەناویدا ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسی پەیدا بووە، ھەتا ئێستاش ئەو ڕێکخستنە لەناو ھەموو کورد پەیدا نەبووە، لاوازترین ڕێکخستن و پێگە ھی ئیسلامی سیاسییە". سەبارەت بە دواکەوتنی ئەو ڕێکخستنە لەناو " کوردانی عێراق و تورکیا دەڵێت: کورد دوودڵ نیە لە پیادەکردنی شەریعەتی خوا لەسەر زەوی ھەتا پەلە نەکات لە پێکھێنانی پارتی ئیسلامی بۆ دروستکردنی دەسەڵاتی خوا و چاوەڕوانی مەھدی چاوەڕوانکراو. بەڵکو زیاتر دوودڵە لەمەڕ مافی نەتەوەیی و مرۆڤی دەستبەسەراگیراو، بۆیە ئیسلامی سیاسی کوڕی ژینگەی کوردی نیيە، بەڵکو ئایدۆلۆژيایەکی خوازراوە، ئەو مەنھەجە ھاتووە بۆ کوردەکانی عێراق بە ئامانجی خزمەتی ئەجێندای ھێزە هەرێمییەکان، حکومەتی ئێرانی ھەوڵیداوە شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئیسلامی لایەنگری خۆی بگوازێتەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە ئاساییە ڕابوونی ئايینی کوردستانی عێراق سەرەتاکەی دروستکراوەی ئێران بن، ھەتا لەڕێگەی ئەو ڕێکخستنە ئیسلامیيەوە دۆست بۆ خۆی زامن بکات، لە شێوەی حیزبوڵڵای لوبنان، بەتایبەتی کە ناکۆکی ھەبووە لەگەڵ ڕژێمی عێراقی لەناوچوو، دوایی لەگەڵ بوونی ئەمریکيیەکان، کوردستانی دراوسێی ئێران بایەخی ستراتیژی – جیۆپۆله‌تیكیی ھەیە بۆ تاران، ئەمە سەرەڕای ئارەزووی ئێران بۆ باڵادەستی بەسەر ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق لەڕێگەی ئەو ڕێکخستنانەوە، ئەمە لێکدانەوەیە بۆ وه‌ڵامی بۆچی پارتە ئیسلامیيەکان دوای شۆڕشی خومەینی لەناو کوردی عێراق سەریانھەڵدا ".9"

 سەرۆ قادر بۆچوونی ھاوشێوەی ھەیە، یەکەم ڕێکخستنی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق دەگەڕێنیتەوە بۆ ١٩٨١، لەدایکبوونی ئەو ڕێکخستنەش بەھۆی ھەوڵی گواستنەوەی شۆڕشی ئێرانی و شەڕی عێراقی – ئێرانيیەوە بووە، بەڵام سەڵاحەدین بەھائەدین ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وه‌ڵامی ئەو تاوانبارکردنە دەداتەوە و، دەڵێت: گەلی کورد بەشێکی زیندووی ئومەتی ئیسلامیيە، ئاساییە ئیسلامی بکەوێنە ژێر کاریگەری ڕووداوەکانی دەرووبەری خۆی، لە بازنەی ئیسلامی، ھەروەک ئەمە بۆ پارتە عەلمانیەکانیش ھەروایە، دەکەونە ژێرکاریگەری ڕووداوەکانی ئەوروپا، یەكێتی نیشتیمانی کوردستان ئەندامی سۆسیالیزمی نێودەوڵەتيیە، ئەوەش ئەوە ناگەیەنێ یەكێتی نیشتیمانی لە بڕیارەکانی پاشکۆی وڵاتانی ئەوروپیە، بەھەمان شێوە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەڕووی فیکر و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بەشێکە لە ڕێکخستنی برایان "ئیخوان"، ھەروەھا سەڵاحەدین دەڵێ: "ئێمە نکۆڵی لە کوردستانیبوونی خۆمان ناکەین و موزایەدەی کوردایەتی لەھەر کەس و گروپێکەوە بێ ڕەتدەکەینەوە، ئێمە ئەزموونی دیموکراتیمان قبوڵکرد و بەشداری ھەڵبژاردنە دیموکراتیيەکەی ساڵی ١٩٩٢مان کرد، بەئەنجامەکەی ڕازی بووین" 10

ھادی مەحمود نووسەری چەپ دەڵێت: بەگشتی سەرەتاکانی پەیدابوونی بزوتنەوە ئیسلامیيە سیاسییەکان سادە بووە، ئەمەش بەھۆی نەبوونی دیموکراتیەتی سیاسی و بێبەشبوونی جەماوەر لە بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و بوونی پرسی نەتەوەیی و دوایی شەڕی قڕکردنی تەواوی میللەتی کورد لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەرانبەر گەلی کورد، کورد لەپێناو بەدەستھینانی مافی نەتەوه‌یی ڕەوای خۆی خەباتی خوێناوی کرد. ھەروەھا ھادی مەحمود دەڵێت: پەیدابوونی ئیسلامی سیاسی بەرچاوە کە بەھۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و شەڕی عیراق – ئێرانەوە بووە، بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق دوای چەند ساڵێک دروست بوو. 11

مشیل لیزبرغ نووسەری پۆڵۆنی پسپۆڕ لە ئیسلامی سیاسی لە ناوچە کوردیيەکان، دەڵێت: دەبێ پیاو بەوریایی و دوور لە سادەبینی و گشتاندن و پەیوەستکردنەوە بە ھۆکاری دەرەکی ڕێگەچارە بۆ "گەڕانەوەی ئیسلام" لە کوردستان بکات، لەگەڵ ئەوەدا فاکتەری ھاوبەش ھەیە لە نێوان ڕابوونی ئیسلامی لە کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. (وەک خێرایی شارستانیەت و نەمانی کۆمۆنیستی، کاڵبوونەوەی مەزھەبە عەلمانیيەکان، کاریگەی ھەوڵەکانی برایانی مسوڵمان و شۆڕشی ئێرانی، کە پاڵنەری کاریگەر بوون)..ھەندێ ھۆکاری ناوخۆی تایبەت بە ھەرێمیش ھەیە، لە نەوەدەکان و دوای کشانەوەی ئیدارەی عێراقی لە کوردستان گۆڕەپانێكی فراوان بۆ کاری حیزبی دروست بوو، دەرفەت و دەروازەی زۆری جەماوەری کرایەوە بۆ کاری چاکەخوازی کە کۆمەڵە ئاینیيەکان سوودیان لێ بینی، ئەمە سەرەڕای شەڕی چەکداری درێژخایەنی نێوان نەتەوەییە کوردەکان، ئەو ھۆکارانە ھەموویان ڕۆڵیان ھەبووە لە گەشەکردنی کۆمەڵە ئیسلاميیەکان لە ناوچەکە.

ھەروەھا (مشیل) لە ڕای ھەندێ نووسەری کوردەوە ئەوەمان بۆ باس دەکات، کە لە سەردەمی شەڕی کەنداو و ئەوەی بەدوای خۆیدا ھێنای، لە شەڕی حيزبەکان، بارودۆخێکی سەختی ئابووريی و کۆمەڵایەتی دروست کرد، خەڵک ناچار بوون ڕوو لە گرووپە ئاینیيەکان بکەن، ئەو گرووپە ئیسلامیيانە کاری خێرخوازی زۆریان ھێنابووەيه‌ ناوچە کوردیيەکان 12.

بەڕای زۆربەی چاودێران سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند لە کوردستان لەوانە چاودێری خستنە سەر قوتابخانە ئاینیيەکان و ئیمامی مزگەوتەکان دوای نوێژ، لەگەڵ ئەوەش ئیسلامی سیاسی ژینگەیەکی گونجاوی بۆ ڕەخسا گەشە بکات، چاودێران ئاماژە بە گەندەڵی ڕێکخراوی بەرچاو دەکەن، لە حکومەتی کوردی کە دەرھاویشتەی سەرھەڵدانی ھەژاری لێکەوتەوە و ئەمەش دەرفەتی بۆ گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی ڕەخساند لە ناوچەکە13.

 پرۆفیسۆر دیڤید ڕۆمانۆ ھاوڕایە لەگەڵ موشیل، کە نابێ لە ھۆکارە دەرەکیيەکان قورسایی زیاد لە پێوست بدەینە ئێران، چونکە کاریگەری ئێرانی بەسەر ئیسلامیيەکانەوە زۆر جیاوازتر نیە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ کاریگەری بەسەر پارتە کورديیەکانی ترەوە، لە ماوەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پێگەی ئێران لە کوردستانی عێراق زیادی کرد، ئەو کاریگەریيە زیاتر فراوان بوو لەسەر یەكێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، ھەندێ جار ئەو پاڵپشتييه‌ لە لایەنی مەعنەوی و دیپلۆماسی تێدەپەڕی و ده‌بووە پاڵپشتی ماددی بەدرێژایی سنوورەکان یان وەکو پەناگە ھاوکاری دەکران. پرۆفیسۆر ڕۆمانو جەخت دەکاتەوە (سەبارەت بە ئێران کەرەستەکانی بۆ پێگە و پاڵپشت وەکو یەک نەدەگەیاندە ھەموو لایەنە کوردستانيیەکان، بەڵکو ئامرازەکانی بەکارھێنانی بۆ پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەجۆرێك بوو خزمەتی پرۆسەی سوودی خۆی بێ لەگەڵ ئەو لایەنە یان لایەنه‌كه‌ی تر بۆ بەرژوەندی زیاتری ئێران، بۆیە پەیوەندی ئێران بە بزوتنەوە ئیسلاميیە سیاسیيەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامانجە، یان ھەندێ جار وەکو چەک بەکاری دەھێنان بۆ پاڵپشتيکردنی پەیوەندی باشتر، لەوکاتەی دەیوست کاریگەی پێگەی خۆی زیاد بکات لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی نیشتیمانی14.

لەبەرانبەردا ئەمەریكا و سعودیيە بە بەردەومی لە ھەوڵدابوون مامەڵە لەگەڵ پێگەی ئێرانیدا بکەن، ئەمەش لەڕێگەی پشتگیریى و ھاریکاری بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، تەنانەت ئەمەریكا لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لە ڕۆژگاری کلینتۆنەوە ناوی بزوتنەوەی ئیسلامی خستبوويە لیستی پارتە عێراقیيە دیموکراتیيەکانەوە بۆئەوەی پاڵپشتی ئەمەریکی ھەبێت بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ ئەوەدا ھەندی جار پەیوەندیيەکان تێکدەچوون، بەتایبەت کە مەلا عەلی عەبدولعەزیز لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستگیر کرا لەلایەن ويلایەتە یەکگرتووەکانەوە15.

لێرەدا ھادی مەحمود ھۆکارەکانی کورت دەکاتەوە بەوەی قەیرانی ئابووريی و کۆمەڵایەتی بەگشتی لە کۆمەڵگه‌ی کوردى و بەتایبەت قەیرانی حکومڕانی كە كار کارگەیشتە شەڕی ناوخۆیی نێوان دوو ھێزە سەرەکیيەكەی ڕەوتی نەتەوەیی، بەمەش بەگشتی ڕەوتی نەتەوەیی نوشستی ھێنا و ڕەوتی دیموکراتی چەپ نەیتوانی لە ڕێگەی بەگەڕخستنی کاریگەری جێگرەوە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە بێتە گۆڕەپانەكە، ئەمە بووە هۆى زیادبوونی چالاکی ئیسلامی سیاسی و لە ناوەندە میللیيەکانەوە ڕوویان کردە ئەو ڕەوتانە، ئەمەش بۆ بەدەستھێنانی ھاوکاری ماددی، كە بارودۆخی ژیان لە کوردستانی عیراق ناچاری کردبوون16.

 ئاسۆ کەریم ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی، داهاتووی بزوتنەوە ئیسلاميیەکان دەبەستێتەوە به‌ سەرکەوتنی ئەو دوو پارتە سەرەکیيە لە ھاوپەیمانیەتی ستراتیژی دوای یەکخستنی ئیدارە و دابینکردنی دیموکراتیەت و شەفافیەت و زاڵبوون بەسەر گەندەڵی، ئەگەر ئەمانە نەکرێ دەرەفەت واڵا دەبێ بۆ ئەو بزوتنەوانە پێگەی خۆیان فراوان بکەن.

ھەر لەسەر ئەو بابەتە "جۆست ھیلترمان" بەڕێوەبەری پرۆژەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ کۆمەڵێک لە قەیرانە دەولیيەکان کە بارەگاکەی لە برۆکسل"ە، دەڵێت: دوور نیە یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ تیپەڕبوونی کات بگۆڕێ و ڕادیکاڵ نەمێنێ و ھەتا زۆربەی ئەوانەی پەیوەندی پێوە دەکەن لە ئاییندە بۆیان دەربکەوێ، بازنەی گرتنەخۆیی ئەو پارتە سنووردارە و لەوێوە بڕۆن بۆ لای گرووپە توندڕەوەکان".

ئەوەی ئاریشەیە بۆ ئەمەریكا ئەو مەیلەی ھەیەتی بۆ بزوتنەوە ئسلامیيە ڕادیکاڵیەکان زیانی گەورە بگەیەنێ بە ھاریکاری كلاسیكی نێوان ئەمریکا و کورد. ئەمە لەکاتیکدا واشنتۆن بۆ ھەموو زانیاریيەک لەسەر ڕێکخستنە ئیسلامی و عەرەبیە توندڕەوەکان پشتدەبەستی بە پارتە کوردیيەکان، ئاماژەی بەوە کردووە کوردەکانی عێراق لە ڕەگەزی جیاوازن، زمان و مێژوو و فەرھەنگی تایبەت بە خۆیان ھەیە و جیایە لەگەڵ عەرەبی عێراقی، کوردەکان وەکو پرسێکی شەخسی مامەڵە لەگەڵ ئیسلام دەکەن. بەوە زۆر دەستوەرنەداتە کاروباری ژیان بەگشتی، بۆ ئەو جیاوازيیەی لە نێوان کورد و دراوسێیەکانی دا ھەیە لە عەرەب. "سارا کلیر" پسپۆڕ لە کاروباری کوردی لە زانکۆی "کینت"ی بەریتانی، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە کوردەکان .." بەوشێوەیە نیە کوردەکان بەرەو پیری بانگەشەی بانگەوازە ئوسوڵیيەکان بچن، بەتایبەت بانگەشەی ئیخوان" ئەمە وادەکات ھێزی پارتە ئیسلامیيە کوردیيەکان لە بەرگری لە ئینتیما بۆ ئیسلام لەسەر حیسابی نەتەوەیی نەبێت، بەڵکو بۆ دابینکردنی بنەمای ئەخلاقی بێ بۆ بەرەنگاری پارتە عەلمانیيەکان، کە بە گەندەڵی خراپی ئیدارە و ئابووری تاوانبارن، ھەر لەوبارەیەوە محەمەد ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە یەکگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێ: حزبەکەی دەنگی زیاتری ھێناوە بەوەی پێنج کورسی مسۆگەر کردووە بۆ پەرلەمان لە کۆی ٢٧٥ کورسی، بەھۆی ئه‌وه‌ى "ئێستا خەڵک باش حاڵی بووە لایەنگران و ئەندامانمان لە پەرلەمان گەندەڵ نین" ئەو شرۆڤەیە ڕاست دێتەوە لەگەڵ شرۆڤەی چاودێرە سیاسیيەکان کە بەڕاستی قەناعەتیان وایە، بێ ئومێدی کورد بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتی نیشتیمانی کوردستان"وایکردووە خەڵکی دەنگ بدەنە پارتەکانی دیکە18. 

تێڕوانینی ماددی بۆ لێکدانەوەی دیاردەی پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان خەسڵەتی مەنھه‌جیانەی مارکسی و بۆچوونی  ڕۆژئاوایە بەگشتی کە پێیانوایە ھوشیاری ئايینی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووری. ئەمە لەکاتێکدا ھەیە لەو بڕوایەدایە، "پترۆ دۆلار" بەوردتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوای شەڕی عەرەبی – ئیسرائیلی ١٩٧٣ ھاندەربووە بۆ دیاردەی ئیسلامی سیاسی، یان نوشستی عەرەب لە ١٩٦٧. واتە نوشستی پرۆژەی نەتەوەیی ناسریی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست ھۆکاری پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی بووە19.

فرید ھاڵدای شارەزای بەریتانی لەوباوەڕەدایە ئیسلامی سیاسی بەرھەمی نووشستی پرۆژەی نوێگەری ھەندێ لە ڕێکخراوە عەلمانیيە ناکارامەکانی ناوچەکەیە20، لەگەڵ ئەوەدا ھەندێ لەو لێکدانەوانە بەشێک لە ڕاستی تێدایە بەڵام ناتەواون، چونکە گەڕانەوەی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی کورت ناکرێتەوە لە وڵاتانی عەرەبی یان ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دیاردەیەکی جیھانیيە لە بەنگلادیشه‌وه‌ بۆ مەراکیش و لە ئەستەنبوڵه‌وه‌ بۆ جاکارتا درێژ دەبێتەوە، بەبۆچوونی ئەوانەی خاوەنی پرۆژەی ئیسلامین دەگەڕێتەوە بۆ ھوشیاری گەلانی مسوڵمان بەرانبەر ئایدولۆژیا و پرۆژەکانی دیکەی ھاتوو لە  ڕۆژئاوا کە نوشستیان ھێنا لە بەڵینەکانیان بۆ دابینکردنی ئازادی و پەرەپیدانی ئابووريی و کۆمەڵایەتی.

لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە نێوان سەرۆ قادر بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئەوکات و ئیکرام کەریم ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، سەرۆ قادر دەڵێت: پارتە ئیسلامیيەکان شەرعیەتی مێژووییان نیە، ھەرێمەکە پێوستی بە ئەوان نیە، بە درەنگەوە ھاتنە گۆڕەپانەکە. ھەروەھا دەڵێت: کۆمەڵگه‌ی کوردی کۆمەڵگه‌یەکی مسوڵمانە و پێوستی بە پارتە ئیسلامیيەکان نیە سەرلەنوێ بیانکاتەوە به‌ مسوڵمان، سەرکردایەتی پارتە عەلمانیيەکان بە ئەرکی پاراستنی ئاکاری ئیسلامی ھەڵدەستن، زانایانی ئایينی ھەن و قوتابخانە ئاینیيەکان و ڕێبازەکانی سۆفیگەری بەو ئەرکە ھەڵدەستن، پارتە ئیسلاميیە سیاسییەکان بۆ شەرعیەت بەخۆدان ئیسلامیان قۆرغکردووە، لەکاتێکدا ئایين ھی ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگه‌یەیە، ئیکرام کەریميش وه‌ڵامی دەداتەوە بەوەی ڕەوتی ئیسلامی شەرعیەتی مێژوویی ھەیە، ئیسلام لە سەرەتای بزوتنەوەی کوردایەتیيەوە بزوێنەرێکی گرنگ بووە، مزگەوت و تەکیە ھەموویان بەرگریان لە کورد کردووە، زۆربەی سەرکردە مێژووییەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەرچووی قوتابخانە ئیسلامیيەکان و ڕێبارەکانی سۆفیگەری بوون. وەکو شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ سەعیدو..... ھتد.

زانایانی ئیسلام لە شۆڕشی ئەیلول بەشداربوون لەگەڵ بارزانی، ھەروەھا پێشمەرگەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شەڕی بەرگری بەرانبەر حیزبی بەعسی دوژمن بە کورد بەشدار بوون، پارتی ئیسلامی پێداویستیيەکی شەرعیيە، دەبێ بڕواداران بەکارکردن بەشەریعەت وەکو ئايین و ئایدۆلۆژی بەشداربن لە چارەسەری کێشەی کۆمەڵگه‌ی کورد، ھەروەھا ئەوانە پێویستیيەکی نەتەوەیین و ئیسلامیيەکانیش ئیسلامیيەتی کەسیان ڕەفز نەکردووە و نەیانگوتووە ئێمە نوێنەرایەتی ئیسلامی دەکەین لە کوردستان21.

سەرچاوەكان

1ــ عدنان أبو زید تحلیل: الكرد.. زهرة‌ قومیهة تینع فی ربیع إسلامی “http://www.aknews.com/ar/ aknews /8/29786 0/25/03/2012 19:25

2ا‌زاد أحمد علی الحوار المتمدن-العدد: 1882 - 2007 / 4 / 11 - 11:01

3 مستقبل الإسلام السیاسی فی كردستان" الرأی الاخر العدد السادس 10/4/2007، www.yek-dem.com/moxtarat=6-17-4-2007

4 ــ Michael Rubin، “The Islamist Threat from Iraqi Kurdistan،” Middle East Intelligence Bulletin، December 2001. ; David Romano، “An Outline of Kurdish Islamist Groups in Iraq” . http://www.jamestown.org/uploads/media/Jamestown-RomanoIraqiKurds_01.pdf

5( النور ملف نشوو صعود وانشقاقات ومستقبل الحركات الاسلامیة‌ الكردیة‌) نقلا 24/06/2008 وطن للجمیع http://www.wattan4all.org/wesima_articles/derasat- 20080624-27395.html

6 James Brandon Pro-US Kurds eye nascent Islamic parties”The Christian Science Monitor ، July 6، 2006URL: http://www.csmonitor.com/2006/0706/p07s02-woiq.html

7 اسلام الاكراد، بیروت : دار الطلیعة،2007، ص179.

8 عفرین. نت - عربی - تجدید الفكر القومی الكردی #حلقة دراسیة‌ حول www.efrin.net/cms/.../index.php تشرین الاول (أكتوبر) 2008‎ – رابطة كاوا للثقافة الكردیه‌– اربیل: نظمت رابطة كاوا للثقافة‌ الكردیهة بالتعاون مع رئاسة‌ جامعه‌ صلاح الدین"

9،  الإسلام الكردی فی خدمة‌ القبیلة، عرض عوسمان زاكروس معهد الوارف للدراسات الانسانیة‌، 2009.

http://www.alwaref.org/arabic/2009-02-26-02-00-11/132-2009-04-08-01-30-15

10 سەرۆ قادر: دین و سیاسەت ،2000، ص90-91.

11 الحركات السیاسیة الإسلامیة‌ فی كردستان العراق. نظرة‌ أولیة‌". www.althakafaaljadeda.com/295/malff4.htm

12 Michiel Leezenberg " POLITICAL ISLAM AMONG THE KURDS” University of Amsterdam Paper originally prepared for the International Conference ‘Kurdistan: The UnwantedState‌، March 29-31، 2001، Jagiellonian University/Polish-Kurdish Society، Cracow،

Poland  http://home.hum.uva.nl/oz/leezenberg/PoliIslamKurds.pdf pp.25-26

13 David Romano، “An Outline of Kurdish Islamist Groups in Iraq” . http://www.jamestown.org/uploads/media/Jamestown-RomanoIraqiKurds_01.pdf P.15

14 (النور) تفتح ملف نشوء وصعود و انشقاقات و مستقبل الحركات الاسلامیة الكردیة‌ نقلا 24/06/2008 وطن للجمیع http: //www.wattan4all.org/wesima_articles/derasat- 20080624-27395.html

15 هەمان سەرچاوە.

16 "الحركات السیاسیة الإسلامیة‌ فی كردستان العراق. نظرة ‌أولیة‌"   www.althakafaaljadeda.com/295/malff4.htm - .

17- -Niqash العلاقة‌ مع اسلامی كردستان، علاقه‌ التظامن والصراع !www.niqash.org/articles/?id=1945&lang.

18 James Brandon “Pro-US Kurds eye nascent Islamic parties”The Christian Science Monitor ، July 6، 2006URL: http://www.csmonitor.com/2006/0706/p07s02-woiq.html

19Perilous Power: The Middle East and U.S. Foreign Policy Dialogues on Terror Democracy، War، and Justice by Gilbert  Achcar، Stephen R. Shalom and Noam Chomsky (Paperback - Oct 20 2008) pp.26-28

20 1996). ، Fred Halliday Islam and the Myth of Confrontation (London: I. B. Tauris

21 ــ سەرۆ قادر ، دین و سیاسەت ،ص 161-176.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure