چاپكردنی كۆبه‌رهه‌می (هه‌ژاری زه‌نگین)
ئەمجاره "خاڵ" گەنجینەی وشە و بیر و خەیاڵی هەژار موکریانی کۆدەکاتەوە و دەیخاتە بەردەستی خوێنه‌ران. قەڵەمی هەژار قەڵەمێکی بزۆک بوو، دەستی بە خاڵ به‌خاڵی پانتایی نووسین و فەرهەنگی کوردی گەیشت، لە شعرەوە بۆ مێژوو و بۆ زمان و ئاین بیرەوەریی و وەرگێڕان... و تا دوایی.
ئەمجارە "خاڵ" لە موکریانەوە هەژاری جوانيی و چێژ و سروشت و شاديی و گه‌ڕان و گریان و قەڵبەزە و شاخ و زنار و زمانی کۆکردەوە و لە توێی (10) بەرگدا چاپی کرد. ئیتر هەژار پەرتەوازە نییە، هەر گۆشە و لە کتێبێک‌دا بێت و هەر کتێبە و لە کتێبخانەیەکدا و هەرکتێبخانە و لە شارێکدا و هەر شارە و لە پارچەیەک و هەر پارچە و لە وڵاتێک‌دا بێت. نا ئیتر هەژار پێکەوەیە، لە "کۆبەرهەمی هەژار موکریانی"دا بەردەستە.
تۆ گەر خوێنەری هەر ڕشتەیەکیت، دیسان پێویستت بە هەژارە. ئەر شیعر پاراوت دەکات هەژار دێراوی خەیاڵە. گەر مێژوو ڕۆشنت دەکاتەوە، هەژار چوارچرای شەوگاری کوردەوارییە. گەر ئاین رۆحت تێر دەکات، ئەو بە (وەرگێرانی قورئان) دەتداتە بەر تاڤگەی ئیمان، بۆ ساتێك هەست دەکەی قورئان بە کوردی نازڵ بووە، گەر بە شوێن زمان و وشەوەیت کەس وەک هەژار ڕامی ڕەوە ڕیشۆڵەی وشە و زمانی كوردی نەکردووە، هەرچی وشەی سرکی زمانە بە دەست هەژارەوە ماڵی دەبوون و بەسەر شان و ملی قەڵەمەکەیەوە دەنیشتنەوە.
هەژار کەسی زمانە بێکەسەکەمان بوو، بەشوێن وشەكان ده‌كه‌وت و ئۆقره‌ی نه‌ده‌ما، هه‌رچی (تاریك و ڕوونی) مانابوو ده‌یپشكنی تا ده‌گه‌ییه ڕیشه و سه‌رچاوه‌كانیان له‌وێ تێرتێر ئاوی لێ ده‌خواردنه‌وه، بەشوێن وشەیەکەوە دەبوو بە رێبواری گوندە دوورەدەستەکان و میوانی داپیرە و باپیرە زمان پوختەکان، بۆ وشەیەک رێگای سەد توولەرێی دەبڕی، سەری بە سەد ئاوایی‌دا دەکرد، تا هەمبانە بۆرینەی بۆ کۆکردینەوە و قردێلەی مانای دا لە ئێخەی وشەکان.
خۆشبەحاڵی خوێنەرانی هەژار موکریانی، لێره‌وه ئیتر هه‌ژاری شیعر و هه‌ژاری شه‌ره‌فنامه و هه‌ژاری بیر و هه‌ژاری چێشتی مجێو‌ر و هه‌ژاری هه‌مبانه‌بۆرینه و وه‌رگێرانی قورئان. پێكه‌وه دێته به‌رده‌ستتان.
گرنگه لێره‌دا ئاماژه به هه‌وڵ و هیمه‌ت و سه‌لیقه‌ی (ماجیدی ڕۆحانی) بكه‌ین له نه‌خشگرتنی ئه‌م كۆبه‌رهه‌مه‌دا، ئه‌و كه تا ئێسته‌ش به نه‌وای تازه‌وه رۆحی به ڕۆحی هه‌ژاره‌وه وابه‌سته‌یه، له‌گه‌ڵ وشه و یادگارییه‌كانیدا ده‌ژی، له بڕێك شوێندا سه‌رنج و په‌راوێزی نوێی بۆ نووسیوه، وای كرد به‌ڕاستی چاپی ئه‌م كۆبه‌رهه‌مه چاپێكی جیاواز و شایه‌سته‌بێت.
كۆبه‌رهه‌می هه‌ژار موكریانی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی "ڕێكخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری" و "زانستگه‌ی كوردستان"ـه له شاری سنه.