مەرگی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ژیانەوەیان لە بواری ئەکادیمیدا
مەرگی زانستە مرۆڤایەتییەکان و ژیانەوەیان لە بواری ئەکادیمیدا
  2025/01/15     86 جار بینراوە    


حەیدەر لەشکری

پرسە سەرەکییەکانی بەردەم زانستە مرۆڤایەتییەکان

هەرکەسێک، ئەگەر ئێستا لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکاندا پسپۆڕە و سەرقاڵی توێژینەوە و بەشدارە لە بەرهەمهێنانی گوتاری زانستیی – ئەکادیمییانەی ئەم زانستانە، خۆی لەبەردەم چەندین پرسیاردا دەبینێتەوە، کە پەیوەستن بە چییەتی و ناسنامە و بەهاوە؛ ئەرێ ئێمە، ئەهلی ئەم زانستانە، چیمان هەیە بۆ گوتن، کە لەم ساڵی ٢٠٢٤دا، کە بۆ بیستن بشێت؟ سەرباری ئەو خۆماندووکردن و خۆهێنان و بردنەی هەمانە، کێ بەرهەمە زانستییەکانمان  دەخوێنێتەوە یان  بە گرنگیان دەزانێت؟ ئەسڵەن ئێمە کێین و لەکوێی پێداویستیی ئەکادیمیداین؟ لە زەمەنێکدا کە لە ئاستی جیهانی پێشکەتوودا کەمترین پاڵپشتیی دارایی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەکرێت، چ جای جیهانی ئێمە، کە چییەتی زانست و پێداویستبوونی هێشتا نەبوونەتە پرسی بنەڕەتی ئەو سیستەمە سیاسیی – کۆمەڵایەتییەی لەچوارچێوەیداین. پرسی لەوە گرنگتر ئەوەیە ئایا لەبارین تا، وەک زانستە پەتییەکان، لە دووتوێی چەمکی ''نوێبوون –  innovation'' بناسرێن؟

جگە لەمانە دەشێ هەریەک لە ئێمە چەندین پرسی دی ڕیز بکەین، هەموویان بەدەوری چییەتییەکە و بەها و جێکەوتەکانی زانستەکانەوەن. بەدەوری ئەوەن، کە چیمان هەیە بۆ گوتن لە سەردەمی نەبیستندا. بێگومان ئەو پرسانە مانایان ئەوەیە زانستە مرۆڤایەتییەکان بەردەوام دەبێ لە هەوڵی ئەوەدابن بسەلمێنن، کە بوار و کایەکانیان گرنگن. ئەمەش چەشنێکە لە گەڕان بەدوای ڕەوایەتی هەبوون، لەچوارچێوەی ئەوەی دەشێت بە بینراو و نەبینراوی جێکەوتەی مەعریفەی جێبەجێکارییانە ناوبنرێت. تۆ تەماشابکە، کە جێکەوتەی داهێنانێکی پزیشکی هەموو دونیا دەیبینێت، کەچی هی زانستە مرۆڤایەتییەکان، لەبەر دوورمەودایی، هێواشی و ڕەهەندی نادیارییەوە، نەبینراون. ئەمەش گرفتێکی هەرە بنەڕەتییە، چونکە نەبینراو، لە زەمەن و شوێنێکدا کە بینین  و جێکەوتەی بەرجەستە ئاڕاستەی بەها و پێگەبەخشین دەکەن، یەکسانە بە مەرگێکی هێواش.

لە زەمینەیەکی ئاوای خێرا و بێ پەروا، کێ دەڵێت ئێمە گرنگین؟ دێتە بیرم کاتی خۆی لە زانکۆی کۆیە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی حاجی قادری کۆیی سازکرا، لە زانکۆیەکی تر بەرپرسێکی هەرە باڵا، کە پسپۆڕییەکەی زانستە پەتییەکان بوو، هاتە دەنگ. ڕایگەیاند کۆنفرانسێکی ئاوا هیچ سودێک بە کۆمەڵ ناگەیەنێت و باشتروایە ئەو پارەیەی لە کۆنفڕانسێکی ئاوا خەرج دەکرێت لە بواری ئەندازیاری، کە پسپۆڕی خۆی بوو، خەرجبکرێت؛ کۆمەڵگەمان پێویستی بە شیعر نییە بە ڕێگەوبانە! قسەکانی لە ڕووکەشدا ڕاست بوون، ڕەنگدانەوەی بینینی ئەو بوون، نەک بۆ حاجی قادر، بەڵکو بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەو ڕۆڵەی کاراکانی نێوی لە زەمینەی ئێمەدا دەیگێڕن، کە ئەوەندەی سەرقاڵی بەهانەهێنانەوەن بۆ گرنگیی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەوەی  دەستەبژێرانە و تێگەیشتنیان  سنوردارە. ئەوەندە بەلای ناساندن نین. ئیدی نەبوونی  ''خودئاگایی'' سەبارەت بە ئەرکی  کردەکییانەی ئەم زانستانە، وایکردووە ئاوا بۆ ئەوی پسپۆڕی بواری ئەندازیاری گرنگییە دینامیکییەکەی نەبینرێ. هەربۆیە ئەوەی باسی گرنگییەکانی ئەم کایە زانستییانە دەکات خۆمانین، ئەوانیتر ئەگەر ڕەحمیشیان هەبێت دەڵێن میراتی سەردەمانی زوون. دەڵێن گشتین، دەڵێن شاعیرێک باشتر لە پسپۆڕێکی بواری ڕەخنەی ئەدەبی لە شیعرەکەی خۆی دەگات. دەڵێن سیاسییەک باشتر لە مێژوونووسێک ڕابردوو دەنوسێتەوە ... تاد. لەوەش گرنگتر دەڵێن جا هەبن یان نەبن چ لە مەسەلە بنەڕەتییەکان دەگۆڕێت؟

بۆیە ترسی مردنیان لەسەرە، بەڵام بۆ ترس؟ چونکە زانستە مرۆڤایەتییەکان هێشتا  کار لەسەر ‘’کولتووریی باڵا و  یادەوەریی کولتووری دەکەن:  نالی، میرنشینە کوردییەکان، میدیا، ڕۆڵی گرنگی ژن… تاد. بەمەش هێشتا زانستی دەستەبژێرانەن. هەربۆیە بەڕێوبەرانی سیاسەتی کولتووریی، جا هەر لایەن و کەس و دەزگایەک بێت،  کە هەنوکەییانە دەڕوانن، ناتوانن و نایانەوێت ڕووە کردەکییەکەی ببینن. جگە لەمەش خۆ کولتووریی باڵا، تا باڵا بێت، کەمتر سەرنجی عەقڵیەتی مادییگەرا  و مەسرەفگەرا ڕادەکێشت، کەمتریش لەگەڵ پێداوسیتییە مەعریفییەکانی مرۆڤی ''سەردەمی بێبەهایی'' ڕێک دێتەوە.

هەوڵدەدەم لەم کورتە وتارە، ئەم بابەتانە کەمێک شرۆڤە بکەم.

زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خزمەت دەسەڵاتدا

ڕەخنەی هەرە بنەڕەتی کە لە زانستە مرۆڤایەتییەکان دەگیرێت ئەوەیە، کە پتر گرێژەنەیەکن دەرگای دەسەڵاتی باو تۆکمەتر دادەخەن؛ ڕەوایەتی بە سیستەمی باوی کۆمەڵایەتیی – سیاسی دەبەخشن. ئەمەش تاڕادەیەکی باش دروستە. لەڕووی مێژووییەوە، زۆربەی کات پسپۆڕییەکانی وەک مێژوو، فەلسەفە و ئەدەب بواری سەربەخۆ نەبوون، بەڵکو چالاکانە لە داڕشتن و پاساوهێنانەوە بۆ سیستەمی باوی حوکمڕانیدا بەشداربوون. زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر باڵایی هەندێک گێڕانەوە بەسەر هەندێکی تردا، یارمەتیدەربوون لە بونیادنانی چوارچێوەیەکی کولتووریی و هزرییانەی ئەوتۆ، کە دۆخی ئێستا، بە باش و خراپییەوە، بەرز ڕابگرێت. ئەوان هەندێک بەها، نەریت و ئایدۆلۆژیا بەسەر هیتردا سەردەخەن، لەپێناو سەپاندن و ڕەوایەتیدان بە سەروەرێتی باڵای دەسەڵاتە سیاسییە – کۆمەڵایەتییەکە. بەچەشنێک گوتاری زاڵ ئەوە دەبێت، کە ئەم دەسەڵاتە سروشتی و حەتمی دەربکەوێت. بۆ نموونە دەشێت شکۆمەندکردنی گێڕانەوەی مێژوویی یان پڕوپاگەندەکردن بۆ بیرۆکەی فەلسەفی دیاریکراو، جیهانبینییەک بسەپێنێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییە دەسەڵاتییەکاندا ڕێکبێتەوە. بەمەش ئەگەری شرۆڤەی ڕەخنەگرانە یان هەبوونی دیدگای جیاواز کەم دەکاتەوە.

سەرباری ئەمانە، زۆرجار زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشدارن لە بەرزکردنەوەی نائاساییانەی سیستەمێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی و نواندنی وەک سیستەمی باڵادەست و بێهاوتا بەراورد بە ئەوانی دیکە، کە ئەمەش چەشنێک لە هەستی باڵادەستیی کولتووری پەروەردە دەکات. ئەمە لە چیدا زیاتر دەبینرێت؟ لە شێوازی پەرەپێدانی دامەزراوە پەرەوەردەییەکان و گێڕانەوە کولتوورییەکان بۆ دەسکەوتەکانی شارستانیەتێک یان ئایدۆلۆژیایەک و پەراوێزخستنی ئەوانیتر. لە ڕێگەی ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و بوارە زانستییەکانی دیدا هەندێک کردار و بەهای کولتووری وا پیشاندەدرێن، کە پێوەری هەمەگیر بن بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان بەڕوونی پێشنیازی ئەوە دەکات کە سیستەمەکانی دیکە بێبەهاتر و ئاست نزمترن. هەروەها، نەک هەر باڵادەستی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی دیاریکراو بەهێز دەکات، بەڵکو جیهانبینییەکی پلەبەندیش دەسەپێنێت، کە سیستەمی هزریی و شێوازی جیاوازتر بۆ ژیان بێ بەها دەنوێنێت، یان تەنانەت – بە بیانووی بێبەهایی - دەیسڕێتەوە. بەم پێیە زانستە مرۆڤایەتییەکان، وێڕای زەنگینکردنی تێگەیشتنمان لەبارەی جیهانەوە، هەندێک لە لێکەوتەکانی ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە پاراستن و ڕەوایەتیدان بەو داینامیکی دەسەڵاتەی، کە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان بەڕێوەدەبەن.

زانستی گێڕانەوە گەورەکانن

گرفتێکی دی ئەوانەی لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکاندا پسپۆڕن ئەوەیە، کە وەک زانستی باڵا و بێهاوتا دەینوێنن. ئەمەش لەو باوەڕە دێت ئەمانە زانستی گێڕانەوە گەورەکانن، ئەو گێڕانەوانەی هەبوونی مرۆڤانەمان بۆ بەرجەستە دەکەن. ئەمە ڕەخنەیەکی هزرییە، کە دەمێکە لەم زانستانە دەگیرێت. بەتایبەت كە دێن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەوان "زانستی گێڕانەوە گەورەکان"ن؛ مەیلێکیان هەیە بۆ پێشخستن و جەختکردنەوە لەسەر چیرۆکە گەورە و سەراپاگیرەکان، لەسەر حیسابی جیاوازییە وردەکان و هەمەجۆریی دیدگاکانەوە. ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی بنیاتنانەوە و بەردەوامیدان بە میتاگێڕانەوە؛ ئەوەی دیاردە کۆمەڵایەتی و کولتووریی و مێژووییە ئاڵۆزەکان زۆر ئاسان و گشتگیرانە پیشان دەدات. لێرەوە ئەگەر بوارەکانی وەک مێژوو، ئەدەب، فەلسەفە و هونەر خۆیان لەنێو ئەم جۆرە گێڕانەوانە بەند دەکەن، ئەوا مەترسی ئەوەیان هەیە، فرەدەنگی بسڕنەوە و ئەزموونە جیاجیاکان، لە خوێندنەوەی واقیعی مرۆڤایەتی، پشتگوێ بخەن. خۆ زۆربەی کاتیش ئەم گێڕانەوە مەزنانە ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای هەژمونگەرای سەردەمی خۆیانن. هەربۆیە هەمان ئەو ئەرکە دەسەڵاتییە ئەنجامدەدەن، کە باسمان کرد؛ پێکهاتەی دەسەڵاتی باو بەهێز دەکەن و ئەوانەش، کە لەنێو چیڕوکە مەزنەکان جێگەیان نابێتەوە پەراوێز دەخەن. ئەمەش پێماندەڵێت، کە ڕەنگە زانستە مرۆڤایەتییەکان، بێئاگایانە، بەشداری لە سەپاندنی تێگەیشتنی تاکڕەهەندانەی ئەزموونی مرۆڤایەتی بکەن. ئەمەش تێگەیشتنێکە چاوپۆشی لە ئاڵۆزیی و دژیەکییەکان دەکات، کە زۆر گرنگن بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێکی گشتگیرانە. ئیدی زاڵبوونی خەمی گێڕانەوەی گەورە، توانای زانستە مرۆڤایەتییەکان لە پێشکەشکردنی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی فرەڕەهەند سنوردار دەکات.

زانستی بێ بازاڕ

لەئێستای دونیای ئەکادیمیدا بەهانەی هەبوونی کایەی زانستی، پەیوەستە بە پرسی بازاڕی کارەوە. زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەو قەوارەی ئێستا لە زەمینەی ئێمەدا هەیانە، ناتوانن لەنێو بازاڕدا ببن. چەمکی زانستی نابازاڕییانە ڕووبەڕووی ئەو بیرۆکە باوە دەبێتەوە، کە بەهای بوارێکی زانستی لە بنەڕەتدا دەبەستێتەوە بە بەشدارییەکانی لە بازاڕی کاردا. بەتایبەت لە سیستەمێکی شێواوی بازاڕ، وەک ئەوەی لای ئەمە باوە. لەم سیستەمەدا زۆرجار بەهای مەعریفە بە توانای بەرهەمهێنانی تاکی کارای نێو بازاڕ دەپێورێت، کە بتوانێت ڕۆڵی ئابورییانە بگێڕێت. ئەم ڕوانگەیە چاوپۆشی لە بەهای ناوەکی زانین دەکات و ڕۆڵی زانست لە پەروەردەکردنی هۆشیارییەکی قووڵتری جڤاکییانە فەرامۆش دەکات. لە بوارە زانستییەکانی پۆلێنکراو لەچوارچێوەی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان، تەرکیز لەسەر بونیادنانی تاکی گونجاو لەگەڵ پێداوستییەکانی بازاڕ نییە، بەڵکو – تەنانەت لە دەزگا زانستییە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا – ئەرکی زۆریان زیاتر لە پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لۆژیکی ئاکار و بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی فراوانترن لەسەر هەبوونی مرۆڤ. ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە لەگەڵ ''ئامانجە بازاڕییەکان''، کە لە خەمی ئەوەدا نین گەشەی هزری تاک بخەنە پێش سود و قازانجی ئابورییەوە.

        لەم ئاستەدا، زانستە نابازاڕییەکان لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە نەریتییەن، کە تێیدا تاک بە چەشنێک دروست دەکرێت توانای گونجانی لەگەڵ ژینگەی بازاڕدا هەبێت. ئەمەش ئاڵەنگارییەکە لە بەردەم  چەمکی تاک، بەو فۆڕمەی لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە لە قاڵب دەدرێت. ئەو زانستانەی لەسەر زانیاری دامەزراون، توانای دەوڵەمەندکردن و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەیان هەیە، بەڵام لەنێو سیستەمێکی شێواوی بازاڕدا، زۆرجار دەبنە ئامرازێک بۆ لەقاڵبدانی تاکەکان، هەتا لەگەڵ خواستە ئابوورییە دیاریکراوەکان بگونجێن. ئەم پرۆسەیەش سروشتی ڕاستەقینەی تاک دەشێوێنێت؛ لەبری ئەوەی وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵگە بیبینێت، دێت تەنیا لە وەزیفەیەکی بازاڕییانە چڕی دەکاتەوە.

ئەمە گرفتێکە زانستە مرۆڤایەتییەکانی خستۆتە نێو قەیرانێکی وجودییەوە. تۆ تەماشای کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەو فێرخوازانە بکە، کە ئێستا لەلای ئێمە بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان پێشکەشی دەکەن. ئەوکات ئەوەت بۆ ڕووندەبێتەوە، کە ئەو چڕکردنەوەیەی ڕۆڵی تاک لە ڕۆڵە بازاڕییەکەی، چەندە جێکەوتەی بەسەر زەینی کۆمەڵایەتی ئێمەدا هەبووە. ئەمە لەکاتێکدا، ئەگەر زانستە مرۆڤایەتییەکان خۆیان بگونجێنن و لەبار بن، دەتوانن بەرەنگاری ئەو تێگەیشتنە ببنەوە؛ بانگەشە بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیرتر لە پەرەپێدانی مرۆیی بکەن، کە بتوانێت پێداوستییە ئابوورییەکان تێپەڕێنێت. ئەمەش پەیوەستە بە ئاگایی دەستەجەمعی و هەوڵی دەزگاییانە بۆ تێپەڕندنی  سیستەمی شێواوی بازاڕ. لەم ئاستەدا بۆیە ئەهلی ئەم زانستانە نین، چونکە ڕۆڵ لە دروستکردنی تاکی بازاڕییانە ناگێڕین، لەبەر شێواوی هەم چەمکی تاک، هەمیش چەمکی بازاڕ.

زانستەکان بۆ ئەوەی نەمرنسودی گشتی

مانەوەی زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئاسان نییە. پێویستی بەوەیە بەردەوام جەخت لەسەر بەشدارییەکانی لە چاکەی گشتیدا بکرێتەوە. بەتایبەتی لەڕێگەی پەروەردەکردنی ژینگەیەکی سیاسی و ئابووری دادپەروەرانە و ڕوون. ئەوەمان بیربێت، کە بە پێچەوانەی ''زانستە بازاڕییەکان''، زانستە مرۆڤایەتییەکان توانای ناوازەیان لە لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی ڕەخنەگرانەی ئەو پرسە قووڵە کۆمەڵایەتیانە هەیە، کە پاڵپشتن بۆ کۆمەڵگەیەکی دروست و کارا. ئەم زانستانە، بە جەختکردنەوە لەسەر سوودی گشتی، دەتوانن لە داڕشتنی دیمەنێکی سیاسی و ئابووری دادپەروەرانەتر ڕۆڵیان هەبێت. دیمەنێک، کە تێیدا دادپەروەریی و شەفافیەت و لێپرسینەوە، لە پێشینەی هەر لاگیری و قازانجێکی ڕووتدا بێت. ئەم ڕێبازە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بازاڕێکی قۆرخکراوی وەک ئەوەی زەمینەی ئێمە، کە زۆرجار دەستکەوتە ئابوورییەکان باڵاتر لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەبینێت، زۆر گرنگە. لە ڕێگەی شیکاری ڕەخنەگرانەوە، زانستە مرۆڤایەتییەکان دەتوانن ئەو ئامرازانە بۆ هاوڵاتی دابین بکەن، کە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی بەئاگایانە و لێپرسینەوە لە دامەزراوەکان، پێویستن. ئەمەش دواجار ڕێگە بۆ سیاسەت و کارگێڕیی دادپەروەرانە خۆشتر دەکات.

ئەوەمان بیرنەچێت، کە ئەو ئاگاییەی دەشێ تاک، سەبارەت بە سودی گشتی هەیبێت، فەزای دروستی سیاسی و ئابووریی دادپەروەرانە و شەفافی پێویستە. خۆ فەزای کۆمەڵایەتی دروست، وابەستەی پێشخستنی سیستەمی یاسایی، مافە مەدەنی و مرۆییەکان و باڵادەستی دامەزراوە دیموکراسییەکانە. هەموو ئەمانەش چەقی ئەرکی زانستە مرۆڤایەتییەکانن، چونکە ئەم دیسیپلینانە ئەو چەمکانە بەرهەم دەهێنن و دەیانچەسپێنن، کە بنەمای کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و دیموکراسین. چوارچێوەی تێگەیشتن و داکۆکیکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری پێشکەش دەکەن.

زانستە مرۆڤایەتییەکان، لەم ناوکۆیەدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و لۆژیکی ڕەفتارییانە پەروەردە دەکەن، کە پێویستن بۆ بەردەوامبوونی دامەزراوە دیموکراسییەکان. دڵنیایی دەدەن لەوەی ئەمانە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکەن، نەک لەلایەن هێزە قۆرخکارییەکانی بازاڕەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت و مانای جیاوازیان پێ بدرێت. بەمەش ئەم زانستانە ڕۆڵێکی چارەنووسساز، لە پاراستنی ماناکانی حوکمڕانی دیموکراسی و تێگەیشتن لە چییەتی پێشخستنی کۆمەڵگەیەک دەگێڕن، کە بەهای ماف و خۆشگوزەرانی هەموو ئەندامەکانی بدات. بازاڕی قۆرخکراو، کە تەرکیز لەسەر زۆرترین قازانج دەکات، ناتوانێت ئەم ڕۆڵە بەجێبهێنێت، هەربۆیە ئێستا زیندووکردنەوەی زانستە مرۆڤایەتییەکان کارێکی بنەڕەتییە، بۆ دروستیی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان.

ئەگەر دەیانەوێت نەمرن!

بۆ دڵنیابوون لە مانەوە و گرنگی ئێستاییانەیان، دەبێت زانستە مرۆڤایەتییەکان گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا بێت، سەرەتا بە دەستکاریکردنی چوارچێوەی مەعریفی خۆیان. ئەمەش بریتییە لە وەرگرتنی ڕێبازێکی فراوانتر و دینامیکیتر و سەردەمییانە، کە ڕێگە بە خۆگونجان و وەڵامدانەوەی پرسە جیهانییە خێرا و گۆڕاوەکان دەدات. زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە دوورکەوتنەوە لە هزری وشک و بەشبەندەوە، دەتوانن ڕەگەکانیان وەک دیسیپلینی ئاوێتە، زیندوو بکەنەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ڕەگ و ڕیشەیان لەسەر یەکخستنی دید و میتۆدۆلۆژیای جۆراوجۆرەوە گەشە دەکەن. بۆ دەربازبوون لە سنورە چەندێتییە بەرتەسکەکان و تایبەتمەندبوونەوە، دەبێت پارچەپارچەبوون تێپەڕێنن بۆئەوەی سەرنجیان لەسەر یەکخستنی ئامانج و گریمانە بێت. ئەم ڕێبازە گشتگیرە دەبێتە هۆی ئەوەی زانستەکان بتوانن قوڵتر و بە وردبوونەوەی زیاترەوە، چارەسەری پرسە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. ئەمەش بواری ئەوەیان پێدەدات گرنگتر و کاریگەرتر بن، لە لەخۆگرتنی ئاستەنگەکانی جیهانییەکانی ئێستامان.

هەموو ئەمە بەمانای ئەوە دێت، دەبێت زانستەکان دەستکاری چوارچێوە مەعریفییەکەی بوارەکەیان بکەن، تا فراوانتر، گۆڕاو و هەنوکەییانە دەربکەون. بۆ نموونە لە بوارێکی وەک مێژوودا گرنگە پەیوەندی بە ڕابردوو، بۆ ئەوە بێت مێژوونووس ڕۆشنایی بخاتە سەر کێشە هاوچەرخەکان، بگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندی کولتووری قەیرانەکانمان. مێژوونووسان بە جەختکردنەوە لەوەی، کە چۆن زەمینە مێژووییەکان و نەریتە کولتوورییەکان پرسەکانی ئێستا لە قاڵب دەدەن، دەتوانن تێڕوانینێکی قووڵ لەبارەی ڕیشەی ئاڵەنگارییەکان پێشکەش بکەن. لێرەوە ئەم بوارە، بە تێپەڕاندنی گێڕانەوە گەورەکان و مۆدێلە فێرکارییە ئاساییەکانی زانستی قوتابخانەیی، پێویستیان بە داڕشتنی چوارچێوەی نوێ هەیە، کە کۆیادی کۆمەڵایەتی بە واقیعەکانی ئەمڕۆوە ببەستێتەوە. ئەمەش نەک تەنها بە پێداچوونەوە دەبێت بە ''وانەکانی ڕابردوو'' بۆ ئێستا، کە پێناسەی باوی ئەرکی مێژووە لەلای ئێمەدا، بەڵکو چەشنێک دەبێت لە جێبەجێکردنی داهێنەرانە، بەسەر ناوکۆ هاوچەرخەکاندا (لێکۆڵینەوەی مێژوویی جێبەجێکارییانە)، چونکە بەرفرەکردنی ڕەهەندی جێبەجێکارییانەی بەرهەمی زانستەکان، دڵنیایی دەدات، کە ئەوان وەک هێزێکی زیندوو دەمێننەوە، بەتایبەت لە تێگەیشتن و تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکانی جیهانی ئەمڕۆمان. ئەگەر وابکەن، ئەوا دەتوانن ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی خۆیان لە داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی بەئاگا، کراوە و لەبار بۆ قەبوڵکردنی گۆڕانە ئەرێنییەکان، بگێڕن.

هەموو ئەمانە کاری ئاوێتە دیسپلینن!

ئەوەی بۆ ئەوانەی لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان کاردەکەن، ئەگەر دەخوازن نەمرن، زۆر گرنگە ڕێبازێکی فرەدیسپلین بگرنەبەر، کە سنوورە نەریتییەکانی نێوان بوارە زانستییەکان تێپەڕێنێت. پەرە بە هاوکاری نێوان بوارە جیاوازەکانی خوێندن بدات. لە جیهانێکدا، کە تادێت بەیەکەوە گرێدراو و ئاڵۆزتر دەبێت، ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، جا چ کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئابووری، یان سیاسی، چیدی لەمیانەی دیدگای بەرتەسکی تاکەپسپۆڕییەوە، ڕیشەییانە چارەسەر ناکرێن. بە بەشداریکردن لە کارە فرەپسپۆڕییەکانەوە، پسپۆڕانی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەتوانن میتۆدۆلۆژیا، تیۆریی و تێڕوانینە جۆراوجۆرەکان ئاوێتەی یەکدی بکەن. ئەمەش ڕێگە بە پێشکەشکردنی چارەسەری گشتگیرتر و داهێنەرانەتر بۆ کێشە هاوچەرخەکان خۆش دەکات. ئەمە بەمانای سڕینەوەی تایبەتمەندییەکان نییە، بەڵکو دەوڵەمەندکردن و پێدانی فرەڕەهەندییە. ئەم ڕێبازە نەک هەر بوارە پسپۆڕییەکە دەوڵەمەند دەکات، بەڵکو بەها زانستییەکەشی زیاتر دەکات، لەمیانەی پێدانی توانای چارەسەرکردنی سروشتی فرەلایەنەی قەیرانە مۆدێرنەکان. هاوکاریکردن لەگەڵ بوارەکانی وەک زانستە سروشتییەکان، تەکنەلۆژیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردنی ئاکام و دەرەنجامەکان دروست بکات، ئەمەش دڵنیایی دەدات بەوەی، زانستە مرۆڤایەتییەکان بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگ لە تێگەیشتن و داڕشتنەوەی جیهاندا بگێڕن.

سەرباری ئەمە، گرنگە پسپۆڕانی بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان، چالاکانە لەچوارچێوەی کۆمەڵایەتی فراوانتردا بەشدار بن. دڵنیابن لەوەی کە کارەکانیان لەگەڵ ئاستەنگەکانی ئێستا و پێداویستییە گشتییەکاندا هاوتەریبن. ئەمەش نەک هەر پەیوەستە بە بەرهەمی زانستیی تیۆرییەوە، بەڵکو دڵنیابوون لەوەی کە کاریگەریی کردەکی هەیە و بەشداری لە چاکەی گشتیدا دەکات. ئەم پسپۆڕانە، بە بەستنەوەی توێژینەوەکانیان بە پرسە کۆمەڵایەتییە زەقەکانەوە، دەتوانن گرنگی بوارەکەیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ڕاستەقینەی ئێمەدا بەهێزتر بکەن. جگە لەوەش، دەکرێت بەم ڕۆڵەیان، لە داڕشتنی گوتاری گشتی بەشداربن؛ هاوکاربن لە گۆڕینی بیرۆکە ئاڵۆزەکان بۆ زانینی ئەوتۆ، کە دەستی هەمووانی پێبگات. بەمەش بتوانێت بواری سیاسی و پەروەردە و تێگەیشتنی گشتی، بەئاگا بهێنێت. ئاوا نەک هەر زیندوویی زانستە مرۆڤایەتییەکان دەپارێزن، بەڵکو دڵنیاش دەبن لەوەی ئەم دیسیپلینانە بەردەوام دەبن لە بەشداریکردنی مەبەستدار، لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا.

هەندێک لە سەرچاوە بەکارهاتووەکان

-         دریکمان، دونالد (٢٠٢٢). لماذا نحتاج الی العلوم الإنسانية، ترجمة: زینة المعلوف، دمشق: الهیئة العامة للکتاب.

-         کیغان، جیروم (٢٠١٤). الثقافات الثلاث – العلوم الطبیعية والاجتماعية والانسانیات في القرن الحادي والعشرين، ترجمة: صدیق محمد جوهر، الکوت: المجلس الوطني للثقافة.

-      Alshaar, Nuha & La Sala, Urlike (2022). The Humanities in the 21th Century, Berlin: Von Forum Transregionale Studien.

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure