دەستیاوی ژن لە مێژووی ژیانی ڕۆژانەدا (توێژینەوەیەک لە مێژووی زارەکی)
ڕاز ئەسعەد
مێژووی زارەکی، یان گێڕانەوە زارەکییەکان تانوپۆیەکی جیاواز و فرەڕەهەند لە کایەی مێژوونووسیدا لە خۆدەگرن، وێڕای ئەوەی مێژووی زارەکی بەشێوەیەکی گشتی لەناو کایەی مێژوونووسی کوردیدا کەمتر گرنگی پێدراوە و وەک پێویست لەسەر ئاستی میتۆد و ناوەندە زانستییەکان ئاوڕی جدی لێنەدراوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بنەڕەتی مێژوو بریتیبووە لە گێڕانەوەکان، مێژوونووس هێرۆدۆت (٤٨٤-٤٢٥پ.ز)، کە بە باوکی مێژوو ناسراوە، لەپێناو تۆمارکردنی شەڕەکانی ماددا پشتی بە شایەتحاڵی ڕووداوەکان و بەشێوەی زارەکی بەستووە، لەهەمانکاتدا (توسیدیدس) (٢٠٨-١٢٧ پ.ز) بە هەمان شێوە بۆ باسکردن لە شەڕی پێلۆپۆنێز هەمان شێوازی مێژووی زارەکی بەکارهێناوە.(١)
لەبنەڕەتدا مێژووی زارەکی بوارێکی جیاوازی لێکۆڵینەوە و شێوازێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوە و پاراستن و لێکدانەوەی دەنگ و ڕەنگ و یادەوەرییەکانی مرۆڤ و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی بەشداربووانی ڕووداوەکانی ڕابردوو.(٢)
سەرباری ئەو ڕۆڵە گرنگەش، وەک کەرەستەیەکی گرنگ دەبێتە دەنگە پەراوێزخراوەکانی ناو مێژوو، کە هەریەکەیان خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە ئەزموونکردن و گێڕانەوەی مێژوویەکی جیاوازدا، کە ئەویش مێژووی کۆمەڵایەتییە، بەو واتایەی مێژووی زارەکی دەبێتە دەنگی بێدەنگەکان لە هەناوی پانوبەرینی مێژوودا، هەروەک دەبێتە دەنگی ئەو کەسانەی کە فەرامۆشکراون و ئامادەییان نییە، واتە دەتوانین بڵێن مێژووی ئەو مرۆڤانەیە، کە مێژووی فەڕمی لە بیری کردوون، خستنەڕووی شێوازی ژیان و وردەکارییەکانی ناو مێژووی ژیانی ڕۆژانەیە، ئەمەش وادەکات ڕابردوو بە ئێستا و ئێستاش بە داهاتووەوە ببەستێتەوە.(٣)
هەر لەم ڕوانگەییەوە جان ڤانیسیینا (JaN Vancina) لەو بڕوایەدایە کە مێژووی زارەکی میتۆدێکی توێژینەوەیە لە میانەی وشەی گوتراوی پارێزراو لە یادەوەریدا و بەشێوەیەکی زارەکی گواستراوەتەوە و گرنگی بە توێژینەوەی ڕابردوو دەدات، ئەمەش دوو بواری سەرەکی دەگرێتەوە:
یەکەم کەلەپووری زارەکی: واتە توێژینەوەی ڕابردوو دوور لە فەزای ئەو گێڕدراوە زارەکییە باوانەی لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا هەن، کە بەشێوەی زارەکی لە نێوان دوو نەوە یان لانیکەم لەنێو چەند نەوەیەکدا دەگوازرێنەوە.
دووەم مێژووی ژیان: بریتییە لە توێژینەوەی مێژووی نزیک لەمیانەی گێڕانەوەی زارەکی و گەواهیدەرەکانەوە، واتە گێڕانەوەی خەڵک دەربارەی ڕووداوەکان و شارەزاییەکانیان و تەواوی ئەو شتانەی لە ژیانیاندا بینویانە، بەتایبەت ئەو ڕووداوانەی کە بەشداریان تێدا کردووە، یان هەر هیچ نەبیت گەواهیدەر بوون.(٤)
خواردنە ئامادەکراوەکان وەک کەلەپوور و کەلتووری نەتەوەیەک، یان مێژووی خۆراک، یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکان کە دەتوانرێت بەهۆیە کەلێنێکی گەورەی مێژووی ژیانی ڕۆژانە و وردەکارییەکانی شێوازی ژیانی هەر کۆمەڵ و کۆمەڵگایەکی پێ پڕبکرێتەوە و مێژووی کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغەی پێ واڵا بکرێتەوە. بۆ باسکردن لە مێژووی خۆراک لە هەر شوێن و جێگایەکی دیارکراودا، دەبێت پشت بە مێژووی زارەکی ببەستین، چونکە دەبێتە پارێزەری میراتە کەلتوورییە جیاوازەکان، لەهەمانکاتدا دیدێکی ورد سەبارەت ژیانی ڕۆژانە و دابونەریتی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکە پێشکەش دەکات.(٥)
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی هەر کۆمەڵگەیەک پێویستە سەرەتا لە شێوازی ژیانی ڕۆژانەیان تێبگەین، ئەمەش لە ڕێگەی پشکنین و توێژینەوەی زانستییەوە دەبێت بۆ زانینی وردەکارییەکانی مامەڵە و ژیانی ڕۆژانە، لەوانەش جۆری خواردن و شێوازی ئامادەکردنیان، پۆشاک و شێوازی دوورینیان، پێکهاتەی خانووەکانیان، خوێندەواریی و کنەی نێو ئەدەب و ئایین و نەریتە باوەکان و ... تاد.
ڕەنگە بەمەبەستیش نەبووبێت، بەڵام مێژووی خۆراک بەشێوەیەکی گشتی لە پەراوێزخستن بەدوور نەبووە، چونکە هەمیشە ئاوڕ لە مێژووی سیاسی دراوەتەوە و سەرباسی هەڤپەڤینەکان بووە، لەکاتێکدا بۆ تێگەیشتن لە شێوازی ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لە قۆناغە جیاوازە مێژووییەکاندا، پێویستە زانیاری ورد و بنەڕەتیمان لەسەر چەندین لایەنی چۆنیەتی ژیانیان هەبێت، لەو لایەنە گرنگانەش شێوازی خواردنەکانیان و چۆنێتی ئامادەکردنیانە، چونکە خۆراک کلیلی تێگەیشتنە لە مێژووی ئەو کۆمەڵگە دیاریکراوە و دەبێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ هەتا بەشێوەیەکی بنەڕەتی و دوور لە چەپاندن و پەراوێزخستن مێژووەکەی تۆمار بکرێت،(٦) لەهەمانکاتدا دەتوانین خۆراک بکەینە پێوەرێکی بنەڕەتی بۆ ئاشنابوون بە کەلتوورە جیاوازەکان. ئەگەر سەرنج بدەین هەمیشە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسەکان زۆر بە وردی گرنگیان بە خواردنە کوردییەکان و پێکهاتەیان داوە و یاداشتیان کردووە، لە دونیای هاوچەرخی ئەمڕۆشدا مێژووی خۆراک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییەکی بەرچاوی پێدراوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و بە تایبەت لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٨٨٧-١٩٠٢) لە فەڕەنسا بەرهەمێکی بیست و حەوت بەرگی تایبەت بە مێژووی خۆراک لە فەڕەنسا بڵاوکرایەوە.(٧)
دەکرێت ئەم خواردنانەی ئێمە باسی دەکەین لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا هەمان خواردن بوونی هەبووبێت، تەنها ناوی خواردنەکان و شێوازی ئامادەکردنیان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، هەربۆیە بەشێک لە زانیارییەکان وەک گێڕانەوەیەکی زارەکی زیاتر پەیوەستە بە ناوچەی پێنجوێنەوە.
خواردن لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا بەهەمان شێوەی کۆمەڵگەکانی تر ڕەگەزێکی بنەڕەتی بەردەوامبوونی ژیانە، کە دەتوانێت مێژووی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی تاکەکان، کەلتوورو نەریتە جیاوازەکان، ژیانی ڕۆژانە، کۆمەڵایەتی ، مایکرۆ مێژوومان ... تاد بنووسێتەوە.
قاوت یان بواردوو
وەک لە زانیارییەکاندا هاتووە، بۆ ئامادەکردنی ئەم خواردنە پێویستمان بە گەنمی سوورە، چونکە گەنمی سپی گونجاو نییە، دوای شۆردنەوەی گەنمەکە ئاگرێکیان بە دار بۆ دەکردەوە و لە ساجێکی قوڵدا دەیان برژاند، لەناو ساجەکەدا بەتەواوی گەرم دەبوو هەتا هاوشێوەی گەنمەشامی وردەوردە هەڵدەتۆقی، بۆئەوەی گەنمە برژاوەکە نەشێوێت، بە پارچەیەک قوماشی خام تێکیان دەدا و کەوگیر بەکارنەدەهات، کە هەمووی جوان دەتەقی ئینجا دەیانکردە ناو تەشتێکی فافۆنەوە و بۆ ئەوەی سارد نەبێتەوە پارچەیەک خامیان بەسەردا دەدا، دواتر دەستاڕیان بۆ دادەنا و بە گەرمی دەیانهاڕیی و نەدەبوو ساردببێتەوە، چونکە لە ئەگەری ساردبوونەوەیدا نەدەکرا بە دەستاڕدا و دەبوو دووبارە بکرێتەوە ساج و گەرمبکرێتەوە. لە دوای هاڕینی بەدەستاڕ لە قەبارەدا وەک ساوەری لێدەهات و پێیاندەوت قاوتە، پاشان بۆ ئامادەکردنەکەی ڕۆنی بۆ گەرم دەکرا و قاوتەکەیان تێدەکرد و دوای نزیکەی دوو خولەک ئاوی بۆ زیاد دەکرا، لەکۆتاییدا هاوشێوەی دۆینە ئامادە دەبوو، لەکاتی خواردنیشیدا دەکرایە قاپی قوڵەوە و ناوەڕاستەکەیان بۆ چاڵ دەکرد و ڕۆنی کوردییان تێدەکرد.(٨)
پڕپۆڵە
یەکێک بوو لە خواردنە جیاوازەکان و بۆ میوانێکی زۆر تایبەت ئامادە دەکرا و لەگەڵ خواردنی دیکەدا خوانی پێ دەڕازایەوە، بریتی بوو لە لەتکە پیاز و ڕۆن و بەهاراتی هەمەجۆریان تێدەکرد، ئینجا کەمێک هەویریان دەشێلا و بە قەبارەی هەڵماتێک خڕیان دەکردەوە، دوای ئەوەی لەتکە پیازەکە نیوە کوڵاو دەبوو، ئینجا هەویرەکەیان تێدەکرد و پاش ماوەیەک جوان بەیەکەوە دەکوڵا، ئەم خواردنە زۆر ناوازە و چێژی تایبەتی هەبوو، زۆر بە کەمیش ئامادە ،دەکرا چونکە ژەمی سەرەکی نەبوو.(٩)
کایەلوش
یەکێکی دیکە بووە لە خواردنە کوردەوارییەکان و لە ژەمی بەیانیاندا سفرەکانی پێ ڕازێندراوتەوە، کەشک خواردنێکی باوی کوردەوارییە و بەچەندین شێوە ئامادە دەکرا و گرنگی زۆری پێدراوە، چونکە بە خواردنێکی پڕ وزە دەناسرێت، بەتایبەت بۆ زستانان بەرچاییەکی زۆر پەسەند بووە. کایەلوشیش جۆرێکی دیکەی ئامادەکردنی کەشکە، شەو کەشکەکەیان دەکردە ناو ئاوەوە، بۆئەوەی هەتا بەیانی بخوسێتەوە، بەیانی زوو کە کابان هەڵدەستا، کەشکە لەئاوکراوەکەی جوان دەساویەوە، واتە دۆکەی جیا دەکرایەوە، ئەو وردە کەشکەی لێی دەمایەوە لەناو ڕۆن و پیازدا سوور دەکرایەوە و وەک ژەمی بەیانی دەخرایە بەردەست خێزان، بەم خواردنە دەوترا کایەلوش.(١٠)
ترشاو یان مزرۆکە
سەرەتا بڕێک ترشی سماقیان دەکردە ناو ئاوی گەرمەوە و بۆماوەی نزیکەی نیو سەعات لە ئاوە گەرمەکەدا دەهێڵرایەوە، یەک کیلۆ پیازیان لە ڕۆندا سووردەکردەوە، ئینجا چەند هێلکەیەکی کوردیان دەکردە ناو پیاز و ڕۆنەکەوە، دەبوو هێلکەکان بە جوانی لەگەڵ پیازەکەدا سوور ببنەوە و ورد ببن، دواتر خوێیان تێدەکرد و هێلکەکەیان لەناو پیاز و ڕۆنەکەدا ورد دەکرد، پاشان ترشەکەیان دەپاڵاوت و ئاوی ترشەکەیان تێدەکرد، هەندێک جار بەپێی ناوچە و ئارەزووی کابانەکە بادەمیشی تێدەکرا، لێیدەگەڕان تا جوان بەیەکەوە دەکوڵان، لە دوای ئامادەبوونی دەکرایە قاپی قوڵەوە و نانی تێدەکرا و وەک تشریب دەخورا، لە هەندێک ناوچە دۆشاویشیان تێدەکرد، بەهۆی زۆری ماددە خۆاراکییە سوودبەخشەکانەوە، ئەم خواردنە زیاتر لەکاتی سەرما و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە وەرزییەکاندا ئامادە دەکرا، چونکە بە گەرمکەرەوە و چارەسەری پەسیوو دادەنرا.
قاورمە
لە کۆتاییەکانی وەرزی پاییزدا ئاژەڵێکیان سەردەبڕی و کەوڵیان دەکرد، زیاتر بۆ سوود بینین لە پێستەکەی بۆ مەشکە، ئاژەڵەکەیان دەگروو، گۆشتەکە پارچە پارچە دەکرا، بەشی خواردنی ئەو ئێوارەیەیان لێجیادەکردەوە، ئەوەی دەمایەوە تێکڕا لە مەنجەڵێکی مسدا هەڵدەکزاند، بۆ ئەم کارە مەنجەڵی فافۆنیان بەکارنەدەهینا، چونکە بەهۆی زۆری گۆشتەکەوە پێیدا دەسووتا، بۆئەوەی دواتر گۆشتەکە تێکنەچێت، لەکاتی هەڵکزاندنیدا خوێیان تێدەکرد، دوای ئەوەی بەجوانی هەڵدەکزا دەیان کردە کیتەڵەیەکی گەوەرە، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هەڵکزانەکە کارامەیی کابانی دەویست، چونکە نەدەبوو زیاد هەڵبکزێت و وشکبێتەوە. کیتەڵە لە قوڕ دروست دەکرا و لە ئاگردا سوور دەکرایەوە. گۆشتەکەیان بە ڕۆنەکەی خۆیەوە دەکردە کیتەڵەکەوە و بە پارچەیەک خام سەری کیتەڵەکەیان دەبەست، پاشان لە جیاتی سەرقاپ دەرخۆنەیان لە قوڕ بۆ دروست دەکرد، دەرخۆنە هاوشێوەی قاپێک بوو کە بە ئەندازەی سەری کیتەڵەکە دروست دەکرا، هەتا بەجوانی دایپۆشێت و هەواکێش نەبێت. خاتوو (ئامینە محەمەد) لەکاتی گێڕانەوەکانیدا لە جیاتی وشەی قاپ دەوری بەکاردەهێنا، دیارە ئەو کاتە وای پێگوتراوە، هەروەها بەسەری کیتەڵەکەی دەوت دەرخۆنە. لەڕاستیدا دەرخۆنە مانای پنە دەگەیەنێت، ئەو سوەرقاپەش تاڕادەیەک لە شێوەی پنەدا بووە، بۆیە وای پێگوتراوە. پێشئەوەی دەرخۆنەکە یان سەری کیتەڵەکە بنرێتەوە، پارچە خامەکەی سەری بە پەتێک دەبەسترا و بە دارێکی باریک پەتەکە دەجەڕێنرا هەتا تەواو توند دەبوو و بەخۆشییەوە خامەکەی توندتر دەکرد، هەتا لە هەر مەترسییەکی پیسبوون بیپارێزێت، ئینجا دەرخۆنەکەیان دەکردە سەری و بۆ پاراستنی زیاتر شتێکی قورسی دەخرایە سەری و بۆ کاتی پێویست هەڵدەگیرا.(١١)
کاتێک میوانێکی تایبەت بهاتایە کابانی ماڵ پەڕشە یان (بڕوێش)ی لێدەنا و سەری کیتەڵەکەی هەڵدەدایەوە و دوو چنگ قاورمەی تێدەکرد، دەبوو خێرا سەری کیتەڵەکە وەک خۆی توند بکاتەوە. ئەو ئاژەڵەی کە بەم شێوەیە سەریان دەبڕی و ئامادە دەکرا بۆ هەر سێ مانگەکەی زستان بوو، دەبوو کابانی ماڵ بە جوانی و بە سەلیقەی خۆی دەستی پێوەبگرێت تا بەشی ڕۆژە درێژەکانی زستان بکات، ئەگەر میوان نەبووایە دوو هەفتە جارێک کابانی ماڵ کەمێکی لە کیتەڵەکە دەردەهێنا و ئامادەی دەکرد، ئەو کاتە زیاتر پرشە بەکارهێنراوە، چونکە ئەو دەمە برنج زۆر کەم و گران بووە.
کەڵەشێری کوردی و قەل و برنج
یەکێکی دیکە لەو خواردنە ناوازانەی بۆ میوانی زۆر تایبەت ئامادە دەکرا، برنج و کەڵەشێری کوردی یان قەل بوو، ئەو ڕۆژە کابان سەرەڕای سەرقاڵییە ئاساییەکانی ڕۆژانەی، دەبوو هەر لە زەردەی عەسرەوە دەست بە ئامادەکارییەکان بکات، سەرەتا کەڵەشێرەکەی سەردەبڕیی و ئاوەڕووتی دەکرد و دەبوو هەر زوو بینێتە سەر ئاگر، کەڵەشێری کوردی یان خۆماڵی بڕێکی کەم گۆشتی هەبوو، بەڵام خەڵکی ئەوسا بە پارچەیەکی بچووک ڕازیبوو. برنجی ئەو کاتە وەک ئێستا پاککراو نەبوو، پڕی بوو لە بەردی شین و داڕووجان، کاتێکی زۆری دەویست تا دەیانبژارد و برنجەکە پاکدەبوویەوە، دوای ئەوەی کەڵەشێرەکە نیمچە کوڵاو دەبوو، ئینجا بە ئاوەکەی برنجەکەیان لێدەنا، بۆئەوەی تامی برنجەکە بەلەزەت بێت و کەمی گۆشتەکە قەرەبوو بکاتەوە.
دوای پێگەیشتنی خواردنەکە و لە دوای بانگی ئێوارە خوانەکەیان دەڕازاندەوە، هەر کەسە و قاپێکیان بۆ تێدەکرد، بەهۆی کەمی گۆشتەکەوە هەر قاپێک پارچەیەکی بۆ دادەنرا، بێگومان ڕانێک بۆ میوانەکەبوو، پارچە گۆشتەکەیان دادەنا و برنجیان دەکرد بەسەردا، واتە گۆشتەکە دەکەوتە ژێر برنجەکەوە، زۆرجار میوانەکە تێری دەخوارد و هەر نەدەگەیشتە پارچە گۆشتەکە.
زۆربەی جار هەر بە ئاوی کەڵەشێرەکەوە دەخورا، چونکە هەموو ماڵێک توانای شلەی نەبوو، ئەگەر ماڵێک دەوڵەومەند بووایە لە وەرزی قەیسیدا بڕێکی زۆریان وشک دەکردەوە و لە زستاندا دەیانکرد بە شلە، یان لەجیاتی شلە نۆکیان دەکردە ئاو دەکرا بەدەستاڕدا و دەکرا بە لەتکەنۆک، دواتر پیازی تێدەکرا و دەکرا بە شلە، پێیاندەوت شلەی لەتکە، جگەلەوەش شلەی تەماتەی وشکیش ئامادە دەکرا، هاوینان تەماتەیان لەت دەکرد و لەسەر سەلە وشک دەکرایەوە و هەڵدەگیرا بۆ زستان.(١٢)
بەهارات
هەمیشە بەهارات وەک ڕۆحی خواردن ئاماژەی پێکراوە، لە کۆنیشدا ئەگەرچی ڕێژە و جۆری بەهارات تاڕدەیەکی زۆر سنوردار بووە و بەپێی ناوچە جیاوازەکانیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، وەک ئێستا نەبووە دەیان جۆر بەهارات هەبێت، بەڵام دواجار تاموبۆنی خواردنە کوردەوارییەکانیش لە بەهاراتەکان بێبەش نەبوون، یەک لەو بەهاراتانەی کە بەردەوام کەسانی بەتەمەنی ئەو ساڵانە ئاماژەی پێدەکەن ئاڵەتە، کە ئێستا پێیدەڵێن بیبەری ڕەش، ئەو کاتە ئاڵەت بەهاراتێکی ناسراوبووە و زۆر باوی هەبووە، بەڵام کەم و دانسقە بووە، وەک دەنکە لاولاو وابوو، دەبوو بیهاڕن و دواتر بەکاردەهێنرا، تام وبۆنێکی خۆشی داوە بە خواردنەکە، کاتێک حاجی دەچوو بۆ حەج لەگەڵ خۆیان دەیانهێنا، هەروەها هەجیجییەکانیش کە وردەواڵەیان دەفرۆشت یان بە بەروبوومی کشتوکاڵی دەیانگۆڕییەوە، ئەوانیش لەگەڵ خۆیاندا دەیانهێنا و بەردەوام یەکێک بووە لەو کاڵایانەی لە کۆڵەکانیاندا هەبووە.
(هەزبێ) ڕووەکێکی خۆڕسکە لە کوێستانەکاندا دەڕوێت، زۆرجار پێیاندەوت هەزبێی دەماغ سپی، ئەویش تاموبۆنی خۆی هەبوو، چێژی دەدا بە خواردنەکە و زۆرجار وەک بەهارات بۆ ناو خواردن بەکاردەهێنرا.
کولەکەی تەندور
یەکێک بووە لە خواردنە جیاوازەکان و بە کولەکەی گەورە ئامادە دەکرا، کولەکەی زەردیشی پێدەوترا، ئەو ڕۆژەی کابانی ماڵ نانی بکردایە، دوای تەواوبوون لە نانکردن، کولەکەیەک یان چەند دانەیەکی بەجوانی دەشتەوە و وشکی دەکردەوە، ئینجا هەر بەساغی کونێکی بچووکی دەکردە سەری کولەکە و کەمێک شەکری تێدەکرد و دەیخستەوە ناو تەنوورە پڕ لە پشکۆکەوە، سەری تەنوورەکەی بە باشی دەنایەوە و بە قوڕ سواغی دەدا و هەوابڕی دەکرد، دوای ماوەیەکی زۆر تەنوورەکە سارد دەبووەوە و سەریهەڵدەدرایەوە، کولەکە پیشاوەکەی دەردەهێنا و وەک ژەمێک خواردنی بەتام پێشکەش بە خێزان دەکرا.
شەکر داگرتن یان ئامادەکردنی شەکر
شێوازێکی شەکر کوڵاندن بۆ دروستکردنی شەکری کوڵاوە و پێیدەوترا (شەکر داگرتن)، ڕۆژی پێشتر شکری وردیان لە دۆڵێکی قوڵدا دەکوتا، بەشێوەیەک وردە دەبوو کە بە ئاسانی بەیەکەوە دەنووسا، داگرتنەکەشی بە دوو شێواز ئەنجامدەدرا، شێوازێکیان ئەو ڕۆژەی کابانی ماڵ نانی دەکرد، لە دوای تەواوبوونی لە نانەکە، تەشتێکی فافۆنی دادەنا و نیوە دەکرد لە شەکر و هەندێک جاریش لە نیوە کەمتر، پاشان بە ڕشینەیەک ئاو کەمێک شەکرەکەی تەڕ دەکرد، لەناو تەشتەکەدا بەجوانی تێکی دەدا، وشەی (هەڵفلیقاندن)یان بۆ ئەو کارە بەکاردەهێنا، دواتر پارچە قوماشێکی خام دەدرا بەسەر تەشتەکەدا و بەجوانی دادەپۆشرا، بۆ ڕۆژی دواتر شەکرەکە شێوەی قاڵبی تەشەتەکەی وەردەگرت و ڕەق دەبوو، لە تەشتەکە دادەکرا بەبێ ئەوەی بشکێت، پاشان بە شەکرشێکین بەپێی پێویستی کڵۆ کڵۆ دەکرا و ئامادەبوو بە چای دیژلەمەوە پێشکەش بکرێت.
لە شێوازی دووەمیشدا بە هەمان شێوە شەکرەکە کەمێک تەڕ دەکرا و تێکەڵدەکرا، دواتر دەکرایە پەرداخێک یان سوراحیەکەوە تا دوای ساردبوونەوە شکڵی ئەو دەفرە وەربگرێت کە تێیانکردووە، واتە تەنها بۆ ئەوە دەکرایە پەرداخ یان سوراحیەوە تا وەک جوانکارییەک شێوەی دیاریکراو بێت، پاشان لەسەر پارچە قوماشێک لەسەر بان دادەنرا و دەبوو چەند ڕۆژێک لەبەر هەتاودا بێت.
مێوژ
مێوژکردن یان مێوژ دروستکردن یەکێکە بووە لە و خواردن و کارانەی کە ژن ئامادەی کردووە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستاندا ئەنجامدراوە، ڕەنگە شێوازی ئامادەکردنەکەشی بەپێی ناوچە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت.
ئەو ترێیە کە بۆ مێوژ بەکاردەهات دەبوو ترێیەکی جوان بێت، باشتر وابووە کە ترێی ڕەش بێت، ڕۆژێک بەر لەوە ئامادەکاری بۆ کراوە، خۆڵی سۆپایان بۆ بێژاوەتەوە، دواتر لە مەنجەڵکی گەورەدا کوڵاندوویانە، پێیوتراوە (خۆڵەمێش، خۆڵەکەوە)، ڕۆنە کەرەیان دەکردە ناو خۆڵەکەوە و دەبوو خۆڵ و ڕۆنەکە پێکەوە بکوڵێن هەتا جوان تێکەڵ دەبوون، ڕۆژی دواتر خۆڵەکەیان دەپاڵاوت و جارێکی دیکە دەخرایەوە سەر ئاگر، هێشووە ترێکانیان هەڵدەکێشا لە خۆڵاوەکە و دواتر لەسەربان لەسەر پارچە قوماشێک دادەنرا و دوای نزیکەی هەفتەیەک دەبوو بە مێوژ.
فرۆ
فرۆ یەکێکە لەو خواردنانەی سەر بە کۆمەڵەی سپیاییەکانە، کاتێک ئاژەڵی (بزن، مانگا، مەڕ) دەزێت و بێچووەکەی دێتە دەرەوە، تا سێ ڕۆژ شیرەکەی جیاوازە لە شیری ئاسایی، لە ڕەنگ و تامیشدا جۆرێکی دیکەیە، پێیدەوترێت (فرۆ)، کاتێک دەخرایە سەر ئاگر شێوەیەکی جیاوازی وەردەگرت و بزڕ بزڕ دەبوو، تاڕادەیەک شێوەی لە پەنیری وردکراو یان ڕۆن دەچێت، بەڵام ڕەنگی زەردە و بۆن و تامی تەواو جیاوازە، کاتێکیش ئامادە دەبوو، لەگەڵ نان و چادا دەخورا، ئەم خواردنە ساڵانە تەنیا لە کاتی زایینی مەڕوماڵاتدا هەیە، هەربۆیە بە تاسوقەوە دەخورا.
سیرێژ
یەکێک بووە لە بەرهەمە سەرەکییەکانی سپیایی، ئەو ڕۆژەی دۆیان دەژەنی و لە مەشکەکە دادەکرا، دەکرایە مەنجەڵێکەوە و دەخرایە سەر ئاگر، دەبوو بکوڵێنرێت تا دۆکە ترش نەبێت، چونکە ئەگەر ترش بووایە نەدەبوو بە سیرێژ، بەو دۆیەی کە دەخرایە سەر ئاگرەکە بۆ سیرێژ، دەوترا (دۆ هەڵهاتن بۆ سیرێژ)، دواتر کە سارد دەبووەوە شێوەی قاشی پەنیری وەردەگرت و دەکرایە ناو تورەکەی خامەوە و هەڵدەواسرا هەتا ئاوەکەی بچۆڕێتەوە و لێی جیابێتەوە، دواتر هەر ڕۆژێک بیانویستایە بیکەن بە کەشک، ڕۆژی پێشتر سەنگەوبەردیان دەنا هەتا هیچ ئاوی پێوە نەمێنێت و بۆ ڕۆژی دواتر بە ئاسانی بتوانن کەشکی لێ دروست بکەن، ئینجا کەشکەکە لە نێوان لەپی دەست و پەنجەکاندا دەگوشرا و لەسەر سەلەیەک دادەنرا، بەمجۆرە شێوەی کۆتایی کەشکەکە جێ پەنجەی ئەو کەسەبوو کە دەینایەوە، بەو کارەش دەوترا کەشک نانەوە، پاشان دەکرایە سەبەتەوە هەتا تەواو وشک دەبوویەوە.
دۆخەوا
ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە خواردنە کوردەوارییەکان و بە گەنمی سپی ئامادە دەکرێت، ڕۆژی پێشتر گەنمەکەی لە دۆڵدا بۆ دەکوترێت و دواتر دەشۆرێتەوە، ئەو دۆیە کە بەکاردەهێنرێت دەبێت دۆی ئەو ڕۆژە بێت، واتە دۆی تازە بێت، دواتر دۆکە دەخرێتە سەر ئاگر و دوای کوڵانی گەنمەکەی بۆ زیاد دەکرێت و تێکدەدرێت، چەند ڕووەکێکی تێکراوە بەپێ خواستی کەسەکان هەندێکجار ڕووەکی لوشەی تێکراوە، کە ڕووەکێکی کوێستانی بوو، گەڵایەکی پانی لووسی هەبوو، زۆرجار لوشەیان کردووە بە یاپراخ، هەندێکجاریش لوشە بەکارنەهاتووە و ڕووەکی خوژە بەکارهاتووە، ئەمیش بە هەمان شێوە ڕووەکێکی کوێستانییە، کە سەوزی گەڵاکانی ئەم ڕووەکە هاوشێوەی سەوزی نێرگز بوو، هەروەها هەندێک جار ڕووەکی کنگر یاخود ڕووەکی پونگەی تێکراوە.
لەکۆتاییدا و هەر لەو ڕوانگەیەوە کە گێڕانەوەکانی مێژووی نزیک لەلایەن شایەتحاڵەکان و ئەو کەسانەی خۆیان لەو سەردەمانەدا ژیاون، کە لە خودی خۆیاندا مێژووی زارەکین و دەبنە کەرەستەی گرنگ و بنەڕەتی بۆ توێژینەوە لە مێژووی ژیانی ڕۆژانەی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویەکی شێوێندراو یان ڕاستر بە سۆز نووسراو، بەتایبەت لە ئێستادا کە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردی بە تەونێکی مەرامی کەسییەوە بەستراون و هۆکاری هەرە سەرەکی بە شەخسەنەکردنی مێژوون، ئێستا لە هەموو کات گرنگترە ئەو کەسانە بدوێنین کە شایەتحاڵی ڕووداو و بەسەرهاتەکانن، هەتا بتوانین لانیکەم کەرەستە و دۆکیۆمێنتەکان بۆ نەوەی داهاتوو بپارێزین و هیوایەک بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو بچێنین.
سەرچاوە و پەراوێزەكان
١- تأریخ التأریخ الشفوی.. تطور و تأریخ المفهوم
https://wathiqat-wattan.org/
٢-Oral HistOry: Defined
https://oralhistory.org/about/do-oral-history/
٣- مەلا، حموودی بایەزیدی، عادات و ڕسووماتنامەی اکرادیە (داب و نەریتی کورد )، و: شوکریە ڕەسوڵ ئیبراهیم، چ٢، چاپخانەی پەنجەرە ، تاران ، ٢٠١٥، ل ٧
٤-کامەران محەمەد، مێژووی زارەکی؛ یادەوەری کۆمەڵیی و مێژووی پەراوێزخراوەکان م گ: زانکۆی جیهان، موجەلەدی ٦ ، ژ ٣ حوزەیرانی ، ٢٠٢٢، ل ١١٧
٥-کامەران محەمەد، گرنگی مێژووی زارەکی بۆ بواری مێژوونووسی، بڵاونەکراوە.
٦- کامەران محەمەد، کاتێک خۆراک مێژوو دەنووسێتەوە، https://www.kurdipedia.org/?q=20240712200857580192&lng=1 ،٢٢-٧-٢٠٢٤
٧- کامەران محەمەد، کوردناسی و مێژووی ژیانی ڕۆژانە، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢١، ل ٨١
٨-- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئامینە محەمەد ، ٨-٤-٢٠٢٤، ٢:٣٠-٥:٠ ، پێنجوێن.
٩-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو جیهان ئەحمەد، ١٠-٤-٢٠٢٣، ١١:٠٠-١٢:٣٠، سلێمانی.
١٠-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو مریەم ئەحمەد ڕەحیم، ٢٧-٣-٢٠٢٣، ٢:٠٠- ٤:٣٠، سلێمانی.
١١- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئامینە محەمەد ، ٨-٤-٢٠٢٤، ٢:٣٠-٥:٠ ، پێنجوێن.
١٢- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو ئامینە محەمەد ، ٨-٤-٢٠٢٤، ٢:٣٠-٥:٠ ، پێنجوێن.