زیرەکی دەستکرد و داهاتووی میدیا: چۆن  زیرەکی دەستکرد ڕۆژنامەگەری نوێ دادەڕێژێتەوە
زیرەکی دەستکرد و داهاتووی میدیا: چۆن  زیرەکی دەستکرد ڕۆژنامەگەری نوێ دادەڕێژێتەوە
  2025/05/06     67 جار بینراوە    


د. موئمین زەڵمی

پێشەکی:

زیرەکی دەستکرد  ئەگەر بۆ سیكتەرەکانی تر داهێنان، یان نوێگەری بووبێت ئەوا شۆڕشێک بوو لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، چونکە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و تەواوی ژانرە میدیاییەکاندا دەکات. لەکاتێکدا کە وەگەڕخستنی زیرەکی دەستکرد لە ژوورەکانی هەواڵدا مشتومڕی لەسەر ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، ڕەسەنایەتی و ئەگەری بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەی لێکەوتەوە، بەڵام توانای بەرزکردنەوەی کارایی و داهێنان و بەشداریکردنی خوێنەر و بینەر بەپشتبەستن بە زیرەکی دەستکرد بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر. دەزگا میدیاییە پێشەنگەکانی وەک نیویۆرک تایمز، ئەسۆشێتد پرێس و واشنتۆن پۆست لە ئێستاوە سوود لە  زیرەکی دەستکرد وەردەگرن بۆ ڕووماڵ و شیکاریی داتا و نووسینەوە هەتا داڕشتنی ناوەڕۆک و ئاڕاستەکردنی وەرگران. ئێستا زیرەکی دەستکرد ئاسانکاری بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات کە ڕۆتینە دووبارەبووەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەنجام بدەن، وەک پوختکردنی ڕووماڵ و بابەتەکان، داڕشتنەوەی سەردێڕەکان و وەرگێڕانی ناوەڕۆک، هەروەها ئاستی توانای ڕۆژنامەوانان بەرزدەکاتەوە بۆئەوەی سەرنجیان لەسەر چیرۆکگێڕانی لێکۆڵینەوەی داهێنەرانە بێت.

ڕۆڵی  زیرەکی دەستکرد  لە ڕۆژنامەگەریدا بەتەواوی نوێ نییە؛ فێربوونی ئامێرە زیرەکەکان  و پرۆسێسی زمانەوانیی لە مێژە بۆ چاودێریکردنی سۆشیال میدیا، شیکاری بینەر و خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام  زیرەکی دەستکرد نوێنەرایەتی بازدانێکی جیاواز دەکات، تواناکانی وەک داڕشتنی بابەتەکان، دروستکردنی ڤیدیۆ و فراوانکردنی ئەزموونی خوێنەران پێشکەش دەکات. سەرەڕای ئەوەش، ئاڵنگارییەکانی وەک زانیاری هەڵە، قووڵبوونەوەی ناپێویست و نیگەرانییە ئاکاریی و ئیتیکییەکان بەرانبەر بە ڕۆژنامەوانی نوێ هەر بەردەوامن. هەربۆیە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبێت هاوسەنگی لە نێوان سوودەکانی  زیرەکی دەستکرد  لەگەڵ پێویستی شەفافیەت و وردبینی و یەکپارچەیی پێداچوونەوەی کۆتایی ڕابگرن و بەرهەمێکی دروست و تەندروست پێشکەش بکەن.

داهاتووی  زیرەکی دەستکرد  لە بواری ڕۆژنامەگەریدا ئامادەیە بۆ فراوانبوون و چاومان لە داهاتوویەکی جیاوازترە، داهێنانەکانی وەک چاتبۆتی بەهێزی  زیرەکی دەستکرد  و ئامرازەکانی پشکنینی ئۆتۆماتیکی جێ پێی خۆیان قایم کردووە، بەڵام پیشەسازییە نوێیەکە دەبێت پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکاندا بەڕێوەببات و چارەسەری پرسە یاساییەکان بکات لە ڕۆڵی خاوەندارێتی کۆزانیی و دڵنیابێت لەوەی کە  زیرەکی دەستکرد تەواوکەرە و پاڵپشتە نەک جێگەی ڕۆژنامەنووسان بگرێتەوە، چونکە لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕۆژنامەوانان و ئیدیتەرە بەتواناکان لە ژوورەکانی هەواڵدا بۆ تاقیکردنەوە لەسەر زیرەکی دەستکرد، توانای دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژنامەگەری- لەهەمانکاتدا پاراستنی متمانە و کوالێتی- هێشتا جێگایان بە هیچ پڕ نابێتەوە، ئەم بابەتە، وردتر لەسەر گەشەی زیرەکی دەستکرد لە بواری ڕۆژنامەگەریدا دەوەستێت و ئاڵنگارییەکان شیدەکاتەوە و سەرنجە پێویستەکان دەخاتەڕوو.

زیرەکی دەستکرد و داڕشتنەوەی میدیای نوێ:

لەم ساڵانەی دواییدا، زیرەکی دەستکرد وەک هێزێکی گۆڕانکاری لە هەموو پیشەسازییەکاندا سەریهەڵداوە و ڕۆژنامەگەریش لەوە بێبەری نییە. لەکاتێکدا هەندێک لە بەڕێوەبەرانی میدیا بەوریاییەوە لە زیرەکی دەستکرد  نزیک دەبنەوە، لە ترسی کاریگەرییەکانی، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە  زیرەکی دەستکرد  لە ژوورە هەواڵییە مۆدێرنەکاندا خەریکە دەبێتە پێویستی. دەزگا گەورەکانی وەک نیویۆرک تایمز، ئەسۆشێتد پرێس و واشنتۆن پۆست لە ئێستاوە  زیرەکی دەستکرد لەگەڵ ڕەوتی کارەکانیاندا تێکەڵ دەکەن و هەوڵدەدەن هاوسەنگی داهێنان لەگەڵ ستانداردە ئەخلاقیی و ئیدیتۆرییەکاندا هاوسەنگ بکەن.

ڕۆڵی  زیرەکی دەستکرد  لە ڕۆژنامەگەریدا بەتەواوی نوێ نییە. ساڵانێکە ژوورەکانی هەواڵ ئامێری زیرەک و پرۆگرامیی زمانەوانیی (NLP) بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارەکانیان. ئامرازەکانی وەک خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوە (بۆ نموونە، Otter و Trint) و پلاتفۆرمی شیکاری (بۆ نموونە، CrowdTangle و ChartBeat ) ئەرکەکانی وەک گۆڕینی ناوەڕۆکی قسە بۆ دەق، چاودێریکردنی ڕەوتی سۆشیال میدیا و شیکردنەوەی بەشداریکردنی بینەریان ڕێکخستووە. ئەم تەکنەلۆژیایانە ڕێگەیان بە ڕۆژنامەنووسان داوە، کە ڕاپۆرتەکانیان فراوان و کاریگەرتر بکەن و کەمتر کات بە ڕۆتین و ئەرکە دووبارەبووەکانەوە بکوژن و تێڕوانینەکان لە کۆمەڵە داتا ئاڵۆزەکانەوە ئاشکرا بکەن.

بۆ نموونە، خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوە کە بە  زیرەکی دەستکرد  کاردەکەن، خەریکە بەهایان لەدەستدەدەن بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە چالاکییەکانی وەک کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی، چاوپێکەوتن و دانیشتنەکانی دادگا ڕووماڵ دەکەن. ئەم ئامرازانە بە ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەی نووسینەوە، کات پاشەکەوت دەکەن و هەڵەی ڕۆژنامەوانان کەمدەکەنەوە. بە هەمان شێوە، پلاتفۆرمی شیکاری وەک CrowdTangle یارمەتی ژوورەکانی هەواڵ دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی بابەتەکانی ڕۆژ و چاودێریکردنی بەشداریکردنی بینەران لە سۆشیال میدیادا، ئەمەش وا دەکات ڕۆژنامەنووسان ناوەڕۆکەکانیان بەپێی پێویستی و خواستی خوێنەران بگونجێنن.

داهێنانە سەرەتاییەکان، وەک ئەپی هەواڵی Artifact کە بە  ئامێری زیرەک کاردەکات، ئاماژەیان بە توانای داهاتووی زیرەکی دەستکرد لە ڕۆژنامەگەریدا دەکرد. ئامانجی ئارتیفاکت ئەوەبوو کە بەکارهێنانی هەواڵەکان سەرنجڕاکێش تر بکات بە کورتکردنەوەی بابەتەکان بەشێوازێک کە بۆ بینەرانی نوێ گونجاوە. ئەم بەرنامە سەرەتاییانە نیشانیاندا کە چۆن  ئامێری  زیرەک  دەتوانێت هەم بەرهەمهێنان و هەم بەکارهێنانی ئاستی هەواڵەکان بەرز بکاتەوە، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتر وەک زیرەکی دەستکرد.

 ئێستا زیرەکی دەستکرد نوێنەرایەتی بازدانێکی بەرچاو دەکات لە بواری ڕۆژنامەگەریدا. بەپێچەوانەی ئامێرە زیرەکەکانی پێشوو کە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ شیکاری داتا و بە ئۆتۆماتیکیکردنی کارەکان بەکاردەهێنران، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ناوەڕۆکی ڕەسەن دروست بکات، لەوانە دەق، دەنگ، ڤیدیۆ و وێنە. لە بواری ڕۆژنامەگەریدا ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتی پەیامنێر و سەرنوسەران دەدات لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ڕەشنووس و هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆک و گونجاندنی ستۆری بۆ پلاتفۆرمە جیاوازەکان. بۆ نموونە،  زیرەکی دەستکرد  دەتوانێت بابەتگەلێکی درێژ کورت بکاتەوە، ناوەڕۆک بۆ بینەران وەربگێڕێت و پۆست یان هەواڵنامە لە سۆشیال میدیا دروستبکات. ئەم توانایانە وا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن کە سەرنجیان لەسەر ئەرکە بەنرخەکانی وەک بنکۆڵکاری و  لێکۆڵینەوە و گێڕانەوەکان بێت، بەڵام زیرەکی دەستکرد ئاڵنگارییەکانیش دەخاتە ڕوو. هەمان ئەو ئامرازانەی کە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەکەنەوە دەتوانرێت بقۆزرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و قووڵبوونەوەی ناپێویست و گێڕانەوەی چەواشەکارانە. ئەمەش هەوڵی ڕۆژنامەنووسان بۆ پاراستنی وردبینی و متمانە ئاڵۆزتر دەکات. دەزگا میدیاییەکان دەبێ ئەم مەترسییانە لەبەرچاوبگرن و لەهەمانکاتدا ڕوونی و لێپرسینەوە لە بەکارهێنانی  زیرەکی دەستکرد مسۆگەر بکەن.

ئێمە ئێستا بینەرین کە بەکارهێنانی ڕۆژانەیی  زیرەکی دەستکرد  لە ژوورەکانی هەواڵدا بە خێرایی فراوان دەبێت. لە دەرەوەی دروستکردنی ناوەڕۆک، زیرەکی دەستکرد  بۆ ئەرکەکانی وەک تاگکردنی بابەتەکان، باشکردنی سەردێڕەکان و بەڕێوەبردنی سەرنجەکانی ئۆنلاین بەکاردەهێنرێت. ئامرازەکانی وەک سیستەمی پشکنینی ڕاستی ئۆتۆماتیکی و خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوە کە بە  زیرەکی دەستکرد  بەڕێوەدەبرێن، خەریکە دەبنە پێویست بۆ باشترکردنی کارایی ڕۆژنامەوانان.

بۆ نموونە ڕۆیتەرز زیرەکی دەستکرد  بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ڤیدیۆ، ئەمەش وا دەکات پەیامنێران لە ڕێگەی ڤیدیۆ ئەرشیفکراوەکانەوە بگەڕێن بۆ سات و ژمارە سەرەکییەکان. بە هەمان شێوە، ئاژانسی ESPNی ئەمریکی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی دووبارە کارپێکردنەوەی گرتەی وەرزشی، ڕێگە بە تۆڕەکە دەدات لەکاتی خۆیدا ڕووماڵکردن پێشکەش بکات بەبێ ئەوەی بارگرانییەکی زۆر لەسەر پەیامنێرەکان دروستبکات. ئەم داهێنانانە توانای  زیرەکی دەستکرد  نیشان دەدەن بۆ ڕێکخستنی ڕەوتی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

هەروەها زیرەکی دەستکرد  پشتگیری ڕۆژنامەنووسان دەکات لە ئەرکەکانی دروستکردنی ناوەڕۆک، وەک داڕشتنی مانشێتەکان، کورتکردنەوەی بابەتەکان و تەنانەت بەرهەمهێنانی وەرگێڕان. بۆ نموونە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندووە کە لەکاتێکدا کە ئەوان  زیرەکی دەستکرد  بەکارناهێنن بۆ نووسینی بابەتێکی تەواو، بەڵام بەکاریدەهێنن بۆ پشکنینی داتاکان بۆ چیرۆکی بنکۆڵکاریی و لێکۆڵینەوە و دروستکردنی وەشانی دەنگی بابەتەکان و پێشکەشکردنی وەرگێڕانی ناوەڕۆک بۆ بینەرانی زمانی جیاواز. ئەم ڕەشنووسانەی کە لەلایەن  زیرەکی دەستکرد  دروستکراون چاودێری مرۆڤیان لەسەرە و پێش بڵاوکردنەوە بەوردی دەستکاری دەکرێن.

هەروەها واشنتۆن پۆست لە ژووری هەواڵەکانیدا زیرەکی دەستکردی بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی دەنگی کە لەلایەن  زیرەکی دەستکردەوە دروستکراوە بۆ هەندێک لە هەواڵنامەکانی. ئەم تایبەتمەندییە دەنگییە ڕێگە بە خوێنەران دەدات ناوەڕۆکی نووسراو بەشێوەی دەنگی بەکاربهێنن، ئەمەش ئاستی دەستڕاگەیشتن و بەشداریکردن بەرز دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بی بی سی لێکۆڵینەوەی کردووە لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی  زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی جیاکردنەوەی گرتەکان لە بەرنامە ڤیدیۆ و دەنگییەکانی، ئەمەش ڕێگە بە سەرنووسەران دەدات سەرنجیان لەسەر هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەکە بێت.

لەگەڵ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵەکەی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا گەشە بکات. ژوورەکانی هەواڵ تاقیکردنەوە لەسەر ئامرازە بەهێزەکانی زیرەکی دەستکرد دەکەن بۆ فراوانکردنی بەشداریکردنی بینەر، تایبەتمەندکردنی ناوەڕۆک و ئاشکراکردنی شیکاریی داتاکان، بەڵام کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد ئێستا لە بیری ئەوەدان کە چۆن چارەسەری نیگەرانییە ئیتیکییەکان بکەن. بە وەرگرتنی بەرپرسیارانەی زیرەکی دەستکرد، دەزگا هەواڵییەکان دەتوانن تواناکانی بۆ داهێنان بەکاربهێنن و لەهەمانکاتدا ئاکار و ئیتیکی ڕۆژنامەگەری بپارێزن.

زیرەکی دەستکرد لە شاشەکانەوە بۆ ژووری هەواڵەکان:

زیرەکی دەستکرد خەریکە ڕۆژنامەگەری دادەڕێژێتەوە، بژاردەی نوێ بۆ ڕووماڵی هەواڵ و بەرهەمهێنان و بەشداریکردنی بینەر پێشکەش دەکات. دەستپێشخەرییەکانی وەک پڕۆژەی (ڕۆژنامەگەری) زیرەکی دەستکرد  کە لەلایەن قوتابخانەی ئابووری لەندەنەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن  زیرەکی دەستکرد  لە ژوورەکانی هەواڵدا لە سەرانسەری جیهاندا یەکدەخرێت. لە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکە ڕۆتینییەکانەوە هەتا بەرزکردنەوەی ئاستی بنکۆڵکاریی و لێکۆڵینەوە، ئەمەش وا دەکات زیاتر ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد دەربکەوێت و ببێتە هاوڕێیەکی نزیک بۆ ڕۆژنامەنووسان.

لە کۆکردنەوەی زانیارییەکانی هەواڵدا، ئامێرەکانی  زیرەکی دەستکرد  یارمەتی ڕۆژنامەنووسان دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی چیرۆکە ناهاوسەنگەکان و شیکردنەوەی داتا فراوانەکان. دەزگاکانی وەک بلومبێرگ و ڕۆیتەرز مۆدێلی تایبەت بە  زیرەکی دەستکردیان پەرەپێداوە بۆ یارمەتیدان لە ڕاپۆرتکردنی هەواڵی ئابووریی و چاودێریکردنی ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکان. بۆ نموونە مۆدێلی بلومبێرگ (LLM) ئەرکەکانی وەک شیکاری خواستەکان و پۆلێنکردنی هەواڵی دارایی پەرەپێدەدات، لەکاتێکدا ئامرازی "سیگناڵ" ی سێمافۆر کە بە  زیرەکی دەستکرد  کاردەکات زانیارییەکان لە چەندین سەرچاوە لەکاتی ڕاستەقینەدا کۆدەکاتەوە. ئەم داهێنانانە وا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن کە لەگەڵ ڕووداوەکان و پێشهاتەکاندا بن و دوا نەکەون.

هەروەها  زیرەکی دەستکرد لە ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە و بنکۆڵکاریدا سوودی خۆی دەسەلمێنێت. مۆدێلی نوێ دەتوانێت یارمەتی پەیامنێران بدات کە بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامەکان بپشکنن، وەک تۆمارەکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردن، یان وردبینی و چاودێری دارایی حکومەت، داتاکان وەگەڕ بخەن بۆ ئەنجامی دروستتر، کە لە هەندێک حاڵەتدا، ئامرازەکانی  زیرەکی دەستکرد  بەکاردەهێنرێن بۆ کردنەوەی ئەرشیفی گشتی، ڕیزبەندیکردنی بەڵگەنامەکان بەپێی بابەتی پەیوەندیدار و هەڵێنجانی زانیاری گرنگ، کە دەتوانن ببنە هۆی هەواڵی خێرا.

هەروەک ڕۆڵی  زیرەکی دەستکرد  لە بەرهەمهێنانی هەواڵدا بە خێرایی فراوان دەبێت، ئەرکەکانی وەک نووسینەوە، داڕشتنی ناوەڕۆک و ڕاستکردنەوە ڕێکدەخات. ڕۆژنامەنووسان دەتوانن سودوەربگرن لە خزمەتگوزارییەکانی نووسینەوە کە لەلایەن  زیرەکی دەستکردەوە بەڕێوەدەبرێن وەک ئۆتەر و ترینت، کە قسە دەگۆڕن بۆ دەقی نووسراو. ئەم ئامرازانە بەتایبەتی یارمەتیدەرن بۆ ژوورەکانی هەواڵ کە ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن کە بڕێکی زۆر لە ناوەڕۆکی قسەکردنیان تێدایە، وەک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی یان چاوپێکەوتن.

بۆ نموونە وەک باسکرا، ڕۆیتەرز زیرەکی دەستکردی وەرگرتووە بۆ دروستکردنی هەواڵی خێرا و پوختەی ڤیدیۆیی، ئەمەش وایکردووە پەیامنێران ئاسانتر لە ڕێگەی ڤیدیۆ ئەرشیفکراوەکانەوە بگەڕێن بۆ کات و ژمارە سەرەکییەکان. هەروەها کۆمپانیای  زیرەکی دەستکرد  پشتگیری ڕۆژنامەنووسان دەکات لە ئەرکەکانی دروستکردنی ناوەڕۆک، وەک داڕشتنی مانشێتەکان، کورتکردنەوەی بابەتەکان و تەنانەت بەرهەمهێنانی وەرگێڕان.

جگە لە بەکارهێنانی لە بەرهەمهێناندا،  زیرەکی دەستکرد  ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنی وەرگر و بینەران لەگەڵ کەناڵەکاندا. ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دەتوانن یارمەتیدەر بن لە تایبەتمەندکردنی ئەزموونی بەکارهێنەر لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕووپەڕی داینامیکی، بەدواداچوونی هەڵسوکەوتی خوێنەر و پێشنیارکردنی ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە پشتبەستن بە هەڵبژاردەکانی تاکەکەسی. بە تێگەیشتن لە خوو و گەشتەکانی بینەر، زیرەکی دەستکرد  دەتوانێت سەرنجی خوێنەران بەرەو ئەو بابەتانە ڕابکێشێت کە ڕەنگە گرنگبن بەلایانەوە، بەم شێوەیەش بەشدارییەکی فراوانتر دەکات و کاتی بەشداریکردن زیاد دەکات.

هەروەها کورتە هەواڵە دروستکراوەکانی زیرەکی دەستکرد  بۆ سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ژمارەی خوێنەراندا. لە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکاندا، کورتە هەواڵەکانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن وەرگران و بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیا لە نەرویج و ڕۆژنامەکانی باشووری ئەفریقا بەکارهێنراون بۆ زیادکردنی ئەو کاتەی خوێنەران بۆ بابەتەکان تەرخانی دەکەن. بۆ نموونە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست چاتبۆتێکی زیرەکی دەستکردی خستەگەڕ کە لەسەر ئەرشیفەکەیان ڕاهێنرابوو، توانای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خوێنەرانی هەیە کە پەیوەندییان بە کەشوهەواوە هەیە. ئەم چاتبۆتە لەگەڵ ئەندازیارانی کۆمپانیای ڤێرجینیا پەرەی پێدراوە، پرۆگرامی (RAG) بەکاردەهێنێت بۆ گەیاندنی وەڵامی ورد لەسەر بنەمای بابەتەکانی مێژوو و تەنانەت سەرچاوەکانیش دەهێنێتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوە.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز چاتبۆتێکی هاوشێوەی بە زیرەکی دەستکرد جێگیرکردووە، کە یارمەتی بەشداربووان دەدات لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستا و زانیاری فراوانتر. هەرچەندە هێشتا لە تاقیکردنەوەی سەرەتاییدایە، بەڵام ئاماژەکان هەندێک ناتەباییان لە وەڵامەکانی  زیرەکی دەستکرددا خستۆتە ڕوو، بەتایبەتی کاتێک پرسیاریان لێدەکرێت دەربارەی بابەتگەلێکی ئاڵۆز یان داهێنەرانە. هەروەها توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی دەزگای ڕۆژنامەوانی (JRA) لەسەر زیرەکی دەستکرد ئاماژەی بەوە کردووە کە  زیرەکی دەستکرد  کێشەیەکی زۆری هەیە لەگەڵ کورتکردنەوەی بابەتە درێژەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ناوەڕۆکێکی ئاڵۆزتر یان بیرۆکەی قووڵتریان هەیە.

زیرەکی دەستکرد لە نێوان متمانەی خوێنەران و قەپاڵی کۆمپانیاکانی ڕێکلامدا:

زیرەکی دەستکرد مشتومڕێکی بەرچاوی لە میدیای هەواڵییدا ورووژاندووە، بە پلەی یەکەم بەهۆی پرسەکانی وردبینی، شەفافیەت، لایەنگیریی و تایبەتمەندی. ستۆرییە دروستکراوەکانی زیرەکی دەستکرد  نیگەرانییەکانیان لەبارەی کۆپی پەیست، نادروستی ڕاستییەکان و ئەگەری زانیاری هەڵە وروژاندووە. لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستن بە پوختەکانی  زیرەکی دەستکرد لەلایەن بزوێنەری گەڕانەوە، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم ئامرازانە بینەران بەلاڕێدا ببەن، بەتایبەت ئەگەر داتاکانی ڕاهێنان لایەنگری یان کەموکوڕییان هەبێت. سەرەڕای توانا سەرنجڕاکێشەکانی زیرەکی دەستکرد، بەڵام تێگەیشتنێکی یەکسانی لە جیهاندا نییە و هەوڵ دەدات بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان پێش هەڵسەنگاندنەکان بکەوێت، ئەمەش ناوبەناو هەڵەی لێدەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، سیستەمەکانی  زیرەکی دەستکرد  دەتوانن لایەنگرییەکان گەورە بکەن و زانیاری درۆ یان چەواشەکارانە دروست بکەن، وەک لە حاڵەتەکاندا دەبینرێت کە زانستی ڕەگەزی پووچەڵکراوە لە ڕێگەی ئامرازەکانی  زیرەکی دەستکردەوە سەریهەڵداوە. بۆ نموونە ئێستا زۆربەی ئاژانسەکان کاتێک هەواڵی هەندێ ڕێکخراوی چەکداری وەک پارتی کرێکارانی کوردستان یان ڕێکخراوەکانی سوریا و ئەفغانستان دەگوازنەوە بە خێرایی ناوزەدیان دەکات بە گرووپی "تیرۆریستی"، ئەمەش لایەنگیرییەکی تەواوی زیرەکی دەستکرد دەردەخات، هەربۆیە پێداچوونەوە و ئیدیت زۆر گرنگە.

سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییانە، خواست لەسەر ڕوونی لە ناوەڕۆکی دروستکراوی  زیرەکی دەستکرددا لە زیادبووندایە، خوێنەر و وەرگران دەیانەوێت بزانن کەی  زیرەکی دەستکرد لە بەرهەمهێنانی هەواڵدا بەکارهێنراوە. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەک نیویۆرک تایمز دەستیانکردووە بە چارەسەرکردنی ئەم نیگەرانیانە بە دابینکردنی شەفافیەت لەسەر ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد  لە کارەکانیاندا، دڵنیابوون لەوەی کە چاودێری مرۆڤەکان بە درێژایی پرۆسەکە دەپارێزرێت. سەرەڕای ئەوەش، ناوەڕۆکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد هێشتا ڕووبەڕووی گومان دەبێتەوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بینەران کەمتر متمانەیان بە هەواڵە دارێژراوەکانی زیرەکی دەستکرد  هەیە.

بەرزبوونەوەی ئاستی خواست و بەکار‌هێنانی زیرەکی دەستکرد پەیوەندییە گرژەکانی نێوان کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و ڕێکخراوە هەواڵییەکانی ئاڵۆزتر کردووە. لەکاتێکدا پلاتفۆرمە تەکنەلۆژییەکانی وەک گووگڵ و ئەوانی دیکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەتەوە بەهۆی قۆرخکردنی داهاتی ڕێکلامەکان و بەکارهێنانی ناوەڕۆکی هەواڵ بەبێ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە، بەمەش سەرهەڵدانی  زیرەکی دەستکرد  ئاڵۆزی دیکەی خستووەتەوە. و دەزگاکانی هەواڵ نیگەرانن لەوەی کە کورتەی هەواڵیی زیرەکی دەستکرد لە بزووێنەری گەڕاندا وەک (تاگ) دەبێتە هۆی ئەوەی پلاتفۆرمە گەورەکان قازانج لە ناوەڕۆکەکانیان بکەن بەبێ ئەوەی پارەی بۆ بدەن. جگەلەوەش زۆرجار ئاژانسە هەواڵییەکان پشت بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا دەبەستن بۆ پەرەپێدانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد، ئەمەش ڕەنگە پشتبەستنیان بەم پلاتفۆرمانە خراپتر بکات.

لەوانەشە دەزگاکانی هەواڵ لە ململانێی داهاتوودا کاریگەری زیاتریان هەبێت، چونکە سیستەمەکانی  زیرەکی دەستکرد پێویستیان بە زانیاری کوالێتی بەرز و کاتی ڕاستەقینە هەیە بۆ باشترکردنی وردبینییەکانیان. ناوەڕۆکی هەواڵ کە ئەم داتایانە دابین دەکات، بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەکانی  زیرەکی دەستکرد  زۆر گرنگە و نەبوونی داتای نوێ دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ئەم مۆدێلانە. ئەمەش دەرفەتێکی جیاواز بۆ ئاژانسەکانی میدیا دروست دەکات بۆ دانوستان لەسەر مەرجەکان لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و لەوانەیە ببێتە هۆی هاوکاری زیاتر یان ڕێککاری یاسایی لەسەر خاوەندارێتی فیکری.

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای  زیرەکی دەستکرد، گفتوگۆکان لە دەوری خاوەندارێتی فیکریی و قەرەبووکردنەوە چڕتر بوونەتەوە. هەندێک لە ڕێکخراوە میدیاییەکان سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکانی  زیرەکی دەستکرد  تۆمار دەکەن بەهۆی پێشێلکردنی مافی کۆپی پەیست و بڵاوکردنەوە، هەندێکی تریش داوای مۆڵەت دەکەن. هەربۆیە پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی نوێکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییانە بێتە ئاراوە، چونکە کورتە هەواڵ و سەرقەڵەمەکانی  زیرەکی دەستکرد  هەندێکجار ڕێساکانی ئێستای مافی چاپکردنیان تێپەڕاندووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ناوەڕۆکی پشت ڕووپەرەکانی سۆشیاڵ میدیا. هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا هاوکاریی و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان  زیرەکی دەستکرد و میدیای هەواڵییدا بێتە ئاراوە، ئەگەر کۆمپانیا ڕێکلامییەکان ڕیسەکەیان لێ نەکەنەوە بە خوری.

کۆتایی:

زیرەکی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرچاو خەریکە دۆخی ڕۆژنامەگەری دادەرێژێتەوە و دەرفەتی گۆڕانکاری پێشکەش دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و کوالێتی هەواڵ و بەرهەمهێنان و بەشداریکردنی بینەر. لە داڕشتنی هەواڵ، گواستنەوە، گۆڕینی فۆڕمی هەواڵ لە نووسراوەوە بۆ دەنگیی و ڤیدیۆیی، فراوانکردنی ڕێژەی بینەران، پێشکەشکردنی پوختەی هەواڵیی، کردنەوەی قوفڵی ئەرشیفەکان، هێنانەوەی باکگراوندی هەواڵیی، پێشبینی کەشوهەوا، هەروەها فۆڕمات و داڕشتنی هەواڵ و ستۆرییەکان و ژوورەکانی هەواڵ لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانەش پێشەنگەکانی ڕۆژنامەگەری وەک نیویۆرک تایمز، ئەسۆشێتد پرێس و واشنتۆن پۆست، سوود لە زیرەکی دەستکرد وەرگرن بۆ ڕێکخستنی ڕەوتی کار، باشترکردنی کارایی و گەیاندنی ئەزموونی تایبەتمەندیی کەسی بۆ بینەرەکانیان، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد  لە ڕۆژنامەگەریدا، ئاڵنگاری بەرچاویش دەردەکەون کە دەبێت چارەسەر بکرێن بۆ دڵنیابوون لە پابەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و بەرپرسیارییەتی ئاکاری میدیایی. بۆ داهاتووش، ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بواری ڕۆژنامەگەریدا پڕە لە بەڵێن، پڕە لە کارلێکی فراوانتر و بەکارهێنانی زیاتر. هەربۆیە ڕۆژنامەگەری دەتوانێت زیاتر خۆی بگونجێنێت، بۆئەوەی داواکارییەکانی سەردەمی دیجیتاڵی دەستەبەر بکات، لەهەمانکاتدا ئەرکی سەرەکی خۆی بپارێزێت: هەواڵ، ئاڕاستە و هوشیاری ڕای گشتی.

لەکۆتاییدا گرنگە ئەوە بخرێتەوە ڕوو، کە کلیلی سەرکەوتن بۆ ڕۆژنامەگەری لەم دۆخەدا، ئاڕاستەکردنی ڕۆژنامەنوسانە بۆ پێداگرییان لەسەر پابەندی بە ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و بەرپرسیارێتی پیشەیی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە تەکنەلۆژیا وەک هاوڕێیەک دەتوانێت خزمەت بکات نەک وەک جێگرەوەیەک لە بەدواداچوونی ڕاستییەکان ڕۆڵ بگێڕێت.

سەرچاوەکان

§         بلومبێرگ. (٢٠٢٣، ٣٠ی ئازار). ناساندنی BloombergGPT , مۆدێلی زمانی گەورەی 50 ملیار پارامێتری بلومبێرگ، کە بە مەبەست لە سفرەوە بۆ دارایی دروستکراوە . لە https://www.bloomberg.com وەرگیراوە.

§         پەیمانگای ڕۆیتەرز. (٢٠٢٣، ١٩ی ئەیلول). ئای و ڕۆژنامەگەری: چی لە دوای ئەوە دێت؟ لە https://reutersinstitute.politics.ox.ac.uk وەرگیراوە.

§         تاقیگەی نیمان. (٢٠٢٣، ١٣ی تەمموز). بەشی کۆمێنتێکی باشترت دەوێت؟ گرووپی میدیایی گراهام پێیوایە  زیرەکی دەستکرد  دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەوەدا . لە https://www.niemanlab.org وەرگیراوە.

§         تەککرانچ. (٢٠٢٤، ٢٦ی ئازار). ڕەنگە ئەپی هەواڵی Artifact ی هاودامەزرێنەرانی ئینستاگرام کە بە  زیرەکی دەستکرد کاردەکات، لە دوای هەموو شتێکەوە نەکوژێتەوە. لە https://www.techcrunch.com وەرگیراوە.

§         ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی. (٢٠٢١، ١٣ی ئاب). لە فلۆرانسەوە بۆ ئامێرەکان: پەرەسەندنی ڕۆژنامەگەری داتا – لە وێنەکاندا. لە https://www.theguardian.com وەرگیراوە.

§         ڕۆیتەرز. (٢٠١٧، ١٥ی ئایار). ڕۆیتەرز نیوز ترەیسەر. لە https://www.reuters.com وەرگیراوە.

§         سێمافۆر. (٢٠٢٤، ٥ی شوبات). ناساندنی سیگناڵەکانی سێمافۆر. لە https://www.semafor.com وەرگیراوە.

§         قوتابخانەی ئابووریی و زانستی سیاسی لەندەن. (ند). گەڕان بەدوای یەکتربڕینی  زیرەکی دەستکرد و ڕۆژنامەگەری. لە https://www.lse.ac.uk وەرگیراوە.

§         کوارتز. (٢٠٢٠، ١٩ی ژانویە). چۆن کوارتز  زیرەکی دەستکردی بەکارهێنا بۆ ڕیزکردنی دزەکردنی لواندا. لە https://www.qz.com وەرگیراوە.

§         ناوەند. (٢٠١٩، ١١ی تشرینی یەکەم). چۆن وۆڵ ستریت جۆرناڵ فێربوونی قووڵ بەکاردەهێنێت بۆ ئاگادارکردنەوەی ستراتیژی ناوەڕۆک. لە https://medium.com وەرگیراوە.

§         ناوەند. (٢٠٢١، ٢٦ی ئازار). مانەوە لەسەر بابەت — دروستکردنی مۆدێلێکی بابەتێکی ئۆتۆماتیکی بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵی WSJ . لە https://medium.com وەرگیراوە.

§         ناوەند. (٢٠٢١، ٢٩ی ئازار). پێشبینیکردنی بابەتەکانی FT trending. لە https://medium.com وەرگیراوە.

§         نیمان لاب. (٢٠١٧، کانوونی دووەم). سەرهەڵدانی ڕۆڵی پرد لە ڕێکخراوە هەواڵییەکاندا. لە https://www.niemanlab.org وەرگیراوە

§         نیمان لاب. (٢٠٢٤، ٢٨ی ئازار). یەکەم سەرنووسەری ستراتیژی  زیرەکی دەستکرد  لە واشنتۆن پۆست لە ژووری هەواڵدا باس لە LLM دەکات. لە https://www.niemanlab.org وەرگیراوە.

§         ئەسۆشێتد پرێس. (ند). زیرەکی دەستکرد لە ئەسۆشێتد پرێس. لە https://www.ap.org وەرگیراوە.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure