د. سامان سەڵاح
20ی كانوونى دووه‌مى 2018، توركيا، به يارمه‌تى هێزه هاوپه‌يمان و پرۆكسييهكانى له‌نێو سوريادا، له ئۆپهراسيۆنێكدا به‌نێوى (چڵه زه‌يتوون) هێرشێكى زه‌مينى ده‌ستپێكرد بۆ داگيركردنى عه‌فرين و دواى دوو مانگ، شاره‌كه به‌ته‌واوى كه‌وته ژێر ده‌ستى توركيا و هێزه پرۆكسييهكانييهوه. هه‌روه‌ها له مانگى تشرينى يه‌كه‌مى 2019 له ئۆپه‌راسيۆنێكى سه‌ربازيدا به‌ناوى (كانى ئاشتى)، ده‌ستيگرت به‌سه‌ر ناوچه‌كانى سه‌رێكانى و گرێ سپيدا، دواى هێرشه داگيركارييه‌كانى، توركيا ده‌ستيكرد به سه‌رپه‌رشتيكردنى پرۆسه‌يه‌كى ڕێكخراو بۆ گۆڕينى ديمۆگرافيياى ڕۆژئاواى كوردستان به نيشته‌جێكردنى خێزانى عه‌ره‌ب و توركمان له‌سه‌ر حسابى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى دانيشتوانى كوردى شاره‌كه. ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ماڵ و خانووى ئه‌و هاوڵاتييه كوردانه‌ى كه ناوچه‌كانيان جێهێشتبوو، ڕاگواستنى زۆره‌ملێى هه‌ندێك له دانيشتوانى كورد و نيشته‌جێكردنى خێزانى عه‌ره‌ب و توركمان له جێگاياندا و بنيادنانى چه‌ندين يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون له زه‌وى و زارى دانيشتوانى كوردى ناوچه‌كه‌دا بۆ خێزانى هێزه هاوپهمانهكانى توركيا، به هاوكارى چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بى و چه‌ند ده‌زگايه‌كى خێرخوازيى، به‌شێك بوون له سياسه‌تى گۆڕينى ديمۆگرافياى ڕۆژئاواى كوردستان كه له خواره‌وه به‌شێوه‌يه‌كى وردتر خراوه‌ته ڕوو.
سه‌ره‌تاكانى تێوه‌گلانى توركيا له ململانێكانى شۆڕشى سوريا
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى شۆڕشى سوريا له ساڵى 2011، له‌به‌ر هاوسنوربوونى، توركيا به‌شێوه‌يه‌كى جددى چاودێرى بارودۆخ و به‌ره‌وپێچوونى ئاڵۆزييه‌كانى ناوخۆى سورياى ده‌كرد. هه‌ڵكه‌وتنى ناوچه كوردييه‌كانيش له نێوان توركيا و سوريادا و ده‌ستگرتنى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (YPG) به‌سه‌ر شار و ناوچه كوردييه‌كاندا، هه‌ر له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشه‌وه، دڵهڕاوكێكانى توركياى له‌باره‌ى بارودۆخى ناوخۆى سوريا زياتر كرد. ئه‌گه‌رچى ساڵى 2014 توركيا بانگهێشتى ساڵح موسليم، هاوسه‌رۆكى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى بۆ توركيا كرد، به‌ڵام زۆرى نه‌برد و له په‌راوێزى تێكچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار، ئاك پارتى، له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى گه‌لان، كه له ناوخۆى توركيادا نوێنه‌رايه‌تى زۆربه‌رى كورده‌كانى ده‌كرد، توركيا ده‌ستيكرد به گرتنه‌به‌رى هه‌ڵوێستێكى دووژمنكارانه به‌رانبه‌ر كوردانى ڕۆژئاواش.
مه‌ترسييه‌كانى توركيا له به‌هێزبوونى كورد له ڕۆژئاڤا و كۆريدۆرى ده‌رياى ناوه‌ڕاست
له ماوه‌ى سه‌د ساڵى ڕابردوودا، ده‌ستگه‌یشتنى كورد به ده‌رچه‌يه‌كى دهريایى به‌سه‌ر جيهاندا، يه‌كێك بوو له خه‌ونى ناسيۆناليزمى كوردى. ئه‌گه‌رچى ئه‌م بابه‌ته له ئێستادا زه‌مينه‌ى بهديهاتنى له ئه‌سته‌مه‌وه نزيكه، به‌ڵام له سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا، هه‌ريه‌ك له ئه‌مين عالى به‌درخان و شه‌ريف پاشا، وه‌كو توخمێكى سه‌ره‌كى دروستبوونى ده‌وڵه‌تى كوردستان ته‌ماشاى ڕێڕه‌وى دهرياييان ده‌كرد، وه‌ك له‌و نهخشهيهدا دياره كه به نوێنه‌رانى ئينگليز و كۆنگره‌ى ئاشتى پاريسيانداوه. ئه‌ڵبه‌ته په‌يوه‌ستبوونى جوگرافياى كوردستان به ده‌رياى ناوه‌ڕاسته‌وه ڕه‌گ و ڕيشه‌ى مێژوويى هه‌يه. له دابه‌شبوونى مێژووى نوێ و هاوچه‌رخى مرۆيى كوردستاندا، نزيكترين شوێنێك له ده‌رياى ناوه‌ڕاسته‌وه، چياى كرمانجه (عه‌ره‌بى: جبل اكراد، توركى عوسمانى: كورد داغى)، كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ شارى ئهسكهندهرونه له‌سه‌ر ده‌رياى ناوه‌ڕاست. به‌ڵام ئه‌وه‌ى شياوى باسه ئه‌وه‌يه كه، به‌پێى گێرانهوەی دوو گهڕيدهى ئيتاڵى ئهسكهندهرونه هەتا سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى شانزه زۆربه‌ى دانيشتوانه‌كه‌ى كورد بوون و وه‌كو به‌شێك له كوردستان ناوبراوه، هەتا ئه‌و كاته ورده‌ورده له‌گه‌ڵ به‌هێزتربوونى ده‌وڵه‌تى عوسمانى و زيادبوونى شاڵاوى هاتنى هۆزه كۆچه‌رییه توركه‌كاندا، كورد له ناوچه‌كه‌دا بوو به كه‌مينه و ده‌رچه‌ى ده‌ريا به‌سه‌ر جوگرافياى كوردستاندا داخرا(Barbaro and Kontarini, 15th and 16th century, 42, p.45 ).

نه‌خشه‌ى كوردستان كه پێشكه‌شى كۆنگره‌ى پاريس كراوه.
ساڵى 2014 له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونى زياترى كوردانى ڕۆژئاوا، يه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه وه‌كو مهترسييهكى وجودى بۆ داهاتووى توركيا و يه‌كێتى خاكه‌كه‌ى هاته به‌رباس دهستڕاگهشتنى كورد بوو به ده‌رياى ناوه‌ڕاست. ئه‌م بابه‌ته بوو به يه‌كێك له مژاره گرنگه‌كانى هه‌ندێك له ميديا و ڕۆژنامه ڕاستڕهوهكانى توركيا و وه‌كو مهتريسیيهكى جددى له به‌رانبه‌ر ئاسايشى نيشتمانى توركيا، دروستكردنى كۆريدۆرێكى ده‌ريايى بۆ ده‌وڵه‌تى ‘چاوه‌ڕوانكراوى‘ سه‌ربه‌خۆى كوردستان و په‌يدابوونى جێگرهوهيهكيش بۆ ڕێڕه‌وى بۆرييه نه‌وتييه‌كانى كه‌ركوك و هه‌رێمى كوردستان له به‌نده‌رى جهيهانهوه بۆ ڕێڕهوێكى ئاوى نوێ به‌ڕووى جيهاندا لێكدهدرايهوه (Acun, 2015, p.8 )، هه‌روه‌ها بڕوانه ڕۆژنامه ڕاستڕهوهكانى وه‌ك، يه‌نى چاغ، 9ی تشرينى دووه‌م 2011و سه‌باح، 18ی حوزه‌يران، 2015).
يه‌كێك له گرنگترين ئه‌و ڕووداوانه‌ى كه پاڵى به پارتى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه نا هه‌ڵوێستێكى نهيارانهتر به‌رانبه‌ر كوردانى سوريا بگرێته‌به‌ر، په‌يوه‌ندى به‌و گرژيانهوه هه‌بوو كه له دواى شكستى ئاكپارتى هات له به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى پێويست بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له هه‌ڵبژاردنه گشتييه‌كانى 7 ى حوزه‌يرانى 2015 و ملنهدانى پارتى ديموكراتى گه‌لان بۆ چوونه‌ناو كابينه‌ى حكومه‌ته‌وه. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو كه ده‌نگۆى ئه‌وه بڵابوويهوه كه ئه‌ردۆغان ده‌ستێوه‌ردان له سوريا ده‌كات بۆ ڕێگريكردن له درووستبوونى ده‌وڵه‌تێكى كوردى. دوو هه‌فته دواى هه‌ڵبژاردنيش سه‌ركۆمارى توركيا، ڕه‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ڕايگه‌ياند كه به هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگا به دروستبوونى ده‌وڵه‌تێكى كوردى نادات له باكوورى سوريا(The Economist, 2015). له‌ڕاستيشدا درووستكردنى دۆخێكى ئه‌منى و وێناكردنى به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى كورد له ڕۆژاڤا، كارى خۆى كرد و ئه‌ردۆغان له گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌رهه‌مه‌كه‌ى چنييهوه.
به هارى 2016 دواى به‌هێزبوونى زياترى كورد له ڕۆژئاڤا و فراوانبوونى ڕووبه‌رى ژێرە دەسەڵاتی هێزه‌كانى سورياى ديموكرات، توركيا بۆ ده‌ستكه‌وتنى پشكى خۆى له غهنيمهتى شه‌ڕى سه‌ربه كۆتايى داعش، به‌بيانووى درووستكردنى ناوچهكهيهكى ئارام، له‌گه‌ڵ هێزه ئۆپۆزسيۆنه‌كانى سوريا له ئۆپه‌راسيۆنێكى سه‌ربازيدا به‌نێوى قه‌ڵغانى فورات، ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناوچه‌كانى جه‌رابلوس باب و ئهعزازدا، به‌رله‌وه‌ى هێزه كوردييه‌كان بيگرنهوه و كانتۆنى عه‌فرين ببه‌ستنه‌وه به به‌شه‌كانى تر‌ى ڕۆژئاڤاوه. له ئۆپه‌راسيۆنى درعى فوراتدا، توركيا ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه كه ئامانجيان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو گرووپى ‘تيرۆرستى‘ داعش و هێزه‌كانى سورياى ديموكراته، به‌ڵام له‌ڕاستيدا ئامانجى سه‌ره‌كى توركيا دوورخستنه‌وه‌ى زياترى هێزه كوردييه‌كان بوو به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتى فورات و مه‌ولود چاوشۆغڵۆ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا ڕايگه‌ياند كه ده‌بێت يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل جه‌رابلوس و مه‌نبج چۆڵ بكه‌ن و بچنه ڕۆژهه‌ڵاتى ڕووبارى فوراته‌وه.
داگيركردنى عه‌فرين و گۆڕينى ديمۆگرافياى ناوچه‌كه
ساڵى 2017 سه‌ركه‌وتنى كورد له باشوور و ڕۆژئاوا به‌سه‌ر داعشدا و به هێزبوونى پێگه‌ى كاتى ناوخۆيى، هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى كورد، سه‌رنجى نه‌ياره ههرێمييهكان، به‌تايبه‌تى توركياى زياتر به‌لاى خۆي‌دا ڕ‌اكێشا. گرنگترين ده‌رهاويشته‌كانى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه، ئه‌نجامدانى ڕيفراندۆمى كوردستان بوو له باشوور. ئه‌مه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ لێدوانى هه‌ندێك له به‌رپرسانى ڕۆژئاواى كوردستان له‌باره‌ى ههوڵهكانيانهوه بۆ ده‌رپه‌ڕاندنى داعش و دروستكردنى كۆريدۆرێك به هاوكارى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر ده‌رياى ناوه‌ڕاست، (بۆ نموونه بڕوانه لێدوانى، هه‌ديه يوسف هاوسه‌رۆكى پرۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نى فيدراڵى باكوورى سوريا، بۆ ڕۆژنامه‌ى گارديان و ده‌نگدانه‌وه‌ى له ميدياكانى توركيادا: Gaveteduvar, 8 May 2017, Yeniçağ Gazetesi, 9 May 2017 )، كه هه‌موو ئه‌م خه‌ونانه به شكستى هێزه كوردييه‌كان و كۆتايى تراجيدى ڕيفراندۆمى كوردستان كۆتاييان هات. ڕيفراندۆمى كوردستان، هه‌لێكى باش بوو بۆ پڕكردنى ڕایگشتى له ناوخۆى وڵاتانى نهياردا دژى كورد و وێناكردنى سه‌ركه‌وتنه‌كانى كورد وه‌كو مه‌ترسى بۆ ئاسايشى نيشتمانى و زه‌قكردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى كورد و ئيسرائيل، به‌تايبه‌تى له ناوخۆى توركيادا. شكستى ڕيفراندۆميش، كاريگه‌رييه‌كانى ته‌نها له‌سه‌ر باشوورى كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكو پێگه‌ى كوردى له هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان، له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى لاواز كرد.
سێ مانگ دواى شكستى ڕيفراندۆم، توركيا له 20 كانوونى دووه‌مى 2018 به ئهجێندايهكى دژهكوردانهوه( كه له خواره‌وه ڕوونتر ده‌كرێته‌وه) ئۆپه‌راسيۆنێكى نوێى به‌نێوى (چڵه زه‌يتوون)ه‌وه بۆ داگيركردنى عه‌فرين ده‌ستپێكرد. هاوشێوه‌ى پرۆسه‌كانى ئه‌نفال و بۆ پێدانى ڕووپۆشى ئایينى بۆ هه‌نگاوه سه‌ربازييه‌كانى توركيا له سوريا، وه‌زاره‌تى كاروبارى ئايینى توركيا مزگه‌وته‌كانى ڕاسپارد به خوێندنى سوره‌تى فه‌تح و نزاكردن بۆ سه‌ربازه‌كانيان. ڕۆژێك دواى ده‌ستپێكى ئۆپهراسيۆنهكهش، سه‌ركۆمارى توركيا، له وتارێكدا له به‌رانبه‌ر ئه‌ندامانى پارته‌كه‌يدا له شارى بۆرسا، نيازى ئۆپهراسيۆنهكهى وه‌كو پلانێك بۆ گۆڕينى ديموگرافياى عه‌فرين نه‌شارده‌وه. ئه‌ردۆغان ڕايگه‌ياند كه ئه‌وان چاويان له‌سه‌ر خاكى كه‌س نييه، به‌ڵام "عەفرین ڕادەستی خاوەن ڕاستەقینەکانی دەکەین" ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شى ڕاگه‌ياند كه عەفرین لە سەدا ٥٥ عەرەبە و لە سەدا ٣٥ی کوردیش كه به وته‌ى ئه‌و دواتر لەوێ نیشتەجێبوون و نزیکەی لەسەدا ٦-٧ تورکمان هەیە (بنواڕه: https://youtu.be/m_GMBYKuFWY به‌رده‌ستبوو له 15/4/2025 ). ئه‌مه له‌كاتێكدايه كه هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى كوردى و نێوده‌وڵه‌تى، ڕێژه‌ى كورد له شاره‌كه‌دا به‌ر له داگيركارى تورك، به 80-90% مه‌زه‌نده ده‌كه‌ن( Rojava Information Center, 2023 Kajjo, 2025 & ).
ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌شى ڕاگه‌ياند، كه ئامانجيان ڕادەستکردنی عەفرینە بە خاوەنە ڕاستەقینەکانی و ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه كه نيازى ئه‌وه‌يان هه‌يه (3500000) سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار سووری له توركيا هه‌يه و ئه‌وان دەيانهوێت به زووترين كات بيانگهڕێننهوه بۆ خاكى خۆيان. (بنواڕه: https://youtu.be/m_GMBYKuFWY به‌رده‌ستبوو له 15/4/2025) وه‌كو ئه‌ردۆغانيش، ئاماژه‌ى پێكردبوو، له‌گه‌ڵ داگيركردنى عه‌فريندا، هه‌نگاوه‌كانى گۆڕينى ديمۆگرافياى شاره‌كه ده‌ستیپێكرد.
هه‌نگاوه‌كانى گۆڕينى ديمۆگرافياى عه‌فرين
هێرشى توركيا و گرووپى به‌ناو سوپاى نيشتمانى سوريا به بۆمبارانى عه‌فرين ده‌ستیپێكرد و ژماره‌يه‌كى زۆر قوربانى به‌دواى خۆي‌دا هێنا. له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كه‌دا، ڕێكخراوه‌كانى چاودێرى مافه‌كانى مرۆڤ ئيدانه‌ى ئۆپهراسيۆنهكهيان كرد و چه‌ندين ڕاپۆرت له‌باره‌ى پێشێلكارى دژى هاوڵاتيان و ماڵ و سامانيان و تاڵانكارى شارۆچكه و گونده‌كان، ده‌ستگيرى هه‌ڕه‌مه‌كى، سزادان و پاكتاوى نه‌ژادى تۆمار كرد. گرووپى به‌ناو سوپاى نيشتمانى سوريا، له ڕێگاى تاڵانكردنهوه دانيشتوانى گوند و شارۆچكهكانيان ناچار كرد به چۆڵكردنى شوێنه‌كانيان. هه‌روه‌ها به‌پێى ڕ‌اپۆرتێكى ڕۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت، له‌كاتى داگيركردنى عه‌فريندا، تازه هاتووه‌كان به چه‌ندين شێوه ده‌ستدرێژيان كرده سه‌ر دانيشتوانى كوردى ڕه‌سه‌نى ناوچه‌كه و درهختهتانيان بڕينەوە و زەوییە كشتوكاڵهكانيان وێرانكردن. (الشرق الاوسط، 25 نيسان 2020)
وه‌ك ‘سه‌نته‌رى ئه‌ورووپى بۆ مافه ده‌ستووريى و مرۆييه‌كان‘ ئاماژه‌ى پێ كردووه، له‌گه‌ڵ دهستگرتنيش به‌سه‌ر عه‌فريندا هه‌موو دامه‌زراوه كارگێڕييه‌كانى باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوريا هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و گۆڕدران بۆ په‌يكه‌رێكى كارگێڕى نوێ كه له‌لايه‌ن توركياوه دانرابوو. سه‌ره‌ڕاى به‌كارهێنانى دراوى توركييش، خزمه‌تگوزارييه‌كانى پۆسته و مامه‌ڵه‌ى پارهدانيش بهسترايهوه به توركياوه و يه‌كه‌كانى كارگێڕى ناوخۆييش وه‌كو يه‌كه‌ى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده و فێركردن و دادوه‌ريش خرانه ژێر چاودێرى پارێزگاى هاتاى توركياوه(ECCHR). له ڕۆژانى سه‌ره‌تاى هێرشه‌كه‌ى توركيادا نزيكه‌ى (100000) سەد هه‌زار كه‌س كه زۆرينه‌يان كورد بوون، عه‌فرينيان به‌ره‌و ته‌لڕه‌فعه‌ت جێهێشت و له ڕۆژانى داهاتووشدا هه‌زاران كه‌سى تر به‌ره‌و ناوچه‌كانى تر ئاواره بوون. هه‌روه‌ها به‌پێى ڕاپۆرتى ڕوانگه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ، له مانگه‌كانى داهاتوودا ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه عه‌فرينيان جێهێشت گه‌يشته 137 هه‌زار كه‌س و ته‌نها 50-70 هه‌زار كه‌س له شاره‌كه مانه‌وه(hrw.org, 2018). ئەو دانيشتوانهشى کە دەیانویست بگەڕێنەوە ماڵ و زه‌وى و زارهكانيان له‌لايه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه داگيركرابوو. وه‌ك سه‌نته‌رى ئه‌ورووپى ئاماژه‌ى پێكردووه، ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێکسی و بارودۆخی دەستبەسەرکردنی نامرۆڤانە بووبە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە بۆ ئه‌و هاوڵاتييه مهدهنييانهى کە مابوونەوە. دواى داگيردنى ماڵى كوردان و نيشته‌جێبوونى جه‌نگاوه‌ره عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان تێيدا، قۆناغێكى نوێ له گۆڕ‌انى ديموگرافى ده‌ستیپێكرد، كه بريتى بوو له دروستكردنى كۆمه‌ڵگاى نيشته‌جێبوونى نوێ بۆ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان. ده‌ره‌نجامى ئه‌مه‌ش كورده‌كان بوون به كه‌مينه‌يه‌ك له شاره‌كه‌دا.
دروستكردنى يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون بۆ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان
مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2019، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى ئۆپه‌راسيۆنى (كانى ئاشتى) بۆ سه‌ر ناوچه‌كانى گرێ سپى و سه‌رێكانى، سه‌ركۆمارى توركيا له به‌رنامه‌يه‌كى ته‌له‌فزيۆنى كه‌ناڵى تهرهتهدا، به ڕوونى ئامانجى وڵاته‌كه‌ى بۆ گۆڕينى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایەتى ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرا كرد. ئه‌و به‌شێوه‌يه‌كى ڕاشكاو له‌كاتێكدا كه ئاماژه‌ى بۆ نه‌خشه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان ئه‌كرد، ئه‌وه‌ى ڕاگه‌ياند كه ئه‌وان ده‌يانه‌وێت شێوه ژيانێكى كۆنترۆڵكراو له‌و ناوچه به‌رفراوانه‌دا ئاماده بكه‌ن، به بۆچوونى ئه‌و گونجاوترين خه‌ڵكيش بۆ ئه‌و ناوچانه عه‌ره‌به‌كانن و ناوچه‌كه به كه‌ڵكى كورد نايه‌ت، چونكه بيابانه. ئه‌مه دانپيادانان و ئاماژه‌ى پیلانێكى جدى توركيا بوو بۆ گۆڕينى ديمۆگرافياى ناوچه‌كه.
ئامانجى توركيا له ئۆپه‌راسيۆنى ‘كانى ئاشتی‘دا دروستكردنى پشتێنێكى سنورى بوو بۆ دابڕاندنى مرۆيى نێوان كوردانى باكوور و ڕۆژئاوا به نيشته‌جێكردنى ئه‌و ئاواره عه‌ره‌بانه‌ى كه ڕوويان كردبوويه توركیا، به‌ڵام له ئۆپه‌راسيۆنى (چڵه زه‌يتون)دا دوورخستنه‌وه‌ى ههميشهيى كورد بوو له ده‌رياى ناوه‌ڕاست و گۆڕينى ديمۆگرافياى عه‌فرين به‌شێوه‌يه‌ك، كه كورد ببێته كه‌مينه‌يه‌ك له شاره‌كه‌دا. بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پلانه‌ش، توركيا له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا، له ڕێگاى پارێزگارى ويلايه‌تى هاتايهوه كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ عه‌فرين، سه‌رپه‌رشتى دروستكردنى چه‌ندين يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوونى كردووه بۆ هاوڵاتيانى عه‌ره‌ب و توركمان له شاره‌كه‌دا، كه گرنگترين ئه‌و يهكانه ئه‌كه‌ونه ناوچه‌كانى جهندهريس، شيراوا، شه‌را، غهزاوييه، كه‌فه‌ر سه‌فره و جه‌به‌ل ئه‌حلام، كه ئه‌مه‌ى كۆتاييان به‌شێكه له چياى كرمانج و ئه‌ڕوانێت به‌سه‌ر شارى عه‌فريندا و به‌پێى ڕاپۆرتى ڕێكخراوى ‘سورييهكان له‌پێناو ڕاستى و دادپهروهريدا‘ يه‌كێكه له گه‌وره‌ترين يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوونى مرۆيى له جيهاندا. ڕووبه‌رى يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوونى جه‌به‌ل ئه‌حلام له سه‌دا دووى (%2) كۆى ڕووبه‌رى سوريا پێكده‌هێنێت، كه له بنه‌ڕه‌تدا ناوچه‌يه‌كى پڕدارودهوهنه و گه‌وره‌ترين ڕووبه‌رى سه‌وزايى پارێزگاى حه‌له‌به و بۆ دروستكردنى بيناى چيمهنتۆى به‌شێكى گه‌وره‌ى دره‌خته‌كان بڕدراون. به‌پێى ئه‌و زانيارييانه‌ى كه ڕێكخراوى (سوريون) ده‌ستیكه‌وتووه، حه‌وت گرووپى جياوازى ناو ‘سوپاى نيشتمانى‘ و له سهروههمووشيانهوه جه‌بهه‌ى شامى (الجبهة الشامية) به‌شێوه‌يه‌كى سه‌ره‌كى به‌شدارن له‌م پرۆژه‌يه‌دا.
ئه‌گه‌رچى يه‌كێك له ئامانجه‌كانى دروستكردنى يه‌كه‌كانى نيشتەجێبوون بۆ نيشته‌جێكردنى خێزانى ئه‌و جهنگاوهرانهيه كه پێشتر ماڵى هاوڵاتيانى كوردى عه‌فرينيان داگيركردبوو، تا خانووه‌كان چۆڵ بكه‌ن و له‌و خانووه ههميشهييانهدا نيشتهجێبن كه بۆيان دروستكراوه، به‌ڵام به‌پێى به‌دواداچوونى ڕێكخراوى سوريون، ئه‌و جهنگاوهرانهشى كه يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوونى نوێيان وه‌رگرتووه، ده‌ستيان له خاوه‌ندارێتى خانووه داگيركراوهكانيش هه‌ڵنه‌گرتووه و به‌كرێ داويانه به خه‌ڵكانى تر.
توركيا، به‌تايبه‌ت هه‌زاران كه‌سى له خێزانى ميليشياكانى، گرووپى سوڵتان مورادى توركمانى له ناوچه‌كانى درعى فوراته‌وه گواستووه‌ته‌وه بۆ ناحييه‌كانى شه‌ران و بولبول و سه‌نته‌رى شارى عه‌فرين و ئه‌و ئاوايينهى ئه‌كه‌ونه ناوچه‌ى پشتێنى سنوورييه‌وه تاوه‌كو ببن به به‌ربه‌ستێك له نێوان دوو به‌شى باكوور و ڕۆژئاواى كوردستاندا. هه‌روه‌ها ساڵى 2018 به‌شێك له‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ى ئۆپۆزسيۆنى سوريا كه پێشتر به‌پێى ڕێكه‌وتننامه‌ى ئاستانه له نێوان، ده‌وڵه‌تى سوريا و چه‌كدارانى ئۆپۆزسيۆن به چاودێرى توركيا و ڕووسيا ئه‌نجامدرابوو، له غوته‌ى ڕۆژهه‌ڵاته‌وه گواسترانه‌وه بۆ عه‌فرين.
سه‌ره‌ڕاى ده‌ستكاريكردنى دابه‌شبوونى مرۆيى له عه‌فريندا، توركيا له ساڵى 2018 وه ده‌ستيگرتووه به‌سه‌ر زه‌وى و زارى كشتو‌كاڵى و باخى زه‌يتوونى كورده‌كاندا كه له 18 مليۆن دره‌ختى زه‌يتون پێكدێت و ته‌نها له ساڵى 2019دا به به‌هاى سه‌د مليۆن دۆلار به‌رهه‌مى زه‌يتوونى فرۆشتووه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش توركيا به‌شداربووه له تاڵانكردنى شوێنه‌واره ديڕينهكان و وه‌كو هێزى داگيركه‌ريش به‌رپرسيار بووه له تێكدانى مه‌زارگه‌ى ئايینى يهزيدى و عه‌له‌وييه‌كان و كه‌نيسه مێژووييهكانى شاره‌كه. سه‌باره‌ت به ناوچه شوێنهوارييهكانيش هەتا ساڵى 2020 له كۆى 92 ناوچه‌ى شوێنه‌وارى 46 ناوچهيان به به‌كارهێنانى ئامێرى قورس و ئه‌ندازه‌یی وێرانكراون، كه به‌شێك بوون له ليستى شوێنه‌واره‌كانى يونسكۆ.
به‌شدارى ڕێكخراوه خێرخوازييه‌كان له پیلانهكانى توركيا
يه‌كێك له‌و ڕێگايانه‌ى كه توركيا به‌كاريهێناوه بۆ په‌رده‌پۆشكردنى پیلانى گۆڕينى ديموگرافى، به‌كارهێنانى ڕێكخراوهخێرخوازييهكانه له پرۆسه‌ى دروستكردنى يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون و مزگه‌وت و خوێندنگه‌دا بۆ ئه‌و ئاواره عه‌ره‌ب و توركمانانه‌ى كه له ناوچه كوردييه‌كاندا نيشتهجێكراون. له‌م چوارچێوه‌يه‌دا چه‌ندين ڕێخراوى خێرخوازى، توركى، سعودى، قه‌ته‌رى، ئهندۆنيسى، كوهتى و فه‌له‌ستينى به‌شداربوون. يه‌كێك له‌و ڕێكخراوه خێرخوازييانهى كه زۆرترين ڕۆڵى هه‌بووه له پرۆسه‌ى نيشته‌جێكردنى جه‌نگاوه‌ران و خێزانه‌كانيان له‌نێو يه‌كه‌كانى نيشته‌جێبوونى جه‌به‌ل ئه‌حلام و عه‌فرين به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ڕێخراوى به هاناوه‌چوونى مرۆيى توركيه(IHH). هه‌روه‌ها، ڕێكخراوه خێرخوازييهكانى تر‌ى وه‌ك ‘ كۆمه‌ڵه‌ى شامى چاكه‌ى مرۆيى‘ و ‘ ڕێكخراوه‌ى جيهانى به‌ده‌مه‌وه چوون- انصر‘ و چه‌ند ڕێكخراوێكى تر‌ى ناوخۆيى سوريش به‌شداربوون.
ئه‌وه‌ى شياوى باسه ئه‌وه‌يه، كه پێشكه‌شكردنى هاوكارى له لايه‌ن ئه‌م ڕێكخراوانهوه به‌تايبه‌تى ڕێكخراوه‌ى ئاى ئێچ ئێچ پێويستى به به‌ده‌ستهێنانى كارتى مۆڵه‌تپێدانى ئه‌نجومه‌نى ناوچهيى هه‌يه، كه ئه‌ويش له دواى ڕه‌زامه‌ندى والى توركى دێت.
قه‌ته‌ر، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاى هێرشى داگيركارى توركياوه بۆ ناوچه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان پشتگيرى توركياى كردووه و ته‌نانه‌ت تاكه وڵات بوو له ‘كۆمه‌ڵه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌ب‘ سه‌ركۆنه‌ى هێرشى توركياى نه‌كرد، يه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا زۆرترين به‌شداربوونى هه‌بووه له پاره‌دانى ئه‌و پرۆژه نيشتهجێبوونانهى كه توركيا سه‌رپه‌رشتى كردوون. 24 مايسى 2023 وه‌زيرى ناوخۆى توركيا، سولهيمان سۆيلۆ، له‌كاتى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌يه‌كى نيشته‌جێبوون له جه‌رابلوس (كه له لايه‌ن كورده‌كانه‌وه به كانيا دل ناسراوه)، ڕايگه‌ياند كه له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر ڕێكه‌وتوون له ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوودا، دوو سه‌د و چل هه‌زار (240000) يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوونى ههميشهيى، دروستبكه‌ن له نۆ شوێنى جياوازى جه‌رابلوس، گرێ سپى ، سه‌رێكانى، باب و عه‌فرين ، كه هه‌موويان ئه‌كه‌ونه ناوچه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه. سۆيلو ئه‌وه‌ى ڕاگه‌ياند ڕێكه‌وتنه‌كه دواى گفتوگۆى نێوان ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆمارى توركيا و شێخ ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ئه‌ميرى قه‌ته‌ر، هاتووه‌ته ئاراوه و تێچووى ته‌واوى پرۆژه‌كه له لايه‌ن دامه‌زراوه‌ى پاره‌دانى قه‌ته‌ر بۆ گه‌شه‌پێدانه‌وه (QFFD) دابين ده‌كرێت. به وته‌ى سۆيلو ئامانجى پرۆژه‌كه ئه‌وه‌يه كه ‘ژيانێكى تازه لێره سه‌رده‌ربێنێت‘.(Daily Sabah, 25 may, 2023).

سولهيمان سۆيلو، وه‌زيرى ناوخۆى توركيا، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى دروستكردنى پرۆژه‌يه‌كى نيشته‌جێبوون له جهرابلوسى ڕۆژئاواى كوردستان (24 مايسى 2023)
به‌كارهێنانى ڕێكخراوه مرۆييه‌كان، يه‌كێك بووه له پیلانهكانى توركيا بۆ پێدانى ڕووپۆشى مرۆڤدۆستانه و به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوان بۆ پرۆژه سترتيجييهكانى نيشته‌جێبوون و گۆڕينى ديمۆگرافياى ڕۆژئاواى كوردستان. بۆ نموونه له دروستكردنى پرۆژه‌ى نيشته‌جێبوونى جه‌به‌ل ئه‌حلامدا، له‌كاتێكدا %70-75ى يه‌كه‌كانى نيشته‌جێبوون دابينكراوه بۆ تيپه جياوازه‌كانى ‘سوپاى نيشتمانى‘ %25ى يه‌كه‌كانى نيشته‌جێبوون دابينكراوه بۆ خه‌ڵكى مه‌ده‌نى بۆ ڕاكێشانى سه‌رنجى ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى پاره‌دان و به‌هاناوه‌چوون(سوريون).
يه‌كێك له هه‌له زێڕينهكان له به‌رده‌م توركيادا بومه‌له‌رزه‌كه‌ى مانگى شوباتى 2023 بوو. توركيا توانى به بيانووى به‌هاناوه‌چوونى لێقه‌وماوانه‌وه، سه‌رنجى ڕێكخراوه عه‌ره‌بى و ئيسلامييه‌كان ڕابكێشێت. ته‌نانه‌ت به‌شدارى چڕترى قه‌ته‌ر ده‌كه‌وێته دواى بومه‌له‌رزه‌كه‌وه. به‌شدارى قه‌ته‌ر له پرۆسه‌كه‌دا ناڕه‌زايى به‌شێك له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى به‌دواى خۆي‌دا هێنا. دوو حه‌فته دواى بومه‌له‌رزه‌كه، پاش ئه‌وه‌ى قه‌ته‌ر بڕيارى دروستكردنى شارۆچكه‌يه‌كى نوێى به ناوى ‘ شارى كه‌رامه‘ له سه‌ر داروپه‌ردووى شارۆچكه‌ى ڕووخاوى جهنديس دا، ڕێكخراوى ئه‌ڵمانى كۆمه‌ڵه‌ى داكۆكيكردن گه‌لانى هه‌ڕه‌شه‌لێكراو، قه‌ته‌رى تۆمه‌تباركرد به پشتگيريكردنى پلانى ‘پاكتاوى ڕه‌گه‌زى‘ له ناوچه كوردييه‌كانى عه‌فرين و ده‌وروبه‌رى ( Gesellschaft für bedrohte Völker-International,21,2,2023).
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى ده‌ره‌كى، ڕێكخراوى ده‌نيز فهنهرى خێرخوازى توركى، كه به‌شدارييه‌كى جددى هه‌بووه له پرۆسه‌ى نيشته‌جێكردنى ئاواره عه‌ره‌به‌كان له عه‌فرين و ده‌وروبه‌رى، به پاره‌دانى ڕێكخراوى ئيسلامى‘وه‌ن ئوممه‘ (One Ummah)، مانگى تشرينى يه‌كه‌مى 2024 له شارۆچكه‌ى شهرانى سه‌ر به عه‌فرين، پرۆژه‌يه‌كى نيشته‌جێبوونى ته‌واوكرد كه له 1000 يه‌كه پێكهاتبوو، له‌ژێر ناوى به‌هاناوه‌چوونى زيانبهركهوتووانى بومه‌له‌رزه‌كه‌دا.

به‌شێك له پرۆژه‌ى 1000 شوقهيى ده‌نيز فه‌نه‌ر و وه‌ن ئومه‌ت (بڕوانه ڤيديۆى كردنه‌وه‌ى پرۆژه‌كه: https://youtu.be/Kb6FO6E-4P0)
وڵاتى سعودييهش يه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه به‌شداربووه له خزمه‌تكردنى پیلانى توركيا، له نیشته‌جێكردنى ئاواره عه‌ره‌به‌كان له عه‌فرين، به‌تايبه‌ت دواى بومه‌له‌رزه‌كه‌ى باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان. يه‌كێك له‌و گوندانه‌ى كه له‌لايه‌ن سعودييهوه دروستكراوه گوندى ‘خوزامى نيشته‌جێبوونه‘ كه له ده به‌شى نيشته‌جێبوون پێكدێت و 1500 يه‌كه له‌خۆده‌گرێت.

به‌شێك له گوندى خوزامى نيشته‌جێبوونى سعوديى له عه‌فرين. (ANF News, 18, 12, 2023)
هه‌روه‌ها ڕێكخراوى ‘ده‌سته‌ى به‌هاناوه‌چوونى ئيسلامى جيهانى‘ كه بنكه‌كه‌ى له وڵاتی كوهيته و له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌تى كوه‌يته‌وه پشتگيرى ئه‌كرێت، به‌شداربووه له دروستكردنى دوو گوندى نيشته‌جێبوون به ناوه‌كانى ‘كوه‌يتى ڕه‌حمه‌ت‘ و ‘شارى ئه‌حمه‌د سه‌باحى خێرخوازى‘. گوندى كوه‌يتى ڕه‌حمه‌ت ئه‌كه‌وێته چوارچێوه‌ى شارى نيشته‌جێبوونى جه‌به‌ل ئه‌حلام و له 2021 به‌شێك له پرۆژه‌كه ته‌واوكرا.

به‌شێك له يه‌كه‌كانى نيشته‌جێبوونى كوه‌يت الرحمة (بڕوانه ڤيديۆى كردنه‌وه‌ى پرۆڤه‌كه له 2021دا: https://youtu.be/yM8pWpJDBIM )
به‌پێى سه‌رچاوه جياوازهكان، ژماره‌ى ئه‌و يهكانهى كه له دواى داگيركارى عه‌فرينه‌وه بۆ نيشته‌جێكردنى عه‌ره‌به‌كان دابينكراوه ده‌گاته 35 بۆ 48 يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون و هەتا ئاماده‌كردنى ئه‌م نووسينهش پرۆژه‌ى دروستكردنى يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون له توركيا به‌رده‌وامى هه‌يه و دواين پرۆژه‌ش بريتييه له دروستكردنى گوندێكى نيشته‌جێبوون له جه‌به‌ل توركمان(ناوێكى نوێ كه تا دروستبوونى شۆڕشى سوريا نهبيسترابوو)، بۆ توركمانه‌كان، له‌ژێر سه‌رپه‌شتى وه‌زاره‌تى ژينگه‌ى توركيا. پرۆژه‌كه‌ش له‌لايه‌ن دامه‌زراوه‌ى تۆكييهوه بۆ بيناسازى و نيشته‌جێبوون جێبه‌جێ ده‌كرێت(Atherpress, 22/4/2025).
ئه‌نجامگيرى
له كۆتايى ئه‌م لێكۆڵينه‌وه كورته‌دا، ئه‌وه ڕوونده‌بێته‌وه كه سياسه‌تى توركيا له ڕۆژئاواى كوردستان، نموونهيهكى ڕوونى ده‌ستكاريكردنى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تييه و ئامانجى دووباره داڕشتنه‌وه‌ى پێكهاته‌ى دانيشتوانه له‌و ناوچانه‌دا كه زۆرترين دانيشتوانه‌كه‌ى كوردن. توركيا، له ڕێگه‌ى ئۆپه‌راسيۆنه سه‌ربازييه‌كانى وه‌كو (قه‌ڵغانى فورات، چڵه زه‌يتون و كانى ئاشتی)يهوه، توانيويه‌تى به‌شێوه‌ى زۆره‌ملێ و ناچاركردن، دانيشتوانه كورده‌كان كۆچ پێ بكات و له جێياندا ئاواره عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان نيشته‌جێ بكات، به‌مه‌به‌ستى گۆڕينى ڕيشه‌يى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى و كولتوورى ناوچه‌كه.
سياسه‌تى توركيا ته‌نها له گۆڕينى پێكهاته‌ى دانيشتواندا كورت نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵى كاڵكردنه‌وه و له‌ناوبردنى سيما كولتوورى و شارستانييه كوردييه‌كان و گۆڕينى ناوى هه‌ندێك له ناوچه‌كان بۆ ناوى عه‌ره‌بى يان توركى و سه‌پاندنى خوێندنى زمانى توركى و په‌ره‌پێدان به‌و ديدگا دژه-كورده‌ى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگەى توركى له سورياشدا، به‌شێكبوون له‌و سياسه‌ته. له‌ڕووى ئابووريشهوه، توركيا سه‌ره‌ڕاى به‌تاڵانبردنى به‌روبوومى سه‌دان هه‌زار دره‌ختى زه‌يتوون و به‌روبوومى كشتو‌كاڵى ئه‌و هاوڵاتييه كوردانه‌ى كه ناوچه‌كانيان جێهێشتووه، له ڕێى هێزه هاوپه‌يمانه‌كانييه‌وه ده‌ستیگرتووه به‌سه‌ر موڵك و ماڵياندا.
ئه‌م سياسه‌ته‌ى توركيا، به‌شێوه‌يه‌كى كاريگه‌ر ڕۆڵى هه‌بووه له گۆڕينى ديمۆگرافياى ڕۆژئاواى كوردستان، به‌پێى چه‌ندين ئامارى ناڕه‌سمى و لێدوانى چاودێرانى مرۆيى، ڕێژه‌ى دانيشتووانى كوردى عه‌فرين به نموونه، له %80-90 وه دابه‌زيوه بۆ كه‌مينه‌يه‌ك كه ته‌نها %25-30 دانيشتوانى شاره‌كه پێكده‌هێنن.
سه‌رچاوه‌كان
Barbaros and Kontarini, Travels to Tana and Persia, 15th and 16th centuries, Burt Franklin, Publisher New York.
Gesellschaft für bedrohte Völker-International, Displacement of Kurdish people Qatar is financing Turkish settlement projects in Afrin, (21,2,2023).
BBC Türkçe, Barış Pınarı Harekâtı - Suriye'nin kuzeyindeki demografik yapı son 100 yılda nasıl değişti? Harekât 'yeni bir Arap Kemeri' projesi mi? (10/11/2019).
Daily Sabah, Türkiye to repatriate Syrians with Qatari-backed housing project,( 25/5/2023).
Türkiye Gazetesi, Türkmendağı’na TOKİ konutları! Ata yadigârı topraklar Türk müteahhitlerle hayata dönecek, (21/4/2025).
gazeteduvar, Rojavalı eşbaşkan: Hedefimiz Akdeniz, (8/5/2017).
Yeni Çağ Gazetesi, Batı'nın gündeminde 'Kürt koridoru' var, (9/5/2017).
RIC, Explainer: Afrin, 5 years under Turkish occupation, (20/1/2023)
انف نيوز (ANF News)، مشروع استيطان سعودي - تركي في عفرين المحتلة، 18/12/2023.
كورد اونلاين، بتمويل قطري.. مشروع استيطاني بحجم مدينة في عفرين، 10/4/2023.
دنيا الوطن، بتمويل من صندوق قطر للتنمية.. قطر الخيرية تجهز وتشغل مستشفى النساء والأطفال بعفرين، 31/8/2021.
وكالة نورث برس، تغيير ديمغرافي.. جبل الأحلام في عفرين يقسم ويوزع على مستوطنين، 25/6/2023 .
ماڵپه‌ڕى الحرة، عفرين السورية.. هوية كردية في مهب "حروب التتريك"، 21/1/2020.
سوريون من اجل الحقيقة و العدالة، التجمعات السكنية في عفرين: مخططات هندسة ديمغرافية ام مشاريع لاءيواء نازحين؟ (حزيران، 2022).
الشرق الاوسط، تركيا تواصل جهودها لإجراء «تغيير ديمغرافي» في شمال شرقي سوريا، 25/5/2020.
المركز السوري للعدالة و المسائلة، المساعدات الخارجية والتغيير الديموغرافي في شمال غرب سوريا، 6/5/2021.
لينكى ڤيديۆكان:
· كردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ى بيناسازى ده‌نيز فه‌نه‌ر له شارۆچكه‌ى شران، 27/11/2024.
https://youtu.be/Kb6FO6E-4P0
· پرۆژه‌ى نيشته‌جێبوونى توركى-سعودى له ناوچه‌ى شادێرا له عه‌فرين، 18/9/2023.
https://youtu.be/YspYPDYrxmY
· ڕاپۆرتى ئاهه‌نگى كردنه‌وه‌ى گوندى نيشته‌جێبوونى كوه‌يتى ڕه‌حمه‌ت، 2/11/2021.
https://youtu.be/yM8pWpJDBIM
· وتارى ئه‌ردۆغان بۆ هه‌وادارانى: عه‌فرين ڕاده‌ستى خاوه‌نه ڕاسته‌قينه‌كانى ئه‌كه‌ينه‌وه (21/1/2018)
https://youtu.be/m_GMBYKuFWY
· چاوپێكه‌وتنى ئه‌ردۆغان كه تيايدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ئه‌كات ناوچه‌كانى باكورى سوريا بۆ شێوازى ژيانى كوردان له‌بار نييه. (25/10/2019)
https://web.facebook.com/share/v/1ATK1rW3KV/