ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی نوێی سوریا (کورد وەک نموونە)
ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی نوێی سوریا (کورد وەک نموونە)
  2025/08/12     10 جار بینراوە    


دارا محەمەدئەمین

ڕوداوەکانی سوریا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەک؛ مسوڵمان، کورد، وەک ئەوەی کە دراوسێی ئەو وڵاتەین و کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە بەگشتی، ئەگەر بمانەوێ باسی ئێستای سوریا بکەین دەبێ بە خێرایی ئاوڕێک لە ڕابردووی ئەو وڵاتە بدەینەوە، سوریا کە یەکێکە لە وڵاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووری هەیە لەگەڵ وڵاتەکانی عێراق و تورکیا و ئەردەن و فەلەستین لوبنان و سنورێکی باشیشی هەیە لەسەر دەریایی سپی ناوەڕاست، ئەم وڵاتە بەپێی ئەو هەڵکەوتە جوگرافییەی کە هەیەتی گرنگی خۆی هەبووە بە درێژایی مێژوو، وڵاتێکی بە پیتیش بووە بەتایبەت لە کشتوکاڵ پێش ئەوەی کانزاکان بدۆزرێنەوە، لەسەر سەر دەریاش بووە، سەردەمێک پایتەختی ڕۆمەکان بووە، لە سەردەمی ئیسلامیشدا لە سەدەی یەکەمی کۆچییەوە بووەتە پایتەختی دەسەڵاتی ئیسلامی و ئومەوییەکان هەڵیان بژاردووە بە پایتەختی خۆیان، ناوی سوریاش بەپێی سەرچاوەکان لە ناوی ئاشوورەوە هاتووە، ئاشوورییەکان دەسەڵاتیان گەیشتووەتە ئەو ناوچەیە، پێش ئیسلام ڕۆمەکان حوکمی ئەو ناوچەیەیان کردووە.

 پێکهاتەی سووریا

پێش هاتنی ئایینی ئیسلام عەرەب کەمینە بووە، بەڵام دوای هاتنی ئایینی ئیسلام وردە وردە عەرەب لەو ناوچەیە بووەتە زۆرینە و میللەتەکانی تر بوونەتە کەمینە، پێکهاتەی عەرەب بە سوننە و عەلەوییەکان و ئیسماعیلییەکان و دروزەکان لە ٨٠-٨٥./. ی دانیشتوان پێکدەهێنن ڕەنگە زیاتریش چونکە هیچ ئامارێکی ورد و دروست لەبەردەست نیە بۆ ئەم پێکهاتانە هەتا جیابکرێنەوە، نزیکەی لە ١٠./. کریستیانن هەندێکیان ئەرسۆدۆکسن و هەندێکیان ئەرمەنن، لەناو سوریا وەکو وتمان سوننە زۆرینەن بەشێک لە عەرەبەکان عەلەوین ئەمانە بە ئەسڵ مەزهەبیان ئیسماعیلییە.

لە سەدەی ١١ی زایینی مەزهەبی درووزی دامەزرا، ئەم مەزهەبە دامەزرێنەرەکەی محەمەدی کوڕی ئیسماعیلی درووزی بووە لە سەردەمی فاتیمییەكان مەزهەبەكەی دامەزراندووە، کە لە ئێستادا ٣./ ـ ٤./. سوریا پێکدەهێنن، ئەم درووزیانە بەشێکیان لە خاکی فەلەستین و بەشێکیان لە لوبنان دەژین، لە سەردانێکم بۆ ناوچەی ئەو درووزیانەی کە لە لوبنان دەژین لە جبل لوبنان لە ساڵی 2013  ئەوەی لێیان تێگەشتم ئەمانە نوێژیان هەیە وەکو ئێمە و قورئانیش لە ماڵەکانیان هەیە و خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، دەڵێن ئێمە درووزین، بەشێکی ئافرەتەکانیان پەچە و عەبا دەپۆشن، باوەڕیان بە قورئان هەیە، بەڵام باوەڕیان بە هەندێ تەفسیری خۆیان هەیە بۆ قورئان. گومانی تیادا نیە کە ئەوان لە عەقیدەی ئیسلامی لایانداوە و تائیفەیەکی لادەرن، ئیسماعیلییەکان خۆیان لادەربوون، ئەمانەش پاشماوەی ئەوانن.

ئایینی دروزەکان ڕێبازێکی باطنى تێکەڵ بووە بەتایبەت دوای کاریگەری کریستیانەکان لەسەریان.

عەلەوییەکانیش نزیکەی لە ١٠./. سوریا پێکدەهێنن و لە شوێنێکی زۆر گرنگی سوریا دەژین، کە دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، عەلەوییەکان کە نوصەیرشیان پێ دەڵێن لە بنەڕەتدا گرووپێکی شیعەن، بەڵام شیعەی ئیمامی ئەمانە بە لادەر دەزانن (عاملی) کە مەرجەعێکی باڵای شیعەکانە دەڵێت دروست نیە هاوسەرگیریشیان لەگەڵ بکرێت و کچیان پێ بدرێ لەبەرئەوەی ئەوانە لادەرن.

کوردەکان:

کە لە ١٠./.ی دانیشتوانی سوریا زیاترن لە پارێزگای حەسەکە دادەنیشن کە ڕۆژئاوای کوردستانە، هەرچەند کورد لەناو سوریادا زور بڵاوبووەتەوە لە سەرجەم پارێزگاکان، بەتایبەتی ناوچەی شام بە حوکمی ئەوەی لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی وڵاتی شام بە سوریا و لوبنان و ئەردەن و فەلەستین هەموو ئەم ناوچانە کوردەکان حوکمیان کردووە، دەوڵەتی ئەیووبی باڵادەست بووە، کورد لەو ناوچانە زۆر بڵاوە لە ئەردەن و فەلەستین و لوبنان و سوریا، بەدەر لەو ناوچانەی ڕۆژئاوا کە جوگرافیاکەی کوردستانە.

زۆربەی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لە سەردەمی سەڵاحەدین و لە سەدەی ڕابردوو و دواتریش لە سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکان کە حوکمی سوریایان کردووە کورد بوون، لە سوریای نوێشدا زوربەی موفتیەکانیان کورد بوون، یەکەم سکرتێری حیزبی شيوعی لە سوریا خالد بەگداش بوو کە کورد بوو،  هەموو ئەمانە دەریدەخەن کوردیش کاریگەری خۆی هەبووە لەو وڵاتە.

تا ئێستا سەرژمێرییەکی ورد نەبووە لەسەر ژمارەی کورد لەو وڵاتە، بەڵام کوردەکان زۆربەیان مسوڵمانی سوننە مەزهەبن و بەشێکی کەمیان یەزیدین.

بەعسییەکانی سوریا:

بەعسییەکان بەناوی حیزبێکی قەومییەوە کە كار بۆ عرووبە دەکات کودەتایان کردووە و چوونەتە دەسەڵات و خەڵکی عەرەبیش پشتیوانی کردوون بە ناوی بزووتنەوەیەکی نیشتمانی نەتەوەییەوە ،بەڵام دواتر دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی خستە نێو کاروباری سوریاوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حافز ئەسەد بە هێز کرد و هاوکاری کرد، ئەمە وایکرد مەزهەبیەت زاڵ بێت بە سەریاندا ئەگەرنا پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی حافز ئەسەد شتێك بەناوی حوکمی عەلەوی نوسەیری نەبوو.

 بەعسییەکان بەناوی حیزبێکی قەومییەوە هاتوون ئەگەرنا نەیاندەتوانی بێنە سەر حوکم، وەکو مەزهەب کەمینەن و جێگای قبوڵ نین، وەکو حیزبیش حیزبێکی فاشی بوون و نەیانتوانیوە ئیدارەی وڵات بکەن و سوریایان بەرەو وێرانکاری برد.

 ئەو گۆڕانکارییەی کە لەم ساڵدا ڕوویدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، خەڵکی سوریا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابرردوو ڕاپەڕیون دژی ئەو ڕژێمە، بەڵام پشتیوانی وڵاتانی دەرەوە و زلهێزەکان وایانکرد ڕژێمی ئەسەد بمێنێتەوە لە سەروو هەموویانەوە قەوارەی زایۆنی، چونکە بەعسییەکان پارێزەری ئەمنییەتی سنوورەکانی زایۆنی بوون.

بارودۆخی سیاسی سوریا و گۆڕانکارییەکانی ئێستا:

لە گرنگترین هەنگاوەکان کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت، دەستووری نوێی سوریایە کە دەیانەوێت دەستوورێکی ئیسلامی مەدەنی بێت کە جێگای هەموو پێکهاتەکانی تیادا بێتەوە. هەروەک ئاماژەم پێکرد، وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت دەستێوەردان و کێشە دروستبکەن و ئەگەر سوریا زۆر ژیرانە مامەڵە نەکات، ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، لەکاتێکدا سوریا وڵاتێکە لەڕووی ئابوورییەوە داتەپیوە و بەرگەی شەڕی ناوخۆیی و کێشەی تر ناگرێت.

 ئەم نەرمونیانییەی ئێستای سوریا ئەگەر بەردەوام بێت لەسەری و پشتیوانی وڵاتانی دەوروبەری بەتایبەتی تورکیا و قەتەر کە بوونەتە ڕاوێژکار، دەتوانن هەنگاو بەرەو پێش بنێن. لە هەمووی گرنگتر نووسینەوەی دەستوورە - دەستوورێک کە مافی هەموو لایەکی تیادا جێبەجێکرابێت. ئەو ڕاگەیاندنی دەستوورە شتێکی کاتییە هەتا ئەوکاتەی دەستووری هەمیشەیی دەنووسنەوە.

دەبێت هەموو لایەک بەتایبەت کورد سووربن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات دەستوورێکی نوێ بنووسرێت بۆ سوریا، کە مافی کوردیشی تیادا بێت. هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ درووستبوونی سەقامگیری و متمانەی نێودەوڵەتی. وڵاتانی تریش خەریکن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا ئاسایی دەکەنەوە. جارێکی تر سەرۆکی فەرەنسا بە ڕەسمی ڕایگەیاند :"ئێمە ئامادەین لەگەڵ سوریای نوێ مامەڵە بکەین" و داوایکرد کە وڵاتانی تری ئەوروپا پارە بلۆککراوەکانیان بۆ ئازاد بکەن.

چەند مەرجێکیان داناوە کە زۆر قورس نین:

1. مافی پێکهاتەکان لە دەستووردا جێی بکرێتەوە و هەنگاوی بۆ بنرێت.

2. مەرجێکی تریان دژایەتی تیرۆرە کە کاری لەسەر بکەن، چونکە ئەگەر کاری لەسەر نەکرێت دەبێتە مەترسی بۆ هەمووان.

3. پێویستە ڕێگا نەدرێت کە تیرۆرستان بەتایبەت داعش چالاکییان هەبێت، کە بڕوا ناکەم ڕێگەشیان پێبدرێت، چونکە پێشتریش پەیوەندییان لەگەڵیان باش نەبووە.

4. نابێت ئەوانەی بیانین لە سوریا پۆستی ئیداریی و دەسەڵاتیان پێ بدرێت، ئەمە داوای ئەمریکییەکانیشە، نابێت و ناکرێت کەسێکی بیانی کە لە دەرەوە هاتبێت پۆست لەناو حکومەتی سوریا وەربگرێت، چونکە نادەستوورییە و ڕێگاپێنەدراوە.

خاڵێکی تر کە ئەوروپییەکان بەلایانەوە گرنگە، گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکانە - کە کارئاسانییان بۆ بکرێت. ئەو داواکارییەش جێبەجێ دەبێت، چونکە ئاوارە سوورییەکان لە دەرەوەی وڵات بەتایبەت لە ساڵی (2013)ەوە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە و چوونەتە ئەوروپا، بوونەتە بارگرانی بەسەرشانی ئەوروپییەکانەوە، هەربۆیە مەبەستیانە بگەڕێنەوە هەروەکو لە تورکیاش بوونەتە بارگرانی. لەکاتی هەڵبژاردنەکانیشدا هەندێک پشێویی و ئاڵۆزییان دروستکرد لە نێوان جەهەپە و حیزبی دەسەڵات (ئەکەپە)، هەربۆیە ژمارەیان زۆرە و هەلی کاریان بۆ تورکییەکانیش نەهێشتووەتەوە. داواکارییەکانی ماکرۆن ئەمانەن و ئەستەم نین، جێبەجێ دەکرێن و لە بەرژەوەندی سورییەکانیشە.

پێموایە ئەمانە هەمووی هەنگاون و ئەم دەوڵەتە تازەیە جێگای خۆی گرتووە، وردە وردە دەیانەوێت گشت چین و توێژەکان بهێننە ناو کایە سیاسییەکان. ئەوانەشی دژایەتی ئەم دەوڵەتە دەکەن ناتوانن ڕووبەڕووی دەوڵەتە نوێیەکە ببنەوە، چونکە زۆرینەی خەڵک پشتیوانیان لێ دەکات. نە عەلەوییەکان دەتوانن جارێکی تر دەسەڵات بگرنەوە دەست بەو شێوازەی کە بوویانە، نە درووزەکانیش کە ڕێژەیان لە (3٪ -4٪)ی سوریا پێکدەهێنن. جگەلەوەی بەشێکیان پشتیوانی دەوڵەتی ئێستای سوریا دەکەن.

ئایندەی کورد لە سوریا:

کوردەکان لە سوریای ئێستادا هەڵویستیان جیاوازە، بەشێکیان پشتیوانی لە دەسەڵاتی ئێستای سوریا دەکەن، ئەوانی تریش، هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) کە هەموو نەتەوەکانی تیایە و زۆرینەی کوردە و کوردیش ڕابەریەتی دەکات. (ئەنەکەسە)ش کە هێزێکی کوردین لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هاوکاری دەکرێن.

هەسەدە هێزێكی کاریگەرە لە سوریا و ناوچەیەکی فراوانی بەدەستەوەیە، لە ئێستادا ئەمریکا پشتیوانیان دەکات، (هەسەدە)ش گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە بەرژەوەندی ئەوانیش پێکهاتنە لەگەڵ دیمەشق، ئەمە بۆچوونی ئەمریکییەکانیشە - کە دەبێ حکومەتی سوریای نوێ مافەکانیان بۆ دابین بکات، چونکە جارێکی تر بوونی شەڕ و ململانێ نە لە بەرژەوەندی کوردە و نە حکومەتی سوریایە. لەلایەکی ترەوە، تورکیا زۆرتر نیگەرانە لە بوونی کورد، دەڵێت نابێ بیر لە دروستبوونی دەوڵەت بکەنەوە و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بخەنە مەترسییەوە و دەبێ سنوورەکانیان پارێزراو بێت.

بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی تورکیا باشترین چارەسەر گفتوگۆیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ئەم گفتوگۆیانەی نێوان (پەکەکە) و تورکیا، ئەوەش ڕۆڵی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سوریا. گرنگترین هەنگاویش کۆنگرەی نیشتمانی کوردە لە ڕۆژئاوا بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فراوان هەتا پێکەوە داوای مافەکانیان بکەن و دەوڵەتان نەتوانن لە دژی یەکتر بەکاریان بهێنن، ئەوەش بە یەکڕیزی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنن. لەم قۆناغەشدا مافەکانیان بچێتە ناو دەستووری داهاتووی سوریا گەورەترین سەرکەوتنە و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی کوردانە لە ڕۆژئاوا.

ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە بەگشتی کە پشتیوانیان بکات بۆ گەیشتن بە بەشێک لە مافەکانیان کە زیاتر لە سەدەیەکە لێیان زەوت کراوە، بەتایبەتی کە لە ئێستادا جۆرێک لە پشتیوانی ئەمریکییەکان هەیە کە لە ئاییندەدا نامێنێت.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure