خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەی ئایینیدا - هەڵسەنگاندنی ئەزموونی حەوزەی شیعی
خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەی ئایینیدا - هەڵسەنگاندنی ئەزموونی حەوزەی شیعی
  2025/08/12     31 جار بینراوە    


د. حەیدەر لەشکری

دەستپێک

گوتنەوەی بابەتی فەلسەفە لە قوتابخانەی ئایینی، لە جیهانی ئیسلامیدا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناوکۆی مێژوویی و کولتووریی دەزگای فێرکاریی ئایینەکەوە هەبووە. ئەم دەزگایانە خاڵی بەیەکگەیشتنی زانستە نەقڵییە نەریتییەکان و زانستە عەقڵییە تازەباوەکان بوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەرکەوتن و گەڵاڵەبوونی سیستەمەتیکانەی دەزگاکان، لە چەند سەدەی یەکەمی مێژووی ئیسلامیدا. لەم ناوکۆیەدا ''عیلم'' کرۆکی فەلسەفەی فێرکاری ئیسلامی پێکدەهێنا و وەک بەخششێکی خودایی دەبینرا، کە بوارە جیاوازەکانی لەخۆدەگرت.

سەبارەت بە خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەی ئایینی، بەتایبەت لەو شوێنانەی بواری خوێندنی دراوە، پێگەیەکی ئاڵۆز و پەرەسەندووی هەبووە. بە دینامیکا مێژوویی، لاهوتی و کولتورییەکانی ئەو ناوچانە کاریگەر بووە و ڕەنگدانەوەی ئەو سیستەمە هزرییانەش بووە، کە هەژموونیان بەسەر زەمینە ئایینییەکانەوە هەبووە.

بەم دواییانە عەبدولجەبار ڕیفاعی کتێبێکی لەبارەی خوێندنی فەلسەفە لە سیستەمی خوێندنی شیعیدا بڵاوکردەوە. کتێبەکە بە ناونیشانی ''وانەی فەلسەفە لە قوتابخانە ئایینییەکاندا – واقیع و ئاسۆکانی چاوەڕوانی'' (٢٠٢٤). دکتۆر عەبدولجەبار، یەکێکە لە کەسە هەرە دیارەکانی نێو پانتایی بیری هاوچەرخی ئیسلامی، بەتایبەت لە بواری ئەوەی ناونراوە ''کەلامناسیی نوێ''. مەبەستی سەرەکی ڕیفاعی لە نووسینی ئەم کتێبەی، تێگەیشتنە لەو ئاڵەنگارییانەی خوێندنی ئایینیی نەریتییانە، لە سەردەمی نوێدا، دووچاری بووەتەوە. بەتایبەت لە گووتنەوەی بابەتێکی زیندووی وەک فەلسەفە. کتێبەکە، وەک نووسەر لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەرهەمی خوێندن و وتنەوەی خۆیەتی بۆ فەلسەفە، بۆماوەی زیاتر لە چل ساڵ. ئەزموونی وردبوونەوەیەتی لە ڕەوشی خوێندنی بابەتەکە، لەچوارچێوەی دەزگای فێرکاریی – حەوزەییدا (٢٠٢٤: ٢٥). ئەمە سەرباری خوێندنەوەی خۆی بۆ گوتاری سەردەمییانەی هزری شیعەگەری، کە هەندێک لە کارەکتەرە دیارەکانی نێو دەزگا ئایینیی – زانستییەکە، ڕۆڵیان لە بووژاندنەوەی ئەم گوتارە و فراوانکردنی سنورەکانی خوێندن و نووسین و گوتنەوەی بابەتی فەلسەفە هەبووە.

ناوکۆی مێژوویی خوێندنی فەلسەفە لە حەوزەکاندا

پەرەسەندنی مێژوویی خوێندنی فەلسەفە، لە قوتابخانەی ئایینی شیعەی ئیمامی، ئەو دەزگا گرنگەی پێی دەگوترێت حەوزەی زانستی، دەشێ هاوکار بێت لە بینینی چۆنیەتی سەرەدەری دەزگای فێرکاری لەگەڵ فەلسەفە و کاریگەری مێتۆدەکەیان بەسەر کۆی هزری ئیسلامییەوە. بابەتە بنەڕەتییەکانی کارەکەی ڕیفاعی لە بەشی یەکەمدا لەم چوارچێوەیە دەخولێنەوە. لێرە گفتوگۆی ڕیفاعی لەبارەی چۆنیەتی تێکەڵکردنی فەلسەفە بە خوێندنی نەریتی و ئاڵەنگارییەکانی جێگەی سەرنجن.

حەوزە، وەک دەزگایەکی ئایینیی - فێرکاری، زیاتر بە خوێندنی بابەتە شەرعییەکانەوە تایبەت بووە، لەسەرووی هەمووشیانەوە فیقهی شیعی و ئوسوڵەکانی. زانستەکانی دی وەک زمان، مەنتقی ئەڕیستۆیی و کەلامناسی کلاسیک زیاتر دەروازەن بۆ خوێندنە شەرعییەکە. لەم ناوکۆیەدا فەلسەفە لە بابەتە سەرەکییەکانی خوێندنی حەوزەیی نەبووە. ڕیفاعی ئاماژە بەوە دەدات، لەم سیستەمی خوێندنەدا، هەرچەندە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لای زانایانی شیعە برەوی سەندووە، بەڵام لەنێو سیستەمەکە هەروەک بابەتێکی هەڵبژاردە ماوەتەوە و خوێندن و نەخوێندنی بەند بووە بە ئارەزوو و ویستی فێرخوازانەوە. لە کتێبەکە وادەخوێنرێتەوە لاوەکیبوونی بابەتی فەلسەفە پەیوەندی بە چییەتی ئەو ڕەوتە فەلسەفییەوە هەبووە، کە دەزگای ئایینی شیعی بواری پێداوە هەبێت و هەژموونی بەسەر خوێندنی حەوزەییدا کردووە. ڕەوتێک کە کاتێکی باشی پێویستە هەتا فێرخوازەکان بتوانن تاقەتیان بەسەردا بشکێت. ئەویش ''حیکمەتی باڵا – الحکمة المتعالية''یە، بەو فۆڕمەی لە قوتابخانە فەلسەفییەکەی محەمەدی کوڕی ئیبراهیمی شیرازی، ناسراو بە مەلا سەدرا (١٥٧٢-١٦٤٠ز)، بنەماکانی داڕێژراوە (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٣٤). ئەمەش، وەک زانراوە، ئاوێتەیەکە لە نێوان ڕەگەز، چەمک و ئامرازەکانی هەریەک لە فەلسەفەی مەشائی و ئیشراقەوە. لەپاڵیشیاندا عیرفانی فەلسەفی خوێندراوە، ئەویش بەوشێوەیەی محیەددین ئیبن عەرەبی لە بەرهەمەکانی، بەتایبەت ''فصوص الحکم''دا بەرجەستەی کردووە. ئەمە سەرباری ئەو کەلامناسییە کلاسیکییەی دەمێک بوو ئاوێزانی مەنتقی ئەریستۆیی ببوو.

نووسەر (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٣٠-٣١) ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ داوە، کە ئەویش دەچێتە بواری کۆمەڵناسی مەعریفەوە، كاتێك دەڵێت لە زەمینەی شیعیدا، بەگشتی ئەوانەی بە گوتنەوە و بەرهەمهێنانی فەلسەفە و عیرفانەوە سەرقاڵ بوون، کەسانێک بوون خۆیان زاهیدانە ژیاون و ئەو شێوە ژیانەیان هەڵبژاردووە، کە کۆڵەكەیەکی عیرفانی ئیسلامییە. ژیانێکی زاهیدانە، بەمەبەستی دروستکردنی چەشنێک لە هاوسەنگی، لە نێوان خود و بابەت. ئەم زوهدەشیان، هەم لە هەڵسوکەوت هەمیش لە نووسین و شرۆڤە و شەرحەکانیان بۆ دەقە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە و عیرفاندا، دەبینرێت. بەچەشنێک کە لە هەندێک لەو کارانەیاندا تێکچڕژانێک هەیە لە نێوان هزری عەقڵانی و حیدسی عیرفانیدا.

لە تایبەتمەندییەکانی تری، ئامادەیی فەلسەفە لەنێو سیستەمی هزریی شیعە، کارەکتەرە دیارەکان ڕێگەیان بەخۆیانداوە لە دەرەوەی مەرزە نەریتییەکانەوە فەلسەفە ببینن. بەتایبەت لە سەردەمانی درەنگدا، ئەوکاتەی جیهانی ئیسلامی خۆی لە بەردەم بە مۆدێرنە و پاشخانە فەلسەفییەکەی ڕۆژئاوای نوێدا بینییەوە. ئیدی، هەندێک لەوانەی لەنێو دەزگای حەوزەییدا سەرقاڵی فەلسەفە بوون، خودان هزرێکی کراوە بوون و خواستوویانە هەمەگیرانە لەم کایەیە بڕوانن. ئەوان بەوە نەوەستاون بە شرۆڤەی فەلسەفە نەریتییەکەوە لە ڕەوشی هەنووکە بگەن، بەڵکو ویستوویانە بە دیدگای نوێ و شەپۆل و ئاڕاستە سەردەمییەکانی فەلسەفەش ئاشنا ببن. لەم ناوکۆیە نووسەر ئاماژە بۆ  ئەزموونی چەند کەسایەتییەکی دیار دەکات، کە لە نووسینەکانیاندا پڕژاونەتە سەر هەندێک لەو پرسانەی پێشتر باسیان لە کۆنتێکستی ئیسلامیدا نەبووە. بەرهەمی هەریەک لە تەباتەبائی، محەمەد باقری سەدر و هەوڵەکانی مورتەزای موتەهیری بە نموونە هێناوەتەوە.

تەباتەبائی، وەک دواتریش باسی دەکەین، لە نووسینەکانیدا هەر بە گێڕانەوەی کلاسیکانەی مێژووی فەلسەفە و دۆز و ئەو پرسانە نەوەستاوە، کە لەنێو مێژووەدا باو بووە. بەڵکو هەوڵیداوە تێز و بیروبۆچوونی فەلسەفەی نوێش لەخۆبگرێت. ڕەنگە جەختکردنەوەی زۆری لەسەر ''تیۆری زانین'' ئاماژەیەکی گرنگ بێت بۆ بەزاندنی مەرزی تۆکمەی فەلسەفاندنی ئیسلامییانە. بەچەشنێک دەبینین ''چییەتی زانین''ی خستۆتە پێشەوەی پرسە فەلسەفییەکانەوە، هەر لە ''بەهای زانین''ەوە بگرە تا بە ''سەرچاوەی زانین'' دەگات و دواجاریش مەرزەکانی. سەدریش، لەلای خۆیەوە تەنیا تێگەیشتنە باوەکانی فەلسەفەی بەیان نەکردووە و نەیویستووە بەس بە سیستەمە نەریتییەکەی بیر بکاتەوە، بەڵکو لە خەمی ئەوەدا بووە ڕێبازێکی نوێی فەلسەفی لەبارەی ''پەرەسەندنی زانینی مرۆیی'' دابمەزرێنێت، کە لە دەرەوەی تێگەیشتنی هەردوو قوتابخانەی ئەزموونگەریی و عەقڵانییەوە بێت (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٣٤-٣٥). ئەمەشی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی سەرچاوەی زانینی مرۆییانە ئەو ئاگاییە نێوخودییەیە، کە مرۆڤ لە بەرانبەر بە خۆی، وەک سەرچاوەی زانین، هەیەتی. لەم چوارچێوەیەشدا ویستویەتی بیسەلمێنێت زانین خودگەرانەیە، خودیش یەکەمین سەرچاوەی ڕەهای هەر زانینێکە، چونکە هەموو زانینێکی دەرەکی بە پڕۆسێسی درککردنی خودییانە تێدەپەڕێت و بابەتیبوونی و ڕاستبوونی پێ دەپێوێت. نووسەر دواتر ئاماژەی بە کرانەوەی موتەهیری بەسەر هزری فەلسەفی سەردەمەکەی دەکات، تا ئاستی ئەوەی بانگەوازی بۆ خوێندنی ڕەوتە نوێییەکان لە بەشە ئایینییەکاندا کردووە، با لەگەڵ خودی ئایینیشدا دژبووبن، لەوانەش مارکسیزم.

فەلسەفە لە حەوزەی نەجەف

دەزگای حەوزەیی لە نەجەف، لە مێژووی خۆیدا، خۆی لە نێوان قەبوڵکردن و ڕەتکردنەوەی خوێندنی فەلسەفە بینیوەتەوە، هەندێک کەسایەتی دیاری نێو ئەم دەزگایە بانگەوازی خوێندنیان کردووە، چ وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتنی باشتری بنەما فیقهییەکان و زانستە شەرعییەکانی تر، چ وەک کایەیەکی سەربەخۆی تێهزرین. یانیش وەک ئامرازێکی بەرەنگاربوونەوەی مەعریفییانە و کۆمەڵایەتییانەی ڕەوت و ئایدۆلۆژیا سەردەمییەکان.

عەبدولجەبار ڕیفاعی خوێندنی فەلسەفەی لە قوتابخانەی نەجەف بەسەر چوار قۆناغی مێژوویی دابەشکردووە. هەر قۆناغەی ڕەنگدانەوەی ڕەوشی زەمەنی و کارەکتەرە کاراکان بووە، ئەوانەی ڕۆڵیان لە هزرین و خوێندنی دیداکتیکانەی فەلسەفە هەبووە. دەستپێکی خوێندنیش لە شارەکە پەیوستە بە کۆچکردنی زانای دیاری شیعە ئەبو جەعفەری تووسی  (٩٩٥-١٠٦٧ز)  بۆ ئەوێ، لە سەدەی پێنجەمی کۆچیدا. ئەو لەوێ بووەتە ئیمامی هەرە دیار و مامۆستای بەرچاوی زانستە ئایینی و عەقڵییەکان. ڕیفاعی هاتووە بایۆگرافیایەکی کورتی ئەم زانایەی نووسیوەتەوە، تا لەمیانەیدا چۆنیەتی پێگەیشتنی کەسێتیی ئایینی – زانستییەکەی ڕوونبکاتەوە. هەروەها جێکەوتەی ئەم ڕەهەندەی کەسێتییەکەی، بەسەر ناسنامەی قوتابخانەی نەجەف دەربخات (٢٠٢٤: ١٤٩). لەم بایۆگرافییایشدا بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەوەی لە ژیانی تووسی جێگەی هەڵوەستەیە، سەرقاڵبوونی بووە بە کەلامناسی و بەکارهێنانی مێتۆد و چەمک و دەستەواژە مەنتقییەکان لە داڕشتنی تێگەیشتنی باوەڕییانەی، کە تەنانەت لە بەرهەمە ئوسوڵی و فیقهییەکانیشی ڕەنگدانەوەی هەبووە.

عەبدولجەباری ڕیفاعی (٢٠٢٤: ١٥٨) وایدەبینێ هەوڵی بەهائەدین حەیدەری ئامولی (١٣١٩-١٣٨٥ز)، یەکەمین هەوڵی گشتگیر بووبێت، بۆ تۆکمەکردنی ڕەوتی هێرمینۆتیکانە لەنێو سیستەمی هزریی ئیسلامیی – شیعیدا. هەرچەندە ئەمەش بە دڵی زۆر لە زانا نەریتییەکانی شیعە نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی چەند زانایەکی ئەوێ، کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی ئامولی بوون، دەریدەخات ئەو فۆڕمەی خوێندنی فەلسەفی هەر بەردەوامی هەبووە. با تێکەڵ بە بابەتەکانی تری زانستە عەقڵییەکانیش (بیرکاری، ئەندازە، پزیشکی ... تادوایی) بووبێت. قۆناغی دواتر، کە کەوتۆتە نێوان سەدەی نۆ بۆ سێزدەی زایینی، قۆناغی گرنگیدان و سەرقاڵبوونە بە مەنتیقی کلاسیک و کەلامناسی باو و زانستە عەقڵییە نەریتییەکان.

دوا قۆناغ، کە قۆناغی درەنگە تا نها، لەلایەن ڕیفاعییەوە زۆرتر گرنگی پێدراوە، بەتایبەت کە ئەو خۆی پێگەیشتووی ئەم قۆناغەیە. ئەمە قۆناغی ئامادەیی و کارابوونی ''مامۆستایانی خودایی''ە، بە دەستەواژە ئیشراقییەکە. قۆناغی لەخۆگرتن و خوێندنی حیکەمەتی باڵایە، کە بە چەند سەدەیەک تێپەڕیوە و هێشتا درێژەی هەیە. لە دوایین سەردەمەکانیدا، قوتابخانەکە ئاڕاستەی هزریی – دیداکتیکانەی خۆی لە خوێندنی فەلسەفە بەتەواوی یەکلاکردووەتەوە، کولتووری مەلا سەدرای وەک هزر و مێتۆدی خوێندن هەڵبژاردووە. ئەمە بێگومان بێ پشتگوێخستنی پاشخانە عیرفانییەکەی ئیبن عەرەبی. ئەو هەژموونەی هزری مەلا سەدرا جێکەوتەی بەسەر ژیانی عەقڵی ئەم شارە هەبووە، تا ئاستی ئەوەی، وەک ڕیفاعی دەڵێت (٢٠٢٤: ١٧٣)، کاریگەری قوتابخانەی مەشائی بەسەر پانتاییەکە زۆر کەم کردووەتەوە.

بەگشتی، ئەوەی لە قوتابخانەی نەجەف سەرنجی ڕیفاعی ڕاکێشاوە، ئەو کاریگەریی و کارتێکردنە بووە، کە لە نێوان کایە فەلسەفییەکان و زانستە شەرعییەکان و بنەماکانی فیقهی شیعیدا هەبووە. ڕیفاعی وایدەبینێ زانستە عەقڵییەکان بەتەواوی سنوری ئەو زانستە شەرعییانەیان لەنێو حەوزەکاندا بڕیوە. بە چەشنێک وایلێهاتووە، لە هەندێک بواردا بونیادی زانستەکان، بەپێی چەمک و دەستەواژەی نێو سیستەمی زانستە عەقڵییەکان بەتایبەت مەنتق، داڕێژراونەتەوە. هەڵوێست و بیروبۆچوونەکانیش، لە دیدگای فەلسەفییەوە دەربڕدراون. نووسەر نموونە بە بنەمای فیقهی شیعی دەهێنێتەوە، کە چۆن ڕەگەزە فەلسەفییەکان بوونەتە ڕاگیرێکی. تا ئاستێک، کە هەندێک لە زانای نەریتی (بەتایبەت ئەوانەی خۆیان دەگێڕنەوە سەر قوتابخانەی هەڵوەشانەوەگەری) پێیانوایە لە بنەڕەتدا بنەما نەماوە، ئەوەی هەیە مەنتق و کەلامناسییە.

لێرەوە ڕەوتی دژەفەلسەفە بەردەوام بانگەوازی ئەوە دەکەن، کە دەبێت گۆڕەپانی زانستە ئایینییەکان لە جێکەوتە و نیشتەنییەکانی زانستە عەقڵییەکان پاک بکرێتەوە. ڕیفاعی دەڵێ ئەمە شەڕ و مشتومڕێکی هزری گەورەی لە پانتاییە شیعییەکە دروستکردووە، بەڵام خۆ ''پاککردنەوە'' و دابڕینی زانستە شەرعییەکان نەک هەر ئاسان نییە، بەڵکو زۆر ئەستەمە لە کاریگەرییەکانی ڕۆحی سەردەم بەدوور بگیرێن. ئەم ڕەوشە وایکردووە دژایەتیکردنی وانەی فەلسەفە لە نەجەف و حەوزەکانی تر (لەوانەش مەشهەد و قوم) وەک ڕەوت و ئاڕاستەیەکی ئایینی لێهاتووە، تا ئاستی ئەوەی هەندێکجار ئەوانەی خوویان داوەتە فەلسەفە و زانستەکانی بە کافر دانراون (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٨٤-٨٥). تەنانەت هەندێک لە فەقیهەکان گەیشتونەتە ئەوەی فەتوا لە دژی ئەم تەرزە خوێندنە بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەراورد بە فێرخوازانی حەوزەی قوم، خوێندنی لە نەجەف هەر بەردەوام بووە، بەڵام بەکزیی و کەمتر سەرنجی فێرخوازانی ڕاکێشاوە. ڕیفاعی ئەمە وەک ئایرۆنییەک دەبینێت، چونکە لە بنەڕەتدا خوێندنی فەلسەفە لە قوم بە کاریگەری فێرخوازانی نەجەفەوە بووە، کە لەسەرووی هەمووشیانەوە محەمەد حوسێن تەباتەبائی دێت.

تەباتەبائی و بووژاندنەوەی خوێندنی فەلسەفی

عەبدولجەبار ڕیفاعی، باسی تەبەتەبائی پێش باسی قوتابخانەی نەجەف خستووە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، بەر لە تێگەیشتن لە پەرەسەندنی ئەم قوتابخانەیە، تێگەیشتن لە محەمەد حوسێن تەبەتەبائی وەک نموونەیەکی خوێندن و بەرهەمهێنانی فەلسەفە، ئاڵۆز دەبێت. بەتایبەت ئەگەر دەبینین ئەم کارەکتەرە وەک بەرهەمێکی ئەم حەوزەیە دەبینرێت و یەکێک لە پێگەیشتووانی نێو حەوزە زانستییەیە و نوێنەری هەرە دیاریەتی لە گوتنەوە و نووسینی فەلسەفیدا.

تەباتەبائی بە تەفسیرەکەی بۆ قورئان، لە دەمێکدا کە تەفسیری قورئان لە پانتایی شیعیدا لاواز ببوو، ناسراوە. لەگەڵ تێکەڵبوونی بە بەرهەمەکانی مەلاسەدرا و هەوڵدانی بۆ پێشکەشکردنی شرۆڤەیەکی نوێ، بەو سیستەمە هزرییەی ''حیکمەتی باڵا''ی لەسەر دامەزراوە. ئەم زانایە، لەو دە ساڵەی لە نەجەفی بەسەر بردووە، ڕەهەندە فەلسەفی، عیرفانی و زانستیی کەسێتییەکەی بەتەواوی پێگەیشتووە. لەم حەوزەیە، لەسەردەستی مامۆستایەکی وەک حوسێنی بادکۆیی (م. ١٣٥٨) و چەندانی دی، دەقە هەرە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی مەشائی، حیکمەتی باڵا، مەنتق، ماتماتیک و چەند دەقێکی گرنگی فەلسەفەی ئاکاری خوێندووە (مجموعة مؤلفین، ٢٠١٢). ڕیفاعی ئاماژە بەوە دەدات، کە سەختی ژیان و ئەو زەمینە کۆمەڵایەتییەی تێیدابووە، ڕۆڵیان لە پێگەیشتنی کەسێتی ڕۆحانییانەی ئەودا هەبووە. دژواربوونی ئەم ژیانەیەتی وایکردووە، جیا لە زانایانەی حەوزەیی، جیهانبینی خۆی دابڕێژێت. تا ئەوکاتەی لە حەوزەی قوم جێگەی بووەتەوە و دەستیداوەتە وانەوتنەوە و نووسین و ڕەوشی باشتر بووە. بەرهەمە فەلسەفییەکانیشی هەر لەم قۆناغەدا نووسیون.

تەباتەبائی لەوە گەیشتبوو، لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لەنێو حەوزە، لە ئاستی ئاڵەنگارییە هەنوکەییەکان نەبووە. هەربۆیە هەوڵیداوە بواری خوێندنی فەلسەفی فراوان بکات. ئاکامی هەوڵەکانیشی دروستبوونی ئەو گرۆیە بوو، کە بە ''ئەڵقەی فەلسەفی قوم'' ناسراوە(٢٠٢٤: ٨٣). ئەوەی بواری دروستکردنی ئەڵقەیەکی ئاوا گرنگی بۆ ڕەخساندووە، کەمی مامۆستای سەردەمییانەی حیکمەت و فەلسەفە بوو لەنێو دەزگا زانستییەکە. ئەم هەنگاوەی ئەویش چەشنێک بوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی دژە فەلسەفە، کە بەسەر هزری زانایانی دەستڕۆیشتووی نێو حەوزەکە زاڵ ببوو. ژیریی و لێهاتوویی تەباتەبائی وایکردووە، هەوڵەکانی بۆ بوژاندنەوەی وانەی فەلسەفە، سەربگرێت. بەتایبەت كاتێك توانیویەتی، وا لە بەشێک لەم زانایانە بکات، درک بە بەهاداریی ئەم خوێندنە بکەن، لە سەردەمێکدا چیتر حەوزە سەرچاوەی زانین و بیرکردنەوە نەمابوو و ئەوانەی دەهاتنە نێو دەزگاکەش، لە ئاکامی بەریەککەوتنیان لەگەڵ ڕەوتە ئایدۆلۆژی و فەلسەفییەکانی وەک مەتریالیزم و ئایدیالیزمەوە، لەبەردەم بە ئاڵەنگاری هزریی گەورەدا بوون.

چاوەڕێی ئەوە ناکرێت لەو قالبە نەریتییەی بۆ خوێندنی فەلسەفە باو بوو، کەسێک بتوانێت پەیڕەوی لە چوارچێوەیەکی نوێی مێتۆدییانە، لە شرۆڤە و نوسینەوەی پرسە فەلسەفەییەکاندا بکات. بۆیە دەبینین تەباتەبائییش، لەو کتێبانەی پەیوەستن بە خوداناسییەوە، هەر ئەو مێتۆدەی پەیڕەو کردووە، کە نوسەرانی قوتابخانەی حيکمەتی باڵا بەکاریان هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی کارەکەی ئەو جودا دەکاتەوە، دابەشکردنی بوارە فەلسەفییەکان بوو، بەسەر چەند بەرهەمێک، بەو مەبەستەی خوێنەرانی فەلسەفە بتوانن سیستەماتیکانە، لە دەورکردنەوەی پرس و دۆزەکان، بەردەوام بن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەوە بزانین، کە بۆ ئەم زانایە، گەیاندنی تێز و بۆچوونەکانی بۆ بەردەنگانی سانا نەبووە، ئەگەر پەیڕەوی لە شێوازێکی تایبەت بە خۆی نەکردایە. لێرەوە ئەو نەیخواستووە، لە شرۆڤە و لێکدانەوە، وەک مۆدێلە نەریتییەکە درێژدادڕی بکات. بەپێچەوانەوە هاتووە بە چڕوپڕی نووسیویەتی و ئەمەش بۆتە مۆرکێکی شێوازی داڕشتنی گوتاری فەلسەفی و ئەم شێوازەی لەکاتی وانەگوتنەوەشدا پەیڕەو کردووە.

بەپێی گێڕانەوەی قوتابییەكانی بێت، سیستەماتیکانە و دوور لە زێدەگۆیی بووە؛ ڕستەیەکی خوێندووەتەوە و بە کورت و پوختی ڕوونیکردووەتەوە و تا کۆتایی وانەکە هەر وایکردووە. ڕیفاعی (٢٠٢٤: ١٢٤) پێیوایە ئەمەی بۆیە کردووە، تا لەگەڵ تەمەنی خوێندنی سەردەمییانە بگونجێت و وانەی فەلسەفە چەندین ساڵی پێویست نەبێت و ترس لەلای قوتابی حەوزەیی دروست نەکات. لەلایەکی دیەوە، ئاگایی ئەو بە پەرەسەندنی زانستە سروشتییەکان و ئەو شۆڕشە کۆپەرنیکیی – نیوتنییەی ڕوویدابوو، جەربەزەیی ئەوەی پێداوە، دەست لە سروشتناسیی کلاسیک هەڵبگرێت، کە چیدی شێواز و پرسەکانی نێوی، لەگەڵ تیۆر و ڕاستییە سەردەمییەکان نەدەگونجان. ڕەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت، هەوڵی ناسینی فەلسەفەی نوێی ئەوروپایی بدات و بە خاڵی بەیەکگەیشتن یان دوورکەوتنەوەی ئەم فەلسەفەیە لەگەڵ فەلسەفە نەریتییەکە ئاشنا ببێت. خۆ ئەو، ئەگەر هاتووە ڕەخنەی لەو فەلسەفەیەش گرتووە، مەبەستی بووە سیستەمێکی فەلسەفی دابڕێژێت، لە دووتوێیدا، دراو و چەمک و واژەکانی نێو فەلسەفەی ئیسلامی بەکاربهێنێت و دووبارە، لە میانەی ئاوێتەکردن و ئاوێزان لەگەڵ چەمک و واژەکانی فەلسەفە ئەورووپاییەکە، بەرهەمیان بهێنێتەوە. لەمەشدا مەبەستی بووە فەلسەفەی ئیسلامی، لەو قاڵبە تەسکەی بۆ داڕێژرابوو، دەربهێنێت. ڕێچکەیەک دروستبکات بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەییانە، دوور لە بابەت و پرسە مردووە نەریتییەکان.

ئەوەی تەباتەبائی لە کارەکتەرە حەوزەوییەکانی تری جیادەکردەوە، گۆڕینی ئەو چوارچێوەیە بوو، کە فەلسەفاندنی تێدا جێگیر کرابوو. ئەو هەر لەو ئەڵقە فەلسەفییەی دروستیکردبوو و بەو گفتوگۆیانەی ئەنجامی دەدان، توانیبووی پردێک لە نێوان تیۆرە نەریتییەکان و سەردەمییەکان دروستبکات. لەنێو ئەم ئەڵقەیەدا ناوە دیارەکانی هزریی هاوچەرخی شیعە پێگەیشتوون و دەرکەوتوون (موتەهیری، بەهەشتی، جەعفەری سوبحانی، حائیری ... تاد.). بەرهەمی ئەم ئەڵقەیەش کتێبی ''بنەماکانی فەلسەفە و ڕێبازی واقیعی'' بوو، کە هەرچەندە نووسەر (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٦٥)  پێیوایە چەشنێک لە ناهاوسەنگی و سادەیی لە تێگەیشتنی فەلسەفەی مۆدێرن پێوە دیارە، بەڵام دواجار دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوون بە ڕەوتە نوێیەکان، لە دەرەوەی بازنەی نەریتییانەی فەلسەفەی ئیسلامیدا.

بێگومان ئەمە بەو مانایە نایەت جێکەوتەی هەوڵەکانی ئەو زانایە، بە ئەڵقەکەی قوم کۆتایی هاتبێت. ئەوەی لەوێ دەستیپێکرد، دواتر لە ئەڵقەی تاران، کە لە ١٩٥٨ بەدواوە دروستبوو، بەردەوامی هەبووە، ئەگەر بە فۆڕمێکی جیاوازیش لە هی چوارچێوە دەزگاییە – حەوزەییەکەی قومیش بووبێت. ئەوەی تاران، بە گفتوگۆی چڕی نێوان تەباتەبائی و هێنری کۆربان، فەیلەسوف و ئیسلامناسی دیاری فەڕەنسایی، دەستیپێکرد. ئاکامەکەشی پێگەیشتنی چەند ناوێکی تر بوو، لە دەستەبژێری ئێرانی، وەک داریۆشی شایگان و سەید حوسێن نەسڕ. لێرە خوێندنی فەلسەفی و گفتوگۆکان سنورەکانی تێگەیشتنە ئیسلامییەکەیان تێپەڕاند، بە ئاڕاستەی کەشف و دۆزینەوەی پانتایی تری هزرییانە هەنگاویان نا، لەوانەش ڕێبازی تاوییەکان.

هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی وانەی فەلسەفە

بە بۆچوونی ئێمە، بەشی هەرە سەرنجڕاکێشی نێو کتێبەکەی عەبدولجەباری ڕیفاعی ئەو ڕەخنە و هەڵەسەنگاندنانەیەتی، کە بۆ خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانە ئایینییە نەریتییەکان، بەتایبەتیش حەوزەکان، کردوویەتی. دەستی لەسەر چەند خەوش و کێماسییەک داناوە، کە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم بینینی دەستکەوتەکانی دەزگای ئایینی لە بواری فەلسەفە، هەروەها جێکەوتەیان بەسەر ڕەوشی هزرییەوە.

ڕەخنەی هەرە بنەڕەتی ئەو سەبارەت بە ناوەڕۆکی بابەتی فەلسەفەیە؛ خولانەوەی ئەم خوێندنە بەدەوری هزری مەلا سەدرا و نووسینەکانی، هەر لە سەرچاوەکانی هزرەکەیەوە بگرە (مەشائی، غەزالی، ئیشراق، ئیبن عەرەبی ... تادوایی)، تا بە تێز و بەرهەمەکانی دەگات. بەچەشنێک تا ئەمڕۆش، لە هەردوو حەوزە سەرەکییەکەدا (نەجەف، قوم)، حیکمەتی باڵا تەوەرەی سەرەکی خوێندنە.

ڕیفاعی هۆی ئەم چەقبەستنە بە ''نەبوونی جەربەزەیی هزرییانە لەپێناو تێپەڕاندنی فەلسەفەی سەدرایی'' دەبەستێتەوە. هەوڵە تاقانەکەی محەمەد باقر ئەلسەدری لێ دەربێنە، پڕۆژەیەکی ئەوتۆی فەلسەفی نەبووە، بتوانێت خوێندنەکە لە هەژموونی چەمک، واژە و ڕستە هزرییەکانی قوتابخانەی حیکمەتی باڵا دەرباز بکات. هەربۆیە ئەوەی هەیە زیاتر پێداچوونەوە، شرۆڤە و وەرگێڕانی دەقە بنەڕەتییەکانە (وەرگێڕان لە نێوان عەرەبی و فارسی)، ئەمە سەرباری لێکدانەوەی تەڵقینییانەی ئەو شرۆڤانەی پێشین، کە بۆ دەقەکان کرابوون. بێگومان ئەمە چوارچێوەیەکی دۆگمایە و بەربەستە لەبەردەم هەم بەرهەمهێنانی دەقی نوێی فەلسەفی، هەمیش نوێکردنەوەی شێوازی گوتنەوەی بابەتەکە. بەچەشنێک وایلێهاتووە، هێشتنەوە و پارێزیکردن لەم پڕۆسێسە فێرکارییە بەو شێوە دەقگرتووە، خەمی هەرە سەرەکی مامۆستای فەلسەفە و کۆی دەزگاکە بووە.

کێشەی ڕیفاعی لەگەڵ ئەم چەقگیرییە هەر لەوەدانییە، ڕێگر بووبێت لەبەردەم نوێبوونەوەی وانەی فەلسەفە، بەڵکو لەوەشدایە ڕەسەنێتیی فەلسەفەکەی مەلا و ئەو ڕەگەزانەی بانگەشەی دەکرد، کە گوایە خۆی داهێنەریانە، پرسیاری زۆریان لەسەرە. ئەم نووسەرە بۆچوونی چەندین توێژەر دەهێنێتەوە، بە پشتبەستن بە مێتۆدی بەرواردکاری، بەوە گەیشتوون تێزە بنەڕەتییەکانی سەدرا هی خۆی نین. تەنانەت هەندێکیان ڕاشکاوانە دەڵێن ئەو، بێ ئاماژەدان، بیروبۆچوونی زانا و فەیلەسوفانی پێش خۆی (سوهرەوەردی و شرۆڤەکارانی، فەخری ڕازی، ئیبن عەرەبی) بردووە و تۆمەتبارە بە دزینی تێزەکانیان. بەتایبەت کتێبی ''الاسفار الأربعة''ەکەی، کە لە زۆربەی بەشەکانی بریتییە لە گواستنەوەی دەقی ئەوانیتر، تەنانەت – بە ڕای ریفاعی – تیۆری ''جوڵەی کڕۆکییانە''، کە لە ناوەندی فەلسەفیدا هزری سەدرای پێ ناسراوە، لە بنەڕەتدا تیۆری ''نوێبوونەوەی هاوشێوە''کەی ئیبن عەرەبییە (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٣٩-٤٥) بە کەمێک دەسکارییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەژموونی فەلسەفەی سەدرایی بەسەر خوێندنی حەوزە هەر ماوەتەوە و لەوێدا نەخراوەتە ژێر ئەو پرسی ڕەسەنێتییە. هەر ئەمەش بۆتە هۆی وەلانانی ڕەوت و ئاڕاستەی دی تەنانەت نێو فەلسەفەی ئیسلامیش. بەچەشنێک دەبینین فەیلەسوفانی وەک کیندی، فاڕابی و ئیبن سینا، بۆ قوتابیانی حەوزە نەناسراون. ئەگەر شتێکیان لەبارەوە بزانن، ئەوا هەر بەهۆی نووسینەکانی سەدراوەن. خۆ قوتابخانەی فەلسەفی ڕۆژئاوای جیهانی ئیسلامی (ئیبن توفەیل، ئیبن باجە، ئیبن ڕوشد) هەر هیچیان لەبارەوە نازانرێت. بەتایبەت کە لە قوتابخانەی حیکمەتی باڵاشدا کەمتر ناسراون و بەدەگمەن بەسەرچاوە گیراون. هەربۆیە قوتابی حەوزەیش هیچیان لەبارەوە ناخوێنن، تەنانەت مامۆستاکانیش، لەوانە مورتەزای موتەهیریی و جەلالەدینی ئاشتیانی، نەک هەر هزری ئەم فەیلەسوفانەیان پشتگوێ خستووە، بەڵکو بە فەیلەسوفیشیان نازانن.

هەرچۆنێک بێت، عەبدولجەباری ڕیفاعی پێیوایە ئاکامی هەژموونی فەلسەفەی سەدرایی، هەر وەلانانی ڕەوتە فەلسەفییەکانی دی نەبووە، بەڵکو چۆنیەتی کارکردن و ڕێبازێتی لە هزریندا، کە ڕەنگدانەوەی ئەو تێکەڵییەی نێوان مەشائی، ئیشراق، عیرفانی ئیبن عەرەبی و کەلامناسییە نەریتییەکەیە. لەم ناوکۆیە، عەقڵ لەخۆیدا بابەت نییە و عەقڵانییەتی ڕەخنەگرانە جێگەی نەبووەتەوە (وەک چۆن ئیبن ڕوشد کاری لەسەر کردبوو) (٢٠٢٤: ٥١)، بەڵکو بەهانەیە بۆ دەستپێکی ئەوتۆ، بتوانێت بەو ئامانجانەت بگەیەنێت، کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە.

نووسەرەکەمان، لە پەیوەند بەم بابەتە و گرێدراو بە بواری سۆسیۆلۆژیای مەعریفییەوە، تێبینییەکی گرنگیداوە. بەڵام زۆر بە کورتی و شرۆڤەی زۆری بۆ نەکردووە و درێژەی پێنەداوە، لەکاتێکدا بابەتەکە گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت. ئەو دەڵێ ئەو مانەوەیە لە سنوری فەلسەفەی سەدرایی، گوزارە لە ئاڵۆسکاوی کەسێتیی ئێرانی و عەقڵییەتەکەی دەکات؛ کەسێتییەکی ڕازگری کڕۆکگەرا، کە سەوداسەری نهێنی و ڕازەکانە. ئەمەش لەگەڵ ئەو ئاوێزانەی فەلسەفە و عیرفان، کە مەلا سەدرا و قوتابخانەکەی پێی ناسراون، ڕێک دێتەوە. هەر ئەمەشە وایکردووە ببێتە بەشێکی هەرە بنەڕەت لە سیاسەتیی ئایینی کۆماری ئیسلامی و بەسەر سیستەمی خوێندن و بەرهەمی فەلسەفیی وڵاتەکەدا زاڵ ببێت و لەنێو لێکۆڵینەوەی ئێرانناسیشدا سەنتەرێتی هەبێت. ئەوەی ڕیفاعی خۆی لێ بووریوە و وردی نەکردووەتەوە، جێکەوتەی ئەم سیاسەتەیە بەسەر شیعەی ئیمامی غەیرە ئێرانی و چۆنیەتی پابەندبوون یان نەبوونی هزری شیعییە بەم ڕەوت و ئاڕاستەیە.

خاڵێکی تری پەیوەست بەم ڕەخنەیەی نووسەر، ئەوەیە کە ناوی ناوە ''سەنتەرگیریی ناسنامەی باوەڕییانە'' لە هزری فەلسەفیی حەوزەییدا. وەک زانراوە، ناسنامەی باوەڕییانە چەشنێکی خۆگونجاندنی مێژووکردانەیە، کە پەیبردن بە خودی مرۆڤی باوەڕدار و درککردنی بە دەوروبەرەکەی لە قاڵب دەدات. لەگەڵیشیدا ئەگەر بابەتەکە بێتە سەر بیرکردنەوە، مەرزێکی مەعریفی بۆ هەر چەشن و فۆڕمێکی هزرین دادەنێت. وادەکات، لەنێویدا، بیرکردنەوە مانای هەبێت و خۆی بگونجێنێت. خۆ ئەگەر ناسنامە باوەڕییەکە، لە پەرەسەندنی مێژووییدا، گەیشتبووە قۆناغی دۆگمابوون و نەگۆڕییەوە، ئەوا توانای خۆداڕشتنەوەی کەمتر دەبێت. بۆیە ڕیفاعی پێیوایە ئەم چەشنە ناسنامەیە مردووە. ناسنامەی کراوە ئەوەیە کاریگەریی و کارتێکردنی لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا هەبێت و توانای نواندنی ڕەگەزە زیندووەکانی ناسنامە و بنکە ژیارییەکانی تری هەبێت، ئەوە ئەگەر دەخوازێت سەردەمییانە دەربکەوێت و جێکەوتەی هەبێت (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٥٥-٥٦). ئیدی، ئەوە نەکرانەوەی ناسنامەکەیە، مێتۆدی هزریی فەلسەفی خستۆتە نێو دۆخی نەگۆڕەوە و وایلێکردووە پتر سەرقاڵی چەند پرس و دۆزێکی باوەڕییانە بێت، کە جیاوازن و دوورن لەو دۆز و قەیرانانەی باوەڕداری ئێستاییانە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. هەربۆیە ئەوەی هەیە نامۆ بە سەردەمەکە دەردەکەوێت.

عەبدولجەباری ڕیفاعی نەهاتووە باس لەو چوارچێوە باوەڕییە حەوزەییە بکات، کە هزرینی فەلسەفیان بەسەرخۆیدا داخستووە، ڕەنگە ئەمەش پەیوەست بێت بە هەستیاریی بابەتەکە، یانیش زاڵبوونی ئەو تێگەیشتنە مرۆڤگەراییەی هزری ئەوی، وەک کەلامناسێکی هاوچەرخ، پێ ناسراوە. بۆیە هاتووە گشتگیرانە لەم بابەتە دواوە؛ جەختی کردۆتەوە لەسەر ئەوەی هزرینی فەلسەفی نوێ نابێتەوە، ئەگەر نەچێتە دەرەوەی دۆگما باوەڕی، ئایدۆلۆژی و ناسنامەییەکانەوە، چونکە هەر کارێکی ئاوا خۆدزینەوەیە و تێخزاندنی باوەڕ و ئایدۆلۆژیاکەیە بۆ نێو هزرینی پەتی و نواندنیەتی وەک فەلسەفە و مەعریفە. بەڵام خۆ ئەمە فەلسەفاندن نییە، ئەوەندەی هەرزەگۆییە و سادەکردنەوەی کایە فەلسەفییەکانە. لەکاتێکدا، ئەم کایانە، وردبوونە و تێڕامان و بیری قووڵیان پێویستە.

لەم ڕوانگەیەوە نووسەر (الرفاعي، ٢٠٢٤: ٥٦-٥٧) هاتووە ڕەخنە لە کتێبێکی وەک ''فەلسەفەی ئێمە – فلسفتنا''ی محەممەد باقر ئەلسەدر دەگرێت، لەوەی پرسی بنەڕەتی تێیدا فەلسەفاندن نیە، بەڵکو کەلامگۆییە، چونکە نووسەرەکەی مەبەستی هزرین نەبووە لەخۆیدا، بەڵکو سەلماندنی هەبوونی خودا بووە، بە بەکارهێنانی ڕێبازە مەنتقییە ئەریستۆییەکە، لە سەلماندن و بەڵگەسازیدا. هەربۆیە، ئەگەر دەڵێ فەلسەفەی ئێمە، ئەوا چوارچێوە باوەڕییەکەی ناسنامەکەیەتی، کە پڕۆسەی هزرین ئاڕاستەی کردووە، نەک تێڕامانێکی فەلسەفییانەی سەرووی باوەڕ و ناسنامە.

ڕەخنەیەکی نزیک بەمە لە گوتارە فەلسەفییەکەی تەباتەبائیش دەگرێت. پێیوایە هەوڵی ئەو بۆ سەلماندن و جەختکردنەوەی لەسەر سەرچاوە ئیسلامییەکانی حیکمەتی خودایی و لێکدانەوەی دەقی قورئانی، یانیش وتە و دەستەواژەکانی نێو کتێبی ''نهج البلاغة''، چەشنێکە لە زێدەڕۆیی. ڕیفاعی پێیوایە، ئەوەی کردوویەتی، دەرچوونە لە خوێندنەوەی دروستی دەقە بنەڕەتییەکان، زێدەبارییە بەسەر ئەم دەقانە و سەپاندنی مانای فەلسەفییە بەسەر بیروڕای ئەوتۆ، کە واژەکانی ئەو مانایە لەخۆناگرن (٢٠٢٤: ١١٨-١٢١). ئەوەی تەباتەبائی کردوویەتی تێپەڕینە بەسەر مێژووی هاتنە بەرهەمی دەق و شیکردنەوەیانە بە دەستەواژەی ئەوتۆ، کە لە سەردەمی خۆیاندا، لە دەرەوەی چوارچێوەی هزرین و بیرکردنەوەدا بووە.

ئەم ڕەخنەیەی نووسەر گرێدراوە بە دابڕانی خوێندنی حەوزەیی لە فەلسەفەی سەردەمەوە. گرفتەکانی فەلسەفەی نەریتی، بەوشێوەیەی لە جیهانی ئیسلامی بێ جیاوازییە مەزەبییەکان دەخوێنرێت، ئەوکاتە زیادیکردووە، ئەگەر مامۆستاکان خۆیان لە بەردەم فەلسەفەی مۆدێرنی ئەورووپاییدا دۆزییەوە، بەتایبەت فەلسەفەی مەتریاڵی و ئەزموونگەرایی. گەورە زانایانی وەک تەباتەبائی و موتەهیری و سەدر، ئەگەر هاتوون ڕەخنەیان لەم ڕەوتە فەلسەفییانە گرتووە، هەر لە ڕۆشنایی مەنتیقە ئەریستۆییەکە بیریان کردووەتەوە. نووسەر چەندین نموونەی کێماسی ئەم خوێندنەوەی هێناوەتەوە. بۆ نموونە، لە ڕەخنەگرتن لە ئەزموونگەراکان، تەباتەبائی ڕایگەیاندووە گوایە ئەوان سنووری ئەزموون فراوان دەکەن، تا جیهانی فیزیک تێپەڕێنێت و بەرەو میتافیزیک بچێت. لەکاتێکدا ئەزموون خۆی پەیوەستە بە فیزیکەوە. بۆیە هەر ڕەتکردنەوە یان نەفیکردنێکی میتافیزیک بە ئەزموون هەڵە دەردەچێت، چونکە ئەمە جیهانێکە هەست و ئەزموون و کەرەستەکانی ناتوانن درکی پێ بکەن (٢٠٢٤: ٣٣).

خۆ ئەم قسەکردنەش لەسەر چەند ڕەوتێکی فەلسەفی، کەمتر خەمێکی فەلسەفییانە بووە، ئەوەندەی سەرچاوەکەی ترس بوو لە کاریگەرییەکانی بیرکردنەوەی جیاوازی نا تەقلیدی؛ ترسان لە کاریگەری ئایدۆلۆژیا غەیرە دینییەکان بەسەر ناوەندی کۆمەڵایەتیی شیعییەوە. ئیدی گرفتی سەرەکی لەبەردەم بە خوێندنی فەلسەفە ئەوکاتە زیاتر بووە، ئەگەر کارەکتەرە حەوزەییەکان بینیان هەندێک تیۆر و ئایدۆلۆژیا و ڕەوتی نوێی فەلسەفی و زانستی، لەسەرووی هەمووشیانەوە فەلسەفە مەتریالیستییەکەی مارکس ڕەواجیان پەیدا کردووە و تەنانەت، وەک ڕیفاعی (٢٠٢٤: ١٧٢) دەڵێت: ''داڵانەکانی حەوزە زانستییەکانیشی بڕی''. ئەم ئاڵەنگارییە هزریی – ئایدۆلۆژییە، پێویستی بەوە بووە هەندێک لەو کارەکتەرانە هەوڵبدەن بەرەنگاری فەلسەفە مەتریاڵییەکە ببنەوە.

هەرچۆنێک بێت، ئەوەی وەڵامی حەوزەیی لاواز نواندووە و دابڕانەکەی نێوان خوێندنی فەلسەفە و ئێستای فەلسەفەی قووڵتر کردبووەوە، کارەکتەرە دیارەکانی نێو حەوزەکان، لەبەر بەربەستی زمان و نەزانینی زمانەکانی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی، بێئاگابوون لەو دابڕانە مەعریفییانەی نێوان فەلسەفەی نوێ و فەلسەفەی کلاسیک، بەتایبەت دابڕان لەگەڵ مەنتیقە ئەڕیستۆییەکە، کە وەک چەندجارێک ئاماژەمان پێدا، چوارچێوەی هزریی فەلسەفیی ئیسلامی پێکهێناوە و زمان و تێگەیشتنی فەیلەسوفانی ئیسلامی تێدا قەتیس بووە. هەربۆیە ئاسان نەبوو، ئەگەر هەوڵیشیان دابێت، لە دەرەوەی ئەو کاتیگۆرییانەی شارەزایان بوو، هزری فەیلەسوفانی وەک کانت، هیگڵ، مارکس و هایدگەر، بخوێننەوە.

کۆتایی

خوێندنەوەی ڕیفاعی بۆ پڕۆسێسی مێژووکردانەی وتنەوەی فەلسەفە، لە دەزگای حەوزەییدا، خەمێکی ئێستاییانەی ئەوی لەپشتە؛ خەمی ئامادەیی ناجۆر و نادروستی ئەم کایەیە، لەنێو جڤاکە ئیسلامییەکان بەگشتی، کە تێیاندا هێشتا تێگەیشتنی نەریتییانەی ئایین بیرکردنەوەی عەقڵانی پەردەپۆش کردووە. ئەو پێیوایە ئەگەر بشێت ئەرکێک بە فەلسەفە بدەین، ئەوا بریتی دەبێت لە جوداکردنەوەی سنوری هەریەک لەوەی دونیاییە، لەگەڵ ئەوەی دینییە. ئەگەر وانەبێت پەردەکە مرۆڤ لە دۆخی تاریکی دەهێڵێتەوە. خۆ ئەگەر دنیاش دینەکە قوت بدات، ئەوکات ڕۆح دەچێتە نێو حاڵەتی متبوون و مرۆڤ لەنێو ڕاڕایی و بێماناییدا تێدەچێت (٢٠٢٤: ٥٨). کەواتە، ئەوەی ئەو ویستی لەسەرە، هاوسەنگییە لە نێوان بیرکردنەوەی عەقڵانی و باوەڕداری. ئەوەش، کە دەشێت ئەم هاوسەنگییە دروستبکات کارەکتەرە ئایینییەکانن، بەڵام بەو مەرجەی پەروەردەیەکی دروست کرابن، بە فەلسەفە و تێگەیشتنی سەردەمییانە بۆ عەقڵ و عەقڵانییەت.

وەک بینیمان، بەشێکی تێبینی و ڕەخنەکانی ڕیفاعی لە خوێندنی فەلسەفە گشتی بوون و بەشێکیشیان لەوە دەچێ ڕەنگدانەوەی ئەزموونی کەسی بن، بەڵام لە هەردوو باردا ڕەخنەی وردن،  دەشێ دەزگا ئایینییە سەردەمییەکان، سەبارەت بە گرنگی خوێندنی فەلسەفی و قەیرانی ئەو چەشنە خوێندنە نەریتییەی هێشتا زاڵە لە پێگەیاندنی سەردەمییانەی قوتابییەکانیان، وەئاگا بهێنێتەوە. هەنگاوی یەکەمیش بەم ئاڕاستەیە، بریتییە لە جێنشینکردنی دەقە فەلسەفییەکانی پێشین، لە ناوکۆی مێژوویی و زەمەنییانەی لەدایکبوونیان. پێیوایە خوێندنی فەلسەفەی نەریتی، بەوە دەبێت لەچوارچێوە زەمەنییەکەی خۆی و ئەو ڕەوشە مێژووییەی کاریگەری بەسەر داڕشتنییەوە هەبووە دابنرێت(٢٠٢٤: ٦٤). هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوە یان سەپاندنی بەسەر ئێستا، لە دەرەوەی پاشخانە مێژووییەکەی و سەرەدەری لەگەڵ چەمک و واژەکانی نێویان، وەک هزری ڕەها و دابڕاو لە دەوروبەر و ئاسۆ ژیارییەکانی لەدایکبوونیان، سەرەڕۆییەکی هزرییانەیە. هەوڵێکی پەردەپۆشکراوە بە ئایدۆلۆژیای باوی ئایینییەوە، کە ئەوەندەی بەدوای پیرۆزکردنی دەقەکان یان تەکفیرکردنیانەوەیە، ئەوەندە بەدوای خوێندنەوەی زەمینەی گەلاڵەبوونی تێز و چەمک و واژەکانیان نییە. ئەو جێنشینکردنەی نووسەرەکەمان بانگەوازی بۆ دەکات، دەشێ هاوکار بێت لە ڕزگاربوون لە هەژموونی دەقی پێشینان، بەسەر زەین و عەقڵی بەردەنگانی ئێستا. هەروەها تێکشکاندنی ئەو پێوەندانەی چالاکی عەقڵیی بەندکردووە و هزرینی لەهەر داهێنان و نوێگەرییەکە بەتاڵ کردۆتەوە.

       ئەو خوێندنەوە مێژووییەی نەریتی وانەوتنەی فەلسەفە و هەوڵی جێگیرکردنی لە ئێستادا، بەخۆدابرین و دوورەپەرێزی، لە بەرهەمی سەردەمییانەی زانستە مرۆڤایەتییەکان و فەلسەفەی مۆدێر مەیسەر نابێت. عەبدولجەبار ڕیفاعی (٢٠٢٤: ٦٥-٦٧) وایدەبینێت، کە پەیوەندیگرێدان لەگەڵ ئەم کایە و بوارە زانستییانە پێداویستییە، نەک زێدە مەسرەفییەکی ئیپستمۆلۆژییانە بێت. بەڵام کارێکی واش ئاسان نییە، لەهەمبەر بە گوتاری هەژموونگەرانەی ئەوانەی بەسەر دەزگا ئایینیی – زانستییەکەدا زاڵن و خۆیان لەنێو نەریتەکاندا بەند کردووە و دەرگا و پەنجەرەیان بەسەر هەر ڕەوتێکی نوێباو داخستووە و نزیکبوونەوە، لە ئەزموونی مەعریفییانەی غەیری خۆیان، بە بڤە دەزانن. ئەمە لەکاتێکدا نوسەرەکەمان پێیوایە، ئێمەش لەگەڵیدا هاوڕاین، کرانەوە بەسەر زانستە سەردەمییەکان، هەنگاوی هەرە گرنگە لەپێناو نوێکردنەوەی خوێندنی ئایینی بەگشتی و وتنەوەی فەلسەفە بەتایبەتی. وەنەبێ مەبەستی لەخۆگرتنی کوێرانەی تێز و بۆچوونەکان بێت، بەڵکو داوا دەکات خوێندنەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەیی بۆ هەر تێز و تیۆر و بیروبۆچونێک بکەین؛ چەمک و واژەکان بەپێی خوێندنەوەی خۆمان پۆلێنبەند بکەین، تا بتوانین سوود لەو ڕەگەزانە وەربگرین، کە لەگەڵ ژینگەی ئێمەدا دەگونجێن. ئەمەش، هەر بەڕای ئەو، بەگەڕخستنی ڕەهەندە شرۆڤەکارییە گشتگیرەکانی ئەم زانستانە دەبێت، تا هاوکارمان بێت لە پەرەپێدانی ئاگایی و درککردنمان بە چییەتی حەقیقەتەوە.

ژێدەر

الرفاعي، عبد الجبار (٢٠٢٤).

-         الدرس الفلسفي في المدارس الدينية؛ الواقع و آفاق الانتظار، الکویت – بغداد – بیروت: منشورات تکوين و الرافدين.

مجموعة مؤلفين (٢٠١٢)

-         محمد حسين الطباطبائي مفسرا وفيلسوفا – دراسات في فکره و منهجه، تعریب: عباس صافي،  بیروت: مرکز الحضارة لتنمية الفکر الإسلامي.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure