ژیان و شیعری بڵاونەكراوەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە ئەرشیڤی عوسمانیدا
ژیان و شیعری بڵاونەكراوەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە ئەرشیڤی عوسمانیدا
  2025/08/12     28 جار بینراوە    


هێمن عومەر خۆشناو و فەرهاد عەزیز خۆشناو

1-پێشەكی:

مێژووی ئەدەبی كوردی بەگشتی و مێژووی ژیانی شاعیرانی كلاسیكمان، هێشتا لە چوارچێوەی شیعرەكان و بەشێك لە مێژووی زارەكییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بۆیەش كە ژیانی زۆرترین شاعیرانی كلاسیك- كوردیی ناوەند كەوتووەتە سەدەی نۆزدە، بەڵام زانیاریی ئەوتۆ لەبارەی ژیانیانەوە بەتەواوی دەستنەكەوتووە. لەو ڕوانگەیەوە پشتبەستن بە ئەرشیڤی وڵاتانی دەوروبەر بەگشتی و ئەرشیڤی دەوڵەتی عوسمانی وا دەكات سەرەداوی زیاتر لەبارەیانەوە بدۆزرێتەوە. بەوپێیەی كە عوسمانییەكان چەند سەدە حكومڕانی بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستانیان كردووە. لەو سۆنگەیەوە ئەستەنبوڵیش وەك پایتەختی ئەو ئیمپراتۆرییە ناوەندی هاتوچۆی بەشێك لە شاعیران و ناودارانی كورد بووە، هەربۆیە بەشێك لە ژیان و بەرهەمی ئەو كەسایەتییە كوردانە لەوێ دەدۆزرێنەوە.

شێخ ڕەزای تاڵەبانی، جگەلەوەی كوڕی كەسایەتییەك و ڕابەرێكی گەورەی ئاینییە، كە هەر لە سەردەمی عوسمانیدا بەرهەمەكانی چاپ و بڵاوكراونەتەوە، لەهەمانكاتدا كەسێكی ڕێزلێگیراو بووە، خۆیشی چ بە بۆنەی باوكی و چ بە نووسینی شیعر بە چوار زمان و مانەوەی لە ئەستەنبوڵ، بووەتە جێی سەرنجی دەسەڵاتدارانی عوسمانی. لەنێو توێژەر و ڕەخنەگرانی كوردیشدا یەكێكە لەو شاعیرانەی ئاوڕی زۆر لێدراوەتەوە و چەندینجار و لە لایەن گەلێك توێژەرەوە دیوانەكەی چاپ و بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هێشتایش بەشێك لە ژیان و شیعری هەر بە نادیاری ماونەتەوە.

ئەم توێژینەوەیە بە یارمەتی ئەرشیڤی عوسمانی، تیشك دەخاتە سەر بەشێك لە ژیانی و ئەو بەڵگەنامانە لە توركی عوسمانییەوە بۆ یەكەمجار بۆ كوردیی ناوەند دەخاتەڕوو، كە باس لە بەشێك لە ژیانی دەكەن و لەگەڵ ئەوەشدا شیعرێكی بڵاونەكراوەی ناوبراو بۆ یەكەمجار بڵاودەكاتەوە. توێژینەوەكە لەبەر سێبەری بەڵگەنامەكان چەند بۆچوونێكی پێشووی توێژەران سەبارەت بە چەند لایەنێكی ژیانی شێخ ڕەزا ڕاستدەكاتەوە و دەستنیشانی پەیوەندیی و پلەوپایەكەی لەنێو دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا دەكات. هەروەها دەستخەتێكی دیكەی ناوبراو بۆ یەكەمجار لە دەستخەتخانەی زانكۆی ئەستەنبوڵ دەدۆزێتەوە و ئاوڕ لەو چەند وتارەش دەداتەوە كە بە توركی عوسمانی سەبارەت بە ژیان و بەرهەمی شێخ ڕەزا نووسراون.

توێژینەوەكە دەخوازێت لەو ڕێگەیەوە خشتێك بخاتە سەر دیواری مێژووی ناتەواویی ئەدەبیمان و هاندەر بێت بۆئەوەی لە ڕێی ئەو ئەرشیڤانەوە ئاوڕ لە شاعیر و كەسایەتی دیكەی كورد بدرێتەوە.

2-شێخ ڕەزا لە ئەرشیڤی عوسمانیدا

2-1 دەستخەتی دیوانەكەی

لە كتێبخانەی زانكۆی ئەستەنبوڵ كەشكۆڵێك دەبینرێت، كە نازانرێت كێ نووسیویەتییەوە، تێیدا وێرای نموونەی شیعری چەند شاعیرێكی فارس و تورك، بەشی زۆری كەشكۆڵەكە بۆ دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی تەرخانكراوە، لەگەڵیشیدا كورتەیەك لە ژیانی بە زمانی توركی نووسراوە و زۆرترین شیعرەكانیشی شیعری توركین و كەمێك شیعری كوردیشی تێدان. بە بەراوردكردنی ئەم دەستخەتە لەگەڵ دیوانە چاپكراوەكەی شێخ ڕەزا، بۆی هەیە هەندێ گۆڕانكاری لە دیوانەكەیدا بێتەدی و ئەم دەستخەتە یەكەمجارە دەدۆزرێتەوە و دەناسێنرێت. (F 1612)

2-2: شێخ ڕەزا لەنێو گۆڤارە توركییەكاندا

2-2-1- شێخ ڕەزا لە گۆڤاری (تصوف)دا:

حەیدەریزادە ئیبراهیم (1864-1933) لە نووسینێكیدا لە گۆڤاری (تصوف)[1] لە ساڵی 1911 بەناوی (تراجم احوال صوفیە) بە زمانی توركی باسی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی كردووە و لەنێویشیدا تیشكی خستووەتە سەر كەسایەتی ئەدەبی و عیرفانی شێخ ڕەزا و بە دەربڕینی (ان هذا الشبل من ذاك الاسد) وەسفی دەكات و بە میراتگری بەلاغەتی باوكی دادەنێت. (حیدریزادە ابراهیم، 1329، 3-5)

2-2-2- شێخ ڕەزا لە گۆڤاری (فكرلر)دا:

لە ژمارە 3ی گۆڤاری (فكرلر)دا، كە لە ساڵی 1927 لە ئیزمیر دەرچووە، كمال امین وتارێكی بەناوی (كركوكلی شیخ ڕضا) بڵاوكردووەتەوە، تێیدا وێڕای باسكردنی بنەماڵەی شێخ ڕەزا، باسی شێوە و بەژن و باڵا و شێوازی شیعریی و هەندێ لە پەیوەندییەكان و قسەخۆشەكانی دەكات و تەنانەت هەندێ نموونەی شیعری بە توركی و فارسیشی هێناوەتەوە و موناسەبەی گوتنی شیعرەكانیشی دەستنیشانكردووە. (امین، 1927، 2-4)

2-3- شێخ ڕەزا لەنێو بەڵگەنامەكاندا

بەڵگەنامەیەك كە ڕێكەوتی 17ی موحەرەمی ساڵی 1286 ی كۆچی (كە دەكاتە 29ی نیسانی ساڵی 1869 ی زایینی) لەسەر نووسراوە، تێیدا باس لەوە دەكات یەكێك لە مەشایەخە ناودارەكانی قادری لە كەركووك كوڕی مەرحوومی عالمی موتەبەحیر عەبدولڕەحمان ئەفەندی یە و ناوی ڕەزا ئەفەندییە و بەمەبەستی لوتف لەگەڵ نواندنی هاتووەتە ئەستەنبوڵ و ئەو شایانی عەتف و بەزەییە، بۆیە چوارسەد قرووشی بۆ تەرخانكراوە، چاوەڕێی ئەمر و فەرمانی جەنابی ملوكانە و شەرەف صدوورە و دواتر لە پەراوێزدا ڕەزامەندیی بۆ دەركراوە (İ..DH.. 591 – 41105).

لە بەڵگەنامەیەكی تردا كە مەجلیسی ئیداریی كەركووك لە ڕێگەی والی موسڵەوە بۆ خەلافەتی عوسمانی ناردووە، داوای ڕەزامەندینواندن لەسەر مووچەی شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەكات بە 360 قڕووشی مانگانە. لە بەڵگەنامەكەدا پەسنی شێخ ڕەزا دراوە و بە یەكێك لە عالمەكانی كەركووك و كوڕی مەرحوومی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی ناسێنراوە و بە ئەهلی فەزڵی عەصر ناوی هاتووە. بەڵگەنامەكە مێژووی 22ی ڕەبیعی دووەمی ساڵی 1312ی كۆچی پێوەیە (كە دەكاتە 23/10/1894ی زایینی)(DH.MKT.00295.00022.001).

 

2-3-1 شێخ ڕەزا و عەتییەی سەنییە

عەتییەی سەنییە: بە واتای "بەخشین و ئیحسان" دێت. بەزۆری بۆ ئەو دیارییانە بەکاردەهات-كە زیاتر پارە بوون- کە بە کاش لەلایەن سوڵتانەکانەوە بە شاعیران، هونەرمەندان، زانایان و مەشایخەكان دەدران. سوڵتانەکان لە ڕۆژانی دیاریکراودا کیسەی پارە، هەروەها دیاری وەک جلوبەرگ و قوماشیان بە كەسانی تایبەت دەبەخشی، لە پای لێهاتوویی و خزمەتە زۆرەكانیان بە دەوڵەت. ئەم پاداشتانە ڕۆڵی گەورەیان لە بزواندن و هاندانی زانا و شێخانی تەریقەت هەبوو(EMECEN,1991,64).

لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا كە مێژووی 14/8/1284ی كۆچی (بەرامبەر 11/12/1867ز) لەسەر نووسراوە نووسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی كراوە بە ژمارە 2135، تێیدا هاتووە كە ڕەشادەتلو شێخ ڕەزا ئەفەندی كوڕی حەزرەتی شێخ عەبدولڕەحمان ئەفەندی گەورە مەشایخی قادری و میوانی قەبری شەریفە (واتە مردووە)، لە ئیدارەی سەنییەوە بڕی پێنج هەزار قڕووشی پێ بەخشراوە وەك (عەتییەی سەنییە)، تكایە ئەو بڕەی بۆ خەرج بكەن (A.}MKT.MHM.  396 - 5).

بەڵگەنامەیەكی تر كە تەلەگرافە و بەشێوەی كۆد نووسراوە شەش لاپەڕەیە و لە كۆتاییەكەدا تەنیا ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە شێخ ڕەزای تاڵەبانی كوڕی مەرحوومی شێخ عەبدولڕەحمان ئەفەندی، خۆی ئامادەكردووە بچێتە سەردانی شێخ عوبەیدوڵڵا. ئەم بەڵگەنامەیە مێژووی 8/6/1295ی كۆچی (دەكاتە 30/5/1879ز) بەسەرەوەیە. ئەم تەلەگرافە نهێنییە لە كەركووكەوە بۆ بابی عالی نێردراوە(DH.ŞFR. 112 - 43). پێمانوایە سەروبەندی جوڵانەوەكانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییە و پەیوەندی بە بانگكردنی شێخ و سەرۆك هۆزەكانەوە هەیە كە شێخ عوبەیدوڵڵا لە كۆبوونەوەیەكی گەورە بانگهێشتی كردبوون.

 

3-سەفەرەكانی شێخ ڕەزا بۆ ئەستەنبوڵ لە ئەرشیڤی عوسمانی

هەموو ئەو سەرچاوانەی كە باس لە ژیان و بەرهەمی شێخ ڕەزا دەكەن، ئاماژە بەوە دەدەن كە ناوبراو دوو جار سەفەری ئەستەنبوڵی كردووە. سەفەرەكانیش بریتین لە:

3-1 سەفەری یەكەم:

سەفەری یەكەمی شێخ ڕەزا لە هەڕەتی لاویدایە و توێژەران بۆ كاتی سەفەری یەكەمین بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون، كە بریتین لە:

یەكەم: لە بیست و پێنج ساڵیدا (لە عومری بیست و پێنج ساڵی لە ژیانی باوكیدا جارێك چووەتە ئەستەنبوڵ، لە گەڕانەوەی لە بەینی موسڵ و هەولێر، لە كاروانچییەكان خەبەری وەفاتی باوكی بیستووە، بەڵام هیچ مەعلووماتێك نییە كە لەم سەفەرەی ئەستەمبوڵ چی كردووە و بە چی خەریك بووە؟) (شێخ ڕەزای تاڵەبانی، 1946، ج) ئەم سەرچاوەیە دووەم چاپی دیوانەكەی شێخ ڕەزایە كە شێخ عەلی تاڵەبانی كوڕەزای لە ساڵی 1946 چاپی كردووە. بەوپێیە بێت ئەگەر وەك ئەو ئاماژەی پێداوە شێخ ڕەزا لە ساڵی 1253ی كۆچی لەدایكبووبێ، (سەرچاوەی پێشوو، ب)، ئەوا دەبێ لە 1278ی كۆچیدا چووبێتە ئەستەنبوڵ و وەك زانراویشە لەو سەفەرەدا دوو ساڵ ماوەتەوە، واتە ساڵی 1270ی كۆچی گەڕاوەتەوە. هەموو بۆچوونەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن كە شێخ ڕەزا لە گەڕانەوەیدا لەنێوان موسڵ و هەولێر هەواڵی كۆچی دوایی باوكی خۆی بیستووە. كۆچی دوایی باوكیشی بە بۆچوونی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەڕیس ساڵی 1275ی كۆچییە (المدرس، 1983، 272)، واتە ئەو كاتە تەمەنی بیستودوو ساڵ بووە و بەو واتایە دێت كە شێخ ڕەزا (لە تەمەنی بیست ساڵیدا كەركووكی جێ هێشتووە و چووەتە ئەستەمبوڵ و دوای دوو ساڵ لەوێوە گەڕاوەتەوە كەركووك) (تەرزی باشی،2011، 26). بۆ دڵنیابوونەوە لە ساڵی كۆچی دوایی شێخ عەبدولڕەحمان.

ئەگەرچی لە ئەرشیڤی عوسمانیدا بەڵگەنامەگەلی جۆربەجۆر لەبارەی ئەو هەن، بەڵام بەڵگەنامەیەك كە مێژووی 10/5/1276ی لەسەر نووسراوە و ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو یارمەتی ئازووقە و پارەیەی كە دەدرایە شێخ عەبدولڕەحمان، لەبەر مردنەكەی، لە جێی ئەو لەمەودوا دەدرێتە شێخ عەلی كوڕی (İ..MVL.00425). ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە چەند مانگێك پێش ئەو مێژووە ناوبراو كۆچی دوایی كردووە و هەر دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ساڵی كۆچی دواییەكەی بریتییە لە 1275ی كۆچی. هەروەك لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا ساڵی وەفاتی بە 1275ی كۆچی داناوە، بێ ئەوەی باس لە مانگ و ڕۆژەكەی بكات(MVL.00775.00004.001). لە بەڵگەنامەیەكی دیكەدا شێخ عەبدولڕەحمان كە پێشتر خوێندنی دوو جلدی بوخاری لە مزگەوتی مەجیدییە بەو سپێردرابوو، دەوڵەت سەد قڕووشی مانگانەی بۆ تەرخانكردبوو، لە دوای كۆچكردنی درایە شێخ عەلی كوڕی و ئەم مووچەیە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1274ی ڕۆمی كەڵەكەبووە لەسەر یەك(İ..MVL.00443) (وەك ئەوەی ئەو مانگە مانگی كۆچی دوایی شێخ عەبدولڕەحمان بێ)، كە دەكاتە بەرانبەر مانگی صەفەری 1275ی كۆچی و مانگی ئەیلوولی 1858ی زایینی. هەربۆیە لە هەموو ڕوانگەكانەوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بەڵگەنامانە؛ یەكلاییبوویەوە كە باوكی شێخ ڕەزا لە ساڵی 1275 ی كۆچی بەرامبەر 1858ی زایینی كۆچی دوایی كردووە و شێخ ڕەزایش لەو ساڵەدا لە سەفەری یەكەمی ئەستەنبوڵی گەڕاوەتەوە.

دووەم: شێخ ڕەزا (لە ساڵی 1860 دا بە حەڵەبدا چووە بۆ ئەستەمووڵ. دوو ساڵێك لەوێ ئەبێ و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ كەركووك. لە ناوچەی هەولێردا ئەبیستێت كە باوكی مردووە) (خاڵ و ئاشنا، 2003، 30) . ئەم بۆچوونەی عەلائەدین سەجادی (سجادی، 1953، 375) و شێخ محەمەدی خاڵ و ئومێد ئاشنا هەڵەیە[2]، چونكە بەهۆی دۆزینەوەی ساڵی مردنی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی، گەڕانەوەی شێخ ڕەزا و مردنی باوكی لە ساڵی 1858 بووە نەك 1860.

3-2 سەفەری دووەم: توێژەرانی ژیان و شیعری شێخ ڕەزا، سەبارەت بە سەفەری دووەمی بۆچوونی جیایان هەیە. بۆ وێنە عەتا تەرزی باشی ئاماژەی بەوە داوە كە شێخ ڕەزا (بۆ دووەم جار ساڵی 1305ی كۆچی/ 1886ی زایین بەرەو ئەستەمبوڵ كەوتووەتە ڕێ، لەو بەینەدا سەری لە سوریا و میسر و حیجازیش داوە. ساڵی 1306ی كۆچی جارێكی تر دەگەڕێتەوە كەركووك)(تەرزی باشی، 2011، 27) ئەم بۆچوونەی ناوبراو لەسەر بنچینەی شیعرێك هێناوە كە بۆ عەبدولقادر كەمالی گوتووە و هەر لەو ساڵەدا ناوبراو بە موتەسەڕیفی چۆتە كەركووك.(سەرچاوەی پێشوو، 31)

هەرچی عەلائەدین سەجادی و شێخ محەمەدی خاڵ-ن، ئاماژەیان بەوە داوە كە (پاش شەش مانگێك دوای مردنی باوكی لەگەڵ شێخ عەلی برایدا تێكچووە، ئەچێ بۆ كۆیە بۆ لای شێخ غەفووری مامی كە گوایە كچی خۆی بداتێ. بەم هیوایە زیاتر لە شەش مانگ لە كۆیە ئەیهێڵێتەوە. بێگاری پێ ئەكا و كچەكەشی ناداتێ ئەویش تۆراوە و گەڕاوەتەوە بۆ كەركووك بە دەردەسەری و پەژارەیی لەو ناوچەیەدا ڕادەبوێرێت هەتا لە 1866 بۆ جاری دووەم ڕێگا ئەگرێتەبەر و ئەچێ بۆ ئەستەمووڵ. لەم كاروانەیدا ئەڕزەڕۆمیش ئەبینێ. ماوەیەكی زۆر لەوێ ئەمێنێتەوە ئەكەوێتە بەرچاوی (باب العالی) دەنگ و ئاوازەی لەو ناوەدا دەنگیداوەتەوە. هاتۆچۆی هەموو دیوەخانێك ئەكات و بەهۆی (صدر الاعظم)ەوە ئەچێ بۆ حەج لە ڕێگەی میسرەوە حەج ئەكا و ئەگەڕێتەوە بۆ ئەستەمووڵ) (خاڵ و ئاشنا، 2003، 30).

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان هەردوو بۆچوونەكە هەڵەن، بەتایبەتی ئەوەی عەتا تەرزی باشی زۆر سەرچیخ چووە، چونكە ئەم سەفەری دووەمە ( لە 9ی شەعبانی ساڵی 1284ی كۆچی كە دەكاتە بەرامبەر 6/12/1867ی زایینی بووە و لەوێدا قەسیدەیەكی دوورودرێژی فارسی پێشكەشی سوڵتانی عوسمانی كردووە)(İDH.00569). ئەسعەد فەتحوڵڵا لە پێشەكی چاپی دووەمی دیوانی شێخ ڕەزا لە ساڵی 1946 لەم مێژووە نزیكبووەتەوە كە پێیوایە (لەم سەفەری دووەمی ئەستامبوڵی لەگەڵ گەلێ عوزەمای ئەو وەختە موعارەفەی پەیا كردووە وە بە ڕوایەتی زۆر مەنظوری كامل پاشای صەدری ئەعظەم بووە و هەر لەم سەفەرە زۆر بە خزمەت مەرحووم ئەحمەد پاشای بەبە گەیشتووە، بە پێی قەصیدەیەك كە مەدحی برنس (مصطفی فاضل پاشای مصری) كردووە و باسی لە مووەفەقییەتی (بسمارك) وە بەزینی (جەنەرال مەكماهان) وە جەنگی (شالون) و دواڕۆژی ناپۆلیۆنی سێیەمی كردووە، ئەبێ لە ساڵی 1870 ی میلادی لە ئەستەمبوڵ بووبێت. (شێخ ڕەزای تاڵەبانی، 1946، د)

3-3- سەفەری سێیەمی شێخ ڕەزا دەبێ لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمید بووبێت، ئەگەرچی سەفەرێكی تر -كە دیار نییە هەر تەواوكەریی سەفەری دووەمە یان سەفەری سێیەمە- بەهۆی بەڵگەنامەیەك كە مێژووی 17ی موحەرەمی ساڵی 1286 ی كۆچی (كە دەكاتە 29ی نیسانی ساڵی 1869 ی زایینی) نیشان دەدات، شێخ ڕەزا داوا دەكات لوتفی لەگەڵ بنوێنن كە بۆ ئەوە هاتووەتە ئەستەنبوڵ و بەوهۆیەوە چوارسەد قڕووشی بۆ تەرخانكراوە (İDH.00591.41105). ئەگەر ئەم سەفەرەیش بە سەفەری دووەم حسێب بكەین، ئەوا پێمانوایە زۆرترین كاتی مانەوەی شێخ ڕەزا لە ئەستەنبوڵ لە سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیز بووە، بەڵام كۆمەڵێك شیعری لە پەسنی سوڵتان عەبدولحەمیدیش هەن، ئەگەر مێژووەكەیش بەدیاریكراوی دەستنیشان نەكرابێ، ئەوا لەو سەردەمەدا بەدڵنیایی چووەتە ئەستەنبوڵ. بۆ وێنە (لە کاتی سەرھەڵدانی چزوورەی سەرەداوەکانی (اتحاد و ترقی) بۆ پشێوینانەوە دژی دەسەڵاتی سوڵتان، ئەم گرووپە بۆمبێکی چێنراویان خستبووە ناو گالیسکەی سوڵتان لە ڕێگای ھاتنی سوڵتان بۆ مزگەوتدا تەقییەوە، سەرەنجام بووە ھۆی کوژرانی ھەر شەش ئەسپی گالیسکە، شۆفێرەکەشی گیانی لە دەستدا، گالیسکەکە بوو بە دوو لەت، بەڵام سوڵتان لەم ڕووداوە ڕزگاری بوو و بەرنەکەوت. بەوبۆنەوە شێخ ڕەزای تاڵەبانی برووسکەیەکی بە زمانی تورکی بۆ نارد کە شیعرێکی تورکییە و ماناکەی بەم شێوەیەیە:

(خوای پەروەردگار و مەزن، دروستکەری ھەمووانە و خەڵکی دەژیێنێت و دەمرێنێت، کاتێکیش سوڵتان سێبەری خوا بێت لە سەر زەوی، بۆمب و نارنجۆک کاری تێناکات). لە وەڵامدا سوڵتان فەرمانی پاداشتکردن و ڕێز و پێزانینی بە بڕی بیست لیرە بۆ دەرکرد. (البیاتی، 1987، 122)

 

4- شێخ ڕەزا و سوڵتان عەبدولعەزیز

شێخ ڕەزا پەسننامەی زۆری بۆ پادشا و كاربەدەستانی عوسمانی هەیە، بەڵام زیاتر تیشك خراوەتە سەر سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (1842-1918ز)، ئەویش لەبەرئەوەی زیاتر لە سی ساڵی تەمەنی كۆتایی شێخ ڕەزا هاوكاتە لەگەڵ سەردەمی ئەو سوڵتانەی عوسمانی، بەڵام كەمتر باس لە سوڵتان عەبدولعەزیز (1830-1876ز) كراوە كە لە ماوەی ساڵانی 25/6/1861-30/5/1876 سوڵتانی عوسمانی بووە. واتە پازدە ساڵی تەمەنی شێخ ڕەزایش دەكەوێتە سەردەمی سوڵتان عەبدولعەزیز. ئەو سەردەمە هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانییەكانی شێخ ڕەزا كە دوای كۆچی دوایی باوكیەتی و ململانێیەتی لەگەڵ برا و مامی، بەوهۆیەوە سەفەری درێژی بۆ ئەستەنبوڵ كردووە و قەسیدە درێژەكەیشی بێ هیچ نێوەندێك بۆ خودی سوڵتان عەبدولعەزیز ناردووە.

 

5- دوو شیعرە بڵاونەكراوەكان (كە لە دیوانەكەیدا نین)

1-لە كتێبی عروسنامەی میرزا مهدی خان كە میهری كركوكی بۆ توركیی وەریگێڕاوە، لە پێشەكی كتێبەكەدا چەند كەسێك لە شێوەی پارچە شیعرێك نرخاندن (تەقریزنامە)یان بۆ نووسیوە، یەكێك لەوانە شێخ ڕەزای تاڵەبانییە كە بە یەكێك لە شاعیر و ئەشرافەكانی عێراق ناسێنراوە، تێیدا هاتووە:

عروس فكر مهدیخان كە اندر كشور خوبی

شبستان وصالش صد هزاران فقل بردرداشت

نبود اندر حریم حرمتش باد صبا محرم

بیامد مهری و مهرش برید و مهر از او برداشت (مهدی خان، ؟، 3)

 

 

2-شیعرێكی فارسی شێخ ڕەزا كە بۆ سوڵتان عەبدولعەزیزی عوسمانی ناردووە:

ئەم قەسیدەیە كە 42 دێرە و لەسەر كێشی ڕەمەلی هەشتی مەحزووفە و سەروایەكەی بریتییە لە پیتی (ن) و پاشسەرواكەیشی (آورد)ە. دەقەكە لەڕووی هونەرەكانی ڕەوانبێژی و پۆیەتیكاوە دەقێكی بەهێزە و پەسننامەیەكی وەهایە كە دەكرێت لە ڕیزی پەسننامە بەرزەكانی ئەدەبیاتی گەلانی دیكە دابنرێت، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی فارسیدا شوێنێكی بەرزی دەبێت.

زین سفر بخت سیاهم گر پشیمان آورد              تا ابد نخل امیدم بار حرمان آورد

طالع برگشتە میترسم چو اسكندر مرا                 تشنە لب از جویبار آب حیوان آورد

شاد باش ای دل كە آخر كارساز انس و جان    كار بیسامان ما ڕا هم بسامان آورد

آنكە درد مستمندان ڕا همیسازد علاج             درد بی درمان ما ڕا نیز درمان آورد

ز آتش حرمان دهد لطفش ذلیلی ڕا امان          آنكە از آتش خلیلی در گلستان آورد

رو بدولت می‌روم با خاطر امیدوار              بی گمان بختم از انجا شاد و خندان آورد

میشتابد هر كە سوی آن همایون آستان           رنج اندك می‌برد گنج فراوان آورد

از علامتهای سعد است اینكە چون من ذرەای    خویش ڕا در سایەء خورشید تابان آورد

خواجەء عصر و عزیز مصر كرد دهر كسی     التجا بر درگە عبد العزیز خان آورد

قبلەء اسلامیان شاهی كە كمتر بندەاش          باج از فغفور كیسرا و تاج خاقان آورد

عالم امكان ندارد آنقدر وسعت كە او             در فضایش ڕخش همت ڕا بجولان آورد

باكردە غازیان شیر صولت ڕوز جنگ           دست چون بر قبضەء شمشیر بران آورد

كافر بدكیش ڕا از نیش تیغ آبگون               یا بە نیران میفرستد با بإیمان آورد

سینەء اعدا شكافد زهرەء دشمن درد               جان ز بدخواهان ستاند سر زمیدان آورد

چون برزم آید زخشم وقهر حیدر دم زند          چون ببزم آید حیا و شرم عثمان آورد

خاتم جم دیو ڕا در قید طاعت میكشید            مهر او جمشید ڕا در زیر فرمان آورد

با خزف یكسان بود در دیدەء احسان او          آنچە در بطن صدف باران نیسان آورد

بر سر كنز عطایش ڕە برد گر سائلی            زر بهمیان میبرد گوهر بدامان آورد

ختم شد دور نبوت ورنە بودی احتمال            كز خدا ڕوح الامینش وحی و فرقان آورد

دولت هستی نخواهد یافت مانندش بلی           ذات واجب ممتنع ڕا چون بامكان آورد

حرفی از قانون عدلش بر خلاف شرع نیست     بلكە قانونش شریعت ڕا بمیزان آورد

از عدالت میل در چشم جهان بینش كشد        گر بدورانش عجوز دهر دستان آورد

با ولایش خاربن بار طبرزد میدهد                با عنادش نیشكر خار مغیلان آورد

كوكب دین و دیانت ڕا نمیماند فروغ              ماه حكمش گر خداناكردە نقصان آورد

بسكە هر ساعت بداد زیر دستان میرسد          می نیارد چنگ ڕا مطرب بافغان آورد

شیر ڕا نخچیر سازد گربەء كویش اگر            رو پی زور آزمایی در نیستان آورد

بر نیاید با دلیران سپاهش شاه ڕوس             صلح ڕا ناچار دستی در گریبان آورد

صلح و پیمانش ڕهاند از دم تیغ اجل            پركند پیمانەاش ڕا گرنە پیمان آورد

ای ڕسول الله ڕا بر مسند دین جانشین            هم ترا باید اطاعت جن و انسان آورد

جانشین آن جنابی كز پی عز و شرف           سجدە بر فرش حریمش عرش ڕحمان آورد

چند شعرت پیشكش آوردم و شرمندەام            همچو نادانی كە گوهر سوی عمان آورد

لاجرم شرمندە و ڕسوا شود گر تاجری            لعل ڕا بهر تجارت در بدخشان آورد

در پذیر از من بلطفش گرچە میماند بآنكە        زیرەئیرا گرمکی مسكین بكرمان آورد

غیر مشتی دانەء خشخاش و برگ سبز نیست   گر گدایی تحفەای از بهر سلطان آورد

در حقیقت هوشمندانش نباید عیب گفت          مور اگر ڕان ملخ نزد سلیمان آورد

پیشكش ڕا گوهر و مرجان همیشاید ولی          نیستش مرجان ڕضا بهر تو مرجان آورد

نبودش چیزی كە باشد لایق درگاه شاه            مر چو اسماعیل خود ڕا بهر قربان آورد

تا بحكم قرب و بعد شمس و دوران قمر          فصل و سال و ماه ڕا تقدیر یزدان آورد

گاه بنماید بهار و گاه بفرستد خریف              گاه تابستان كند گاهی زمستان آورد

آب و ایلول و شباط آزار و نیسان و تموز       مایس و كانون و تشرین و حزیران آورد

نوبهار عیشت ایمن دارد از كیش خزان          روزگار عمر با خضرت بپایان آورد

پایەء اورنگ جاهت از فلك برتر كند             سقف ایوان جلالت ڕا بكیوان آورد (İDH.00569)

وادیارە شێخ ڕەزای تاڵەبانی ئەم قەسیدەیەی بۆ سوڵتان عەبدولعەزیز خانی عوسمانی نووسیوە، قەسیدەیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش کە بە زۆرێک لە هونەرە شیعرییەکانی ڕەوانبێژی ڕازاوەتەوە. شێخ ڕەزا زۆر لێزانانه پەسن و ستایشی سوڵتان دەکا و وەسفی یەکجار جوان و وشەی بژاردە بۆ قەسیدەکەی هەڵبژاردووە و لە هەندێ شوێندا زێدەڕۆیی (اغراق)ێکی زۆر بەدیدەکرێت، ئەمەش بە تایبەتمەندیی شاعیر خۆی دادەنرێت و پیشاندەری شێوازی شیعریی شێخ ڕەزایە. لەڕووی کێش و سەروابەندییەوە دەشێت بگوترێت هەڵسوکەوت لەگەڵ قەسیدەیەکی بەرزی هونەریی دەکرێ و کەمترین لەنگی لە کێش هەیە و هیچ کەموکوڕییەک لە سەروابەندی بەرچاو ناکەوێت. لەم شیعرەدا شاعیر هەم ئاماژەی بەناوی خۆی داوە و هەم بە ناوی سوڵتان و دەڵێ: (خواجەء عصر و عزیز مصر كرد دهر كسی.......التجا بر درگە عبد العزیز خان آورد)، واتا ئەو کەسەی ڕوو لە دەرگانەی سوڵتان بکات، دەبێتە حاکم و گەورەی سەردەم و پلەوپایەی بەرز دەبێتەوە. هەروەها لە دێڕی (پیشكش ڕا گوهر و مرجان همیشاید ولی......نیستش مرجان ڕضا بهر تو مرجان آورد) شێخ ڕەزا ناوی خۆی دێنێت و دەڵێ: ئەگەرچی پێویستە دیاری گەوهەر و مەرجان و بەردی گرانبەها بێ، بەڵام ڕەزا دەبێت چی بکا کە ئەم شتانەی نەبێ و تەنیا گیانێکی هەیە و پێشکەش دەکا.

شێخ ئەم قەسیدەیە بۆ سوڵتان ڕەوانە دەکا و لە بەرانبەردا سوڵتان دڵخۆش دەبێ و ئیحسانییەی بۆ دەنێرێت. دەقی ئەم قەسیدەیە و داواکاری و سەرجەم کاروبارە فەرمییەکانی ڕەوانەکردنی لە دۆسیەیەکدا هەڵگیراون و ئەو دۆسیەیەی كە ئەم قەسیدەیەی تێدایە و چەند نووسراوێكی ڕەسمیشی تیدا هاوپێچ كراوە، بریتین لەمانەی خوارەوە:

نووسراوێك بۆ ڕاوێژكاری سەدارەت لەلایەن سەید محەمەد تەقیەددینەوە نێردراوە و ئاماژە بەوە دراوە كە شێخ عەبدولڕەزا ئەفەندی برای شێخ عەلی ئەفەندی لە مەشایخانی تەریقەتی عەلییەی قادرییە و پۆستنشیی كەركووك هاتووەتە ئەستەنبوڵ بۆ لای جەنابی عالی، ناوبراو زێوەری عیلم و سەلاحە و شایەستەی لوتف و عەتف نواندنی شاهانەیە ئەو خەسڵەتانەی ئەو هی ئەوەیە لوتفی بەرانبەر بكرێ. ئەمر و فەرمانیش هەر هی حەزرەتی (من لە الامر)ە.

لە لاپەڕەیەكی دیكەی دۆسیەی بەڵگەنامەكەدا، نووسراو هەر بۆ ڕاوێژكاری سەدارەت لە لایەن ئەسعەد موخلیصەوە نووسراوە، ئاماژە بەوە دراوە كە جەنابی شێخ ڕەزا ئەفەندی كوڕی شێخ عەبدولڕەحمان ئەفەندی مەشایخی قادرییەی كەركووك و ڕەفیقی خاكی پاك و عەترناك، هاتووەتە ئەستەنبوڵ، ناوبراو لە شاعیران و جوانانی عیلم و عیرفانە و لە ئەدیبانی مەشایخە و شایانی لوتف و عینایەت و نەوازش و ئاوڕلێدانەوەی كەریمانەی سەدارەتە، بەوهۆیەوە ئەو نیازنامە و داواكارییە تایبەتە پێشكەش دەكەین و ئەمر و فەرمانیش هەر بۆ جەنابی (من لە الامر)ە. 19ی مانگی ڕەبیعولئاخەری ساڵی 1284ی كۆچی.

لە نووسراوێكی دیكە بەشی ڕاوێژكارییەكەی ناوخۆ نووسراوێك لەسەر بنەمای دوو نووسراوەكەی پێشوو بۆ سەدارەت بەرزدەكاتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات كە؛ جەنابی شێخ ڕەزا ئەفەندی كوڕی شێخ عەبدولڕەحمان ئەفەندی كە لە مەشایخانی قادرییە و مەدفوونی خاكی عەترناكە لە كەركووك، هاتووەتە ئەستەنبوڵ و لە پەسنی جەلیلەی حەزرەت و نیعمەتەكانیدا، قەسیدەیەكی هۆنیوەتەوە، ناوبراو ئەهلی فەزڵ و كەمالاتە و لە تەرەفی والییەتی ویلایەتی ترابزۆن و قائیمقامییەتی شەهرەزووریشەوە ئەو باسە هاتووە و نامەی هەردووكیان هاوپێچ دەكەین. ناوبراو یەكێكە لە ستوونە جوانەكانی عیرفان و لە ئەدیبانی مەشایخە و شایانی عینایەت و ئاوڕلێدانەوەی سوڵتانییەیە، هەربۆیە بە گونجاو زانراوە كە بۆ ناوبراو پێنج هەزار قڕووش عەتییە و ئیحسانی پێ كەرەم بكرێت. جا بە هەر شێوەیەك بێ ئەمر و فەرمانەكە پەیوەستە بە بڕیاری شەرەفسدوور و بەوشێوەیە تەزكیرە درا. 9ی شەعبانی ساڵی 1284.

لە پەراوێزی ئەم نووسراوەی سەرەوەدا، بەشی سەدارەت، نووسیویانە كە داواكارییەكە بووەتە جێی ڕەزامەندی جەنابی پادشا و پێویستە هەموو ڕێكارێك بگیرێتە بەر بۆ پێدانی ئەو ئیحسانە بە ناوبراو. مێژووی ئەم پەراوێزەش ڕۆژێك دوای نووسراوەكەیە كە 10ی شەعبانی 1284ی كۆچییە. (سەرچاوەی پێشوو).

 

6-ئەنجام

-شێخ ڕەزای تاڵەبانی بەگوێرەی بەڵگەنامەكانی عوسمانی، لای دەسەڵاتداران پایەیەكی بەرزی هەبووە و بە ستوونی جوانی عیرفان، ئەدیبی مەشایەخ، زێوەری عیلم و سەلاح و ئەهلی فەزڵ و كەمالات ناوی هاتووە.

-بەهۆی ڕاستكردنەوەی ساڵی كۆچی دوایی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی لە ڕوانگەی بەڵگەنامەكانەوە، هاتنەوەی شێخ ڕەزا لە سەفەری یەكەمی ئەستەنبوڵ بەدڵنیایی ساڵی 1275ی كۆچی بەرانبەر 1858ی زایینی بووە.

-شێخ ڕەزا قەسیدەیەكی 42 دێری بە زمانی فارسی لە پەسنی سوڵتان عەبدولعەزیزی عوسمانی نووسیوە و ئەمەشی لە سەفەری دووەمی ئەستەنبوڵدا بۆ سوڵتان ناردووە، بەوهۆیەوە پێنج هەزار قڕووشی پاداشت وەرگرتووە.

-شێخ ڕەزا زیاتر لە دوو جار سەفەری ئەستەنبوڵی كردووە و جاری سێیەمی لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمدا بووە.

-شێخ ڕەزا نرخاندن (تەقریزنامە)یەكی بەشێوەی چوارین بۆ كتێبێكی وەرگێڕدراوی میهری كەركووكی نووسیوە و ئەو چوارینەیە و قەسیدە 42 دێرییەكە هەتا ئێستا نەخراونەتە نێو دیوانەكەیەوە.

 

سەرچاوەكان

بە زمانی كوری:

ü      بەحركەیی، مەلا طاهیر (2010)، مێژووی زانایانی كورد، بەرگی سێیەم، چاپخانەی ئاراس، هەولێر.

ü      تەرزی باشی، عەتا (2011)، شێخ ڕەزای كەركووكی و شیعرە توركییەكانی، وەرگێڕانی لە توركییەوە: ئەحمەد تاقانە، بڵاوكراوەی ئاراس، چاپی یەكەم. هەولێر.

ü      خاڵ و ئاشنا، شێخ محەمەد و ئومێد (2003)، دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی، بڵاوكراوەی ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر.

ü      سجادی، علاءالدین (1952)، مێژووی ئەدەبی كوردی، چاپخانەی مەعاریف، بەغدا.

ü      شێخ ڕەزای تاڵەبانی، دیوان (1946)، كۆكردنەوەی علی الطالبانی، چاپخانەی مەعاریف، بەغدا.

بە زمانی عەرەبی:

ü      البیاتی، عمران (1987)، لطائف الاخبار فی الاحادیث والادب والاشعار، بغداد.

ü      المدرس، عبدالكریم محمد (1983)، علماؤنا فی خدمة العلم والدین، دار الحریة للطباعة، بغداد.

 

بە زمانی توركی:

ü      ابراهیم، حیدری زادە (1329)، تراجم احوال صوفیە، مجلە تصوف، نومرو 4، اسطنبول.

ü      امین، كمال (1927)، كركوكلی شیخ ڕضا افندی، مجلە فكرلر، سایی 3. ازمیر.

ü      مهدی خان، میرزا (؟)، مترجمی محمد مهری كركوكی، استانبول.

ü  EMECEN, Feridun (1991) ,Atiyye-i Seniyye, TDV İslâm Ansiklopedisi, cild 4,İstanbul.

ü  KARA, Mustafa (2011), Tasavvuf II. Meþrutiyet’in ilânýndan sonra yayýmlanan dinî-tasavvufî dergi, TDV İslâm Ansiklopedisi, cild 40,İstanbul.

دەستنووس:

ü      كەشكۆڵی شیعر، زانكۆی ئەستەنبوڵ، ژمارەی كۆد F1612.

 

كۆدی بەڵگەنامەكانی عوسمانی:

ü  A.}MKT.MHM.  396 - 5

ü  DH.ŞFR. 112 - 43

ü  İ..DH.. 591 – 41105

ü  İ..MVL.00425

ü  İ..MVL.00443

ü  İDH.00569

ü  İDH.00569

ü  İDH.00591.41105

ü  MVL.00775.00004.001

نموونەی هەندێك لە دەستخەت و بەڵگەنامەكان:

 

 

[1] ئەم گۆڤارە یەكەم ژمارەی لە 23/3/1911 دەرچووە و دوای 35 ژمارە لە بڵاوبوونەوە وەستا. سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازەكەی شێخ مستەفا صەففەتی نوێنەری شاری ئورفا بوو. گۆڤارەكە هەشت لاپەڕ بوو و هەموو بابەتەكانی لە چوارچێوەی مژارەكانی تەسەووفدا بوو. لە بابەتی شیعردا ئەو شیعرانەی بڵاودەكرانەوە زۆربەیان فارسی بوون و كەمێك شیعری توركی و عەرەبیشی تێدا هەبوون. ئەو دوو كەسایەتییە كوردانەی كە پشتیوانی ئەو گۆڤارەیان دەكرد و نووسینیان تێدا بڵاودەكردنەوە هەر یەك لە شێخولئیسلام ئیبراهیم حەیدەری و شێخ ئەسعەد ئەربیلی بوون. بۆ زیاتر زانیاری لەم بارەیەوە بڕوانە: (Kara, 2011, 126)

[2] مەلا تاهیری بەحركەییش لە كتێبی مێژووی زانایانی كورددا ساڵی مردنی شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی بە 1277ی كۆچی (كە دەكاتە 1860ی زایینی) دادەنێ، كە گوایە لەبەر ڕۆشنایی حیسابی ئەبجەدیی دێرە شیعرێكی مەولەوی لە لاواندنەوەی ناوبراو دەرهێنراوە. بەڵام ئەمەش هەڵەیە. بڕوانە (بەحركەیی 2010، 64)


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure