نووسینی: حه‌سه‌ن كۆچ
وه‌رگێڕانی له توركییه‌وه: كامه‌ران كوردهوار
له‌دایكبووی 1991، هه‌ولێر، ماسته‌ر له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخ له زانكۆی ئێرجیس ـ له شاری قه‌یسه‌ری/ توركیا(2020).
پوخته
شاره‌زوور وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی گرنگی نیشته‌جێبوون له باكووری عێراق، به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی كراوه بووه به ڕووی ئێران‌دا، له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا گرنگییه‌كی زۆری هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه قه‌ڵاكانی زه‌ڵم و گوڵعه‌نبه‌ر له‌سه‌ر سنووری ئێران وه‌ك پایته‌ختی ئهیالهتهكه هه‌ڵسه‌نگێنراون. قه‌ڵای زه‌ڵم پێش هاتنی عوسمانییه‌كان، له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه دروست كراوه. هه‌ر چی قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ره، له‌گه‌ڵ فه‌تحی عوسمانییه‌كان دروست كراوه یاخود نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه. به‌گشتی له ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تی نه‌خچه‌وانی 1554 و به‌تایبه‌تییش دوای شه‌ڕه‌كانی شاره‌زوور، ناوچه‌كه چووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی. دواتر له ڕێگای دروستكردنی خان و مزگه‌وت و حه‌مام، ناوچه‌كه ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه. له‌و بزاڤی ئاوهدانكردنهوهیهشدا هه‌وڵه‌كانی هۆزی "ساره‌لو" ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه، كه به‌گشتی پێداویستییه‌كانی له‌لایه‌ن به‌غداوه له‌ئه‌ستۆ گیراوه. دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 17، قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر و ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن شا عه‌بباسه‌وه وێران ده‌كرێت. له ساڵی 1630دا له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی خوسره‌و پاشا بۆ سه‌ر ئێران، قولله و مزگه‌وته‌كانی دووباره بنیات نراونه‌ته‌وه. دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی قه‌سری شیرین و ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، هه‌ر چه‌نده مه‌ڵبه‌ندی ناوچه‌كه گوازراوه‌ته‌وه بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام ناوچه سنوورییه‌كه گرنگیی خۆی پاراستووه.
ده‌روازه
عێراق به‌گشتی و باكووری عێراق (هه‌رێمی كوردستان - وه‌رگێڕ) به‌تایبه‌تی، به درێژایی مێژوو یه‌كێك بووه له ناوچه گرنگه‌كانی نیشته‌جێبوون. به‌غدا به ئه‌ندازه‌ی عێراق پایته‌ختی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بووه، باكووری عێراقیش وه‌ك شوێنێكی ستراتیژی و ده‌رگایه‌كی كراوه به ڕووی به‌غدا؛ بووه‌ته جێگای ئامانجی گه‌لانی جیاواز.
باكووری عێراق له دوو ناوچه‌ی سه‌ره‌كی پێك هاتووه: یه‌كێكیان ناوچه‌ی موسڵ و ئه‌وی دیكه‌یان شاره‌زووره. ناوچه‌ی دووه‌میان له سه‌رچاوه‌كاندا به (شههریزوور، شه‌هره‌زوور، شههریزۆڵ، شههرهزول، شههریزوڵ) ناوی هاتووه، له ڕووی ڕێنووسیشه‌وه (به زمانی توركی) به دوو شێوه ده‌نووسرێت: "Şehr-i Zur"، "Şehr-i Zor".
به‌گوێره‌ی پێناسه‌ی "یاقووتی حه‌مه‌وی"، پیتی "ش" به فه‌تحه‌یه و له دوایدا سكون هه‌یه، پیتی "ر"ش فه‌تحه‌ی له‌سه‌ره، كه‌واته به "شه‌هره‌زوور" ده‌خوێنرێته‌وه و وه‌ك ناوچه‌یه‌كی فراوان ده‌كه‌وێته ناوچه شاخاوییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و هه‌مه‌دان. دامه‌زرێنه‌ری شاره‌كه، "زوور كوڕی زه‌حاك"ه. هه‌ر چی وشه‌ی "شه‌هر"ه، له زمانی فارسی‌دا به مانای شار دێت(1). به‌م شێوه‌یه شاره‌زوور به مانای "شاری زووری كوڕی زه‌حاك" دێت. به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر، ده‌شتایی شاره‌زوور له كۆندا شارێكی گرنگی له‌خۆ گرتووه. ئه‌م شاره كه كه‌وتووه‌ته ناوه‌ڕاستی ڕێگای هه‌ردوو په‌رستگای ساسانییه‌كان له مه‌دائین و ئاتهشخانهی ئازه‌ربایجان، له‌لایه‌ن "قوبادی كوڕی فه‌یرۆزی ساسانی" دروست كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه پێیان گوتووه شه‌هری فیروز یاخود شاری فه‌یرۆز(2). له پێشوودا به شاره‌زووریان گوتووه "نیم ڕا"، به مانای ئه‌وه‌ی كه كه‌وتووه‌ته ناوه‌ڕاستی ڕێگای نێوان مه‌دائین و ئاتهشخانهی ئازه‌ربایجان. له عێراقی عهجهمیشدا له ناوچه‌ی شاخاویدایه و شارێكی بچووكه. دراوسێی "مه‌راغه"یه و ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژ ڕێگا له نێوانیاندایه. ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژ ڕێگاش له به‌غداوه دووره. له‌نزیك شاره‌زوور قوببهیهكی وێرانه هه‌یه. ئه‌م شاره له "حه‌لوان" و "موسڵ"یش نزیكه(3).
وه‌ك ئه‌وه‌ی پێناسه كرا، ده‌توانین بڵێین: شاره‌زوور ده‌كه‌وێته ده‌وروبه‌ری شاری سلێمانی، له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران. له سه‌رده‌می عوسمانی‌دا ناوچه‌كه فراوان كراوه و وه‌ك ئهیالهتێك هه‌ولێر و كهركووكیشی له‌خۆگرتووه، ته‌نانه‌ت بووه‌ته مه‌ڵبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئهیالهتهكه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركووك و شاره‌زووریش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فه‌تحكردنی قه‌ڵای زه‌ڵم و ده‌وروبه‌ری (1552-1553)، قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر كه لەنزیك ئه‌م قه‌ڵایه‌وه دامه‌زرا، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبوونی مێژوویی شاره‌زوور؛ گرنگییه‌كه‌ی زیاتر بووه.
گوڵعه‌نبه‌ر (كل عنبر)
قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور (شههریزۆڵ)، ده‌كه‌وێته ده‌شتی به‌رفراوانی شاره‌زوور كه چیاكان له سنووری ڕۆژهه‌ڵاتیه‌وه له باشووره‌وه تا باكوور درێژ ده‌بنه‌وه. له‌بناری چیاكه‌دا گردێكی نزم هه‌یه، له دامێنیشیهوه كانیاوگهلێك هه‌ن. هه‌ر له شاخه‌كه‌وه، له شێوه‌ی جۆگه‌یه‌ك؛ ڕووبارێكی گه‌وره هه‌ڵده‌قوڵێت (مه‌به‌ستی سه‌رچاوه‌ی ئاوی زه‌ڵمه - وه‌رگێڕ)(4).
یه‌كه‌م ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی گوڵعه‌نبه‌ر، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتی هه‌ڵمه‌تی نه‌خچه‌وان، قه‌ڵای گوڵعهنبهریش له‌و كاته‌دا له‌پاڵ قه‌ڵای زه‌ڵم كۆنترۆڵ كراوه. ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن كه "سێرهای به‌گی كهتخودا" به‌وپه‌ڕی گڕوتینه‌وه كاری كردووه له دروستكردنی قه‌ڵاكه‌دا(5). قه‌ڵاكه له ڕێكه‌وتی 10ی ربیع اڵاخری 963/22ی شوباتی 1556 دروستكراوه. هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د به‌گی میری زهنگابادیش له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌دا كاری كردووه(6). ڕێکەوتی ئه‌و فه‌رمانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕێكه‌وتی 15ی ربیع اڵاخری 964/15ی شوباتی 1557، به‌و پێیه ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه نۆژهنكارییهكه له ساڵی پاشتریش ئه‌نجام دراوه. له‌دوای ئه‌وه قه‌ڵاكه بووه‌ته مه‌ڵبه‌ندی ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور(7) و بارودۆخی قه‌ڵاكه به‌به‌رده‌وامی چاودێری كراوه.
له سه‌روبه‌ندی یاخیبوونی به‌سڕه‌دا، سوڵتان حوسێنی وه‌زیر چووه‌ته به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور و ده‌ستی كردووه به ته‌واوكردن و چاككردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه له بنیادی قه‌ڵاكه‌ی گوڵعه‌نبه‌ردا هه‌بووه (١ی زیلحیجه‌ی 972/30ی حوزه‌یرانی 1565)(8).
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوچه چۆڵ و وێرانبووه‌كانی ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر، بڕیاردرا خه‌رجیی زاویه (ته‌كیه)كه‌ی له ڕێگای به‌روبوومی وهقفهكانهوه دابین بكرێت و شوێنه‌كانی وه‌قفیش به شێوه‌ی سیستمی تیمار بدرێت به كه‌سانی دیكه (25ی زیلحیجەی 972/24ی ته‌ممووزی 1565)(9).
به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه نوێیانه‌ی له ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر دروست كراون؛ به شێوه‌ی پێویست ژوور و حه‌مامیان تێدا نه‌بووه، بڕیار دراوه له‌و شوێنه ژوور و حه‌مام دروست بكرێت. هه‌روه‌ها به هۆی زۆریی ژماره‌ی ئه‌ندامانی یه‌نیچه‌ری "ئینكشاری" له ناوچه‌كه بڕیار دراوه له ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای زه‌ڵم نیشته‌جێ بكرێن و له كاتی پێویستدا بهێنرێنه قه‌ڵاكه و ئه‌ركیان پێ بسپێردرێت (24ی زیلحیجەی 972ك/23ی ته‌ممووزی 1565)(10).
به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور فه‌رمانی پێ كراوه كه به‌شداری بكات له هه‌ڵمه‌تی سه‌ر جه‌زائیر (عولیان ئۆغڵو). هه‌ر چی شاره‌زووره، هێشتا ویلایه‌تێكی ته‌واو ڕێكخراو نه‌بوو، خه‌ڵكه‌كه‌شی ناشارستانی بوون، له‌به‌ر ئه‌وه وا به باش زانرا كه یه‌ك دوو سه‌نجه‌ق به‌گ و سه‌رباز بنێردرێته شاره‌زوور و به‌گله‌ربه‌گی ڕووم له موسڵدا جێگیر ببێت (20ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌می 975ك/24ی ئه‌یلوولی 1567)(11). به‌ڵام دواتر به‌پێی فه‌رمانێكی نوێ بڕیار درا به‌گله‌ربه‌گی ڕوم كه به‌رپرسی پاراستنی شاره‌زوور بوو له كه‌ركووك دابنیشێ و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی پێ بدرێت، به‌تایبه‌تییش قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر كه بۆ پاراستنی ناوچه‌كه زۆر گرنگ بوو، لەپاڵ ئه‌وه‌دا به‌دواداچوون بۆ دۆخی ئێرانیش بكات و زانیارییه‌كان بگه‌یه‌نێت (7ی ڕه‌بیعی دووه‌می 975ك/11ی تشرینی یه‌كه‌می 1567)(12).
له ساڵی 1568 نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شاره‌زوور ته‌واو بووه، وه‌ك له سه‌ره‌وه باس كرا، له ساڵی 1565 فه‌رمان كرابوو به دروستكردنی مزگه‌وت و سه‌را و حه‌مام، دوای ته‌واوبوونیشیان به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور كه له كه‌ركووك نیشته‌جێ بوو، گواستیه‌وه بۆ شاره‌زوور. هه‌روه‌ك بڕیاردرا كه سه‌ربازانی یه‌نیچه‌ری ناوچه‌كه هیچ كامیان په‌رته‌وازه نه‌بن و له چوارده‌وری به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور بمێننه‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش گوێڕایه‌ڵ نه‌بوو، جیاوكهكانی لێ وه‌ربگیرێته‌وه و بدرێت به كه‌سانی لێهاتوو و گونجاو، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سانی گونجاو نه‌دۆزرانه‌وه، ئه‌وا زانیاری ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌كه بگه‌یه‌نرێته سه‌رووتر(13).
به هۆی ئه‌و ئاوه‌ی كه به‌ته‌نیشت قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ردا تێپه‌ڕ ده‌بوو، له ساڵی 1570دا دیواره‌كانی قه‌ڵا زیانی به‌ر كه‌وتبوو، بۆیه وا پێویستی كردبوو به چوارده‌وریدا خه‌نده‌ق لێ بدرێت(14).
پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانی قه‌ڵاكه به پله‌ی یه‌كه‌م له‌لایه‌ن قه‌ڵای زه‌ڵمه‌وه له‌ئه‌ستۆ ده‌گیرا، كه دوور بوو له ئادگاره شارستانییه‌كان(15). هه‌ر چی سه‌ربازه، به پله‌ی یه‌كه‌م له‌لایه‌ن به‌غدا و پاشان حه‌له‌ب و دیاربه‌كره‌وه بۆی دابین ده‌كرا. نزیكه‌ی له هه‌موو شاره عوسمانییه‌كانه‌وه سه‌رباز چوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌یه و ئه‌ركی سه‌ربازییان جێبه‌جێ كردووه، له‌وانه‌ش خه‌ڵكی ئه‌سكه‌نده‌ریه، فیلیبه، ئهرناوت، ئهڤلۆنیا، دهلڤینه، ئۆهری، یه‌نی شه‌هیر، سیرۆز، پریزره‌ن، ئیلباسان، سیلیڤری، میدیل... زۆری تریش(16). زۆربه‌ی به‌رپرسی حهسارهكانیش كه له قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر دامه‌زرابوون، له‌وانه پێك ده‌هات. گومانی تێدا نییه كه ئه‌مانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه له داهاتوودا پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی شاره‌زوور پێك ده‌هێنن. تێبینیی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه به‌شێك له قولی (جۆرێك بووه له فه‌رمانبه‌ری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌ت - وه‌رگێڕ) و یهنیچهرییهكانی شاره‌زوور خه‌ڵكیان چه‌وساندووه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بینین له ساڵی 1573 به هۆی چوونه‌ده‌ره‌وه و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر خه‌ڵك، ڕێوشوێنی پێویست گیراوه‌ته به‌ر بۆ مانه‌وه‌ی خۆبه‌خش و یه‌نیچه‌ری و قولییهكان له شوێنی خۆیان و نهچوونهدهرهوهیان(17). بۆ نموونه؛ له ساڵی پێشووتردا خان قولی كه له گوڵعه‌نبه‌ر بووه، چووه‌ته ده‌ره‌وه و خه‌ڵكی ئازار داوه، له به‌رامبه‌ردا ڕێوشوێنی له دژ گیراوه‌ته به‌ر(18)، بڕیار دراوه كه چینی قولی له شوێنه‌كانی خۆیان بمێننه‌وه و په‌رته‌وازه نه‌بن، یه‌نیچه‌ری و ئازاپ (جۆرێك بووه له سه‌رباز - وه‌رگێڕ) و خۆبه‌خشه‌كانیش به‌نۆره ئێشك بگرن (27ی زیلحیجەی 979ك/11ی نیسانی 1572)(19).
له ساڵانی دواتریشدا چه‌ند ڕووداێك له گوڵعه‌نبه‌ر ڕوویان داوه، له‌وانه: له ڕه‌مه‌زانی 986ك/1578ز فه‌رمانێك بۆ به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور ده‌رچووه كه باسی هه‌بوونی شانزه سه‌نجه‌ق به‌گ له‌سه‌ر سنووری شاره‌زوور و ناردنی سیخوڕ له شاره‌زووره‌وه بۆ قه‌زوین ده‌كات. هه‌روه‌ها زانیاری دراوه ده‌رباره‌ی هاتنی وه‌رزی زستان و نیشته‌جێبوونی سه‌ربازان له‌نزیك قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر بۆ به‌سه‌ربردنی زستان و فهتحكرانی شێروان و گورجستان، هه‌روه‌ك فه‌رمان كراوه به‌و سه‌ربازانه كه ئاماده بن بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كان له وه‌رزی به‌هاردا(20).
جیا له‌وانه‌ش، له 24ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌می 986/10ی حوزه‌یرانی 1578، نووسراو كراوه بۆ به‌گله‌ربه‌گ و ده‌فته‌رداری به‌غدا، تێیدا باسی ئه‌وه كراوه كه به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور نامه‌ی ناردووه و باسی ئه‌وه‌ی كردووه كه پێویسته عه‌ره‌بانه دروست بكرێت بۆ هه‌ڵمه‌تی هومایۆنی، به‌ڵام له قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ردا عه‌ره‌بانه‌چی بوونی نییه. بۆیه محه‌مه‌د كوڕی عه‌بدوڵڵا وه‌ك وه‌ستای شاره‌زا به پانزه ئاكچه (دراوی عوسمانی بووه - وه‌رگێڕ) و به سه‌روه‌ستای عه‌ره‌بانه‌چی، هه‌ریه‌ك له كانبهر كوڕی عه‌بدوڵڵا و وه‌لی كوڕی عه‌بدوڵڵا به هه‌شت ئاكچه، تاجی كوڕی نه‌زه‌ر به حه‌وت ئاكچه، ئه‌وانه‌ی دیكه‌یان هه‌ریه‌كه‌یان به پێنج شه‌ش ئاكچه دامه‌زراون بۆ خزمه‌تكردن له بواری عه‌ره‌بانه‌چێتی و عه‌ره‌بانه‌ی تۆپ، مووچه‌كه‌شیان له‌لایه‌ن به‌غداوه بۆ دابین كراوه(21). له 2ی ڕه‌بیعی دووه‌می 986/ 18ی حوزه‌یرانی 1578دا فه‌رمانێكی تر نێردراوه بۆ به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور و به هه‌مان شێوه باس له‌وه كراوه كه عه‌ره‌بانه‌چی له قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر بوونی نییه له كاتێكدا پێویستترین شت عهرهبانهچیی تۆپه. بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌ره‌وه ناویان هێنرا، وه‌ك كه‌سانی شاره‌زا له‌و بواره‌دا دامه‌زراون و ئه‌مری شه‌ریفیش بۆ به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا نێردراوه تا مووچه‌كانیان له‌لایه‌ن خه‌زێنه‌ی به‌غداوه بۆ دابین بكرێت(22).
له ساڵی 993ك/1585ز له فه‌رمانێكی نووسراودا بۆ به‌غدا باس له‌وه كراوه كه مووچه‌ی كهتخودا و سه‌ربازانی تیماری قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن كه‌رتی به‌غداوه دابین كراوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له باجی ئه‌و ناوچانه دراوه كه وه‌رگرتنیان به‌زه‌حمه‌ت بووه، تووشی كێشه و گرفت بووه، به هۆی نامه‌ی به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور (حه‌سه‌ن)ه‌وه بڕیار دراوه مووچه‌كان له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و شوێنه‌وه دابین بكرێت كه پێشتر دابینی كردووه(23).
دوای ئه‌وه‌ی شا عه‌بباس ئه‌و قه‌ڵایه ده‌ڕووخێنێ، ته‌نها چه‌ند قوللهیهك و چه‌ند سه‌نگه‌رێكی ده‌وره‌دراو به ڕووبار و چه‌ند پارچه دیوارێك ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام له كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی خوسره‌و پاشا بۆ سه‌ر ئێران (1039ك/1630ز) دووباره دروستكراوه‌ته‌وه(24). هه‌ر له‌كاتی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا (1629-1631)، ڕاوێژكاره‌كانی خوسره‌و پاشا پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه له كۆتایی زستان و سه‌ره‌تای به‌هاردا ڕووباره گه‌وره‌كان هه‌ڵده‌قوڵێن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات گه‌شتنه به‌غدا و گه‌مارۆدانی مومكین نه‌بێت(25)، به هۆی ئه‌وه‌ی ئاویش له ده‌وروبه‌ری به‌غدا هه‌ستابوو، هیچ سوودێك له‌وێ نه‌ده‌بینرا، بۆیه سوپاكه ڕه‌وانه‌ی شاره‌زوور كراوه بۆ لێدان له حاكمی شاره‌بان و ئه‌رده‌ڵان (ئه‌حمه‌د خان)، كه هه‌ڕه‌شه بوو بۆ سه‌ر سوپاكه. قه‌ڵای گوڵعهنبهریش نۆژه‌ن كرایه‌وه و سه‌ربازی لێ دانرا. ئه‌م قه‌ڵایه كرایه مه‌ڵبه‌ندی به‌گله‌ربه‌گی شاره‌زوور و مسته‌فا پاشای ئهرناوتی به والی لێ دامه‌زرێنرا(26). "هامه‌ر" ده‌رباره‌ی ڕووخاندن و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ڵایه ده‌ڵێت: نزیكه‌ی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر -نزیكه‌ی ساڵی 1610- له‌و قه‌ڵایه‌ی كه شا عه‌بباس ڕووخاندی، تا ئێستاش چه‌ند قولله و پارچه دیوارێك به درێژایی ئه‌و ڕووباره ماون كه دیوی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌ی به‌هێز كردبوو. پاشان ئه‌نجوومه‌نێك كۆ بوونه‌وه بۆ ڕاوێژكردن ده‌رباره‌ی توندوتۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه. له ئه‌نجامی ڕاوێژ، گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه: ئه‌گه‌ر دروستكردنی قه‌ڵاكه له‌و شوێنه‌دا سوودی نه‌بووایه، سوڵتان سلێمان دروستی نه‌ده‌كرد، خۆ ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ش نه‌بووبێت بۆ سه‌ر دوژمن، شا عه‌بباس نهیدهڕووخاند، بۆیه بڕیاریان دا دووباره قه‌ڵاكه دروست بكه‌نه‌وه و له ماوه‌ی حه‌وت هه‌فته كاره‌كانی ته‌واو كرا (23ی ڕه‌مه‌زانی 1039/6ی مایسی 1630)(27). له مێژووی "پهچهڤی"شدا قه‌ڵاكه به ناوی "گوڵی ئه‌حمه‌ر" ناو براوه و به مه‌ڵبه‌ندی ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور ناسێنراوه. هه‌روه‌ها باسی له‌وه كردووه كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر قه‌ڵاكه به‌ته‌واوی ڕووخاوه و بووه‌ته لانه‌ی قه‌له‌ڕه‌ش و كونده‌په‌پوو، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك دووباره قه‌ڵاكه دروست كراوه‌ته‌وه و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كاره‌كانی ته‌واو كراوه(28). "ناعیمه" ناوی قه‌ڵاكه‌ی به "كهلگیری" بردووه، كه له دروستكردنی ئه‌و شوێنه‌دا به‌گ و به‌گله‌ربه‌گ و گه‌وره و بچووك كاریان كردووه و خۆیان له قوڕ ناوه. ئه‌وه‌ی له ژیانیدا به‌ردێكی له‌سه‌ر به‌ردێكی تر دانه‌نابوو، له ترسی سه‌رداری ئه‌كره‌م به‌ناچاری كاری كردووه. بۆیه بنیاتێكی خوار و خێچی هه‌بووه و دوای بارانبارین؛ دووباره دهڕووخایهوه، تا ته‌واوكردنی قه‌ڵاكه له‌نێو ئه‌و ناخۆشی و زه‌حمه‌تییه‌دا بوون(29).
خودی خوسره‌و پاشا بایه‌خێكی زۆری به ته‌واوكردنی قه‌ڵای شاره‌زوور (قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر) داوه. قولله و مزگه‌وت و مناره‌كانی به شێوه‌یه‌كی ڕێك ته‌واو كردووه، تۆپ و چه‌ك و تفاق و دانه‌وێڵه‌ی تێدا داناوه، به ئه‌ندازه‌ی پێویست ئێشكگر و پاسه‌وانیشی بۆ دابین كردووه(30).
ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوڵعه‌نبه‌ر و زه‌ڵم:
یه‌كێك له سیاسه‌ته گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی دوای كۆنترۆڵكردنی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، بریتی بوو له "ئیستیمالهت" به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه، كه بریتی بوو له چاودێریكردنی خه‌ڵك و به‌باشی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه كۆنترۆڵكراوه‌كه و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی لێبورده‌یی له بواره‌كانی وه‌ك ئایینی و ئابووری به‌رامبه‌ریان(31). له‌كاتی كۆنترۆڵكردنی شاره‌زووریش، ئه‌و سیاسه‌ته له‌به‌رچاو گیراوه.
له‌دوای كۆنترۆڵكردنی، هیچ كه‌سێك له خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌و شوێنه نه‌مابوون، به‌شێكیان چووبوونه "سێرهای" و به‌شێكی تریان ڕوویان كردبوویه ناوچه‌ی سنووریی "كزڵباش"(32). به‌ڵام بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌زوور، خێرا كاری پێویست ئه‌نجام درا. ئه‌و كاته قه‌ڵای زه‌ڵم و ده‌وروبه‌ری وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور ته‌ماشا كراوه. ئه‌میر خانی به‌گزاده و خاوه‌نی هۆزی "سارهڵو" له ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای زه‌ڵم خانووگهلێكی دروست كردووه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن موراد به‌گه‌وه به ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات ڕاگه‌یه‌نراوه، سه‌ره‌نجام فه‌رمان به به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا كراوه كه له زه‌وییه چۆڵ و ناوچه ڕووخاوه‌كان؛ تیماری پێ بدرێت(33)، به‌وه‌ش "شاسوار سارهڵو"، "بێرك" و "عه‌لی" و كه‌سانی تر له به‌گزاده‌كانی سارهڵو به هۆی كاركردنیان له بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه و كشتوكاڵ، ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای زه‌ڵمیان به تیمار پێ دراوه (23ی سه‌فه‌ری 962ك/17ی كانوونی دووه‌می 1555ز)(34). به هه‌مان شێوه میرعهت به‌گ له نۆكه‌رانی به‌گی ته‌كیه، كه له‌گه‌ڵ هۆزه‌كه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا خه‌ریكی ئاوه‌دانكردنه‌وه بوون، 10 هه‌زار تیماری ئاكچهی پێ دراوه. "بۆبان"ی كهتخودای به‌گی ته‌كیه‌ش كه له كۆنترۆڵكردنی ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای زه‌ڵم ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه و له كه‌ركووكیش موته‌سه‌ڕیفی 20 هه‌زار ئاكچهی تیمار بوو، 10 هه‌زار ئاكچهی پێ دراوه. به هه‌مان شێوه "ئه‌ڵڵا كوڵ‌و"ی كهتخودای به‌گی ته‌كیه كه چووبوویه ده‌وروبه‌ری زه‌ڵم و ڕۆڵی هه‌بوو له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه، 20 هه‌زار ئاكچهی پێ دراوه (23ی سه‌فه‌ر 962ك/17ی كانوونی دووه‌می 1555ز)(35). ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵیان هه‌بووه، وه‌ك خه‌ڵاتێك له باجی كشتوكاڵی به‌خشراون (23ی سه‌فه‌ر 962ك/17ی كانوونی دووه‌می 1555ز)(36).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه كاروباره گرنگه‌كان له‌لایه‌ن به‌گه دامه‌زراوه‌كانی شاره‌زووره‌وه ئه‌نجام ده‌درا، له‌لایه‌ن به‌گله‌ربه‌گی به‌غداشه‌وه یارمه‌تی دابین ده‌كرا بۆ ناوچه‌ی شاره‌زوور كه تازه كۆنترۆڵ كرابوو. بۆ جێگیركردنی پاسه‌وان له قه‌ڵاكانی شاره‌زوور و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه پێویست بوون، به‌غدا هه‌ڵده‌ستا به ئه‌رك سپاردن به كه‌سانی تایبه‌ت (9ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌می 967ك/9ی كانوونی یه‌كه‌می 1559ز)(37). به‌ڵام به‌گی شاره‌زوور به شاهیدیی "زاهید به‌گ" سه‌نجه‌ق به‌گی زه‌نگاباد، نامه‌ی بۆ وه‌لی به‌گ ناردووه و باسی له‌وه كردووه كه: به هۆی نه‌هاتنی مووچه‌وه، سه‌ربازانی قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر په‌رته‌وازه بوون و ژماره‌یان له 161 سه‌ربازه‌وه كه‌م بووه‌ته‌وه بۆ 99 سه‌رباز. هه‌ر چی قه‌ڵای ناوه‌وه‌یه كه 100 سه‌ربازی تێدا بوو، ته‌نها 67 سه‌ربازیان ماونه‌ته‌وه و له قه‌ڵاكه‌دا یه‌ك دڵۆپه ئاو نه‌ماوه. به هه‌مان شێوه قه‌ڵای زه‌ڵمیش هه‌مان كێشه‌ی هه‌بووه. بۆیه له ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكدا، ناتوانرێت به ئه‌ندازه‌ی پێویست به‌رگری بكرێت و دانه‌وێڵه‌ش تیایاندا نه‌ماوه. له‌به‌ر ئه‌وه به‌گی شاره‌زوور دۆخه‌كه‌ی به مه‌ترسیدار داناوه و داوای له وه‌لی به‌گ كردووه خێرا گه‌نمه‌شامی كۆ بكرێته‌وه و كێشه‌ی سه‌ربازان چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆ ئه‌مه‌ش داوا له به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا كراوه فه‌رمانی پێویست ده‌ربكات(38). ئه‌وه‌ش وای كردووه به فه‌رمانێكی توند داوا له بهگلهربگی به‌غدا بكرێت كه دووباره و به‌خێرایی قه‌ڵاكانی شاره‌زوور -مه‌به‌ست لێی قه‌ڵای زه‌ڵم بووه- و گوڵعه‌نبه‌ر نۆژه‌ن بكرێنه‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ست دێت دانه‌وێڵه‌ی بۆ دابین بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ پاساوێك قبووڵ ناكرێت و به‌توندییش سزا ده‌درێت. پرسیاریش له "زاهید به‌ی" سه‌نجه‌ق به‌گی زه‌نگاباد كراوه ده‌رباره‌ی ڕاستی و دروستیی وێرانبوونی ئه‌و قه‌ڵایانه و دۆخی سه‌رباز و دانه‌وێڵه تێیدا و داوای لێ كراوه زانیاریی زیاتریان پێ بدات (14ی ڕه‌بیعی یه‌كه‌می 967ك/ 14ی كانوونی یه‌كه‌می 1559ز)(39). سه‌رباری به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا، به‌گله‌ربه‌گی دیاربه‌كر و حه‌له‌بیش به پاره و سه‌رباز یارمه‌تیی شاره‌زووریان داوه (6ی موحه‌ڕه‌می 972ك/14ی ئابی 1564ز)(40).
قه‌ڵای زه‌ڵم (ڤالم قلعه):
قه‌ڵای زه‌ڵم وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور بووه و زۆر جاریش به ناوی قه‌ڵای شاره‌زوور (شههریزۆڵ) ناوی هاتووه(41).
شاره‌زوور له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا یه‌ك دانه پایته‌ختی نه‌بووه، به‌ڵام له كاتی شه‌ڕه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا له‌پاڵ ئه‌میره‌كانی لیواكه، قه‌ڵای زوڵم هه‌بوو كه توركه‌كان به قه‌ڵای "زاڵم" ناویان بردووه و له شه‌ڕ و گهمارۆكاندا ئه‌و ناوه‌یان به‌كار هێناوه، به‌ڵام وه‌ك ناوی لیوا بوونی نه‌بووه. هه‌ندێ جاریش به شێوه‌ی زوڵم (ڤلم) نووسراوه. ئه‌و ناوه‌ش ناوێكی كۆنه، كه وه‌ك ناوی چیاكه به شێوه‌ی "جبل زلم" به‌كار هاتووه. شاره‌كه‌ش هه‌ر به ناوی ئه‌مه‌وه ده‌ناسرێت. له ئێستادا له‌و ناوچه‌یه هیچ شارێك بوونی نییه به‌و ناوه‌وه، له‌نزیك ئه‌و شوێنه؛ "ئه‌حمه‌د ئاوا" و "خورماڵ" هه‌ن(42).
ئه‌و قه‌ڵایه كه له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێكی ڕێك له‌به‌رده‌م ئه‌شكه‌وتی "ئه‌زره‌ق جادو" بنیات نرابوو، له سه‌رده‌می سوڵتان سلێمان زۆر به‌زه‌حمه‌ت كۆنترۆڵ كراوه(43). هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵانی چوونه ژێر ده‌ستی عوسمانی، نۆژهنكاریی پێویستی بۆ كراوه. به‌ڵام دواتر به‌پێی فه‌رمانێكی نێردراو له (25ی حوزه‌یرانی 1571ز)، به هۆی هه‌بوونی سه‌ربازانی خۆبه‌خش و یه‌نیچه‌ری و ئازاپ له قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر و نه‌بوونی تۆپخانه له‌و شوێنه و دووربوونی قه‌ڵای زه‌ڵم له ئاوه‌دانی و نه‌چوونی هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌وێ، تۆپخانه‌كه‌ی زه‌ڵم گوازراوه‌ته‌وه بۆ قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر(44). بۆیه به تێپه‌ڕبوونی كات، قه‌ڵای زه‌ڵم چۆڵ بووه و له شوێنی ئه‌ودا قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر بووه‌ته مه‌ڵبه‌ند. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌گوێره‌ی وه‌سفی "ئه‌ولیا چه‌له‌بی"، له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1065ك/1655ز، "قه‌ڵای زه‌ڵمی به‌رز": خاوه‌ن مزگه‌وت و خان و حه‌مام و بازاڕه، چوارده‌وره‌كه‌ی شاخاوییه، باخ و باخچه و ئاوی ڕۆشنی هه‌یه و قه‌ڵایه‌كی قوڕینه(45).
له نووسراوێكدا كه مێژووه‌كه‌ی بۆ 29ی جه‌مادی یه‌كه‌می 986ك/3ی ئابی 1578ز ده‌گه‌ڕێته‌وه، باس له‌وه كراوه كه قه‌ڵای زه‌ڵم و پشته‌وه‌ی؛ ته‌نها چل سه‌ربازی پیاده‌ی ساده‌ی هه‌یه، بۆیه بڕیار دراوه 18 سه‌ربازی تیمار كه دوای ڕووخانی قه‌ڵای "نه‌هران" ماونه‌ته‌وه، بنێردرێنه ده‌وروبه‌ری قه‌ڵای زه‌ڵم(46).
قه‌ڵای زه‌ڵم له كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی خوسره‌و پاشادا بۆ سه‌ر ئێران (1039ك/1630ز)، دووباره كۆنترۆڵ كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر كه‌وتووه‌ته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێرانییه‌كان(47).
قه‌ڵای زه‌ڵم به "قه‌ڵای زوڵم"یش ناوی براوه، قه‌ڵاكه له‌نێو دۆڵێكی زۆر سه‌خت و ته‌سكدا بنیات نراوه. له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19دا له شێوه‌ی وێرانه‌یه‌ك شوێنه‌واره‌كه‌ی بینراوه. له دۆڵی قه‌ڵای زه‌ڵمه‌وه، ئاوێكی ڕوون و سارد هه‌ڵده‌قوڵێت، له گوندی گوڵعه‌نبه‌ر و ده‌شتی شاره‌زوور ناوی تاجرود (مه‌به‌ستی تانجه‌رۆیه - وه‌رگێڕ) هه‌ڵده‌گرێت و له كۆتایی ناوچه‌ی شه‌مێراندا ده‌ڕژێته ڕووباری سیروانه‌وه(48).
له كۆتایی ئه‌و دۆڵه‌ی كه له قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ردا باسمان كرد، له‌نێوان شاخه‌كاندا گهروویهك هه‌یه كه به "ئێزراكجاز" و خانووبه‌ره و ئه‌شكه‌وتی "خاڵتی كه‌لام" به واتای ده‌نگی تێكه‌ڵ ناسراوه كه له به‌رده‌میدا و له‌سه‌ر ئاوێك له‌نێوان شاخ و چیای به‌رزدا قه‌ڵایه‌ك هه‌یه كه له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێكی به‌رز بنیات نراوه، به‌و شوێنه ده‌ڵێن "قه‌ڵای زه‌ڵمی به‌رز". له‌نێوان قه‌ڵای زه‌ڵم و گوڵعه‌نبه‌ر، له‌نێو دۆڵه‌كه‌دا له شوێنێكدا كه پێی ده‌ڵێن "قه‌ڵای چه‌رخی زه‌ڵم"، له‌ناو قه‌دی شوێنێكی سه‌خت و به‌رز ئه‌شكه‌وتێكی ڕاست هه‌یه كه له خواره‌وه به‌ردیان تاشیوه و بڕیویانه و پلیكانهیان بۆ دروست كردووه، له چه‌ند شوێنێكیش په‌نجه‌ره‌یان بۆ كردووه‌ته‌وه و ڕووناكیی لێ نابینرێ. شاخه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده تیژه كه لوتكه‌كه‌ی له ئاسماندا ون بووه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئهشكهوتهش، چیایه‌كی تر هه‌یه كه له‌وێدا قه‌ڵای وێرانبووی یه‌زده‌گورد هه‌یه. له‌سه‌روو ئه‌م دوو شاخه‌وه، ئاوێك دێته ده‌ر و به ناوچه‌ی شاره‌زووردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ڕووباری شاره‌زوور له ده‌می ئه‌م دۆڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت(49).
جگه له‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه باس كران، له هه‌ردوو به‌ری دۆڵی قه‌ڵای زه‌ڵمدا ژماره‌یه‌كی زۆر وێرانه ده‌بینرێت كه كیسراكانی ئێران بنیاتیان ناوه، له‌نێو ئه‌و شوێنه‌وارانه‌دا ئه‌شكه‌وتێكی سروشتی هه‌یه كه چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌كی بۆ كراوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ك له چیای شهمێرانیشدا شوێنه‌واری قه‌ڵایه‌كی كۆنی قایم هه‌یه(50).
قه‌ڵای زه‌ڵم له سه‌رده‌می یاڤوز سوڵتان سه‌لیم خان له ساڵی 921ك/1515ز له‌لایه‌ن خانێكی شا ئیسماعیل به ناوی "زاڵم عالی" دروست كراوه، له‌سه‌ر تهختاییهكی فراوان كه هه‌ردوو لای به دار داپۆشرابوو له شێوه‌ی سهرایهكی قایمدا دروست كراوه، به‌ڵام كاتێك سوڵتان سه‌لیم و سوڵتان سلێمانی قانوونی به‌چڕوپڕی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر سه‌فه‌وییه‌كان، ئه‌م قه‌ڵای زاڵم عالیه؛ سهراكهی، دیواره‌كانی قه‌ڵا، قووللهكان و خه‌نده‌قه‌كانی به شێوه‌یه‌كی قایمتر بنیات نراوه. كاتێك سوڵتان سلێمان له ساڵی 941ك/1534ز له كۆنترۆڵكردنی به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه، عوسمان پاشا به 50 هه‌زار سه‌ربازه‌وه ده‌نێرێته سه‌ر ئه‌و قه‌ڵایه، به‌ڵام عوسمان پاشا له‌و شوێنه شه‌هید ده‌كرێت(51).
له كاتی هێرشی سه‌ر نه‌خچه‌وان(52) له ساڵی 960ك/1552-1553ز، دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵته‌جی محه‌مه‌د پاشا ده‌گاته قه‌ڵای زه‌ڵم، سهرۆكهۆزهكانی ناوچه‌كه كلیلی قه‌ڵاكه‌ی ڕاده‌ست ده‌كه‌ن و وابه‌سته‌یی خۆیان به ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نن. به‌م شێوه‌یه به‌ڵته‌جی محەمەد پاشا ژماره‌یه‌ك پاسه‌وان له ناوچه‌كه داده‌نێت و وه‌لی به‌گ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی داده‌مه‌زرێنێت. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای هومایۆنی له هه‌ڵمه‌تی نه‌خچه‌وان، موراد پاشا له شاره‌زوور داده‌مه‌زرێت(53)، به‌و شێوه‌یه قه‌ڵای زه‌ڵم له‌لایه‌ن سوپای عوسمانییه‌وه له كاتی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا كۆنترۆڵ كراوه.
كاتێ سوڵتان سلێمانی قانوونی بۆ هێرشی نه‌خچه‌وان ڕۆیشت، بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی قه‌ڵای شههریزۆڵ یان شاره‌زوور كه له‌ژێر ده‌ستی میره كورده‌كانی پاشكۆی ئێران‌دا بوو له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی كه‌ركووك، عوسمان پاشای والیی به‌غدای ڕاسپاردووه. له‌سه‌ر فه‌رمانی سوڵتان سلێمان، عوسمان پاشا به درێژایی ڕووباری كه‌ركووك-دیاله ڕۆیشتووه تا گه‌شتووه‌ته شاره‌زوور. فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه‌ش؛ سورخاب به‌گی میری ئه‌رده‌ڵان، كه دوای مردنی بێگه به‌گ ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، خۆی له قه‌ڵای زه‌ڵم قایم كردووه و نوێنه‌ری ناردووه‌ته لای شا بۆ داواكردنی یارمه‌تی. شا تههماسپیش قۆڵێكی سوپای به سه‌رۆكایه‌تیی (ئیبراهیم میرزا، به‌در خان، ئه‌میر غه‌یب به‌گ) ناردووه‌ته ناوچه‌كه و عوسمان پاشایان ناچار به پاشه‌كشه كردووه(54). له‌دوای مردنی عوسمان پاشاش، ناوچه‌ی كه‌ركووك و قه‌ڵای زه‌ڵم له‌لایه‌ن به‌ڵته‌جی محه‌مه‌د پاشای والیی به‌غدا گه‌مارۆ دراوه، له ئه‌نجامدا فه‌رمانده‌ی سه‌فه‌وی-كزڵباش، "سورخاب به‌گ" له شه‌وێكدا هه‌ڵدێت و قه‌ڵاكه و قه‌ڵاكانی ده‌وروبه‌ریشی ده‌كه‌ونه ده‌ست والیی به‌غدا (به‌ڵته‌جی محه‌مه‌د پاشا)، هه‌واڵه‌كه‌ش له ڕێكه‌وتی 22ی ئاب 1554ز به سوڵتان سلێمانی قانوونی كه له‌و كاته‌دا له ڕێگای ئه‌رزه‌ڕۆم ده‌بێت، ده‌گه‌یه‌نرێت(55).
هه‌ر چی "ئه‌ولیا چه‌له‌بی"یه، مێژووی كۆنترۆڵكردنی وڵاتی شاره‌زوور و قه‌ڵای زه‌ڵم به ساڵی 962ك/1555ز دیاری ده‌كات(56). ئه‌و قه‌ڵایانه‌ی تر كه له‌گه‌ڵ قه‌ڵای زه‌ڵم كۆنترۆڵ كراون، ئه‌مانه‌ن: قه‌ڵای حاز، قه‌ڵای نوقود، قه‌ڵای پاسكه (پاسكی)، قه‌ڵای شه‌مێران، قه‌ڵای كارنجه(57). له مێژووی "پهچهڤی"دا ئه‌و ناوانه به‌م جۆره‌یه: هاوارا (گوندی هاواری كاكه‌یی نشینی نزیك هه‌ڵه‌بجه - وه‌رگێڕ)، ناكۆت، پاسه‌كه، شهمیهان (شه‌مێران - وه‌رگێڕ)، فه‌ره‌نجه ناویان هاتووه(58). ئینجا میری بانه (پیر محه‌مه‌د شا)، میری سه‌ییاره (میر یوسف)، میری قه‌ڵای بروجه (بوداك به‌گ)، میری ئۆرمان (جیهان شا به‌گ)، به‌پێی ڕێككه‌وتننامه كلیلی قه‌ڵاكانیان ڕاده‌ست كردووه. به‌و شێوه‌یه وڵاتی شاره‌زوور به‌ته‌واوی كه‌وتووه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و داوای كاربه‌ده‌ستیان كردووه، بۆیه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دراوه به موراد به‌گ(59).
ئه‌گه‌رچی "به‌یاتڵی" ده‌ڵێت: ئه‌و ناوچه‌یه به‌بێ خوێن ڕژان كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئیداره‌ی عوسمانی(60)، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه كه پێكدادانی بچووك ڕووی داوه، ئه‌و پێكدادانانه‌ش له سه‌روبه‌ندی سه‌نجه‌ق بهگێتیی بێگه به‌گدا ڕووی داوه، بەزۆرییش له‌نێوان بێگه به‌گ و سوهراب به‌گ بووه، دواتر له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی قه‌ڵای زه‌ڵم؛ له‌گه‌ڵ سوهراب به‌گ و وابه‌سته‌كانی ئێران ڕووی داوه. به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه‌ش هه‌یه كه پێش ڕوودانی ئه‌و پێكدادانانه، شاره‌زوور له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه وه‌ك سه‌نجه‌قێك ڕاگه‌یه‌نرابوو(61). له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌ڕانه‌شدا، فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی عوسمانی له ناوچه‌كه‌دا به‌ته‌واوی جێگیر بووه. به مانایه‌كی گشتگیر: هێرشی نه‌خچه‌وان(62) یاخود به مانایه‌كی وردتر: له ئه‌نجامی شه‌ڕی شاره‌زوور(63)، ئه‌م ناوچه‌یه به‌ته‌واوی كه‌وتووه‌ته ده‌ست ده‌وڵه‌تی عوسمانی، وه‌ك سه‌نجه‌قێك به به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌گوێره‌ی تۆمارێك (28ی شه‌والی 961ك/26ی ئه‌یلوولی 1554ز)، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه موراد به‌گ -وه‌ك له سه‌ره‌وه باس كرا- وه‌ك میری شاره‌زوور نامه‌ی ناردووه(64)، له 25ی شه‌والدا سه‌نجه‌قی شاره‌زوور دراوه‌ته موراد به‌گ، به‌گی مه‌نته‌شه و هه‌واڵه‌كه‌ش به به‌گله‌ربه‌گی به‌غدا ڕاگه‌یه‌نراوه (ڕێكه‌وتی تۆمار 29ی شه‌والی 961ك/27ی ئه‌یلوولی 1554ز)(65). قه‌ڵای شاره‌زوور و قه‌ڵاكانی تری ناوچه‌ی شاره‌زووریش كۆنترۆڵ كراون. ته‌نانه‌ت بهیازهدینی ئه‌فسه‌ری ده‌رگاهی عالی كه بۆ كارێكی گرنگ چووه‌ته به‌غدا، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یدا هه‌واڵی كۆنترۆڵكردنی قه‌ڵای زه‌ڵم و چه‌ند قه‌ڵایه‌كی تری هێناوه‌ته‌وه، به هۆیه‌وه تیمارهكهی به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ پێنج هه‌زار ئاكچه (3ی زیلقیعدهی 961ك/30ی ئه‌یلوولی 1554ز)(66).
له ڕۆژی (26ی شه‌والی 961ك/4ی تشرینی یه‌كه‌می 1554ز)دا، میری "باجڤانلی" به‌شداریی كۆنترۆڵكردنی قه‌ڵای زه‌ڵمی نه‌كردووه و له شوێنی ئه‌ودا به‌گی پێشوو؛ دلاوه‌ر به‌گ هێنراوه‌ته سه‌نجه‌ق بهگهكه(67). جگه له‌وه چه‌ند مه‌ڵبه‌ندێكی تری گرنگ كراونه‌ته سه‌نجه‌ق و دراوه‌ته موتهسهڕیفهكانی پێشوو. بۆ نموونه میر جیهان شای موته‌سه‌ڕیفی قه‌ڵای ئوربان، ناوچه‌كه‌ی خۆی پێ ده‌درێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی ده‌كرێته سه‌نجه‌ق(68)، هه‌روه‌ها پێگه‌ی شه‌هری بازاڕیش (شارباژێڕ - وه‌رگێڕ) به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ سه‌نجه‌ق و دوای مردنی ئیبراهیم به‌گی باوكی، سه‌نجه‌قه‌كه ده‌درێته‌وه موته‌سه‌ڕیفی شه‌هر بازاڕ (هه‌مزه به‌گ) (6ی زیلقیعدهی 961 ك/2ی تشرینی یه‌كه‌می 1554ز)(69). حه‌سه‌ن چاوش كه له قه‌ڵای زه‌ڵم خزمه‌تی كردووه، تیمارهكهی زیاد كراوه (6ی زیلقیعدەی 961ك/2 تشرینی یه‌كه‌می 1554ز)(70). له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا قه‌ڵای زه‌ڵم مه‌ڵبه‌ندی میرنشین بووه، بۆیه ڕێكه‌وتی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و قه‌ڵایه وه‌ك ڕێكه‌وتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌زوور له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه قبووڵ كراوه.
ئه‌ولیا چه‌له‌بی گه‌ڕیده‌ی توركیش كه له ساڵی (1065ك/1655ز)دا به ناوچه‌كه‌دا تێپه‌ڕێوه، باسی قه‌ڵای زه‌ڵمی كردووه(71)، هه‌ر چی ده‌شتی قه‌ڵای زه‌ڵمی عالیه، ئه‌وا یه‌ك ڕۆژ ڕێگا له چیای "ئه‌ڵوه‌ند"ه‌وه دووره(72).
قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر:
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19دا قه‌ڵای گوڵعه‌نبه‌ر ببوو به وێرانه‌یه‌ك، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له مزگه‌وته‌كه‌ی گوندی گوڵعه‌نبه‌ردا هێشتا په‌رستش و خوێندن هه‌بووه، به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان مزگه‌وته‌كه له‌لایه‌ن سوڵتان سلێمانی قانوونییه‌وه دروستكراوه(73).
ئه‌و ساڵانه‌ی كه محه‌مه‌د خورشید پاشا وه‌ك نوێنه‌ری عوسمانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دیاریكردنی سنووری عوسمانی-ئێرانی به ناوچه‌كه‌دا گه‌ڕاوه (1848-1852)، ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور بریتی بووه له شاری كه‌ركووك، كه كه‌وتبووه نێوان ئێران، به‌غدا، هه‌كاری، ڕووباری دیجله و موسڵ. له قه‌زاكانی كه‌ركووك و هه‌ولێر و سهنجهقهكانی كۆیه و سلێمانی و ڕه‌واندز و هه‌ریر پێك هاتبوو. هه‌ر چه‌نده له‌ژێر چاودێریی والییه‌كانی به‌غداشدا بووبێت، به‌ڵام ئه‌یاله‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووه. ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه له‌نێو ویلایه‌ته‌كه‌دا به شاره‌زوور ناسراوه و ناوی ئهیالهتهكهش له‌وه‌وه هاتووه، بریتی بووه له‌و شوێنه‌ی كه قه‌زاكانی گوڵعه‌نبه‌ر و ئهڵهبجەی له‌خۆگرتووه(74). كاتێكیش ده‌گه‌ینه سه‌رده‌می كۆتایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، "عه‌لی جه‌واد" ناوی گوڵعه‌نبه‌ر وه‌ك قه‌زایه‌ك ده‌هێنێت(75).
له كۆتایی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، عێراق له سێ ویلایه‌تی (به‌غدا، موسڵ، به‌سڕه) پێكهاتبوو، شاره‌زووریش به موسڵ (ویلایه‌تی موسڵ 1879 دروست كرا - وه‌رگێڕ) به‌سترابوویه‌وه. شاره‌زوور كه ماوه ماوه گۆڕانكاری به‌سه‌ر سنووره‌كه‌یدا ده‌هات، له كه‌ركووك و سلێمانی پێك هاتبوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا شاری كه‌ركووك به ناوی لیوای شاره‌زوور (ساڵی 1893 ناوی لیوای شاره‌زوور گۆڕا به لیوای كه‌ركووك - وه‌رگێڕ) نێوبراوه، پاشان به ناوی لیوای كه‌ركووك به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ جیا كراوه‌ته‌وه، واته له یه‌ك كاتدا لیوای كه‌ركووك و لیوای سلێمانی به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بوونیان هه‌بووه. قه‌زاكانی كه‌ركووكیش بریتی بوون له: ڕه‌واندز، هه‌ولێر، سه‌ڵاحیه (كفری)، كۆیسهنجهق، ڕانیه. كارگێڕییهكهشی به ڕێژه‌یه‌كی زۆر وابه‌سته‌ی به‌غدا بووه. هه‌ر چی قه‌زاكانی لیوای سلێمانییه، ئه‌مانه بوون: گوڵعه‌نبه‌ر، بازیان، شه‌هر بازاڕ، قه‌ره‌داغ، مه‌رگه، جاف. ئه‌و قه‌زایانه زۆر گۆڕاون. لیوا یه‌كه‌یه‌كی كارگێڕیی نوێ بووه و وابه‌سته‌ی به‌غدا بووه. جێی خۆیه‌تی كه بڵێین سلێمانی له ساڵی 1267ك/1850-1851ز بووه‌ته لیوا(76).
له ساڵانی 1333-1334ك/1915-1916ز شاری سلێمانی، جگه له قه‌زای ناوه‌ند، پێك هاتبوو له قه‌زاكانی: گوڵعه‌نبه‌ر، مه‌عموره‌تولحه‌مید، بازیان، شه‌هر بازاڕ. موتهسهڕیفهكهشی مه‌نسوور عه‌بدولسه‌مه‌د به‌گ بووه. له شاره‌كه‌دا قازی، موحاسیبچی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌حریرات (نامه‌نووسی فه‌رمی)، موفتی، سه‌رۆكی سزای سه‌ره‌تایی، داواكاری گشتی، چوار نوێنه‌ر، دوو مولازمی ئه‌ندام، لێپرسه‌ره‌وه (محقق)، فه‌رمانده‌ی فه‌وجی جه‌ندرمه، فه‌رمانبه‌ری ده‌فته‌ری خاقانی، فه‌رمانبه‌ری ئه‌وقاف، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته و ته‌له‌گراف هه‌بووه(77).
ده‌رئه‌نجام
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه قه‌ڵاكانی گوڵعه‌نبه‌ر و زه‌ڵمی له‌خۆ گرتووه، دوای ئه‌وه‌ی كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، شوێنێكی گرنگیان له ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور داگیر كردووه، به‌تایبه‌تییش تا سه‌ده‌یه‌ك دوای كۆنترۆڵكردن، قه‌ڵاكانی گوڵعه‌نبه‌ر و زه‌ڵم مه‌ڵبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌یاله‌تی شاره‌زوور بوون. هه‌ر چه‌نده دواتر كه‌ركووك وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی ئهیالهتهكه دێته پێشه‌وه و دوو قه‌ڵاكه سیفه‌تی مهڵبهندێتیی شاره‌زوور له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام وه‌ك دوو ناوچه‌ی ئاوه‌دان و سه‌رسنوور شوێنێكی ستراتیژییان هه‌بووه و به‌و هۆیه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، هه‌موو كات به گرنگی و بایه‌خه‌وه ماونه‌ته‌وه. ئه‌و دوو قه‌ڵایه ناوبه‌ناو نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه و به تێپه‌ڕبوونی كاتیش نه‌ماون. له سه‌رده‌می ئێستادا ئه‌و دوو قه‌ڵایه هیچ ناوچه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردن پێك ناهێنن (وێرانبوون)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانرێ ئه‌وه‌یه، كه شوێنه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته نزیك هه‌ڵه‌بجه و خورماڵ و ئه‌حمه‌دئاوا.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
(1) el-Hamevî, 1957, C. 3, s. 375.
(2) Kâtip Çelebi, 2009, s. 445, Mehmet Hurşit Paşa, s. 179, Şerafeddin Han, 2009, C. 1, s. 123, Ali Cevad, C. 2 s. 487,488.
(3) Kâtip Çelebi, s. 445.
(4) Kâtip Çelebi, s. 445.
(5) BOA, MHM 2, h.224.
(6) BOA, MHM 2, h.2024.
(7) Mehmet Hurşit Paşa, s. 169.
(8) BOA, MHM 6, h.1321.
(9) BOA, MHM 6, h.1460.
(10) BOA, MHM 6, h.1242.
(11) BOA, MHM 7, h.268.
(12) BOA, MHM 7, h.319.
(13) BOA, MHM 7, h.2333.
(14) BOA, MHM 14, h.675.
(15) BOA, MHM 14, h.69.
(16) BOA, MHM 6, h.129.
(17) BOA, MHM 22, h.666.
(18) BOA, MHM 23, h.557.
(19) BOA, MHM 16, h.415.
(20) BOA, MHM 32, h.469.
(21) BOA, MHM 34, h.600.
(22) BOA, MHM 34, h.611.
(23) BOA, MHM 53, h.574.
(24) Hammer, 1335, C.9, s. 113.
(25) Naîmâ 2007, C. 2, s. 652.
(26) Uzunçarşılı, C. III, s. 168-169.
(27) Hammer, 1335 C. 9, s. 113.
(28) Peçevi, C. II, s. 386.
(29) Naîmâ 2007, C. 2, s. 656.
(30) Naîmâ, 2007, C. 2, s. 661.
(31) Mücteba İlgürel, C. 23, s. 362.
(32) BOA, MHM 1, h.1121.
(33) BOA, MHM 1, h.1117.
(34) BOA, MHM 1, h.1121,1126,1128.
(35) BOA, MHM 1 , h.1119,1120,1122.
(36) BOA, MHM 1, h.1123.
(37) BOA, MHM 3, h.605.
(38) BOA, MHM 3, h.617.
(39) BOA, MHM 3, h.618,619.
(40) BOA, MHM 6, h.12,13.
(41) BOA, MHM 6, h.12, 13.
(42) Abbas el-Azzâvî, Şehrizor es-Süleymaniye (el-Livâ vel-Medîne), s. 162.
(43) Hammer, 1335 C.9, s. 113.
(44) BOA, MHM 10, h.102, 14/69.
(45) Eyliyâ Çelebi, 2001, C. 4, s. 302.
(46) BOA, MHM 35, h.277.
(47) Eyliyâ Çelebi, 2001, C. 4, s. 348.
(48) Mehmet Hurşit Paşa, s. 179-180.
(49) Kâtip Çelebi, s. 446; Naîmâ, 2007, C. 2, s. 655; Hammer, 1335 C. 9, s.11; Şerafeddin Han, 2009, C. 1, s. 123-124.
(50) Mehmet Hurşit Paşa, s. 180.
(51) Eyliyâ Çelebi, 2001, C. 4, s. 302.
(52) Parmaksızoğlu, 1973, s. 225.
(53) Bayatlı, s. 44; Parmaksızoğlu, 1973, s. 195.
(54) Kılıç, 2006, s. 320.
(55) Kılıç, 2006, s. 342, Solakzade s. 530-531, Peçevi, C. I, s. 231.
(56) Eyliyâ Çelebi, C. 1, 2006, s. 95.
(57) Solakzade, h. 1298, s. 530.
(58) Peçevi, C. I, s. 231.
(59) Solakzade, h. 1298, s. 531.
(60) Bayatlı, s. 44.
(61) Parmaksızoğlu, s. 220.
(62) Parmaksızoğlu, s. 225.
(63) BOA, MHM 1, h.1385, MHM 2, h.1643.
(64) BOA, MHM 1, h.267.
(65) BOA, MHM 1 , h.298.
(66) BOA, MHM 1, h.358.
(67) BOA, MHM 1, h.396.
(68) BOA, MHM 1 , h.397.
(69) BOA, MHM 1 , h.398.
(70) BOA, MHM 1 , h.364,380.
(71) Eyliyâ Çelebi, C. 4, s. 169.
(72) Eyliyâ Çelebi, C. 4, s. 211.
(73) Mehmet Hurşit Paşa, s. 179.
(74) Mehmet Hurşit Paşa, s. 178.
(75) Ali Cevad, C. 2, s. 487, 488.
(76) Abbas el-Azzâvî, 1955, C. 7, s. 168-169.
(77) Salnâme-i Devlet, 1334, s. 701-702.
لیستی سه‌رچاوه‌كان
1- به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌رشیڤی عوسمانی:
Mühimme Defteri 1, Hüküm 267, 298, 358, 364, 380, 396, 397, 398, 1117, 1119,
1120, 1121, 1122, 1123, 1126, 1128, 1385
Mühimme Defteri 2, Hüküm 224, 1643, 2024
Mühimme Defteri 3, Hüküm 605, 617, 618, 619
Mühimme Defteri 6, Hüküm 12, 13, 129, 1 242, 1321, 1460
Mühimme Defteri 7, Hüküm 268, 319, 2333
Mühimme Defteri 10, Hüküm 102
Mühimme Defteri 14, Hüküm 69, 675
Mühimme Defteri 16, Hüküm 415
Mühimme Defteri 22, Hüküm 666
Mühimme Defteri 23, Hüküm 557
Mühimme Defteri 32, Hüküm 469
Mühimme Defteri 34, Hüküm 600, 611
Mühimme Defteri 35, Hüküm 277
Mühimme Defteri 53, Hüküm 574
2- كتێب و توێژینه‌وه‌كان:
Abbas el-Azzâvî, Târîhul-Irâk Beynel-İhtilâleyn, Bağdat, 1955, C. 7, s. 168-169
Abbas el-Azzâvî, Şehrizor es-Süleymaniye (el-Livâ vel-Medîne), Bağdat, 1420
(2000m.)
Ali Cevad, Memâlik-i Osmâniyenin Tarih ve Coğrafya Lügatı, C. 2
Eyliyâ Çelebi, Evliyâ Çelebi Seyahatnamesi, Haz. Yücel Dağlı, Seyit Ali
Kahraman, C. 4, YKY, İstanbul, 2001
Hammer, Devlet-i Osmâniye Tarihi, Mütercimi Muhammed Ata, İstanbul, 1335, C. 9
İsmail Hakkı Uzunçarşılı, Osmanlı Tarihi, TTK yayınları, Ankara, C. 3
İsmet Parmaksızoğlu; “Kuzey Irakta Osmanlı Hakimiyetinin Kuruluşu ve Memun
Beyin Hatıraları”; Belleten, C.37. s. 200-201, Ankara, 1973
Kâtip Çelebi, Kitâb-ı Cihannümâ, TTK, Tıpkıbasım, Ankara, 2009
Mehmet Hurşit Paşa, Seyahatname-i Hudut, Çev. Alâattin Eser, Simurg Yayınevi,
İstanbul, 1997
Şerafeddin Han, Şerefname, Çev. Celâl Kabadayı, Yaba Yayınları, İstanbul, 2009, C. 1
Müctebâ İlgürel, İstimâlet; TDV. İslam Ansiklopedisi, C. 23, İstanbul, 2001
Naîmâ Mustafa Efendi, Târih-i Naîmâ (Ravzatül-Hüseyn fî Hulâsati AhbârilHâfikayn), Çev. Mehmet İPŞİRLİ, Türk Tarih Kurumu, C. 2, Ankara, 2007
Nilüfer Bayatlı; “Kuzey Irakta Şehrizor (Süleymaniye) ve Osmanlı Hakimiyeti”;
Türk Dünyası Tarih Dergisi, Sayı 205
Peçevî İbrahim Efendi, Peçevî Tarihi, Haz. Prof. Dr. Bekir Sıtkı Baykal, Kültür
Bakanlığı, C. I, Ankara, 1992
Peçevi İbrahim Efendi, Peçevi Tarihi, Haz. Bekir Sıtkı Baykal, Kültür ve Turizm
Bakanlığı Yayınları, C. II, İstanbul, 1981,
Remzi Kılıç; Kanuni Devri Osmanlı-İran Münasebetleri (1520-1566), IQ Kültür
Sanat Yayıncılık, İstanbul, 2006
Salnâme-i Devlet-i Aliyye-i Osmâniye 1333-1334, 68. Sene, Dersaâdet, 1334
Solakzade Mehmed Hemdemi Çelebi, Solakzade Tarihi, Mahmut Bey Matbaası,
İstanbul, h. 1298 (1880 m.)
Yâkut el-Hamevî, Mu‘cemul-Buldân, Dâru Sâdır ve Dâru Beyrut, Beyrut, 1957, C. 3