بتەکانی مێژوونووسیی کوردیی
بتەکانی مێژوونووسیی کوردیی
  2025/11/24     61 جار بینراوە    


د. کامەران محەمەد

پێشەکی

لەوکاتەوە کە مێژوونووسی ئەڵمانی (لیۆپۆڵد ڤۆن ڕانکە) لەژێر کاریگەریی (هامبولد) لە سەدەی نۆزدەهەمدا هەوڵی دامەزراندنی بنەڕەتەکانی میتۆدی توێژینەوەی مێژوویی نوێی دا[1]، ئەوەی کە بە (میتۆدی مێژووی سیاسی) ناسراوە، زیاتر دەرکەوت، کە سەرنجی لەسەر زنجیرەی ڕووداوە گەورەکان و داستانە جەنگییەکان و ململانێی سەرکردە و دەستەبژێرەکان چڕکردووەتەوە. لەو ناوکۆیەدا حەزێکی بەهێز بۆ نووسینی مێژوو لە (سەرەوە)، واتە لە پێگەی دەسەڵات و بڕیاردانەوە، نەک لە پێگەی کۆمەڵگە و گرووپەکانەوە دروست بوو. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هزری ناسیۆنالیستی لە دەرەوەی ئەوروپا، سەرکردە و ڕێبەرەکان بۆ سیمبول گەلێکی نیمچە پیرۆز گۆڕان. مێژووش بە دەوری ژیاننامە و دەستکەوت و بڕیارەکانیان دەسوڕایەوە.

بەڵام هەر زوو ئەم ڕەوتە ڕووبەڕووی ڕەخنەی میتۆدۆلۆژی و فەلسەفی بەرچاو بوویەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەو کۆمەڵناس و بیرمەندانەوە کە داوای تێپەڕاندنی (بتەکان)ی مێژوونووسانیان دەکرد. یەکێک لە دیارترینیان کۆمەڵناسی فەرەنسی (فرانسوا سیمیاند) بوو، لە ساڵی 1903 لە كۆنفرانسی (سۆسیۆلۆژیای مێژوویی مۆدێرن) بابەتی (میتۆدی مێژوویی ‌و زانستە كۆمەڵایەتییەكان)ی پێشكەشكرد ‌و لە هەمان ساڵدا لە گۆڤارەكەی (هێنری بیر)دا بڵاویكردەوە، کە توێکارییەکی بۆ سێ (بت) خستەڕوو، کە بەلای ئەوەوە مێشکی مێژوونووسانیان کۆنتڕۆڵ کردبوو، ئەوانیش بتەکانی (ڕووداو، کرۆنۆلۆژیا و تاک) بوون[2].

بەڵام هێشتا لە توێژینەوە مێژووییەکاندا، باڵادەستییەکی ڕوونی ئەو میتۆدە نەریتییە هەیە، کە مێژوو لە سێ ڕەگەزی بنەڕەتیدا قەتیس دەکات، لە یەکەم نیگادا جودا دەردەکەون، بەڵام لەڕاستیدا پێکەوە سیستەمێکی مەعریفی پێکداچوو و تەواو پێکدەهێنن، ئەوانیش بریتیین لە (مێژووی ڕووداوە سیاسییەکان)، کە سەرنج لەسەر ڕووداوە سیاسییە گەورەکان چڕ دەکاتەوە و (بەدوایەکدا هاتنی زەمەنی - کرۆنۆلۆژیا)، کە ئەم ڕووداوانە بەپێی ڕیزبەندییەکی توند ڕێکدەخات و (مێژووی تاک یان سەرکردە) کە وەک بزووێنەرێکی بنەڕەتی و جەمسەرێکی مێژوویی لێی دەڕوانرێت.

ئەم (سێگۆشەیەی مێژوونووسیی) تەنها ئامراز و میتۆدگەلێکی سادە نین، بەڵکوو لە زۆرێک لە ناوکۆکاندا، لەوانەش توێژینەوە مێژووییە کوردییەکان، بوونەتە (سێگۆشەیەکی هەژمووندار)، کە فۆرمی گێڕانەوەی مێژوویی بەڕێوەدەبەن و فرەیی ڕاڤە و شیکردنەوە سنووردار دەکەن و گێڕانەوەگەلێک بەرهەم دەهێنن، کە وا نیشان دەدەن، مێژوو پانتاییەکە تەنها بۆ ئەو ڕووداوە سیاسییانەی کە چەند تاکێکی دیاریکراو لە چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراودا دروستیانکردووە.

لە زەمینەی مێژوونووسیی کوردیدا، ئەم مۆدێلە مێژووییە ڕانکەییە بەشێوەیەکی نیمچە (حەرفی) وەرگیرا، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنی بزووتنەوەی چەکداریی و (نەتەوەیی) کوردیی. بۆیە مێژووی کورد- چ لە میتۆدە ئەکادیمی، یان ئەدەبیاتە سیاسی، یان تەنانەت لە گوتاری جەماوەریدا- بەدەوری ئەو شێگۆشەیەدا سوڕاوەتەوە.

ئەم نووسینە ئامانجی شیکردنەوەی ئەم حەزە شکۆمەندکەرەی ئەو سێگۆشەیەیە، کە وەک بتگەلێک کە بەسەر هزر و ئەندێشەی مێژوونووسی کورددا زاڵبووە. لە ڕێگەی ئەم ڕەخنەگرتنەشەوە تیشک دەخەینە سەر کاریگەریی میتۆدۆلۆژی و مەعریفی ئەم بەناوەندکردنە، دواتر وەک نموونەیەکی ڕوون بۆ ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکانی (مۆدێلی ڕووداویی نەریتیی) دەیخەینەڕوو، ئەویش لە ڕوانگەی ئەڵتەرناتیڤ گەلێکەوە، واتە لە ڕێگەی میتۆدەکانی مێژووی کۆمەڵایەتی و مایکرۆمێژوو و مێژووی ژیانی ڕۆژانەوە و ... تاد.

 

یەکەم: بتی مێژووی سیاسی

 مێژوونووسیی کردارێکی بێلایەن نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی هەڵبژاردن گەلێکی دیاریکراوە، چی لەخۆدەگرێت، چی دەردەکرێت و بەهاش بە چی دەدرێت. لە مێژوونووسیی کوردییدا، ئەم هەڵبژاردنانە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت و لایەنێکیان زیاتر بەسەر لایەنەکانی دیکەدا زاڵ کراوە، ئەویش مێژووی سیاسییە. هەر لە دروستبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردییەوە هەتا دەگاتە گوتاری ئەکادیمیی هاوچەرخ، (ڕووداوە سیاسییەکان)، (سەرکردایەتی)، (ڕاپەڕین و جوڵانەوە چەکدارییەکان) و (پەیماننامەکان) و (کاریگەرێتی ڕێکەوتنامەی نێوان زلهێزەکان و دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان لەسەر کورد و کوردستان) خانەی یەکەمی ئەندێشە و بیرکردنەوەی مێژوویی کوردیان داگیرکردووە[3]. هەرچەندە ئەم سەرنج چڕکردنەوەیە ڕەنگە لەژێر سایەی سەرکوتی سیاسی هەمیشەیی و نەبوونی دەوڵەتدا بیانوو، یان بەشێک لە ڕەوایەتی هەبێت، بەڵام ئەوە ناشاردرێتەوە، کە بووەتە هۆی پەراوێزخستنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی (ئەزموونی مێژوویی)، وەک (مێژووی کۆمەڵایەتی) و (مێژووی کەلتووری) و (مێژووی ژن) و (مێژووی هەستەکان) و (مێژووی ژیانی ڕۆژانە).

لێرەدا هەوڵدەدرێت، ئەوە نیشان بدرێت، کە چۆن تەرکیزکردن لەسەر مێژووی سیاسی ڕوانگەیەکی تەسک و هەندێکجاریش ئایدیۆلۆژیی بۆ ڕابردووی کورد بەرهەمهێناوە، ئەمەش وایکردووە، کە مەحاڵ بێت بەتەواوی گوزارشت لە ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکرێت.

چەقبوونی مێژووی سیاسی لە مێژوونووسیی کوردیدا

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە مێژوونووسیی کوردیی لە خولگەی (ڕاپەڕینە خێڵەکی) و (جوڵانەوە چەکداریی و بنەماڵەییەکان) و (سەرکردەکان)دا دەخولێتەوە. لەم گێڕانەوەیەدا مێژووی کورد دەبێتە زنجیرەیەکی بێکۆتایی لە ململانێ و خیانەت و دەربەدەریی و بەرخۆدان. ڕاستە کە ئەم ڕووداوانە جەمسەریین، بەڵام هەموو شتێک نین.

مێژووی سیاسی، وەک ئەوەی لە توێژینەوە کوردییەکاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک ئامرازێک بۆ (تێگەیشتنی ڕەخنەگرانە) کارناکات، بەڵکوو بەزۆری بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی شوناسی نەتەوەیی. قارەمانێتی گەورە دەکرێت، ئازارەکان پیرۆز دەکرێن و یادەوەریی بەکۆمەڵ لە دەوری یەک گێڕانەوەدا بونیاد دەنرێت، ئەویش ستەمدیدەیی (مظلومية) پاڵەوانێتییە[4]. ئەمەش مێژوو دەکاتە هێڵێکی کاتیی پیرۆز، کە لە گریان و پیرۆزکردندا نغرۆ دەبێت، نەک بوارێک بۆ شیکاریی و تێگەیشتن.

 پەراوێزخراو و بێدەنگ کراوەکان

ئەم تەرکیزکردنە سیاسییە بەشێوەیەکی سیستماتیک، ڕووبەرە فراوانەکانی ژیانی کوردەواریی لە مێژوونووسییدا دەخاتە دەرەوە، واتە مێژووی ژنی کورد لە دەرەوەی چەند ژنێکی دیاریکراوی بنەماڵە فەرمانڕەواکان لە کوێدایە؟ کوا مێژووی کار، پەروەردە، شار، گوندنشینی، خێزان، هونەر، مۆسیقا، خواردن، جلوبەرگ و سرووتەکان؟ کوا دەنگی جووتیاران و هەژاران و ئاوارە و برسی و نەخوێندەوارەکان؟

مێژووی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی پرسیارگەلێکی جیاواز دەورووژێنێت، وەک: کوردەکان چۆن ژیاون؟ چۆن خۆشەویستییان کردووە و گریان و سەما و پەرستش و پەروەردەکردنیان چۆن بووە؟ (نەریتە زارەکییەکان) لە ئامادەنەبوونی ئەرشیفێکی فەرمیدا چۆن یادەوەرییانی پێکهێناوە؟ ئەم پرسیارانە شتگەلێکی زیادە نین، بەڵکو پشکداریی لە ڕەنگاوڕەنگ کردن و پیشاندانی وێنەیەکی واقیعیتری کۆمەڵگەی کوردیدا دەکەن. بەڵام هەتا ئێستاش جگە لە چەند کارێکی کەم هەر بەدەست لێنەدراوی ماوەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی هەژموونی سیاسەت و مێژووی سیاسی بەسەر گوتاری ئەکادیمی کوردیدا.

بەرەو فرە میتۆدیی

مێژوونووسانی کورد بۆئەوەی لەم بازنە داخراوە ڕزگاریان بێت، دەبێت ئامرازگەلێکی میتۆدۆلۆژیی فرەییتر بگرنەبەر. توێژینەوەکانی مێژووی ژن، مێژووی منداڵ، ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناسی مەعریفە و مێژووی هەستەکان و ... تاد، ئەو بوارانەن کە دەتوانن مێژووی کوردی لە داخراوی ڕزگار بکەن. دەبێت لە ئاهەنگەکانی هاوسەرگیریی و زەماوەند و پرسەکان بکۆڵینەوە، هەروەک چۆن لە شۆڕشەکان دەکۆڵینەوە، دەبێت بۆ ئاشکراکردنی ڕیشە مێژووییەکان لە گۆرانی و پەندە باوەکان بکۆڵینەوە، وەک چۆن وتاری سەرکردەکان شیدەکەینەوە. تەنها ئەم فراوانکردنە دەتوانێت مێژوو لە گێڕانەوەی تەسکەوە بۆ فەزای تێگەیشتن بگوازێتەوە.

لە مێژوو پەرستییەوە بۆ پرسیارکردن لێی

مێژوونووسیی کوردیی بەگشتی نەک ڕەهایی، بەداخەوە، بە وردی ئەم میتۆدە بەرجەستە دەکات. بەشێوەیەک لە شێوەکان سیاسەتمەداران بە خودا دەکات، جەنگەکان دەکاتە ساتەوەختی پیرۆز و مێژوو وەک هێڵی کاتیی بەدەر لە دژایەتییەکان دەخاتە ڕوو. بەم شێوەیە یادەوەری بۆ سرووتێکی دووبارەبووەوە دەگۆڕێت. واتە لێرەدا چیتر مێژوونووسیی کردەیەکی ڕەخنەیی نییە، بەڵکوو دەبێتە پەرستشێک بۆئەوەی کە دەبێت لە بنەڕەتدا لێپرسینەوەی لێبکرێت و هەڵبوەشێنرێت.

دەبێت مێژوونووس پەی بەو ڕاستییە ببات، کە مێژوو پەرستگایەک نییە پەرستنی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵکوو تاقیگەیەکە بۆئەوەی تاقیکردنەوە و پرسیاری تێدا گەڵاڵە بکرێت. کاتێک مێژوو لە سیاسەتدا کورت دەکرێتەوە، ئەوا لە ئاڵۆزیی و فرەیییەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەربۆیە ئەرکی ڕاستەقینەی مێژوونووسانی کورد لە ئەمڕۆدا جوانکردن، یان شکۆمەندکردنی ڕابردوو نییە، بەڵکوو دەرخستنی چین و توێژەکانییەتی: لە ژنانەوە بۆ پەراوێزخراوەکان، لە سرووتەکانەوە بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

وەک سیمیاند زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر گووتی دەبێت مێژوو لە بتەکانی ڕزگار بکرێت و بکرێتە زانستێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە، نەک گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی بە تەنها[5]. واتە تەنها ئەو کاتە مێژووی کورد دەتوانێت ببێتە ڕەنگدانەوەی واقیع، نەک لە ئەفسانەیەکدا قەتیسی بکەیت.

 

دووەم: بتی مێژووی تاک

هەرکەسێک بەرهەمەکانی ڕانکە بخوێنێتەوە، تێبینی ئەوە دەکات، کە گرنگییەکی گەورەی بە بەڵگەنامە فەرمییەکان و ڕاپۆرتە حکومییەکان و نامە فەرمییەکانی نێوان پاشا و سەرۆک و دیپلۆماتکاران داوە، کە هەموو ئەمانە سەرچاوە گەلێکن، تیشک دەخەنە سەر (بڕیاردەرەکان) وەک پاڵەوانی ڕاستەقینەی مێژوو. لێرەوە بابەتی (پاڵەوانی تاک) لە مێژوودا بەشێوەیەکی میتۆدیی چەسپێنرا، کە دواتر بۆ شکۆمەندکردنی ئەو کەسایەتیانە گۆڕا، کە بە بەرپرسیاری جوڵاندنی بزووتنەوەی مێژوو دانران.

 مێژوونووسیی کوردیش، لە زۆرێک لە دەرکەوتەکانیدا، لە دەوری بەخوداکردنی تاکی سەرکردەدا دەخولێتەوە و دەیکاتە چەقی هەموو گۆڕانکارییەک و دەسپێکی هەموو جوڵانەوە و ڕاپەڕینێک و کۆتایی هەموو ڕووداوێک. کاتێک باس لە خەباتی کوردی دەکرێت، ڕاستەوخۆ ناوی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ مەحمودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی شکاک و شێخ ڕەزای دەرسیم و قازی محەمەد و مستەفا بارزانی و جەلال تاڵەبانی، عەبدولڕەحمان قاسملو و عەبدوڵڵا ئۆجالان دێن، وەک ئەوەی مێژوو بەرجەستەکردنی ژیانی کەسیی ئەوان بێت، نەک هەوڵدانێکی دەستەجەمعی یان گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و کەلتووریی.

ئەم شێوە لە کاریگەرێتی قووڵی میتۆدی توێژینەوەی مێژوویی نەریتی لیۆپۆڵد ڤۆن ڕانکە جیا ناکرێتەوە، کە پێیوابوو مەبەستی مێژوو (دەرخستنی ئەوەیە کە واقیع و شتەکان چۆن بوون)[6]بخرێنەوە ڕوو، ئەویش لە میانەی شوێنپێهەڵگرتنی بڕیارەکانی پاشا و دیپلۆماتکار و سەرکردە سیاسییەکان. سەرەڕای تێپەڕبوونی سەدە و نیوێک زیاتر بەسەر سەرهەڵدانی ئەم میتۆدە، بەڵام زۆرێک لە مێژوونووسانی کورد هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ڕەمزی ئەودا ماونەتەوە، کە پێیانوایە مێژوو لە سەرەوە نەبێت، بونیاد نانرێت و تەنها لە ڕێگەی تاکەکانەوە شیاوی تێگەیشتنە.

ئەم نووسینە ئامانجی ڕەخنەگرتنە لەم بتە- بتی تاک- لە مێژوونووسی کوردیدا، واتە تیشک دەخاتە سەر کەموکوڕییەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر تێگەیشتن لە کۆمەڵ و مێژووی کورد. ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی بەراوردێکی ڕەخنەگرانە لەگەڵ میتۆدە نوێیەکانی وەک مێژووی کۆمەڵایەتی و مێژووی ژیانی ڕۆژانە و مێژووی هزرەکان، لەهەمانکاتدا نموونەی مێژوویی دەخرێتەڕوو، کە گرنگی کۆمەڵ و چین و بزووتنەوە نا دەستەبژێرەییەکان پشتڕاست دەکەنەوە.

یەکەم: تاک وەک ئەفسانەیەکی ڕاڤەیی

کاتێک سەرکردەی سیاسی دەکرێت بە تاکە جەمسەری ڕاڤەی مێژوویی، ئەوە پرۆسەیەکی بە ئەفسانەییکردنە، کە گوتارە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان دەینوێنن و بە نووسینە مێژووییە فەرمییەکان دەیچەسپێنن. شۆڕش تەنها بە دەرکەوتنی سەرکردەیەک هەڵدەگیرسێت، سەرکەوتنیش تەنها دەدرێتە پاڵ ناوەکەی و شکستیش تەنها لە ڕێگەی نەبوون، یان هەڵەکانی ئەوەوە تێدەگەین.

لە مێژووی کورددا، شۆڕشی ١٨٨٠ بە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا و حوکمڕانییەکەی سلێمانی و دەوروبەری بە ناوی شێخ مەحمودی حەفید و شۆڕشی ١٩٢٥ ی باکووری كوردستان بەناوی شێخ سەعیدی پیران و کۆمارەکەی مەهاباد بەناوی قازی محەمەد و شۆڕشی ئەیلوول بەناوی مەلا مستەفا بارزانی وەک باوکی ڕۆحی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەناسێنرێن[7]، واتە بەبێ ئەوەی گرنگی بە دینامیکی کۆمەڵایەتی بدرێت، یان فەرامۆشکردنی ڕۆڵی ئەو عەشیرەت و ژن و جوتیار و ... تاد کە لە بەرەکانی پێشەوەی جوڵانەوە چەکدارییەکاندا بەشدارییان کردووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان وا وێنا دەکرێت، وەک ئەوەی لە هیچەوە هزر و ئایدیۆلۆژیا و بزووتنەوەی هێناوەتە ئاراوە، واتە بەبێ دەرخستنی پەیوەندییەکەی بە ناوکۆی چەپی تورکیا و گۆڕانکارییە چینایەتییەکانی باکووری کوردستان و بارودۆخە بابەتییەکانەوە. واتە هەموو ڕەگەزە گرنگەکان (دیدگا، بوێریی، ئازایەتی، گوتەکان، بەردەوامیی) لە کەسایەتی ئەواندا کورت کراونەتەوە.

ئەم تەرزە ڕێبەر بۆ (پێغەمبەرێکی مێژوویی) دەگۆڕێت و ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە، کە خودی سەرکردە خۆی بەرهەمی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ئابوورییەکانە و زۆرجار گوزارشت لە ڕەوتێک دەکات نەک بلیمەتییەکی تاکەکەسی.

دووەم: دیارنەبوونی کۆمەڵ

کاتێک مێژووی بزووتنەوەی سیاسی و جوڵانەوەی چەکداریی کوردیی لە ڕوانگەیەکی (کەسیی)ەوە دەگێڕدرێتەوە، ئەو بونیادە خێڵەکی و چینایەتیانەی کە ڕۆڵیان لە داڕشتنی ڕیزبەندییەکاندا هەبووە، لەناو دەچن. ناپرسرێت: بۆچی خێڵێک پشتی شۆڕشی گرت و ئەویتریان دژی وەستا؟ کاریگەرێتی هەژاریی و نەزانی و برسێتی چییە؟ کاریگەریی بونیادە ئاینییەکان چی بوون؟ ئەوەی هەڵوێستەی لەسەر دەکرێت تەنها ئەو پرسیارەیە کە سەرۆک یان جەنابی شێخ بڕیاری چی دا؟ هەربۆیە ئەو مێژووەی کە لە (سەرەوە) بنووسرێت، ڕۆڵی جەماوەر پشتگوێ دەخات و بەدەگمەن نەبێت، توێژ و چینەکانی خوارەوە لە دەقی مێژوویی کوردیدا جێگەی خۆیان نادۆزنەوە[8].

ئەم پشتگوێخستنە تەنها دەرئەنجامی کەمی کەرەستە و سەرچاوەی ماددی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی میتۆدۆلۆژیایەکە کە کۆمەڵ لە بەرژەوەندی تاک و ژیانی ڕۆژانە لە بەرژەوەندی ڕوداوە گەورەکان و ژێرەوە لە بەرژەوەندی سەرەوە پەراوێز دەخات. ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتەوە کە فێرنان برۆدێل ڕەخنەی لێگرتبوو، کاتێک دەیگووت مێژوونووسان خۆیان لە نێو (کاتی ڕووداو) و (کاتی سەرکردە)دا زیندانی کردووە و ئەو بونیادە ماوە درێژانەیان پشتگوێ خستووە، کە مێژووی ڕاستەقینە پێکدەهێنن[9].

بۆ نموونە لە باشووری کوردستان و عێراقدا بەبێ شیکردنەوەی ستەمکاریی و وێرانکاریی و نائارامی و شێواندنی بونیادی کۆمەڵایەتی و داتەپینی ژێرخانی ئابووریی و تۆڕەکانی هاریکاریی ناوخۆیی لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تێناگەین، واتە ناکرێت ڕووداوێکی گەورەی لەوشێوە تەنها لە ڕوانگەی گوتار یان پلانی تاکە کەسێکەوە، واتە سەرکردەیەکی حزبییەوە ڕاڤە بکرێت. بەهەمان شێوە لە ڕۆژاوای کوردستان ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری بە ئەنجامی هزری تاکە ڕێبەرێک شیبکرێتەوە، بەڵکوو لەڕاستییدا بەرهەمی بزووتنەوەکانی ژنان و کۆمۆنەکان و ئەنجوومەنە جەماوەرییەکان بوو.

لێرەوە بەشی زۆری چین و توێژەکانی کۆمەڵی وەک: ژنان، قوتابیان، جوتیاران، کرێکاران، پیاوانی ئایینی سەربەخۆ و تەنانەت ئەو کوردانەش کە لە جوڵانەوە چەکدارییەکەدا بەشدار نەبوون، هەموویان لە گێڕانەوە مێژووییەکان دەردەکرێن، چونکە ئەوان لەنێو (ژیاننامەی پاڵەوانێتیی)دا جێیان نابێتەوە. بەوشێوەیە مێژوو پارچه پارچە دەکرێت و لە ڕوانگەی توێژێکی بچووکەوە دەگێڕدرێتەوە.

بەمشێوەیە ئەم ڕەوتە، هەرچەندە لە ناوکۆ زەمەنییەکەی خۆیدا ڕوون بوو، بەڵام بە خێرایی بووە بەربەستێکی میتۆدۆلۆژی. مێژوو تەنها بەرهەمی بڕیارە تاکەکەسییەکان نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی کارلێک گەلێکی ئاڵۆزی نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، گۆڕانکارییە کولتوورییەکان و بونیادییە زەینی و دەروونییەکانە. وەک ئێدوارد کار ئاماژەی پێکردووە، هەربۆیە گرنگیدان بە تاک ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتێکی گێڕانەوەییە نەک شیکارییەکی مێژوویی.

سێیەم: هەڵسەنگاندنی سەرچاوە و بەڵگەنامەکان

کاتێک مێژوو لەسەر بنەڕەتی یەک کەسایەتی بونیاد دەنرێت، ئەوا هەر هەوڵدانێک بۆ ڕەخنەگرتن لە قۆناغە مێژووییەکە وەک هاوواتای ڕەخنە لە سەرکردە لێی دەڕوانرێت، دواتریش وەک دوژمن و خیانەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. واتە زەمینەیەک بۆ شیکردنەوەی هۆکارەکانی شکستهێنان، یان بەخۆداچوونەوە یان، پەندوەرگرتن لە ئارادا نییە. ئەمەش مێژوو دەکاتە سرووتێکی شکۆمەندیی نەک زانستێکی کۆمەڵایەتییانەی ڕەخنەگرانە.

لێرەوە یەکێک لە کێشەکانی بە بتکردنی تاک لە مێژوودا، ئەوەیە، کە خودی بەڵگەنامە و سەرچاوەکان زۆرجار لە سەرکردەکانەوە دێن، یان دەربارەی ئەوانن و بە زمانێکی شکۆمەندکردن نووسراون، دەنگەکانی دیکەش پەراوێز، یان دەردەکرێن. بەیاننامەی حیزبەکان و بیرەوەریی سەرکردەکان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە فەرمییەکان، هەموویان بە گێڕانەوەیەکی هەڵبژێردراو (انتقائی)یی مێژوو دادەڕێژن.

لەم ناوکۆیەدا پرسیارکردن لە سەرچاوەکە چاوپۆشی لێدەکرێت. چی لە بەڵگەنامەکەدا شاراوەتەوە؟ زمانی بەکارهاتوو چی بوو؟ ئەم گێڕانەوەیە لە بەرژەوەندی کێیە؟ بەمشێوەیە نەبوونی (شیکاریی ڕەخنەیی) بەڵگەنامەکە دەکاتە (دەقێکی پیرۆز)، نەک بابەتێکی شیکاریی. دیارە ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرکردە دەبێتە سیمبولێکی نیمچە ئایینی! هەڵە ناکات، پرسیاری لێناکرێت و ڕەخنەی لێناگیرێت. وەک چۆن (مستەفا بارزانی) وەک (سیمبولێکی نەمر) سەیر دەکرێت، ئۆجالانیش وەک (بیرمەندی شۆڕش) و جەلال تاڵەبانیش وەک (باوکی واقیعێتی سیاسی) وێنا دەکرێت. لە هەموو بارێکدا مێژوو وەک ئاوێنەیەک پاڵەوانێتی سەرکردە بەرهەم دێنێت.

چوارەم: ئەڵتەرناتیڤی مەعریفی

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر مێژووی تاک، دەبێت بۆ میتۆدەکانی مێژووی کۆمەڵایەتی و مایکرۆمێژوو بگەڕێینەوە. لە فەرەنسا قوتابخانەی ئانالز، هەر لە ساڵانی ١٩٣٠ەوە ئەم بتەی شکاند. (مارک بلۆخ و لوسیەن فیفەر) بانگەشەی توێژینەوەی (مرۆڤە ئاساییەکان)یان کرد، نەک تەنها پاشاکان[10]. هەروەها مێژوونووسی ئیتاڵی (جیۆڤانی لیڤی) لە توێژینەوەکانی دەربارەی ژیانی قەشەیەکی سادە لە سەدەی حەڤدەهەمدا، ئەوەی نیشاندا، کە چارەنووسی تاکە ئاساییەکان دەتوانن گۆڕانکارییە بونیادییە گەورەکان ئاشکرا بکەن[11].

بە هەمان شێوە (شیلا فیتزپاتریک) لە توێژینەوەکانیدا دەربارەی ژیانی ڕۆژانەی یەکێتی سۆڤێت، ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە خەڵکی بەرخۆدانی بێدەنگیان دژی دەسەڵات بەرهەمهێناوە و مێژوو لە شەقامەوە دەنووسرێتەوە، نەک تەنها لە کۆشکی کرێملینەوە[12]. لە جیهانی عەرەبیشدا، (عەبدوڵڵا عەرەوی) هەوڵیدا گوتاری پاڵەوانێتی لە ڕێگەی چەمکی (هۆشیاری مێژووییەوە) هەڵبوەشێنێت، ئەویش بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کەسایەتییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە بونیادەکان[13].

لە مێژووی کوردیشدا دەبێت هەڵوێستە لەسەر ڕۆڵی مامۆستا، جووتیار، پیشەگەر، ڕۆشنبیر و تەنانەت زیندانییەکان لە بونیادنانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا بکەین، نەک تەنها لەسەر سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکان ڕابووەستین.

لێرەوە دەتوانین بڵێین، ئەو مێژووەی کە لە سەرەوە دەنووسرێت، واتە تەنها لەمیانەی سەرکردە و سەرۆکەوە، مێژوویەکی کوێرە. تاڵی ئەو چنراوە دەشارێتەوە، کە کۆمەڵگە دەجوڵێنێت و کردەی بەکۆمەڵ بۆ کردەی تاکەکەسی دەگۆڕێت. بۆیە بتی تاک یەکێکە لە بتە هەرە مەترسیدارەکانی مێژوونووسیی کوردی، چونکە نەک هەر کۆمەڵ بەدەر دەکات، بەڵکوو ڕەوایەتی بە ستەمکاریی دەدات و یادەوەریی بە کۆمەڵ لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەکاتەوە.

ڕزگارکردنی خۆمان لەم بتە، نەک هەر گۆڕینی میتۆد دەخوازێت، بەڵکوو دەبێت تێڕوانینی خودی مێژوونووسیش بۆ مێژوو بگۆڕێت، واتە لەوەی کە پانتاییەک بێت بۆ نمایشی پاڵەوانەکان، دەبێت ببێتە چنراوێک لە پەیوەندیی و ململانێ و خەونە بەکۆمەڵەکان. هەربۆیە مێژووی کورد زۆر پێویستی بە ڕزگاربوونە لە کۆیلایەتی بتی تاک. ئەمە کەمکردنەوەی پایەی سەرکردەکان نیە، بەڵکوو ڕێزگرتنە لە ڕاستییەکان. مێژووی ڕاستەقینە (مێژووی گەلان)ە، نەک تەنها سیمبولەکانیان. کاتێک واز لە بەخوداکردنی تاکەکان دەهێنین، ئەوا ڕێگا بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و دیموکراسیتر بۆ ڕەوتی مێژوو دەکەینەوە.

 

سێیەم: بتی کرۆنۆلۆژیا

بەدوایەکدا هاتنی زەمەنی یان کرۆنۆلۆژیا یەکێکە لەو میتۆدانەی کە مێژوونووسانی کورد بەشێوەیەکی بەرفراوان لە توێژینەوە مێژووییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، تەنانەت وەک بڕبڕەی پشت لێی دەڕوانرێت، کە گێڕانەوە مێژووییەکانی لەسەر بونیاد دەنرێت. واتە ڕێکخستنی ڕووداوە سیاسییەکان بە ڕیزبەندییەکی زەمەنی ورد. هەرچەند ئەم میتۆدە بناغەگەلێکی گرنگی بۆ توێژینەوە مێژووییەکان دامەزراندووە، بەڵام پەسەندکردنێکی حەرفییانە و پیرۆزکردنی لە توێژینەوە مێژووییەکانی کورددا بتێکی میتۆدۆلۆژیی دروستکردووە، بەشێوەیەک ڕێگری لە تێگەیشتنێکی قووڵ و گشتگیری مێژووی کورد دەکات.

لێرەدا هەوڵدەدرێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بتە - بتی کرۆنۆلۆژیا - کە لە پەرستگای لێکۆڵینەوەی مێژوویی کوردیدا دەپەرسترێت، ئەنجام بدرێت، ئەویش بە تیشک خستنە سەر کەموکوڕییەکانی و میتۆدە ڕووکەشەکەی، کە زۆر ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی دەر دەکات و توانای مێژوونووس بۆ لێکدانەوەی مێژوو وەک دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرە ئاست سنووردار دەکات.

کرۆنۆلۆژیا وەک تێڕوانینێکی تەسک بۆ مێژوو

میتۆدی کرۆنۆلۆژی لەسەر بنەمای ڕێکخستنی ڕووداوەکان بەپێی کاتی ڕوودانیان دامەزراوە، ئەمەش ئەو وەهمە دروست دەکات، کە مێژوو تەنها زنجیرەیەکی بەردەوامی ڕاستییە ڕێکخراوەکانە. بەڵام دیارە کە واقیعی مێژوویی قووڵتر و ئاڵۆزترە. تەرکیزکردن لەسەر (کەی ڕوویدا) باڵ بەسەر (بۆچی ڕوویدا) و (چۆن ڕوویدا) دەکێشێت، بەم شێوەیە مێژوو تەنها لە گێڕانەوەی ڕووداوە جیاوازەکان کورت دەکاتەوە، واتە پەیوەندییە بونیادییەکانی نێوانیان شیناکاتەوە.

لە مێژوونووسیی کوردیدا ئەم دیاردەیە لە نووسینەکاندا دووبارە دەبێتەوە، واتە تیشک دەخەنە سەر بەدوایەکداهاتنی زەمەنی ڕووداوە سیاسییەکان- ڕاپەڕین، پەیماننامە، جەنگەکان ... تاد- بەبێ ئەوەی هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و کولتوورییانە بدرێت، کە ڕێگایان بۆ ئەو ڕووداوانە خۆش کردووە، یان دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانەن. ئەمەش توانای مێژوونووس بۆ ڕاڤەی دیاردە مێژووییەکان سنووردار دەکات و مێژووش دەکاتە گێڕانەوەیەکی ڕووکەش.

 

کاریگەرێتییە خراپییەکانی کرۆنۆلۆژیا لەسەر توێژینەوە مێژووییە کوردییەکان

کرۆنۆلۆژیا، مێژوو بۆ وێستگە گەلێکی زەمەنی جیا پەرت دەکات، بەجۆرێک کە هەر ڕووداوێک وەک بابەتێکی سەربەخۆ لێی دەڕوانرێت، بەبێ ئەوەی بە ناوکۆ فراوانترەکان یان بونیادە قووڵەکانەوە ببەسترێتەوە. واتە (پەرتکردنێکی پەڕگیرانەی مێژوو). دواتر هیچ بایەخدانێک بە کاتی هێواش یان (ماوە درێژ) نادرێت، ئەوەی کە فێرنان بڕۆدێل باسی دەکات، کە ئەو پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و ژینگەییانە لەخۆدەگرێت، کە ژێرخانی مێژوو پێکدەهێنن[14].

هەروەها کرۆنۆلۆژیا سەرنج دەخاتە سەر بەڵگەنامە نووسراو و فەرمییەکان، واتە پشتگوێخستنی ئەو سەرچاوە زارەکی و ڕۆژانەیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییانەی کە لایەنە شاراوەکانی مێژوو ئاشکرا دەکەن. واتە (سنووردارێتی توێژینەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان). هاوکات کرۆنۆلۆژیا ئەو گێڕانەوەیانە بەهێز دەکات، کە دەسەڵاتداران یان دەستەبژێرەکان پێشکەشی دەکەن، ئەمەش جیهانبینییە تاک ڕەهەندییەکان بۆ مێژوو دەچەسپێنێت. واتە (بەهێزکردنی گێڕانەوە فەرمییەکان). لەکۆتاییدا کرۆنۆلۆژیا سەرنج لەسەر ڕووداوە دیارەکان چڕ دەکاتەوە، نەک هەڵوەشاندنەوەیان یان ئاڕاستەکردنی پرسیارگەلێکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە هۆکار و پاڵنەر و کاریگەرییەکانیان. واتە ( لاوازیی شیکردەوەی ڕەخنەیی)

بەمشێوەیە، وابەستەیی پەڕگیر بە کرۆنۆلۆژیا لە توێژینەوە مێژووییەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە چین و توێژەکان و ژنان و کەمینەکان، مافی گوزارشتکردنی مێژوویی تەواویان لەخۆیان نەبێت. واتە (پشتگوێخستنی جۆراوجۆرێتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی). هاوکات بێتوانایی لە ڕاڤەکردنی گۆڕانکارییە قووڵەکان لەمیانەی کاتدا دروست دەکات، ئەویش بەهۆی گرنگیدان بە ڕووداوە دابڕاوەکان لەیەکتری. هاوکات بەرهەمهێنانی گێڕانەوەکانی دەسەڵات بەبێ گفتوگۆ و شیکاری ڕەخنەیی. واتە (بەرهەمهێنانەوەی گوتارە سیاسییەکان). لەکۆتایشدا نەبوون یان کەمیی سەرچاوەی زارەکی و بەڵگە ماددییەکان لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا. واتە (پەراوێزخستنی سەرچاوە نافەرمییەکان).

پێشنیارەکان بۆ تێپەڕاندن

بۆ ڕزگاربوون لە بتی کرۆنۆلۆژیا، توێژەرانی کورد دەبێت پشت بە میتۆدگەلێکی فرەڕەهەند ببەستن، کە مێژووی ماوە کورت و ماوە درێژ تێکەڵ بکات. هەروەها بەهێزکردنی بەکارهێنانی سەرچاوە نافەرمییەکانی وەک: گەواهیدانی زارەکی، ئەدەبی میللی، بەڵگەنامە نافەرمییەکان. دواتر کرانەوە بەڕووی میتۆدەکانی مێژووی کۆمەڵایەتی و مایکرۆمێژوو و مێژووی هزرەکاندا. لە کۆتایشدا پەرەپێدانی ئامرازگەلێکی گرنگی ڕەخنەیی بۆ شیکردنەوەی بەڵگەنامەکان و ڕووداوەکان بەدوور کرۆنۆلۆژیا.

بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین، کرۆنۆلۆژیا هەرچەندە گرنگە، بەڵام نە تاکە میتۆد بووە و نە دەشتوانێ ببێتە تاکە میتۆدێک بۆ تێگەیشتن لە مێژووی کورد. پشتبەستنی تەواو بە بەدوایەکداهاتنی زەمەنی و سنووردارکردنی مێژوو بە زنجیرەی ڕووداوە سیاسییەکان، مێژوو دەکاتە گێڕانەوەیەکی تەسک، کە توانای گوزارشتکردن لە قووڵایی ئەزموونی مێژوویی گەلێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی وەک کوردی نابێت.

لەبەرئەوە ڕزگاربوون لەم بتە میتۆدۆلۆژییە، هەنگاوێکی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی نووسینی مێژوویی دەوڵەمەند و فرەدەنگ، کە ڕەنگدانەوەی فرەیی کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە و تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە دەربارەی مێژووی کورد بەدرێژایی تێپەڕبوونی زەمەنەکان فەراهەم دەکات.

 

لەکۆتاییدا ئەم بابەتەدا دەتوانین بڵێین، بتەکانی (ڕووداوە سیاسییەکان و کرۆنۆلۆژیا و تاک) سێگۆشەیەکی میتۆدۆلۆژی هەژمووندار بەسەر توێژینەوە مێژووییەکاندا پێکدەهێنن، گێڕانەوەیەکی تەسک دەچەسپێنێت، کە ڕەهەند گەلێکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتنی مێژوو پەراوێز دەخات. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە، دەبێت فرە میتۆدیی بگیرێتەبەر، کە شیکاری کۆمەڵایەتی، کولتووریی و ئابووری تێکەڵ بکات، لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر بکەرە کۆمەڵیی و بونیادە مێژووییە ماوەدرێژەکان.

واتە دەبێت مێژوونوسان سەرلەنوێ لە بونیادەکان بکۆڵنەوە، واتە بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواریی و پەیوەندی نێوان خێڵ و دەسەڵات و ئایین و ڕۆڵی ئەفسانە و هونەر و وێژە و سیستەمی پەروەردە و ... تاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا شیبکەنەوە، هەروەها ئاشکراکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بونیادی چینایەتیدا هاتووە. دواتر هەوڵدان بۆ شیتەڵکردن و لێکهەڵوەشانی سیمبولەکان، بەڵام نەک بە ئامانجی لەناوبردنی، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لێیان، بەوپێیەی بەرهەم گەلێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویین، نەک ڕاستییەکی ڕەها.

 بەمشێوەیە تەنها بە شکاندنی سێگۆشەکە (ڕووداوە سیاسییەکان و کرۆنۆلۆژیا و تاک) توێژەران دەتوانن مێژوویەکی تەواو بنووسن، کە گوزارشت لە ئاڵۆزییەکانی ئەزموونی مرۆڤ و کۆمەڵی کوردەواریی بکات و ئەفسانەی تاک و سادەکردنەوەی ڕووداوی سیاسی و کرۆنۆلۆژیا تێبپەڕێنێت.

 

[1] ) محمد حبیدة: المدارس التاریخیة برلین- السوربون- استراسبورغ من المنهج الی التناهج، ط1، دار الامان، الرباط، ٢٠١٨. ص ٣٤.

[2] ) Simiand François. Méthode historique et science sociale. In: Annales. Économies, Sociétés, Civilisations. 15e année, N. 1,1960. pp. 83-119.

[3] ) بۆ زیاتر شارەزابوون بڕوانە: بەشدار عومەر قەرەناوی: مێژوونووسین لای کورد لە عێراقدا، هەولێر، ٢٠٢٢ ؛ توانا ڕەشید کەریم: ڕێبەری نامە ئەکادیمییەکانی بەشی مێژوو لە زانکۆکانی کوردستان (١٩٨٩-٢٠٠٩)، ڕێکخراوی هاودەنگ، هەولێر، ٢٠٠٩.

[4] ) بڕوانە: بەشدار عومەر قەرەناوی: مێژوونووسین لای کورد لە عێراقدا.

[5] ) Simiand François. Méthode historique et science sociale.

[6] (John Tosh: The pursuit of history aims, methods and new directions in the study of modern history, Pearson Education Limited, Third Edition, London, 2002, p7.

[7] ) بڕوانە: عثمان علی: دراسات فی الحرکة الکوردیة المعاصرة ١٨٣٣- ١٩٤٦ دراسة تاریخیة وثائقیة، التفسیر، اربیل، ٢٠٠٣.

[8] ) عثمان علی: دراسات فی الحرکة الکوردیة المعاصرة.

[9] ) کامەران محەمەد: فێرنان بڕۆدێل و گوتاری مێژوویی، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چ1، سلێمانی، ٢٠١٢، ل٢٠٤ و دواتر.

[10] ) . Peter Burke, The French Historical Revolution: The Annales School 1929–1989 (Stanford: Stanford University Press, 1990).

[11] ) بیتر بورکی: نظرات جدیدة علی الکتابة التاریخیة، ت: قاسم عبدة قاسم، المرکز القومی للترجمة، ط1، القاهرة، ٢٠١٠، ص ١٣٩.

[12] ) 4. Sheila Fitzpatrick, Everyday Stalinism: Ordinary Life in Extraordinary Times (Oxford: Oxford University Press, 2000).

[13] ) عبدالله العروی: الایدیولوجیة العربیة المعاصرة، التاریخ، دار الحقیقة، ط1، بیروت، ١٩٧٠.

[14] ) . Fernand Braudel, On History, trans. Sarah Matthews, (Chicago: University of Chicago Press, 1980)


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure