د. یاسین تەها
لە مێژووی ئیسلامیدا، شاری قودس دوو جار کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان: یەکەمجار لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب (15ك/636ز)، و دووەمجار بە گێڕانەوەی لە دەستی خاچپەرستان لەلایەن سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبییەوە (583ك/1187ز). ئەم وتارە، گرنگی قودس، مێژووی شارەکە و هەردوو قۆناغی کۆنترۆڵکردنی لەلایەن موسڵمانانەوە، بەتایبەتی قۆناغی ئەیوبی، تاوتوێ دەکات.
پێگەو گرنگی قودس لە سێ ئایینە سەرەكییەكەدا
شاری قودس، كە بەشێكە لە خاكی فەلەستین، خاوەنی پێشینەیەكی مێژوویی و ئایینیی قووڵە. ئەم شارە خاڵی بەیەكگەیشتنی سیمبولە ئایینی و مێژووییەكانی هەر سێ ئایینە سەرەكییەكەی ڕۆژهەڵاتە (جوو، مەسیحی، ئیسلام). هەر یەكە لەم ئایینانەش تێڕوانین و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە، كە ئەم شارە دەكاتە شوێنێكی ناوازە و جیاواز لە هاوتاكانی لە ناوچەكەدا. بەشێوەیەكی گشتیش وەك "وڵاتی پیرۆز" و "خاكی بەڵێندراو" (أرض الميعاد) ناوبراوە.
جووەكان: شاری قودس بەلای جووەكانەوە ناوی "ئۆرشەلیم/ یۆرشالیم"ـە، بە پایتەختی حوكمی پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل، داود و سولەیمان (د.خ)، بەناوبانگە (الصوري، ١٩٩٢، ٢/٨٣). چ لە تەورات و چ لە ڕێسا ئایینییەكانی جوودا، قودس هاوتای بەڵێنی خودایە بە جووەكان و هێمای ئایینی و نەتەوەیشیانە. هەرچەندە ڕاستەوخۆ لە كتێبی پیرۆزی تەوراتدا ناوی "قودس" نەهاتووە، بەڵام نزیكەی ٦٠٠ جار لە "كتێبی پیرۆز"ی جوودا (تەورات) ئاماژەی بۆ كراوە و لەنێو كولتوورەكەیاندا حەفتا ناوی جۆراوجۆری هەیە، كە زۆربەیان پەیوەستن بە قوربانییەكەی پێغەمبەر ئیبراهیم بۆ خودا، كە باوەڕیان وایە لەم شارەدا بووە (rossingcenter, 2024). لە قودسدا "دیواری شوێن گریان" هەیە، كە پیرۆزترین پێگە و جێگایە بەلای جووەكانەوە و نزای نووسراوی خۆیان دەخەنە درزەكانییەوە.
مەسیحییەكان: بەلای پەیڕەوانی ئایینی مەسیحییەوە، شاری قودس تایبەتمەندییەكی گرنگی هەیە؛ ئەم شارە گۆڕەپانی ژیان و بانگەواز و چالاكییەكانی مەسیحی پەیامبەرە (د.خ)، لەوێدا مەسیح موعجیزەكانی خۆی دەرخستووە. كڵێسای "قیامە"ش هەر لەوێیە كە شوێنێكی دێرین و پیرۆزی ئەم ئایینەیە و ئارامگای دایكی مەسیح (مریەمی پاكیزە)ی تێدایە (الصوري، ١٩٩٢، ٢/٨٤). مەسیحییەكان پێیان وایە كڵێساكە شوێنی لە خاچدانی مەسیح و گەڕانەوەیەتی بۆ لای خودا و گۆڕەكەشی لەوێ بووە. هەروەها ڕووگەی حەج و شوێنی نیاز و پاڕانەوەی ساڵانەی مەسیحییەكانە. (custodia, 2024؛ jerusalem-patriarchate, 2024 ) لەبەر ئەم هۆكارانەش، لە سەدەی یەكەمی زایینییەوە، بووەتە ڕووگەی حەج و قوربانیدانی مەسیحییەكان و هەمیشە چاویان لەسەری بووە.
ئیسلام: لە ڕوانگە ئیسلامییەكەوە، شاری قودس ڕووگەی شەوڕەوی و بەرزبوونەوەی پێغەمبەرە (د.خ)، كە بە "ئیسرا و میعراج" بەناوبانگە. "خاكێكی پیرۆزە"، چونكە وێستگەی هەڵكشانی پێغەمبەر (د.خ) بووە بەرەو ئاسمان بەپێی دەقی قورئان؛ ﴿سبحان الذي أسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام إلى المسجد الأقصى الذي باركنا حوله لنريه من آياتنا إنه هو السميع البصير﴾ ]الاسراء[. هەروەها فەرموودەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن "مزگەوتی ئەقسا"ی قودس لە ڕووی مێژووییەوە دووەمینە لەسەر زەوی و تەنیا ٤٠ ساڵ پاش "مزگەوتی حەرام" لە مەككە بنیاتنراوە (مسلم، ١٩١٦، ٢/ ٦٣). سەرباری ئەمەش، مزگەوتەكە یەكەمین ڕووگەی ئیسلام بووە بۆ نوێژكردن (قیبلە) و نزیكەی ١٧ مانگ پاش كۆچی موسوڵمانانیش بۆ شاری مەدینە، هەر ئەم مزگەوتەی قودس ڕووگەی نوێژی موسوڵمانەكان بووە و دواتر گۆڕاوە بۆ كەعبە لە مەككە (الواسطي، ٢٠١٠، ٦٧). بەپێی ئەو گێڕانەوانەی تر كە لە دەقی فەرموودەكاندا هاتوون، شاری قودس و لەگەڵ ئەوەشدا خاكی فەلەستین "سەرزەمینی كۆكردنەوە و لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییە" (ابن عساكر، ١٩٩٥، ١/ ١٧٤). هەروەها هەر بەپێی فەرموودەكان، پاداشتی هەر نوێژێك لە "مزگەوتی ئەقسا" هەزار هێندەی نوێژی شوێنێكی تری ئاسایی زیاترە (ابن ماجە، ٢٠٠٩، ٢/ ٤١٣).
ئەم مزگەوتە بە یەكێك لەو مزگەوتانەش دیاریكراوە كە ڕەوایە موسوڵمان ڕێگەی بۆ بگرنەبەر و توێشوو هەڵگرن بەنیازی سەردانكردنی، ئەم تایبەتمەندییەش تەنیا بە مزگەوتەكانی مەككە و مەدینە و قودس بەخشراوە، بەپێی فەرموودەش؛ هیچ مزگەوت و پێگەیەكی تری ئایینی تایبەتمەندیی وایان نییە (البخاری، ١٩٩٣، ١/ ٣٩٨).
یەكەم چوونە ناو قودس لە سەردەمی ڕاشیدین
"مێژووی یەكەم گەیشتنی لەشكری ئیسلامی بە قودس بۆ سەردەمی عومەری كوڕی خەتتاب دووەم خەلیفەی ڕاشیدین، دەگەڕێتەوە (١٣-٢٣ ك/٦٣٤-٦٤٤ ز) (الطبري، ١٩٦٧، ٣/ ٦٠٧). لە میانەی هەڵمەتە فراوانخوازییە ئیسلامییەكاندا، كە بە 'فەتحە ئیسلامییەكان' (الفتوحات) بەناوبانگە، عومەری كوڕی خەتتاب لە ساڵی ١٥ ك/٦٣٦ ز، لەسەر داوای خەڵكی قودس، لە مەدینەوە بەرەو شارەكە چوو. ئەمەش بە مەبەستی ئەوە بوو كە خۆی ڕێككەوتنی ئاشتی و دڵنیاكردنەوەی مەسیحییەكان واژۆ بكات، كە ئەوكات قەشە سەفرۆنیۆسیان كردبووە نوێنەری خۆیان (لوبون، ٢٠١٢، ١٤٣). ئەم ڕێككەوتنەش بە 'پەیماننامەی عومەری' (العهدة العمرية) ناسراوە و بەناوبانگە (الواسطي، ٢٠١٠، ١٠١).
لەو ڕێككەوتنەدا، گفت و دڵنیایی درا بە پاراستنی گیان، ماڵ، دارایی، كڵێسا و خاچی مەسیحییەكان، لەگەڵ ڕێزگرتن لە پێكهاتە و نەریتەكانیان. هەروەها گەرەنتی ئەوەیان پێدرا كە ناچار بە گۆڕینی ئایین نەكرێن. لە بەرانبەر ئەمەشدا، ئەوان ساڵانە جزیە و سەرانە بدەن. ئەو كەسانەشی نەیاندەویست لە شارەكە بمێننەوە، ئازادبوون بە خواستی خۆیان كۆچ بكەن. موسوڵمانانیش پابەندكران بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، بە مەرجێك مەسیحییەكان بە مەرجەكانییەوە پابەند بن (بڕوانە: الطبري، 1967: 3/ 609).
لە پاش ئەو ڕێككەوتنە كە بناغەی پێكەوەژیانی هەردوولای داڕشت، قودس چووە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامیی سەردەمی ڕاشیدینەوە و ماوەی پێنج سەدەش بەوشێوەیە مایەوە، تا ئەو كاتەی یەكەمین هەڵمەتی خاچپەرستە ئەورووپییەكان بۆ سەر ڕۆژهەڵات و كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بۆ گێڕانەوەی خاكی فەلەستین دەستیپێكرد و دۆخی شارەكە و شوناسەكەی لەگەڵ خۆیدا گۆڕی (٤٨٨-٤٩٣ ك/١٠٩٥-١١٠٢ ز)".
بارگۆڕانەكانی شوناسی قودس لە یەكەم هەڵمەتی خاچیدا
"لە یەكەم هەڵمەتی خاچپەرستیدا بۆ ڕۆژهەڵات، سەرەتا شاری 'ئەنتاكیا'ی ڕۆخی دەریای ناوەڕاست كەوت و سوپای هێرشبەری ئەورووپی چوونە ناوییەوە. ئەمەش توركەكانی فەرمانڕەوای ناوچەكەی شپرزە كرد. لە لای خۆشیانەوە، فاتمییە شیعییەكانی میسر ئەمەیان قۆستەوە و سوپاكەیان بە سەركردایەتی 'ئەفزەلی بەدرەدین جەمالی'، پاش ٤٠ ڕۆژ لە گەمارۆدان، شاری قودسیان لە دەستی 'دەوڵەتی توتش'ی توركی دەرهێنا (٤٩٢ ك/١٠٩٩ ز) (ابن الأثير، ١٩٩٧، ٨/٤٢٤). بەمەش قودس چووە نێو قەڵەمڕەوی دەوڵەتی فاتمیی ئیسماعیلیی شیعییەوە.
فاتمییەكان قودسیان سپارد بە كەسێك بە ناوی 'ئیفتیخار دەولە' و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە میسر، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم و هەر لەو ساڵەدا (٤٩٢ ك/ ١٠٩٩ ز)، خاچپەرستە ئەورووپییەكان گەمارۆیاندا و دواتریش بە شەڕ و پێكدادان كۆنترۆڵیان كرد. بەمەش قودس لە دەستی خەڵكە موسوڵمانەكە چووە دەرەوە و كەوتە ژێر هەژموونی خاچدروشمە مەسیحییەكانەوە (الذهبي، ٢٠٠٣، ١٠/ ٦٦٩). ئەم خاچدروشمە هێرشبەرانەش لە هەموو لایەكی ئەورووپاوە هاتبوون بۆ 'ڕزگاركردنی خاكی پیرۆز' و داوای 'میراتی مەسیح'یان دەكرد (الصوري، ١٩٩٨، ٦٠-٦٣). پاش نیشتەجێبوونیشیان لە فەلەستین و كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست، لە سەرچاوە ئیسلامییەكاندا بە 'فەرەنجە' ناسران (ابن الأثير، ١٩٩٧، ١٠/ ٢١٠؛ ابن واصل، ١٩٥٧، ٢/٤١). هەڵمەتەكەشیان بووە هۆی ئەوەی چارەنووس و شوناسی قودس بگۆڕن و لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ئەمەش قەیران و كێشەیەكی گەورەی بۆ جیهانی ئیسلامی دروستكرد، چونكە وەك شاری قیبلەی یەكەم و سێیەم حەرەمی پیرۆزی ئیسلام تەماشایان دەكرد و بە سپاردە و دەستكەوتی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدین، عومەری كوڕی خەتتابیان دەزانی. بە پێچەوانەی موسوڵمانەكانەوە، مەسیحییەكان لە خۆشی ئەم دەستكەوتەدا بڕیاریاندا ڕۆژی گێڕانەوەی قودس بۆ ژێر هەژموونی خاچ بە ڕۆژێكی تایبەت و جیاواز لە ڕۆژانی ئاسایی دابنێن و بیكەنە ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی ناوی مەسیحی، بەو ڕۆژەیان لێكدایەوە كە لە كتێبی پیرۆزدا مژدەیان پێدراوە سەربكەون (الصوري، ١٩٩٢، ٢/١٣٦)".
قودس لەژێر هەژموونی خاچییە ئەوروپییەكاندا
بەپێی گێڕانەوەكان، لە كاتی گرتنی قودس لەلایەن خاچپەرستانەوە (٤٩٢ ك/١٠٩٩ ز)، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ شارەكە بووەتە گۆڕەپانی كوشتار و خوێنڕشتن. هەواڵە مێژووییەكان لە سەرچاوە جۆراوجۆرەكان باس لەوە دەكەن كە لەشكری خاچپەرست بە پلەی یەكەم موسوڵمانەكان و پاشان جووەكانیان كردووەتە ئامانج. لەم میانەیەشدا باس لە كوژرانی ٧٠ هەزار كەس دەكرێت، بەشی زۆریشیان ئەوانە بوون كە وڵات و زێدی خۆیان لەپێناو ژیانكردن لە 'قودسی پیرۆز'دا بەجێهێشتبوو (ابن الأثير، ١٩٩٧، ٨/٤٢٥). لە هەندێك سەرچاوەی دیكەدا قوربانییەكان بە هەزاران كەس خەمڵێنراوە كە '١٠ هەزاریان لەوانە بوون كە لە مزگەوتدا خۆیان حەشاردابوو، ئەوەندەشیان لە كۆڵانەكانی دەرەوەی مزگەوتدا كەڵەكە ببوون.' ژمارەی ئەم قوربانییانەش هێندە زۆر بووە جۆگەلەی خوێنی ڕژاویان شارەكەی سوور كردووە (الصوري، ١٩٩٢، ٢/١٢٧). پیاوانی ئایینی مەسیحی بەدەم نزا خوێندنەوە ڕوویان لە كڵێسای 'قیامە' كردبوو لە قودس، لەوێ ئاهەنگ و خۆشی و شادیی سەركەوتنیان گێڕاوە، بەتایبەت پاش ئەوەی پارچەیەك لە 'خاچە ڕاستەقینەكە'ی مەسیحیان دەرخست، كە بە قسەی خاوەنەكانی بە نهێنی حەشاریاندابوو، ئەمەشیان بردەوە نێو كڵێسای 'قیامە' بۆ گەرمكردن و پڕجۆشكردنی ئاهەنگەكە (الشارتري، ٧٦-٧٧).
لەشكری خاچپەرست لە قودسدا جێگەپێی خۆیان قایمكردووە، شارەكەیان كردوەتە شانشینێكی لاتینی و دۆقێكیان كردە فەرمانڕەوای شارەكە و دەوروبەری بە ناوی 'گۆدفری'. ئەویش هەر بە قودسەوە نەوەستا و لە شاری 'عەسقەلان'یش تاڵاوی شكستی دەرخواردی فاتمییەكان دا. بەمەش قودسی لە مەترسی و ئەگەری كۆنترۆڵكردنەوە لەلایەن فاتمییەكانەوە دەربازكرد. دواتریش سنووری ئەم میرنشینە لاتینییە كەوتە ژێر فەرمانڕەوایی 'بەلدوین'، بە جۆرێكیش فراوان بوو كە لە عەقەبەی ئوردنەوە هەتا شاری بەیرووتی گرتەوە (العثامنة، ٢٠٠٤، ٢٤-٢٥؛ شارتری، ٧٧). ئەم پانتاییە بەرفراوانەش بووەتە شورەیەكی گرنگ بۆ دابینكردنی ئاسایشی قودس بۆ خاچپەرستەكان".
لێكەوتەی لەدەستچوونی قودس لەسەر ئاستی ئیسلامی
بەپێی گێڕانەوە مێژووییەكان، كاتێك هەواڵدەرەكان لە شامەوە هەواڵی لەدەستچوونی قودس و كوشتار و تاڵانكارییەكەیان گەیاندووەتە بەغدای پایتەختی عەبباسی، "لە هەموو لایەكەوە بووەتە گریان و شیوەن"، تا ئاستی ئەوەی خەڵك لەبەر ناڕەحەتی "نەیانتوانیوە ڕۆژووەكەیان تەواو بكەن" لە كاتێكدا لە مانگی ڕەمەزاندا بوون (ابن الأثیر، ١٩٩٧، ٨/ ٤٢٥). ئەم نسكۆ و شكستەش "ڕزگاركردنی قودس"ی لە گوتار و دروشمی ئیسلامیدا كرد بە ئەرك و ئامانجێكی لەپێشینە. لەو سەروبەندەشدا، خەلیفەی عەبباسی (المستظهر بالله) (م. ٥١٢ ك/ ١١١٨ ز) شەرعزانەكانی ڕاسپاردبوو "بچن لە ناوچە جیاوازەكان هانی پادشا و دەسەڵاتدارەكان بدەن بچن بۆ جیهاد" بە مەبەستی گێڕانەوەی قودس، بەڵام هەوڵەكان لەم بوارەدا "هیچ كەڵكێكی نەبوو" (ابن كثیر، ١٩٩٧، ١٦/ ١٩٦). لەلای خۆشییانەوە زەنگییەكان كە لەگەڵ خاچییەكاندا لە شەڕدابوون ئەركی گێڕانەوەی قودسیان كرد بە ئامانج، تەنانەت دەگێڕنەوە كە نورەدین مەحمودی پادشای زەنگی مینبەری تەختەی نەخشێنراوی بۆ مزگەوتەكەی حازركردبوو، بەڵام لە ساڵی 570ك/ 1171ك (ابن الأثیر، 1997: 10/ 37)، نورەدین مەحمودی پادشای زەنگی و مامۆستای سەڵاحەدین كۆچی دوایی كرد، ئەمەش وایكرد سەڵاحەدین ببێتە جێگرەوە و میراتگری ئەم پرۆژەیە بەتایبەت كە لە هەمان ساڵدا چووە نێو دیمەشقەوە. بۆ ئەم مەبەستەش سەركردایەتی بەرەیەكی ئیسلامی كرد و كەوتە ئامادەكاریی بۆ گێڕانەوەی شارەكە.
هەوڵەكانی سەڵاحەدین بۆ گێڕانەوەی قودس
سەڵاەدینی ئەیوبی كە لە بنەماڵەیەكی كوردی ڕەوادییە (ابن شداد،1994، 31؛ ابن واصل، 1957، 3) لە تەمەنی 32 ساڵیدا و لە پاش مردنی "ئەسەدەدین شێركۆ"ی مامی، پۆستی وەزارەتی دەوڵەتی فاتمی لە میسر وەرگرت (564 ك/1169 ز)، لە پاش مردنی خەلیفەی فاتمی "العاضد الدین لله" ش دەستی بەسەر كۆشك و میراتەكەیدا گرت و بوو بە سوڵتانی میسر (567ك/ 1172ز) (أبو شامة، 1997، 2/ 46، 191)، بەمەش بەردی بناغەی دەوڵەتی ئەیوبی دانا. پاش قایمكردنی پێگەی دەوڵەتەكەی؛ گەورەترین هەنگاوی "سوڵتان سەڵاحەدین" لەشكركێشی بەرەو قودس بوو بەمەبەستی گێڕانەوەی لە دەستی خاچییەكان، بەوپێیەی ئەمە ئامانجێكی ئیسلامیی گەورە و گشتگیری جێگە كۆدەنگی بوو. لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی ئەم هەنگاوانەشدا لە ساڵی 583 ك/1187ز، سەڵاحەدینی ئەیوبی لەگەڵ لەشكرەكەی سوپای خاچییەكانی لە جەنگی "حطین"دا لە باكووری فەلەستین و نزیك لە دەریاچەی تەبەرییە تێكشكاند (عماد الأصفهاني، 2002، 429). ئەم سەركەوتنەش چەند ڕەهەندێكی گرنگی هەبوو:
_ شكاندنی هێزی خاچییەكان بە سە رۆكایەتی "گی دی لوزینیان"ی پادشای لاتینیی قودس و ریچارد دی شاتیۆن (ئەرنات). لەم شكانەشدا زۆربەی فەرماندە خاچییەكان و لەشكرەكانیان دیلكران (20 هەزار كەس)، لەڕووی مەعنەوییەویشەوە سوپاكە ورەی ڕووخا.
_ ئەو لەشكرە خاچییەی كە تێكشكا ئەركی پاراستنی شاری قودسی لە ئەستۆدا بوو، بەمەش شارەكە بەبێ پارێزەر مایەوە.
_ لەپاش "حەتین" ڕێگای كشان بەرەو شارەكانی كەناری دەریا ئاوەڵا بوو، لە ماوەیەكی كەمدا یەك لە دوای یەك كەوتنە دەست لەشكری سەڵاحەدین (عەككا، قیساریە، یافا، عەسقەلان، سەیدا...هتد).
_ شەڕی "حەتین" پێگەی سەڵاحەدینی لە خەیاڵدانی ئیسلامیدا هەڵكشاند وەك سەركردەیەكی شایستە بۆ ئەركی گەورەی گێڕانەوەی قودس، لە بەرانبەریشدا شۆك و نیگەرانی زۆری لە جیهانی خاچدروشمدا دروستكرد. (بڕوانە: عماد الأصفهاني، 2002، 429).
سەركەوتنی سەڵاحەدین لە قودس:
لە دووەم سەركەوتنی پاش حەتتیندا، ڕۆژی 27ى رجب_ 583ك/ 12 _10 _ 1187 ز، سوڵتانی میسر و شام؛ سەڵاحەدینی ئەیوبى بەخۆى و لەشکرە فرە چەشنەكەیەوە کە بەشێکی بەرچاوی کوردبوون پاش چەند ساڵێك شەڕ و بەرەنگاریی چوونە ناو شارى قودس [ئۆرشەلیم]، بەمەش شۆكێكی گەورەی لە جیهانی ئەوكاتدا دروست كرد و هەتا ئێستاش هەر جێگەی باس و مشتومڕە.
لە شكری سەڵاحەدین پاش 88 ساڵ لە حوكمڕانی خاچییەكان لە قودس بەسەر شەست هەزار سەربازی خاچدروشمدا سەركەوت، پاش سەركەوتنیش ئاڵا ئیسلامییەكانی لەسەر شوورەكانی قودس هەڵكرد و خاچدروشمەكانی ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان لە ئەوروپا كردەوە (ابن واصل، 1957، 2/ 215). لە خۆشی ئەم سەركەوتنەوە زانایانی ئایینی لە شام و میسرەوە ڕوویان كردووەتە قودس و "لە شاری ڕزگاركراو"دا نزاكردن و وتنەوەی دروشمە ئیسلامییەكان ئاسمانی پڕ كرد (ابن شداد، 1994، 135). ئیبن شەدادی مێژوونووس و ڕاوێژکاری سەڵاحەدین كە لە جەنگەکەدا هاوەڵی سەڵاحەدین بووە، دەگێڕێتەوە (1994: 134_136) سوڵتان لەگەڵ لەشکرە ئەورووپییە تێكشكاوەكان رێككەوت پیاوانی جەنگاوەری ناو شارەكە بڕى 10 دینار، ژنان 5 دینار، مناڵان 1 دینار بدەن بۆ دەربازبوون و بەجێهێشتنی قودس، ئەگەرنا ئەوە مامەڵەی دیل ـ یان لەگەڵ دەكرێت. هەندێ فرەنجە جێرمانییەکان کە هەژاربوون سەڵاحەدین لە بودجەى خۆى پارەكەی بۆ بژاردن و پۆل پۆل بەرەو ئەورووپا گەڕانەوە، ئەوانەشی کە هەیانبوو خۆیان خۆیان كڕییەوە و نەچوونە ژێرباری ئەم منەتەوە. ئەم مامەڵە لێبوردەیەی سەڵاحەدینیش لەگەڵ خاچییەكان بەراورد بە كوشتاری سەركەوتنی ئەوان لە هەڵمەتی یەكەمی خاچی، زەمینە و بنەمای ئەو وێنە گەشاوەیە كە سەڵاحەدین لە دنیای ڕۆژئاوا هەیەتی تا ڕادەی ئەوەی گومانیان دروستكردووە لەوەی كە لە بنەڕەتدا سەڵاحەدین ڕۆژهەڵاتی و موسوڵمان بێت، تەنانەت شاعیری گەورەی ئیتالی دانتی ئەلیجیری (م. 1321ز) پێیوایە سەڵاحەدین لە ڕیزی ئەو مەزنە شكۆمەندانەدایە كە مەسیحی نین و لە بازنەی یەكەمی دۆزەخدا دەبێت هاوشانی ئەرستۆ و ئەفلاتۆن و سوقرات و لەوێ سزا ناچێژێ، چونكە خاوەن مەردایەتی و جوامێری بووە. (بڕوانە: دانتي، 2002: 94).
بەگوێرەی گێڕانەوەكەی ئیبن شەداد دەسکەوتی گرتنەوەی قودس 220 هەزار دینارى زێڕ بوو، سوڵتان هەر هەمووی بەسەر سوپا و كەسایەتییە ئاینییەكاندا دابەشكرد، "کاتێکیش لە قودس چووە دەرەوە یەك دیناری لەو پارەیە پێ نەمابوو"، هەر لەبەر ئەمەش زۆرێك دەڵێن سەڵاحەدین پارە و پول لە چنگیدا بوو نەك دڵی، هەندێکی تر ڕەخنەی ئەو دەست بڵاوییەی لێ دەگرن کە دەکرا بەو پارەیە زۆر شت بکرێت، بەتایبەت جگە لەو پارەیە، مێژوونووسان دەگێڕنەوە: خاچییەكان هەرچییان بۆ نەگوازرایەوە لە ڕووخام و زێڕ و زیو بەجێیانهێشت و بڕێكی زۆر بوو (بڕوانە: ابن الأثیر، 1997: 10/ 38).
بەگێڕانەوەی قودس لەسەردەستی "سەڵاحەدینی ئەیوبی"، ململانێی ئیسلامی _ خاچی گەڕایەوە بۆ بارودۆخی پێش هەڵمەتی یەكەم، خاچییەكان هەرچییان هەبوو لە شاری قودس لە دەستیاندا و لە شارەكە چوونە دەرەوە. ئەم دەستكەوتەش هێندە گەورە بووە لە دەمی خۆیدا "ابن الأثیر" كە بەوە ناسراوە نەیار و ناكۆكە لەگەڵ "سەڵاحەدینی ئەیوبی" دەڵێت (1997، 10/ 38) "لە پاش عومەری كوڕی خەتاب كەسی تر كاری وا مەزنی نەكردووە، ئەم شەرەف و شانازییەشی بەسە".
لێكەوتەی كۆنترۆڵكردنەوەی قودس
كۆنترۆڵكردنی قودس لەلایەن سەڵاحەدینەوە یەكێكە لە پێشهاتە گرنگەكانی مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست و سەرەتای قۆناغێكی نوێ و دەستكەوتێكی گرنگ، بازدانێكی گەورەی دەوڵەتی ئەیوبیش بوو. بەهۆی هێنانە خوارەوەی خاچی ئاڵتونیشەوە لە قودس، شیوەن و گریانی مەسیحییەكانی شارەكە "لە هەموو لایەكەوە بیستراوە و تا ئاسمان بەرز بووەتەوە" (ابن الأثير، 1997، 10/37)، چونكە قودس هێمای باوەڕی مەسیحی و گۆڕەپانی ژیانی كردەیی پێغەمبەر مەسیح بووە، بە لەدەستچوونیشی وەك ئەوە وابوو دڵیان بكەوێتە بەردەستی موسوڵمانەكان. پاش لە دەستچوونی قودس لەسەر ئاستی ڕۆحی مەسیحییە خاچییەكان توشی گرێ و گۆڵی زۆر بوونەتەوە، چونكە پێیانوابوو كە سەركەوتنیان لە قودس حەتمی و گفتی خوداییە. ئەم شكستەش وایلێكردن متمانە بكەن بەوەی كە كۆنترۆڵكردنی قودس كارێكی هەروا ئاسان نییە و درێژخایەن دەبێت، لەم پێناوەشدا چوونە نێو دانوستان و رێككەوتن و ئامادەكارییەوە بۆ هەڵمەتی دیكەی خاچدروشم.
لە سایەی دەسەڵاتی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا لە قودس، شوێنە پیرۆزەكانی مەسیحییەكان (كڵێسای قیامەت) گەڕانەوە بۆ ژێر سەروەری و دەسەڵاتی بێزەنتییە یۆنانییەكان، ئەو خاچییە بیانیانەشی شاریان بەجێهێشتبوو، لە عەككا كۆبوونەوە بەهیوای گەڕانەوە بۆ قودس جارێكی دی (بڕوانە عجيل، 2023: 532). بەپێچەوانەی مەسیحییە خاچییەكانەوە (فەرەنجە)، جووەكان هەڵوێستیان لە گەڕانەوەی شارەكە بۆ سایەی دەسەڵاتە ئیسلامییەكەی سەڵاحەدین خراپ نەبووە، بگرە تا ڕادەیەكیش ئەرێنییە، لەم میانەیەشدا باس لەوە دەكرێت سەڵاحەدین لە پاش كۆنترۆڵكردنی قودس، رێگەی بە گەڕانەوەی جووەكان داوە بۆ شارەكە ((Jewish Virtual Library, 2002، هەر لەمبارەیەشەوە "ئەلحاریزی" کە وەک یەکەم گەڕیدەی جوو (ئیسپانی) پاش گێڕانەوەی قودس چووەتە شارەکە (1216ز)، لە «التّحكموني» باسی لەوە كردووە، پاش ساڵانێکی زۆر لە سەرکوتکردنیان بە دەستی خاچدروشمە مەسیحییەکان، جووەكان مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵدا كراوە لە پاش گەڕانەوە شارەكە بۆ سایەی دەوڵەتەكەی سەڵاحەدین، ئەم بۆچوونەش لە ناو جووەكان بەناوبانگە و دەستاودەستی پێدەكرێت. هەندێكیش هۆكاری ئەمە دەگێڕنەوە بۆ كاریگەریی پزیشكی تایبەتی سەڵاحەدین "موسی كوڕی مەیمون" كە جوو بووە. ناوبراو لە ڕێگەی پەیوەندی تایبەتەوە توانی ڕەزامەندی نیشتەجێبوونی جووەكان لە قودس و بنیاتنانی "كنیس" و قوتابخانەی تایبەتیان بۆ وەرگرێت پاش ئەوەی لە سەردەمی خاچییەكاندا لێیان قەدەغەكرابوو (بڕوانە: دماج، 2017: 36).
كۆبەند
شاری قودس، بەهۆی پێگەی ئایینی و مێژوویی قووڵی لە هەر سێ ئایینی جوو، مەسیحی و ئیسلامدا، هەمیشە ناوەندێكی گرنگ و جێگەی بایەخ بووە. ئەم شارە، كە لە سەرەتادا لەلایەن خەلیفەی دووەمی ڕاشیدین عومەری كوڕی خەتتابەوە خرایە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی، بۆ ماوەی پێنج سەدە لەو بارەدا مایەوە. بەڵام لە یەكەم هەڵمەتی خاچپەرستیدا، لە ساڵی ٤٩٢ ك/١٠٩٩ ز، قودس كەوتە دەستی خاچپەرستەكانەوە. ئەم ڕووداوە كارەساتێكی گەورەی بۆ جیهانی ئیسلامی لێكەوتەوە، چونكە شارەكە بووە گۆڕەپانی كوشتار و تاڵانكاری و بووە هۆی نیگەرانی و شیوەنی بەرفراوان. پاش ٨٨ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی خاچپەرستەكان، سەڵاحەدینی ئەیوبی، سوڵتانی میسر و شام، سەركردایەتیی جووڵانەوەیەكی گەورەی كرد بۆ گێڕانەوەی قودس و سەرەتا لە ساڵی ٥٨٣ ك/١١٨٧ ز لە جەنگی حەتین سەركەوتنێكی یەكلاكەرەوەی بەسەر سوپای خاچپەرستەكاندا بەدەستهێنا، بەدوای ئەوەدا، قودسی گەڕاندەوە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی، ئەمەش شۆكێكی گەورەی لە جیهانی خاچپەرستیدا دروستكرد و بۆ مەسیحییەكان وەك شكستێكی ڕۆحی گەورە تەماشا كرا. لەگەڵ ئەوەشدا، مامەڵەی سەڵاحەدین لەگەڵ دانیشتووانی قودس، بەتایبەت جووەكان، جێگەی سەرنجە، چونكە سەڵاحەدین ڕێگەی دا بە خاچییەكان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و بە جووەكان كە بگەڕێنەوە شارەكە. گێڕانەوەی قودس لەلایەن سەڵاحەدینەوە نەك تەنیا ململانێی ئیسلامی-خاچپەرستیی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بەڵكو بووە خاڵی وەرچەرخانێكی مێژوویی گرنگ و دەستكەوتێكی مەزن بۆ دەوڵەتی ئەیوبی و جیهانی ئیسلامی و تا ئێستاش لە كۆیادەوەری ئیسلامیدا نەوە لە دوای نەوە بە ڕێز و پێزانین و سەرسامییەوە ئاماژەی پێدەكرێت.
سەرچاوەكان:
أبو شامة، عبد الرحمن بن إسماعيل المقدسي (ت 665هـ/1267م) (1997). الروضتين في أخبار الدولتين النورية والصلاحية. تحقيق: إبراهيم الزيبق. ط1. مؤسسة الرسالة: بيروت.
ابن الأثير، أبي الحسن علي بن أبي الكرم بن محمد بن عبد الكريم (ت 630هـ/1233م) (1997). الكامل في التاريخ. تحقيق: عمر عبد السلام تدمري. دار الكتاب العربي: بيروت.
ابن عساكر، أبو القاسم علي بن الحسن بن هبة الله (ت 571هـ/1176م) (1995). تاريخ مدينة دمشق، وذكر فضلها وتسمية من حلها من الأماثل أو اجتاز بنواحيها من وارديها وأهلها. تحقيق: عمر بن غرامة العمروي. دار الفكر: دمشق.
ابن شداد، بهاء الدين يوسف بن رافع بن تميم (ت 632هـ/1235م) (1994). النوادر السلطانية والمحاسن اليوسفية. تحقيق: جمال الدين الشيال. ط2. مكتبة الخانجي: القاهرة.
ابن كثير، عماد الدين إسماعيل (ت 776هـ/1374م) (1997). البداية والنهاية. تحقيق: عبد الله بن عبد المحسن التركي. دار هجر للطباعة والنشر: السعودية.
ابن ماجه، أبو عبد الله محمد بن يزيد بن ماجه القزويني (ت 273هـ/887م) (2009). سنن ابن ماجه. دار الرسالة العالمية: بيروت.
ابن واصل، محمد بن سالم بن نصر الله بن سالم (ت 697هـ/1298م) (1957). مفرج الكروب في أخبار بني أيوب. تحقيق: حسنين محمد ربيع. دار الكتب والوثائق القومية: القاهرة.
البخاري، أبو عبد الله محمد بن إسماعيل (ت 256هـ/870م) (1993). صحيح البخاري. تحقيق: مصطفى ديب البغا. دار ابن كثير، دار اليمامة: دمشق.
الطبري، محمد بن جرير (ت 310هـ/923م) (1387هـ/1967م). تاريخ الرسل والملوك. دار التراث: بيروت.
الواسطي، أبو بكر محمد بن أحمد بن محمد (ت 325هـ/937م) (2010). فضائل البيت المقدس. تحقيق: عمرو بن عبد العظيم بن نيازي. مركز بيت المقدس للدراسات التوثيقية: قبرص.
عماد الدين الأصفهاني (ت 597هـ/1201م) (2002). البستان الجامع لجميع تواريخ أهل الزمان. تحقيق: عمر عبد السلام تدمري. المكتبة العصرية: بيروت.
مسلم، مسلم بن الحجاج (ت 261هـ/875م) (1916). الجامع الصحيح (صحيح مسلم). تحقيق: محمد ذهني أفندي وآخرون. دار الطباعة العامرة: تركيا.
ژێدەری نوێ:
الشارتري، فوشيه (د.ت). تاريخ الحملة إلى القدس. ترجمة: زياد جميل العسلي. دار الشروق: مصر.
الصوري، وليم (1992). الحروب الصليبية. ترجمة: حسين حبشي. الهيئة العامة للكتاب: مصر.
العثامنة، خليل (2006). فلسطين في العهدين الأيوبي والمملوكي 1516–1587. مؤسسة الدراسات الفلسطينية: بيروت.
دانتي أليغييري (2002). الكوميديا الإلهية – الجحيم. ترجمة: حسن عثمان. دار المعارف: القاهرة.
خان، ظفر الإسلام (1981). تاريخ فلسطين القديم. ط3. دار النفائس: بيروت.
گۆڤارەكان:
عجيل، رنا حامد (2023). استرداد القدس على يد صلاح الدين الأيوبي (587هـ/1187م) في الرؤية الاستشراقية الإنكليزية. مجلة دراسات في التاريخ والآثار، جامعة بغداد، كلية الآداب،(82).
دماج، همدان زيد (2017). موسى بن ميمون الفيلسوف اليهودي وطبيب صلاح الدين. مجلة الرافد، (24)، أبريل.
مالپەڕەكان:
بطرياركية الروم الأرثوذكس (د.ت). القبر المقدس. موقع: ar.jerusalem-patriarchate.info. متاح على: https://bit.ly/4bLgRyU (تم الدخول: 31 آب/أغسطس 2025).
المرسلون الفرنسيسكان في خدمة الأرض المقدسة (د.ت). كنيسة القيامة (القبر المقدس). موقع: custodia.org. متاح على: https://bit.ly/3Vctr3J (تم الدخول: 15 نيسان/أبريل 2024).
روسيج سنتر (2024). يروشلايم – القدس. موقع: rossingcenter. متاح على: https://bit.ly/3KdxQy8 (تم الدخول: 20 نيسان/أبريل 2024).
Jewish Virtual Library (2002). ‘The Capture of Jerusalem by Saladin’. Jewish Virtual Library. متاح على: https://www.jewishvirtuallibrary.org/the-capture-of-jerusalem-by-saladin تم الدخول: 31 أغسطس 2025).
Lane-Poole, S. (1901). The History of Egypt in the Middle Ages. London.