لە ئارکیۆلۆژیای لۆزانەوە بۆ جیۆپۆلەتیکی درۆنەکان (لۆژیکی بە ئامڕازکردنی بێدەوڵەتیی کورد لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا)
لە ئارکیۆلۆژیای لۆزانەوە بۆ جیۆپۆلەتیکی درۆنەکان (لۆژیکی بە ئامڕازکردنی بێدەوڵەتیی کورد لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا)
  2026/08/25     164 جار بینراوە    


د. کامه‌ران محه‌مه‌د

پێشه‌کی

دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گوزارشتە لە قەیرانێکی بونیادیی لەناو ئەو سیستەمە سیاسییەی، کە لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا سه‌پێنرا. ئەم دۆزه‌ بریتییه‌ لە قەیرانی بوونی سیاسی لەناو بونیادێکدا، کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر و یەکڕەنگیی دەوڵەت_نەتەوە دامه‌زراوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای سایکس_پیکۆ، لەبری ئەوەی ببێتە فەزایەک بۆ پێکەوەژیانی ژیاریی، بوو بە تاقیگەیەکی گەورە بۆ تاقیکردنەوەی مۆدێلە هاوردەکراوەکانی دەوڵەت، کە تێیدا کوردەکان وەک گه‌لێکی بێدەوڵەت دەرکەوتن. ئەم پارادۆکسە سیاسییە وایکردووە کورد لە یەک کاتدا هەم قوربانی بێت و هەم ببێتە ئەو ئامڕازە ستراتیژییەی، کە زلهێزەکان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان بۆ شڵەقاندنی هاوسەنگیی هێز بەکاریبهێنن. لە مێژووی هاوچەرخدا بێدەوڵەتیی کورد وەک کارتێکی فشار بۆ دەستکەوته‌ ئابووری و جیوپۆلەتیکی و سەربازییه‌ کاتییه‌کان بەکارهێنراوە و هەر کاتێک بەرژەوەندییە باڵاکان پێویستیان کردبێت، ئەم گه‌له‌ لە پەراوێزی ڕێککەوتنە نهێنییەکاندا جێهێڵدراوە.

گرنگیی ئەم وتارە لەوەدایە، کە مێژوویەکی چیرۆکئامێز ناگێڕێتەوە، بەڵکو دەیەوێت ئەو بزوێنەرە ناوەکییە دیاریبکات، کە لە پشت زنجیرەیەک لە کێشە و ململانێ و جەنگ و ناسەقامگیرییە گەورەکانی ناوچەکەوەیە. هاوکات ئەو لۆژیکە شیدەکاتەوە، کە چۆن ئەم دۆزه‌ بە چارەسەرنەکراوی هێڵدراوەتەوە، چونکە بەهای جیوپۆلەتیکی کوردێکی بێدەوڵەت بۆ هێزە جیهانییەکان گەورەتر بووە لە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە کۆتایی بە ئەگەرەکانی دەستێوەردانی دەرەکی دەهێنێت. بە واتایەکی دیکە، لێره‌دا هه‌وڵمانداوه‌ تیشک بخه‌ینه‌ سەر ئەوەی، کە چۆن پرسی کورد ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر کێشانی سنوورەکانی پاش سایکس_پیکۆ و ململانێی بەریتانیا و تورکیا و دروستبوونی جەنگی سارد لە ناوچەکەدا. بۆ ئەمەش هەوڵدراوه‌ وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە، کە گرنگترینیان بریتییه‌ لەوەی، که‌ چۆن ڕێککەوتنامەی سایکس_پیکۆ و پەیمانی لۆزان ناسەقامگیرییەکی بونیادییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد و هه‌تا ئەمڕۆش بەردەوامە؟

جگە لەوانە هەوڵمانداوە بەدوای دۆزینەوەی ئەو پەیوەندییەدا بگەڕێیین، کە لە نێوان سازشی خاک وەک ڕێککەوتنامەی جەزائیر 1975 و هەڵگیرسانی جەنگە گەورەکانی وەک جەنگی ئێران عێراق و دەرەنجامەکانی وەک داگیرکردنی کوێتدا هەیە. لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە دروستدەبێت، کە لە سایەی هاوکێشە نوێیەکانی ساڵی 2026 و ململانێی درۆنەکان و جەنگی وەکالەتی نێوان تاران و واشنتۆن و تەلئەبیب بۆچی خوێنی کورد هێشتا وەک دراوێکی هەرزان بۆ کڕینی سەقامگیریی کاتیی هێزە گەورەکان بەکاردەهێنرێت. هەروەها هه‌تا چەند وەهمی ئاشتیی نێودەوڵەتی و ڕاستیی جەنگی درۆنەکان نیشانەی شکستی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەیە لە پاراستنی کەمینە نەتەوەییەکاندا و چۆن لۆژیکی بەکارهێنانی کارتی کورد لەلایەن زلهێزەکانەوە لە پێناو دەستکەوتی ئابووری و هەژمووندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

 

لەدایکبوونی ناسەقامگیری

یه‌که‌م: لە سایکس_پیکۆوە تا لۆزان

ڕێککەوتنامەی سایکس_پیکۆ لە ساڵی 1916 تەنها دابەشکردنی خاک نەبوو، بەڵکو تیرۆرکردنی جوگرافیا بوو. ئەوەی جێی تێڕامان بووە لەنێو ڕێكەوتنامەكەدا سەبارەت بە كورد ئەوەیە، كە لە ڕێكەوتنامەكەدا باس لەوە دەكات كوردەكان هەستییان بۆ نەتەوە نییە! كارێكی نەكردەیە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت. پێیانوابووە، كە هیچ هۆكارێك نییە ڕێگر بێت لە بەردەم دابەشكردنی كورد، كاتێك بتەوێت سنوور بسەپێنیت، یان بۆچی وا دابنێین، كە كورد گەلێكە پێویستی بە پاڵپشتییە[1]. هەرچەندە ئەم ڕێكەوتننامەیە خاڵەكانی یەكەم، دووەم، چوارەم، نۆیەمی تایبەت بوو بە كوردستان ‌و بەهۆیەوە كوردستانی دابەشكرد‌ و پرسی كوردی پشتگوێخست. هاوكات ڕێكەوتنەكە بەردەوامیدا بە دابەشكردنی كوردستان[2].

ئاشکرایه‌ ئەو ڕێكەوتننامەیە تەنها مێژووییەكی ڕووداوئامێزی ماوە كورت نەبوو، كە تەنها پەیوەندی نێوان دوو وڵات یا چەند وڵاتێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ڕێكبخات. بەڵكو (مێژوویەكی سیاسی) بوو، كە بایەخی بە پرسگەلێكی قوڵتر لە (مێژووی ڕووداو) دەدا، لەجياتی گرنگیدان بە كەسایەتی‌ و زنجیرەی ڕووداوەكان، توانی بچێتە بوارگەلێكی فراوانی توێژینەوەی میكانیزمە كۆمەڵایەتییەكانی دەسەڵات‌ و پەیوەندی نێوان دەوڵەت ‌و كۆمەڵگەوە. ئەمەش لە ڕێگەی كەناڵگەلێكی جۆراوجۆرەوە بەدەستهات: گرنگیدان بە سیاسەت، وەك شێوەیەكی كۆمەڵایەتی‌ و كلتوریی‌، نزیكخستنەوەیەكی ئەنترۆپۆلۆجی لە دامەزراوە سیاسییەكان‌ و بەرچاوڕۆشنی دەربارەی ڕۆڵی ئایدیۆلۆجیا لە پێكهێنانی كایەی سیاسیدا[3]. بەریتانیا و فەڕەنسا دەیانزانی بە جێهێشتنی کەمینەیەکی گەورەی وەک کورد لەناو هەر یەکێک لەم دەوڵەتانەدا، جۆرێک لە ناسەقامگیریی بونیادی دروستدەکات، کە وایان لێدەکات هەمیشە پێویستیان بە چەترێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکیان بێت. فرۆمکین ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌کاته‌وه‌، کە چۆن ئەم دابەشکارییە نەخشەی جەنگەکانی دواتر‌ی کێشا[4]. ئه‌و پێیوایه‌ ئەو سنوورانەی بەریتانیا و فەڕەنسا کێشایان (کە بناغەکەی ڕێککەوتنامەی سایکس_پیکۆ بوو)، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا بوو، نەک واقیعی نەتەوەیی و ئایینیی ناوچەکە. هاوکات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ بەریتانیا و فەڕەنسا وایان دەزانی دەتوانن نەتەوەکان بە زۆر لەناو قەوارە نوێیه‌کاندا کۆبکەنەوە. بۆیه‌ به‌لای فرۆمکینه‌وه‌ ئەم دابەشکارییە بووە هۆی دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەگەلێک کە شەرعییەتیان نەبوو[5]. له‌به‌رئه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئەم ڕێککەوتنە لەبری ئەوەی ئاشتی بهێنێت، بووە هۆی ئاشتییەک، کە کۆتایی بە هەموو ئاشتییەک هێنا، چونکە تۆوی ململانێیه‌کی درێژخایه‌نی لە نێوان ئەو نەتەوانەدا چاند، کە بە زۆر دابەشکرابوون یان بە زۆر پێکەوە لکێنرابوون[6].

به‌ڵام به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا له‌ ڕووکه‌شدا خۆیان وه‌ک فریشته‌ی ڕزگاریی گه‌لانی ناوچه‌که‌ نیشانده‌دا. هەر لەو ماوەیەدا و وردتر له‌ 8/11/1918، لە بەیاننامەیەکدا ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ ڕایانگەیاند: "مەبەستی فەڕەنسا و ئینگلتەرا لە چوونە مەیدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتدا، ئەو جەنگەی، کە تەماعەکانی ئەڵمانیا هەڵیگیرساند، ڕزگاریی تەواو و یەکجاریی ئەو گەلانە بوو، کە ساڵەهایە لەژێر نیری چەوسانەوەی تورکدا دەناڵێنن، دامەزراندنی حکومەتی نیشتمانی و ئیدارەی مەدەنیشە بۆیان، کە دەسەڵاتەکەی لە ئیرادەی دانیشتووانی ڕەسەن و هەڵبژاردنی ئازادانەی خۆیانەوە وەرگرتبێت. هەریەکە لە فەڕەنسا و ئینگلتەرا جەخت لەسەر پشتگیریی ئەو مەبەستە دەکەن و هاوکاریی دامەزراندنی ئەو حکومەت و ئیدارە نیشتمانییانەن لە سووریا و هەر سێ ویلایەتی میزۆپۆتامیا، کە ئەو ناوچانەن وا هاوپەیمانان ڕزگاریانکردن، بەو ناوچانەیشەوە، کە هێشتا لە هەوڵی ڕزگارکردنیاندان؛ سوورن لەسەر یاریدەدانی ئەم ئیدارانە و دانپێدانانیان، کاتێک بە تەواوی دادەمەزرێن. فەڕەنسا و ئینگلتەرا نیازێکی ئەوتۆیان نییە خەڵکی ئەم هەرێمانە ملکەچی هیچ جۆرە حوکمێک بکەن، بەدەر لەوەی، کە خۆیان هەڵیدەبژێرن، بەڵام هەردووکیان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش ئەوەیە، کە گەشەپێدانی کاری ئەم حکومەت و ئیدارانەی وا خەڵک بە ئازادی هەڵیانبژێرن، بە سەرپەرشتی و هاوکاریی ئەوان جێبەجێببن. هەردوو دەوڵەتی ناوبراو داد و پاکی و یەکسانی لە مامەڵەدا دەستەبەردەکەن و تێدەکۆشن کاروباری ئابووری چاکبکەن و کەسانی خاوەن بەهرە و لێهاتوو هانبدەن و زانست بڵاوبکەنەوە و ڕق و کینە و ناکۆکیی کۆن، کە سیاسەتی تورک لە ناوچەکەدا دروستیکردوون، نەهێڵن. ئەمانە ئەو ئامانجانەن، کە هەردوو هاوپەیمان لە وڵاتە ڕزگارکراوەکاندا هەوڵیان بۆ دەدەن"[7].

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین لە دوای تەواوبوونی جەنگی یەکەمی جیهانی و لە کاتی داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکەدا، کورد وەک یەکەمین کارتی سیاسی لە ململانێی نێوان زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمییەکاندا به‌کارهات. لەو قۆناغەدا بەریتانیا وەک هێزێکی داگیرکەر و تورکە کەمالییەکان وەک میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، هەریەکەیان هەوڵیاندەدا کورد وەک ئامڕازێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن[8]. بەریتانیا بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی لە ویلایەتی موسڵ و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، بەڵێنی سەربەخۆیی بە کورد دەدا، تا وەک فشارێک دژی تورکیا بەکاریانبهێنێت. ته‌نانه‌ت مێجه‌ر نۆئێل له‌ (17/11/1918) له‌ کۆبوونه‌وه‌ی فراوانی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانیدا، که‌ بەشێکی زۆری هه‌موو توێژ و چینه‌کانی لێبوو، وتارێکی درێژی به‌ زمانی فارسی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "شێخ مه‌حموود حوکمداری کوردستانه‌"[9]. دواتر مستەفا کەمال ئەتاتورک بە دروشمی برایەتیی ئیسلامی و ڕزگارکردنی خەلافەت، به‌ڵێنی پێدانی ئۆتۆنۆمی به‌ کورده‌کان دا ئه‌گه‌ر وڵات ڕزگارکرا[10]، بۆیه‌  هەوڵیدەدا کوردەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و به‌تایبه‌ت دوای ناردنی ئوزده‌میر بۆ ڕه‌واندز و هه‌وڵدانی بۆ دا‌مه‌زراندنی کارگێڕێتییه‌ک له‌وێدا و له‌ حوزه‌یرانی1921[11].

ئەم گه‌مه‌ سیاسییە ئه‌وه‌ی بۆ ئاشکراکردین، کە کورد لە بنەڕەتی دروستبوونی سیستەمی نوێی ناوچەکەدا، تەنها وەک کارتێکی فشار بۆ کێشانی سنوورەکان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و کاتێک سنوورەکان جێگیر بوون، هەردوو لایەن پشتیان لە داواکارییەکانی کورد کرد.

 

دووه‌م: لۆزان تاقیگەی سەوداکردنی شوناس و مەتەڵی موسڵ

دواتر پەیماننامه‌ی لۆزان لە ساڵی 1923 خاڵی وەرچەرخانی ئەم تراجیدیایە بوو. لۆزان لە مێژووی کورددا تەنها ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو گەورەترین تاقیگەی جیۆپۆلەتیکی بوو، کە تێیدا شوناسی نەتەوەیەک کرا بە قوربانیی هاوسەنگیی هێز لە نێوان تورکیای کەمالی و ئیمپریالیزمی بەریتانیدا. هه‌ر بۆیه‌ لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، کێشەی موسڵ چەقی هەموو ململانێکان بوو، کە تێیدا کورد وەک کارتی فشار لەلایەن هەردوو جەمسەرەکەوە بەکارده‌هێنرا. لۆژیکی تورکیا لە لۆزاندا لەسەر بنەمای خەڵەتاندنی مێژوویی داڕێژرابوو. مستەفا کەمال بۆ ئەوەی جیهان قایل بکات، کە ویلایەتی موسڵ بەشێکی دانەبڕاوە لە تورکیا، گوتاری فریوده‌رانه‌ی یەکێتیی کورد و تورکی بەکارهێنا. ئەو لە وتارەکانیدا جەختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دەکردەوە، کە سنووری تورکیا دەگاتە سلێمانی و هەولێر و کەرکووک و پێیوابوو کورد و تورک به ‌چه‌ندین په‌یوه‌ندیی به‌هێز پێکه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ وقوربانییه‌کی گه‌وه‌ره‌یان داوه‌ له‌ پێناو پاراستنی ئه‌و سنوورانه‌ی، که‌ لە میساقی میللیدا چه‌سپێنراوه‌"[12]. ته‌نانه‌ت ئەم تاکتیکە گەیشتە ئەو ئاستەی، کە عیسمەت پاشا چەند نوێنەرێکی کوردی لەگەڵ خۆی برد بۆ کۆنگرەی لۆزان، تەنها بۆ ئەوەی بە نوێنەرانی جیهان بڵێن کورد و تورک یەک گەلن و داوای سەربەخۆیی کوردان تەنها پروپاگەندەی ڕۆژئاوایە و هیچ بنەمایەکی نییە[13]. ته‌نانه‌ت به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریی کورده‌کان، ئه‌وه‌بوو به‌ ته‌له‌گراف داوای  ئه‌نجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورە کرا، کە تێیدا مستەفا کەمال داوای لە نوێنەرە کوردەکان کرد ڕای خۆیان لەم بارەیەوە دەرببڕن. لە وەڵامی ئەمەدا، حوسێن عەونی بەگ نوێنەری ئەرزەڕۆم ڕایگەیاند:" ئەم وڵاتە هی کورد و تورکە، لەم سەکۆیەوە تەنها دوو نەتەوە مافی قسەکردنیان هەیە، ئەوانیش نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکن"[14]. هەر یەکە لە حەسەن خەیری و ڕامز نوێنەرانی دێرسیم، یوزان بەگ و شاهین نوێنەرانی ئورفە و هەروەها نوێنەرە کوردەکانی بالو، وان، بەدلیس و مەڵاتییە، پشتگیرییان لەم ڕایە کرد. واتە هەموو نوێنەرە کوردەکانی ناو ئەنجومەنی تورکیا هاوڕا بوون.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر کردنه‌ ئه‌وه‌یه،‌ که‌ لە پشت پەردەی کۆنگرەکەوە، ململانێیەکی به‌هێز لە نێوان نەوتی بەریتانی و ئاسایشی تورکیدا هەبوو. بۆ بەریتانیا، موسڵ سەرچاوەی وزە و ئابووری بوو، بۆیە کوردی وەک قەڵغانێک دژ به‌ بانگەشە ئیسلامییەکانی ئەنقەرە بەکاردەهێنا[15]. بەڵام بۆ تورکیا کێشەی موسڵ کێشەیەکی وجودی بوو، ئه‌وان ترسێکی گەورەیان هەبوو، کە ئەگەر لەژێر سایەی بەریتانیادا قەوارەیەکی کوردی لە موسڵ دروستبێت و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر نەتەوایه‌تی لە ناوخۆی تورکیادا. عیسمەت پاشا لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لۆرد کرزن، بە ڕاشکاوی خواستی تورکیای نیشاندا، کە ئامادەن هەموو ئیمتیازە نەوتییەکانی موسڵ بدەن بە بەریتانیا، تەنها بەو مەرجەی کوردەکانیان ڕادەستبکەن و دەست لە پاراستنی مافەکانیان هەڵبگرن[16]. ته‌نانه‌ت مێژوونووسی ناوداری به‌ریتانی ئارنۆڵد تۆینبی ئەم ڕاستییەی پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێت: "تورکیا ئامادە بوو هەموو دەستکەوتە نەوتییەکانی بۆ حکومه‌تی به‌ریتانی وازلێبێنێت، ئه‌گه‌ر به‌ریتانییه‌کان کوردەکانیان ڕادەستبکه‌ن"[17].

ئەمە ئەو خاڵە بوو، کە لۆزانی لە سیڤەر جیاکردەوە. عیسمەت پاشا لە لۆزاندا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە موسڵ بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی نیشتمانیی تورک و هەر هەوڵێکی بەریتانیا بۆ جیاکردنەوەی کورد لە تورک، وەک پیلانێک بۆ تێکدانی یەکێتیی نەتەوەیی تورکیای ناوزەد دەکرد[18]. تەنانەت نوێنەرانی تورک لە ناو کۆنگرەکەدا دەیانگوت: "ئێمە ئامادەین نەوتی موسڵ بدەین، بەڵام ئامادە نین کوردەکان بدەین"[19]. ئەمە نیشانەی ئەوە بوو، کە لای تورکیا، پرسی کورد کێشەیەکی ئەمنیی ستراتیژی بوو، کە دەبوو لە لۆزاندا بۆ هه‌میشه‌ کۆتاییپێبهێنرێت.

لێره‌وه‌ ئەنجامی ئەم ململانێیە لە لۆزاندا، جۆرێک بوو لە سەودای بێدەنگ، تورکیا توانی بە بەکارهێنانی کارتی نەوت و فشارە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایلبکات، کە چاو لە مافە نەتەوەییەکانی کورد بپۆشن. بۆیه‌ لۆزان بوو بەو مقەستە زێڕینەی، کە خەونەکانی سیڤەری بڕی و کوردستانی کردە قوربانیی هاوسەنگیی هێز. لەوێدا چەمکی کورد وەک کاراکتەرێکی سیاسی سڕایەوە و کرا بە توخمێکی ناوخۆیی دەوڵەتی تورکیا. واته‌ لەوێدا کورد وەک کاراکتەرێکی یاسایی لە نەخشەی نێودەوڵەتیدا سڕایەوە. ئەم سڕینەوەیەش بوو بە هۆکاری ئەوەی، کە کورد بۆ بەدەستهێنانەوەی شوناسی خۆی، پەنا بۆ به‌رخودان ببات. ئەم به‌رخودانه‌ش، کە بەرپەرچدانەوەیەکی سروشتی بوو، لە لایەن دەوڵەتە ناوەندییەکانەوە وەک تیرۆر و خیانەت وێنا کرا و لێرەوە جەنگی سەد ساڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد.

 

سێیه‌م: به‌شی کوردی ڕادیۆی به‌یروت و ڕادیۆی شەرق ئەلئەدنا

له‌ لۆزان به‌دواوه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ نوێیه‌کان خه‌ریکی چه‌سپاندنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات و یه‌ک ڕه‌نگ کرنی کۆمه‌ڵگه‌کانیان بوون. لێره‌وه‌ ئه‌وان سیاسه‌تی نکوڵیکردن و سه‌رکورتکردن و جینۆسایدیان گرته‌به‌ر و کوردیش ڕێگه‌ی به‌رخودان و شۆڕش و خه‌بات له‌ پێناو مانه‌وه‌دا. هه‌ربۆیه‌ شۆڕشه‌کانی 1925 و ئاگری داخ 1927-1931 ڕاپه‌ڕینی به‌رده‌رکی سلێمانی 1930 ڕاپه‌ڕینی ده‌رسیم 1936-1938 و جوڵانه‌وه‌کانی به‌رزان 1943-1945 هه‌ڵگیرسان[20]

لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، لۆژیکی بەکارهێنانی کورد چووە قۆناغێکی تری پڕوپاگەندەیی و سەربازییەوە. بە مەبەستی دژایەتیکردنی هیتلەر و نازیزم، لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، بەشی کوردی لە ڕادیۆی بەیرووت وەک ڕادیۆیەکی فەرمیی حکوومی دامەزرا. نیاز و مەبەستی حکومەتی فەڕەنسا لە کردنەوەی بەشی کوردی  بۆ ئەوە بوو کوردەکان بەلای سیاسەتی هاوپەیمانەکاندا ڕابکێشن و لە کاریگەرییەکانی پڕوپاگەندەی ئەڵمانیای نازی دووریان بخەنەوە. جا ئەوەبوو لە ڕێکەوتی 5/3/1941 پەخشی ڕادیۆی بەشی کوردی لە ئێزگەی لوبنان بۆ ماوەی دوو کاژێر دەستی پێکرد[21]. لە ماوەی ئەم دوو کاژێرەی ڕادیۆکەدا، بە زمانی کوردی دەنگوباس و گۆرانی پەخش دەکران و هەندێ جاریش بەرنامەی ڕۆشنبیریی ئاراستەکراو پێشکەش دەکران. ئەم بەشەی ڕادیۆی کوردی لە بەیرووت بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، واتە لە ساڵی 1943دا لە پەخشکردن بە زمانی کوردی وەستا. لەو ماوەیەدا چەندین نووسەری دیاری کورد لەو بەشەی ڕادیۆی بەیرووت کاریان کردووە، لەوانە نووسەرانی ناودار: د. کامەران بەدرخان و د. نوورەدین زازا کە زمانی فەڕەنسییان بە باشی دەزانی[22].

هه‌روه‌ها لە ساڵی 1942دا، کاتێک بەریتانیا مەترسیی بڵاوبوونەوەی هەژموونی نازییەکانی ئەڵمانیای لە ناوچەکە هەبوو، بەتایبەت دوای کودەتای ڕەشید عالی گەیلانی لە عێراق، هەوڵیدا کوردەکان وەک هێزێکی دژە نازی بەکاربهێنێت. لەم چوارچێوەیەدا و لە شاری یافا، بەریتانیا بەشی کوردیی ڕادیۆی ڕۆژهەڵاتی نزیکی (شەرق ئەلئەدنا)ی دامەزراند[23]. مەبەستی سەرەکی لە کردنەوەی ئەم ڕادیۆیە تەنها خزمەتکردنی زمان و که‌لتووری کوردی نەبوو، بەڵکو ئامڕازێکی پڕوپاگەندەیی سیاسی و سەربازی بوو بۆ ڕاکێشانی سۆزی کوردەکان بەرەو بەرەی هاوپەیمانان و دوورخستنەوەیان لە کاریگەریی میدیای نازییەکان، له‌ گرنگترین کارمه‌نده‌کانیش ره‌فیق چالاک و گۆرانی شاعیر و ره‌مزی قه‌زاز و ره‌وف که‌ریم به‌گ بوون[24]. لێرەدا دەبینین بەریتانیا چۆن زمان و شوناسی کوردی وەک چەکێکی دەروونی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سەربازییەکانی خۆی لە کوردستانی جنووبی و ناوچە نەوتییەکان بەکار هێنا.

 

چواره‌م: ئەزموونی مەهاباد لە نێوان لۆژیکی ساردی کرێملین و جیۆپۆلەتیکی نەوتدا

 

ئەگەر پەیمانی لۆزان خاڵی وەرچەرخانی کورد بێت لە کاراکتەرێکی یاساییەوە بۆ بونێکی پەراوێزخراو، ئەوا ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد 1946 (که‌ ته‌مه‌نی کۆماره‌که‌ ته‌نها یانزه‌ مانگ بوو)[25] گەورەترین پانتاییە کە تێیدا لۆژیکی ساردی مۆدێرنیتەی سیاسی و بەرژەوەندییە ئامڕازییەکانی زلهێزەکان تێیدا بەرجەستە دەبێت. لێرەدا کورد چیتر هەر قوربانیی دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو دەبێتە کەرەستەیەکی تاقیگەیی لە هاوکێشەی جەنگی سارددا، کە تێیدا ئایدیۆلۆژیا پەردەیەکە بۆ داپۆشینی ڕاستییەکی تاڵتر، ئەویش ئیمتیازاتی نەوتە. ئەم قۆناغە ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن عەقڵی زلهێزەکان بە بەئامڕازکردنی کورد توانی خەونە نەتەوەییەکان وەک دراوێکی هەرزان لە بازاڕی وزەدا ئاڵوگۆڕ بکات[26] .

 لە ڕووی مێژوویییەوە کۆماری مەهاباد هەوڵێکی پان-کوردی بوو بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشکارییەی کە لە لۆزاندا چەسپێنرا. دامەزراندنی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ساڵی 1942 و ئەو ڕێککەوتنە نهێنییەی کە لە ساڵی 1944 لە نێوان نوێنەرانی پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا واژۆ کرا، نیشانەی گەیشتنی نەتەوایەتیی کوردی بوو بە قۆناغێکی بەرزی هۆشیاریی. مەهابادیش بوو بە ناوەندی ڕاکێشانی هەموو ئەو وزە سیاسییانەی کە لە تورکیا و سووریا و عێراقدا چەوسێندرابوونەوە. تەنانەت دروشم و ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کۆمارەکە، گوزارشتێکی ڕادیکاڵ بوون لە بوونێکی نەتەوەیی کە سنوورەکانی سێرت تا کرماشان و کێڵگە نەوتییەکانی باباگوڕگوڕ و موسڵی وەک جەستەیەکی یەکگرتوو له‌خۆ ده‌گرت[27]. بەڵام هەر ئەم پانتایییە فراوانەی خەونی کوردی بوو کە وای کرد یەکێتیی سۆڤیەت بە گومانەوە و تەنها وەک کارتێکی فشار تەماشای بکات، نەک وەک پڕۆژەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. بۆیە وه‌ک دکتۆر هاویل پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ کوردی سۆڤێتییه‌کان ده‌ڵێت مۆسکۆ کۆماری کوردستان و ئازەربایجانی تەنها بۆ یەک ئامانج دەویست، ئەویش ناچارکردنی حکومەتی ناوەندی ئێران بوو بۆ پێدانی ئیمتیازاتی نەوتی باکوور[28]. کاتێک هاوسەنگیی هێز لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی گۆڕا و فشاری ڕۆژئاوا بۆ سەر سۆڤیەت چڕ بووەوە، ستالین و مۆلۆتۆف بە ئاسانی چوونە ناو سەودایەکی سیاسییەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئێران قەوام ئەلسەڵتەنە. ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە نیسانی 1946دا واژۆ کرا، کە تێیدا بەڵێنی دامەزراندنی کۆمپانیای نه‌وتی ئێران-سۆڤیەت درا[29]، لە ڕاستیدا پەتی سێدارە بوو بۆ کۆماری مەهاباد. سۆڤیەت لەم مامەڵەیەدا، دۆزی کوردی بە بەرمیلە نەوتەکان گۆڕییەوە و بەمەش سەلماندی کە لە فەرهەنگی سیاسیی زلهێزەکاندا، پیرۆزیی نەتەوەکان لە ئاست بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا هیچ بایەخێکی ئەوتۆیان نییە.

مەرگەساتەکە هەر لە کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەتدا نەبوو، بەڵکو لەو خیانەتە ڕاوێژکارییەدا بوو کە بەسەر سەرکردایەتیی کورددا هات. ڕاوێژکارە سۆڤیەتییەکان، لە کاتێکدا سوپای ئێران بە پشتگیریی لۆجستیی ئەمریکا و بەریتانیا بەرەو مەهاباد دەهات، ئامۆژگاریی قازی محەمەدیان دەکرد کە هیچ بەرگرییەکی سەربازی نەکات و تەنها لە ڕێگەی دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکات. کاتێک کوردەکان داوای یارمەتیی ڕاستەقینەیان کرد، مۆسکۆ بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندن کە لە کاتی پێكداداندا ناتوانن پشت بە سۆڤیەت ببەستن[30]. ئەم بێدەربەستییە ئەخلاقییەی مۆسکۆ، قازی محەمەدی خستە ناو تەڵەیەکی مێژووییەوە کە تێیدا بژاردەکانی نێوان تیاچوون و تەسلیمبوون یەکجار کەم بوونەوە.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا و لە بەدبەختیی هەر دوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان، ڕۆژئاوا ئەوانی وەک بەشێک لە کایەی ململانێ نوێیەکەی نێوان بەرەی کۆمۆنیزم بە ڕێبەرایەتیی یەکێتی سۆڤێت و بەرەی سەرمایەداریی بە ڕێبەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەژمار کرد، بەمەش کورد بووە قوربانیی ئەم ململانێیە. هیچ گومانێکی تێدا نییە کە کۆماری ئازەربایجان بەشێک بوو لە پیلانی ڕووسیا لە ئێراندا، بەڵام کۆماری کوردستان، ئەگەرچی لە سەرەتادا ڕوسەکان پاڵپشت و کۆمەکییەکی سادەیان کردبوو، بەڵام لە بڕیارداندا سەربەخۆ بوو و پەرۆش بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندیی توندوتۆڵ لەگەڵ ڕۆژئاوادا، کەچی بە ناهەق پەلکێشی ناو ململانێی ڕووسیا و ڕۆژئاوا  لە ئێراندا کرا[31].

به‌مشێوه‌یه‌ ڕوخانی کۆماری مەهاباد و پاشان لەسێدارەدانی قازی محەمەد لە مانگی ئازاری 1947دا[32]، کۆتاییی وەهمێکی گەورە بوو، وەهمی ئەوەی کە دەکرێت نەتەوەیەکی بێدەوڵەت ببێتە هاوبەشی ستراتیژیی زلهێزێک کە تەنها بە لۆژیکی کۆنتڕۆڵ کردن و قازانج بیر دەکاتەوە. قازی محەمەد بە پێچەوانەی سەرکردەکانی ئازەربایجان، نەیویست ببێتە پەنابەری سیاسی لە مۆسکۆ و گەلەکەی لەبەردەم جەنگێکی وێرانکەردا جێبهێڵێت، بۆیە مەرگی شکۆمەندانەی هەڵبژارد[33]. بالیۆزی ئەمریکا لە موسکۆ بە ڕاشکاوی ئەم شکستەی کوردی وەک سەرکەوتنی سیاسەتی ڕۆژئاوا دژی یەکێتیی سۆڤیەت وەسف کرد[34]. بەم شێوەیە، ئەزموونی مەهاباد بوو بە وانەیەکی خوێناوی بۆ کورد، لە جیهانێکدا کە نەوت و جوگرافیا حوکم دەکەن، دادپەروەریی نەتەوەیی کاتێک مانای هەیە کە خزمەت بە هاوکێشەی هێز بکات، ئەگەر نا، وەک کۆماری مەهاباد، تەنها لە ماوەیه‌کی کورتدا دەکرێتە قوربانیی یەک ئیمتیازاتی نەوت.

 

پێنجه‌م: سوریای بەعس لە پشتێنەی عەرەبییەوە بۆ کارتی پەکەکە

لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، دەوڵەتی سوریا یەکێک لە توندترین سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانی دژی کورد جێبەجێ کرد. ئه‌ویش لە ڕێگەی پڕۆژەی (پشتێنەی عەرەبی)یه‌وه‌، حکومەتی دیمەشق هەوڵی دا دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکان بگۆڕێت و بە زەبری هێز تەعریبیان بکات، کە تێیدا هەزاران کورد مافی هاوڵاتیبوونیان لێ سەندرایەوە[35]. بەڵام پارادۆکسه‌ سیاسییه‌که‌ لێرەدایه‌ که‌ هەر ئەو ڕژێمەی کوردی ناوخۆی خۆی دەچەوساندەوە، لە ساڵانی هەشتاکاندا باوەشی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردەوە. حافز ئەسەد دەیویست کوردانی پارچەیەکی تر وەک کارتێکی فشار دژی تورکیا لە ململانێی ئاو و سنوورەکاندا بەکاربهێنێت[36]. ئەمە جارێکی تر ئەو ڕاستییەی چەسپاند کە دەوڵەتانی ناوچەکە کورد تەنها وەک ئه‌رکێکی تێکدەر بۆ وڵاتانی دراوسێ دەبینن، نەک وەک نەتەوەیەک کە خاوەن مافی ڕەوا بێت.

 

شه‌شه‌م: شۆڕشی ئەیلوول و تەڵەی هاوپەیمانیی سێقۆڵی

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 وەک گەورەترین جووڵانەوەی چەکداریی کورد هه‌ڵگیرسا. لێرەدا لۆژیکی بەکارهێنان گەیشتە لوتکە. ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانی سەردەمی شا، سێگۆشەیەکیان دروست کرد بۆ پشتگیریکردنی کوردەکان. بەڵام ئەم پشتگیرییە فەلسەفەی ئازادی لە پشت نەبوو، بەڵکو ستراتیژیی ماندووکردن بوو دژی حکومەتی عێراق کە بەرەو سۆڤیەت هەنگاوی دەنا[37].

ئیسرائیل دەیویست لە پشت وڵاتە عەرەبییەکانەوە دۆست بۆ خۆی بدۆزێتەوە. شا دەیویست فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی سنورەکان. ئەمریکاش دەیویست عێراق وەک هاوپەیمانێکی مۆسکۆ لاواز بکات. واته‌ کورد لەم هاوکێشەیەدا وەک پیادەیەکی قوربانیدەر لە شەترەنجی جەنگی سارددا مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.

مه‌رگەساتە گەورەکە لە ساڵی 1975دا ڕوویدا. کاتێک سەدام حوسێن لە ڕێککەوتنامەی جەزائیردا، بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، بەشێک لە خاکی عێراق و مافی بەکارهێنانی شەتولعەربی بە ئێران بەخشی، تەنها بۆ ئەوەی شا دەست لە پشتگیریکردنی کورد هەڵبگرێت[38]. ئەمە نیشانەی ئەوەبوو کە دەوڵەتە ئیقلیمییەکان ئامادەن بوون خاک بدەن، بەڵام شوناسی کوردی نەبینن. هێنری کیسنجەر، وەک ئەندازیاری ئەم خیانەتە، سەلماندی کە ئەخلاقی سیاسی لەبەردەم بەرژەوەندییەکاندا بوونی نییە[39]. ئەم هەرەسهێنانەی شۆڕشی کورد، نەک هەر تەنها کوردی شکاند، بەڵکو تۆوی جەنگێکی گەورەتری چاند کە دواتر هەموو ناوچەکەی سووتاند.

حه‌وته‌م: جەنگی هەشت ساڵە و نەزیفی ئابووری و جینۆساید

دوای ڕووخانی شا لە ساڵی 1979 سەدام حوسێن هەستی بەوە کرد کە دەرفەتێک هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو خاک و ئاوەی لە ساڵی 1975 دابووی بە ئێران. لێرەدا دەبینین کە کێشەی کورد چۆن ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی ئێران عێراق. ئەگەر کێشەی کورد نەبوایە، سەدام ناچار نەدەبوو سازشی خاک بۆ  ئێران بکات و ئەگەر ئەو سازشه‌ نەبوایە، پاساوی جەنگی نەدەبوو.

لە کاتی جەنگەکەدا لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1988، لۆژیکی بەکارهێنان بوو بە لۆژیکێکی شەیتانی. عێراق کوردی ئێرانی دژی تاران بەکارهێنا و ئێرانیش کوردی عێراقی دژی بەغدا. ئەمە وایکرد کە کورد ببێتە دوژمنی ناوخۆیی لە چاوی هەردوو دەوڵەتدا. دەرەنجامەکەی پڕۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بوو. لێرەدا کورد بوو بە بارمتەی جوگرافیا. عێراقیش بەهۆی ئەم جەنگەوە تووشی نەزیفێکی ئابووری بێوێنە هات، خەرجییەکانی سەرکوتکردنی کورد و جەنگی ئێران، عێراقیان کردە یەکێک لە قەرزارترین وڵاتانی جیهان. ئەم داڕمانە ئابوورییە بوو کە سەدامی ناچار کرد لە ساڵی 1990دا بۆ دەستکەوتنی نەوت و پارە پەلاماری کوێت بدات. کەواتە بە زنجیرەیەکی لۆژیکی کێشەی کورد دەبێتە هۆی ڕێککەوتنامەی جەزائیر و ئەوەش دەبێتە هۆی جەنگی ئێران  عێراق و پاشان داڕمانی ئابووری عێراق و لە کۆتاییدا داگیرکردنی کوێت. ئەمەیە ئەو ناسەقامگیرییەی کە کورد تێیدا کراوەتە جەمسەری سەرەکی.

 

هه‌شته‌م: لە ساڵی 2017 وە تا جەنگی درۆنەکان

لە دوای ساڵی 2003 و دواتریش جەنگی داعش، وا وێنا دەکرا کە کورد لە پەراوێزەوە بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی. بەڵام مێژوو بە شێوەیەکی تراژیدی خۆی دووبارە کردەوە. لە ساڵی 2017دا، کاتێک کورد پەنای بۆ ڕیفراندۆم برد وەک مافێکی سروشتی، به‌چاوی خۆمان ئه‌وه‌مان بینی چۆن تورکیا ئێران و عێراق کە لە هەموو شتێکدا ناکۆک بوون، لەسەر برسی کردن و گەمارۆدانی کورد یەکیان گرت. ئەمریکاش کە ساڵانێک بوو کوردی وەک قەڵغانی دژە تێرۆر بەکارهێنابوو، لە شەوی 16ی ئۆکتۆبەردا پشتی تێکردن. ئەمە سەلماندی کە کورد لە فەرهەنگی سیاسیی واشنتۆندا تەنها وەزیفەیەکی کاتی هەیە نەک بەرژەوەندییەکی ستراتیژی.

هەمان سیناریۆ . لە ساڵی 2026 و لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بووەوە، بینیمان کە چۆن کوردەکان لە سوریا، دوای ئەوەی جیهانیان لە مەترسیی داعش پاراست، جارێکی تر کرانە قوربانیی ڕێککەوتنە نهێنییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە چاودێریی ڕووسیا و بێدەنگیی ئەمریکا. ئیسرائیلیش کە هەمیشە وەک هیوایەک بۆ کورد وێنا ده‌کرا، هه‌وڵی ده‌دا کورد تەنها وه‌ک کارتێک دژ به‌ ئێران بەکاربێنێت و کاتێک کاتی لێدانە گەورەکان دێت، کورد لە تاقیگەی درۆنەکانی ئێراندا جێدەهێڵێت.

 

نۆیه‌م: کورد لە نێوان وەهمی ئاشتی و ڕاستیی درۆنەکان

لە کاتێکدا جیهان بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و جێبەجێکردنی دروشمەکەی (کۆتاییهێنان بە جەنگە درێژخایه‌نه‌کان) که‌ له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2024 ڕایگه‌یاند[40]، وێنە گشتییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیەکی پێچەوانە و پڕ لە مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان پێشان دا. لۆژیکی سیاسیی ئێستا پێمان دەڵێت کە ئێمە لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی دابەشکاریداین، کە تێیدا خوێنی کورد بووەتە دراوێکی هەرزان بۆ کڕینی سەقامگیریی کاتیی هێزە گەورەکان. ئەو گریمانەیەی کە دەڵێت جەنگ بەرەو کۆتایی دەچێت، تەنها نیوەی ڕاستییەکەیە، چونکە ئەوەی دەبینرێت گۆڕینی شێوازی جەنگەکەیە لە جەنگێکی گشتگیرەوە بۆ جەنگێکی ورد و ئاراستەکراو دژی ئەو لایەنانەی کە لە هاوکێشەی بەرژەوەندییە باڵاکاندا جێگەیان نەبووەتەوە.

ئەو هاوکێشە ترسناکەی کە پێویستە بە لۆژیکێکی ساردەوە بیخوێنینەوە، ڕاگرتنی هێرشەکانە بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەردەوامی و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر حزبە کوردییەکان و کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە ڕێکەوتنێکی ناڕاستەوخۆ و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە تێوەگلانی کورد لەم جەنگەدا، نەک هەر بە ویستی خۆی نەبووە، بەڵکو ئەنجامی جۆرێک لە سەودای بێدەنگە لە نێوان تاران و واشنتۆن و تەلئەبیبدا[41]. لێرەدا ترەمپ بە گوتاری ئاشتیخوازانە و ناتانیاهۆ بە ستراتیژی سەربڕینی مارەکە خەریکی داڕشتنەوەی ناوچەکەن و گه‌لی کورد و خاکی کوردستانیش لەم نێوەندەدا بووەتە قوربانییەک کە نە لە ناو جەنگەکەدایە و نە لە ناو ئاشتییەکەدا جێگەی دەکرێتەوە. تێوەگلانی کورد لەم ململانێیەدا، تەنها دەرەنجامی سیاسەتی دەرەکی نییە، بەڵکو بەشێکی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆی هەندێک میدیای نابەرپرسی ناوخۆیی و سێبه‌ری پارته‌ سیاسییه‌کان کە بە ڕووماڵە هەستیار و بێباکەکانیان، بیانووی پێویستیان بۆ هێرشبەران فەراهەم کردووە و دۆزی نەتەوەیییان لە ئاستی ستراتیژییەوە بۆ ئاستی جەنگی میدیایی و حزبی کورت کردووەتەوە. ئەمە نیشانەی دابڕانی تەواوەتیی کوردە لە هاوکێشە نوێیەکانی جیهان و ناوچەکە[42].

 

ئه‌نجام:

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین، کێشەی کورد بۆیە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، چونکە کوردستان بووەتە ئەو گۆڕه‌پانه‌ی کە تێیدا هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەبێ ئەوەی تێچوویەکی مرۆیی بۆ ئەوان هەبێت، کێشەکانی خۆیانی تێدا یەکلا دەکەنەوە. تێچووەکە هەمیشە کورد دەیدات. به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و مێژووه‌ تراژدییایه‌ی کورد و ناسه‌قامگیرییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌و ڕاس تییه‌ ئاشنا ده‌بین کە کورد هۆکاری ناسەقامگیری نییە، بەڵکو نەبوونی دەوڵەت بۆ کورد هۆکاری ئەو که‌لێنه‌ گەورە ئەمنییەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا نغرۆ بووە.

تا ئەو کاتەی لۆژیکی سایکس_پیکۆ کۆتایی نەیەت و شوناسی کوردی وەک شوناسێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری نەناسرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی به‌خۆوه‌ نابینێت. بۆیه‌ کورد دەبێت لەوە تێبگات کە وەهمی هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکان، تەنها سەرابێکە، چونکە لە فەلسەفەی هێزدا، بەرژەوەندی دایکی هەموو خیانەتەکانە. ژیان لە ناو دەریایەک لە درۆن و ڕێککەوتنی نهێنیدا، پێویستی بە گوتارێکی نەتەوەییی یەکگرتوو هەیە کە چیتر ڕێگە نەدات خوێنی کورد ببێتە دراوێکی کڕین و فرۆشتن لە نێوان تاران و واشنتۆن و تەلئەبیبدا.

 

 

[1] ) سعید بشیر اسکندەر: من التخطيط الى التجزئة، سياسة بريطانيا العظمى تجاه مستقبل كردستان1915-1923، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٦٢.

[2] ) سعید بشیر اسکندەر: م.س، ص٦٦.

[3] ) کامه‌ران محه‌مه‌د: كورد بونیادێکی نه‌خەمڵیو، چ1، سلێمانی، 2020، ل 115 و دواتر.

[4] ) داڤید فرومکین: سلام ما بعدهه سلام ولادة الشرق الاوسط 1914- 1922، ت: اسعد کامل الیاس، شرکة ریاض الریس للکتب والنشر، الطبعة الاولی، 1992، ص 425 ومابعدها.

[5] ) داڤید فرومکین: سلام ما بعدهه سلام، ص 425 ومابعدها.

[6] ) داڤید فرومکین: سلام ما بعدهه سلام، ص 425 ومابعدها.

[7] ) سدیق ساڵح: حکومه‌تی کوردستان 1918-1924، بنکه‌ی ژین، چ2، سلێمانی، 2006، ل 27.

[8] ) دیڤید ماکداول: مێژووی هاوچه‌رخی کورد، وه‌رگێڕان: ئه‌بوبه‌کر خۆشناو، ب1: سلێمانی، 2002، ل 257 و دواتر.

[9] ) سدیق ساڵح: حکومه‌تی کوردستان ، ل 31.

[10] ) تلار علی امین: موقف ترکیا من القضیة الکردیة فی العراق، مدیریة الطبع و النشر، السلیمانیة، 2011، ص 26.

[11] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة 1833-1946 دراسة وثائقیة، مكتب التفسير، ، الطبعة الاولى، أربيل ، 2003،  ص 388.

[12] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 451.

[13] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 451.

[14] ) جليلي جليل وآخرون: الحركة الكردية في العصر الحديث، ترجمة عبدي حاجي، دار الفارابي- دار أراس، الطبعة الثانية، بيروت، 2013، ص 184.

[15] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 454.

[16] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 455.

[17] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 455.

[18] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 455.

[19] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 456.

[20] ) بۆ زیاتر شاره‌زابوون بڕوانه‌: جليلي جليل وآخرون: الحركة الكردية في العصر الحديث، ص 215 و مابعدها.

[21] ) محمد خدر مولود: رادیۆی کوردی په‌خش و دامه‌زراندن 1939-1945، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، به‌شی (B)، زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌کان، ژماره‌: 59، کانوونی دووه‌می 2019، ل 281.

[22] ) محمد خدر مولود: رادیۆی کوردی په‌خش و دامه‌زراندن، ل 281.

[23] ) مه‌غدید سه‌پان: دەرباره‌ی ڕادیۆ و ڕادیۆ کوردییەکان، (https://www.kurdistan24.net/ckb/opinion/38270)، (28/4/2026).

[24] ) محمد خدر مولود: ڕادیۆی کوردی په‌خش و دامه‌زراندن، ل 281.

[25] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 709.

[26] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگێڕان: خالید مەجید فەرەج، ڕۆمان، چ2، سلێمانی، 2025، ل 198.

[27] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ل 198.

[28] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 717.

[29] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ل 2003.

[30] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ل 206.

[31] ) عثمان علي: دراسات في الحركة الكوردية المعاصرة، ص 727.

[32] ) کرمانج گوندی: سی ساڵ خه‌بات و وڵاتێکی وێران، چاپی یه‌که‌م، سوید، 1990، ل 36.

[33] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ل 208.

[34] ) فازڵ ڕەسوول: کوردستان و سیاسەتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ل 209.

[35] ) حەسەن ئەحمەد مستەفا: پشتێنەی عەرەبی لە كوردستانی سوریا چییە ؟، (https://www.zarikrmanji.net/Home/Details/68662/%D9 %BE%D8%B4%D8%AA%DB%8E%D9%86%DB%95%DB%8C-%D8%B9%DB%95%D8%B1%DB%95%D8%A8%DB%8C-%D9%84%DB%95-%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D9%88%D8%B1%DB%8C%D8%A7-%DA%86%DB%8C%DB%8C/68662/)، (1/5/2026).

[36] ) بۆ زیاتر شاره‌زابوون بڕوانه‌: ئه‌لیزا مارکوس: مێژووی په‌که‌که‌، وه‌رگێڕان: ماجید خه‌لیل، ب1-2، خانه‌ی چاپ و په‌خشی ڕێنما، سلێمانی، 2014، ل 166 و دواتر.

[37] ) بڕوانه‌: گۆران ئیبراهیم ساڵح: دۆزی کورد له‌ بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و عێراقدا 6 ئازاری 1975- 2 ئابی 1990، ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌، چ1، سلێمانی، 2013، ل 103 و دواتر.

[38] ) کرمانج گوندی: سی ساڵ خه‌بات و وڵاتێکی وێران، ل 59 و دواتر.

[39] ) گۆران ئیبراهیم ساڵح: دۆزی کورد له‌ بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و عێراقدا، ل 105 و دواتر.

[40] ) ولید فارس: ترمب وإنهاء الحروب،

(https://www.independentarabia.com/node/6307 48/%D8%A2%D8%B1%D8%A7%D8%A1/%D8%AA%D8%B1%D9%85%D8%A8-%D9%88%D8%A5%D9%86%D9%87%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%88%D8%A8)، (2/5/2026).

[41] ) کامه‌ران محه‌مه‌د: کورد لە نێوان وەهمی ئاشتی تره‌‌مپ و ڕاستیی درۆنەکانی ئێراندا، وتارێکی بڵاوکراوه‌ له‌ گرووپی هه‌واڵه‌کان_ الاخبار، (17/4/2026).

[42] ) کامه‌ران محه‌مه‌د: کورد لە نێوان وەهمی ئاشتی تره‌‌مپ و ڕاستیی درۆنەکانی ئێراندا.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure