بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە قەڵای پاراستنی گەنجان لە پۆپۆلیزم و توندڕەوی
بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە قەڵای پاراستنی گەنجان لە پۆپۆلیزم و توندڕەوی
  سەلمان نادر     2023/09/12     292 جار بینراوە    


سەلمان نادر

ڕۆژێک کوڕەکەم هاتەوە بۆ ماڵەوە، وتی بابە چ گیاندارێک بکوژین خێرمان دەگات؟ لەڕاستیدا پرسیارەکە بەلامەوە سەیربوو، چونکە چەند ڕۆژێک لەوەو پێشتر، لە خانەباخێکدا دووپشکێکم پیشان دان تا بیناسن، دواجار ویستم بیکوژین، ئەو زۆر بەتوندی دژی بوو، پێی وابوو کوشتنی هیچ گیانەوەرێک ڕەوا نیە، چۆن بەخێرایی ئەمەی لادروست بوو؟

منیش وتم نازانم، وتی قومقومە، لەڕاستیدا هەمان دۆخی منداڵی خۆم کە هەمان شتم پێوترابوو، لێرەوە ویستم بیخەمە ناو دۆخی ڕەخنەگرانەی ناوەکیيەوە، پرسیم بۆچی خێرمان دەگات بیکوژین؟ وتی ئاخر کاتێک ویستویانە حەزرەتی ئیبراهیم بسوتێنن، هەموو ئاژەڵەکان، ویستویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە، تەنها ئەو نەبێ فووی لە پشکۆکان کردووە و هەڵیگیرساندوون.

نەمویست ئەوەی خۆم باوەڕم پێیەتی بەسەر ئەویدا بسەپێنم، بەڵام ویستیشم پێوەری عەقڵی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەر شتێک دەیبیستێت. بۆیە پرسیم: ئەگەر باپیرە گەورەی ئێمە تاوانێکی ئەنجامدابێت، ئایا دروستە کەسێک بێت ئێمە سزا بدات؟ یەکسەر وتی نەخێر، وتم ئەی بۆ ئێمە ئامادەین نەوەکانی ئاژەڵێک قڕکەین لەسەر تاوانی باپیریان؟ هەستم کرد کەوتە دۆخێکی سەختەوە، ئەڵبەتە من چەند پرسیارێکی دیکەی عەقڵیم لێکرد، کە لێرەدا کات ڕێگەنادات بیان وروژێنین، چونکە تەنها نمونەیەکمان مەبەست بوو.

ئەمە پرسیارێکی بنەڕەتیيە، ئایا ئێمە بۆئەوەی بتوانین خۆمان بین و ڕێز لە عەقڵی خۆمان بگرین و نەبینە بوکەڵەی دەستی کەلتوور، مێژوو، زۆرینە، هەستەکانمان، ئامادەین، بیروباوەڕەکانمان بخەینە ژێر پرسیارەوە؟ تاوەکو بزانین چەندیان مەعقولن و چەندیشیان نا مەعقول؟ ئایا ئێمە دامەزراوەکانمان: ماڵ، قوتابخانە، زانکۆ، مزگەوت، ڕێکخراوی مەدەنی، حیزبی سیاسی، ئامادەن نەوەیەک پەروەردە بکەن حەکایەتەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە؟ یان نەخێر هەر خۆمان پێش ئەوانی تر، دەترسین بیر بکەینەوە، نەوەک دەربکەوێت هەڵەبووین، ئەوانی دیکەش دەترسن بیر بکەینەوە بۆمان دەرکەوێت ئەوان هەڵەبوون.

ئەڵبەتە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، حاڵەتێکی سایکۆلۆجيی و دژەباوی نیە، بەڵکو پرسیاری وردن لە ناخی مرۆڤدا، لەبارەی باوەڕەکانەوە، بەتایبەتی لەمڕۆدا، کە بەردەوام مرۆڤ لەلایەن زانیاريیەوە دادەپۆشرێ، هه‌ربۆیە لەمڕۆدا زانیاری گرنگ نیە، چی زۆرە زانیاری، بەکلیکێک زانیاری لەڕادەبەدەر دێنە مۆبایلەکانماوە، هه‌ربۆیە زانیاری ئەمڕۆ خاڵە بنەڕەتیيەکە نیە، بەڵکو پرسیارکردن لە زانیاری گرنگترە، ڕووگە بەخشین بەزانیاری گرنگە، چونکە شەپۆلی زانیاريیەکان بێ ئیرادەی خۆمان دێن بەرەو ڕوومان، هیچ قۆناغێک هێندەی ئەمڕۆ مرۆڤ لەلان زانیاريیەوە تەنگی پێهەڵنەچنراوە، وەگەر نا مرۆڤی ئەمڕۆ بیەوێت یان نا، هەر دەزانێ، وەلێ ئەگەر خۆی ئیختیاری نەبێ، ئەوانی دیکە بڕیار دەدەن چی دەرخواردی بدەن، ڕێک هاوشێوەی خواردن، کاتێک خواردن کەمە مرۆڤ ناتوانێ بڕیار بدات چی دەخوات، وەلێ کاتێك زۆرە دەبێت بزانێ چی دەخوات، وەگەر نا تووشی نەخۆشی دەبێت، ئەمەش تەنها بە پرسیارکردن لەبارەی زانیاريیەوە بۆی فەراهەم دەبێت، لێره‌وه‌ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لێرەدا مرۆڤ ڕزگار دەکات لە گیرۆدەبوون بەدەس شەپۆلی زانیاريیە پەرت و بڵاو و ڕێکنەخراو و نمونەییەکانەوە، ڕزگاری دەکات لە عەوامفریويی و توندڕەوی.

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دژە کۆمەڵایەتی بوون نیە، دەرچوونیش نیە لە پرانسیپی لۆجیکی بۆ پرسیارکردن، بەڵکو پرسیارکردن و گومان دروستکردنی لۆجیکیيە لە بیروباوەڕەکان، زانیاریيەکان، پێکەوەگرێدانی زانیاريیەکان لە چوارچێوەی سیستمەکاندا، ڕێگری کردنە لەوەی هەستەکانی مرۆڤ لەبری ئەوەی پاشکۆی باوەڕەکان بن، ببنە سەروەری باوەڕەکانی.

پرسیاری بنەڕەتی لێرەدایە، ئایا مرۆڤ دەیەوێت زانیاریيەکان بەکاربهێنێ، یان زانیاريیەکان دەبێت مرۆڤ بەکاربهێنن، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیڵێین ئەوەیە مرۆڤ پێوەری دامەزراوی هزری هەبن، تا لە بەردەم ڕەشەبای زانیاريیەکاندا سەرگەردان نەبێت، تاوەکو زانیاریيە ژمارەییەکان بەرەو هەڵدێری نەبەن. وەک ئاماژەمان پێدا، لە سەردەمی نوێدا هەبوونی زانیاری گرنگ نیيه‌، هێندەی شیکار و ئەزموون و ڕێکخستنی زانیاريیەکان لەچوارچێوەی سیستمی مەعریفیدا گرنگن، هێندەی پرسیار کردن لە چیەتی و چۆنیەتی زانیاريیەکان گرنگن. ئەمەش خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت بیڵێین، لەکاتێکدا کە ئەمە برەوی پێنادرێت، بگرە لە بەردەم هەڕەشەی زۆری زانیاریيەکاندا گوزەری زانیاری پێدان برەو دەسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا زانستە بنەڕەتیيەکانی وەک لۆجیک، فەلسەفەی زانستەکان فەرامۆش دەکرێن، هەرئەمەش وایکردووە مرۆڤی بیرکەرەوە کەمتر بن و مرۆڤی بەکاربەری زانیاری زۆرتر ببن. ئەمڕۆ زانیاری ئێمە لەڕووە ئاينيشه‌وه‌ زۆر زیاترە لەڕابردوو، وەلێ میتۆدمان لاوازە.

لە سەردەمی نوێدا سێ مەترسی گەورە هەن بەتایبەتی لەسەر گەنجان لە وڵاتانی ئێمەدا، چونکە ئەوان زۆرتر بەر دونیای نوێ دەکەون، ئەوانیش:

۱ـ زۆربوونی زانیاری تەکنیشیانی و کەمبوونەوەی مەعریفەی بنەڕەتی.

۲ـ  زۆربوونی توانای دەرەکی و کەمبونەوەی کۆنتڕۆڵی ناوەکی.

 ۳ـ گەشەکردنی دژەهاتنەوە لە نێوان بیروباوەڕ و ڕەفتاردا.

 ئەمە لە گەنجەکاندا زۆرتر دەردەکەوێت، من وەک خۆم بەدواداچوونی ئەم سیانەم کردووە لە تۆڕەکانی سۆشیاڵمیدیادا، کە چەند نمونەیەک لەمە دەخەمە ڕوو.

نمونەی یەکەم، ئەلف پزیشکێکە، بڕوانامەی پزیشکی لە کۆلێجێکدا وەرگرتووە کە میتۆدەکەی زانستی نوێیە کە زانستێکی ئیستقرائی تاقیگەییە، لەو میتۆدەشدا هەرشتێک بە قۆناغەکانی زانستیدا تێپەڕ نەبێت، زانست نیە، بەڵام بانگەواز بۆ بابەتی پزیشکی کلاسیک دەکات بەناوی زانستەوە، بۆ؟ چونکە بنەمای زانستی پزیشکی ناناسێت).

نمونەی دووەم، خۆی کارمەندی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی عەلمانیيە و بەباشترین شێوە دەرهێنان بۆ بەرنامەکانیان دەکات، لە کۆمێنتدا دەنووسێت ئەوەی وەلائی عەلمانیەت بۆ بێت کافر دەبێت.

 بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە بنەڕەتەوە بۆ کارکردنی ناوەکی مرۆڤە لەسەر ئەو سێ مەترسيیە، کە تێکڕایان دەرئەنجامی مەترسیداری پۆپۆلیستی بەرهەم دەهێنن.

بۆ نمونە پزیشکەکانی ئێمە تەکنیشیانن، جەڕاحی باشن، ئاگاداری تەکنیکە پزیشکیيەکانن، بەڵام کەمترین پرسیاری بنەڕەتی پزیشکی لە خۆیان دەکەن، کەمترینیان کتێبێکی سەرەتاییان لەسەر چیەتی زانستی پزیشکی، فەلسەفەی پزیشکی خوێندووەتەوە، بۆیە زۆرجار لە هەناوی پزیشکیدا ڕاستڕەویيەکی توند خۆی دەنوێنێ، ئەوە کۆلێژە پزیشکیيەکانی ئێمە دوور و نزیک بەلای ئەو پرسانەدا ناڕۆن. هێشتا لێرە فەلسەفەی زانست باس نیە، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا ڕیشەی قوڵی فەلسەفی لەگەڵ زانستەکاندا خوێنراون، ئەمەش وادەکات، پزیشکێک لێی بپرسیت چ شتێک زانستیيە و چ شتێک زانستی نیە؟ وەڵامێکی پێ نیە؟ بۆیە دەکەوێتە هەڵەی ڕوونەوە، ئەمە تەنها لە پزیشکیدا نیە زۆر بواری دیکەش ئالودەی بوون، بۆ نمونە لە ڕابردووی ئێمەدا لە حوجرەکاندا ئادابی بەحس و مونازەره‌ی گەله‌نەبەوی و بورهانی گەلەنەبەوی و موغنی تولاب لە لۆجیکدا خوێنراون، لە کەلامدا عەقیدەی نەسەفی خوێنراوە، کە بورهانی عەقڵی تێدا بووە، مەقولات خوێنراوە لە فەلسەفەدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەوانە جگەلەوەی کەمڕەنگ بوون و ناخوێنرێن، پرسی فیقهی لەڕادەبەدەر گەورەکراون، بابەتی تێپەڕاندنی ئصولیات بەهێز بووە، لەبری تەفسیر خەواتیر نووسین گەشەی کردووە، ئەمانە تێکڕایان تەکنیک بەهێزکردنن لە بەرامبەر لاوازبوونی مەعریفەی بنەڕەتی، زانینی ئیستدلال گرنگ نەماوە، بەڵام بەحوجەت کردنی دەق بێ ئەوەی ئاگاداری حوجەسازی بین زۆر بووە، ئەمە زۆرتر لە گەنجەکاندا زەقترە.

بەشی دووەمی مەترسیەکە، بەهێزبوونى تواناکانی مرۆڤن بێ بایەخدان بە تەزکیە، لە ڕابردووی مرۆڤایەتیدا پرسی تەزکیە پرسێکی سەنتەری بووە، مرۆڤ چۆن کۆنتڕۆڵی ناوەکی خۆی بۆ ڕێگری کردن لە ئازاربەخش بوونی بەکارهاتووە، لە ئێستادا دونیای مەعریفە بەتەواوەتی جیابووەتەوە لە دونیای تەزکیە، بەشێکی گەورەی زادەی دونیا سيکۆلارەکەیە کە ئەیەوێت مەعریفە لەدەستی ئەخلاق ڕابماڵێت، بەڵام ئەمە بوارە دینیيەکەشی گرتووەتەوە. بۆیە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لانیکەم دەیەوێت دوو مەترسی لەمانە کەم بکاتەوە، ئەگەرچی دەست بۆ سێیەمیش دەبات، ئەوانیش قوڵ بیرکردنەوە و ڕزگاربوونن لە نیفاقی مەعریفی.

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەکوێوە دەستپێدەکات؟ چۆن خزمەتمان دەکات؟

کۆمەڵێک پرسیار لێرەدا جێی لەسەر وەستانن، بۆچی بیردەکەینەوە؟ ئایا دەکرێت لەڕێگەی بیرکرنەوەوە ژیانمان بگۆڕدرێت؟  ئایا دەکرێت لەڕێگەی بیرکردنەوەوه‌ ئەو شتانە بگۆڕین کە نازانین پێویستە بگۆڕدرێن؟

لەگەڵ ئەوەدا دەبێت بزانین زۆرینەی کۆمەڵگە بیرکردنەوەیان هەیە، بە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانیشەوە، بەڵام بیرکردنەوەی سیستماتیک خەسڵەتی کۆمەڵگە فەرهەنگیيەکانە، خەسڵەتی مرۆڤە پەروەردەکراوەکانە، واتە تا ئاستێکی پێشکەوتووی کەلتووری ڕوونەدات مرۆڤ بیرکردنەوەی سیستماتیکی تێدا دروست نابێت، ژیانی پڕدەبێت لە دژهاتنەوە، کە ئەمەش لەو مەترسیيانەدا ئاماژەمان پێدا بوونی هەیە، بیروباوەڕی پەڕگیرانەیە، بەڵام ژیانی ئاسانگیرانە، ئەمەش خەسڵەتێکی سەردەمە، بۆ نموونە خۆی دەزانێت ژیان بێ وێنە ناڕوات بەڕێوە، بەڵام دەشڵێت وێنە حەرامە، لە بەردەم کامێرایەکدا وتار دەدات لەسەر حەرامبوونی وێنە،  وێنەی پڕۆفایلەکەی لە ئەنتالیا گرتوویەتی دەشڵێت بەڵێ بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، کەڵکەڵەی ژیانی ئەوروپایەتی و دژایەتی ئازادی دەکات، خێزانی خۆی سافیرەیە و لە سۆشیاڵمیدیا ئیدعای سەپاندنی حیجاب دەکات ... تاد.

مرۆڤ بۆئەوەی لەو گرفتانەی ئاماژەمان پێدا قوتاری ببێت، پێویستە ڕەهەندە گشتيیەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەیڕەو بکات، کە لێرەدا بەشێک لەو ڕەهەندانە دەخەینە ڕوو:

ڕەهەندی یەکەم: یەکەم ڕەهەندێک مرۆڤ دەستی بۆ ببات لە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا، بەئامانجگرتنی بیروباوەڕەکانی خۆیەتی، دەوترێت ئەگەر کەچەڵ حەکیم بێت، دەوای سەری خۆى ئەکات، مرۆڤی ڕەخنەگر، یەکەم کەسێک ورد و درشتی ژیانی بزانێت خۆیەتی، بۆیە پێش ئەوەی بیپەرژێتە سەر دوورەکان، پێش هەڵسەنگانی ئەوانەی نایانناسێ، هەڵسەنگاندنی ئەوانە دەکات زۆرترینیان لەبارەوە دەزانێت، هه‌ربۆیە دەوای دەردی خۆی دەکات، لە خۆشیدا  لە ڕیشەییترین خاڵی خۆیەوە دەسپێدەکات، کە بیروباوەڕەکانیەتی، لە تێست کردنی باوەڕەکانی خۆیەوە دەیەوێ بزانێت ئایا باوەڕەکانی بەڵگەدارن، یان نەخێر تەسلیمی ئەوانی دیکە بووە، کوێرانە ڕادەستی کەلتوور و چاولێگەری بووە، دەیەوێ نەزانینەکانی خۆی کەشف بکات. زۆرینەی مرۆڤەکان لێرەدا تێدەکەوین، وادەزانن ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی خودی حەقیقەتەکەیە، وادەزانین بەڵگەمان بۆ هەموو باوەڕەکانمان هەیە، وادەزانین بەدوورین لە خورافە، نا ئاگاین لەوەی ئێمە لەڕێگەی مەنزوومەیەکی فیکریيەوە حەقیقەت دەبینن و حەقیقەتیش جیاوازە لەوەی دەرکی دەکەن، وادەزانی هەموو باوەڕەکانمان لە دەرەوە بوونیان هەیە، هه‌ربۆیە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەخۆی دەپرسێت ئایا بەڵگەمان بۆ هەموو باوەڕەکانمان هەیە؟ یان نەخێر باوەڕەکانمان تەڵقینێکن و بەرئەنجامی مامەڵەی دیکە بۆمان دروستبوون، بۆیە کاتێک مرۆڤ فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێت، لانیکەم ئەو باوەڕانەی کە کاریگەريیان لە چۆنیەتی بیرکردنەوەی، چۆنیەتی ژیانکردنی، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی هەیە لێیان دەپرسێتەوە، هەوڵ دەدات بزانێ بەڵگەی هەیە بۆیان، یان لانیکەم هێندە مەعقولیەتیان تێدایە، شایستەی داکۆکی لێکردن بن.

ڕەهەندی دووەم: دووەم هەنگاو مرۆڤ لەوە دەپارێزێت بکەوێتە داوی سێ مەترسيیە بەرجەستەکەی سەردەمی نوێوە، کە دەرهاویشتەی خولقاندنی دۆخی عەوامفریویان هەیە، کەمکردنەوەی پانتایی جیاوازیيە لە نێوان باوەڕ و کرداردا لەڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە، چونکە دواجار زۆربەی گوتارە پۆپۆلیستیيەکان تاک بەئاڕاستەیەکدا دەبەن داوای شتێکی نمونەیی لە بەرامبەر یان کۆمەڵگە دەکەن، ئەمەش چەند پرسیارێکی سادەن مرۆڤ لەخۆی دەکات،:

1ـ ئایا ئەو پێوەرانەی بۆ ئەوانی دیکەی دادەنێم بۆ خۆمی دابنێم دەردەچم؟ ئەو مەرجانەی بۆ بیروباوەڕی ئەوانی تری دادەنێم، بیروباوەڕەکەی خۆمی پێ بپێوم دەرەچێت؟ پێشتر مامۆستایەک لە زانکۆی سلێمانی هەبوو، لەکاتی تەسیحکردنی دەفتەری خوێندكاردا لێی تێکچووبوو وەڵامە نموونەيیەکەی خۆی تەسیح کردبوو، حەفتا لەسەدی هێنابوو، جا نازانم ئەم نموونەیە ڕاست بوو یان بۆیان هەڵبەستبوو؟ بەڵام وەک نموونە لەوانەیە زۆر گونجاو بێت بۆ ئەم پێوەرە، چونکە زۆربەی قەیرانەکان لەوێدان ئێمە ئەو مەرجانەی بۆ بەرامبەری دادەنێین بەسەرخۆماندا بسەسپێنين دەرناچین، ئەمە تەنها لە ئاستی پراکتیکیدا نیە، بەڵکو ئەگەر بیشیگوازینەوە بۆ ئاستی تیۆری هەمان ئیشکالیەت دەخولقێت، بۆ نموونە ئێمە کاتێک باس لە پڕۆژەی فیکری بەرامبەرەکانمان دەکەین، مەرجگەلێک دادەنێین ئەگەر ئەو مەرجانە بەسەر پڕۆژەکەی خۆشماندا بەرجەستە بکرێن نەک سەختە لەژێر باریاندا بێتە دەرەوە، بەڵکو هیچی بەسەر هیچی ترەوە نامێنێتەوە، ئێمە کاتێک لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا گفتوگۆ دەکەین، عەقڵانیەکی توندڕەو و پەڕگیرین، هەندێک جار پۆزەتیڤیستێکی لۆجیکین، بەبیانووین لە بچووکترین پۆینتێک لەو ئایینانەدا ببێ و لەگەڵ عەقڵدا یەکانگیر نەبێت، بەڵام له‌ باسی ئایینی خۆماندا دەڵێین کاکە خۆ ئايين بە عەقڵ ناپێۆرێ، خەواریقولعادەکانی ئایینی خۆمان پەڕجوون و هی ئایینەکانی دیکەش خورافە، کاتێک مرۆڤ بەم چەشنە لەخۆی ڕاما سەختە بتوانێت، پۆپۆلیست بێت.

2ـ کاتێک لە سیاسەتی بانێکە و دوو هەواوە دێینە سەر باسی کردەکی بوونی مەرجەکانمان بۆ بەرامبەر لەگەڵ بنەمایەکدا دەست و پەنجە نەرمەکەین، ئەویش ئەوەیە: هیچ دۆخێک شایستەی داواکردن نیە، کاتێک بۆ خۆمان مومکین نیە. ئەویش لەو پرسیارەوە سەرچاوە دەگرێت، ئایا سەرکەوتوو بووم لە ژیانکردن بەرمەبنای ئەو پرانسیپانەی باوەڕم پێیەتی، بۆ نموونە من باوەڕم بە کۆمەڵگەیەکی نمونەییە، باوەڕم بەو حەکایەتانە هەیە باسی ئەوە دەکەن مرۆڤەکان لە هەرچی گوناهە پاک ببنەوە و گوناهـ نەکەن، بچووکترین گوناهـ لە بەرامبەرم دەکەمە دێوەزمە، پێموایە کۆمەڵگەیەک هەبووە خاڵی لە هەرچی خەوشی ئەخلاقیيە، داوا دەکەم ئەوانه‌ى دەوروبەريشم وابن، داوا دەکەم سیاسیيەکان ئەنانی نەبن، ململانێ نەکەن، هەزاران مەرج، بەڵام خۆم ئەوەم پێناکرێ، ناتوانم بەرمەبنای ئەو باوەڕەم بژیم بەڵام دەمەوێ ئەوان وابژین، ئاخر ئێمە خۆمان ئەوەی پێمانناکرێ دەمانەوێ ئەوانی دیکە ئەنجامی بدەن، هه‌ربۆیە دەمانەوێ واقیعی ژیانی ئەوان بە خەیاڵی خۆمان بپێوین، ئەمە تەنها دیوی مەعنەويی و ئەخلاقی نیيە، قوڵایی مەعریفیشی هەیە، قوڵاییەکەی لەوێدایە، ئەوەی مومکین نیە بکرێ لەڕووی مەعریفیشەوە شایستەی باوەڕ پێ بوون نیيە، باباتاهیری هەمەدانی چوارینەیەکی جوانی هەیە، لێرەدا زۆر کەڵکگیرە و دەڵێت:

مو آن رندم که عصیان پیشه دیرم

بدستی جام و دستی شیشه دیرم

اگر تو بیگناهی رو ملک شو

من از حوا و آدم ریشه دیرم

ئەو عاشقەم لە گوناهدا ڕیشەدارم، لەلایەک عاشقی عەشقی باڵاو لەلایەکیش مەینۆشم، تۆ ئەگەر بێگوناهی ببەرە فریشتە، من لە ئادەم و حەواوە ئەم کیسمە فێربووم.

ئەمە بانگەوازی گوناهکردن نیە، بەڵکو بانگەوازی بەواقیعی سەیرکردنی مرۆڤە، چاوەڕوانی فریشتە بوون لە مرۆڤ هەڵەیە، گواستنەوەیە لە مرۆڤی کامڵی ئیبنوعەرەبیەوە بۆ  کامڵەن مرۆڤ بوون.

۳ـ  پرسیاری سێیەم ئەوەیە ئایا ئێمە پێوەری عەقڵانیمان هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوانەی خۆشمان دەوێن؟ دژهاتنەوەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبینین، دژيه‌كه‌كانى گوتارەکانیان هەست پێدەکەین؟ یان نەخێر ئێمە بۆ بینینی خۆشەویستانمان پێوەرە عەقڵانی و لۆجیکیيەکان وەلا دەنێین، بەڵام بۆ ئەوانی دی نەخێر، ئەم سێ بنەمایەی پێیان دەوترێت ڕێگریيەکانی نیفاقی مەعریفی، بەربەستێکی گەورەن لە بەردەم ڕووکاری بووندا، لە بەردەمی بوونە کۆیلەی زۆرینە و پۆپۆلیزمدا، چونکە لە زۆربەی دۆخەکاندا گوتاری ئینفعالی لەم ڕەهەندانە پێکدێن.

 

بنەمای سێیەم: ئاگایی لە بەرامبەر سنورداريیەکانمانەوە

لەوانەیە دیارترین پەیامی هێرمنۆتیکای نوێ ئەوە بێت، ئێمە لەناو چوارچێوەیەکی مەعریفیداین، ئەو چوارچێویە ناوی ئاسۆی مێژووییە، ئەو ئاسۆ مێژووییە کاریگەری وجودی لەسەر تێگەشتنەکانمان هەیە، واتە ناتوانین لێی قوتار ببین، کاتێک مرۆڤ ئەم ئاگاییەی بۆ دروست دەبێت، بەدور دەبێت لە توندڕەويی و دەمارگیری، دەزانێت بەشێکی گەورەی جیاوازيیەکانمان جیاوازی ئەو ئاسۆ مێژووییەیە ئێمەی لەناودا دەژین، جیاوازی پێشگریمانەکانمانە، جیاوازی چاوەڕوانی و جیهانبینیيەکانمانە، ئەمانەش زۆرجار مرۆڤ ئیختیاری تێیدا نیە، ئێمە پێش ئەوەی لەدایک ببین لەڕووی بایۆلۆجیەوە، کراسێکی کەلتووریمان بۆ دووراوە، دەبێت هێندەی کراسەکە گەورە ببین، نەک کراسەکە بە باڵای ئێمەدا ببڕن، دەکرێت هەنێک جیاوازیمان ببێ لەوانی دی کە ئەوەش هەر خودی کەلتوورەکان ڕێی پێدەدەن، وەلێ سنوری بیرکردنەوە و بەهاکانمان کۆنتڕۆڵ دەکات، پێش ئەوەی لەدایک ببین، بەها جیهانیيەکان داگیرمان دەکەن، هه‌ربۆیە ئەم ئاگاییە سەرەتای قبوڵکردنی جیاوازیيەکانە، ئەوانەی ئاگاییەکەیان هەیە و ئەوانەش نیانە هه‌ر سنوردارن، وەلێ ئەوانەی ئاگاییەکەیان نیە، وادەزانن ئەوان پەيیان بە حەقیقەتە پەتیيەکە بردووە، ئەمەس وادەکات توند و تاک ڕەهەند بن.

ڕە‌هەندی چوارەم : قبوڵ نەکردنی بابەتی بێ بەڵگە

ئەڵبەتە ئەوە گومان هەڵنەگرە زۆرینەی ئەوەی دەوترێت بەڵگە ناخرێتە ڕوو، هه‌ربۆیە هەنگاوی یەکەمی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتیيە لەوەی مرۆڤ بزانێت ئەم باوەڕەی دەوترێت پشتی بە چ هزرێک بەستووە، ئایا بەڵگە و ئارگومێنتێک لە پشتیيەوە هەیە یان نا؟ ئەمە تەنها بەس نیە بۆئەوەی مرۆڤ بکاتە خاوەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، بەڵکو ئەگەر بەڵگەشی هەبوون مرۆڤ دەست بکاتە گفتوگۆکردنی بەڵگەکان لەڕێگەی لێکجياکردنەوەیان بۆ بەڵگە، بەڵگە وێژيی و ئەنجامگیری، لە خاڵى یەکەمدا پرسیار کردن لەسەر خودی بەڵگەیە، ئایا ئەو بەڵگەیە لە بنەڕەتەوە مایەی بە بەڵگەبوونی تێدایە؟ ئەگەر بەڵێ بەڵگەیە ئایا خاوەنی ئەو بۆچوونه‌ وەک پێویست لەو بەڵگەیە تێگەيشتووە؟ پاشان ئایا زەرورەت لە نێوان بەڵگەکە و ئەنجامگیريیەکەدا هەیە؟ ئایا ئەگەری دیکە لە ئارادا نین بۆ ئەنجامگیری جیاوازتر؟ ئایا ئەنجامی جیاواز بوونیان نیە بەرمەبنای بەڵگەی بەهێزتر؟ کاتێک مرۆڤ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ باوەڕەکاندا دەکات بەدڵنیاییەوە دەرفەتی توندڕەویى و پۆپۆلیستی لەباردەچێت، خۆ ئەگەر بەڵگەی نەبوو پێویست بەکات کوشتن ناکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کردنیشی.

 

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure