ئەو نووسەرانەی نۆبڵ غەدری لێ کردوون!
ئەو نووسەرانەی نۆبڵ غەدری لێ کردوون!
  ئارام سدیق     2023/10/15     223 جار بینراوە    


خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە چەند بوارێکی جیاوازدا دەدرێت بەو کەسانەی کە کارێک نوێیان لە بوارەکەی خۆیاندا کردووە و بۆ یەکەمجار لە 10ی کانوونی یەکەمب ساڵی 1901 لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵدا خەڵاتەکە دراوە و ئەوەی تا ئێستاش جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکانە دوان لەو خەڵاتانەیە کە ئەوانی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و ئاشتی-یە. بەخشینی ئەم خەڵاتە یەکەمجار دوای پێنج ساڵ مشتومڕ هات کە لە 27ی تشرینی دووەمی 1895 دا ئەلفرێد نۆبڵ لە وەسێتنامەیەکدا ئەوەی خستبووە ڕوو کە سەروەتەکەی بکرێتە سندووقێک و لە پرۆژەیەکی وەبەرهێناندا بەکار بخرێت و ئەمەش بەمەبەستی دابینکردنی لایەنی دارایی خەڵاتەکە کە بتوانرێت بەردەوامی پێ بدرێت و ئێستا خەڵاتەکە لە بوارەکانی "ئەدەب، ئاشتی، فیزیا، کیمیا، نوژداری" دابەش دەکرێت.

یەکێک لەو خەڵانەی خەڵاتەکەی لەسەر بەندە ئەوەیە کە دەدرێت بە کەسێک کە زۆرترین خزمەتی مرۆڤایەتی کردبێت. دوای ئەوەی ویسترا کە خەڵاتەکە لەژێر فشاری حکومەتی سویدیدا تەنها بۆ سویدییەکان بێت، بەڵام لیژنەی ئەم خەڵاتە ئەوەیان ڕەتکردەوە و وەسێتنامەکەیان بە تەواوەتی وەکو خۆی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماوەیەکی زۆرە بیر لەو نووسەرە ناودار و داهێنەرانە دەکەمەوە، کە لە بواری ئەدەبیاتدا خەڵاتی نۆبڵیان وەرنەگرتووە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لیژنەکانی (بەشی ئەدەبیات)ی ئەم خەڵاتە غەدریان لەو نووسەرانە کردووە، کە زۆرجار و بە زۆر پێوەری ئەدەبی لەبەشێکی زۆر لەو نووسەرانە شایستەتر بوون کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیان وەرگرتووە.

ئەگەر بە وردی سەیری ئەو نووسەرانە بکەین، کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا (کە من ئاگاداری بەرهەمی بەشی زۆریانم) خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە، کەسانێک دەبینین تێیدا، کە هەرگیز هێندەی "نیکۆس کازانتزاکیس" شایستەی خەڵاتی نۆبڵ نەبووە و بەرهەم و نووسینەکانی لەو ئاستەدا نین کەچی ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە. زۆرجار ئەو نامەیەی ئەلبێر کامۆم دێتەوە یاد، کە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ نامەیەک بۆ هاوسەرەکەی نیکۆس کازانتزاکیس دەنێرێت و لەوێدا بۆی دەنووسێت: "کە من بە شەرمەوە ئەم خەڵاتە قەبوڵ دەکەم و هاوسەرەکەی تۆ بۆ ئەم خەڵاتە شایستە تر بوو و دەبوو پێش من ئەو وەریبگرتایە." بێگومان ئەمە گەورەیی داهێنەرەکانە، کە داهێنان و جوانی ئەوانی دیکە دەبینن و حاشا لە داهێنانی ئەوانی دیکە ناکەن، کە کامۆ لەو نامەیەدا ئەمەی سەلماند.

یەکێکی دیکە لەو نووسەرانەی کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بوو و وەری نەگرت، میلان کۆندێرا بوو، ئەم نووسەرە، کە ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کرد، یەکێکە لە کاریگەرترین نووسەرانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بوو و ڕۆمان و وتار و نووسینە تیۆرییەکانی بە جۆرێک بە دونیادا بڵاوکرایەوە، کە ئەگەر خەڵاتی نۆبڵیشی هەبوایە هەر بەو ناوبانگە دەگەیشت، کەچی لیژنەکانی ئەم خەڵاتە گەورەیی و گرنگی ئەم نووسەرەیان لەبیر کرد و تا لە ژیاندا بوو لە خەڵاتەکە بێبەش کرا. (خەڵاتی نۆبڵ لەو خەڵاتانەیە دەبێت نووسەرەکە لە ژیاندا بێت ئەوسا کاندید دەکرێت). بێگومان لە ڕووی شایستەییەوە لە دوای کازانتزاکیسەوە کۆندێرا شایستەترینە.

یەکێکی تر لەو نووسەرە دیار و کاریگەرانەی لە نۆبڵ بێبەشکرا "جۆرج ئۆروێل" بوو، کە خاوەنی دوو لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەمە، کە ئەوانیش "1984" و "مەزرای ئاژەڵان"، کە هەر دوو ڕۆمانەکە باس لە چۆنێتی دروستبوونی دیکتاتۆر و کارکردنی سیستمی فاشیستی دەکەن و دوو لە ڕۆمانە کاریگەرەکانی جیهانن، کە هەوێنن بۆ دەیان تێکستی دیکە و سەدان لێکۆڵینەوە.

یەشار کەمال، یەکێکی دیکەیە لەو نووسەرانەی کە لیژنەکانی نۆبڵ ناتوانین بڵیین غەدری لێ نەکراوە، بەو پێیەی ئەو لە ڕیزی کاریگەرترین نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هونەری گێڕانەوە و دواندنی مرۆڤە بێ زمانەکان و ئەو مرۆڤانەی لە پەراوێزە نادیارەکانی جیهاندان، بەڵام لای یەشار دەدوێن و حیکایەتەکانیان دەنووسرێتەوە. لەگەڵ یەشار کەمالدا "ئەدۆنیس"یش لەو نووسەر و شاعیر و ڕۆشنگەرە گرنگانەی دونیای عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە دوای ئەوەی چەندین ساڵ کاندیدی خەڵاتەکە بووە، بەڵام تا هەنووکە لە دەرەوەی ئەو کەسانەیە کە ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە. ئەدۆنیس چ وەکو شاعیر و چ وەکو لێکۆڵەر و ڕۆشنگەرێکی دونیای عەرەبی شایستە نۆبڵە.

خۆرخە لویس بۆرخیس؛ یەکێکە لەو چیرۆکنووسانەی ڕۆحێکی نوێی بە بەرچیرۆکدا کرد و پانتایی دیکەی لە هونەری گێڕانەوەدا دۆزییەوە، بەڵام سەرەڕای ئەو شتانەی ئەم نووسەرە لە چیرۆکدا کردی، بەڵام لیژنەکانی نۆبڵ بایەخ و کاریگەریی ئەم نووسەرەیان نەبینی کە لەپێناو نووسین و خوێندنەوەدا بینایی لەدەستدا و ساڵانی کۆتایی تەمەنی بە کوێری بەسەر برد، تا دواجار کۆچی دوایی کرد.

هاورکی مۆراکامی-یش لەو رۆماننووسانەیە کە ناوبانگی بە هەموو لایەکی دونیادا بڵاوبووتەوە و ڕۆمانەکانی گەلێک سەرنجڕاکێشن. کاراکتەرەکانی گەڕیدەی وای ژیانن و بۆی تێدەکۆشن، کەچی تا هەنووکە لخەڵاتی نۆبڵ ئاوڕی لەم نووسەرەش نەداوەتەوە.

ئەو نووسەرانەی لێرەدا ناویان ڕیز کرا، لە ڕیزی ئەو نووسەرانەن کە خەڵاتی نۆبڵ غەدری لێکردوون، بەڵام خوێنەرە وریا و وشیارەکان لە هەر کوێی دونیادا بن، بەرهەمی ئەو نووسەرانەیان خوێندووەتەوە. ئەم نووسەرانە ڕاستە خەڵاتی نۆبڵیان نییە، کە لیژنەی خەڵاتەکە لە سویدەوە دەیبەخشێت و خەڵاتێکی ماددی و مەعنەوەییە، بەڵام خەڵاتی نۆبڵیان لەلایەن خوێنەرانەوە وەرگرتووە، کە تەنها خەڵاتێکی مەعنەوەییە و ئەمەش هیچی کەمتر نییە لە خەڵاتەکەی لیژنەکەی نۆبڵ.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure