سادەکردنەوەی پرسەکانی کۆمەڵگە- بەتایبەت کەدەزانین هیچ شتێک دور لەداڵانی سیاسەت ناگوزەرێ- لە دوالیزمەگەلێکی هاودژ یان ناکۆکدا، بۆ چەند دابەشکاریەکی ستوونی، وەک بەرەیەک عەلمانیە و بەرەیەک ئیمانیە و بەرەیەک سەرمایەدار و بەریەک پرۆلیتاریە، بەرەیەک نەتەوەییە و بەرەیەک ئومەمیی یونیڤێرساڵیە! ئەمە جگەلەوەی شێوانێکی مەعریفی و مەنهجیە لەگەڵ سەرەتاکانی ئەو زانستەی ئەم بابەتانە دەکەونە خانە مەنهجیەکەیەوە، وەک ئاین یان ئەتنۆئاین، هاوکات قسەکردنی سادە بەم دوالیزمانەی کە دنیایەک مێژوو و کەلتور و شوناس و ڕۆشنبیری و پەیوەندی فرەڕەهەند و بەرژەوەندی لێکجودا و نەریتی جیاوازی وەک تۆڕێکی ئاڵۆز لەهەناودایە، ئەم سادەکردنەوەیە لەیەک ووشەدا کە ئامادەیی شەڕەنگێزی و هەڵچونی وێرانگەرانە دەخولقێنێ ڕێگاکانی لێکگەشتن و بەردەوامیی پێکەوەژیان و لێبوردەیی - قبوڵکردنی بەرامبەر وەک ئەوەی هەیە نەک وەک ئەوەی من یان ئێمە دەمانەوێت- تەمەنکورتتر دەکات، وادەکات لەهەموو جومگە و پانتاییەکی جیاوازیە ساکارەکانیشدا کە دەکرێ هەمیشە ڕووبدەن بگەڕێینەوە خاڵی سەرەتا و دەست بە ئارگیۆمێنسازی بۆ هەڵتەکاندنی گۆڕە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەکانمان بەرامبەریەکتر بکەین وەک ئەوەی تەواو بەیەکتر نامۆبین، نەک وەک ئەوکۆمەڵە هاوڵاتیەی نیشتمانێک کۆمانکاتەوە.
قسەکانی شەشۆ بەهەموو پێوەرێک هەڵە و خراپ و نادروست و بێ پاساو و بیانووە، چونکە پێغەمبەر(درودی خودای لەسەر) تەنها کەس و تەنها سومبولی ئیسلامە لەم سەرزەویەدا تا ڕۆژی قیامەت، هەر بێرێزیەک بەو زاتە زۆر توند هەستی هەموو موسڵمانان دەبزوێنێ.
بەڵام بەدڵنیایی قسەی شەشۆ ناکرێت بەسادەکردنەوەی ئیسلام و دژە ئیسلام بگشتێنرێت بەسەر هەمواندا و گوزارشت لەتێگەشتنی هەموو یەزیدیەک بکات، لانیکەم بەعەقڵیەتی واقیعگرانەش بێت هەر کەسێکی یەزیدی لەپلەبەندی کۆمەڵایەتی تایبەتی خۆیاندا دەزانن، لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی موسڵماناندا، خراپ ناوهێنانی پیرۆزترین پیرۆزیەکانی موسڵمانان پردەکانی پێکەوەژیان دادەڕوخێنێ و ئۆقرەیی کۆمەڵایەتی لەناودەبات….
لەلای دووهەمەوە،،، مانەوەی ئەتنۆ ئاینی یەزیدی و تەنانەت مەسیحەکانیش بەدرێژایی ئەم مێژووە دورودرێژەی پێکەوە ژیان و تێکەڵاویی و دۆستایەتی لەناوجەرگەی کۆمەڵگەی ئیسلامیی ڕۆژهەڵاتیدا بەرهەمی لێبوردەیی جەوهەری خودی ئاینی ئیسلامە، نەک داهێنان و بەخشینی مرۆڤگەرایی حزب و کۆمەڵە ئیسلامیەکان یان زانایەکی ئیسلامیی بێت لەژێر گوشاری ژیانی سەردەم و کۆمەڵگەی مۆدێرن و مەدەنیدا… دواجار ئەوەی دەبێ ببێت و بەردەوام بێت، پەرەپێدانی جەوهەری لێبوردەیی ئیسلامە لەکۆمەڵگەدا و پێکەوە ژیانی عاقڵانەیە کە سنوری جیاوازیەکانمانی تیا نەبەزێنرێت.