لە مێژووی هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆییدا کەوا بەخقۆناغی ڕاگوزەری سیاسیی وکۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت ساتەوەختی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان "دەق" و "واقیع" گرنگترین ئەزموونێک دەبێت بۆ پێوانەکردنی سیستمێکی تەندروستی سیاسیی وکۆمەڵایەتی ویاسایی. ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دوای «سێ دەیە» وەک دیاردەیەکی ڕۆژانە دەبینرێت، دروستبوونی کەلێنێکی قووڵە لەنێوان ئەو یاسایانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس- دا داڕێژراون لەگەڵ ئەو واقیعە ڕاستەقینەی کەوا ئەمڕۆ هاووڵاتیان لە شەقام و بازاڕدا تێیدا دەژین یان ئەو یاسایانەی لەپەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون. لە بنەڕەتدا ئەمە تەنها کێشەی نەبوونی متمانە نییە، بەڵکو قەیرانێکی بوونگەرایی یاساییە کە کۆمەڵگە دەخاتە ناو بازنەیەکی داخراوەوە کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی کردەییەوە بێ یاسایە ودەسەڵاتێک کە یاساکانی بێ ڕۆح و بێ کۆمەڵگەن.
کاتێک سەیری مۆدێلی حوکمڕانیی دەکەین، دەبینین یاسا لەبری ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی هاووڵاتییان؛ زۆرجار دەگۆڕێت بۆ تەنها کاغەزێکی ڕووت یان ئامرازێک بۆ ڕەواندنەوەی تەنگژەکانی ناخی خاوەن بڕیار. لە فەلسەفەی دەوڵەتداریی ڕەسەندا، یاسا دەبێت درێژکراوەی ویستی گشتیی و قەڵغانی پارێزەری تاک بێت لە بەرامبەر ستەمدا؛ بەڵام لێرە یاسا لە دایک دەبێت بێ ئەوەی ڕەگی لە ناو ناڕەحەتیی و پێداویستییە ژیانییەکانی کۆمەڵگەدا داکوتیبێت. دەقەکان بە ژیان نامۆن و لەتاقیگەکانی بەرژەوەندیی حیزبیی و خێڵەکیدا داڕێژراون پاشان وەک فەرمانێک بەسەر کۆمەڵگەیەکی سەرسووڕماودا دەسەپێنرێت. ئەمە واتای کرداریی "یاسای بێ کۆمەڵگە"یە. یاسایەک کە لە سەرووی عەقڵی گشتییەوە دەوەستێت، بەڵام لە ژێر کاریگەریی بڕیارە شاراوەکانی پەیوەندیی هێز"علاقات القوة" دا دەجووڵێتەوە.
لە هەمبەر ئەم دەقە نامۆیەدا، کۆمەڵگە خۆی لە دۆخێکدا دەبینێتەوە کە دەتوانین ناوی بنێین "کۆمەڵگەی بێ یاسا". کاتێک هاووڵاتیی هەستی کرد کە «سیستمی دادپەروەریی» تەنها لە بەرژەوەندیی چینێکی دیاریکراودایە و پارێزگاری لە مافە سەرەتاییەکانی ئەو ناکات، ئەوکات پەنا بۆ سیستمی لاوەکیی دەبات. لێرەدا نەریتە کۆنەکان، پەنابردن بۆ هێزی خێڵ، و پشتکردنە بنەما مۆدێرنەکانی دەوڵەتداریی سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە. تاک لەبری ئەوەی هەست بە پارێزراویی بکات لە سایەی دەوڵەتدا، هەست دەکات لەدارستانێکی بێدەنگدا بە تەنها بەجێهێڵراوە. ئەمە قەیرانی ڕاستەقینەی شوناسە لە سیستمی یاساییدا؛ مرۆڤێک کە ناچارە لە نێوان یاسایەکی ساردو و داشۆراو لە دادپەروەریی و نەریتێکی کۆندا کە بەناوی پاراستنی کەرامەتەوە کەرامەتی بریندار دەکات یەکێکیان هەڵبژێرێت. ئەم دابڕانە لە نێوان دەق و کۆمەڵگە، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی مۆدێلێکی فیعلییە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و قۆرخکردنى کەرتی گشتیى. کاتێک دامەزراوەکانی یاسادانان دەبنە کەرەستەى حیزبیی یاساش دەبێتە پێکهاتەیەکی وەهمیى داماڵراو. لەم ژینگەیەدا دادپەروەریی خنکێنراوە و دەسەڵاتی دادوەریی چیدی ناتوانێت ببێتە پشتوپەنا بۆ ستەملێکراوان و خاوەن مافەکان. ئەنجامەکەش ئەوەیە کەوا کۆمەڵگە نەک هەر باوەڕی بە یاسا نەماوە، بەڵکو دەستبەرداری ئەو خەونەش بووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوڵەت ببێتە خاوەنی سەروەریی یاسایی ڕاستەقینە. بۆ دەرچوون لەم بنبەستە، تەنها هەموارکردنەوەی ماددە یاساییەکان بەس نییە. ئەوەی پێویستە، شۆڕشێکی هزرییە بۆ تێگەیشتن لەچەمکی دەوڵەت و هاووڵاتیبوون. دەبێت یاسا لە گۆشەنیگای دەسەڵاتێکی داگیرکەرەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو واقیعی ڕەسەنی کۆمەڵگە، تاوەکو ببێتە زمانحاڵی ئازادیی و پارێزەری ڕاستەقینەی شکۆی مرۆڤ، نەک قەڵایەکی دڕ بۆ بەرهەمهێنانەوەی ستەم. تاوەکو ئەم پردە داڕماوە نەبەسترێتەوە، بازنەی بێسەرووبەریی و قەیرانی بێ یاسایی لەم نیشتمانەدا هەر بەردەوام دەبێت.