د. ساڵح قادر زه‌نگی
سه‌رۆكی به‌شی فیقه و ئوصول له‌زانكۆی قه‌ته‌ر
بابه‌تی بهچاكزانین (التحسین) و بهخراپزانین (التقبیح)، كه له‌ئه‌ده‌بیاتی ئوصولیدا هاتووه، گوزارشته له‌ناونیشانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌وێنه مێژووییه ناسراوه‌كه‌یدا به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزو، نیشانه‌یه‌كی دره‌وشاوه‌یه له‌سه‌ر سنگفراوانیی مسوڵمانان و، توانایان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌ژینگه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه بۆیان هاتووه‌و، پوخته‌كردن و ڕاستكردنه‌وه‌یان و، پاشان كاراكردنی وه‌ك پێویستییه‌كی ئایینی، بۆ به‌یه‌كگه‌یاندن و ئاشنابوون و په‌یوه‌ندیی نێوان گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و ڕۆشنبیری و ژیاره‌كان.
ڕیشه‌ی ئه‌م ئیشكالیه‌ته بۆ كه‌له‌پووری گریكی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له قسه‌كردن له‌سه‌ر خواوه‌نددا، له‌شێوه‌ی ئه‌م پرسیاره: ئایا خواوه‌نده‌كان له‌به‌ر ئه‌وه لهكردهوهكان ڕازی ئه‌بن چونكه باش و چاكه، یان كرده‌وه‌كه باشێتی و چاكێتی لهڕهزامهندیی خواوه‌نده‌وه وه‌رده‌گرێت؟
هه‌روه‌ها بیرۆكه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاسای سروشتی (القانون الطبیعي) -كۆمه‌ڵه ڕێسایه‌كی گشتیی به‌رزه، له‌سروشتی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا شاراونه‌ته‌وه، ناكه‌ونه به‌ر گۆڕاوه‌كانی كات و شوێنهوهو، عه‌قڵ له‌توانایدا هه‌یه په‌ییان پێ ببات- لای ئه‌وان، با تۆماریش نه‌كرابن.
ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش به‌ده‌وری سێ پرسیاری به‌شوێن یه‌كدا هاتوو ده‌خولێته‌وه، ئه‌وانیش:
پرسیاری یه‌كه‌م: ئایا شته‌كان –وته، كردار، ڕه‌فتار، ڕووداو، خود و كاتییه‌كان- چاكی و خراپیی خودییان هه‌یه، كه له‌خودی شتهكهوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و، تێیدا چه‌سپابێت و نه‌گۆڕێت؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م (به‌ڵێ)بوو، ئه‌وا پرسیاری دووه‌می به‌شوێندا دێت.
پرسیاری دووه‌م: ئه‌گه‌ر وامان دانا شته‌كان چاكی یان خراپیی خۆییان هه‌یه، ئایا زانینی خه‌سڵه‌تی چاكی و خراپی له‌وانه، له‌توانای عه‌قڵی مرۆییدایه، به‌بێ په‌نابردن بۆ شتانێكی ده‌ره‌كی، وه‌ك ناردنی په‌یامبه‌ران (سه‌لامی خوایان لێ بێت)و دابه‌زینی په‌ڕاوی ئاسمانی؟
دوای یه‌كلابونه‌وه‌ی پرسیاری دووه‌م، پرسیاری سێهه‌م سه‌ر هه‌ڵده‌دات به‌مجۆره:
پرسیاری سێهه‌م: ئه‌گه‌ر عه‌قڵی مرۆڤ چاكی یان خراپیی شته‌كان هه‌ست پێبكات، ئایا ئه‌و هه‌ست پێكردنه ده‌بێته هۆی ئه‌ركبار (تكلیف) كردن، به‌و واتایه‌ی له گوێڕایهڵبووندا پاداشتی بۆ هه‌بێت، له سه‌رپێچیشدا سزای بكه‌وێته سه‌ر، به‌وه‌ش مرۆڤ ئه‌ركبار ده‌بێت به‌دووركه‌وتنه‌وه له‌وانه‌ی بۆی ده‌ركه‌وتووه كه خراپه، به‌و خۆلادانهش لێی پاداشتی هه‌یه، بهئهنجامدانیشی سزا ده‌درێت له‌سه‌ری؟ به‌ده‌ربڕینێكی تر: ئایا ته‌كلیف تهبعێكی ته‌واو عه‌قڵی وه‌رگرتووه؟ ئایا هاوئاهه‌نگییه‌ك هه‌یه له‌نێوان ستایشكردن و زه‌مكردن، پاداشت و سزادا؟ ئایا عه‌قڵ به‌رژه‌وه‌ندی و خراپییه‌كان و، سوودبه‌خش و زیانبه‌خشه‌كان ده‌دۆزێته‌وه، پاشان حوكمێكی شه‌رعی هه‌یه شوین به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بكه‌وێت به فه‌رمان به‌ئه‌نجامدانیان و، خراپه‌كانیش دووبخاتهوه به نه‌هیی لێكردنیان؟ به‌شی عه‌قڵ لهتهكلیفهكاندا چییه: دامه‌زراندن یان دۆزینه‌وه؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره وروژێنراوانه تێگه‌یشتنێك له‌مه‌ڕ چاكێتی و خراپێتی دێنێته ئارا.
تێڕوانینه‌كان سه‌باره‌ت به‌م شتانه زۆرن، نامه‌وێت بچمه نێو خستنه‌ڕووی ئه‌و قسانه‌و بهڵگهكانیانهوه، به‌ڵكو ته‌نها وهڵامدانهوهكانیان بۆ ئه‌و پرسیارانه وه‌رده‌گرم، پاشان تێبینی خۆمیان له‌سه‌ر ده‌خه‌مه‌ڕوو.
ئه‌م خشته‌یه‌ش وه‌ڵامه‌كانیان بۆ ئه‌و پرسیارانه ده‌خاته ڕوو:
تێبینیه‌كانم له‌سه‌ر وه‌ڵام و بۆچوونه‌كانیان:
1- ئه‌وه‌ی ده‌وترێت عه‌قڵی مرۆیی ده‌سته‌وسان و ناتوانایه له چاكی یان خراپی ڕه‌فتاره‌كان تێ بگات، بۆیه پێویسته شه‌ریعه‌تێك هه‌بێت ئاشنای چاكی و خراپیی گه‌وره‌و بچوكی شته‌كانمان بكات، قسه‌یه‌كی له‌ڕاستیه‌وه دووره، له‌واقیعه‌وه دووره، له‌گه‌ڵ بهدیهیاتهكاندا یه‌كناگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه: خوای گه‌وره له‌ده‌روونی مرۆڤدا چه‌ندین ئامرازی داناوه به‌هۆیانه‌وه جیای بكاته‌وه، كه ئه‌وه چاك و ئه‌وه خراپه، عه‌قڵ و له‌به‌رچاوگرتنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی له‌قورئانی پیرۆزدا پێگه‌یه‌كی بۆ دانراوه، ژماره‌یه‌كی زۆر ئایه‌ت هه‌یه رووی له‌خه‌ڵكه ژیر و زانا و بهرچاوڕوونهكان و جگه له‌وانه كردووه، مه‌نهه‌جی قورئان و شێوازی خیتابی قورئانی پیرۆز بۆ عه‌قڵی مرۆڤه‌كان، له‌و هۆكاره زۆر گرنگانه‌یه، كه‌په‌یامی ئیسلامی بۆ نه‌مری هه‌ڵبژاردووه و، ده‌سه‌ڵات و ڕێنماییه‌كانی به‌سه‌ر مرۆڤ و ژیاندا باڵاده‌ست كردووه، ئه‌و ڕاستیه‌شی كه‌پێویسته له‌یادمان بێت ئه‌وه‌یه خیتابی شه‌رعی ته‌كلیفی ڕوو لهمرۆڤێكه عه‌قڵ و پێگه‌یشتنی هه‌بێت، نه‌ك ناته‌واو وبێ عه‌قڵه‌كان. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی ورد له‌جیهانی پێشكه‌وتوو، ناچار ده‌بیت به گه‌واهی دان و ملكه‌چبوون بۆ توانای ئه‌و عه‌قڵه‌ی خوای گه‌وره به‌مرۆڤی به‌خشیووه، لێره‌وه مه‌زنێتی ئه‌و ڕێزلێنانه‌ی په‌روه‌ردگار بۆ مرۆڤ تێده‌گات.
ئه‌وه‌تا ئیمامی حه‌ره‌مه‌ین (468ك مردووه) یه‌كێكه لهئیمامه ئه‌شعه‌ریه‌كان، ده‌ڵێت: "نكوڵی له‌وه ناكه‌ین، كه عه‌قڵه‌كان ئه‌وه له‌خاوه‌نه‌كانیان ده‌خوازن، خۆیان لهتیابهرهكان به‌دوور بگرن و، سووده به‌رده‌سته‌كان به‌ده‌ست بێنن، له‌گه‌ڵ ورده‌كارییه‌كانی، نكوڵی كردن له‌مه، ده‌رچوونه لهمهعقول، به‌ڵام ئه‌وه ده‌رهه‌ق بهئادهمییهكان، قسه‌كه‌ی ئێمه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌وانه‌یه، كه له حوكمی خوای گه‌وره‌دا چاك یان خراپن(1)، له‌به‌ر ئه‌وه پشتگیریی ئه‌و قسه‌یه‌ی شه‌وكانی (1250ك مردووه) ده‌كه‌ین، كه‌ده‌ڵێت: "نكوڵی كردن له د‌رك پێكردنی عه‌قڵی به باشی یان خراپیی كردارێك، سه‌ركه‌شی و بوهتانه"(2).
2- وتنی ئه‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤ باڵاده‌سته به‌سه‌ر تێگه‌یشتنی چاكی و خراپی هه‌موو ڕه‌فتارو هه‌ڵس وكهوتهكان (جگه له‌وانه‌ی كهپهرستشین)، ئه‌مه‌شیان قسه‌یه‌كی دووره، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه به‌هێزی بكات و واقیعێك نییه بیسه‌لمێنێت، بگره واقیع پێچه‌وانه‌یه‌تی، چه‌ندان گه‌ل ونه‌ته‌وه له جیهاندا و، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، كه‌سه‌رده‌می هه‌ستانه‌وه‌و پێشكه‌وتنی ڕۆشنبیری و ته‌كنه‌لۆژیایه، هه‌تا ئێستاش عه‌قڵیان به‌ئاگا نه‌هاتووه، ڕێنوینی نه‌كردوون به‌ره‌و ڕۆشنایی، بۆیه شتانێكیان له‌سه‌ر خۆیان قه‌ده‌غه كردووه، كه عه‌قڵیان به‌ناشیرینی داناوه، هه‌یانه خۆی له هاوسه‌رگیریی به‌دوور ده‌گرێت، هه‌یانه تاوان به‌رامبه‌ر كۆئه‌ندام و ئامڕازی زۆربوونی خۆی ئه‌نجام ده‌دات، هه‌شیانه خۆی له سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌دوور ده‌گرێت، چونكه پێی وایه ئه‌وه ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر ئاژه‌ڵ و بهزایهدانی مافه‌كانییه‌تی، له‌لایه‌كی تره‌وه شتانێكیان ئه‌نجامداوه، كهشهرعی خوا به‌ناشیرینی داناوه، به‌و پێیه‌ی كه عه‌قڵ پێی باشه، بۆیه گۆشتی به‌رازو مه‌یمون له‌لایان له‌هه‌موو گۆشتێكی تر باشتره، هه‌رچه‌نده به‌پێی عه‌قڵ وا باوه كه ناشیرین و حه‌رام بێت، مامه‌ڵه‌كردن به‌سوو لای ئه‌وان به‌باش ده‌زانرێ و چه‌ندین دام و ده‌زگاو بانكی سو‌و وه‌رگریان دامه‌زراندووه، ڕێگه‌یان داوه به‌ئازادیی په‌یوه‌ندی جنسیی و، تێكه‌ڵاویی نێوان نێر‌و مێ به‌بێ كۆت و به‌ند، هه‌روا ده‌هۆلیان كوتا بۆ خۆخستنهڕووی مه‌كروهـ، چێژیان له‌هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ مه‌حره‌م وه‌رگرت، یاسایان دانا بۆ هاوسه‌رگیریی هاوڕه‌گه‌زه‌كان (نێوان دوو نێر، نێوان دوو مێ)، نه‌ك ته‌نها یاسادانان، به‌ڵكو یاساكه له‌هه‌ندێ وڵاتی ئه‌وروپا و له‌هه‌ندێ ویلایه‌تی ئه‌مریكا چووه بواری جێبه‌جیكردنه‌وه، زیاتر له‌وه‌ش بڵێ، وای لێهاتووه ئه‌و هاوسه‌رگیرییه بێزراوه ببێته به‌شێك له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌ركه‌وتنی حزبێك به‌سه‌ر حزبێكی تردا، هه‌موو ئه‌وانه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌یه، كه‌عه‌قڵ ڕێگه‌ی پێ ده‌دات و ڕێگریی لێ ناكات، ده‌ستوه‌ردانی ئایین له‌ئاراسته‌كردنی ژیان و ڕێنێویكردنیان به ناشیرین داناوه، له‌ده‌وڵه‌ت دووریان خستوه‌ته‌وه، بگره هه‌ندیكیان به‌یاسایه‌كی تایبه‌ت پۆشینی حیجابیان له‌دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا قه‌ده‌غه كردووه، ئه‌مانه‌و شتانێكی تری زۆر.
له‌وانه‌یه كه‌سێك بڵێت: ئه‌و نموونانه‌ی هێناتانه‌وه له‌نموونه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، هه‌تا ئێستاش عه‌قڵی مرۆڤ به‌باشیان ده‌زانێت و، له‌كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مدا بهناشیرینیان ده‌زانێت، هه‌ركه‌سێكیش بۆچوونی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌بێت، ته‌نها به‌هۆی ناته‌واوی له‌عه‌قڵی و زاڵبوونی هه‌واو ئاره‌زوویه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ دروست بووه، یان به‌پاڵنه‌ری فیكری و عه‌قیده‌یی.
ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی لهڕوونكردنهوهكهدا یان لهڕهخنهكهدا باسكرا، ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت و له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینیمان كردووه، وردنهبوونه لهگشتاندنی قسهكهدا، چونكه زۆرێك له‌و بابه‌تانه شێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌رگرتووه، لهوڵاتانێكدا، كه لهدهستووریاندا باسی ئایین هه‌ر نه‌كراوه، وێڕای باس نه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی لهیاساداناندا، ناكرێت بڕیاربه‌ده‌ستان به ئیرتیجالیهت وه‌سف بكه‌ین، به‌وه‌ی ئه‌وان عه‌قڵیان ناته‌واوه و پێگه‌یشتوو نین، چونكه ئه‌و پێگه هه‌ستیاره ته‌نها كه‌سانی عاقڵه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان بۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه له هه‌موویان چاكترن و، خاوه‌ن ئه‌زموون و توێژینه‌وه‌و بڕوانامه‌ی باڵایان لهنێوادایه، هه‌یانه بیرمه‌ندو ڕینماییكارن، هه‌روه‌ك به شتێكیش له‌وه دووره كه به هه‌واو ئاره‌زوو حوكم بكات، چونكه ئه‌و بڕیارانه لانی كه‌م بۆچوونی زۆرینه‌ی ساده (50% زائید یه‌كی ده‌نگه‌كان)یان له‌گه‌ڵه، ئه‌مه‌ش بواری هه‌واو ئاره‌زوو به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه، به‌وه‌ی گومان ئه‌وه‌یان پێ ببرێت، كه گوێ به به‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندی و خێر‌و چاكه‌ی وڵات و هاوڵاتیان ناده‌ن.
3- عه‌قڵ عیلله‌تی (كاریگه‌ر) نییه له بهچاكزانین و بهخراپزانیندا، به‌ومانایه‌ی عه‌قڵ هیچ كاریگه‌ریی نییه له‌سه‌ر پێكهێنانی سروشتی شتهكهو دیاریكردنی حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی وه‌كو خۆی كه هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه كه عه‌قڵ له‌ئامرازه‌كانی ڕێنوینی و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌یه، یان ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر ئه‌و چاكی و خراپییه‌ی له‌شتێكدا هه‌یه، به‌م پێیه، عه‌قڵ چۆنییه‌تی ڕه‌وشی شته‌كان دیاریی ناكات، كه ئه‌وانه ڕه‌وشی بابه‌تین و له‌ده‌روه‌ی عه‌قڵن و دابڕاون لێی، عه‌قڵ خراپیی یان چاكیی ڕه‌فتارێك ناسه‌پێنێت، به‌ڵكو له‌ڕێگای به‌ڵگه‌وه حاڵه‌تی كرداره‌كه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، له‌مه‌دا هاوشێوه‌ی زانسته، ئه‌وه په‌یوه‌ندیدار نییه به‌وه‌ی شته‌كه له چ دۆخێك یان له‌ناو چ دۆخێكدایه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و زانینه وا بكات زانراوه‌كه وابێت، چونكه زانین سیفه‌تێكی ئاماده‌یه له خودی زاناكهدا، له‌كاتێكدا زانراوه‌كه خودی شته‌كه‌یه، جا هه‌ردوو لایه‌نی دانه‌پاڵ و په‌یوه‌ستكردن جیاوازن، ئیتر له‌سه‌ر ئه‌م پێوه‌ره، چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیی و په‌یوه‌ستیی نێوان عه‌قڵ و بهچاكزانین یان به خراپزانینی شته‌كان پێوانه بكه.
4- پێمان وا نییه هه‌رچی لای خه‌ڵك چاك و قبوڵكراو بوو، پێویسته لای په‌روه‌ردگاریش چاك و قبوڵكراو بێت، ئه‌وه‌ش لای خه‌ڵك ناشیرین بوو، لای په‌روه‌ردگاریش ناشیرین بێت، چونكه ئه‌و تێڕوانینه له‌خۆیدا پێوانه‌كردنی په‌روه‌ردگاری دروستكار له‌سه‌ر دروستكراوه‌كه‌ی له‌خۆ گرتووه، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه هێدی هێدی به‌ره‌و قسه ناڕه‌واكانی فیرقه‌ی قه‌ده‌رییه‌كان بچێت، یان سه‌ری له‌و قه‌ده‌غه‌كراوه‌وه ده‌ربچێت، كهجولهكهكان ئه‌نجامیاندا، له پێوانه‌كردنی نێوان مه‌خلوق و خالق، به‌جۆرێك سیفه‌ته‌كانی مهخلوقیان كرده ئه‌سڵێك بۆ پێوانه‌كردنی سیفه‌ته‌كانی خالق، جا وه‌سفی خوایان ده‌كرد به‌وانه‌ی كه ئینسانی پێ وه‌سف ده‌كرد، له‌هه‌ژاری و ڕژدی و زیاده‌ڕۆیی، له‌به‌ر ئه‌وه پێمان وانییه هه‌ر شتێك لای عه‌قڵ ناشیرین بێت، ده‌بێ خوای دانه‌ری شه‌رعیش نه‌هیی لێ بكات، پیچهوانهكهشی به‌هه‌مان شێوه، ئه‌م بڕیاردانه له چوارچێوه‌ی وردبوونه‌وه‌و مشتومڕدا مایه‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی كردارییه‌وه هیچ نموونه‌یه‌كی بۆ ناهێنرێته‌وه، هه‌ندێك ده‌شته‌كی، كه دوای ئاشنا بوون به بانگه‌وازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)، موسڵمان بووبوو، پێیان وت: به‌چی موسڵمان بوویت؟ چیت له پێغه‌مبه‌ر(درودی خوای له‌سه‌ر بێت) بینیووه، كه ببێته به‌ڵگه كهنێردراوی خوایه؟ وتی: فه‌رمانی به‌شتێك نه‌كردووه عه‌قڵ بڵێت خۆزگه ڕێگریی لێ بكردایه، ڕێگریشی له‌شتێك نه‌كردووه عه‌قڵ بڵێت خۆزگه فه‌رمانی پێ بكردایه، شتێكی حه‌ڵاڵ نه‌كردووه عه‌قڵ بڵێت خۆزگه حه‌رامی بكردایه، شتێكیشی حه‌رام نه‌كردووه عه‌قڵ بڵێت خۆزگه ڕێگه‌ی بدایه(3)، به‌ڵگه‌ی ڕاستیی بانگهوازكهی به‌وه دێنێته‌وه، به‌وه‌ی بڕیاره‌كانی چوونیه‌كه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی عه‌قڵ به‌باشیان ده‌زانێت.
5- عه‌قڵی مرۆیی له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌مووه‌كی ده‌رك به چاكی كرده‌وه یان ڕه‌فتارێك بكات، كه وه‌ك پێویست نییه، هه‌ر ده‌بێت ده‌رك به ورده‌كارییه‌كانیش بكرێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ی خراپه‌و، بڕینی زمانه‌كان له وتی وتی و ململانێ و به‌گژیه‌كداچوون، بۆ نموونه دادپه‌روه‌ری، عه‌قڵمه‌ندان له‌سه‌ر باشێتیهكهی یه‌كده‌نگن، دهستوورهكانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه دانران، به‌ڵام جیاوازییه‌كی زۆر و ته‌واو دژیه‌ك ڕوویدا له‌ڕێكخستنی ئه‌گه‌ره‌كانی و، دیاریكردنی ورده‌كارییه‌كانی له‌لایه‌ن عاقڵمهندانهوهو، پێكهاتنی دوو جه‌مسه‌ری شیوعی و سه‌رمایه‌داری، شیوعیی سوور وایده‌بینی، كه دادپه‌روه‌ریی بۆ مرۆڤ به‌دی نایه‌ت، به‌بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی موڵكداریی تاك و، موڵكداریی به‌كۆمه‌ڵ جێگه‌ی بگرێته‌وه، له‌هه‌مان كاتدا جه‌مسه‌ری دووه‌م، سه‌رمایه‌داریی وایده‌بینی، كه دادپه‌روه‌ری به‌دی نایه‌ت، به‌بێ بوار كردنه‌وه له‌به‌رده‌م تاكدا، تا هه‌رچیی ده‌وێت ببێته خاوه‌نی و، تواناكانی خۆی بخاته گه‌ڕ بۆ گه‌شه‌پێدانی موڵكه‌كانی، دوور له چاودیریی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕان. ئه‌وه‌ی خستبوونیه ئه‌و دژیهكیانهوه بریتی بوو لهكورتبینییان بۆ مرۆڤ و پهیوهندییهكهیی بهداراییهوه، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واومه‌ندی گشتگیری فره‌ڕه‌هه‌ند سه‌یریان نه‌كرد، لێره‌وه پێویستی زۆری مرۆڤ بۆ كه‌سێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، كه لهیاساكانیدا دادپه‌روه‌ری بۆ دابین بكات سه‌رهه‌ڵده‌دات، جگه له‌خوای گه‌وره‌ش كه‌سیتر له‌توانایدا نییه ئه‌وه ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه كه‌س وه‌ك ئه‌و شاره‌زاو به‌ئاگا نییه له‌مرۆڤ و پێویستییه‌كانی.
6- پێوه‌ری حه‌رامكردنی شته‌كان لهشهریعهته ئاسمانییه‌كانی پێشتریشدا ئه‌وه نه‌بووه كه‌عه‌قڵ به‌ناشیرینی ده‌زانێت، به‌ڵكو حه‌رامكراوه‌كان وه‌ك سزایه‌ك بووه بۆ په‌یڕه‌وانی ئایینه‌كه به‌هۆی لادانیكیانهوه، وه‌ك هه‌ندێك خواردن و خواردنه‌وه كهلهئایینێكدا حهرامكراوهو لهیهكیكی تردا حه‌رام نه‌كراوه، بۆ قه‌ومێك كراوه بۆ یه‌كێكی تر نه‌كراوه (فبظلم من الذین هادوا حرمنا علیهم طیبات أحلت له‌م وبصدهم عن سبیل الله كثیرا) (سوره‌تی: النساء: 160)، له‌نێو ئه‌و حهرامركاوانهدا له‌بابه‌تێكی تردا: (وعلی الذین هادوا حرمنا كل ذي ظفر) (سوره‌تی: الا‌نعام: 146)، ئیسلام هات و له‌سه‌ر بنه‌مای بابه‌تیبوون حه‌رامبوونی ڕاگه‌یاند: (ویحل له‌م الطیبات ویحرم علیهم الخبائث) (سوره‌تی: الاعراف: 157).
7- به‌ر له دانانی شه‌رع، مرۆڤ له‌به‌رده‌م خوای گه‌وره‌دا له حوكمه ئهركبارییهكاندا به‌رپرسیار نابێت، چونكه بانوو هێنانه‌وه بۆ خه‌ڵك له‌ڕۆحی شه‌ریعه‌ت نزیكتره‌و، ئاسانتریشه بۆیان، نه‌رم ونیانتریشه بۆیان، هیچكه‌سیش هێنده‌ی خوای گه‌وره عهوزری لا خۆشه‌ویست نییه، شه‌هید سه‌ید قوتب (1385ك مردووه) له‌ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌دا: (وما كنا معذبین حتی نبعث رسولا) (سوره‌تی: الاسرا‌ء: 15) ده‌ڵێت: "ویستی سۆز‌و به‌زه‌یی خوای گه‌وره وابوو له‌سه‌ر ئه‌و ئایه‌ته گه‌ردوونییانه‌ی له‌لاپه‌ڕه‌كانی بووندا په‌خشكراوه، لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ مرۆڤ نه‌كرێت و، به هۆی ئه‌و به‌ڵێنه فیترهتیهی له نه‌وه‌ی ئاده‌می وه‌رگرتووه له پشتی باوكیانه‌وه، لێی نه‌گرێت"(4).
ئه‌و كه‌سه‌ی ئێستا له‌ناوچه‌یه‌كی دووره ده‌ستدا ده‌ژی كه‌دووره له‌تێگه‌یشتنی حوكمه‌كانی خوای گه‌وره هیچی له‌سه‌ر نییه، نهلهدونیادا لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت نهلهقیامهتدا، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ستۆ پاكه (الاصل براءة الذمة)، ئه‌و بنه‌ڕه‌ته ده‌مێنێته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌سه‌لمێندرێت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی پێش دابه‌زینی شه‌رع، شه‌ریعه‌ت و ده‌قه‌كانی قبوڵی ناكات، چونكه: (لایكلف الله نفسا الا وسعها)(سوره‌تی: البقرة: 276). به‌ڵام ئه‌وه‌ی موعته‌زیله‌كان بۆی چوونسهبارهت به‌م بابه‌ته له‌سه‌ر بناغه‌ی چاكێتی و خراپێتی عه‌قڵمه‌ندی، ئه‌مه دژه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵگه عه‌قڵییانه‌ی باسكران كهدهیسهلمێنێت كه تا په‌یامه‌كه‌یان پێ نه‌گات نابێته به‌ڵگه له‌سه‌ریان، پاشان پاداشت و سزا له‌شوێنه‌واره‌كانی گوێڕایه‌ڵی و سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ن كه‌له‌سه‌ر خه‌ڵكی پێویست كردوون، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانی عه‌قڵ ئه‌وه‌یه كه‌پێش گه‌یشتنی پهیامهكهو ڕوونكردنه‌وه‌ی سزای لا ناشیرین بێت، به‌وه‌ش ده‌توانین بڵێین شه‌ریعه‌ت پێش یاسا دانراوه‌كان كه‌وتووه له‌بڕیاردانی بنه‌مای (تاوان و سزا به‌بێ بوونی ده‌ق نییه).
8- به‌ته‌نها تێگه‌یشتنی عه‌قڵی بۆ باشی و خراپی به‌س نییه بۆ ناچاركردنی كه‌سی ئه‌ركبار (مكلف) له‌سه‌ر ئه‌نجامدان یان هه‌ڵهاتنی له‌خراپه، پێویسته شتێكی سه‌رنجڕاكێش-دهسهاتێك- هه‌بێت پاڵی پێوه بنێت بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوون یان خۆلادان، هیچ دهسهاتێكیش نییه وه‌ك ئه‌و پاداشتانه‌ی لهپهیمامی خوای گه‌وره‌دا هاتوون كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر دڵ و ویژدان و هه‌ستی مرۆڤ بیجوڵێنێت.
9- نكوڵی كردنی ئه‌شعه‌رییه‌كان له‌ڕۆڵی عه‌قڵ لهبهچاكزانی و بهخراپزانیدا –وادیاره- نكوڵیكردنێك نییه له‌خودی بابه‌ته‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، وه‌ك بابه‌تێكی ته‌واو زانستی كهبابهتهكهی له‌ژێر مه‌حه‌كی زانستی پوختی بێلایه‌نی دوور له‌هۆكاره دهركییهكاندا بێت، به‌ڵكو له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رئه‌نجامی حوكمه‌كه بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌دوای ئه‌و بابه‌ته‌دا دێت، ئه‌وه‌ی لێی ده‌كه‌وێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی دوور و خۆپارێزی وای لێ‌كردن ئه‌و هه‌ڵوێسته ڕابگه‌یه‌نن، كه‌هیچ نه‌رمی نواندنێك قبوڵ ناكات، زیاده‌ڕویكردن له‌مه‌دا له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌قی شه‌رعیدا تووشی به‌ریه‌ككه‌وتن ببێت، بۆ پتهوكردتنی ئه‌وه‌ی وتمان ده‌توانین نموونه به‌ئیمامی غه‌زالی بهێنینه‌وه، ئه‌م زانا ئه‌شعه‌رییه كهلهدهربڕینهكانیدا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی عه‌قڵ ده‌كاته‌وه دایده‌نێت به: "ئه‌و حاكمه‌ی لانادرێت و ناگۆڕدرێت، ئه‌و شاهێده‌ی شه‌رع كه پوختكهرهوهو راستكهرهوهیهتی"(5).
له‌وانه‌یه ئه‌مانه‌ش له‌و هۆكارانه بن كه‌له‌پشت ئه‌و ڕۆڵه‌وه بن:
أ- په‌له‌كردنی موعته‌زیله له‌خستنه‌ڕووی بیردۆزهكهو زیاده‌ڕه‌ویكردن له كاركردن به‌عه‌قڵ و گه‌وره‌كردنی ڕۆڵه‌كه‌ی و، توندڕه‌وی له لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كان، بۆ سه‌لماندنی ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵ و، پێكدادانیان له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی ده‌سته‌جه‌معیی ئوممه‌ت و زانایانیدا، ئه‌مه له‌میانی جه‌ختكردنه‌وه چهندبارهكانیان له‌سه‌ر ڕۆڵی عه‌قڵ له‌سه‌ره‌تاوه ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆتكردنهی له‌كۆتاییدا له‌سه‌ریان پێویست كرد، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ڵوێسته‌كه‌یان پاساو بووه زیاتر له‌وه‌ی زانستی و بابه‌تی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای عه‌قڵانییه‌ت وه‌ك دروشمێكی بریقه‌دارو سه‌رنجڕاكێش بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لایه‌نگرانیان له‌ده‌وری خۆیان سه‌رتایه‌ك بوو بۆ گه‌یشتن به‌كورسی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی.
ب- خۆپاراستن و خۆپارێزی له‌خراپ به‌كارهێنان و قۆستنه‌وه، تا بابه‌ته‌كه نه‌كرێته پاساو بۆ گۆڕینی شه‌ریعه‌ت و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو گۆڕینی لهشهریعهتێكی ئاسمانیی په‌روه‌ردگاره‌وه بۆ شه‌ریعه‌تێكی عه‌قڵی ده‌ستكرد، یان شه‌ریعه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه دروستكراوی داب و نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگا بێت، ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌باشی زانی و جه‌ماوه‌ر لایان چاك بوو، ئه‌وه ئه‌و شه‌رع و یاسایه‌یه كه‌شایانی ژیانه‌و شایسته‌ی شوێنكه‌وتن و بڵاوبوونه‌وه‌یه، ئه‌وه‌شی جه‌ماوه‌ر ڕه‌تی كرده‌وه، ئه‌وه له‌گۆڕنراو و ڕه‌تكراوه‌یه، به‌مه ئایین هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره نابێت.
له‌ڕاستیدا ئه‌م خۆپارێزییه پاساوی خۆی هه‌یه، چونكه شاهێدی مێژوویی و واقیعی حاڵی موسڵمانان شتانێكی به‌خۆوه بینی و هه‌تا ئێستاش به‌خۆوه ده‌بینێت، كه شاهێدن ئێمه وه‌ك موسڵمانان كه‌وتینه خراپ به‌كارهێنانی هه‌ندێك لهبابهتهكانمان و، خستنمانه شوینی نادروست و نه‌گونجاوه‌وه، به‌ڵام ئه‌م خۆپارێزییه ده‌كرێت له‌سنوورو ڕاده‌ی خۆیدا ڕابگیرێت و، زیاده‌ڕه‌وی نه‌كات، به‌وجۆره‌ی حه‌قیقه‌ته زانستییه سهلمێنراوهكانیش تێبپه‌ڕێنێت و، بچێته ناو بازنه‌ی یاسادانانه‌وه.
ت- وه‌رگه‌ڕانی كێشانه‌كان و وازهێنان له‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌سانێكی قاڵبوو لهعیلمدا دایان ناوه، به‌ره‌و حوكمدان له‌سه‌ر ده‌قه‌كان بهقبوڵكردن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی، ده‌قه قه‌تعییه‌كان له‌ڕووی سه‌لمێنراو و دهلالهتهكانیانهوه، له‌قورئان و سوننه‌تدا، ده‌خرێنه ژێر تاقیكردنه‌وه‌ی عه‌قڵی و پشكنینی تاقیگه‌یی، جا له‌وانه ئه‌وه‌ی عه‌قڵه‌كان قبوڵیان كرد ئه‌وه قبوڵكراوه، ئه‌وه‌شی عه‌قڵه‌كان ڕه‌تیان كرده‌وه ئه‌وا تا ڕۆژی قیامه‌ت ڕه‌تكراوه‌یه، ئیتر پله و پێگه‌ی ده‌قه‌كه هه‌رچی بێت، بواری ئیجتیهادیش فراوان ده‌كرێت، تا تێده‌په‌ڕێت له‌بازنه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌قی زه‌ننی له‌سه‌ره و، ئه‌وه‌ش كه ده‌قی له‌سه‌ر نییه‌و، خۆی له‌وه‌ش ده‌دا كه ده‌قی قه‌تعیی له‌سه‌ر هه‌یه، به‌ده‌ربڕینێكی تر، به پێوه‌رێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قی شه‌رعی ده‌كات، هاوشێوه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی به‌هۆیه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قی تر ده‌كات، بۆ نموونه ته‌واو هاوشێوه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، جا له‌جیاتی مه‌نهه‌جی ئیسلامیی پته‌و له‌ڕه‌خنه و لێكدانه‌وه‌ی ده‌قدا، مه‌نهه‌جی تری ناجێگیرو ململانێكار شوێنی ده‌گرێته‌وه، كه له‌كه‌شێكی نائیسلامیدا هاتووه‌ته ئارا، پابه‌ند نین به‌سنووری زمان و ئه‌ده‌بی خیتابی شه‌رعییه‌وه: (أتستبدلون الذي هو أدنی بالذي هو خیر) (سوره‌تی: البقرة:61).
ث- ورده ورده به‌ره‌و گرنگیی نه‌دان و فه‌رامۆشكردنی ڕه‌هه‌ندی سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفیی غه‌یبیی ده‌قه‌كان ده‌چێت، به‌جۆرێك كه ده‌قه شه‌رعییه‌كان جیاوازی زۆریان هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی تردا، له‌وانه ڕه‌هه‌نده سهرچاوهییهكهیان، چونكه هه‌موو ده‌قێكی شه‌رعی قورئان بێت یان فه‌رمووده دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه، ڕه‌هه‌ندی سه‌رچاوه‌یی كه‌مه‌به‌ست لێی ئه‌و لایه‌نه‌یه ده‌قه‌كه‌ی دراوه‌ته پاڵ، واته خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌لێیه‌وه هاتووه، كهوتاردهره (قسه‌كه‌ره)، ده‌قه شه‌رعییه‌كان به‌و پێیه‌ی له‌لای خوای گه‌وره‌وه هاتوون و له‌لای پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ن (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) ئه‌وا وه‌ك پێویست ده‌قی مه‌عسومن و به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها به‌ده‌رن له ناته‌واوی و كه‌م و كورتی، له‌هه‌ر به‌لاڕێداچوون و یان كه‌لێنێك كهلهوتاری خه‌ڵكیدا بوونیان هه‌یه، ئه‌م مهعسومیهته پیرۆزی بۆ ده‌قی شه‌رعی زیاد كردووه، ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا جیاكه‌ره‌وه‌یه له‌نێوان ده‌قی شه‌رعی و ده‌قه‌كانی تردا، ئه‌وان هیچ مهعسومیهت و پیرۆزییه‌كیان نییه، ده‌قی یاسایی یان گوتاری سیاسی یان ئه‌ده‌بی یان مێژوویی ئیتر هه‌رچییه‌ك بن و خاوه‌نه‌كه‌یان هه‌ركێ بێت و ههرپلهیهكیكۆمهلایهتی هه‌بێت مهعسومیهت و پیرۆزییان نییه، ئیتر شێوه‌ی داڕشتن یان ده‌ربڕینی هه‌رچه‌ند جوان و سه‌رنج ڕاكیش بێت، نه‌بوونی پیرۆزی به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه ئه‌و خاوه‌ن دانه‌ریه‌تی و هه‌رچۆن بێت و هه‌ركه‌س بێت به‌ده‌ر نابێت لهلهبیركردن و فه‌رامۆشكردن و هه‌ڵه‌و ناته‌واوی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه بكه‌ویته به‌ر هه‌ستی ئاره‌زوو و گومانه‌كان و شتانیكی فریوده‌ر و ویسته‌وه. ڕه‌هه‌ندی عه‌قڵیش ئه‌وا ده‌قه شه‌رعییه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌هاتوون ته‌نها كه‌سانی عاقڵمه‌ند لێیان تێبگه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه ڕه‌هه‌ندی عه‌قڵی ده‌ق له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی سه‌رچاوه‌یی هاوسه‌نگی تێك ده‌دات.
وته‌ی كۆتاییم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه، عه‌قڵ چاكی و خراپی له‌زۆربه‌ی ڕهفتارهكاندا، نه‌ك هه‌موویان هه‌ست پێده‌كات، ئه‌م هه‌ستكردن و تێگه‌یشتنه عه‌قڵییه، ئهركباربوونی شه‌رعیی لێ ناكه‌وێته‌وه و لێپرسینه‌وه‌ی دونیایی یان قیامهتیی له‌سه‌ر نییه، ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌ته‌نها ئه‌ركبار ناچار ناكات گوێڕایه‌ڵی ئه‌وه بێت كه بۆی ده‌ركه‌وتووه چاكه‌و، له‌وه دوور كه‌وێته‌وه كه بۆی ده‌ركه‌وتووه خراپه، به‌ڵكو ده‌بێت پاڵنه‌ر و وتاری شه‌رعی هه‌بێت، یان ئه‌وه‌ی وتاره‌كه به‌ڕۆح و مهبهستكهیهوه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌و ده‌قانه‌ش كه له‌باره‌ی لێپرسینه‌وه‌وه هاتوون، هاواڵی ئاحادن، ئه‌گه‌ریش بابه‌ته گشتییه هاتووه نهفیكارهكان به‌وانه تایبه‌ت بكرێن، ئه‌وا وتاره‌كه بۆ كه‌سه‌كانی تر و واتاكانی تری، به‌گشتگیری ده‌مێنێته‌وه.
په‌راوێزه‌كان:
1. أمام الحرمین، البرهان، 1/82.
2. الشوكاني، إرشاد الفحول، ص 9.
3. ابن القیم، مدارج السالكین. 1/235.
4. سید قطب، في ظلال القرا‌ن، 4/2217.
5. الغزالي، المستصفی، 1/13.