عومه‌ر ئيسماعيل ڕه‌حيم
له‌دايكبووى 1967، كۆيه.
ماسته‌ر له فيكرى ئيسلامى
شاره‌زا و توێژه‌ر له هزرى سياسى ئيسلامى.
پێشه‌كی
ده‌توانین بڵێین توراس ئه‌و سامانه مه‌عریفی و زانستی و هونه‌ريی و فیكریه‌یه پێشینانمان نه‌وه دوای نه‌وه به‌رهه‌میان هێناوه و بۆ ئێمه‌یان به جێ هێشتووه، كه ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌م شانازی پێوه بكه‌ین، هه‌م له میانه‌یدا شوناسی خۆمانی تێدا بدۆزینه‌وه، قوڵایی و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆمان بزانین، پێشینانمان ئه‌وه‌تا له هه‌موو بواره مه‌عریفيی و فیكريی و زانستییه‌كان به هه‌زاران داهێنانی زانستی و سه‌دان تیۆری فه‌لسه‌فی و سیاسی و سه‌دان به‌رگ كتێبی ئه‌ده‌بی دانسقه و هونه‌ری و ده‌یه‌ها كتێبی ئه‌ندازه‌یی و پزیشكی و فه‌له‌كناسیان پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی كردووه، كه ده‌كرێت بۆ ئێستا و سه‌دان ساڵی تریش هه‌ر سوودی لێوه‌ربگریت، توراس مێژووی زانستی و مه‌عريفی ئوممه‌تی ئیسلامی وێنا ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه ده‌توانین ڕاشكاوانه بڵێین هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مێژوونوسان به گشتی و ئه‌وانه‌ی مێژووی مسوڵمانانیان نوسیوه‌ته‌وه له‌وه‌دایه كه به‌ته‌نها پشتیان به گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداو و چیڕۆكانه به‌ستووه كه له مه‌یدانی سه‌ربازی و ململانێ سیاسيیه‌كان گێڕدراونه‌ته‌وه، بۆیه به‌رده‌وام وێنای مسوڵمانان وه‌ك گه‌لێكى تین‌و به خۆێنڕێژی و لێوان لێو به شه‌ڕ و ئاژاوه، له باشترین و جوانترین وێنه‌یدا وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك پیشانده‌درێت، جا لێره‌وه و بۆئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه وه‌ڕاست بگه‌ڕێت ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان و توێژه‌ره نه‌یار و ناحه‌زه‌كان به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون كه توراسه مه‌عریفی و زانستییه‌كه‌ی مسوڵمانان په‌رده‌پۆش بكه‌ن، یا له ڕێگه‌ی چه‌ندین میكانيزم بێ به‌های بكه‌ن، وه‌ها وێنای بكه‌ن كه هیچ ئه‌رزش و نرخێكی زانستی و به‌هایه‌كی مه‌عریفی و جه‌دوایه‌كی ژیاری نییه، هه‌ندێك له نوسه‌ر و ته‌نانه‌ت ئه‌كادیمی مسوڵمانیش كه‌وتونه‌ته ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌وه، به پاساوی ئه‌وه كه ئه‌م توراسه له باشترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه كه بۆ سه‌رده‌می خۆی گونجاو بووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه كه سه‌دان ساڵ نێوانمه، مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتن و گۆڕينی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، ئێستا ده‌توانین چ كه‌ڵكێك له‌و توراسه پواو و كۆنه وه‌ربگرین.
لێره‌دا پرسیاری گرنگ و ستراتیژ ئه‌وه‌یه! باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و وێناكردنه‌ی توراس ڕاسته ئه‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و كۆششانه بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێیان كرا له توراسی ئیسلامی بۆ لای خۆیان چۆن پاساو ده‌درێت؟ تائێستاش كتێبخانه و مۆزه‌خانه‌كانی شاره گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا پڕیانه له‌و په‌رتوك و ده‌ستنوسه دانسقه و ده‌گمه‌نانه. خۆرئاواییه‌كان ته‌قه‌لای زۆریاندا چ له ڕێگه‌ی حه‌ڵاڵه‌وه به كڕینی سه‌رچاوه‌كانی توراسی ئیسلامی و توێژینه‌وه‌یان، چ له ڕێگه‌ی حه‌رامه‌وه به دزین و به تاڵان بردنیانی ئه‌و سه‌رچاوانه(1)، بێگومان بۆ توێژینه‌وه‌ی ئه‌وه‌بووه تا نهێنی پێشه‌نگی و پێشكه‌وتنه‌كانی مسوڵمانان بدۆزنه‌وه و كه‌ڵك له‌و هه‌زاران تیۆره زانستی و فه‌لسه‌فیانه وه‌ربگرن، دوای ئه‌و پڕۆسه‌ی دزین و به تاڵان بردن و گواستنه‌وه‌یه زۆرێك له‌و په‌رتوكانه‌یان وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانه‌كانی خۆیان، تا به ئاسانتر و له بازنه‌یه‌كی فراوانتر بتوانن سوودی لێ ببینن، بیرۆكه و تیۆره زانستی و فیكريیه‌كانی ناو هه‌ناوی مێژوو و توراسی ئیسلامی بۆته هه‌وێنی چه‌ندین داهێنانی فیكريی و سیاسی و زانستی كه دواجار بوونه‌ته ئه‌و پایه به هێز و پته‌وانه‌ی كه شارستانييه‌تى خۆرئاوای له‌سه‌ر وه‌ستاوه(2).
له‌م نوسینه‌مدا بۆ گۆڤاری (خاڵ) ده‌مه‌وێت قسه له سه‌ر ته‌نها سێ خاڵ بكه‌م:
1- پێناسه‌ی توراس.
2- بایه‌خ و ئه‌ركی توراس.
3- پێوه‌ره‌كانی مامه‌ڵه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی توراس.
یه‌كه‌م/ پێناسی توراس:
(توراس) ته‌حویركراوی وشه‌ی (التراث)ی عه‌ره‌بییه، كه ڕیشه‌كه‌ی له سێ پیت پێكدێت كه (و، ر، ث)(3) یه، به‌واتای: هه‌رچی پێشینان له دوای خۆیاوان به جێده‌هێڵن بۆ كوڕ و وه‌چه و نه‌وه‌كانیان، جا ئه‌م جێماوه ماددی و شتی به‌رجه‌سته بێت، وه‌ك قورئان ده‌فه‌رموێت: [وتَأْكُلُونَ التُّرَاثَ أَكْلا لَمًّا](4)، واته میراتیش به هه‌ڵپه و چڵێسی ده‌خۆن، مه‌به‌ست بۆماوه و میراتی ماددییه. ئایه‌ته‌كانی پێشتر و دواتریش هه‌ر باس له دارایی و سامانی خۆراكه كه ئه‌مانه‌ش كاڵا و شتی ماددین(5)، یان ئه‌و بۆماوه‌یه مه‌عنه‌وی بێت، وه‌ك پاڕانه‌وه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا پێغه‌مبه‌ر، كه خودا كوڕێكی باشی پێ‌بدا بۆئه‌وه‌ى ببێته میراتگری پێغه‌مبه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی یه‌عقوب، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: [يَرِثُنِي ويَرِثُ مِنْ آَلِ يَعْقُوبَ واجْعَلْهُ رَبِّ رَضِيًّا](6)، دیاره كه پێغه‌مبه‌رایه‌تی شتێكی مه‌عنه‌وییه، یا ته‌نانه‌ت ده‌كرێت بۆماوه و ئه‌و شته میراتییه فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات و میكانیزمه‌كانی ئیداره‌كردنی كۆمه‌ڵگه بێت، وه‌ك قورئان له‌مباره‌وه ده‌فه‌رموێت: [وورِثَ سُلَيْمَانُ دَاوُودَ وقَالَ يَاأَيُّهَا النَّاسُ عُلِّمْنَا مَنْطِقَ الطَّيْرِ وأُوتِينَا مِنْ كُلِّ شَيْءٍ إِنَّ هَذَا لَهُو الْفَضْلُ الْمُبِينُ](7)، واته: (سوله‌یمان) دوای (داود) بوو به جێنیشین، فه‌رمانڕه‌وایی به میرات بۆ به‌جێما.
له زمانی كوردیش، ئه‌وه‌نده‌ی له فه‌رهه‌نگ و قاموسه‌كانی زمان گه‌ڕام، وه‌رگێڕانه‌كه‌ی مامۆستا (هه‌ژار)یشم بۆ قورئانی پیرۆز ته‌ماشاكرد، له به‌رامبه‌ر وشه‌ی "ميراث و تراث"، ته‌نها وشه‌ی (كه‌له‌پوور) و (میرات)ی و (سامان)یش، به‌كارهێنراوه(8). به‌ڵام وه‌ك توێژه‌رێك به به‌كارهێنانی وشه عه‌ره‌بییه‌كه ئاسوده‌ترم، چونكه (كه‌له‌پوور) زیاتر ڕه‌هه‌نده مادديیه‌كانی بۆماوه و میراتی ده‌گرێته‌وه له لایه‌ك، جگه له هه‌ندێك ده‌ستكاريی و پاش و پێشكردنی پیته‌كانیشی هه‌ر وشه ئینگلیزیه‌كه‌یه له‌لایه‌كی تر. (میرات)یش جگه له گۆڕینی پیتی (ث) به (ت)، وه‌گه‌رنا هه‌ر وشه عه‌ره‌بییه‌كه‌یه.
وا ده‌زانم به وه‌رگرتنی وشه ده‌توانین زمانی خۆمان ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ین، ئێستا هه‌ندێك له ڕۆشنبیر و نوسه‌ر كاتێك ڕووبه‌ڕووی ده‌ستكورتی زمانی كوردی ده‌بنه‌وه له وشه و زاراوه، ئه‌وا په‌نا بۆ زمانه‌كانی لاتینی و ئینگلیزی ده‌به‌ن، ئه‌ی بۆچی وه‌رگرتنی وشه و زاراوه له زمانی قورئان به نه‌نگی بزانین؟ خۆ دیاره كه زمانی عه‌ره‌بی له زمانی كوردی، ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی له ڕۆشنبیری كوردی نزیكتره، هاوبه‌شییه‌كی كولتووری و ئاینی زیاترمان له نێواندا هه‌یه تا زمان و ڕۆشنبیری ئینگلیزی و لاتینی.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ پێناسه‌ی (تراپ)، وه‌ك چه‌مكێكی فیكريی و ژیاری، یا وه‌ك ده‌وترێت پێناسه‌ی ئيصطلاحى، گواستنه‌وه‌ی له زمانه‌وانییه‌وه بۆ چه‌مكێكی فیكری. دیاره له به‌كارهێنانی وشه‌ی (تراث)، وه‌ك چه‌مك و مه‌فهوم له ناوه‌نده فیكريی و ڕووناكبیرییه‌كاندا كێشمه‌كێش و گفتوگۆی زۆری له باره‌وه كراوه و له دیدگا و گۆشه‌نیگای جیاجیاوه پێناسه و شرۆڤه‌كراوه، سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌ند و توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی ڕای جیاجیا هه‌یه. هه‌روه‌ها له ڕووی زه‌مه‌ن و له كام مێژوو و له چ قۆناغێكه‌وه (توراس) ده‌ستپێده‌كات، پاشان گرنگی و بایه‌خی (توراس) و پێویستی گه‌ڕانه‌وه بۆ (توراس) و پشتپێبه‌ستنی. لێره‌دا ناچینه ناو ئه‌و كێشمه‌كێش و جیاوازیانه، به‌ڵكو له دووتوێی پێناسێكی كورت و گشتگیر (جامع ومانع)دا دیدگای خۆمان، وه‌ك توێژه‌ر و كه‌سێك كه خوێندنه‌وه و قسه‌كردن له سه‌ر توراس، جێگه‌ی بایه‌خ پێدانیه‌تی، ده‌خه‌مه ڕوو.
(توراس) كۆی به‌رهه‌م و ده‌ستكه‌وت و داهێنانه ژیارییه‌كانه، له زانسته جیاجیاكان و مه‌عریفه و فیكر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر، هه‌روه‌ها نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌زموونی ژیان، كه‌لوپه‌ل و كاڵا ماددییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، كه پێشینان به شه‌ونخونی و ئیجتهادی خۆیان پێیگه‌یشتوون و به‌رهه‌میانهێناوه، به‌رده‌وام له باوانه‌وه بۆ نه‌وه‌كانیان ده‌گوازرێته‌وه.
به ده‌ربڕینێكی كورتتر: توراس بریتییه له به‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌ی ئیجتیهاداته مرۆییه‌كان كه به درێژایی مێژوو بۆ گه‌شه‌دان و باشتركردنی بارودۆخی ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤ به‌رهه‌م هاتووه و ئه‌نجامدراوه.
به‌م پێناسه‌یه توراس ته‌واوی ئه‌زموون و به‌ره‌نجامی هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانی مرۆڤ و ویست و ئاره‌زوو میكانیزمه‌كانی كاراكردنی توانا و لێهاتنه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، ئه‌ویش له مه‌یدانی زانسته جیاجیا تیورییه‌كاندا، وه‌ك: فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی و ئابووريی و سیاسه‌ت و یاسا، هه‌روه‌ها زانسته پراكتیكییه‌كانی وه‌ك: ئه‌ندازه و بیناسازی و پزیشكی و كیمیا، و زانسته‌كانی تریش وه‌ك: زمان‌ناسی و ئه‌ده‌ب و، هونه‌ره میللیه‌كان و فۆلكلۆر و هه‌موو ئه‌و ئاكار و نه‌ریت و ئه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه به‌رهه‌م هاتوون ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی به‌گه‌ڕخستنی تواناكانی مرۆڤ. به‌كورتی توراس ته‌واوی ڕه‌هه‌نده ماددی و مه‌عه‌نه‌وی و فیكرییه‌كانی ژیاری مرۆڤایه‌تی ده‌گرێته‌وه، مادام به هه‌وڵ و كۆششی مرۆڤ به‌رهه‌م هاتووه.
ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی گشتی توراسی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام كاتێك بمانه‌وێت ئه‌م پێناسه‌یه به توراسی ئیسلامی تایبه‌ت بكه‌ین، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ئه‌زموون و ئیجتهاداتانه له چوارچێوه‌ی ده‌قه پیرۆزه‌كانی قورئان و فه‌رمووده و به‌ها باڵاكانی ئیسلام بێت و به‌مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی مه‌رام و مه‌به‌سته شه‌رعییه‌كان بێت، ئامانجیش ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی بووبێت، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌ی فه‌رمان و ڕێنماییه‌كانی وه‌حی خودا، جا ئه‌و توراسه به‌رهه‌می عه‌قڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت و به هه‌ر زمانێك (عه‌ره‌بی، كوردی، فارسی، توركی، ئوردی...) نوسرابێت، ئه‌وه توراسی ئیسلامییه، به‌رهه‌می شاعیر و هۆنه‌رانی كوردی وه‌ك: بابا تاهیر، جه‌زیری، بێسارانی، مه‌حوی و مه‌وله‌وی، مه‌سنه‌ویه‌كانی مه‌ولانا و قه‌سیده‌كانی حافز و سه‌عدی به زمانی فارسی، و نوسینه پڕ به‌هاكانی زانا گه‌وره‌كانی نیوه‌دورگه‌ی هیندستان و پاكستان،...هتد، هه‌موویان به‌شێكن له‌و توراسه ده‌وڵه‌مه‌نده.
ئه‌و هێرشه فیكريی و ڕۆشنبیريیه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌كرێته سه‌ر گه‌لانی مسوڵمان، مێژوو و توراسی فه‌رهه‌نگی و ژیایریانی كردووه به ئامانج، له ڕووی چۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تی به‌هێزترین و مه‌ترسیدارترین و كاریگه‌رترین هێرشه له مێژوودا كرابێته سه‌ریان، بۆیه ئاسه‌واره نه‌رێنیه‌كانی له ڕووی گۆڕانی هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به توراس و مێژووی پڕ سه‌روه‌ری خۆیان، له‌و ڕوه‌وه چه‌ندین نوسه‌ری دیار و په‌یامداریش كه‌وتونه‌ته ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی ئه‌و هێرشه، ڕاست و چه‌پ كه‌وتونه‌ته نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌و مێژووه پڕ سه‌روه‌رییه و ئه‌و توراسه ده‌وڵه‌مه‌نده، چه‌ند بۆچونێكی لاواز و مه‌رحه‌لی، هه‌ندێك فه‌توای مێژوویی و كاتی، و چه‌ند هه‌ڵوێستێكی نه‌شیاو ده‌ركرێته پاساوی ئه‌و هێرش و ڕه‌خنه نا بابه‌تی و ڕوخێنه‌رانه.
بێگومان هه‌ركه‌س بابه‌تیانه له توراس و مێژووی هه‌ر گه‌لێك به توراسی مسوڵمانانیشه‌وه بڕوانێت ناتوانێت بانگه‌شه‌ی مه‌عسومیه‌ت بكات، مادام به‌رهه‌می عه‌قڵی مرۆڤه، ئیدی چاوه‌ڕوانی هه‌ڵه و كه‌موكوڕی لێده‌كرێت. به‌ڵام ناشكرێت بوونی هه‌ندێك كه‌موكوڕی و هه‌ڵه بكرێته پاساوی فه‌رامۆشكردن و فڕێدان، ئه‌و گه‌نجینه‌یه كه كۆگا و ئه‌رشیفی بیره‌وه‌ريی و عه‌قڵی ئوممه‌تی ئیسلامییه، له مێژووی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵی له‌مه‌وبه‌ری خۆیدا به‌رهه‌م هاتووه.
ئوممه‌تێك كه بیره‌وه‌ری نه‌بێت و كۆگای عه‌قڵ و یاده‌وه‌ری و گه‌نجینه‌ی به‌رهه‌مه مێژووییه‌كانی سڕابێته‌وه ئه‌سته‌مه ئه‌مڕۆ بتوانێت خاوه‌نی ئێستای خۆی بێت، چ جای ئه‌وه كه بتوانێت داهاتووی بونیات بنێته‌وه.
ئه‌وه ڕاسته كه ده‌بێت به دیدێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه و به عه‌قڵیه‌تێكی سه‌رده‌میانه و له‌ژێر سایه و تیشكی گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تیيه‌كان و پێشكه‌وتنه زانستیيه‌كان توراسی ئیسلامی بخوێنرێته‌وه، هه‌روه‌ها نابێت له مێژوودا بژین. به‌ڵام ناشبێت بكه‌وینه ژێر ئه‌و دوالیزمه، یا هاوكێشه‌یه‌ی عه‌قڵیه‌تی خۆرئاوایی له ئه‌نجامی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ توراسی كه‌نیسه به‌رهه‌می هێنا، كه ده‌بێت له نێوان توراس و كه‌له‌پوور هه‌روه‌ها هاوچه‌رخی بووندا یه‌كێ هه‌ڵبژێریت، یا بۆ ئه‌وه له ئێستادا بژیت ده‌بێت خۆت له مێژوو توراس دابڕنی و بێبه‌ری بكه‌یت. یا بچیته‌وه ناو مێژوو و به عه‌قڵیه‌تی لاپه‌ڕه زه‌رد و په‌رتوكه پواوه‌كانی مێژوو بژیت، كه ئه‌و كاته له مرۆڤێكی كۆنه‌په‌رست زیاتر شتێكی تر نیه.
له ئه‌نجامی كاریگه‌ری ئه‌و هێرشه نوسه‌ر و بیرمه‌نده مسوڵمانه‌كانیش به سه‌ر دوو ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه دابه‌ش بوون.
ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ن كه ته‌ریب له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی هێرشه‌كه ملیان نا به فه‌رامۆش كردن و ناشیرین كردنی توراس و كاركردن بۆ دورخستنه‌وه‌ی به پاساوی ئه‌وه كه ئیدی مرۆڤایه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندووه و نابێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه، ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و توراسه ڕاستیش بێت بۆ سه‌رده‌می خۆی بووه، بۆ ئێستای ئێمه هیچ توخمێكی هێز و بڕشتی تێدا نییه، كه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ دورستكردنه‌وه‌ی ژیان له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێمه، به پێچه‌وانه ئه‌شێت ڕێگر و له‌مپه‌ریش دورست بكات. بۆیه ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ وه‌حی و ده‌قه پیرۆز و ته‌ئسیسیه‌كان بكه‌ین. ئه‌م ئاڕاسته و بانگه‌وازه ئه‌گه‌ر به‌نیه‌ت چاكی و دڵسۆزیشه‌وه بێت ئه‌وا خزمه‌ت به هه‌ڵمه‌ت و هێرشه سه‌خت و دژواره‌كه‌ی ناحه‌زان بۆ سه‌ر ئوممه‌تی ئیسلامی ده‌كات، جگه له‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی لۆجیكی زه‌قیشی تیدایه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه گه‌ڕانه‌وه و مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌حی هه‌رگیز پێچه‌وانه نییه له‌گه‌ڵ سوودوه‌رگرتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ توراس.
ئاڕاسته‌ی دووه‌م كه هه‌ڵه‌ی ئه‌وان زۆر كه‌متر نییه له هی یه‌كه‌م ئه‌ویش ده‌ستگرتنه به توراسه‌وه به شێوه‌یه‌ك كه به پیرۆز بزانرێت و به خراپ و باشیيه‌وه هه‌ڵه و ڕاستیيه‌وه وه‌ربگیرێت، لاساییه‌كی كوێرانه‌ی ڕابردووه‌كان بكه‌ینه‌وه، وه‌رگرتنی هه‌موو بۆچوون و ئیجتیهاده‌كان به‌بێ ئه‌وهى مافی ڕه‌خنه‌گرتن بۆ كه‌س بهێڵیته‌وه، ئه‌وه‌ش به پاساوی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسی ده‌ره‌كی و پارێزگاری له خۆماڵییه‌تی فیكر و ڕۆشنبیریمان، كه ئێستا كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داروخان و له‌ناو چوون، وه به پاساوی ئه‌وه كه تێگه‌یشتن و په‌یڕه‌وكردنی ئایین به دروستی و ڕاسته‌قینه له‌وه‌ی پێشینانمان تێیگه‌یشتوون تێناپه‌ڕێت.
به‌ر له‌وه‌ی خاڵی پێناسه‌ی توراس به‌جێبهێڵین و بچینه سه‌ر خاڵی دووه‌م، گرنگه ئاماژه به دوو شت بكه‌ین:
یه‌كه‌م: ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده دروسته‌كان(صحیح)ی پێغه‌مبه()، به‌م پێناسه‌یه‌ی كردمان به‌شێك نابن له توراس، چونكه ئه‌مانه به‌ره‌نجامی ماندووبوونی مرۆڤ نین، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی (وه‌حی)یه‌وه له خواوه نێردراوه بۆ پێغه‌مبه‌ر (). بۆیه ده‌بێت به ڕوونی و ڕاشكاوی جیاوازی بكرێت له نێوان قورئان و فه‌رمووده‌ی دروست، له‌گه‌ڵ توراسی مرۆڤدا كه به‌رهه‌می توانای فیكری مرۆڤه‌كانه. ئه‌م جیاكردنه‌وه ڕێگه ده‌گرێت له‌و كه‌سانه‌ی كه به مه‌به‌ستی خراپ تێكه‌ڵی له نێوانیان دروست ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت ئه‌و جیاكارییه ببێت، بۆئه‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان ڕه‌خنه له قورئان و فه‌رمووده بگرن، هه‌روه‌ك چۆن ڕه‌خنه له ده‌قێكی فه‌لسه‌فی یا ئه‌ده‌بی ده‌گرن كه زاده‌ی عه‌قڵ و ئیجتهادی مرۆڤه. به‌دیوه‌كه‌ی تریش، ئه‌م جیاكارییه خزمه‌ت به‌وه ده‌كات كه هه‌ندێكی تر بێن هه‌مان ئه‌و پیرۆزی و عیسمه‌ته‌ی قورئان و فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی پێغه‌مبه‌ر() هه‌یانه، نه‌یده‌نه ئه‌و توراسه‌ی كه پێشینان بۆیان به جێهێشتووین، به‌مه‌ش ڕێگه‌ی هه‌ر جۆره ڕه‌خنه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی توراس له به‌رده‌م ڕه‌خنه‌گر و توێژه‌ران ده‌گرن.
دووه‌م: به‌ها باڵا ئیسلامییه‌كان، كه له ڕێگه‌ی وه‌حییه‌وه چه‌سپاون، وه‌ك دادپه‌روه‌ری و شورا و برایه‌تی و هه‌ر به‌هایه‌كی تر كه له ڕێگه‌ی وه‌حییه‌وه چه‌سپاو بێت و مرۆڤی پێوه پابه‌ند كرابێت. به‌ڵام ئه‌و میكانیزم و ڕێ‌و شوێن و سستمه‌ی كه مرۆڤ پێیگه‌یشتووه و دایهێناوه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و به‌هایه و موماره‌سه‌كردنی، دیاره كه ئه‌میان ده‌بێته به‌شێك له توراس.
دووه‌م/ ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی توراس:
له‌و سه‌رده‌مه و دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه به سه‌ر ژیان و كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كاندا هاتوون توراسی ئیسلامی ده‌توانێت چی پێشكه‌ش بكات، به ده‌ربڕینێكی تر ئه‌مڕۆ ئێمه ده‌توانین له كوێ و له چی توراس سوودمه‌ند بین، چۆن كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرین. یا ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی توراس چییه؟
به بۆچوونی من و له ئه‌نجامی به‌دواداچوون و خوێندنه‌وه‌ی زۆرم پێموایه كه توراسی ئیسلامی ده‌توانێت له‌و چه‌ند ڕه‌هه‌نده‌وه خزمه‌ت به ئه‌مڕۆی ئێمه بكات، ئه‌و چه‌ند ئه‌ركه ئه‌نجامبدات و ئه‌و ڕۆڵه كاریگه‌ره ببینێت:
یه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی و سه‌لماندنی ڕه‌سه‌نایه‌تی: دیاره كه توراسی ئیسلامی به‌رهه‌می كه‌ڵه‌كه بووی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی نه‌وه دوای نه‌وه‌ی مسوڵمانانه، هه‌ر له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ) تا ئه‌مڕۆ، كه‌واته توراس به‌رهه‌می ئوممه‌تێكه، ئه‌و ئوممه‌ته‌ی كه پێگه‌یه‌كی به‌رز و ڕۆڵیكی دیار و كاریگه‌ری بینیوه له مێژوودا، به‌م مێژووه پڕ له سه‌روه‌رییه توانیویه‌تی له لوتكه‌ی شكۆ و سه‌روه‌ری شارستانی مرۆڤایه‌تی جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه.
به‌ڵام ئه‌م پێشه‌نگی و شكۆمه‌ندییه به‌رده‌وام نه‌بوو دوای ماوه‌یه‌ك دوچاری كاره‌سات و شكست هات، كه‌وته كۆتایی دواوه‌ی كاروان و شتێكی بۆ ئێستا به ده‌سته‌وه نه‌ما كه جێگه‌ی شانازی بێت، به‌ڵگه‌نه‌ویسته مرۆڤ چ له سه‌ر ئاستی تاك و چ له سه‌ر ئاستی گه‌ل و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگاوه له ساتی شكست و نسكۆدا ئه‌گه‌ر شتێك نه‌بێت ده‌ستی پێوه‌بگرێت و شانازی پێوه بكات، ڕه‌سه‌نایه‌تی و ڕیشه‌داری بسه‌لمێنێت، جۆرێك له به‌رگری و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی بۆ دورست بكات، بیكات به چه‌كی ده‌ستی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، بێگومان ئه‌و كاته له ناخه‌وه و له ناوه‌وه‌یشیدا تووشی هه‌ره‌س ده‌بێت، متمانه‌ی به خۆی نامێنێت ئه‌و كاته هه‌ڵسانه‌وه‌ی ئاسان نابێت.
توراسی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌توانێت ئه‌و ڕۆڵه پڕ بایه‌خه ببینێت بۆ گه‌لانی مسوڵمان، ده‌بێته ئه‌و ميراته ژیاريی و مه‌عریفيیه ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌روه‌ك چۆن میراتی ماددی كه كاتێك باوكێك ده‌مرێت و وه‌چه‌یه‌كی ساوا، یا نه‌خۆش جێده‌هێڵێت لێی ده‌خۆن تا ئه‌وكاته پێده‌گه‌ن، یا قۆناغی نه‌خۆشیه‌كه تێده‌په‌ڕێنن، ئه‌م توراسه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی مسوڵمانانیش هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینێت، پشتبه‌ستن به‌م میراته شارستانييه قوڵ و ڕیشه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌شێت ببێته قه‌ڵغانێكی به‌هێز و پشتیوانێكی مه‌عنه‌وی گه‌وره بۆ ئیراده به‌زیو و شكست خواردووه‌كه‌ی گه‌لان و كۆمه‌ڵگه مسوڵمانه‌كان، شوێنه‌واره نه‌رێنیه‌كانی گرێی هه‌ستكردن به ناته‌واوی و شكستخواردوویی له به‌رامبه‌ر گه‌شه و پێشكه‌وتنه‌كانی خۆرئاوا نه‌هێڵێت، یا لانی كه‌م كه‌می بكاته‌وه.
ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه مه‌عنه‌ویه‌ش ئه‌و كاته به‌هێزتر و كاریگه‌رتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر بزانین و ده‌ركمان به‌وه‌كرد كه پێشكه‌وتنه شارستانييه‌كه‌ى خۆرئاوا له زۆربه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌وه ڕیشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توراسی مسوڵمانان، ئه‌م تێگه‌یشتنه و ئه‌و ئینتمایه گه‌لانی ئیسلامی له كاریگه‌ریه نه‌رێنیيه‌كانی گرێی هه‌ستكردن به كێماسی، داڕووخانی ده‌روونی ده‌پارێزێت، به‌ڵكو جۆرێك له هیممه‌ت به‌رزی و هه‌ڵمه‌ت و گه‌رم و گوڕی دورست ده‌كات بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆ و پێشه‌نگی له ده‌ست چوویان.
دووه‌م: ڕه‌هه‌ندی زانستی و میتۆدی، ڕاستیيه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته هیچ ئوممه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نابێته خاوه‌ن شارستانی و ژیاری خۆی تا ئه‌وكاته‌ى ده‌بێته هه‌ڵگری ماك و تایبه‌تمه‌ندی جیاكه‌ره‌وه له ژیاره‌كانی تر، ئه‌مڕۆ بۆچی ئوممه‌ی ئیسلامی خاوه‌ن ژیار و شارستانی نییه و له ناو شارستانييه‌تى خۆرئاوا تواوه‌ته‌وه، بووه به پاشكۆ، چونكه بۆ هه‌موو شت به عه‌قڵی خۆرئاوایی و مه‌نتیق و مه‌نزومه‌ی فیكری خۆرئاوا بیرده‌كاته‌وه و له جیهانبینیدا جیاوازییه‌كی نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بیرمه‌ند و ڕوناكبیره ئیسلامیيه‌كان لۆجیك و مه‌نزومه‌ی فیكری خۆرئاوا ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌یه ئه‌و لۆجیكه هه‌ڵگری ڕیشه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ماددییه و ئاسه‌واری فه‌لسه‌فه‌ی ململانێی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خودا و سروشتی به‌سه‌ره‌وه دیاره، هه‌وڵی به‌دیلی بۆ ده‌ده‌ن، به لای منه‌وه ئه‌مه یه‌كێكه له كاره هه‌ره پێویسته‌كانی بیرمه‌ند و توێژه‌رانی ئیسلامی و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری خه‌می گێڕانه‌وه‌ی شكۆی ئیسلام و شارستانييه‌تى ئیسلامیان هه‌ڵگرتووه، ده‌توانین بنچینه و هه‌وێنی ئه‌و لۆجیك و مه‌نهه‌جیه‌ته له توراسدا به تایبه‌تی له زانستی ئوسوڵی فیقهو میتۆده په‌یڕه‌وكراوه‌كان لای فیقهناسه‌كان بدۆزینه‌وه. لێره‌وه ده‌ڵێین ئه‌مڕۆ زۆر پێویستمان به زیندوكردنه‌وه‌ی توراس و هانا بۆ بردنی هه‌یه، بۆ دورستكردن و پێكه‌وه‌نانی مه‌نزومه‌یه‌كی عه‌قڵی و میتۆدێكی فیكری و لۆجیكێكی جیهانبینی، كه به دڵنیایی بنه‌ما‌كانى له توراسدا ده‌ستده‌كه‌وێت وه‌ك ئاماژه‌مان كرد به‌تایبه‌تی له مه‌نهه‌جه ئوسوڵیه‌كان و ئه‌و كتێبانه‌ی ڕه‌خنه له لۆجیك و مه‌نتیقی گریك و خۆرئاواییه‌كان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت كتێبه‌كانی ئیبن ته‌یمییه.
سێیه‌م: ڕه‌هه‌ندی پراكتیكی و كرداری، جگه له‌و خاڵانه‌ی پێشتر باسمان كرد بۆ پیشاندانی بایه‌خ و ئه‌ركی توراس، ئه‌وه‌ی كه ده‌توانین وه‌ك به‌ڵگه نه‌ویستێك باسی بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه توراس زۆر شتی تێدایه كه بۆ ئه‌مڕۆش جه‌دوای خۆی له ده‌ست نه‌داوه و ده‌شێت كاری پێبكرێت و به‌كاربهێنرێت،
نمونه: له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاى باڵا و ئه‌خلاقیات، ئه‌گه‌ر قورئانی پیرۆز و فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌و مه‌یدانه‌دا مه‌نزومه، یا تیۆرێكی تێر و ته‌واومان پێبدات، ئه‌وا توراسی ئه‌ده‌بی و مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ندین نمونه‌ی به‌رجه‌سته و پێڕه‌ویكردنی پڕاكتیكیمان ده‌خاته به‌رده‌ست، له سه‌رده‌م و بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌كاندا، كه ئه‌مه ڕیشه‌ی ئه‌و ئاكاره كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ها ئه‌خلاقیانه له دڵ و ده‌روون و ناخی جه‌ماوه‌ری مسوڵماندا قوڵ ده‌كاته‌وه و ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی به عه‌مه‌لی ڕه‌نگڕێژ ده‌كات.
له بواری ڕۆشنبیريی و زانستیدا، زانایانی ئیسلامی میتۆدی ئه‌زمونكردن(المنهج التجریبی)، له‌ڕاستیدا ئه‌وه زانا مسوڵمانه‌كان بوون بۆ یه‌كه‌مجار له دونیای توێژینه‌وه‌ی زانستیدا میتۆدی تێڕامان و وردبوونه‌وه و ئه‌زمونكردن و قیاسكردنیان به‌كارهێنا، با مرۆڤ هه‌رچه‌ند ده‌یه‌وێت تیۆر به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵام ئه‌زمونیان نه‌كات و تاقیان نه‌كاته‌وه ئه‌وا هه‌مووی بێهوده ده‌رده‌چێت و سوودێكی لێناكه‌وێته‌وه.
چواره‌م: ڕه‌هه‌ندی ئیستاتیكی و جوانی، به‌شێكی زۆری توراسی ئیسلامی (زانستی، مه‌عريفی، ئه‌ده‌بی، هونه‌ری...) به‌هه‌ر زمانێك نوسرابێت: عه‌ربی، كوردی يان فارسی... به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی زۆر باڵا و قه‌شه‌نگ نوسراوه، پڕیه‌تی له عونسوری به‌هێزی جوانی و ئیستاتیكی، به‌شێوه‌یه‌ك كه دوای تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌موو ساڵه هێشتا به‌ها و ئه‌فسون و دڵگیری خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه، له زمانی عه‌ره‌بی هۆنراوه‌كان و ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كانی ئیبن قوته‌یبه و جاحز و ئیبن حه‌زم و ئیبن فارز ... له زمانی كوردی هۆنراوه‌كانی هه‌مه‌دانی و جه‌زیری و نالی و مه‌وله‌وی و بێسارانی و حاجی قادر ... و له زمانی فارسیشدا مه‌سنه‌ويیه‌كانی ڕۆمی و قه‌سیده‌كانی حافز و سه‌عدی... زمانه‌كانی تریش هه‌روا هه‌رگیز مرۆڤ ناتوانێت قه‌ناعه‌ت به خۆی بێنێت كه ڕۆژێك بێت ئه‌مانه جوانی و پاراوی و ئه‌فسوناوی خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن.
ئه‌مه هێشتا باس له هه‌موو به‌شه‌كانی توراس كه ڕه‌هه‌ندی جوانیان تێدایه وه‌ك ئه‌ندازه و موسیقا و ... نه‌كراوه، كه به هه‌موویان وێڕای به‌خشینی چێژ و له‌زه‌تێكی زۆر به مرۆڤ ده‌توانن حاڵه‌تێكی پێكه‌وه گونجاوی و هۆگری عه‌قڵی و ڕوحی و كۆمه‌ڵایه‌تی مرۆیی بۆ كۆمه‌ڵگه بخولقێنن، هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته به‌ته‌نها ده‌توانێت جۆرێك له نه‌مری بۆ توراسی ئیسلامی ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی دراون و ده‌درێن بۆ فه‌رامۆشكردنی به با ده‌چن و بچن.
كاتێك له به‌رامبه‌ر توراس ده‌وه‌ستینه‌وه و هه‌وڵی كه‌ناركردن و په‌رده به‌سه‌ردادانی ده‌ده‌ین ده‌بێت بزانین كه به‌م كاره‌مان خۆمان و نه‌وه‌ی تریش له چێژوه‌رگرتن له‌و جوانیه بێبه‌ش ده‌كه‌ین.
سێیه‌م: پێوه‌ره‌كان و چۆنیه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ توراسی ئیسلامی‌دا.
1- وه‌رگرتن و وه‌رنه‌گرتنی توراس ئاره‌زومه‌ندانه‌یه، توراسی ئیسلامی وه‌ك وتمان بریتییه له كۆی ئه‌و مه‌عریفه و زانسته تیۆری و پڕاكتیكیانه‌ی له كۆگای فه‌رهه‌نگی ئوممه‌تی ئیسلامی كه‌ڵه‌كه بووه، هه‌ر له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ) تا ئه‌مڕۆ، ده‌كرێت وه‌ك شرۆڤه و ڕاڤه و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و پرنسیپ و ڕێنماییه ئایینیانه‌ی له ده‌قه پیرۆزه‌كانی قورئان و فه‌رموده‌دا هاتووه سه‌یر بكرێت، به‌وپێیه كه فه‌رمان و ڕێنماییه ئیسلاميیه‌كان هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیان به ڕوونكردنه‌وه و ئاڕاسته‌كردن ده‌گرێته‌وه، توراسیش ئه‌و ئاڕاسته و ڕێنمایانه ڕاڤه ده‌كات و میكانيزم و شێوازی جێبه‌جێ كردنه‌كانیان به‌پێی بارودۆخی كۆمه‌ڵگاكان و هه‌لومه‌رجه فه‌راهه‌مه‌كان دیاری ده‌كات، لێره‌وه توراس جۆرێك له ڕه‌نگڕێژی ئایینی وه‌رده‌گرێت، ئیدی ڕێزگرتن و شكۆمه‌ندییه‌ك به‌سه‌ر مسوڵماناندا ده‌سه‌پێت، كه ده‌بێت به‌رامبه‌ر توراس بیان بێت، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش له قوڵایی كۆ ویژدانی مسوڵمانان نیشتووه و چه‌سپاوه. به‌ڵام به‌دیوێكی تردا توراس به حوكمی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می كارلێكی عه‌قڵی مرۆڤه‌كانه له‌گه‌ڵ ده‌قه پیرۆزه‌كان له سایه‌ی هه‌لومه‌رج و كات و شوێنیكی دیاریكراودا، ئه‌وانه‌ش به‌رده‌وام له گۆڕاندان، ناكرێت شوێنكه‌وتن و په‌یڕه‌وكردنی توراس به‌شێوه‌یه‌كی كۆپی و دووباره به ڕه‌هایی خه‌ڵكی پێوه پابه‌ند بكرێت. پاساوه‌كانی ئه‌و پابه‌ند نه‌كردنه‌ش زۆرن له گرنگترینیان:
یه‌كه‌م، ته‌كلیف له تێگه‌یشتنی ئیسلامی‌دا ڕاسته‌وخۆیه بۆ مرۆڤ، هه‌موو تاكێكی مسوڵمان وه‌ك تاك و خودی خۆی جێگه‌ی مه‌به‌سته له گوتاری قورئاندا، ده‌بێت خۆی لێی تێبگات و خۆی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و گوتاره له ڕه‌فتار و كرداری خۆیدا جێبه‌جێ بكات، دواتر خۆی به‌ته‌نیا لای خودا حیسابی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌بێ ڕێگه‌دان له‌م میانه‌دا به نوێنه‌ر، یا میانگیرێك بێته به‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ش كه هه‌موو كه‌س توانای تێگه‌یشتنی نییه له گوتاری قورئان، ئه‌مه حاڵه‌تێكی ڕیزپه‌ره و به‌پێی زه‌روره‌ت ڕێگه پێدراوه، ئه‌و كه‌سه شوێنی زانایانێكی جێگه میمانه‌ی خۆی بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌سڵ نییه.
دووه‌م، پاساوێكی تری پابه‌ند نه‌كردن به توراس ئه‌وه‌یه كه ده‌قه‌كانی وه‌حی و فه‌رمووده به‌شێكی زۆریان یا له ڕووی-ثبوت و دامه‌زراوی جێگه‌ی گومانن و نه‌گه‌یشتونه‌ته پله‌ی دڵنیایی، یا له ڕووی ده‌لاله‌ت و ماناكانیان نه‌گه‌یشتونه‌ته پله‌ی دڵنیایی، ئه‌شێت چه‌ند مانا و واتایه‌ك هه‌ڵبگرێت، یا له هه‌ردووكیان نه‌گه‌یشتونه‌ته پله‌ی دڵنیایی.
سێيه‌م، پاساوێكی تری پابه‌ند نه‌كردن ئه‌وه‌یه جێبه‌جێ كردنی ئه‌حكامه‌كانی قورئان و فه‌رموده په‌یوه‌سته به ته‌حقیقی مه‌رام و مه‌به‌سته شه‌رعیيه‌كان كه ئه‌وه‌ش یه‌كسانه به ته‌حقیقی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی كۆی كۆمه‌ڵگه، یا بڵێین ئوممه‌تی ئیسلامی، دیاره ئه‌و به‌رژه‌وه‌نديیه شه‌رعیانه‌ی ئومه‌تیش به پێی گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كان و دۆخه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گۆڕێت ئیدی ناكرێت تێگه‌یشتنه مێژوویی و توراسیيه‌كان به ڕه‌هایی فه‌رز بكرێن و نه‌وه‌كانی دواتری پێوه پابه‌ند بكرێت.
2- ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان له ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه مولزیم نه‌بن وه‌ك له خاڵی یه‌كه‌م باس كرا، ئه‌وا له ڕووی مه‌نهه‌جی و میتۆده‌وه جیاوازه، دیاره مه‌نهه‌جیه‌تی زانستی و بابه‌تیانه و بۆ گه‌یشتن به تێگه‌یشتنێكی دورست و ڕه‌وا و دابه‌زاندنی ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ واقعی ژیان، ئه‌خوازێت ته‌واوی تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كه و ناوه‌ڕۆكی توراس بخرێته به‌رچاو و سه‌ر مێزی توێژینه‌وه، بخوێنرێته‌وه، ئیستعاب بكرێت، ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ بكرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك پشتبه‌ستن و یارمه‌تی وه‌رگرتنێك له ئیجتیهادات و تێگه‌یشتنی پێشینه‌كانمان بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست و ناوه‌ڕۆك و واتایه‌كی دروستی ده‌قه پیرۆزه‌كان له لایه‌ك، و به دروستی بگه‌ین به‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی شه‌رعی ئوممه‌تی ئیسلامی له چ جۆره په‌یڕه‌وكردنێكدایه له لایه‌كی تر.
به‌ڵگه‌نه‌ویسته توێژه‌ر و ئه‌و كه‌سه‌ی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت چه‌نده ئه‌گه‌ر و ئیحتمالاتی زیاتری له‌به‌رده‌ستدا بێت ڕێگه‌ی گه‌یشتن به‌و ڕاستییه دڵنیایه‌ی بۆ ئاسانتر ده‌بێت كه چه‌نده كۆتایی و درێغ بكات له تاوتوێكردنی ئه‌و تێگه‌یشتن و ئیجتهاداته مێژووییانه ئه‌وه‌نده له ڕووی منهه‌جیه‌ت و میتۆده‌وه به كه‌مته‌رخه‌م ده‌ژمێردرێت، لێره‌وه ده‌توانین بڵێین بۆ گه‌یشتنه تێگه‌یشتنێكی ڕاست و دورست، نمایشكردن و خستنه‌ڕووی ناوه‌ڕۆكی توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان كارێكی ئیلزامییه. ئه‌و پاساوانه‌ش وامان لێده‌كات سوور بین له‌سه‌ر ئه‌و نمایشه:
أ- تا به‌ره‌و قوڵایی مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه نزیكتر ده‌بینه‌وه له چه‌رخی زێڕین و دروست، نه‌وه‌كانی پێشتر هه‌م له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) و هه‌م له چه‌رخی ڕه‌سه‌نایه‌تی زمان و تێكه‌ڵ نه‌بوونی زمان و كولتووره‌كان نزیكتر ده‌بینه‌وه.
ب- ئه‌و هزر و تیۆر و ئیجتهاداتانه له ناو توراسدا هه‌ن فشار و هه‌ژموونی كاریگه‌ریيه ده‌روونی و سیاسی و... بارودۆخه‌كه‌یان كه‌متر به‌سه‌ره‌وه بووه، بۆیه ده‌توانین بڵێین ڕوحی مه‌نهه‌جیه‌ت و بابه‌تی بوون و زانستی بوونی زیاتر به‌سه‌ره‌وه‌یه.
ت- توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا به‌تێپه‌ڕینی كات به‌سه‌ریاندا زۆر له بێژنگ دراون، به ڕه‌خنه‌گرتن و پێداچوونه‌وه و ڕاستكردنه‌وه له‌لایه‌ن توێژه‌ر و موحه‌قیق و زانایان، یا به له‌مه‌حه‌كدان و تاقیكردنه‌وه له كاتی جێبه‌جێكردن و ئه‌زموونكردن، كه له‌كۆتاییدا ئاستی دروستی و گونجاوی له‌گه‌ڵ حه‌ق و توانای ته‌حقیقكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئوممه‌تی ده‌ركه‌وتووه.
پ- ئه‌و توراسه زنجیره‌یه‌كی پێكه‌وه به‌ستراوی ئیجتهاد و تێگه‌یشتنه‌كانه له ده‌ق و ڕێنماییه‌كان و تیۆریزه‌كردنی زانسته‌كانه، ئه‌ڵقه له دوای ئه‌ڵقه یا یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن یا یه‌كتری ڕاست ده‌كه‌نه‌وه.
3- ڕه‌هایی و به‌زاندنی سنووری كات و شوێن تایبه‌تمه‌ندییه‌كی وه‌حی خوایی و ده‌قه پیرۆزه‌كانه، به‌ڵام توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان مه‌حكومن به سنووری كات و شوێن، تێگه‌یشتنه‌كان ده‌ره‌نجامی كارلێكی ده‌ق و عه‌قڵی مرۆڤه‌كانه له ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراودا، ئه‌و تێگه‌یشتن و ئیجتیهاده مێژووییانه له ته‌فاعل و كارلێكی مسوڵمانان له گه‌ڵ بارودۆخی ژیان له سه‌رده‌می خۆیان و هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی فه‌رمان و ڕێنماییه‌كانی وه‌حی له سایه‌ی هه‌لومه‌رجێكی دیاركراو له‌دایكبوون و هاتوونه‌ته به‌رهه‌م. كه‌واته توراس په‌یوه‌ستبوونێكی پته‌وی به مێژوو و ڕووداوه‌كان هه‌یه، لێره‌وه‌یه ئیبن قه‌ییمی جه‌وزیه ڕێسا زێڕینه‌كه‌ی داهێناوه، كه فه‌توا به‌پێی گۆڕانی كات و شوێن و بارودۆخ و هه‌لومه‌رج و نییه‌ت و نه‌ریته‌كان ده‌گۆڕێت. جا له به‌ر ئه‌م ڕاستییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان به دوور له‌و بارودۆخه مێژوویی و هه‌لومه‌رج و كات و شوێنه‌ی تێیدا هاتۆته به‌رهه‌م مامه‌ڵه‌یه‌كی دورست نییه، له‌به‌رئه‌وه وه‌ك ئاماژه كرا هه‌ر فه‌توایه‌ك، هه‌ر تێگه‌یشتنێك و ئیجتیهادێك به‌رهه‌می بارودۆخ و هه‌لومه‌رجێكه ده‌بێت له كاتی خستنه‌ڕوو قسه له‌سه‌ركردنی ئه‌و بارودۆخه‌ش بخرێته‌ڕوو ئه‌گینا ناتوانرێت وه‌ك پێویست لێی تێبگه‌ین، تێگه‌یشتن له‌و ئیجتهاده مێژووییه په‌یوه‌سته به تێگه‌یشتن له‌و ڕووداو و واقیعه كه ئه‌و ئیجتیهاده‌ی تێدا هاتۆته به‌رهه‌م. ئه‌گه‌ر توراس و تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێسته‌كانیش ئه‌گه‌ر له پاڵ ئه‌و بارودۆخ و ڕوداوانه‌ی تێیدا له‌دایكبوون و هاتونه‌ته به‌رهه‌م بخرێنه‌ڕوو هه‌لی باشتر و دروستتری تێگه‌یشتنمان بۆ ده‌ڕه‌خسێت، هه‌روه‌ها ده‌توانین باشتر هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكه‌ین و به‌راورد بكه‌ین له نێوان تێگه‌یشتنه‌كه و بارودۆخ و واقیعه‌كه‌یدا له لایه‌ك، هه‌روه‌ها له نێوان ئه‌و تێگه‌یشتنه مێژووییه و بارودۆخه‌كه‌ی و تێگه‌یشتنی ئه‌م سه‌رده‌می ئێمه و ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا ده‌ژین.
ده‌كرێت ئه‌م مه‌نهه‌جیه‌ته بكرێت به بناغه‌یه‌كی به‌هێزی به‌راورد و هه‌ڵسه‌نگاندنی تێگه‌یشتنه‌كان تا باشترین هه‌ڵبژێرین و ته‌وزیفی بكه‌ین له‌پێناو گه‌شه‌دان به ژیانی ئیسلامیمان و هانده‌رێك بۆ هه‌ڵسانه‌وه و پێشكه‌وتنی زیاتر.
4- توراسی ئیسلامی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه، فراوان و فره ڕه‌هه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌نده، هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ ماددی و مه‌عنه‌وی، به‌رهه‌ست و ویژدانی ده‌گرێته‌وه، كه‌چی ئه‌وه‌ی له به‌رده‌ستدایه و به شێوه‌یه‌كی فراوان مامه‌ڵه‌ی ده‌كرێت زۆر له‌وه كه‌متره كه ده‌كرا به ئاسانی بخرێته به‌رده‌ست و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵام زۆر به كه‌می مامه‌ڵه ده‌كرێت، ئه‌وه له‌وه گه‌ڕێ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له توراسی ئیسلامی زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌توانرێت ده‌ستمان پێی بگات، ته‌نانه‌ت ده‌توانین به دڵنیایی ڕایبگه‌یه‌نین كه زۆریش له توراسی ئیسلامی له‌ناوبراوه، یا دیزه به ده‌رخۆنه كراوه، ئه‌و فاكته‌رانه‌ش بوونه‌ته هۆكاری ئه‌و حاڵه‌ته زۆرن له‌وانه:
أ- ئه‌و هه‌ڵمه‌ته مێژووییانه‌ی دوژمنانی ئیسلام ئه‌نجامیاندا بۆ له‌ناوبردن و دزینی توراسی ئیسلامی.
ب- دیزه به ده‌رخونه كردن و شاردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر كه تائێستاش له كتێبخانه و مۆزه‌خانه‌كانی ئه‌وروپا گلدراونه‌ته‌وه.
ت- ده‌مارگیری مه‌زهه‌بی كه ئه‌ویش كایگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌و بواره هه‌بووه.
پ- ئه‌و له مه‌حه‌كدان و تاقیكردنه‌وه‌ی تێپه‌ڕینی كات ئه‌و حاڵه‌ته‌ش وایكردووه هه‌ندێك له بۆچوون و تێگه‌یشتنه‌كان به‌هێز ده‌ركه‌ون و هه‌ندێك لاواز و مه‌رجوح، ئه‌وه‌ش به هه‌ندێ پێوه‌ر كه مه‌حكومن به بارودۆخی كات و شوێن.
ج- دووری جوگرافی و سیاسی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و دابڕانیان له یه‌كتری، هه‌رچه‌نده ته‌كنولوژیای زانیاريی و پێشكه‌تنه‌كانی سه‌رده‌م له بواری گه‌یاندن و ئه‌نته‌رنێت ده‌كرێت كاریگه‌ری ئه‌م فاكته‌ره نه‌هێڵێت یان كه‌م بكاته‌وه، به‌ڵام جارێك هێشتا تازه‌یه و توراسی ئیسلامیش هه‌مووی له ده‌ست مسوڵماناندا نییه.
كۆتایی
مامه‌ڵه‌ی توراس و سوودلێوه‌رگرتنی هه‌رگیز به‌و مانایه نایه‌ت ڕێگری له گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌قه ته‌ئسیسيیه‌كان، یا ڕیفۆرم و نوێبونه‌وه و نوێكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌كان بكرێت، یا به‌و مه‌به‌سته بڵێین پێشینان هیچیان بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان نه‌هێشتۆته‌وه، نه‌خێر ده‌بێت هه‌میشه ده‌رگای ئیجتهاد و تێگه‌یشتنی تازه و به‌رهه‌مهێنانی هزر و تیۆری نوێ و سه‌رده‌میانه له‌سه‌ر پشت بێت، هه‌موو تاكێكی مسوڵمان ئازاده له توێژینه‌وه و گه‌ڕان به‌دوای تازه‌یه‌كدا به‌دوای بۆچوونی نوێ‌دا، ئازاده له وورده‌كاری و پێداچوونه‌وه به تێگه‌یشتنه مێژووییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان، وه‌لانانی ئه‌و به‌شه‌ی كه له‌گه‌ڵ بارودۆخ و هه‌لومه‌رجه سه‌رده‌میيه‌كانی ئێستامان ناسازه، گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامی گونجاو و دورست بۆ پرسیاره‌كانی سه‌رده‌م، به‌ڵام بێگومان ئه‌م كاره‌ش كات و مه‌رج و كه‌سی خۆی ده‌وێت، ناكرێت هه‌روا به ئاره‌زوو ئه‌و هه‌موو سامانه فیكريی و فیقهی و مه‌عریفی و ئه‌ده‌بیه كه پێشینان به شه‌ونخونی و ماندووبوون و لێبڕان و دڵسۆزیيه‌كی زۆره‌وه به‌رهه‌میانهێناوه فه‌رامۆش بكه‌ین و هیڵێكی ڕاست و چه‌پی به‌سه‌ردا بێنین ته‌نها به پاساوی ئه‌وه كه هه‌ندێك كاتی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه، له‌كاتێكدا ده‌بینین گه‌لانی ئه‌وروپی ئێستاش ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ توراسی گریگ و ڕۆمانه‌كان.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
1ـ بۆ ئاگاداری زیاتر له پڕۆسه‌ی دزین و به تاڵان بردنی توراسی ئیسلامی له لایه‌ن خۆرئاواییه‌كانه‌وه بڕوانه كتێی(انور جندي: صفحات مضيئة من تراث الاسلام) و(جمال سلطان: الغارة على التراث الاسلامي).
2ـ بۆ نمونه میتۆدی ته‌جریبی (المنهج التجریبی) له بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی، داهێنانی ژماره‌كان(الارقام) و زۆری تریش.
3ـ بۆ زانینی واتاكانی وشه‌ی " التراث "، له زمانی عه‌ره‌بی، سه‌یری ئه‌م سه‌رچاوانه بكه: - ابن منظور، لسان العرب، ج15، ص266 ، أبي الحسين أحمد بن فارس بن زكريا، معجم مقاييس اللغة، ص 953.
4ـ سوره‌تی فجر ئایه‌تی 19.
5ـ له پێشه‌وه باس له هه‌ڵنه‌نان له سه‌ر به‌خشینی خواردن ده‌كات و، ده‌فه‌رموێت: وَلَا تَحَاضُّونَ عَلَى طَعَامِ الْمِسْكِينِ ، له دواییش باس له خۆشه‌ویستی زۆر بۆ سامان ده‌كات و، ده‌فه‌رموێت: وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبًّا جَمًّا.
6ـ سوره‌تی مریم ئایه‌تی 6.
7ـ سوره‌تی النمل ئایه‌تی 16.
8ـ قورئانی پیرۆز، وه‌رگێڕانی مامۆستا هه‌ژار، له ته‌فسیری ئه‌و ئایه‌تانه كه وشه‌ی(ميراث)ی تێدا هاتووه، هه‌روه‌ها سه‌یری (هه‌نبانه بۆرینه)ی مامۆستا هه‌ژار بكه، ل840.