نوسینی : د. عەلی موحەمەد زەڵمی
دەروازە
بۆ تیگەیشتن لە چەمک و دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا گەرەکە لە پێناسەکەیەوە دەست پێ بکەین و پاشان مێژووەکەی و ئەو کۆنتێکستەی تیایدا ئەم چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییە گەشەی کردووە و بەکار دەهێنرێت. بەڵام من لەم پێشەکییەدا پێم باشە بەر لەوەی باس لە پێناسەی چەمکەکە بکەم ئەم سەرنجە بخمە روو، پێموایە یارتمەتیمان دەدا بۆ ئەوەی زانستیانە و بێلایەنانە لەم چەمکە تێبگەین. دیارە لیکۆڵەرانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە زانستی سیاسیشەوە لەسەر ئەوە کۆکن کە دیاردەی 'ئیسلامۆفۆبیا'، واتە ترس لە ئیسلام، گەرەکە لەتەک چەمکێکی تر کە ئەویش ' ئیسلامۆفیلیا' یە واتە خۆشەویستی بۆ ئیسلام پێکەوە سەیر بکرێن و بخوێنرێنەوە (١). ئەمەش لەبەر یەک هۆکاری سادە و گرنگ ئەویش کە هەردوو بارەکە واتە چ 'رق' و چ ' حەز' لە ئەنجامی کاردانەوە دروست بوون، گەرەکە هۆکارەکانی پشتی ئەو دیاردەیە بناسرێن و بخوێنرێنەوە. دیارە کۆمەڵناسان و ئەنترۆپلجست و لیکۆڵەران گرنگیان بەم لایەنە داوە لەمیانی خویندنەوەی دیاردەی توندوتیژی و نەژادپەرستی و نادادی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگا رۆژئاوایی و ئەوروپیەکان بەتایبەتی. لێرەوە ئەگەرچی هەندێجار ئەم چەمکانە بەنیاز و مەبەستی ئایدیۆلۆژی و سیاسی بەکاردەهێنرێن، بەڵام هەردوو چەمکەکە ئیسلامۆفۆبیا و ئیسلامۆفیلیا خزاونەتە نێو ناوەندە ئەکادیمهیەکان و لە یەک دوو دەیەی رابردوودا گفتوگۆی زانستی و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، ئەمەش دیارە زۆر گرنگە هەتا لەو پێناسە و گفتوگۆیە بازاڕی و سەرپێی و بەڕێدالابەرە قوتارمان بێت کە میدیای هەردوو بەرەی دژەی ئیسلام لە رۆژئاوا و پاڵپشتی ئیسلامی لە جیهانی ئیسلامی برەوی پێ دەدەن.
چەمکی ئیسلامۆفۆبیا
گومان لەوەدا نییە کە هەنووکە لە نێوەندە ئەکادیمی و زانستیەکاندا چەمکی ئیسلامۆفۆبیا بەکار دەهێنرێت و بووەتە یەکێک لەو چەمکانەی لە زانستگەلی وەک سۆسیۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا و زانستی سیاسی ئەم چەمکە پێناسە دەکرێ و خوێندنەوە و توێژینەوەی لەبارەوە دەکرێ، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەک لێکۆڵینەوە لە رەگەزناسی و جێندەر و دراساتی ئیتنیکی و دیاردەی کۆچبەری و پرۆسەی تێکەڵبون و هاوڵاتیبوون هتد. بەڵام ئەوە بەو مانایە ناێت کە ئەم چەمکە ئیشکالیەتی بەکارهێنانی نییە لە و زانستانەی سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. دەربارەی پێناسەی ئیسلامۆفۆبیا، بەو گوتار و کردارە دەوترێ کە دژی ئیسلام و موسڵمانان ئەنجام دەدرێت و لەگەڵ کۆمەڵێ چەمکەگەلی دیکەدا دەرخەری ئەو گوتارە باوەی لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکی دا بە گوتاری دژە-ئیسلام و رقلێبونەوە و نەژادپەرستی و راستڕەوی خۆی نمایش دەکات. هەروەک لێكۆڵەر کریس ئەڵین، لە کتێبی 'ئیسلامۆفۆبیا'دا (٢٠١٠) ئاماژەی پێ دەکات نابێت ئەم گوتارە تێکەڵ بە گوتاری ئەکادیمیەکان بکرێت لەمەڕ پرسگەلی وەک ئیسلام و مۆدێرنە، پرۆسەی تیکەڵێ کەمینە موسڵمانەکان لە کۆمەڵگە رۆژئاوایەکاندا و پرسی توندوتیژی ئایینی و هتد..(٢) هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە زۆرێک لە لێکۆڵەران لەسەر ئەوە کۆکن کە پێناسەیەکی یەکلاکەرەوە و لەسەری رێکەوتوو نییە بۆ ئەم چەمکە. هەرچی لەمەڕ مێژووی بەکارهێنانی ئەم چەمکە هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا و لە نێوەندە ئەکادیمەیەکاندا، ئەوا دیسانەوە راو بۆچوونی جیاواز هەیە، ئەوەی تا رادەیەک ساخبوەتەوە کە یەکەم جار لە زمانی ئینگلیزیدا ساڵی ١٩٩١ لە جۆرناڵیکی ئەمەریکیدا بەناوی 'ئنسایت' ئەو چەمکە بەو مانای ئەوڕۆ بەکاردێت لەوێدا بەکار هاتوە، بەڵام بەمانای جیاواز و لە گفتوگۆی جۆری دیکەدا ئەوا مێژووی ئەو چەمکە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەیەیی دووەمی سەدەی بیست بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٢٣کە لە تێزیکی دکتۆرادا بەزمانی فەرەنسی بەکار هاتوە و لەوێوە پەڕیوەتە نێو زمانی ئینگلیزیش هەروەها دواتر لە ساڵێ ١٩٢٥ هەردوو نوسەر دانیت و بن ابراهیم لە نووسینێکدا دەربارەی پێغەمبەری ئیسلام محهمەد ئەو چەمکەیان بەکارهێناوە لە نووسینەکەیاندا، بەڵام دیسانەوەی بەو مانایەی ئەورۆ نا.(٣) هەر لەمڕوەوە فامیتا ڤینار پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەو چەمکە لەسەروبەندی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ساڵێ ١٩٧٩ لەلایەن رابەرانی ئەو شۆڕشەوە و ئایەتوڵاکانی ئەو سەردەمە هەمان چەمکیان بەکارهێناوە دژی ئەو ئافرەتانەی رەتیانکردوەتەوە سەرپۆش و حجابی ئیسلامی بپۆشن. ئەوەی کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین لەسەر مێژووی ئەم چەمکە ، ئەوەیە کە ئیسلامۆفۆبیا وەک ئەو بەکارهێنانەی ئەمڕۆ هەیە چ لەسەر ئاستی میدیا و سۆشیال میدیا و چ لەسەر ئاستی ئەکادیمی، ئەوا دەکرێ دابەشی بکەین بەسەر دوو قۆناغدا. یەکەم، قۆناغی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو کە لە لایەن چەندین بانگخوازی سەربە جالییە ئیسلامییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئەورپی و ئەمەریکا و هەروەها چەند چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگریکارانی مافی پەنابەران و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی پەرەی پێدرا. ئەمەش زیاتر لەبەرامبەر ئەو گوشارەی هەندێ وڵات دەیکردە سەر ئەو جالیانە لەسەر مەسەلەی هەبوونی منارەی مزگەوت بەسەر باڵەخانەی مزگەوتەکانەوە لەو شارانەی ئەوروپا دروست دەکران، یان رێگەدان بە بانگ چڕین بە بڵندگۆ، سەربڕینی مەڕوماڵات و پەلەوەر بە رێگای ئیسلامی و حەلال، پۆشینی نیقاب و سەرپۆش لە قوتابخانە و شوینی کارو هەروەها بڵاوبونەوەی چەند کتێب و فیلم و نامیلکەیەک کە بە دژی ئیسلام و مێژووی ئیسلام لێکدرانەوە لە نێوەندە ئیسلامیەکاندا نموونەی رۆمانەکەی سەلمان روشدی، هتد.. دووەم، قۆناغی دوای یانزەی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ و راگەیاندنی جەنگی دژە تیرۆر لە عێراق و ئەفگانستان. لەم قۆناغەدا لەسەر سێ ئاست ئەم چەمکە زۆر بەکار هات و گفتوگۆی زۆر لێکەوتەوە، لەلایەک لەسەر ئاستی میدیای نوسراو و بینراو بەتایبەتی کە کەناڵی ئاسمانی ئەوکاتە زۆر بوون بەربڵاو بوون لە جیهاندا. هەروەها ئینتەرنێت و تۆڕەکانی گەیاندن زۆر بوون و لەماوەیەکی کەمدا هەواڵەکان بە شێوەیەکی خێرا بە جیهاندا بڵاو دەبوونەوە. لەو سەروبەندەدا ئیسلامۆفۆبیا سەردەمی زێڕینی بوو و زۆر زوو تەشەنەی کرد، چەمکەکە بەشێوەیەک گشتگیر بوو هەرچی شتێک دەربارەی ئیسلام بوترایە بێگوێدانە مەبەست و ئامانج و هۆکارەکانی دەخرایە چوارچێوەی دژایەتی ئیسلام و ناوی ئیسلامۆفۆبیای لێ دەنرا. هەر بەهۆی ئەو تەشەنە خێرایەی ئەو چەمکە ئاستی دووەمی بەکارهێنانی ئاماژە پێ دەکەین، ئەویش گواستنەوەی بۆ دامودەزگای حکومەت و گفتوگۆی یاسایی لەبارەوە. ئەو لۆرد و ئەندام پەرلەمانانەی کەسەر بە جالییەی ئیسلامی ئەو وڵاتانە بوون لەریگەی گروپەکانی فشارەوە ئەو گفتوگۆیانەیان گواستەوە بۆ ناو پەرلەمان و دەزگاکانی تەشریعی ئەو وڵاتانە. لە بەریتانیا هەردوو چالاکوانی ئیسلامی زەکی بەدەوی و فواد نەهدی لەمڕوەوە کاریگەریان هەبووە لەڕیگەی ئەنجومەنی ئیسلامی بەریتانی. ئاستی سێهەمیش بواری ئەکادیمیایە، دیارە ئەم چەمکە خۆی خزانە نێو بواری ئەکادیمی و بەتایبەتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی تر ئەو بوار و لێکۆڵینەوانەی گرنگی دەدا بە پرسی جێندەر، فرە کەلتوری ( Multiculturalism ) ، هاوڵاتی بوون، یەکانگیری و ئینتگرەیشن، دیاردەی کۆچ و پەنابەری... هتد. لەم بوارەدا چەندین ناوی ئەکادیمی هەن کە توێژینەوەی گرنگیان ئەنجامداوە چ وەک لێکۆڵەرە موسڵمانەکان و چ وەک ناموسڵمانەکان، لەوانە: پرۆفیسۆر تارق مەودود، زیائەدین سەردار، کریس ئەلین، ئەڤتار برا، ماریا ئۆرتنۆ و چەندینی دیکە.
ئەنگێزەی پەڕگیری و توندوتیژی و ئیسلامۆفۆبیا
وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بۆ خوێندنەوەی وردی زانستی چەمکە گەلی وەک ئیسلامۆفۆبیا و ئیسلامۆفیلیا، پێویستمان بەوە هەیە چیدی واز لەو شیکردنەوە گشگیریانە بهێنین یان ئایدیۆلۆژی و رقاویانە کە زۆرجار بڕیاری پێشوەختە ئامادەی هەبووە لە خوێندنەوەکاندا، بۆ نموونە بۆ هەر کردەیەکی توندوتیژی خێرا لۆمەی ئایینی ئیسلام کراوە و هەمووی موسڵمانان بە تیرۆرست لەقەڵەم دراون و بە پێچەوانەکەیشەوە هەر کردەیەکی دژی موسڵمانان لە لایەن هەر شوێنکەوانێکی ئایینێک خێرا بە گشگیری وەک هێرشی سەرتاسەری دژی ئیسلام وێنا کراوە. ئەمەش بوارێکی بۆ گفتوگۆی زانستی و ئەکادیمی نەهێشتوەتەوە و باردودۆخەکەی تا بێت هەستیارتر کردووە. ئێمە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ناکرێت باس لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا بکرێ بەبێ گەڕانەوە بۆ دیاردەی توندوتیژی و رقلێبونەوە لەوی دی. لە وتاریکی ترماندا (٤) لەسەر هاوشێوەی ئەم رووداوە، قسەمان لەسەر ئەنگێزە و مۆتێڤی پشتی رووداوەکەی سیانزەی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥ی شاری پاریس کردوە کە تیایدا کۆمەڵێک تیرۆرست لە زنجیرەیەک کاری تیرۆرستیدا زیاتر لە ١٣٠ کەسی بێتاوانیان کردە قوربانی. لەوێدا پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردووە کە بەتەنها توندڕەوی ئایینی و ئایدیۆلۆژی هۆکار نین لەپشت ئەو رووداوەی شارێکی کەلتووری وەک پاریس، بەتایبەتیش کاتێ ئامانج لێوەی شوینەکانی وەک قاوەخانە و یانەی شەوانە و سینەما و کۆنسێرتی گۆرانی و شوێنە گەشتیاریەکانە. بەڵکو باسی ئەوەمان کردووە کە خودی هەڵبژاردنی ئەو شوێنانە ماناو مەدلوولی خۆی هەیە و ئەو مۆتیڤەی لەپشت ئەو روداوەوە بوو زۆر جیاواز بوو لە رووداوەکەی یانزەی سپێتمەبری ساڵی ٢٠٠١ کە ئامانج تیایدا لێدانی دوو تاوەری گەورەی بازرگانی بوو کە سیمبۆلی کەپیتالیزمن. بەڵکو ئەوەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥ وەک سمبولی شاری کەلتووری مۆتیڤەکە دیارە چاو هەڵنەهاتنە بەو خۆشی و رابواردنەی کەسێکی موسڵمان لێوەی مەحرومە ئیتر بەهەرهۆکارێک بێت ئایا لەبەرخۆ گرتنەوە لە خۆشییەکانی دونیا و خۆ هەڵگرتن بۆ خۆشیەکانی قیامەتە یاخود بەهۆی پەراوێز کەوتنی جالییەی ئیسلامی و مناڵەکانیان و بێ بەش بوون لەو جۆرە ژیانەی کە کەسێکی سپی پێستی ئەوروپی هەیەتی یا هەر هۆکارێکی دیکە.
لێرەدا بە پشت بەستن بە خوێندنەوە و شیکارکاری دەروونی-کۆمەڵایەتی (سایکۆ-سۆشیال)، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئیرەیی وا دەکات لە مرۆڤەکان ئەوانەی هەست بە جۆرێک لە نەقس و کەمیی دەکەن بەرامبەر ئەوانی تر بەجۆری لە جۆرەکان بە شتی تر ئەو نەقسە پڕ بکەنەوە.
شارەزایانی ئەم بوارە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن بەداخەوە هەمیشە بۆ ئەو پڕ کردنەوەیە کەسەکان پەلاماری توندوتیژی و پەڕگیری دەدەن. هەر بۆیە ئەگەر کەسێکی ئایینی (لەم کۆنتێکستەدا ئیسلامی) بەهۆی مەحروومبونی لە خۆشیەکانی ژیان پەلاماری شێوە ژیانی ئەوروپییەکان بەرێ و بیەوێ لێان تێک بدات؛ ئەوا کەسێکی دەمارگیری سپی پێستی راستڕەوە بەهەمان شێوە کاتێ شکستی خۆی لە سەرکەوتنی کەسێکی پەنابەردا دەبینێ و چاوی هەڵنایەت بە بڕوانامە و کاری باش و خۆگونجانی پەنابەرەکە لە نێو کۆمەڵگە نوێکەدا، ئیدی پەلاماری توندوتیژی دەدات هەمیشە ئەو مرۆڤانەی رەگەزپەرستن و رقیان لە بێگانەیە (لەم کۆنتێکستەدا خەڵکانی پەنابەر لە جالییە ئیسلامیەکاندا کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا شوێنانی تر دەژین)، پاساوی ئەم رقەیان بەوە دەهێننەوە کە ئەمانە هاتوون کاریان کەمکردوەتەوە بۆ خەڵکی ئەسڵی و کلتورێکی تریان چەسپاندوە، ئافرەتەکانمان دەبەن و هتد.. واتە داتاشینی دوژمن، چونکە بەبێ ئەو دوژمنە ناتوانێ لە شکستەکانی خۆی تێبگات، بگرە لەبەر ئەوەی ئەمانە نێچیرێکی ئاسانن بۆ گلەیی لێکردن هەمیشە میدیای باو و بازاڕیی هەمان گوتار بەرهەمدەهێنن. لەم چەند ساڵەی رابوردویشدا چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمەریکا شەپۆلی پارتە باڵە راستڕەوەکان لەهەڵکشاندایە و ئەوانیش بە هەمان نەست و سایکۆلۆژیا کار دەکەن. بیرمە نایجڵ فەرەج سەرۆکی ئەوکاتەی پارتی نەتەوەیی بەریتانی جارێک لە تویتێکدا نووسیبووی" ئەمڕۆ بە هۆی پەنابەرانەوە لە کارەکەم دواکەوتم چونکە شەمەندەفەرەکەم دوا کەوت و خەتای ئەوانە" . لەم سەرو بەندی رووداوی مزگەوتەکانی نیوزلاند تەلەڤزیونێک چاوپێکەوتن لەگەڵ سیناتۆرێکی ئوسترالی دەکا و دەڵێ " هۆکاری ئەم تەقەکردنە دەگڕێتەوە بۆ پەنابەران".
ئێمە لێرەدا ویستمان ئەوە یادی خوێنەران بهێنینەوە کە هەرچی دیاردەی ئسلامۆفۆبی هەیە و هەر رووداوێک لەو بابەتە ناکرێ داببڕدرێت لە هەلومەرجی پێشخۆی و دوای خۆی و هەروەهاش ناکرێ لەتەنها پەنجەرەیەکەوە بیبنرێت و لە تاکە رەهدنێکەوە بخوێنریتەوە، ئەمانە رووداوی ئاڵۆزن پێویستیان بە توێژینەوەی هەمەلایەنە هەیە نەک بڕیاری پێشوەختە و سۆزباوی وەک ئەوەی میدیا و سۆشیال میدیا دەیکات. کەواتە هەر هەڵسوکەوتیکی ئیسلامۆفۆبی یا هاوشێوەی نە شەڕی ئیسلام و کوفرە و نە رایسستێک نوێنەرایەتی تەواوی رۆژئاوا دەکات ( وەک هەندێ هەرزە ئیسلامی وای بۆ دەچن ) و نە ئیسلامێکی توندڕەو نوێنەرایەتی هەمووی رۆژهەڵات دەکات ( وەک هەندێ هەرزە راستڕەوی مەسیحی و ئەوروپی وا دەزانن). ئەم دووجۆرە لە بیرکردنەوە سەر بەیەکن بیانەوێ و نەیانەوێ ئەوان یەکتر دەژێنن و درێژەپێدەری یەکترن هەرچەندە لە ڕەواڵەتدا دژی یەکترن.
دوا وتە
قسەیەک هەیە دەڵێت، ئەگەر سەدەی بیست سەدەی جەنگی جیاوازی رەنگ و رەگەزیی بوبێت، واتە کێشەی رەشپێستەکان و کێشەی کەمە ئیتنیکی و نەتەوەیەکان لە ئەمەریکا و ئەوروپا شوێنانی تر، ئەوا سەدەی بیست و یەک سەدەی کێشەی ئیسلامۆفۆبیایە. دیارە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد 'ئیسلامۆفۆبیا' بەتەنها ئەو مانا و تێگەیشتنە سادەی نییە کە بریتی بێت لە ترس لە گەشەسەندنی ئیسلام. بەڵکو کاتێ قسە لەسەر چەمکی ئیسلامۆفۆبیا دەکرێت گرێدراوە بە کۆمەڵێک کێشەو ئاریشەی دیکەوە وەک؛ کێشەی کۆچ و دایسپۆرا، کێشەی هاوڵاتیبوون و چوونە ناو کۆمەڵگای خاوەن ماڵەوە، گرفتی ناسنامەی ئایینی و ئیتنیکی، کێشەی ئازادی رادەربڕین و سوکایەتی کردن بەئایین و چەندین کێشەی دیکە.
پەراوێزەکان
١-
Fadda-Conrey, Carol( 2014). "Islamophobia/Islamophilia: Beyond the Politics of Enemy and Friend". Journal of Arabic Literature. 45 (2–3): 277–281.
٢-
Allen, Chris (2010). Islamophobia . Ashgate.
٣- هەمان سەرچاوە
٤- بڕوانە : عەلی زەڵمی ، روانین لە رەهەندێکی جیاوازەوە بۆ کردەوە تیرۆرستیکەی نیوزلەندا، ٢٠١٩. گۆڤاری دیپلۆماتیک مەگەزین.
