د. دانا فاضل محهمهد، ڕاهێنەر و کۆمەڵناس
دەستپێک:-
سەرەتای تەمەنی گەنجی کە بە تەمەنی نەوجەوانی ناسراوە قۆناغێکی گرنگە لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا و بریتیيە لە قۆناغی پێگەیشتنی (هزری، جەستەیی، کەسێتی) کەسەکان، بەشێک لەو پێگەیشتنە خودیيە و بەشێوەیەکی سروشتی کەسەکان پێیدا گوزەر دەکەن و دەیبینن، بەشێکی تری کۆمەڵایەتیيە و دەوروبەر ئاڕاستەی دەکات، هەردوو بەشەکەش کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر پرۆسەی پێگەیاندنەکە دادەنێن، بەواتایەکی تر تا چ ئەندازەیەک هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هزريی و زانستی و دەروونی لە کۆمەڵگهدا لە ئاستێکی بەرزدا بێت، ئەوەندە کرداری پێگەیاندنەکە سەرکەوتوو تەندروست دەبێت.
یەکێک لە بوارەکانی پێگەیشتن بریتیيە لە تێگەیشتن لە بیرکردنەوەی گەنجان و شێوازی دروستبوونی قەناعەت و بیرۆکە و بەهاکانە، کە دواتر ڕێڕەوی ژیانیان ئاڕاستە دەکات و بەو شێوازە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیان ڕێک دەخەن، ئەو دوو چەمکەی لەم نوسینەدا تەرکیز دەکەینە سەری بریتیيە لە چەمکی (جیهانی واقیعی و جیهانی خەیاڵى) چۆن دروست دەبێت، پاشان چۆن وا بکرێت تەندروست کردارەکە بە پایان بگات.
جیهانی خەیاڵی چیە و چۆن دروست دەبێت؟
مرۆڤ هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە زانیاريی و داتاکان دەربارەی جیهانی دەرەوەی خۆی کۆدەکاتەوە، پاشان پۆلێنی دەکات، دواتر بەشێوەی خۆی دایدەڕێژێتەوە، بەواتایەکی وردتر لە وێنە و واتا کۆنەکان، واتا و وێنەی نوێ دروست دەکات، بەمەش جیهانی خەیاڵی خۆی پێکدەهێنێت.
ئەگەر نموونەیەک لەسەر هەستی کەسەکان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر وەربگرین، کارەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە منداڵەکان تێدەگەن ڕەگەزیان جیاوازە، سەرەتا هەرکەسێک لە ڕەگەزی بەرامبەر کەوتە بەر دیدەیان پارچەیەکی جوانی لێ وەردەگرن، چاو لە یەکێک و لوت لە یەکێکی تر هەتا دەگاتە قەد و باڵاو قژ و ڕوو، لەو پارچانە کە سەرسام بووە پێی وێنەیەکی نوێ دروست دەکات و هەندێک جار ناودەبرێت بە بووکی خەیاڵەکان، یان شۆڕەسواری خەونەکان، ئەم وێنایە دوای ئەوەی لە ڕووکەشدا تەواو بوو هەروەک چۆن وێنەکێشێک وێنە دەکێشێت، دەست دەکات بە زیادکردنی تایبەتمەندی دەروونی و ویژدانی و هزريی و کۆمەڵایەتی ... تاد بۆی.
منداڵ لە سەرەتای تەمەنی هەتا (١٢) ساڵی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی داتا و زانیاری زۆر کۆدەکاتەوە، هەر لەگەڵ ئەو کۆکردنەوەیەدا دەست دەکات بە دروستکردنی جیهانە خەیاڵیيەکەی بەشێوەیەکی سادە و سەرەتایی، بەڵام کاتێک دەگاتە تەمەنی (١٢) ساڵی نەوجەوان دەست دەکات بە کشانەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیيەکان (جیهانی واقیعی) و لە بەرامبەردا جیهانی ناوەوە (خەیاڵی) و لایەنی دەروونی گەشە پێدەدات، پاشان لە زانیارییە کۆکراوەکان وێنایەکی تەواو لە جیهانێکی خەیاڵی بۆ خۆی دروست دەکات، دوای ئەوە حەز و خولیا و ئاواتەکانی لەوێدا جێ دەکاتەوە، هەتا وای لێدیت چێژ لەو خەیاڵانە وەردەگرێت، بەمەش وێناکەی تەواو ڕوون و ئاشکرا دەبێت و بەشێک لە ژیانی بۆ ئەو جیهانە تەرخان دەکات، لە بەرامبەردا لە جیهانی کۆمەڵایەتی دەوروبەری بە ئەندازەیەکی گەورە پاشەکشە دەکات، لەبەرئەوەیە تەمەنی نەوجەوانی بە قۆناغی داڵغە و خەیاڵی قوڵ ناسراوە و کەسەکان کەمێک گۆشەگیر دەبن و دەچنەوە ناو خۆیان و لەگەڵ ئەندێشە و حەز و جیهانە ناوخۆییەکانی خۆی تێکەڵاو دەبن.
جیهانی خەیاڵی تەواوی حەزەکانی نەوجەوانی تێدایە بە (حەز، ئاوات، ڕەنگ، ئاواز، پەیوەندییەکان ... تاد)، ژیان لەو جیهانەدا زۆر جوان و بەتام و ڕازاوەیە، بێ ئەرک و ئیشکردنە، فەرمان و توڕەبوونی تێدا نیە، هەموو شتێک ئامادەیە، خۆشەویستی و هەستەکان لەوپەڕی بەرزیدان، کەسەکان لە پێگەیەکی بەرز و شایستەدان، ئەگەر پرسیار بکەین بۆچی ئەوەندە جوان و بێ کێشەیە؟ وەڵامەکەی ئاسانە لەبەرئەوەی نەوجەوان لە جوانترینی حەز و خەونە ئاڵتونیيەکانی دروستی کردووە.
بیبینی جیهانی واقیعی:-
لە بەرامبەر جیهانی خەیاڵی جوان و ڕازاوە، جیهانێکی واقیعی هەیە، کە کەسەکان تیایدا دەژین، دەیبینن و دەیبیستن و هەستەکان تیایدا داتا و زانیاری وەردەگرێت، هەڵسەنگاندن و پۆلێن، شیکردنەوە و لێکدانەوە دەکەن، دوای ئەمانە چیمان دەست دەکەوێت؟ بەشێوەیەکی گشتی و یەک پارچەیی ئەو جیهانە چۆن دێتە بەرچاوی نەوجەوان؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە با هەندێک نموونە لە جیهانی واقیعی وەربگرین:-
- خوێندنی ئەکادیمی:- خوێندن بۆ ماوەی (١٦) ساڵ، با بڵێین (١٠) ساڵی ڕۆیشتووە لە ژیانی نەوجەوان و (٦) ساڵی ماوە، خوێندنی زۆر و پاداشتی کەم، دوای تەواوکردنیش زۆربەیان چاوەڕوانی پاداشتی ماددی ناکەن، تەنها هەستێکی مەعنەوی هەیە کە خاوەنەکەی خاوەنی بڕوانامەیە، ئایا ئەمە ئەوەیە گەنج چاوەڕێی دەکات و حەزەکانی تێر دەکات؟
- بەرپرسیارێتی ناو خێزان:- خێزان دامەزراوەیەکی پیرۆزە، بەڵام گرنگيیەکەی لای نەوجەوان هێشتا دەرنەکەوتووە، لەناویدا وەکو هەموو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویستە ئەندامەکان بەرپرسیارێتیان هەبێت، واتا نەوجەوان کوڕ بێت یان کچ پێویستە یارمەتی دایک و باوک بدەن لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، لەم کارەشدا هەست بەقورسی دەکەن هەرچەندە ئەرکەکەش کەم بێت، لەبەرئەوەی لای ئەو هێشتا بۆی دەرنەکەوتووە خێزان گرنگیيەکەی چەندە، بگرە هەندێک جاریش بە ڕێگر دەیبینێت لەبەرامبەر حەز و کارەکانی.
- بەدەستهێنانی پارە و کەلوپەلەکان:- حەزی بەدەستهێنانی ئەو کەلوپەلانەی بەدەست گەورەکانەوەیە وەک (جلوبەرگ و مۆبایل و سەعات و سەیارە و پارە و ... تاد) خولیای هەموو نەوجەوانێکە، بەڵام خێزان و کۆمەڵگه کەمترین ئاستی بۆ دابین دەکات، لەبەرئەوەی بەڵگە نەویستە لای هەمووان کە کەسەکان دەبێت خۆیان ئەوانە بۆ خۆیان پەیدا بکەن و دایک و باوک هەر دەتوانێت ڕۆژانەیەکی کەم و سنوردار لە کەلوپەلەکانیان بۆ دابین بکات، ئەی چی بکات؟ لەلایەکەوە دەبێت بخوێنێت و زۆرینەی کاتەکانی لەوەدا بە خەرج ببات، لەلایەکی تریشەوە دەوترێت هەر کات نەوجەوان کاری کرد و پارەی بینی خوێندن پشتگوێ دەخات.
- بەدیهێنانی ئاواتەکان:- هەموو ئەوانەی نەوجەوان دەیەوێت لە (هاوسەرگیریی، کار و پیشە، خانوو، پارە، ناو و نازناو، سەیارە، کەلوپەلی جۆراوجۆر، ئازادی ... تاد) هەموو ئەوانە لە ئێستادا بۆ ژیانی نەوجەوان نزیکە مەحاڵە، نەک هەرئەوەندە بەڵکو بەدەستهێنانیان لە ماوەی چەند ساڵی داهاتووشدا هەر لە مەحاڵ دەچێت.
ئەوەی باسکرا کورتەیەکە لە جیهانی واقیعی کە نەوجەوان تیایدا دەژی، بەڕاستی ئومێد بەخش نیە، لەم حاڵەتەدا جێگرەوەیەکی ئاسانی لەبەردەستە ئەویش جیهانی خەیاڵییە، کە هەموو حەزەکان بەبێ ئەرک و زەحمەت بەجوانترین شێوە بەردەستە، لە جیهانی واقیعی دەرەوە سەرزەنشت هەیە، لە جیهانی خەیاڵی پاداشت هەیە، لە یەکەم ئەرک هەیە لە دووەم ماف هەیە، لە یەکەم بێ ئومێد بوون هەیە لە دووەم یەک پارچە ئومێدە.
لەم بارودۆخەدا نەوجەوان چی دەکات، بەدڵنیایی لە ژیانی کۆمەڵایەتی پاشەکشە دەکات و بەشێکی باش لە هزر و ژیان و کات و بیرکردنەوەکانی دەبات بۆ جیهانە خەیاڵییەکە.
لەم بارودۆخەدا چی ڕوودەدات؟
گەنجان لە نێوان جیهانێکی واقیعی بە ئەرک بەراورد بە جیهانی خەیاڵی جوان و ڕازاوە، زیاتر حەزەکانی بەرەو جیهانی خەیاڵی دەیبات، ئەمە ئاسوودەییەکی کاتی پێ دەبەخشێت و هەموو هیوا و ئاواتەکانی لەوێدا دەهێنێتە دی، کورد وتەنی (خەیاڵ پڵاو) دەکات، ڕاستە بۆ ماوەیەک چێژ و خۆشی وەردەگرێت و هەناسەیەک دەدات و هەست بە ئاسوودەیی دەکات، بەڵام کێشەی ئەم خەیاڵانە ئەوەیە هەتا زیاتر بچێتە ناوی زیاتر حەزی لێدەکات و زیاتر ئالودەی دەبێت، بەوشێوەیەش زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ خەیاڵ و ئەندیشەدا بەسەر دەبات و لە پرۆسەی پێگەیاندن و بنیادنانی خۆی پاشەکشە دەکات، وەکو پەندی پێشینان دەڵێت:- (شوان تا دانیشێت مەڕەکانی دوورتر دەکەونەوە) و کۆکردنەوەیان ئەرک و ماندووبوونی زیاتری دەوێت.
گرنگترین تەمەن بۆ بنیادنانی تواناکان بریتيیە لە تەمەنی نەوجەوانی واتا (١٢ – ١٨) ساڵ، لە خوێندن و فێربوونی زمان و پیشە و کارامەییە کۆمەڵایەتیيەکان، لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و دارایی لەسەر نیە و توانای هزريی و جەستەیی لە بەرزترین ئاستدایە، هەموو ئەمانە وادەکات ئەو کارەی لەو قۆناغەدا دەکرێت ئاستی سەرکەوتنی کەسەکە لە داهاتوودا دیاری بکات، بەڵام کاتێک زۆرینەی بە خەیاڵ کردن بەسەر دەبات ئەو هەلە لەدەست دەدات و لە کاروانی سەرکەوتن دوادەکەوێت و قەرەبووکردنەوەی زۆر ئەستەم دەبێت. بەواتایەکی تر ژیان کردن لە جیهانی خەیاڵیدا وەکو دەرمان وایە، کەمێکی سوود بەخشە و گرفتێک چارەسەر دەکات، زۆرەکەشی دەبێتە ژەهر و کوشندە دەبێت.
پێکهێنانی بەهاکان لە نێوان جیهانی خەیاڵی و جیهانی واقیعیدا:-
بەشێک لە سەرکەوتنی گەنجان پەیوەندی بە بیروڕا و بیرکردنەوە و بەها تایبەتيیەکانەوە هەیە، بۆ نموونە کەسانێک پێیانوایە دەبێت کەسوکار و خێزان پێویستیيەکانی بۆ دابین بکات، ئەمە لە سەرەتای تەمەن ڕاستە، بەڵام تا چەند دایک و باوک دەتوانن خزمەتی منداڵەکانیان بکەن، هەندێک جار نەوجەوانان خۆیان بەراورد دەکەن بە هاوڕێکانیان کە باوکیان دەوڵەمەندە و دەتوانێت بەشێکی زۆر لە حەزەکانیان بەدیبهێنێت، بەڵام باوکی ئەم ئەو توانا داراییەی نیە، یان هەندێک لە دایک و باوکان بۆ منداڵی یەکەمیان زۆر شت دەکەن، بەڵام دواتر ناتوانن ئەوە بۆ هەموو منداڵەکانیان ئەنجام بدەن، لەم بارودۆخەدا چی ڕوودەدات؟ گەنجەکە خۆی هەوڵ نادات و باوکیشی ناتوانێت کارێکی ئەوتۆی بۆ بکات، لەم حاڵەتەدا گەنجەکە تووشی بێئومێدی و ڕەشبینی و دەستەوسان بوون دەبێت، کەواتە هەڵەکە لەکوێدایە؟ بەدڵنیاییهوه لە بیروڕا و بەها تایبەتيیەکانەوەیە، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بە تەمای خۆی بووایە هەوڵێکی دەدا و خۆی پێ دەگەیاند.
هەندێکی تر لە گەنجان پێیانوایە حکومەت دەبێت هەموو پێداویستیيەکانی بۆ دابین بکات و میدیا و سۆشیالمیدیا و ڕێکخراوە مەدەنی و پارتە سیاسیيەکان ئەم قەناعەتە دەچەسپێنن، هەتا وای لێدێت گەنجەکە هەر چاوەڕوان بێت بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بەدەربکەوێت، حکومەتیش هەر جارەی بە بیانوویەک خۆی لە بەرپرسیاریەتیيەکان دەبوێرێت، سەرەنجام گەنجەکان شوێنی دروشم و پیاهەڵدانەکان دەکەون و لە قەناعەتیاندا دروست دەبێت، کە ئەگەر حەق نەدرا دەبێت بسەنرێت، ئەمە زۆر باشە ئەگەر توانرا بسەنرێت، بەڵام ئەگەر وادەرنەچوو، گەنجەکە دەستبەتاڵ دەمێنێتەوە، نەخۆی کارێکی کرد و نە حکومەت هیچی بۆ دابین کرد، کەواتە هەڵەکە لەکوێدایە؟ بەها و قەناعەتەکان دەرفەتی گەڕانەوە و هەڵسەنگاندن و ئەگەرەکانی بۆ نەهێشتووەتەوە، ئەم حاڵەتە دیاردەی وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە هاوسەرگیریی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوەی سەقفی داواکاريی و چاوەڕانیيەکان ئەوەندە بەرزبووە ئەستەمە لەوێوە داببەزێتە ئەو ئاستەی کوڕان و کچان بەبێ هیچ پێداویستیيەکی ژیان ئامادەی پێکهێنانی ژیانی خێزانی بن.
کەواتە گرنگە بزانین، ئەو بەها و قەناعەتە تایبەتيیانەی گەنج لە کوێوە دروست دەبێت؟
بەکورتی دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە کورتی بکەینەوە و ئەم کەناڵانە سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ پێکهێنانی قەناعەت و بەهاکان، کەناڵەکانیش بریتین لە:-
- ڕای گشتی.
- پڕوپاگەندە.
- میدیا و سۆشیالمیدیا.
- قسەی ناو گرووپی هاوڕێیان.
- دروشم و داواکارییە جەماوەرییەکان.
- هاندانی کەس و لایەنەکان بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو.
- بیروڕای کەسە دەرکەوتووەکان، لەگەڵ چەندین کەناڵ و کەس و دامەزراوەی جۆراو جۆری تر.
ئەوەی جێی تێبینیيە دوو کەس لەناو ئەم گرووپ و کەناڵانەدا بوونیان لاوازە، یەکەمیان خودی گەنجەکەیە، دووەم کەسە بە ئەزموونەکانە، کەواتە چی ڕوویدا؟ قەناعەت و بەهاکان دروست بوو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بەرنامە، ئەمەش وادەکات ئەو قسانە جیهانێکی تەواو خەیاڵی لە مێشکی گەنجەکەدا دروست ببێت کە ئەوەندە بەرز و خەیاڵی و نموونەیی بێت بەدیهێنانی لە خەون و خەیاڵ بچێت، ئەمەش سەرئەنجام هەردوو جیهانی خەیاڵی و جیهانی واقیعی لای گەنجانی لەیەکتر دوورتر دەخاتەوە.
بەکورتی و بە پوختی بەهاکان لەو شوێنەوە دروست دەبن کە حەز و خەون و ئاواتەکانی تێدا جێگیرە و کەسەکان کەسێتی و بوونی خۆیانی تێدا دەدۆزنەوە، ئەم بەشەش جیهانی خەیاڵی نوێنەرایەتی دەکات، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت و دەبینرێت و هەڵسوکەوتی پێدەکرێت جیهانی واقیعیيە کە بوونێکی بەرجەستە و بینراوی هەیە.
ئەنجام:-
پرسیارێک دێتە پێشەوە و دەوترێت باشە ئەگەر جیهانی خەیاڵی و واقیعی نێوانیان زۆر بێت چی ڕوودەدات؟ یان ئەگەر هەموو بەهاکان لە جیهانی خەیاڵیيەوە دروست بووبێت گرفتی چیە؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە نموونەیەک دێنینەوە، لە بەها تایبەتیيەکاندا هەیە، هەرکەسێک زانیاريی و ئەزموون و توانای زۆرتر بێت و دڵسۆزانە و چالاکانەتر هەوڵیدا، بەدڵنیایی دەستکەوت و ماف و پلەی باشتری دەست دەکەوێت، بەڵام لە جیهانی واقیعیدا ئەم بەها و بۆچوونە چەند ڕاستە؟ یان چی ڕوودەدات کاتێک کەسێکی بێ ئەزموون، کەم زانیاری، نا دڵسۆز، نا چالاک، پێش ئەو گەنجە دەکەوێت لە دەستکەوتنی کار و پیشەدا؟ لێرەدا شەڕ دروست دەبێت لە ناخی کەسەکەدا، لەبەرئەوەی پێوانەکان پێچەوانە دەبنەوە، ئەوەی کە دەبوو ڕووبدات، پێچەوانەکەی بینرا، کەسەکان لەم بارودۆخەدا تووشی نائومێدی دەبن.
گەنجێک لە جیهانی خەیاڵی خۆیدا بۆ ژیانی هاوسەری داهاتووی وێنایەکی جوانی کێشاوە، هاوسەرێکی نایاب، جوان، زیرەک، خاوەنی کەسێتی بەهێز، پاشان خانوویەکی خۆش، سەیارەکی گرانبەها، منداڵی جوان و ژیکەڵە، هەموو شتێک لە شوێنی خۆیەتی، وەک بڵێی خۆی وێنە کێشەکەیە، هەمووان دەزانن کە ئەمە بەوشێوەیە نایەتەدی، بەڵام هەموو گەنجەکان ئەم وێنەکە دەکێشن، دواتر کاتێک بەوشێوەیە بۆیان جێبەجێ نابێت، تووشی بێ ئومێدی و نیگەرانی گەورەیان دەکات و ژیانیان لێ تاڵ دەبێت.
جیهانی خەیاڵی و واقیعی ئەگەر زۆر لەیەک دوور بوون ئەوە نیشانەی ئەوەیە خاوەنەکەی لە کێشەیەکی گەورەدایە و ئامادەیە بۆئەوەی گرفتی دەروونی بۆ دروست ببێت، هەر ئەوەند نا، بەڵکو هەست کردن بە بێزاريی و ناڕەزایەتی لەوانەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی دووری بخاتەوە و لە هەوڵ و تێکۆشان ساردی بکاتەوە، لەجیاتی ئەوەی خۆی بۆ خۆیی و دەوروبەر بسەلمێنێت، هەستی پشتبەستن بە دەوروبەر وەک دایک و باوک و کەسە نزیکەکان بۆ دروست دەبێت و تا تەمەنێکی گەورە لەگەڵی دەمێنێتەوە، لەوانەشە تا کۆتایی تەمەن لەگەڵی بەردەوام بێت.
چارەسەر:-
دروستبوونی بیرۆکەی جیهانی خەیاڵی نموونەیی لای گەنجان حاڵەتێکی ئاسایی و تەندروست و باشە، بەڵام زیادەڕەویی و نقوم بوون تیایدا کێشە دروست دەکات و لە ژیانی واقیعی دووری دەخاتەوە، لە جیهانی واقعیدا چاوەڕێی کار و بەرهەم و دەستکەوت و سەرکەوتن لە گەنج دەکرێت، بەڵام ئەو خەریکی نقوم بوون و مەلەکردنە لە جیهانی خەیاڵیدا و کەمترین وزە و توانا بۆ جیهانە واقیعيیەکەی بە خەرج دەدات، بەوەش نەک هەر سوودی بۆ دەوروبەر نابێت، بەڵکو دەبێتە بار بەسەر کەسوکار و دەوروبەر و کۆمەڵگەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخ و حاڵەتە ئەم پێشنیازانە دەخەینە بەردەست بەئومێدی کەم کردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی زۆر خەیاڵ کردن و ئالوودەبوون پێیەوە ....
١- نەوجەوان:-
وەکو پێشتر باسمان کرد نەوجەوان لە تەمەنی (١٢) ساڵی بە دواوە وردە وردە لە ژیانی کۆمەڵایەتی پاشەکشە دەکات و لەگەڵ جیهانە خەیاڵیيەکەی خۆی تێکەڵ دەبێت، تا ئێرە باشە، بەڵام ئەوەی کە خراپە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیيەکانی بەتەواوی بپچڕێنێت و چالاکی کرداری نەمێنێت، لەو حاڵەتەدا جیهانی خەیاڵی و واقیعی زۆر بەخێرایی لەیەکتر دوور دەکەونەوە، چارەسەر بریتيیە لەوەی گەنج لەو بارودۆخەدا نەهێڵرێت پەیوەندی لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێی و دەوروبەر بەتەواوی بپچڕێنێت، کێشە نیە کەم ببێتەوە، بەڵام نەگاتە ئاستی ئەوەی نەیمێنێت، ڕۆڵی خێزان لێرەدا دەردەکەوێت کە قەرەبووی پەیوەندییە پچڕاوەکانی بە پەیوەندی تر بۆ بکاتەوە، لەوانە دەتوانرێت سەرقاڵ بکرێت بە هەندێک هیوایات و کار و پیشە و وەرزش و بۆنە و ئاهەنگی خێزانی ڕێکبخرێت و بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی بدرێتە دەست گەنجەکان، لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان هەست بە بوون و ڕۆڵی خۆیان دەکەن، لە لایەکی ترەوە پەیوەندییەکانیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، دەرفەتی ئەوەشی بۆ دەڕەخسێت بیروڕاکانی لەگەڵ کەسانی بە ئەزموون تاووتوێ بکات.
٢- دایک و باوک:-
دایک و باوک گرنگە خولی تەندروستی دەروونی پەروەردەی نەوجەوان و شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا وەربگرن، پاشان بواری بزنس و هیوایات و دۆزینەوەی بەهرەکان بۆ نەوجەوانان فەراهەم بێنن، بەمەبەستی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لە ژیانی واقعیدا.
٣- مامۆستا و پەروەردەکاران:-
ئەو کارامەییەی زۆر پێویستە بۆ مامۆستایان و پەروەردەکاران بریتيیە لە هونەری دروستکردنی پەیوەندی سەرکەوتوو لەگەڵ نەوجەوان، ئەویش بە پێدان و بەخشینی خۆشەویستی بێ مەرج، کاتێک ئەو پەیوەندییە سۆزدارانەیە دروست بوو، پردی پەیوەندییەکان ئەوەندە بەهێز دەبێت دەتوانرێت بیرۆکە و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بە ئاسانی بۆ بگوێزرێتەوە.
٤- ڕێکخراو و دامەزراوە کۆمەڵایەتیيەکان:-
ئەو کارامەییەی پێویستە ڕێکخراو و دامەزراوە کۆمەڵایەتیيەکان هەیانبێت بریتیيە لە هونەری بەگرنگی زانینی ئەم قۆناغە و بەگەرخستن و دۆزینەوەی بەهرە و تواناکان، هەروەها زیادکردنی کارامەیی و شارەزایی جۆراو جۆرە بۆ نەوجەوانان و ڕەخساندنی هەلی خۆ سەلماندن و ڕۆڵ بینینی چالاکانەیە.
٥- کۆمپانیا و دامەزراوە قازانج ویستەکان:-
خاوەن کارەکان لە قازانجیانە سوود لە وزەی ئەم تەمەنە وەربگرن لە چەند ڕوویەکەوە، یەکەم وزە و توانای زۆریان هەیە، دووەم کرێی کەمیان دەوێت، سێیەم وابەستەییان کەمە و مۆڵەتیان پێویست نیە، چوارەم هەموو جۆرە کارێک دەکەن، بێجگە لەوەی کە ئەگەر ئەو کارەیان کرد بەرپرسیارێتیيەکی کۆمەڵایەتی گەورەیان لەئەستۆگرتووە، کۆمەڵگەیان لە کاری ناپەسەند پاراستووە و گەنجانیان بەکاری بونیادنەرەوە سەرقاڵ کردووە.
٦- کۆمەڵگه و حکومەت:-
کۆمەڵگه و حکومەت کاری زۆریان پێ دەکرێت و بەرپرسیارێتی گەورە لە ئەستۆی ئەوانە، لەبەر ئەوە دەتوانن ئەم کارانە ئەنجام بدەن، کە بە قازانج و سوودی هەمووان کۆتایی دێت، کارەکان بریتین لە:-
- کردنەوەی یانەی وەرزشی و دۆزینەوەی بەهرە و توانا جەستەییەکان.
- کردنەوەی سەنتەری دەستڕەنگینی و زانستی و پیشەیی.
- ئەنجامدانی پێشبڕکێی جۆراوجۆر بەمەبەستی سەلماندنی خۆیان.
- ڕەخساندنی هەلی کار و بزنس کە گونجاو بێت لەگەڵ خوێندن و تەمەن شارەزاییاندا.
- بەرنامەی جۆرارجۆری میدیا و سۆشیالمیدیا بۆ دابینکردنی حەز و ئارەزووەکانیان.
- دروستکردنی بۆنە و ئاهەنگ بۆ کۆکردنەوەی گەنجان و ناساندنی توانا و بەهرەکانیان.
- هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان لەڕێی خول و سیمیناری جۆراوجۆر سەبارەت بەو تەمەنە و پێداویستيیە دەروونی و بایۆلۆژيیەکانیانەوە.
قسەی کۆتایی:-
جیهانی واقیعی ئەوەیە کە تیایدا دەژین، بەڵام جیهانی خەیاڵی ئەوەیە بە خێرایی لە مێشکی نەوجەواندا دروست دەبێت، کاتێک ئەو دووانە نێوانیان زۆربوو کێشە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر نێوانیان زۆر نەبوو، ئەوا دەبێتە پاڵنەرێکی گەورە بۆ سەرکەوتن و گەورەبوونی گەنجان و خۆسەلماندنیان لە بواری کرداریدا، ئەو کار و سەرکەوتنەش بەشە گەورەکەی بە دایکان و باوکان و مامۆستایان دەکرێت، تا چەند شارەزا و کارامە بن ئەوەندە بەرهەمەکەیان جوان و ڕازاوە و گەشەسەندوو دەبێت.
سەرچاوەکان
١- دانا فازيل محهمهد: ڕۆڵی پێگەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە پێکهێنانی هۆشیاریی سیاسیدا، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سەڵاحەددین/ هەولێر، ٢٠٢٠.
٢- محمد أحمد بيومي: علم إجتماع القيم، دار المعرفة الجامعية، القاهرة، ٢٠٠٢.
٣- ماجد الزيود: الشباب والقيم في عالم متغير، دار الشروق للنشر والتوزيع، عمان، ٢٠٠٦.
٤- جيل الأنترنيت، دون تابسكوت، ترجمة: حسام بيومي، كلمات عربية للترجمة والنشر، القاهرة، ٢٠١٢.
٥- تقدير الذات والثقة بالنفس، حقيبة تدريبية، مركز (تنمية) لإخراج الحقائب التدريبية، الجزائر، ٢٠٢٠.
6- Family and School Understood as Agents of Socialization, Lonut Anastasiu, Bucharest University of Economic Studies, Bucharest, 2011.
7- The Impact of Social Media on Social Movements, Amandha Rohr Lopes, Creighton University, USA, NE, Omaha, 2014.
[1] - لەم نوسینەدا کاتێک وشەی گەنج بەکاردههێنین مەبەستمان تەمەنی (١٢-٣٩) ساڵە و، دەکرێت بە (٣) قۆناغەوە:-
یەکەم/ لە تەمەنی (١٢-١٨) پێی دەوترێت تەمەنی نەوجەوانی.
دووەم/ لە تەمەنی (١٩-٢٩) قۆناغی ناوەندیی گەنجانە.
سییەم/ لە تەمەنی (٣٠-٣٩) قۆناغی پێگەیشتن و کامڵبوونی گەنجانە.