ئيكرام كه‌ريم
گه‌نجێتی له ڕوانگه‌ی ئاينه‌وه بریتيیه له قۆناغی"هێز"، كه ئه‌كه‌وێته نێوان دوو قۆناغی لاوازيیه‌وه: لاوازی منداڵی و لاوازی پیری، هه‌ربۆیه ئیسلام ئه‌ركێكی زۆر ئه‌خاته سه‌رشانی گه‌نجان، چونكه كه‌ره‌سته و ئامرازی زۆریشی پێداون بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه، وه‌ك: هێزی جه‌سته، هێزی بیركردنه‌وه، هێزی داهێنان، ماندوونه‌بوون له ئیش، له خوێندنه‌وه، له نووسین... تاد. دیاره ئه‌ركیش به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ئامڕاز و كه‌ره‌ستانه‌یه كه پێتده‌درێت. تۆ كه ئه‌بینی پرۆژه‌یه‌ك بڕی ده‌فته‌رێك دۆلاری بۆ دائه‌نرێت تا ئه‌نجام بدرێت و پرۆژه‌یه‌كیش سه‌د ده‌فته‌ری بۆ داده‌نرێت بۆ جێبه‌جێ كردن، ژیریت پێتده‌ڵێت كه حه‌تمه‌ن پرۆژه‌ی دووه‌م پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژيی و گه‌وره‌تره به به‌راورد به پرۆژه‌ی یه‌كه‌م. خوای گه‌وره‌ش ئه‌و توانا و وزه‌ی به‌گه‌نجی داوه زۆر زیاتره له‌وه‌ی به مناڵ یان به‌پیرێكی داوه، بۆیه لۆژیك ئه‌وه ده‌رك ئه‌كات كه دیاره ئه‌رك و كاری گه‌نجه‌كه گه‌وره‌تر و قورستره له ئه‌رك و كاری مناڵه‌كه یان پیره‌كه.
به‌كورتی گه‌نج له ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه ئه‌م ئه‌ركانه‌ی له‌سه‌ره:
* قوڵكردنه‌وه‌ی ئینتیمای ئايينى و ڕێكخستنی ئه‌و غه‌ریزه‌یه.
* خۆشاره‌زاكردن له ئايين و دروستكردنی ئینتیما بۆ خه‌ڵكی.
* كاراكردنی پرۆسه‌ی زه‌واج.
* پێشكه‌وتن له كایه‌كانی خوێندندا.
* ئینتیما بۆ میلله‌ت و نیشتمان و به‌رگریكردن لێیان.
ئه‌م پێنج ئه‌ركه ئه‌توانین به پێنج وشه ده‌رببرین:
ئینـتـیـمــــا و شــــاره‌زایــی خـوێندن و زه‌واجكردن
پێشخسـتنی میللــــــه‌ت و نیشتیمان خزمه‌تكردن
پێنج ئه‌ركی سه‌ره‌كییه و به‌كه‌ڵكن بۆ پــاش مردن
ئه‌ركی یه‌كه‌م: قوڵكردنه‌وه‌ی ئینتیمای ئايينى.
گه‌نج و مرۆڤه‌كان به‌گشتی ئه‌گه‌ر شیته‌ڵیان بكه‌ین بریتین له سێ ده‌زگای سه‌ره‌كی:
1- ده‌زگای غه‌ریزه‌كان.
2- ده‌زگای عه‌قڵ.
3- ده‌زگای هه‌سته‌كان ( یان شوێنه‌واره‌كانی هه‌سته‌كان"ڕه‌وشت").
* غه‌ریزه‌كان وه‌ك : غه‌ریزه‌ی جنسی، غه‌ریزه‌ی خواردن و خواردنه‌وه، غه‌ریزه‌ی به‌رگری له خود، غه‌ریزه‌ی دینداری (ته‌ده‌ییون)، غه‌ریزه‌ی موڵك پێكه‌وه‌نان(تملك)، خۆشه‌ویستی، ڕق ...تاد.
* عه‌قڵ یان هێزی بیركردنه‌وه و شرۆڤه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردكاريی و بڕیاردان.
* هه‌سته‌كانیش یان شوێنه‌واری هه‌سته‌كان كه بریتین له ڕه‌وشت، وه‌ك: ڕاستگۆیی، بێغه‌لوغه‌شی، ده‌ستپاكی، ئازایه‌تی...
له‌به‌رئه‌وه‌ی (ته‌ده‌ییون) به‌پێی بۆچوونی زۆرێك له زانایان- غه‌ریزه‌یه و ناخی مرۆڤ داوای موماره‌سه‌كردنی ئه‌كات، هه‌ربۆیه پێویسته ڕێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه تا لانه‌دات و نه‌بێته به‌ڵا به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه. زانایان ئه‌ڵین: غه‌ریزه‌كانی مرۆڤ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی دروستیان بۆ دانه‌نرێت تا موماره‌سه بكرێن به‌و ڕێگایانه، ئه‌وه خاوه‌نی ئه‌و غه‌ریزانه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه به ڕێگه نادروسته‌كان موماره‌سه‌ی بكه‌ن. بۆ نمونه غه‌ریزه‌ی (جنس)، ئه‌گه‌ر گه‌نج خۆی یان سه‌رپه‌رشتیارانی گه‌نج: (دایك و باوك) یان(مامۆستا و هاوڕێ) یان (حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات) له خه‌می ئه‌وه‌دا نه‌بن كه گه‌نجان به ڕێگه‌ی دروست موماره‌سه‌ی (جنسی) بكه‌ن، ئه‌وه گه‌نج -له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێ تاسه‌ر له به‌رده‌م فشاری (جنسی)دا خۆی ڕابگرێ په‌نا بۆ ڕێگه‌ی نادروست و ناشه‌رعی ئه‌بات وه‌ك: ئیستیمنا= خۆڕه‌حه‌تكردن، موماره‌سه‌كردنی جینس له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و زیناكردن ... تاد.
نمونه‌یه‌كی تر، غه‌ریزه‌ی موڵكداری ئه‌گه‌ر سه‌رپه‌رشتیارانی گه‌نج له خه‌می ئه‌وه‌دا نه‌بن به‌ڕێگه‌ی دروست گه‌نجان فێری په‌یداكردنی ماڵ و سامان بكه‌ن، ئه‌وه ناچاریان ئه‌كه‌ن بۆ تێركردنی ئه‌و غه‌ریزه‌یان په‌نا بۆ ڕێگه نامه‌شروعه‌كان به‌رن، وه‌ك (ئیختلاس)، (گه‌نده‌ڵی)، (دزی و چه‌ته‌ی)، (فرت و فێڵ)، (قومار و كڵاوبازی) ... تاد، چونكه تاسه‌ر ناتوانێ ئه‌و غه‌ریزه‌یه كپ بكات و به گیرفانی خاڵى بسوڕێته‌وه و داهاتووشی وه‌ك مۆته‌كه به‌سه‌ر سنگیيه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێبكات.
نمونه‌یه‌كی تر، غه‌ریزه‌ی ئايينداريى و تێركردنی ڕۆح، سه‌رپه‌رشتیاران و خاوه‌نانی گه‌نج ئه‌گه‌ر هه‌ر زوو خه‌می گه‌نجان نه‌خۆن و ده‌ستیان نه‌گرن بۆ پیاده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كی دروست بۆ پێڕه‌ویكردن له ئايينى ڕاسته‌قینه ئه‌وه گه‌نجان ناچاری ئه‌وه ده‌كه‌ن بۆ تێركردنی ڕۆحیان په‌نا به‌رنه‌به‌ر ده‌یان ڕێگه‌ی لار‌و خوار، وه‌ك: قاوه‌گرتنه‌وه، فاڵچێتی، مه‌شقی ڕۆحی، بتپه‌رستی، به‌خت گرتنه‌وه و ده‌ست خوێندنه‌وه و ڕۆیشتن به‌دوای سه‌رابی بورجه‌كان و خه‌ونه‌كاندا!! بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه خۆیان سه‌رقاڵ ئه‌كه‌ن به ئاماده‌كردنی گیانه‌كان و جادووگه‌ريی و خوێندنه‌وه‌ی داهاتوو .....تاد.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێگا كرایه‌وه بۆ گه‌نجان تا موماره‌سه‌ی دروستی غه‌ریزه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌وه له‌لایه‌ك ئاسوده ئه‌بن و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌بنه سه‌رچاوه‌ی خێر و خۆشی بۆ خۆیان و خانه‌واده و كۆمه‌ڵگه‌كانیان.
تێبینیه‌كی تریش هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، وه‌ك چۆن لادان له موماره‌سه‌كردنی غه‌ریزه‌دا به ڕێگا دروسته‌كان به‌ڵا دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها موباله‌غه و ڕۆچوونیش له به‌كارهێنانی ئه‌و غه‌ریزانه‌دا هه‌ر به‌ڵا دروست ده‌كات: جنس په‌رستی، یان پاره‌په‌رستی، ته‌نانه‌ت دین په‌رستی... تاد، كاری ناشیاو و ناته‌ندروستن، پێویسته مرۆڤیان لێ ڕزگار بكرێت و بخرێنه‌وه سه‌ر ڕێگه ڕاست و دروسته‌كه.
سه‌رنجێكی تریش هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئايين و مه‌به‌ستیشمان ئايينى ئیسلامه باشترین ڕێنوێنی پێیه بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی لادانه‌كان، ئه‌و لادانانه له غه‌ریزه جۆراوجۆره‌كاندا بێت، یان له لادانی ڕه‌وشتدا بێت، یاخود له لادانه فیكريی و عه‌قڵیه‌كاندا بێت[1].
له‌به‌ر ئه‌مانه یه‌كه‌م ئه‌ركی گه‌نج ئه‌وه‌یه ده‌رگا بۆ ئايين بكاته‌وه و فه‌رمووی لێبكات تا بێته ناو ژیانی و چرای بۆ هه‌ڵبكات و پێڕه‌وی له ڕێڕوونيیه‌كانی بكات، متمانه‌ی وابێت كه تا له‌ژێر ڕۆشنایی ئاييندا بێت ده‌ستله‌ملانی خێر و خۆشیيه و دووره له زیان و له لادان، هاوڕێیه له‌گه‌ڵ دڵئارامی و ڕه‌وشتبه‌رزیدا. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ركاتێك له‌و چرایه دووركه‌وته‌وه ئه‌گه‌ری تیاچوونی ڕۆحی و ده‌روونی و عه‌قڵی و ته‌نانه‌ت جه‌سته‌یشی هه‌یه.
ئه‌م ئه‌ركه به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌نجام ئه‌درێت كه ئه‌ڵێت : {ماذا یعنی انتمائي للاسلام}، واته ئینتیمای من بۆ ئیسلام مانای چییه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه: مادام من ئینتیمام كردووه بۆ ئیسلام ئه‌بێ:
1- عه‌قیده‌یه‌كی مسوڵمانانه و دروستم هه‌بێت.
2- له عیباده‌تدا چالاك بم.
3- له هه‌ڵسوكه‌وتدا به‌ڕه‌وشت بم.
4- به‌سه‌ر ده‌روونی خۆمدا زاڵببم.
5- بۆ ئیسلام بژیم و كاری بۆ بكه‌م.
بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی لوبنانی (فتحی یكن) كتێبێكی هه‌یه به‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه و زۆر به‌وردی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و چه‌ند پرسیاری تری په‌یوه‌ند به ئینتیمای ئايينى وه‌ڵامداوه‌ته‌وه.
ئه‌ركی دووه‌م: خۆشاره‌زاكردن له ئايين.
هه‌رئه‌وه‌نده به‌س نیه كه موماره‌سه‌ی ئاييندارى خۆت بكه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دروست و دوور له كه‌مته‌رخه‌می و ڕۆچوون، چونكه ئه‌وه پله‌ی یه‌كه‌می داوا و ئه‌ركه ئیسلاميیه‌كانی سه‌رشانته، ئه‌ركی دوای ئه‌وه ئه‌وه‌یه كه خۆت شاره‌زا بكه‌یت له ئايين، له قورئاندا، له حه‌دیسدا، له فقهدا، له عه‌قیده‌دا، له مێژووی ئیسلامی‌دا، له فقهی بانگه‌وازدا، چونكه خێری تۆ له‌وه‌دایه كه ده‌ستبه‌خێر بیت بۆ خه‌ڵكی، خه‌میان بخۆی، چاكه‌یان بۆ جوان و شیرین بكه‌ی، خراپه‌یان بۆ قێزه‌ون و ناشیرین بكه‌ی، ئه‌وه‌تا خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ: ﮋ ﭞ ﭟ ﭠ ﭡ ﭢ ﭣ ﭤ ﭥ ﭦ ﭧ ﭨ ﭩﭪ ...ﭷ ﮊ [ ێ‌ل عمران ] واته: ئێوه به خێرترین ئومه‌تێكن كه په‌روه‌رده‌كراون بۆ خێری خه‌ڵكی له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌مووتان فه‌رمان به چاكه ئه‌كه‌ن و به‌رگری ئه‌كه‌ن له خراپه و بڕوا به‌خوا و ئه‌و شتانه ئه‌كه‌ن كه خوا ده‌فه‌رموێت.
خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێت: ﮋ ﮖ ﮗ ﮘ ﮙ ﮚ ﮛ ﮜ ﮝ ﮞ ﮟ ﮠﮡ ... ﮥ ﮊ[ ێ‌ل عمران ] با له ئێوه ئومه‌تێك پێك بهێنرێت، هه‌موو خه‌ڵكی بانگ بكه‌ن بۆ چاكه و خێر و فه‌رمان بكه‌ن به چاكه و به‌رگری له خراپه بكه‌ن.
یه‌كه‌م هه‌نگاو له‌م ڕێڕه‌وه‌دا بریتيیه له خۆشاره‌زاكردن له قورئان، پاشان له فه‌رموده‌كان و پاشان له عه‌قیده و پاش ئه‌وه‌ش له فیقهـ..
زانایان ده‌فه‌رموون: مرۆڤ به پێنج ڕێگه ده‌توانێت خۆی شاره‌زا بكات له ئايين:
یه‌كه‌میان: ببێته قوتابی لای مامۆستایه‌ك و چۆك دابدات له خزمه‌تیدا و گرێی هه‌موو كه‌شكۆڵه‌كانی له‌لای ئه‌و بكاته‌وه و وازی لێنه‌هێنێت و په‌یمانی پێ بدا هه‌تا شاره‌زا نه‌بێت دانه‌بڕێت له‌و ده‌رسانه.
دووه‌میان: سه‌ربكاته خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و كام ڕێگه‌یه دروست و كاریگه‌ره له خوێندنه‌وه‌دا بیگرێته‌به‌ر و پێڕه‌وی لێ بكات، زانایان هه‌ریه‌كه‌یان ئیجتیهادێكی تایبه‌تیان هه‌یه له‌م مه‌یدانه‌دا[2].
سێیه‌میان: له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا پێكه‌وه(موزاكه‌ره) بكه‌ن: هه‌ریه‌كه‌یان ده‌رس به ئه‌وانی تریان بڵێته‌وه له‌و زانسته‌ی هێزی به‌سه‌ریدا ئه‌شكێت و گوێ بۆ ئه‌وانی تریش بگرێت له‌و زانستانه‌ی كه یه‌كێك له ئه‌وان هێزی به‌سه‌ریدا ئه‌شكێت.
چواره‌میان: گوێگرتن بۆ (سیدی) و (شریت) و (موحازه‌راتی) زانایان له‌ڕووی به‌رنامه‌یه‌كه‌وه كه هاوكاری بێت بۆ زیاتر تێگه‌یشتن لێی.
پێنجه‌میان: پرۆڤه‌كردن له‌و شتانه‌دا كه ئه‌یانزانێت و وتنه‌وه‌ی به خه‌ڵكی و دروستكردنی ئینتیمای ئايينى بۆیان، یان نووسینه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكانه، یان وه‌رگێڕانیان بۆ زمانی كوردی.
ئه‌م چوار ڕێگایه‌ی كۆتایی هه‌ندێك ترسناكیان تێدا هه‌یه و له هه‌مویاندا ئه‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ت هه‌بێت بۆ مامۆستایه‌كی شاره‌زا كه دوو توخمی سه‌ره‌كی له‌و مامۆستایه‌دا هه‌بێت:
1- ئاييندارى.
2- هۆشیاری.
مه‌به‌ست له یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه كه‌سێكی به‌ته‌قوا و ساڵح بێت و ئايينى خۆشبوێت و بۆ ئايين تێبكۆشێت، مه‌به‌ست له دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه شاره‌زابێت له خه‌ڵك و له كۆمه‌ڵگه و ئاگاداری واقیع بێت و دانه‌بڕابێت لێی، له توخمی یه‌كه‌میان به‌دوور ئه‌بی له لادان له بناغه‌ی ئايينه‌كه‌ى، له توخمی دووه‌میان به‌دوور ئه‌بی له هه‌ڵه موماره‌سه‌كردنی ئايينه‌كه له‌گه‌ڵ واقیعدا.
زانایان هه‌ریه‌كه‌یان له‌ڕووی ئه‌زموونی خۆیه‌وه پێشنیازی به‌رنامه‌یه‌كیان كردووه كه گه‌نج پێڕه‌وی لێ بكات بۆئه‌وه‌ی زانیاریه‌كی زۆر به كاتێكی كه‌م وه‌ربگرێت، ئێمه‌ش له گوڵزاری ئه‌وانه‌وه پێشنیازی ئه‌م به‌رنامه‌یه ده‌كه‌ین.
بۆ شاره‌زا بوون له قورئان ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ڵبگرێ:
أ- هه‌موو ڕۆژێك بڕێك له قورئان بخوێنێته‌وه تا ڕۆحی تێر بكات له‌لایه‌ك و، له‌لایه‌كیش ده‌رگای زانیاری تازه بكاته‌وه له خۆی، چونكه قورئان وه‌ك چۆن كتێبێكی موباره‌كه و ڕۆح تێر ده‌كات، هه‌رواش سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕۆشنبیريی و مه‌عریفییه و عه‌قڵ به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌كات.
ب- هه‌موو ڕۆژێك له یه‌كێك له ته‌فسیره كوردیيه‌كاندا ته‌فسیری ئه‌و ئایه‌تانه بخوێنێته‌وه و خاڵه گرنگه‌كانی له ده‌فته‌رێكدا بنوسێته‌وه و بیانپارێزێت.
ج- هه‌فته‌ی جارێك یه‌كێك له كتێبه‌كانی حه‌دیس بخوێنێته‌وه، وه‌ك (صه‌حیحی بوخاری)، (صه‌حیحی مسلم)، (ریاض الصالحین) به كوردی له نووسینی مامۆستا نووری فارس.
ْ – خوێندنی (فیقهی ئاسان) لای مامۆستایه‌ك، یان خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی (فقه السنة به كوردی)، یان (پوخته‌ی شه‌ریعه‌ت)ه‌كه‌ی مه‌لا محه‌مه‌دی بامۆكی، تا زانیاری له‌سه‌ر "فقه" زیاد بكات.
ه- له عه‌قیده‌شدا كتێبی (بیروباوه‌ڕی مسوڵمان له قورئان و سونه‌تدا ) له نووسینی تاریق هه‌مه‌وه‌ندی بخوێنێته‌وه بۆ نموونه، یان لای كه‌سی شاره‌زا بیخوێنێت.
پاش ئه‌مانه گه‌نج ئیتر قه‌یدی نیه هه‌رچی ئه‌خوێنێته‌وه، چونكه سه‌ره‌تا ئه‌بێ هه‌ندێ (پێوه‌ر) فێرببێت كه بیانكاته ترازوو بۆ كێشانی هه‌موو بیر و بیردۆزه‌یه‌ك، هه‌موو كار و كرده‌وه‌یه‌ك، تا بزانێ كێ به شوێن حه‌قه‌وه‌یه و كێش حه‌قی لێ ونبووه و سه‌رگه‌ردانه، عومه‌ر ئه‌فه‌رموێ: (اعرف الحق تعرف اهله)، سه‌ره‌تا هه‌ق بناسه! دوای ئه‌وه خود به خود ئه‌هلی حه‌قیش ده‌ناسی، گه‌نج كه ئه‌و پێوه‌رانه فێربوو، پێویسته به‌رده‌وام بخوێنێته‌وه و له خوێندنه‌وه دانه‌بڕێ، چونكه خوێندن و خوێندنه‌وه خۆراكی مێشك و دڵه.
ئه‌ركی سێیه‌م : كاراكردنی پرۆسه‌ی زه‌واج
به‌هێزترین و به‌فشارترین غه‌ریزه له ژیانی گه‌نجدا بریتییه له غه‌ریزه‌ی جنسی، هه‌رزوو ئه‌م غه‌ریزه‌یه ئه‌كه‌وێته هاندانی گه‌نج و وروژاندنی، بۆیه نه گه‌نجه‌كه خۆی و نه ئه‌وانه‌ش سه‌رپرشتیاری ئه‌ون و ته‌نانه‌ت نه ئاينيش ناتوانن ئه‌م فشار و بزواندنه پشتگوێ بخه‌ن یان داوای خه‌فه‌كردنی بكه‌ن. گه‌نج ناتوانێت خۆی خه‌فه بكات، چونكه هه‌موو خه‌فه‌كردنێكی خۆی خه‌مۆكیيه‌كی بۆ دروست ئه‌كات، سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی ناتوانن پشتگوێی بخه‌ن، چونكه هه‌موو پشتگوێخستنێك ئه‌و گه‌نجه تووشی تێكشكانێك یان یاخیبوونێك یان لادانێك ئه‌كات.
ئاينيش ئه‌م حاڵه‌ته‌ی پشتگوێ نه‌خستووه و حسابی وردی بۆ كردووه، چونكه ده‌زانێت كه ئه‌و غه‌ریزه‌یه ڕیشه‌داره و كه‌س ناتوانێت ئه‌و غه‌ریزه‌یه خه‌فه بكات، خوای گه‌وره‌ش ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌ی بۆ ئه‌وه نه‌داوه به مرۆڤ تا خه‌فه‌ی بكات، به‌ڵكو بۆیه پێیدراوه تا له ڕێگه‌ی دروسته‌وه به‌كاریبهێنێ و ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌و غه‌ریزه‌دا هه‌یه به‌ده‌ستیان بهێنێ، كه زانایان به‌كورتی ئه‌ڵێن سێ ئامانجه:
1. نه‌وه‌خستنه‌وه و به‌رده‌وامیدان به ژیان.
2. چێژبردن و گه‌شكردنه‌وه‌ی ژیان.
3. تێگه‌یشتن له به‌هه‌شت و ناز و نیعمه‌ته‌كانی.
ئیمامی غه‌زالی ده‌فه‌رموێت: به‌م غه‌ریزه‌یه مرۆڤ حاڵی ده‌بێت كه به‌هه‌شت چییه؟ حۆری یانی چی؟ ناز و نیعمه‌ته‌كانی به‌هه‌شت چه‌نده چێژ به مرۆڤ ده‌به‌خه‌شن؟
له‌به‌ر ئه‌مانه ئايين هانی گه‌نجان ئه‌دات كه به‌ره‌وڕووی پرۆسه‌ی زه‌واج بڕۆن و ئه‌و پرۆسه‌یه كارا بكه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه توانای ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یان هه‌یه. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ﮋ ﮊ ﮋ ﮌ ﮍ ﮎ ﮏ... ﮢ ﮊ [النسا‌و]، ﮋ ﮂ ﮃ ﮄ ﮅ ﮆ ﮇ ﮈ ﮉ ﮊ ﮋ ﮌ ﮍ ﮎ ﮏ ﮐ ﮑﮒ ﮓ ﮔ ﮕﮖ ... ﯤ ﮊ [ النسا‌و ]
پێغه‌مبه‌ریش (د.خ) ئه‌فه‌رموێت : {یا معشرالشباب من استطاع منكم البا‌ءة فلیتزوج، فمن لم یستطع فعلیه بالصوم فأنه له وجا‌ء}. ئه‌ی به‌ره‌ی گه‌نجان ! هه‌ركه‌سێكتان ئه‌توانێ و له‌باریدا هه‌یه ژن بهینێ با بیهێنێ، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی با ڕۆژوو بگرێت، ڕۆژوو گرتن ئاره‌زووه‌كان ڕاده‌گرێت. عه‌بدوڵڵاى كوڕی مه‌سعود ده‌ڵێت: ئێمه پۆلێك گه‌نج بووین كه حه‌زره‌تی عوسمان پێمان ئه‌گه‌یشت ئه‌یفه‌رموو، كوڕه گه‌نجه‌كان ژن بهێنن.
پێغه‌مبه‌ر(د.خ) زۆر هانی گه‌نجانی ئه‌دا كه تا ده‌توانن زووتر ژن بهێنن، چونكه ده‌یزانی ئه‌وه باشترین گه‌ره‌نتییه بۆ دامه‌زراندنیان و بۆ زیادبوونی ژماره‌ی موسڵمانانیش، ئه‌یفه‌رموو: {تزوجوا الولود الودود، فأنی مكاثر بكم الانبیا‌ء یوم القیامة}، هه‌ر خۆی ژنی بۆ چه‌ندین گه‌نجی ناو صه‌حابه هێناوه، بڕیاریشی وابوو كه ماڵی زه‌كات سه‌رف بكرێت بۆ گه‌نجان تا ژنی پێ بهێنن.
یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سه‌روه‌رییه‌كانی یاسای زه‌كات: كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ژنهێنانه به ماڵی زه‌كات، ئیبن كه‌سیر له (البدایة والنهایة)دا، ده‌رباره‌ی عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز ئه‌ڵێت: { "....وكان منادیه فی كل یوم ینادی: أین الغارمون؟ أین الناكحون؟ أین المساكین ؟ أین الیتامی؟ ....حتی أغنی كلا من هۆلا‌ء"}[3]، به‌ڵگه‌ی ئه‌م كاره‌ی عومه‌ریش حه‌دیسێكی پێغه‌مبه‌ره (د.خ) كه ئه‌بوهوره‌یره ئه‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "كابرایه‌كی ئه‌نصاری هاته لای پێغه‌مبه‌ر و وتی: قوربان! ژنم هێناوه، پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووی: له سه‌ر چه‌ند ماره‌ت بڕیوه؟ وتی: له‌سه‌ر چوار "ئه‌واق"، پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووی: "چوار ئه‌واق"؟! ئه‌ڵێی له‌و شاخه زێڕ ده‌رده‌هێنی! پاشان فه‌رمووی:{ما عندنا ما نعطیك ولكن عسی ان نبعثك فی بعث تصیب فیه}[4].
ئه‌م فه‌رمووده‌یه واده‌رده‌خات كه یارمه‌تیدانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، بۆ زه‌واجكردن لای"صه‌حابه" زانراو بووه، بۆیه ئه‌م سه‌حابه‌یه دێته لای پێغه‌مبه‌ر و ئه‌و داوایه ئه‌كات، پێغه‌مبه‌ریش ئه‌فه‌رمووێت: {ما عندنا مانعطیك}، نافه‌رمووێت: ئه‌م ماڵه مافی ئێوه‌مانانی تێدا نیه، وه‌ك به دوو كابراكه‌ی تری فه‌رموو: "ئه‌م ماڵه مافی ده‌وڵه‌مه‌ند و كه‌سی به‌هێزی تێدا نیه"، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بۆ ئه‌م كابرایه چاره‌سه‌رێكی تری دانا فه‌رمووی: به‌ڵكو بتنێرن بۆ غه‌زایه‌ك و له‌و غه‌زایه‌دا تووشی خێرێك ببیت.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وت و سونه‌ته‌ی پێغه‌مبه‌ره كه خه‌لیفه‌كانی ڕاشیدین له ماڵی زه‌كات ژنیان بۆ هه‌موو گه‌نجانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی هێنا و ئه‌و قه‌یره كچانه‌ش كه شوكردنیان دواكه‌وتبوو بڕێكی باش پاره‌یان دانێ تا خه‌ڵكانێك هه‌بن به‌و بیانووه بیانخوازن و پاشان ئولفه‌ت و خۆشه‌ویستی بكه‌وێته نێوانیان و خێزان دروست بكه‌ن.
یه‌كێك له سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتووه‌كانی عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز"ڕه‌زای خوای لێ بێت" وه‌ك دكتۆر یوسف ئه‌لقه‌رزاوی له كتێبی (تاریخنا المفتری علیه)دا باسی ئه‌كات -له بواری ئابووریدا ئه‌وه‌یه، كه (ئه‌بوعبید) له كتێبی(الاموال)دا باسی ده‌كات و ده‌ڵێت: عومه‌ر نامه‌یه‌كی بۆ عه‌بدولحه‌میدی كوڕی عه‌بدولڕه‌حمان نووسی، كه والی سه‌ر عێراق بوو، هه‌رچی به‌رماڵه‌ی خه‌ڵكی هه‌یه هه‌مووی دابه‌ش بكه به‌سه‌ریاندا و بیانده‌رێ، عه‌بدولحه‌مید نامه‌یه‌كی بۆ نووسی و تێيدا گووتی: قوربان! هه‌موو ده‌رماڵه‌كانم پێداون و (بیت المال)یش هه‌ر تێیدا ماوه‌ته‌وه، عومه‌ر بۆی نووسی: سه‌یر بكه و بزانه كێ تووشی قه‌رزاری بووه نه‌ك له‌به‌ر بێعه‌قڵی و ده‌ستبڵاوی قه‌رزی هه‌موویان بده‌ره‌وه، پاش ئه‌وه والییه‌كه بۆی نووسیيه‌وه و گووتی: قوربان! قه‌رزی هه‌موو قه‌رزاره‌كانیشم داوه‌ته‌وه و (بیت المال)یش هه‌ر شتی تێدا ماوه، عومه‌ر بۆی نووسی: بگه‌ڕێن بزانن كێ كاتی ژنهێنانی هاتووه و ئه‌یه‌وێت ژن بهێنێ، ژنیان بۆ بهێنه و ماره‌ییه‌كانیان بۆ بده‌ن، عه‌بدولحه‌مید بۆی نووسیوه: قوربان! ژنم بۆ هه‌موو گه‌نجه‌كانیش هێنا و (به‌یتولمال)یش هه‌ر زیاده‌ی تێدا ماوه، عومه‌ر بۆی نووسی: بڕوانه و بزانه كێ (جزیه)ی له‌سه‌ره و به‌رهه‌می زه‌وییه‌كه‌ی كه‌می كردووه (واته زه‌وییه‌كه‌ی بێهێز و كه‌م پیت بووه ـ وه‌رگێڕ) ئه‌وه‌نده سلفه‌ی بده‌رێ كه بتوانن زه‌وییه‌كانیان به‌هێز بكه‌نه‌وه، چونكه ئێمه تا یه‌ك دوو ساڵی تریش پێویستمان به‌و پارانه نابێت[5].
- پرۆسه‌ی زه‌واج له ژیانی گه‌نجاندا له چه‌ند ڕووه‌وه سوودی هه‌یه:
1- په‌رژین بۆ ئیمانی كوڕ و كچی هاوسه‌رگیر دروست ده‌كات و بازاڕی شه‌یتان ئه‌شكێت.
2 ئارامی به ڕۆح و جه‌سته‌ی هه‌ردووكیان ئه‌دات و چێژ له یه‌كتری ده‌به‌ن.
3- بازنه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕه‌وشتی ته‌سك ده‌بێته‌وه و بازنه‌ی پاكیزه‌یی فراوان ئه‌بێت.
4- نه‌وه‌ی زیاتر ده‌خرێته‌وه و ژماره‌ی مسوڵمان و میلله‌ته‌كان زیاد ئه‌كات.
5- كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه و په‌یوه‌ندیيه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پته‌وتر ئه‌بن.
6- تۆڕی خزمایه‌تی فراوان ده‌بێت و خێزان و عه‌شيره‌ت و میلله‌تان زیاتر پێكه‌وه گرێ ده‌خۆن و یه‌كتر ده‌ناسن.
7- گیانی به‌رپرسیارێتی له كوڕ و كچدا گه‌شه ئه‌كات و زیاتر ده‌بنه توخمێكی به‌رهه‌مهێن نه‌ك توخمێكی بخۆر و به‌كاربه‌ر.
8- زه‌مینه بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێوشوێنه‌كانی ئیسلام سازتر ده‌بێت و خێزانێكی زیاتر باوه‌ش بۆ ئايين و ڕێنماییه ئاينييه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
9- له هه‌مووی زیاتر هه‌ست له كوڕ و كچی هاوسه‌رگیردا دروست ده‌بێت كه خه‌م له پرۆسه‌ی زه‌واج بخۆن ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه دوورن له ئايين و ڕێنماییه ئاينييه‌كان، چونكه متمانه په‌یدا ئه‌كه‌ن به‌وه‌ی كه به زه‌واجكردنیان خراپه‌یان كه‌م ده‌بێته‌وه و شه‌ڕیان له كۆمه‌ڵگه دوور ده‌كه‌وێته‌وه با ئاينداريش نه‌بن، ته‌نانه‌ت با ناحه‌زیش بن به ئايين!
ئه‌ركی چواره‌م: پێشكه‌وتن له كایه‌كانی خوێندندا
گه‌نج داوا لێكراوه كه له خوێندن ماندوو نه‌بێت، به نه‌خوێنده‌واری قایل نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ پله به‌رزه‌كانی خوێندن خۆی ساز بدات و پاش ته‌واوكردنی زانكۆش هه‌وڵی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)ش بدات و خۆی بگه‌یه‌نێته سه‌نته‌ره‌كانی بڕیار له‌م وڵاته‌دا، چونكه پێویسته له سه‌نته‌ره‌كانی بڕیاردا خه‌ڵكی خوێنده‌وار و به‌ئاگا هه‌بن تا له‌لایه‌ك زامنی زانستیی بڕیاره‌كان بكه‌ن، له‌لایه‌كیش زامنی ئومێد و ئاواته‌كانی گونجان بكه‌ن.
گه‌نجان هه‌ندێك جار كه‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردی ئه‌نوێنن له خوێندندا له‌به‌ر هۆی زۆر ساده و بێبایه‌خ، بۆ نمونه ئه‌ڵێن: خوێندن له‌م وڵاته‌دا داهاتووی دیار نیه! ده‌وڵه‌مه‌ندێك سه‌دان خوێنده‌وار و خاوه‌ن بڕوانامه‌ت بۆ هه‌ڵده‌سوڕێنێ! ماڵه‌وه پێویستیان به هاوكاری هه‌نوكه‌یی من هه‌یه و منیش (یا عه‌مر) تا خوێندن ته‌واو ده‌كه‌م!
ئه‌م پاساوانه هیچیان شایه‌نی ئه‌وه نین گه‌نج ده‌ست به خوێندنه‌وه بنێ و شان بداته ژێر كار كردن، چه‌ند گه‌نج هه‌یه كه كار و كاسبیش ئه‌كات و خوێندنیش ئه‌كات و نایه‌ڵێت نه كڵاوی خۆی و نه‌كڵاوی خێزانه‌كه‌شی لار ببێت.
من (بنووسی ئه‌م نووسينه) بیرمه له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه، تاقێك ده‌مخوێند و تاقێكیش كارم ده‌كرد و ئه‌وه‌شی په‌یدام ده‌كرد ده‌مكرده ده‌ستی ماڵه‌وه، له‌م كاره‌شم به‌رده‌وام بووم تا چوومه زانكۆ، كاتێك له‌به‌ر نه‌چوونه سه‌ربازی و سوپای به‌رگری كه حيزبی به‌عس كردبوویه شتێكی ئیجباری- فه‌صڵ كرام له ساڵی 1986دا هاتمه‌وه بۆ شاره‌كه‌م و دوكانێكم دانا و به‌شوێن ده‌رفه‌تێكدا ئه‌گه‌ڕام كه خوێندنه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، ئه‌وه‌بوو قه‌ده‌ری خوا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌ڕه‌خسا تا ساڵی 2003 و كه‌وتنی ڕژێمی به‌عس، پاش ئه‌و ساڵه چومه‌وه و له به‌غدا كۆلێژی ئیمام ئه‌عزه‌مم ته‌واوكرد، پاشان به‌رنامه‌ی خوێندنی زیاتریشم دانا، هه‌رچه‌نده ئه‌وه گرێی پێنجه‌می ته‌مه‌نیشم كردووه‌ته‌وه و به‌ره‌و كردنه‌وه‌ی گرێی شه‌شه‌م ئه‌ڕۆم و هه‌ر له فرسه‌تێك ئه‌گه‌ڕێم كه خوێندن ته‌واو بكه‌م، چونكه بڕوام وایه كه خوێندن جگه‌له‌وه‌ی چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ڕێز و حورمه‌تی تایبه‌تی خۆشی هه‌یه و خوای گه‌وره‌ش ڕاست ئه‌فه‌رموێ له قورئاندا: ﮋ... ﯳ ﯴ ﯵ ﯶ ﯷ ﯸ ﯹ ﯺﯻ ﯼ ﯽ ﯾ ﯿ ﰀ ﮊ [الزمر] ، هه‌روه‌ها ئه‌فه‌رمویت: ﮋ... ﰈ ﰉ ﰊ ﰋ ﰌ ﰍ ﰎ ﰏ ﰐﰑ ...ﰖ ﮊ[المجادله] .
پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیش ده‌فه‌رموێت: {ان الله وملائكته و حتی الحوت فی البحر لیصلون علی معلم الناس الخیر}، خوا‌و فریشته‌كان و ته‌نانه‌ت ماسی ناو ده‌ریاكانیش نزای خێر بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكی فێری خێر ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌فه‌رموێت:{من جا‌ء مسجدی هذا لم یأته إلا لخیر یتعلمه أو یعلمه فهو بمنزله المجاهد فی سبیل الله، ومن جا‌ء لغیر ذلك فهو بمنزله الرجل ینظر إلی متاع غیره}[6]، هه‌ركه‌سێك بێته ئه‌م مزگه‌وته‌ی من و هیچ نه‌یهێنێت ئه‌وه نه‌بێت كه بۆ فێربوونی خێرێك بێت یان بۆ ئه‌وه بێت خه‌ڵكی فێری خێرێك بكات ئه‌وه وه‌ك كه‌سێكی موجاهید وایه له‌پێناوی خوادا، هه‌ركه‌سێكیش بۆ یه‌كێك له‌و شتانه نه‌یه‌ت ئه‌وه وه‌ك ئه‌و كه‌سه وایه كه هه‌ر بۆ شتومه‌كی خه‌ڵكی بڕوانێت، هه‌روه‌ها ئه‌فه‌رموێت: {ان الملائكة لتضع اجنحتها لطالب العلم رضی بما یصنع}، واته: خوا و فریشته‌كان و ماسی ده‌ریاكانیش صه‌ڵاوات ئه‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی فێری خێر ده‌كات، فریشته‌كان باڵیان ڕاده‌خه‌ن تا خوێندكار به‌سه‌ریدا بڕوات وه‌ك قه‌درزانیيه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ی ده‌یكه‌ن.
ده‌ی كه خوا و فریشته‌كان و ماسی ده‌ریاكانیش صه‌ڵاوات بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی فێری خێر ده‌كات و فریشته‌كان باڵیان ڕابخه‌ن تا خوێندكار به‌سه‌ریدا بڕوات وه‌ك قه‌درزانيیه‌ك بۆ ئه‌و كاره‌ی ئه‌یكه‌ن، وڵات و میلله‌ت چاوه‌ڕوانی خوێندن و زانستی نه‌وه‌كانی بن، كه‌واته بۆچی هه‌رچی ته‌مه‌نه سه‌رفی ئه‌و كاره نه‌كرێت، چیتر هه‌یه له خوێندن به‌نرختر بێت له لای خوا و له لای فریشته و له لای میلله‌ت و خه‌ڵك.
حه‌یفه گه‌نج كه له لوتكه‌ی هێزی عه‌قڵی و جه‌سته‌یدایه تاو نه‌داته خۆی و پله به‌رزه‌كانی خوێندن به‌ده‌ستنه‌هێنێت، حه‌یفه گه‌نج له‌به‌ر جڵه‌وشلكردن بۆ عاتیفه‌یه‌كی كاتی واز له خوێندن بهێنێت و له پاشاندا هه‌موو ژیانی به په‌شیمانی و سه‌ركزی به‌سه‌ربه‌رێت.
ئه‌ركی پێنجه‌م: ئینتیما بۆ میلله‌ت و نیشتمان
گه‌نجان هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ی نرخی لایان نامێنێت ئه‌وه‌یه كه باس له ئینتیما بۆ میلله‌ت یان نیشتمان بكه‌ن، بۆیه ساده‌یه لایان به هه‌رشێوه‌یه‌ك بووه سامانێك پێكه‌وه بنێن و به‌ره‌و هه‌نده‌ران هه‌ڵبێن.
هه‌ڵاتنی گه‌نجان بۆ هه‌نده‌ران به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گیانی ئینتیمای بۆ نیشتیمان ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه كه ئاماده‌ی قوربانیدان بن له ڕێگه‌یدا، ئه‌وه‌نده ئومێدیان به داهاتووی نیشتمان و میلله‌ت نیه كه به دیاریانه‌وه دابنیشن و خزمه‌تی بكه‌ن. ڕێی تێده‌چێت كه هه‌ڵاتنی گه‌نج هۆكاری زۆری ببێت و یه‌كێك له‌وانه لاوازی ئینتیمایان بێت بۆ گه‌ل و نیشتمان، به‌ڵێ ئه‌مه ڕاسته و نكۆڵی لێ ناكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئینتیمایه‌یان به‌هێز بێت ئه‌وه ئاماده ئه‌بن له‌پێناویدا باج و قوربانی بده‌ن.
كه‌س نییه ئه‌رزشی پێویستی خۆی ده‌ستبكه‌وێت ئه‌گه‌ر نیشتمانی نه‌بێت و ئاواره بێت له وڵاتانی تردا و غه‌ریبه و باربێت به‌سه‌ریانه‌وه، خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێت ﮋ... ﭼ ﭽ ﭾ ﭿﮀ ...ﮋ ﮊ [الحجرات] ئێمه بڕیارمانداوه ئێوه له شێوه‌ی گه‌لان و خێڵی جیاجیادا بن، تا یه‌كترناسین و چاكه‌كردن به‌رامبه‌ر به یه‌كتر بكه‌ن.
كه‌واته ئه‌وه بڕیاری خوایه كه من كورد و تۆ عه‌ره‌ب و ئه‌و فارس و ئه‌وه‌كه‌ی تر تورك و به‌وشێوه‌یه ڕووبه‌ڕووی ژیان ببینه‌وه، نه من ئه‌توانم تۆی عه‌ره‌ب و نه ئه‌ویش ئه‌توانێت كابرای تورك و نه كه‌س ئه‌توانێت میلله‌تێكی تر بسڕێته‌وه و زمان و كه‌لتوور و نیشتمانی كوێر بكاته‌وه. هه‌تا دونیا دونیایه ئه‌بێت خه‌ڵكی به‌وشێوه‌یه بژین كه خوا بڕیاری داوه، كه‌س ناتوانێت له به‌رده‌م ئه‌م بڕیاره خواییه‌دا ڕابوه‌ستێت چه‌ند لێوانلێویش بێت له شۆڤێنیه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستیدا، یه‌كێتی سۆڤیه‌ت حه‌فتا ساڵ به ئاگر و ئاسن ویستی خه‌ڵكی بكاته یه‌ك ڕه‌نگ و یه‌ك ده‌نگ، نه‌یتوانی و تێكشكا و میلله‌ته جیاجیاكان و نیشتمانه جیاجیاكان ئه‌و حه‌فتا ساڵه له سه‌ركوتكردن و چزكردن وه‌ك خۆیانیان لێهاته‌وه و هه‌موو ئازادی خۆیانیان هێنایه‌وه ژێر چنگی خۆیان!!
له ئیسلامدا نه‌ته‌وایه‌تی و سۆزی میللی و خاك چه‌ند شێوه‌یه‌كه و له نه‌خشه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی‌دا ڕووبه‌ر بۆ هه‌ر شێوه‌یه‌كیان دانراوه، له‌وانه:
* خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و حه‌زكردن به‌سه‌ربه‌رزی له ناخی هه‌موو كه‌سێكدا هه‌یه و خوای گه‌وره دروستیكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تان هه‌ڵنه‌وه‌شێننه‌وه و كوێر نه‌بنه‌وه ﮋ... ﭼ ﭽ ﭾ ﭿﮀ ...ﮋ ﮊ [الحجرات] ، ﮋ ﮟ ﮠ ﮡ ﮢ ﮣ ﮤ ﮥ ﮦﮧ ﮨ ﮩ ﮪ ﮫ ﮬ ﮭ ﮊ [الروم]
* خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و نیشتمان له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا له چه‌ند شێوه‌دا بوونی هه‌بووه، بۆ نمونه: پێغه‌مبه‌ر كه له مه‌ككه ده‌ریانكرد به‌چاوی پڕفرمێسكه‌وه سه‌یری مه‌ككه‌ی كرد و فه‌رمووی: ئه‌ی مه‌ككه! خۆشه‌ویسترین نیشتمانی له‌لام ئه‌گه‌ر ده‌ریاننه‌په‌ڕاندمایه هه‌رگیز جێم نه‌ده‌هێشتى.
* كه چوونه مه‌دینه‌ش هه‌موو بیری مه‌ككه‌یان ده‌كرد، هه‌ندێكیان به‌هۆى دووريان له نیشتمانه‌كه‌یان نه‌خۆشكه‌وتن! بۆ نمونه: ئه‌بوبه‌كر، بیلال. عائشه ئه‌فه‌رموێت پێغه‌مبه‌ر هه‌واڵی باوكمی لێپرسیم، عه‌رزمكرد: تایه‌كی زۆری هه‌یه، فه‌رمووی: ئه‌وه سۆزی بۆ مه‌ككه وای لێكردووه!
بیلال به‌ده‌م تاوله‌رزه‌وه وڕێنه‌ی ده‌كرد و شیعری ده‌وته‌وه و ئه‌یگووت:
لیت شعری هل ابیتن لیله بواد وحولی شامة وطفیل
خۆزگه‌م! شه‌وێكی ترم دێته پێش كه له دۆڵێكدا بم و له چوارده‌وریشمدا شاخی (طفیل) و (شامة) به‌ده‌ورمه‌وه بن؟ شامه و توفه‌یل دوو شاخی نزیك مه‌ككه بوون .
پێغه‌مبه‌ریش كه ئه‌مه‌ی له هاوه‌ڵه‌كان بینی فه‌رمووی :{اللهم حبب الینا المدینة كما احببت الینا مكة}.
پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئه‌صیل ناوێكی بینی هه‌واڵی مه‌ككه‌ی لێپرسی: ئه‌ویش ده‌ستیكرده به گێڕانه‌وه‌ى هه‌واڵى مه‌ككه و خه‌ڵكه‌كه‌ی، پێغه‌مبه‌ر پێی فه‌رموو : ئه‌صیل به‌سه ئیتر! لێگه‌ڕێ با دڵه‌كان ئارام بن {یا اصیل! دع القلوب تقر}.
* به‌رگریكردن له میلله‌ت و نیشتیمان مافێكی سروشتی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه له ئیسلامدا، وه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا له ده‌یان فه‌رمووده‌دا ده‌یفه‌رموێت:
* ئه‌فه‌رموێت: {خیركم المدافع عن قومه ما لم یأثم}، له ڕیوایه‌تێكی تردا ده‌فه‌رموێت:{خیركم المدافع عن عشیرتة ما لم یأثم}، رواه ابو داوود.
* هه‌روه‌ها ئه‌فه‌رموێ: {من قتل دون ماله فهو شهید، و من قتل دون عرضه فهو شهید، ومن قتل دون نفسه فهو شهید}.
له ئیسلامدا چ نیشتیمان و چ نه‌ته‌وه قابیلیه‌تی فراوانبوونی زۆره به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه ئیسلامیيه‌كانی دونیا به برا و هاونه‌ته‌وه‌ی خۆت بزانی، هه‌موو هه‌رێم و خاكه ئیسلامیه‌كانی تریش به خاكی خۆت بزانی، به خۆشییان دڵخۆش ببی و به ئازاریان ئێشت پێ بگات..
* ئیسلام هێزی خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه و نیشتیمان له تاكه‌كاندا به‌كارده‌هێنێت بۆ خێری ئه‌و تاكه و نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و تاكه و بۆ خێری مسوڵمانان و ته‌نانه‌ت بۆ خێری مرۆڤایه‌تیش، بۆ نمونه پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وه‌سێتی كردووه كه پارێزگاری له‌و په‌یوه‌نديیه میلليیانه بكرێت، ته‌نانه‌ت له جیهادیشدا -كه پیرۆزترین ئه‌ركی ئيسلامه- فه‌رمووی: هه‌موو كه‌سێك له‌ژێر په‌رچه‌می عه‌شیره‌ته‌كه‌ی خۆیدا بوه‌ستێ و له قۆڵی خزمانی خۆیه‌وه هه‌ڵمه‌ت به‌رێت. چونكه پێغه‌مبه‌ر ئه‌یزانی كه هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ئه‌كات بۆ عه‌شيره‌ت و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی قاره‌مانییه‌ك و سه‌روه‌رییه‌ك تۆمار بكات و له‌لای خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزیان بكات، جا كه‌وایه با ئه‌و حه‌زه بواری بۆ بڕه‌خسێنرێت و زه‌مینه‌ی بۆ ساز بكرێت له شتی خێردا.
بوونی گرووپ له ئیسلامدا نه‌ك یاساغ نییه، به‌ڵكو ئاله‌تێكی چاك و ڕێگه پێدراوه، له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا دوو گرووپی گه‌وره هه‌بوون: ئه‌نصار و موهاجر، دوو عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی وه‌ك (ئه‌وس و خه‌زره‌ج) هه‌بوون، قوڕه‌یش هه‌بوو كه زۆرینه‌ی ناو دورگه‌ی عه‌ره‌بی بوون كه پێغه‌مبه‌ر ده‌یفه‌رموو (الائمة من قریش)یانی: ڕێبه‌ر ئه‌بێت له قوڕه‌یش بێت.
كه‌واته گه‌نجان ئه‌بێت ئینتیمایان بۆ گه‌ل و نیشتیمانی خۆیان نه‌ك به نادروست نه‌زانن، به‌ڵكو ئه‌بێ به ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی سه‌رشانی خۆیان بزانن، له‌ژێر ته‌عالیمی ئیسلامدا هه‌وڵ بۆ ناساندن و خۆشه‌ویست كردنی بده‌ن له‌ناو گه‌لانی ئیسلامدا، به‌تایبه‌تی باپیره سه‌ڵاحه‌دين شانازیه‌كی وای بۆ ئێمه تۆماركردووه له‌ناو گه‌لانی ئیسلامی‌دا، نه‌ته‌وه‌یه‌ك له نه‌ته‌وه‌كانی ئیسلامی نییه ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌و باپیره به‌ڕێزه نه‌ناسێت و ته‌نانه‌ت خۆیشی به قه‌رزارمان نه‌زانێت.
ساڵی2005 له سه‌فه‌رێكی عومره‌دا له‌ناو حه‌ره‌می كه‌عبه‌دا بووم و ڕووبه‌ڕووی كه‌عبه‌ی پیرۆز ڕاوه‌ستابووم، كابرایه‌كی ڕیشسپی جوان له ته‌نیشتمه‌وه بوو، كه‌وتینه قسه‌كردن و بۆم ڕوونبوویه‌وه كه خه‌ڵكی بوخارایه، منیش ویستم خۆمی پێ بناسێنم و باسێكی باپیره سه‌ڵاحه‌دينی بۆ بكه‌م، پرسیم چی ده‌رباره‌ی كورد و سه‌ڵاحه‌دينی ئه‌یوبی ده‌زانی، كابرا وتی: میلله‌تانی ئیسلامی سه‌رزه‌مین هه‌موو قه‌رزاری سوڵتان سه‌ڵاحه‌دينن، قودس دوو جار ڕزگاركراوه، جارێكیان عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب بوو، جارێكی تریان سوڵتان سه‌ڵاحه‌دين ڕزگاریكردووه، به هه‌مانشێوه له‌گه‌ڵ كابرایه‌كی تری پاكستانی كه‌وتمه قسه‌كردن هه‌مان هه‌ست و سۆزی كابرای بوخاراى ده‌ربڕی بۆم و وتی: مناڵێكیشم ناوناوه سه‌ڵاحه‌دين.
كه‌واته گه‌نجی كورد ئه‌بێت شانازی به‌كوردبوونی خۆیه‌وه بكات، شانازی به‌وه‌وه بكات كه نه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دينه، ئه‌بێ ئه‌و نهێنیيه بدۆزێته‌وه كه سه‌ڵاحه‌دينی ئه‌وه‌نده گه‌وره كرد دونیا به ڕابه‌ری خۆی قه‌بوڵی بكات و وه‌ك كوردێكیش بۆی بڕوانن و ده‌ماری شۆفێنێتی كه‌سیش لێنه‌دات له ڕوویدا. ئه‌وه هۆكه‌ی ئه‌وه‌بوو كه سه‌ڵاحه‌دين هه‌ستێكی ئینسانی گه‌وره له ناخیدا قوڵپی ئه‌داو بازنه بچووكه‌كانی ژیانی هه‌موو بڕیبوو: (خودی خۆی)، (بنه‌ماڵه)، (عه‌شیره‌ت)، (نه‌ته‌وه)، ته‌نانه‌ت بازنه‌ی (ئوممه‌ت)یشی تێپه‌ڕاندبوو، به‌ناو هه‌مویاندا گوزه‌ری كردبوو، له بازنه فراوانه‌كه‌ی (ئینسانیه‌ت)دا ئه‌ژیا، كه هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌ی تریشی تێدابوو، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه كه له‌و بازنه بچووكانه‌دا ئه‌ژین و نازانن هه‌ستی مرۆڤانه چۆنه و ئه‌بێ چۆن بژین بۆ ئه‌و هه‌سته به‌رزه، نه‌ك ئه‌وه، به‌ڵكو له‌لایان ئه‌و هه‌سته ئینسانیيه وه‌همه و میسالییه‌ته و پێناچێت كه‌س بیهێنێته بوون و كارای بكات! ڕاستیيه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌وان له وه‌همدا ئه‌ژین و خۆیان له هه‌ستێكی ته‌سكدا قه‌تیس و گرمۆڵه كردووه.
[1]ئه‌م سێ كایه گه‌وره‌یه‌ی كه‌ینونه‌ی مرۆڤ(غه‌ریزه، عه‌قڵ، ڕه‌وشت) له شریتێكدا بیریاری گه‌وره‌ی كورد كاك ئه‌حمه‌دی موفتی زاده له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه و دینه‌وه زۆر ورد شرۆڤه‌ی كردوون.
[2]بۆ شاره‌زابوون له میتۆدی خوێندنه‌وه باش ئه‌كه‌یت ئه‌گه‌ر كتێبی(په‌روه‌رده‌ی مناڵان له ئیسلامدا) بخوێنیته‌وه كه پرۆژه‌ی تیشك له دوو به‌رگی قه‌باره گه‌وره‌دا بڵاویكردووه‌ته‌وه، چونكه به‌ڕاستی كتێبێكی نایابه و ئه‌و باسه‌شی به‌جوانی شرۆڤه كردووه.
[3] البدایة والنهایة (9/ 203).
[4] نیل الاوطار ـ الشوكانی، "ئه‌واق" له‌وكاته‌دا بریتیی بووه له (40) درهه‌م كه مه‌ڕێكی چاك به (5) درهه‌م بووه.
[5] (الاموال)، بن عبید، تحقیق: هواس، (ص 357 ـ 358).
[6] رواه ابن أبی شیبه، وأبو داود، والحاكم، والبیهقی فی (شعب الإیمان) عن أبی هریرة.