کۆسپ و لەمپەرەکانی فەتوا، کێشە و هۆکارەکان جێکەوتە و چارەسەر
کۆسپ و لەمپەرەکانی فەتوا، کێشە و هۆکارەکان جێکەوتە و چارەسەر
  2024/11/17     10 جار بینراوە    


د.ئەبوبەکر پێنجوێنی، ڕاوێژکاری شەرعی و دارایی

فەتوا لە سەردەمی ئێستادا لە هەر کاتێکی تر زۆرتر ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە، لە گرنگترینی ئەو کێشانە ئەمانەن:

 یەکەم: زۆری ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکان، لە بەرانبەردا ناتوانایی بەشێک لە موفتییەکان لەڕووی تێگەیشتن و دەرکكردنی پرس و بابەتەکان بەشێوەیەکی دروست و تەواو، لەگەڵ ئەوەشدا فەتوای لەبارەوە دەدەن.

دووەم: پەڕگیری یان شلگیری بەشێک لە موفتییەکان و دوورییان لە قورئان و سوننەتەوە، بەهۆی نەزانی و ناتێگەیشتنیان لە دەقەکان لەڕووی مەبەستگەراییەوە.

 سێیەم: بوونی چەندین فەتوای نامۆ و پاڵپشتی نەکراو بە بەڵگەی باوەڕپێکراو.

چوارەم: تاکڕەویی و دەستپێشخەری لە فەتواداندا بەشێوەی تاکەکەسی لەو پرسانەدا کە پەیوەندیدارن بە کۆمەڵگەوە و ڕەهەندێکی گشتییان هەیە، ئەوەش وادەکات چەندین فەتوایی ڕووبدات و بەریەککەوتنی فەتوا بێتە ئاراوە، یان نەتوانێت لەڕووی ئەو شاڵاوەدا بوەستێت و لاواز بکەوێتە بەرچاو.

پێنجەم: دەرکردنی چەندین فه‌توای پێچەوانە لەگەڵ ڕۆحی شەریعەت و بنەماکانی بیروباوەڕ و بەها باڵاکان بەشێوەیەک لەگەڵ هیچ دەقێکی جێگیری شەرعیدا هاوتەریب نییە.

 شەشەم: خۆهەڵقورتاندن لە کاری فەتوا لەلایەن کەسانێکەوە کە ئەدەب و زانین و مەرجی فەتوادانیان تێدا نییە.

حەوتەم: جورئەت بەخۆدانی کەسانێکی نا ئه‌هل لەڕووی فەتوای شەرعییەوە بەرانبەر فەتوای زانایانێکی خوداناس و فه‌توا دەستەجەمعییەکان و دروستکردنی گومان و دوودڵی لە بەرانبەریانەوە.

هەشتەم: بەریه‌كکەوتنی هەندێک فەتوا لە پرسە هاوشێوەکاندا، ئەوەش دەبێتە مایەی دوودڵی و گومان لە لای خەڵکە گشتییەکە.

نۆیەم: درێژدادڕی هەندێک موفتی لە جیاوازی بۆچوونەکاندا، بەبێ خستنەڕووی ڕا و سەرنجی بەهێز و یەکلاکەرەوە.

کێشە و گرفتی فه‌توا لە سەردەمی ئێستادا

 کێشە و گرفتی فەتوا لە سەردەمی ئێستادا زۆرن، ئەمانە گرنگترینیانن:

1 - نەشارەزایی تەواو بە ڕووداو و پێشهاتەکە و تێنەگەیشتن لێی بەشێوەیەکی دروست.

2 - نزمی ئاستی زانست و ناتوانایی لە هەڵێنجاندن و ڕاڤەكردن و لێکدانەوەی دەق و ئاماژەکانی.

3- کەمی کەسی بە توانا و لێهاتوو خاوەن بەهرە لە بواری فەتوادا، بەشێوەیەک كە ئادابی فەتوا و مەرج و سیفاتە بنەڕەتییەکانی تێدا بێت.

4 - بەهانە هێنانەوە بۆ پارێزگاریکردن لە پێگە و بەرژەوەندی و لەبەرچاوگرتنی خواستە کەسییەکانی خۆی.

5 - بانگەشەی نوێگەرایی و سەردەمی بوون بە ڕەهایی و بەبێ هیچ کۆت و بەندێک.

6 - میوانداریکردنی هەندێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ وەرگرتنی فەتوا لە کەسانێک کە شایستە نین لەو بوارەدا.

7 - لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و حەز و ناو و ناوبانگ، یان لە خودا نەترسان و بێ باکی لە لۆمەی خەڵک.

8 - هەڵە تێگەیشتن لە چەمکی ئاسانکاری (التیسیر) لە ئیسلامدا.

9 - بێ ئاگایی و تێنەگەیشتنی هەندێک لە موفتییەکان لە فیقهی واقیع و سەرەنجامەکان و لەبەرچاونەگرتنی مەترسی و سەرەنجامی خراپی ئەو فەتوایانە.

جێکەوتەی خراپی فەتوا لە سەردەمی ئێستادا

بەهۆی ئەو کێشە و کۆسپ و لەمپەرانەی ڕووبەڕووی فەتوا دەبنەوە لەم سەردەمەی ئێستاماندا، ئەم جێكەوتە خراپانەی لێ ڕووداوە:

أ - حەڵاڵکردنی حەرام و حەرامکردنی حەڵاڵ، ئەمەش تاوانێکی گەورەیە، بەڵکو هەندێکجار خاوەنەکەی لە بازنەی ئیسلام دەکاتە دەرەوە.

ب - برەودان بە کافرکردنی خەڵک لەسەر تاوانکردن و ڕەوایەتیدان بە ڕشتنی خوێنی موسڵمانان.

 ج - شێواندنی وێنای ئیسلام و تۆقاندنی خەڵک بە ئیسلام.

 د - سەرهەڵدانی جودایی و پەرتەوازەیی لە نێوان موسوڵماناندا و دابەشبوونیان بۆ چەندین پێڕ و تاقم.

هـ - دروستکردنی پشێویی و پەرتەوازەیی و سەرقاڵکردنی خەڵک بە شتی لاوەکی و بچووکەوە و لەبیربردنەوەی پرسە گرنگ و ستراتیژییەکانی کۆمەڵگە و ئوممەتی ئیسلامی.

و - دروستکردنی گومان و دوودڵی لە نێوان خەڵک و فەرمانڕەوادا.

ز - بێمتمانەکردنی ناوەندی فەتوای باوەڕپێکراو و دروستکردنی بێمتمانەیی پێیان لەلایەن بەشێک لە خەڵکەوە.

ح - تانەدان لە زانایانی پەیامدار و تاوانبارکردنیان بە چه‌قبەستوویی و توندگیری لە فەتوادا.

ط – کەوتنە داوی فڕوفێڵی حەرامکراو و پشتبەستن بە بۆچوونی نامۆ و گرتنەبەری ڕێگای گوڵبژێری بۆچوونە لاوازەکان، بە پاڵنەری حەز و ئارەزوو، بۆ ڕازیکردنی هەندێک خەڵک.

چارەسەر و کۆت و بەندەکان:

بۆئەوەی فەتوا سەنگ و قورسایی پارێزراوبێت و جێکەوتەی باشی هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

یەکەم: ڕێز و حورمەتگرتنی خەڵک لە فەتوا لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵگە و هەستکردن بە گرنگی و قورسایی پلە و پێگەی فەتوا، دەرکی ئەوە بکرێت کە ئەمە سەرنج و بۆچوونی کەسانێک نییە، یان پرسێکی عەقڵانی نییه‌، یان سۆز و عاتیفەی دەروون نییە، یان مەبەست لێی خستنەڕووی بەرژەوەندی دنیایی نییە، بەڵکو ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی حوکمی شەرعی خودایە بۆ بەندەکانی بە بەڵگە و حوکمی ئاشکرا.

دووەم: دەرکردنی فەتوا لەسەر بناغه‌یه‌کی پتەوی شەرعی پشت ئەستوور بە قورئان و فەرموودە، یان سەرچاوەکانی تری وەک ئیجماع و قیاس، یان ئەسڵێکی شەرعی باوەڕپێکراو.

سێیەم: کاریگەر نەبوون بە هەر فشارێکی دەرەکی و ناوخۆیی کە کاریگەری هەبێت لەسەر موفتی لە کاتی دەرکردنی فەتوا و ڕوونکردنەوەی حوکمی شەرعیدا، خودا دەفەرموێت: (الَّذِينَ يُبَلِّغُونَ رِسَالَاتِ اللَّهِ وَيَخْشَوْنَهُ وَلَا يَخْشَوْنَ أَحَداً إِلَّا اللَّهَ وَكَفَى بِاللَّهِ حَسِيباً) (الأحزاب : 39 ).

چوارەم: خۆدوورگرتن لە کافرکردنی هیچ کەسێک لە موسڵمانان، چونکە دروست نییە هیچ موسڵمانێک کافر بکرێت مەگەر تاوانێکی کردبێت کە لە بازنەی ئیمان و ئیسلام بیکاتە دەرەوە و هیچ پاساوێک هەڵنەگرێت، بێگومان بە کافرکردنی موسوڵمان لە گەورەترین ئەو تاوانەیە کە پێغەمبەر ئاگاداری لەبارەوە داوە، وەک دەفەرموێت: (إذا قال الرجل لأخیه: یا كافر فقد باء بها أحدهما). (رواه البخاری ومسلم).  

پێنجەم: خۆپاراستن لە فەتوای سەرلێشێوەنەر و گومڕاکار، ئەو فەتوایانەی هاندان دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بەناهەق، بەڵکو دەبێت فەتوا پێداگر بێت لەسەر پاراستنی ژیان و کەرامەتی خەڵک و وەک بەرزترین مەبەست لە مەبەستەکانی شەریعەت سەیری بکات.

 شەشەم: پابەندی بە هەر پرس و بابەتێکەوە کە دەقێکی شەرعی جێگیر و دروست لەبارەیەوە هەبێت لە قورئان و فەرموودەدا، دەبێت گوفتار و کردار بپێورێت بە قورئان و فەرموودەی دروست، هەر کردار و گوفتارێک بەپێی قورئان و فەرموودە بوو قبووڵکراو دەبێت، هەر کردار و گوفتارێکیش پێچەوانە بوو ڕەتدەکرێتەوە، هی هەر کەسێک بێت، لەمبارەیەوە پێشەوا شافیعی دەڵێت: (کۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی هەر کەسێک سوننەتێکی پێغەمبەری بۆ بسەلمێت نابێت لێی لا بدات لەبەر قسەی هیچ کەسێک).

 حەوتەم: خۆدوورگرتن لە فێڵی بەتاڵ و بێ بنەما بۆ دەستبردن بۆ حەرامکراوەکان لە شەریعەتدا، وەک پێغەمبەر (د.خ) لە سەرکۆنەکردنی جولەکەدا دەفەرموێت: (خودا جوولەکە بکوژێت، چەوری ئاژەڵیان لەسەر حەرامکرابوو، دەیانتواندەوە و دەیانفرۆشت) (رواه البخاری ومسلم)، لە هاوەڵانەوە ئەوە گێڕاوەتەوە کە فێڵی بەتاڵ حەرامە لە ئیسلامدا.

هەشتەم: دەبێت فەتوا بە ڕوونی و جوانی بخرێتە ڕوو، دوور لە درێژییه‌كی ماندووکار و کورتییەکی بێمانا، لەگەڵ مەرج و کۆت و بەندی پەیوەندیدار بەو حوکمە، بۆئەوەی بە هەڵە تێگەیشتن دروست نەبێت و خەڵکی ئاژاوەگێڕ بە خراپ کەڵکی لێ وەرنەگرێت.

نۆیەم: لە پرسە شەرعییەکاندا درێژکردنەوەی زۆر نەدرێت بە بابەتی خیلافی لە کاتی باسکردنی خیلافەکاندا، کەسی موفتی ڕای پەسەندی خۆی بڵێت بە پاڵپشتی بەڵگەکانی.

دەیەم: خۆپاراستن لە دەرکردنی فەتوای نامۆ و و پێچەوانە لەگەڵ قورئان و سوننەت، هەروەها پێچەوانه‌ نەبێت لەگەڵ ئەوەی کە پێشینانی باشمان لەسەری بوون، یان لاسایی ئەو فەتوانە نەکرێتەوە کە لە کۆندا هەبوون و پێچەوانە بوون لەگەڵ شەریعەتدا. نەخرێنەوە بەر باس و قسە.

یانزەیەم: شەرعی خودا لەسەر بنەمایەکی وەسەتی داڕێژراوە، نە توندی و پەرگیری بەڕەهایی نە شلگیری و ئاسانکاری بە ڕەهایی، بەڵکو دەبێت لەو نێوانەدا مەبەستەکانی شەریعەت لەبەرچاو بگیرێت وەک مەنهەجی سەلەفی ئوممەت.

دوازدەیەم: گرنگیدان بە فەتوای زانایانی خواناس و خوداویست بۆ دڵنیایی زیاتر، برەودان پێیان و گەیاندنیان بە خەڵکی و بڵاوکردنەوەیان، چونکە جێکەوتەی باشی دەبێت لەسەر خەڵک، بۆ برەودان بە نەهجی میانەڕەوی لە بیروباوەڕ و پەرستش و مامەڵە داراییەکاندا، بەوەش خەڵک دوور دەخرێتەوە لە توندڕەویی و شلگیری و توانه‌وە.

لە کۆتاییدا، بۆئەوەی فەتوا کاریگەری هەبێت و پاڵپشتی بکرێت، واباشترە بەشێوەی دەستەجەمعی فەتوا بدرێت، وەک ئەوەی کە لە ئێستادا بەناوی مەجمەعی فیقهییەوە لە چەندین وڵاتدا بوونی هەیە، بێگومان فەتوای دەستەجەمعی بەشێکە لە کاری هاوبەش و ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبێت لەڕووی دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزی موسوڵمانان و جێکەوتەی باشی دەبێت لەڕووی ئاڕاستەکردنی خەڵک بەرەو پەیڕەویکردنی زیاتری ئه‌حکامەکانی شەریعەت.

تێبینی: ئەم بابەتە وەرگیراوە لە کتێبی (میثاق الإجتهاد والفتوا وفق فقه المیزان) لە نووسینی پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان.

شایانی باسە بەڕێزیان پێشتر کتێبێکی نووسیوە بەناوی (الإجتهاد والفتوی أهمیتها وشروطها وتطبیقاتهما المعاصرة ودور المەنظمة المقاصیدیة والبعد المقاصیدي فی ضبطهما وتجدیدهما).

- وێڕای ئەم هەوڵانە، بەڕێزیان پرۆژەیەکی تايبه‌تیان هەیە بۆ پرسی ئیجتیهاد و فەتوا لەسەر ئاستی جیهان، بەناونیشانی (نحو المجمع العالمی للإجتهاد والتجدید والفتوی)، ئەم میساقە ئاماژەمان پێدا بەشێکی ئەو پرۆژەیەیه‌.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure