نووسینی: سەردەشت عەزیز، پرۆگرامەر و بەڕێوبەری كۆمپانیای "سمارت هاندە" بۆ تەكنەلۆژیای زانیاری
زیرەکی دەستکرد لەوڵاتە پێشکەتووەکان زۆر بەخێرایی گەشەدەکات و هێندەی تر لە کۆنترۆڵکردنی جیهاندا بەهێزی کردوون، ئەم زانستە سەرەڕای ئەوەی دەسکەوتە، بەڵام مەترسیشی زۆرە بەتایبەت بۆ وڵاتە دواکەوتووەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکان زۆر بەچڕی کار لەسەر ئەم زانستە دەکەن و ملیارەها دۆلار خەرجکراوە بۆی.
هەوڵئەدەم بەپێی توانا زنجیرە بابەتێک بە زمانێکی سادە کە هەموو کەس تێی بگات لە سەرجەم لایەنەکانی ئەم زانستە بنووسم بۆئەوەی هیچ نەبێت تێبگەین ئەم زانستە چیە و چۆن کار دەکات و چۆن دەتوانین سودی لێوەربگرین.
زیرەکی دەستکرد بەشێکی زانستی کۆمپیوتەرە، کە بریتییە لە سیستەم یاخود بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری کە هەوڵدەدات لاسایی مرۆڤ بکاتەوە و ئەو کارانە بکات کە پێویستی بە زیرەکی مرۆڤە. زیرەکی دەستکردن لاسایی مرۆڤ دەکاتەوە لە فێربوون، بیرکردنەوە و جیاوازیکردن لە نێوان شتەکاندا، هەروەها چارەسەری کێشەكان. زیرەکی دەستکرد توانای هەیە لە زمانی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی مانادار و سودبەخش تێبگات.
دوای ئەوەی زیرەکی دەستکرد لە مرۆڤەکانەوە فێربوو پاشان ئەم زیرەکییە دەگوازرێتەوە بۆ ئامێرەکانی دیکە وەک چەکی سەربازیی و ڕۆبۆت و ئامێری پزیشکیی و دەیان جۆری ئامێری تر.
ئەم پرۆسەی فێربوونی زیرەکی دەستکردە لە مرۆڤەوە دەگاتە ئاستێک کە بتوانێت وەک کەسێکی شارەزا توانای شیکاریی و بڕیاردانی هەبێت، بۆ نموونە پشکنینی پزیشکیی و دەستنیشانکردنی چارەسەر و هۆکار.
نمونەی زیرەکی دەستکرد
١- چات جی پی تی: بەرنامەیەکە لە هەر بوارێکدا پرسیاری لێ دەکەیت بەجۆرێک وەڵامدەداتەوە وەک پسپۆڕێکی ئەو بوارە بێت. یان، مۆبایل، بۆ نموونە کاتێک تەنها بەدەموچاوی خۆت دەکرێتەوە و دەتناسێتەوە.
٢- ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر.
٣- ڕۆبۆت.
٤- بەشێک لە کارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ نموونە دەزانێت تۆ ئازەزووی چ جۆرە ڤیدیۆ یان پۆستێک دەکەیت.
٥- نمونەکانی زیرەکی دەستکردن زۆر زۆرن، لە ئێستادا زۆربەی بوارەکان زیرەکی دەستکردنی تێچووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا شتی سەیرتر لەم زانستە دەبینین.
جۆرەکانی زیرەکی دەستکرد
زیرەکی دەستکرد بەگشتی دوو جۆرە:
١- سنوردار: ئەم جۆرەیان بۆ کارێکی تایبەت دروستکراوە و لەو بوارەدا شارەزا کراوە، بۆ نموونە ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر، ئامێری ناسینەوەی دەمووچاو.
٢- بێ سنور یان گشتی: ئەم جۆرەیان هەتا ئێستا گریمانەییە و زانست پێی نەگەیشتووە، کە بریتییە لەوەی زیرەکی دەستکردێک دروست بکرێت کە لە زۆر بواری جیاوازدا شارەزابێت و بەتەواوی نزیک بێتەوە لە مرۆڤ.
چۆن زیرەکی دەستکرد فێردەکرێت؟
مرۆڤ لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پرۆسەی مەعریفیی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە فێردەبێت، بەڵام زیرەکی دەستکرد لە ڕێگەی راهێنان و پێدانی زانیاییەوە فێردەبێت.
بۆئەوەی زیرەکی دەستکرد دروستبکرێت پێویستە بڕێکی زۆر زانیاری کۆبکرێتەوە و ڕێکبخرێن و پاشان پێی بدرێت بۆئەوەی بتوانێت لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە پێشبینی بکات و بریاربدات. فێرکردنی زیرەکی دەستکرد هاوشێوەی پرۆسەی فێربوونی منداڵە، منداڵ لە ڕێگەی فێرکردن و سەرنجدان و ئەزموونەوە فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش لە ڕێگەی پێدانی زانیارییەوە فێردەبێت. بۆ نمونە کاتێک منداڵ پشیلە دەبینێت، پشیلەی گەورە و بچووک بە ڕەنگ و شێوازی جیاواز دەبینێت و لەوێوە وردە وردە ئەم منداڵە تێدەگات لە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو پشیلانەی بینیویەتی و دەیناسێتەوە. فێرکردنی زیرەکی دەستکردیش بەهەمان شێوازە کاتێک لەناو ملیۆنان وێنەی پشیلەدا خاڵە هاوبەشەکانیان وەردەگرێت و دواتر دەتوانێت بەو خاڵانە پشیلە لە وێنەدا بناسێتەوە.
سەرەتا بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە گرنگە بزانین ئەلگۆریزم چیە؟
ئەلگۆریزم کۆمەڵە ڕێنمایی و زانیارییەکە، کە بە کۆمپیوتەر دەڵێت چۆن کێشەیەک چارەسەر بکات یان کردارێک ئەنجامبدات. بۆ نموونە چۆن کەسێک هەنگاو بە هەنگاو ڕێنماییت دەکات بۆ فێربوونی شۆفێری. ئەلگۆریزم هەنگاو بە هەنگاو ڕێنمایی کۆمپیوتەر دەکات بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو، بۆ نموونە کاتێک لەسەر گۆگڵ ماپ دەتەوێت بچیت بۆ شوێنێک، ئەلگۆریزمی ئەو نەخشەیە هەوڵدەدات کورتترین ڕێگا لەسەر نەخشەکە بدۆزێتەوە بۆ ئەو شوێنە.
قۆناغەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد:
زیرەکی دەستکرد هەروەک هەموو دروستکراوەکانی دیکەی دەستی مرۆڤ سەرەتا دەبێت دروست بکرێت، پاشان بەکاربهێنرێت.
یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاری
زیرەکی دەستکرد پێویستی بەبڕێکی زۆری زانیاری هەیە بۆئەوەی فێربکرێت، کە دەکرێت ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی نووسین و وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەوە کۆبکرێنەوە و پێی بدرێت، هەتا زانیارییەکان زۆرتربن ئەو زیرەکی دەستکردە بەهێزتر دەبێت. ئەم زانیارییانە سەرەتا وەک ماددەی خام مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دووەم: ئامادەکردنی زانیارییەکان
دوای ئەوەی زانیارییەکان کۆکرانەوە، جارێکی تر وردبینی دەکرێن و زانیارییە ناپێویست و دووبارەکان لادەبرێن و پاشان ڕێکدەخرێنەوە و دەخرێنە سەر شێوازی تایبەت بۆئەوەی بدرێت بەزیرەکی دەستکرد، بۆ نموونە بەو شێوازەی چۆن تۆ سەوزەیەک پێش خواردن پاک دەکەیت و ئامادەی دەکەیت.
سێیەم: شێوازەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد
زانیارییەکان ئامادەن و کاتی ئەوەیە زیرەکی دەستکرد فێربکرێت، ئەم فێرکردنە بە چەند شێوازێکە وەک:
١- فێرکردن لەژێر چاودێریدا: لەم جۆرەدا ناو بۆ زانیارییەکان دادەنرێت بۆئەوەی زیرەکی دەستکرد بیناسێتەوە بۆ نموونە لە وێنەی پشیلە دەنووسرێت پشیلە، ئەمە بۆ سەرجەم زانیارییەکانی دیکەش بەهەمانشێوەن، ئەم پرۆسەیە وەک ئەوە سەیربکە تۆ لەماڵەکەی خۆت هەموو کەلوپەلەکان لەزگەیەکی لێ بدەیت و ناوەکەی لەسەر بنووسیت بۆ نموونە (تەلەفیزیۆن و سەلاجە ... هتد).
٢- فێرکردنی بێ چاودێری: لەمجۆرەدا زانیارییەکان وەک جۆری یەکەم ناوی بۆ دانانرێت، بەڵکو دەبێت زیرەکی دەستکرد خۆی بتوانێت شیکاری بۆ بکات و جیایان بکاتەوە، ئەم جۆرەیان لە سۆشیالمیدیادا زۆر بەکاردەهێنرێت و کۆمپانیاکان بۆ زانینی چالاکی و هەڵسوکەتی بەکارهێنەران سود لەم جۆرە وەردەگرن. بۆ نموونە کۆمپانیایەک ڕێکلامی کردووە بۆ فرۆشتنی”بەرهەم”ێک بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ئەم جۆرە هەڵدەستێت بە جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە هەولێر و سلێمانین و پێشوتر چالاکییان هەبووە لەسەر ئەو بابەتانەی باسی ئەو “بەرهەم”ەی تێدا بووە.
٣- فێرکردن لە ڕێگەی بەهێزکردنەوە: ئەمجۆرە بەکاردەهێنرێت بۆ فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، کە خۆی بەپێی ئەو ژینگەی تێیدایە بڕیار بدات بەبێ ئەوەی مرۆڤ دەستێوەردان بکات و هیچ ڕێنماییەکی پێبدات، ئەم جۆرەیان لە ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێر و ڕۆبۆت و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنرێت. جیاوازی ئەم جۆرەیان لە جۆری دووەمی فێربوون ئەوەیە کە ئەم جۆرە بەهۆی بیردۆزی (تاقیکردنەوە - هەڵە)ەوە فێردەبێت نەک لە ڕێگەی پێدانی زانیاییەوە. هەروەک چۆن مرۆڤ سەرەتا ئەو شتانەی نایزانێت تاقیدەکاتەوە و هەڵە دەکات، بەڵام وردە وردە فێردەبێت و هەڵەکانی نامێنێت.
چوارەم: هەڵبژاردنی ئەلگۆریزم
هەڵبژاردنی ئەلگۆریزمی گونجاو یەکێکی دیکەیە لە هەنگاوە گرنگەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، چۆن مرۆڤ بە چەند شێوازێکی جیاواز کێشەکان چارەسەر دەکات یان فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش چەندین جۆری جیاواز لە چارەسەری کێشە و فێربونی هەیە. لەم قۆناغەدا زانیاریی و ئەرکە جیاوازەکان دابەش دەکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی فێربوون و چارەسەری کێشەدا، بۆ نموونە ئەلگۆریزمی ناسینەوەی وێنە جیاوازە لە ئەلگۆریزمی پێشبینیکردنی ئەنجامی یاری تۆپی پێ، هەربۆیە لەم قۆناغەدا ئەلگۆریزمی گونجاو بۆ کێشەکە دیاری دەکرێت هەروەک چۆن کەسێک نەخۆش بێت بەپێی جۆری نەخۆشییەکەی دکتۆری بۆ دیاری دەکرێت.
پێنجەم: ڕاهێنان
دوای ئەوەی زانیارییەکان ئامادەکران بۆ بەکارهێنان، ئەم زانیارییانە دەدرێن بە ئەلگۆریزمەکان و ئەوانیش زانیارییەکان شیکار دەکەن ڕێکیدەخەن. ئەم قۆناغە دەبێتە قۆناغی پێدانی پرسیارەکان لەگەڵ وەڵامەکەی بەزیرەکی دەستکرد و زیرەکی دەستکردیش لە ئەنجامی پێدانی ئەو زانیارییانەوە و لەڕێگەی دزۆینەوەی پەیوەندی نێوانیانەوە دەتوانێت وەڵام و پێشبینی زیاتر بەرهەم بهێنێت. ئەم قۆناغەیان وەک ڕاهێنانی رۆژانەی یاریزانێک وایە بۆئەوەی بەردەوام هەوڵبدات باشتر بێت.
شەشەم: تاقیکردنەوە
دوای پێدانی زانیاریی و فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، ئێستا کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیە بۆئەوەی بزانن هەتا چەند زیرەکی دەستکردەکە فێربووە (هەروەک چۆن خوێندکار فێردەکرێت دواتر تاقی دەکرێتەوە). زیرەکی دەستکرد بە کۆمەڵێ پرسیار و داواکاریی تاقیدەکرێتەوە کە پێشوتر پێی نەدراوە بۆئەوەی بزانن هەتا چەند توانای وەڵامدانەوەی هەیە، هەروەک چۆن خوێندکار لە پۆلدا نموونەیەکی فێردەکرێت و لە تاقیکردنەوە نمونەیەکی جیاوازتری بۆ دێتەوە. ئەگەر زیرەکی دەستکرد وەڵامەکانی هەڵەی تێدابوو یان لەتاقیکردنەوە دەرنەچوو، دووبارە ڕاهێنانی پێدەکرێتەوە هەتا دەگاتە باشترین ئاستی خۆی (وەک فێرکردنی قوتابییەک ئاستی باش نەبێت هەتا زیرەک دەبێت).
حەوتەم: بڵاوکردنەوە
دوای ئامادەکردنی زیرەکی دەستکرد لە هەموو لایەنەکانەوە، ئەم زیرەکی دەستکردە بڵاودەکرێتەوە و بەردەست دەخرێت بۆ بەکارهێنان.
هەشتەم: بەردەوامی
ئەم پرۆسانەی سەرەوە بەردەوام دەبن و قەبارەی زانیارییەکان بەردەوام زیاتر دەبن، فێرکردنەکە بەهێزتر دەکرێت و ئەنجامی باشتر بەدەستدەهێنرێت.
تێبینی: سەیربکە تەنها بۆ ناسینەوەی یەک وێنە پێویستی بە چەندین زانیاری زۆر و ورد هەیە، ئەی ئەگەر ئەم زیرەکی دەستکردە لە چەند بوارێکی جیاوازدا بێت و وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە، دەبێت چەند ئاڵۆز بێت؟ هەربۆیە ئەم پرۆسەیە ئاسان نییە و زۆریش قورسە، تێچووی کۆکردنەوەی زانیاریی و هەڵگرتنیان و بەکارهێنانی کۆمپیوتەری ئاست بەرز بۆ بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد ملیارەها دۆلارە.
نمونەیەکی گشتگیر لەسەر فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، وایدابنێ دەتەوێت بەرنامەیەک دروست بکەیت کە بتوانێت وێنەی پشیلە بناسێتەوە.
هەنگاوی یەکەم: کۆکردنەوەی زانیارییەکان
- خەزنکردنی هەزاران وێنەی پشیلە (هەتا وێنەکان زیاتر بن بەرنامەکەت زیرەکتر دەبێت)
- خەزنکردنی هەزاران وێنەی ئاژەڵانی تر کە پشیلە نین.
هەنگاوی دووەم: ئامادەکردنی زانیارییەکان
- دانانی ناو بۆ وێنەکا،ن ئەوانەی پشیلەن بنووسرێت (پشیلە) ئەوانەی پشیلە نین ناوی ئاژەڵەکە بنووسرێت یان بنووسرێت (پشیلە نیە).
- لابردنی وێنەی ناڕوون و ناپێویست.
هەنگاوی سێیەم: هەڵبژاردنی ئەلگۆریزم
دیاریکردنی ئەلگۆریزمێک کە بۆ ناسینەوەی وێنە بەکاردێت.
هەنگاوی چوارەم: پێدانی زانیارییەکان
- پێدانی ئەو هەزاران وێنەیە بە بەرنامەکە کە ئامادەمان کردووە.
- ئەلگۆریزمەکە وێنەکان وەردەگرێت و دەستدەکات بە شیکاریکردن بۆیان و جیاوازی نێوان پشیلە و ئاژەڵەکانی تر لە هەموو ڕووییەکەوە دەستنیشان دەکات.
- بەرنامەکە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان پشیلە لەو وێنانەی پێیدراوە شیکار دەکات و ئەیانناسێتەوە.
هەنگاوی پێنجەم: تاقیکردنەوە
- وێنەیەکی پشیلەی پێدەرێت کە ئەو وێنەیەمان خەزن نەکردووە لە بەرنامەکەدا بۆئەوەی بزانین بەرنامەکە دەیناسێتەوە.
- پێدانی وێنەیەک کە کۆمەڵە ئاژەڵێکی تێدابێت بزانرێت دەزانێت کامە پشیلەیە و کامە پشیلە نیە.
- سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی زیرەکی دەستکردەکە بەندە بە ئاستی ناسینەوەکان بەوردی.
هەنگاوی شەشەم: چاکسازی
ئەگەر لەو وێنەیەدا ئاژەڵێک هەبوو نەیناسییەوە ئەوا مانای وایە زانیاری لەسەر ئەو جۆرە ئاژەڵە پێنەدراوە و دەبێت پێی بدرێت و دووبارە تاقیبکرێتەوە.
هەنگاوی حەوتەم: بەردەوامی
دەبێت بەردەوام وێنەی نوێی پشیلە و ئاژەڵەکانی تریشی پێ بدەیت بۆئەوەی زیاتر پێشبکەوێت.
چۆن زیرەکی دەستکرد لە نووسین و دەنگی مرۆڤ تێدەگات؟
دوای ئەوەی باسی ئەوەمانکرد زیرەکی دەستکرد چۆنڕرادەهێنرێت، کاتی ئەوەیە لە ئێمە تێبگات، وەڵامی پرسیار و داواکاریەکانمان بداتەوە.
تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ڕێگەی شیکارکردنی زمانی سروشتی مرۆڤ (NLP):
تەکنۆلۆژیای Natural language processing (NLP) بەشێکی سەر بە کۆمپیوتەر و زیرەکی دەستکردە، ئەرکی ئەوەیە یارمەتی کۆمپیوتەر و ئامێرە دیجیتاڵییەکان بدات تاوەکو لە مرۆڤ تێبگەن و کارلێکی لەگەڵ بکەن، NLP لە ناسینەوەی دەنگ، وەرگێڕان، پرسیار و وەڵام، دەرهێنانی زانیاری سودبەخش و مانادار لە نووسیندا بەکاردێت.
هەنگاوەکانی NLP بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ:
١- دابەشکردن (Tokenization): مرۆڤ داواکارییەکەی لەڕێگەی نووسین یان دەنگەوە دەدات بەزیرەکی دەستکرد و ئەویش سەرجەم وشەکانی ناو نووسینەکە جیادەکاتەوە، واتە نووسینەکە دەکات بە )وشە وشە(. ئەگەر داواکارییەکە دەنگ بێت سەرەتا دەنگەکە دەکات بەتێکست و پاشان دابەشی دەکات.
٢- لابردنی وشەی زیادە: زیرەکی دەستکرد چەند کردارێکی ڕێزمانی دیکە بەسەر ئەم نووسینەدا ئەنجامدەدات وەک لابردنی وشە زیادەکان، کە وەک ئامرازی پەیوەندی یان فاریزە و وەستان لە ڕستەدا بەکارهاتوون، پاشان جیاکردنەوەی وشەکان لەسەر بنەمای (ناو، فرمان، ئاوەڵناو ... هتد)، دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکان وەک (مرۆڤ، تەنەکان، شوێن، ڕێکخراوەکان، بەروار ... هتد).
٣- ماناسازی: زیرەکی دەستکرد هەوڵدەدات لەسەر بنەمای ئەو نووسینەی پێیدراوە لە مانای وشە دابەشکراوەکان تێبگات، کە ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە پێناسەی وشەکە و چۆنیەتی بەکارهێنان و وشە هاوشێوەکانی (مورادیف).
٤- شیکاری ڕستەسازی: دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکان، کە چۆن لە ڕستەیەکدا پێکەوە دەگونجێن بۆئەوەی لە ماناکەی تێبگات.
٥- شیکاری پراگماتیکی: زانینی مەبەستی مرۆڤ لە بەکارهێنانی ئەو وشانە لەو ڕستەدا (مانای پشت وشەکان).
٦- وەرگرتنی زانیاری: دوای ئەوەی زیرەکی دەستکرد هەموو لایەنەکانی نووسینەکەی شیکار کرد و تێگەیشت لە داواکارییەکە، بەپشتبەستن بەو زانیارییە زۆرەی کە لە قۆناغی فێرکردندا پێی دراوە یان لە ڕێگەی گەڕانەوە، زانیاری پەیوەندیدار بە داواکارییەکە وەردەگرێت.
٧- دروستکردنی وەڵام: بە پشتبەستن بە زانیارییە وەرگیراوەکان زیرەکی دەستکرد وەڵامی وشە بە وشەی ڕستەکە ئامادە دەکات، چونکە ناتوانێت بەیەکجار وەڵامەکە ئامادە بکات، پاشان لە ڕێگەی دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکانەوە وەڵامی کۆتایی بۆ داواکارییەکە ئامادە دەکات. ئەگەر مرۆڤەکە ویستی بەشێوازی دەنگ وەڵامەکە وەربگرێت ئەوا نووسینەکەی بۆ دەخاتەوە سەر شێوازی دەنگ. پێش ئەوەی وەڵامەکە بداتەوە بەمرۆڤ زیرەکی دەستکرد پشکنین بۆ سەرجەم زانیارییەکان دەکات بۆئەوەی دڵنیابێتەوە زانیارییەکان یاسا شکێنی و توندوتیژی تێدا نەبێت.
٨- هەڵسەنگاندن: دوای ئەوەی وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە، زیرەکی دەستکرد وەڵامەکەی خۆی هەڵدەسەنگێنێت لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان داواکاریی و وەڵامەکە، هەروەها ڕای ئەو مرۆڤەش کە داواکارییەکەی کردووە کە دەتوانێت پێی بڵێت وەڵامەکەت دروستە یاخود نا، ئەگەر پێویستی کرد دەتوانێت کەموکوڕییەکان چاک بکات و دووبارە لیستێکی دیکە ئامادە بکات.
نمونەیەکی گشتگیر:
داواکاری مرۆڤ لە زیرەکی دەستکرد:
تکایە دەتوانیت لە نزیک مزگەوتی گەورە چێشتخانەیەکی باش پێشنیاز بکەیت؟
کاردانەوەی زیرەکی دەستکرد بۆ داواکارییەکەی ئێمە:
١- دابەشکردن (Tokenization)
(تکایە)، (دەتوانیت)، (لە نزیک)، (مزگەوتی)، (گەورە)، (چێشتخانەیەکی)، (باش)، (پێشنیاز)، (بکەیت).
٢- لابردنی وشە ناپێویستەکان: دوای لابردنی وشە ناپێوستەکان و ڕێکخستنەوەیان بەم شێوەیەی لێدێت:
(چێشتخانە)، (باش) ، (پێشنیاز)، (لە نزیک)، (مزگەوتی)، (گەورە).
٣- تێگەیشتنی لە مانای وشەکان:
- - چێشتخانە: شوێنێکە خەڵک نانی تێدا دەخۆن و پارە دەدەن.
- - مزگەوتی گەورە: شوێنێکی ئاینی دیاریکراوە.
- - لە نزیک: ئاماژەیە بۆئەوەی لەم ڕستەیەدا چێشتخانە و مزگەوتی گەورە پەیوەندییان پێکەوە هەیە.
٤- شیکاری ڕستەسازی: زیرەکی دەستکرد تێدەگات کە:
- کۆی مانای ئەم ڕستەیە داوای زانیاری دەکات.
- بەکارهێنانی وشەی (نزیک) ئاماژەیە بۆئەوەی کە پرسیارەکە لەسەر بنەمای شوێنە.
٥- شیکاری پراگماتیکی: زیرەکی دەستکرد مەبەستەکانی داواکارییەکە شیدەکاتەوە:
- - کەسی پرسیارکەر بەدوای چێشتخانەیەک دەگەڕێت شوێنێکی دیاریکراو (مزگەوتی گەورە).
- - بەکارهێنانی وشەی (باش) مانای وایە کەسەکە بەدوای چێشتخانەیەک دەگەڕێت کوالێتی باش بێت.
٦- وەرگرتنی زانیاری: ناوی ئەو چێشتخانانە وەردەگرێت کە لە نزیک مزگەوتی گەورەن.
٧- ئامادەکردنی وەڵام: زیرەکی دەستکرد وەڵامەکە بەشێوازێک ئامادە دەکات کە مرۆڤ لێی تێبگات و لیستی ناو و ناونیشانی چێشتخانەکان دەدات بە داواکارەکە.
٨- هەڵسەنگاندن:
هەڵسەنگاندن بۆ وەڵامەکە دەکات.
گرفتەکان:
بەهۆی جیاوازی مرۆڤ لە شێوازی نووسین و دەربڕین و ڕێزمانی و ناڕوونی داواکارییەکانیان، تێگەیشتن لە مرۆڤ و مەبەستەکانی بۆ زیرەکی دەستکرد بەتەواوی کارێکی ئاڵۆز و سەختە، ئەمە جگەلەوەی هەبوونی چەند مانایەک بۆ یەک وشە گرفتێکی دیکەیە، هەروەها بەردەوام گۆڕانکاری لە زمانی مرۆڤ و مەبەستی بەکارهێنانیدا دەکرێت، هەربۆیە چەندین تەکنیکی ورد و ئاڵۆز بۆ چارەسەری ئەم کێشانە بەکاردەهێنن کە باسکردنیان لێرە بۆ کەسانێک پسپۆڕ نەبن سودێکی ئەوتۆی نییە.
گشتاندن
ئەو داواکارییەی لە زیرەکی دەستکرد دەکرێت، هەرچۆن بێت بەم هەنگاوانە دەتوانێت وەڵامی خۆی ئامادە بکات.
بۆ نموونە دەکرێت داوای نووسینی بابەت لە زیرەکی دەستکرد بکەیت لەسەر تێکچوونی ژینگە یان داڕشتنی هەواڵێک لەسەر بابەتێکی دیاریکراو یان نووسینی تێکستی ڕێکلام و هەر شتێکی دیکە بەبیری تۆدا دێت.
تێبینی: لەڕووی زانستییەوە ئەمە هەنگاوەکان بوو، دەکرێت جیاوازی بچووک لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی دیکە هەبێت بەپێی ئەلگۆریزم و مۆدیۆڵە بەکارهاتووەکان.