ڕاز عەزیز ئەحمەد - ماستەر لە زمانى کوردى، زانکۆی ڕاپەڕین
لە دونیای ئەمڕۆدا، کە زانیاری زۆر بەخێرایی ئاڵوگۆڕ دەکرێت، چەمکی وەرگێڕان گرنگییەکی بەرچاوی بۆ دروستبووە و هەیە. توانای گواستنەوەی چەمکەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر نەک تەنها سنوورە زمانەوانییەکان ناهێڵێت، بەڵکو وەک پردی پەیوەندیکردن لە بواری زانستیی و کولتووریی و ئابووریشدا کاردەکات. هاوکات پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەرهەڵدانی ژیریی دەستکرد گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە چەمک و پرۆسەی وەرگێڕاندا کردووە. زیرەکی دەستکرد لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بواری وەرگێڕان و توانیویەتی پێگەیەکی گرنگ لەم بوارەدا بەدەستبهێنێت.
ئەم بابەتە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە وەرگێڕانی دەق و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەم بوارەدا دەکات، لەهەمانکاتدا شیکاری ئەو سود و ئاڵنگارییانە، یاخود بەرهەڵستییانە دەکات، کە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد ڕووبەڕووی دەبنەوە.
- چەمکی وەرگێڕی ژیریی دەستکرد:
وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد ئەو سیستەمەن، کە توانای وەرگێڕانی دەقەکانیان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر هەیە بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی ئامێر و پرۆسێسی زمانی سروشتی. ئەم وەرگێڕانانەی ژیریی دەستکرد بۆ فێربوون و باشترکردنی کوالێتی وەرگێڕانەکانیان، داتا گەورەکان و تۆڕە دەمارییەکان بەکاردەهێنن. بەپێچەوانەی وەرگێڕانی مرۆڤ، کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی زمانەوانیی و کولتووری کاردەکەن، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای نەخش و داتای ئاماری کاردەکەن و بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەقەکان وەردەگێڕن.
سەرەتا، وەرگێڕانی ئامێر تەکنیک و شێوازی وەرگێڕانی تەقلیدییان بەکارهێناوە، کە لەسەر بنەمای یاسا زمانەوانییەکان دامەزراون؛ بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد گۆڕاون و وەرگێڕانەکان لەسەر بنەمای فێربوونی قوڵ و تۆڕە دەمارییەکان بوون. ئەم پێشکەوتنە ڕێگەیان پێدەدات بە تێپەڕبونی کات کوالێتی وەرگێڕانەکانیان باشتر بکەن. بۆ نموونە سیستەمی وەرگێڕانی وەک گوگڵ ترانسلێت(Google Translate) و دیپڵ(DeepL) ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاردەهێنن و توانیویانە تواناکانیان بەرەو ئاستێک پێشبخەن، کە لە زۆر حاڵەتدا نزیکە لە وەرگێڕانی مرۆڤەوە.
* سودەکانی بەکارهێنانی وەرگێڕی ژیریی دەستکرد(AI):
وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد سودی یەکجار زۆر بۆ بەکارهێنەران و ڕێکخراوەکان دەهێنن. ئەم سودانە بوونەتە هۆی ئەوەی، کە ئەم ئامرازانە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ژینگەی پیشەیی و ڕۆژانەدا بەکاربهێنرێن. لە خوارەوە باس لە هەندێک لەم سودانە دەکەین:
١- خێرایی زۆر(خێرایی باڵا):
یەکێک لە گرنگترین سودەکانی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد خێرایی زۆری وەرگێڕانی دەقەکانە. لەکاتێکدا وەرگێڕانی مرۆڤ پێویستیان بە کاتێکی زۆرە بۆ وەرگێڕانی دەقەکان، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد توانای وەرگێڕانی دەقی درێژیان هەیە لە کەمترین چرکەدا. ئەم تایبەتمەندییە بەتایبەتی لەو حاڵەتانەدا بەسودە، کە پێویستت بە وەرگێڕانی بەپەلە و خێرا هەیە.
٢- تێچووی کەمتر:
بەکارهێنانی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد تێچووی وەرگێڕان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە. لەکاتێکدا وەرگێڕانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی کرێی زیاتر وەردەگرن بۆ وەرگێڕانی دەقەکان، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بە کرێیەکی زۆر کەمتر، یان تەنانەت بەخۆڕایی بەردەستن. ئەمەش یارمەتی کۆمپانیا و تاکەکان دەدات پارە پاشەکەوت بکەن وەک لەوەی لە وەرگێڕانی دەقەکانیان بۆ مرۆڤ خەرجی بکەن.
٣- بەئاسانی دەستگەیشتن پێیان:
وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بەشێوەیەکی بەرفراوان بەردەستن و بەکارهێنەران دەتوانن لەهەر کاتێکدا و لەهەر شوێنێک بەکاریان بهێنن. ئەم ئامرازانە بەزۆری بەشێوەی ئۆنلاین، یان لەڕێگەی ئەپی مۆبایلەوە دەستیان پێدەگات و پێویستیان بە ئامێر و کاڵای تایبەت نییە. ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لەهەر کاتێکدا دەقەکانیان وەربگێڕن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پەنابردنە بەر وەرگێڕی مرۆیی هەبێت.
٤- پشتگیری بۆ زمانە جیاوازەکان:
یەکێک لە سودە گرنگەکانی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد توانای وەرگێڕانی دەقەکانە بۆ زمانی جیاواز. زۆرێک لە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد پشتگیری لە چەندین زمان دەکەن، بەکارهێنەرانیش دەتوانن دەقەکانیان وەربگێڕن بۆ زمانی جیاواز. ئەمەش بەتایبەتی لە ژینگەی فرەزمان و نێودەوڵەتییەکاندا گرنگە.
٥- باشترکردنی بەردەوامی کوالێتی وەرگێڕان:
بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی قوڵ و شیکاری داتا گەورەکان، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بەردەوام کوالێتی وەرگێڕانەکانیان باشتر دەکەن. ئەم ئامرازانە هەر جارێک، کە بەکاردەهێنرێن لە داتا نوێیەکانەوە فێردەبن و دەتوانن وەرگێڕانی وردتر پێشکەش بکەن. ئەم پرۆسەی خۆفێربوونە ڕێگە بە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد دەدات، کە وەرگێڕانێک بەدەستبهێنن، کە بە تێپەڕبونی کات لە وەرگێڕانی مرۆڤەوە نزیکبن.
- بەرهەڵستییەکان بۆ وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد:
سەرەڕای سودە زۆرەکانیان، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەرهەڵستی دەبنەوە، کە کاریگەرییان لەسەر کوالێتی و وردی وەرگێڕانەکانیان هەیە. ئەم بەرهەڵستییانە ڕەنگە بەومانایە بێت، کە هێشتا لە هەندێک حاڵەتدا وەرگێڕانی مرۆڤ بەباشتر دەزانرێت. لە خوارەوە باسی هەندێک لەو بەرهەڵستیانە دەکەین:
١- نەبوونی تێگەیشتنی زمانەوانی و کولتووری:
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان بۆ وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد، نەبوونی تێگەیشتنی زمانەوانی و کولتوورییە. وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای داتا و ئەلگۆریتمەکانی ئاماری کاردەکەن و توانای تێگەیشتنێکی قوڵیان لە چەمکە کولتووریی و زمانەوانییەکان نییە. لەکاتێکدا وەرگێڕانی مرۆڤ دەتوانن بە لەبەرچاوگرتنی چوارچێوەی کولتووریی و زمانی دەقەکە وەرگێڕانی ورد و گونجاو پێشکەش بکەن، بەڵام وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە وەرگێڕانی هەڵە یان نەگونجاویان لێبکەوێتەوە.
٢- زەحمەتی وەرگێڕانی دەقی هونەریی و ئەدەبی:
وەرگێڕانی دەقی هونەریی و ئەدەبی یەکێکە لە بوارە ئاڵۆزەکانی وەرگێڕان. لەمجۆرە دەقەدا، نەک هەر دەبێت مانای وشەکان بە دروستی بگەیەنرێت، بەڵکو دەبێت هەست و سۆز و شێوازی نووسەر و جوانی زمانەکەش بپارێزرێت. بەهۆی سنورداربوونیان لە تێگەیشتن لەم لایەنانە، وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد ناتوانن وەرگێڕانی هونەریی و ئەدەبی کوالێتی بەرز پێشکەش بکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هێشتا لەم بوارانەدا وەرگێڕانی مرۆڤ بەباشتر دەزانرێت.
٣- پێویستی بە دەستکاریکردنی مرۆڤ هەیە:
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە زۆرانەی کە وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بەدەستیانهێناوە، بەڵام وەرگێڕانەکانیان هێشتا پێویستیان بە دەستکاریکردنی وەرگێڕانی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی لە دەقە هەستیار و تایبەتمەندەکاندا گرنگە. لە زۆر حاڵەتدا بۆ دڵنیابوون لە وردی و دروستی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوە هەیە.
- ڕۆڵی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد لە داهاتووی وەرگێڕان:
بەلەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا، چاوەڕوان دەکرێت وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا ڕۆڵێکی زیاتر لە پیشەسازی وەرگێڕاندا، بگێڕن. بەتێپەڕبونی کات ئەم ئامرازانە دەتوانن وەرگێڕانی وردتر و کوالێتی بەرزتر پێشکەش بکەن و وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر شانبەشانی وەرگێڕانی مرۆڤایەتی کاربکەن.
- تێکەڵکردنی وەرگێڕانی مرۆڤ و ژیریی دەستکرد:
یەکێک لە سیناریۆ پێشبینیکراوەکان بۆ داهاتووی وەرگێڕان، تێکەڵکردنی وەرگێڕانی مرۆڤ و ژیریی دەستکردە. لەم سیناریۆیەدا وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بەکاردەهێنرێن بۆ ئەنجامدانی وەرگێڕانی سەرەتایی، پاشان وەرگێڕە مرۆییەکان بە پێداچوونەوە و دەستکاریکردنی ئەم وەرگێڕانە کوالێتی کۆتایی مسۆگەر دەکەن. ئەم پێکەوەگرتنە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی خێرایی و وردی وەرگێڕان و کەمبوونەوەی تێچوونەکان.
- باشترکردنی وەرگێڕانی تایبەتمەند:
بە پێشکەوتنی زیاتر لە فێربوونی قوڵ و پرۆسێسی زمانی سروشتی، پێشبینی دەکرێت وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد بتوانن لە داهاتوودا وەرگێڕانی تایبەتمەندتر پێشکەش بکەن. بە فێربوون لە داتا تایبەتمەندەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم ئامرازانە دەتوانن وەرگێڕانی وردتر بە زاراوەی تایبەتمەندی گونجاو پێشکەش بکەن.
- وەرگێڕانی هاوکات:
یەکێک لە بەکارهێنانە سەرنجڕاکێشەکانی داهاتووی وەرگێڕانی ژیریی دەستکرد وەرگێڕانی هاوکاتە. ئەم تەکنەلۆژیایە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات، کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەیەک کاتدا گفتوگۆکانیان بۆ زمانە جیاوازەکان وەربگێڕن. ئەمەش دەتوانێت لە ژینگە فرەزمانیی و نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆنفرانس و کۆبوونەوە بازرگانییەکان زۆر بەسود بێت، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
- زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری:
وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد دەتوانن، بە تێپەڕبوونی کات، یارمەتیدەربن لە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. بە توانای وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی و خێرای دەقەکان بۆ زمانە جیاوازەکان، بەکارهێنەرانی جیهان دەتوانن دەستیان بگات بەو زانیارییانەی، کە بە زمانەکانی دیکە پێشکەش دەکرێن و سودیان لێوەربگرن. ئەمەش بەتایبەتی لە بوارەکانی زانستی و توێژینەوەدا گرنگە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاڵوگۆڕی زانست و زانیاری لەسەر ئاستی جیهانی.
- ئەنجام:
وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە گۆڕینی پیشەسازی وەرگێڕان و بوونەتە یەکێک لە ئامرازە بەربڵاوەکان لەم بوارەدا. ئەم ئامرازانە بە دابینکردنی وەرگێڕانی خێرا و هەرزان و دەستڕاگەیشتن، پێگەیەکی تایبەتیان لەنێو بەکارهێنەران و ڕێکخراوەکاندا بەدەستهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لەوانە تێگەیشتنی زمانەوانیی و کولتووری، وەرگێڕانی دەقی هونەریی و ئەدەبی و وەرگێڕانی زاراوەی تایبەت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە زۆر حاڵەتدا پێویستی بە دەستکاریکردن و پێداچوونەوە لەلایەن وەرگێڕانی مرۆڤەوە هەیە.
لە داهاتوودا بە پێشکەوتنی زیاتر لە بواری ژیریی دەستکرد و پرۆسێسکردنی زمانی سروشتیدا، پێشبینی دەکرێت وەرگێڕانەکانی ژیریی دەستکرد بتوانن وەرگێڕانی وردتر و کوالێتی بەرزتر بەدەستبهێنن و وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر شانبەشانی وەرگێڕانی مرۆیی کاربکەن. ئەم پێکەوەگرتنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی کوالێتی وەرگێڕانەکان و زیادکردنی خێرایی و کەمکردنەوەی تێچوونەکان لەم بوارەدا.