لە شەمعون پێرێزە وە هەتا ناتانیاهۆ کورد لە پەراوێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا
لە شەمعون پێرێزە وە هەتا ناتانیاهۆ کورد لە پەراوێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا
  2025/08/12     84 جار بینراوە    


د. ئیبراهیم محەمەد عەزیز

پێشەکی

بابەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و گۆرانکارییەکان و لێکەوتەکانی گرنگی تایبەتی هەیە بۆ کۆی نەتەوەکانی ناوچەکە و دەوڵەتە زلهێزەکان، هەرچەندە کورد یەکێکە لە نەتەوە سەرەکییەکانی ناوچەکە، بەڵام بەداخەوە لە ناوەندی گۆرانکارییەکاندا کاراکتەری سەرەکی نییە و لە پەراوێزی هاوکێشەکاندایە. تەنانەت جۆرێک لە بیر و بۆچوون هەیە کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کوردیش دەتوانرێت ئارامی و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت، کە پێموایە ئەم جۆرە مامەڵە و بیرکردنەوانە بە کەم سەیرکردنی پرسی کورد و کاریگەرییەکانیەتی. باسکردن و شیکارکردنی پرسی کورد لە ئێستادا لە دەرەوەی وێنە گەورەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نوێ و بارودۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جیهانی نوێ ناواقیعییە و سروشتی خۆی وەرناگرێت.

بەهەرحاڵ پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە؛  پرسی کورد لە پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا لە کوێدایە و چۆنە؟

بۆ ئەنجامدانی ئەم بابەتە شیکارییە سەرەتا تیشک دەخەینە سەر پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی شەمعۆن پێرێز، پاشان پرۆژەکانی ئەمریکا و دیدگای بەرپرسەکانیان لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و نوێ، پاشان خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لەلای ناتانیاهۆ وگۆرانکارییەکانی جیهان و ناوچەکە. هاوکات ئەم لیکۆڵینەوەیە دووبارە خوێندنەوەی پرۆژەکانە و بەهەندوەرگرتنی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە و دیدگایی ئێستای ترەمپە لەوبارەوە.

لەم نیوەندەشدا بە گرنگی دەزانین بزانین کورد لەکوێی  پرۆژە جیاوازەکاندایە و بارودۆخە نوێیەکە چ کاریگەرییەک لەسەر کورد دروست دەکات و لێکەوتەکانی چۆن دەبێنرێت.

یەکەم: پرۆژەی شەمعون پێرێز بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

ئەم پرۆژەیەی شەمعۆن پیرێز دوای ڕێکەوتنی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستینی و ئیسرائیل هات کە لە ساڵی ١٩٩٣ لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاویکردەوە بەناونیشانی "خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ"،  ئەم پرۆژەیە ڕەنگدانەوەی دیدگای ئەو کاتی ئیسرائیل و خوێندنەوەی تازە بوو بۆ بارودۆخی ناوچەکە لە پاش ڕێكەوتن لەگەڵ فەڵەستینییەکان، بەڵام پێرێز دوو خاڵی سەرەکی بە مەترسی دادەنا بۆ پرۆژەکەی، ئەوانیش:

یەکەم: مەترسی ئیسلامی، کە مەبەست لێی گەشەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان بوو لە ناوچەکە.

دووەم: بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەوانەش بەرهەڵستکاری بێ ئومێدی کوردەکان (ئەو وای نوسیبوو).[1]

ئەو پێیوابوو ئاشتی لە ناوچەکە بەبێ چارەسەری کێشەکان بەدی نایەت و نە عەرەب دەتوانن ئیسرائیل ببەزێنن و نە ئیسرائیلیش دەتوانێت مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت، هەربۆیە باشترین شتێک جارەسەری ئاشتییانەیە لە نێوان هەردوو لادا، بەڵام بەپێی پرۆژەی خۆیان.

پێرێز پرۆژەی ئەوە بوو کە دەبێت ڕێکخستنی هەرێمایەتی بگۆڕدرێت بۆئەوەی ئاشتی بەدی بێت، بۆ ئەمەش گۆڕینی مۆدیلی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە. دروستکردنی ناوەندنێکی هەرێمایەتی هاوشێوەی یەکێتی ئەوروپا و بازاڕی هاوبەش دەتوانێت ئامانجەکە بەدی بهێنێت. بۆ ئەم پرۆژەیەش چوار بنەما پێویستن (ئارامی سیاسی، گەشەی ئابووری، ئاسایشی نەتەوەیی، بڵاوکردنەوەی دیموکراسی). [2]

ئەڵبەتە ئەم بوارانە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە لە سێ ڕەگەزی ناکۆکیدا، کە بریتین لە (سنوورێکی نەرمی گۆڕاو  نەک نەگۆڕ و چەسپاو، سیستمی سیاسی کۆنفیدراڵی بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە، شێوازی دیموکراسی). ئەم تێڕوانینە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە پێویستە جوگرافیای سیاسی ناوچەکە بگۆڕدرێت بەجۆرێک بتوانرێت دەوڵەتان لەو سنورانەی کە بۆیان کێشراوە بگوازرێنەوە بۆ قۆناغێکی نوێی پەیکەری سیاسی کە تیایدا ئیسرائیل و ئەوانی تریش بەیەکەوە بتوانن ئارامی دابین بکەن. ئەو ئامانجی دروستکردنی خێزانێکی هەرێمایەتی بوو کە بازاڕێکی هاوبەشیان هەبێت و ئیسرائیل تیایدا ئارام و سەردارێتی هەبێت و خاڵی بێت لە بزاڤ و مەترسیی ئیسلامی ئوصوڵی. لە بارودۆخێکی وەهادا ئەوان سوودمەندی سەرەکی دەبن و لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان گەڵاڵە دەبوو.

ئەم پرۆژەیەی پێرێز بەهیچ جۆرێک باسی دەوڵەتی کوردی و چارەسەری کێشەی کوردی نەکردووە بەشێوەیەکی تایبەت، بەڵکو تەنها دەڵێت یەکێک لە گرفتەکانی ناوچەکە کێشەی کوردە و هیچ دیدگایەکی تایبەتی دەرنەبڕیوە لەسەر ئەوەی کە بارودۆخ و پێگەی کورد لەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیەی کە باسی دەکات چۆنە. هەرچەندە ئەگەر بەگشتی سەیری پرۆژەکە بکەیت زیاتر دەوڵەت وەک یەکەیەکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و باسی کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان ناکات لە ناوچەکە، تەنانەت باسی مافی نەتەوەیی و پرسی گەلان ناکات کە کورد بووەتە قوربانی ئەو بابەتە. هەربۆیە ئەگەر بهاتبایە پرۆژەکەی سەرکەوتوو بوایە ئەوا هیچ ئومێدێک بۆ ئەو نائومێدییەی خەباتی کورد کە وەک پێرێز باسی دەکات بوونی نەدەبوو، بەواتایەکی تر هەر باش بوو پرۆژەکەی سەرکەوتوو نەبوو ئەگەرنا کێشەی کورد لەو نێوەندەدا دەکرا بە قوربانی پرۆژەسەردارییە ئابوورییە سیاسییەکەی ئیسرائیل.

دووەم: پرۆژەی ئەمریکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە و نوێ

پرۆژەکانی ئەمریکا لە دوای ١١ی سێپتەمبەر و ڕووخانی ڕێژمی سەدام یەکێکی تر بوو لەو هەوڵانەی کە دەویسترا گۆڕانکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامبدرێت و خۆرهەڵاتێکی گەورە یان نوێ بهێنرێتەکایەوە. ئەمریکا لە شوباتی ٢٠٠٤ پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دیموکراتیزەکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو.[3] ئەم پرۆژەیە لەکاتێکدا خرایە ڕوو کە سیستمی جیهانی تاک جەمسەری ئەمریکا لە ئەوپەڕی بەهێزیدا بوو بەجۆرێک دەوڵەتە زلهێزەکانی تر نەیاندەتوانی بەرهەڵستی جۆرج دەبلیو بۆش بکەن، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتمبەری ٢٠٠١. کەواتە ئەمریکا لەوکاتەدا باش دەیزانی کە دەوڵەتانی تر ناتوانن ڕێگری لێ بکەن ئەگەر بیەوێت هەرجۆرە گۆڕانکارییەک بکات و چۆنیش بیکات، بەڵام ئەوەی کە ئامانجی پرۆژەکە بوو سێ تەوەری سەرەکی بوو: یەکەم هاندانی دیموکراسی و حوکمڕانی باش. دووم: بیناکردنی کۆمەڵگای زانیاری و سێیەم: فراوانکردنی کایەی ئابوور. [4] ئەم ئامانجانە جۆرێک لە بەهای لەخۆگرتبوو وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ وئازادیی ! کە لەڕاستیدا هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەکراوی نەبوو.

ئامانجی ئەم پرۆژەیە بەشێوەیەکی ڕوون دووبارە داڕشتنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەر سێ بوارە سەرەکییەکەدا بوو ئابووری سیاسی وکۆمەلایەتی، لەگەڵ لایەنی نەخشەسازی سنوورەکان بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی شیوازێکی نوێ و ئیتر لەبری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی گەورەی نوێ شوێنی بگرێتەوە. جۆرج دەبلیو بۆش دەیویست پەیکەری جیهانی ئیسلامی و ناوچەکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا.[5] ئەم داڕشتنەوەیەش پێویستی بە گۆڕانکاری قوڵ دەبوو بۆئەوەی ببێتە ڕێگایەک بۆ سەرلەنوێ هینانەکایەی بارودۆخێکی نوێ کە لەگەڵ خواست و قۆناغەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی کە ئیسرائیلە بگونجێت. کۆڵن پاول لە ١١/٥/٢٠٠٣ لەمیانەی سەردانێکی بۆ میسر و ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە پلانیدایە کە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، واتە هەتا ٢٠١٣.[6] ئەمە جۆرێک بوو لە ئاگادارکردنەوە و هەوڵێکیش بوو بۆئەوەی کە هەموو لایەک بزانن ئەمریکا چی دەیەوێت لە ناوچەکە، هەربۆیە لەو ماوەیەی کە کۆڵن پاوڵ دیاریکردبوو گۆڕانکاری زۆر ڕوویدا، لەوانە بەهاری عەرەبی و گۆڕێنی هەندێک لە سەرۆکی دەوڵەتە عەرەبییەکان و هاتنی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤، بەڵام نەک ئامانجەکەی ئەمریکا بەدی نەهات، بەڵکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهەمان نەخشەی سیاسی مایەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی لەناو هەندێک دەوڵەت بەشێوەیەکی سنووردار گۆڕانکاری هاتەبوون.

بەهەمان شێوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە كۆندالیزا ڕایس لە ڕێكەوتی ٢٠/٧/٢٠٠٦ لەژێر دروشمی (الفوضی الخلاقة) ڕایگەیاند کە خۆرهەڵاتی ناوەراستی نوێ بە ناڕەحەتی لەدایک دەبێت و ڕێگاکەیشی جەنگی نێوان لوبنان و ئیسرائیلە کە لە ٢٠٠٦-٢٠٠٧ دا ڕوویدا. ئەوەی ڕایس ڕایگەیاند چوارچێوەیەکی لەخۆدەگرت کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

1-        هەڵوەشانەوە و لەناوبردنی بواری سەربازی بزاڤە ئیسلامییە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا بەتایبەت حزب الله و حماس.

2-        ڕێگریکردن لە ڕۆڵی هەرێمایەتی سوریا لە لوبنان و عێراق و دابڕینی سوریا لە ئێران.

3-        زاڵبوون بەسەر قەیرانی سیاسی و ئاسایشی لە عێراقدا.

4-        دابڕینی ئێران و وەستانەوە دژی بەرنامە ناوەکییەکەیی و دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی هەرێمایەتی بۆ ڕێگریکردن لە ڕۆڵی هەرێمایەتی ئێران لە ناوچەکە.

5-        هاوبەشی پێکردنی ئیسرائیل لەڕووی ئابووریی و سیاسی لە ناوچەکە و پێدانی ڕۆڵێ سەرکردایەتیکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەر بەوردی سەیری ئەم خاڵانە بکەیت بەشێوەیەکی گشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لەوچوارچێوەدا دەخولێتەوە و بەرەو ئەو ئاڕاستەیەیە. بۆ بەدیهێنانی ئەم هەنگاوانەش هەموو هەوڵێکی خۆیاندا بۆئەوەی ئیسرائیل لە جەنگی لوبناندا بتوانێت هەنگاوێکی بەرەوپێش بنێت و بەکرداری پلانی گۆڕانکاری بەدی بێت، بەڵام لەوکاتەدا بەدی نەهات.

لەچوارچێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی ناوچەکە ڕاڵف پیتەرز کە جەنەراڵێکی خانەنشینی ئەمریکی بوو لە ناوەندێکی توێژنەوەدا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٦ پرۆژەیەکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەناوی (حدود الدم، کیف سیبدء الشرق الاوسط بحالتە الافضل؟)[7] بڵاوکردەوە کە شێوازەکەی نەخشەسازی چوارچێوەیەکی نوێ بوو بۆ ناوچەکە و لەوێدا نەخشەی کوردستانی گەورەیشی کێشابوو لەپاڵ دەوڵەتانی تردا لەسەر شێوازێکی نوێ، بەڵام ئەم هەوڵەی پیتەرز هیچ سیفەت و شێویەکی فەرمی نەبوو لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام هاوزەمان بوو لەگەڵ پرۆژەکەی كۆندالیزا ڕایس. بەهەمان شێوە جۆ بایدن لە سێپتەمبەری ٢٠٠٧ پرۆژەیەکی بۆ دابەشکردنی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرد و بە کۆی ٧٥ دەنگ لە کۆی ١٠٠ دەنگ ڕەزامەندی بەدەستهێنا.

لەو پرۆژەیەی بایدندا عێراق بەسەر سێ هەرمدا دابەشکرابوو، بەغدادیش ناوەند بێت بۆ هەموو لایەک، کورد کە خۆی هەرێمی هەبوو بەهەمان شێوە سوننە و شیعەش دەبوون بە خاوەنی هەرێمی خۆیان. لەنێو ئەو پرۆژانەی کە خراونەتە ڕوو تەنها ئەوەی بایدن پرسی کوردی لەچوارچێوەی عێراقدا لەبەرچاوگرتبوو، بەڵام دژایەتییەکی بەرفراوانی بۆ دروستبوو لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی ناوچەکەش، هەرچەندە ئەم پرۆژەیەی بایدن هیچ کارێکی گەورەی بۆ کورد تێدا نەبوو تەنها ئەوە نەبێت کە عێراق پارچە پارچە دەبوو، کە لەوەدا کورد ئەگەری ئەوەی هەبوو قۆناغێک بچێتە پێش بۆ کۆنفیدراڵی یان فیدراڵییەکی بەهێزتر، بەڵام دوای ئەوەی بایدن خۆی بوو بە سەرۆک هیچ هەنگاوێکی لەو جۆرەی نەنا بۆ کورد و عێراق، ئیتر ئەو پرۆژەیەش سەرکەوتوو نەبوو. بەکورتی پرۆژەکانی ئەمریکا فەرمی و نافەرمی نەیانتوانی لە ماوەی ڕابردوودا پرسی کورد ببەنە قۆناغێکی پێشکەوتوو کە ڕەنگدانەوەی خواستی کورد بێت.

سێ یەم: ناتانیاهۆ و پرۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

لەمیانەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و باشووری لوبنان و گەرمبوونی ململانێکانی لەگەڵ ئێران و هاتنی ترەمپ بۆ جاری دووەم بۆ دەسەڵات، ناتانیاهۆ چەندین جار پێداگری لەسەر دەکاتەوە نەخشەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بنیات دەنێت.[8] دوای ئەوەی بەشار ئەسەد هەرەسی هێنا و ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر حوسییەکان و ئێران توندتر کردەوە، ناتانیاهۆ زیاتر موکوڕ بووە لەوەی کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دێتەبوون. بەشێوەیەکی فەرەمی هیچ پلانێکی نووسراو و دەقێکی ئاشکرا بوونی نییە لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بڵاویش نەکراوەتەوە کە چۆن نەخشەی سیاسی و جوگرافی ناوچە دەگۆڕێت، بەڵام ئاماژەکان بۆ چەند خاڵێک دەڕوات:

1-        لاوازکردنی ئێران و شکستپێهێنانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و لێدانی لە ئەگەری نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا.

2-        لەناوبردنی گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان لە سەروو هەموویانەوە حەماس و حزب اللە و ئەوانی تر کە نەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.

3-        سەرکردایەتیکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کۆنترۆڵکردنی سەربازی ناوچەکە.

4-        ڕێرەوە ئاویی و وشکانییەکان (ڕێگا و ڕێرەوی داود)[9] بۆ مەبەستی بازرگانی و بوژانەوەی ئابووری بە سەنتەرکردنی ئیسرائیل.

5-        گۆڕینی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بەجۆرێک کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتر بۆ ئیسرائیل دەستەبەر بکات.

ئەگەر بەوردی لە پرۆژەکەی پێرێز و ناتانیاهۆ بکۆڵینەوە دەردەکەوێت جیاوازییەکی بنەڕەتی و قوڵیان نیە تەنها ئەوە نەبێت بارودۆخی جیاوازی نێودەوڵەتی کە ئێستا لەبارە بۆئەوەی ناتانیاهۆ زیاتر بەرجەستەی بکات، ناتانیاهۆ باسی پێكهاتەیەکی هەرێمی ناکات وەک پێرێز پلانی هەبوو وەک یەکێتی ئەوروپا بێت، بەڵکو ناتانیاهۆ دەیەوێت بەزەبری هێز هەموو ناوچەکە ملکەچی سەردارێتی ئەو ببن.

ئەوەی کە جێگەی تێبینییە تاوەکو ئێستا ناتانیاهۆ بەهیچ جۆرێک باسی پرسی کورد و مافی کورد و ئایندەی کورد ناکات لەپرۆژەکەیدا بەجۆرێک ئەوەی لێبخوێنرێتەوە کە پشتگیری پرۆژەیەکی کوردییە جگەلەوەی کە وەک هۆكارێك بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و لە بەیاننامە تێپەڕیی نەکردووە. هەر لەوبارەیەوە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2024 وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یانز پلۆتنەر، گەورە ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئولاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند: "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا، لەنێویشیان پێکهاتەی کورد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەژێر هێرش و هەڕەشەدا بوون."[10] ئەمانەی ئیسرائیل و ئەوانی تریش لە وتە بەولاوە هیچی زیاد نەکردووە.

سەبارەت بەسەرکردایەتیکردنی ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا لە قۆناغێكی مەترسیداردایە بەجۆرێک ترەمپ یارمەتیدەری ئەو کارەیە، هەربۆیە لە بەرواری ٩/٤/٢٠٢٥ لە کۆشکی سپی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەیسی ئێران ترەمپ ڕایگەیاند ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە کە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئەگەر هاتوو گفتوگۆکانمان نەگەیشتنە ئەنجام ئەوا لێدانی ئێران پێشنیاز کراوە و ئیسرائیلیش ڕۆڵی سەرکردایەتی دەبێت.[11]

ئەوەی دەبینرێت لەکایەی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خراپی بارودۆخی دەوڵەتە عەرەبیەکان و ئێرانە لەم قۆناغەدا بەجۆرێک ئیسرائیل هیچ بوارێکی بۆ ئەوانی تر نەهێشتۆتەوە و بەتایبەت کە دەوڵەتە عەرەبیەکان دەستەوەستانن لە بەرانبەر ئەو کارەساتەی کە لە غەززەدا ئەنجامی دەدات، بەهەمان شێوە ئێرانیش لاوازیی پێوە دیارە بەتایبەت دوای ڕووخانی ئەسەد. بەکورتییەکەی ئەگەر جەنگی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ سەرکەوتنی ئیسرائیل و شکستی دەوڵەتە عەرەبیەکان بووبێت ئەوا ئێستای ناوچەکە بەتەواوەتی لەژێر هەژموونی ئیسرائیلدایە بە ئێرانیشەوە.

هەر لەم میانەیەدا ئیسرائیل لە دوودڵییەکی زۆر خراپدایە بەرانبەر نفوزی تورکیا لە سووریا و بۆ ئەمەش وەفدی باڵای هەردوولا لە ٩/٤/٢٠٢٥  لە ئازربایجان کۆبوونەوە بۆ تێگەیشتن و ڕێکەوتن لەسەر نفوزی هەردوولا لە سوریا و ناوچەکە، بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێک و بڕیارێک کۆبوونەوەکەیان کۆتایی پێهێنا. ئەم ناکۆکییەی نێوان هەردوولا گرفت بۆ پرۆژەکەی ناتانیاهۆ سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات، بۆیە بڕیارە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت لەسەر ناکۆکییەکانیان لە سوریا و ئایندەی هەردوولا لەو پرۆسەیەدا. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ناکۆکی لەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەی کە ئیسرائیل بەنیازە سەرۆکایەتی بکات.

 ئەردۆغان ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لەسەر سوریا بەتایبەت دوای ئەسەد و لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیای تورکیا لە بەرواری ١١/٤/٢٠٢٥ ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا ناڕەوا و بێ‌ پاساون، ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشی سوریا دەدات، لەڕێگەی وروژاندنی دووبەرەکییەکانی ناو وڵاتەکە و لەباربردنی شۆڕشی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لەڕێگەی هەڵگیرسانی ناكۆكییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سوریا، کەمینەکانی وڵات هان دەدەن بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی نوێ. هەروەها ڕایگەیاند کە یەکێتی خاکی سوریا و ئاسایشی سوریا و تورکیا هیچ جیاوازی نییە. ئەمەی ئەردۆغان گرێدانی ئاسایشی نیشتمانی تورکیایە بە سوریا و بەقوڵایی ستراتیجی خۆیانی دەزانن و ئەگەری ئەوەش هەیە ناکۆکییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەسەر ئەو بابەتە دێیژە بکێشێت و نەگەنە چارەسەری ڕیشەیی لەسەری، بەڵام ئەمریکا تورکیای لامەبەستە و ترەمپ لە کۆشکی سپی لە بەرواری ٨/٤/٢٠٢٥ بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاند پەیوەندیم زۆرباشە لەگەڵ ئەردۆغان، ئەگەر تۆش گرفتێکت هەیە لەگەڵی بە دانوستان چارەسەری بکە. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ئیسرائیل کە تورکیا گرنگە بۆ ئەمریکا و نابێت کێشەکان قوڵ بکرێتەوە. ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر کۆبوونەوەی هەردوولا لە ئازربایجان دوای تەنها یەک ڕۆژ لەو وتەیەی ترەمپ.

بەکورتی پرۆژەکەی ناتانیاهۆ چەند چانسی هەبێت بۆ گۆڕینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هێندەش بەربەست و گرفتی لەبەردەمدایە و پێناچێت هیچ دەرفەتێکیش بسازینێت بۆ کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.

چوارەم: کورد لە پەراوێزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

پرۆژەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پیرێزەوە تا ناتانیاهۆ و بەتێپەڕبوون بە پرۆژەکانی ئەمریکا پرسی کورد خاڵی سەرەکی نیە تیایاندا و بەشێوەیەکی گشتی پرسی کورد نەبینراوە و حسابی بۆ نەکراوە، کە ئەمانەی دابەشکراون یەک نەتەوەن و پێویستدەکات کیانێکی سیاسی سەربەخۆیان هەبێت. بەڵکو ئەوەی هەیە بە پرۆژەی ئیسرائیلی و ئەمریکییەوە بەچەقکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، پاشان لەبەرچاو گرتنی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە بەتایبەت دەوڵەتە خاوەن نەوتییەکان لە پێشەنگییاندا سعودیە. سعودیە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا گرنگترە تاوەکو کوردی دابەشبوو، هەربۆیە بەهیچ شێوازێک ناتانیاهۆ و ترەمپ ناتوانن لەوە دەرچن کە شتێک بۆ کورد دیاری بکەن دەوڵەتە عەرەبە هاوپەیمانەکانیان دژی بن، کە بێگومانن هەموویان دژی خواستی کوردن.

بۆیە ئەگەر بەگشتی  و بە وردیش سەیرێکی پرۆژەکانی ڕابردوو بکەین بۆ گۆڕانکاری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە کاتە جیاوازەکاندا دەبینین پرسی کورد بە لاوازی دەردەکەوێت و خاڵی جددی نەبووە لە پلانەکانیاندا. ئەوەی ڕاستی ئەمەی سەلماند و پشتڕاستی بێ باکی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد بۆ پرسی کورد بریتی بوو لە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم کە تیایدا نەک پشتگیر نەبوون، بەڵکو ئەمریکا فشاری خستەسەر کورد و ئیسرائیلیش تەنانەت لێدوانی لە بەرپرسەکانی قەدەغەکرد لەبارەی دەرئەنجامی ڕیفراندۆمەوە. هەربۆیە کاتێک ئەمریکا سیاسەتی دژایەتی بەرانبەر ویستی کورد لە باشوور جێبەجێکرد ئیدی ئەوەی لە پرۆژەکانی ڕابردوودا بەناوی خۆرهەڵاستی گەورە و نوێ و داڕشتنەوەی نەخشەی جوگرافی ناوچەکە هەمووی وتار و پرۆژەی بێ ناوەڕۆک بوون و بێ بەڵێنی ئەمریکا بوو بەتایبەت ئەوەی جۆبایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.[12]

ئەڵبەتە ئەمانە سەلـمێنەری ئەوەن کە پرسی کورد زۆر هەستیارە لە ناوچەکە بەتایبەتی وابەستەی چوار دەوڵەتی ناوچەکەیە و بەپێی سایکس پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ دابەشکراوە و ئەو سنوورە جوگرافیایەی بەسەردا سەپێنراوە کە ئەو کات ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی زلهێزەکان بوو، لە ئێستادا سەرەڕای بەرجەستەبوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان دەوڵەتانی پەیوەست بەو بابەتەوە بە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمان و نەتەوەیی خۆیانی دەزانن. دەوڵەتانی دەرەکیش ئەمریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکان و ئیسرائیلیش پێیانوایە ئەگەر کێشەی کوردیش چارەسەر نەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت، کە پێموایە ئەوە لێکدانەوەیەکی ناواقیعی و نالۆژیکییە بۆ پرسی کورد بەگشتی.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا لیکدانەوەی بۆ بکرێت ئەوەیە پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا ناویسترێت لە دەرەوەی سنووری ئەو چوار دەوڵەتە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەواتایەکی تر کێشە و گرفتی کورد دەویسترێت سنورەکان (عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران) تێنەپەڕێنێت و هەر دەوڵەتە و بەپێی بارودۆخی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بكات.

 ئەوەی ئێستا بەرقەرارە و بوونێکی زاڵی هەیە سیاسەتی ترەمپ و ئیدارەی نوێی ئەمریکایە کە تیایدا ڕیالیستییانە مامەڵە دەکەن و لە ڕیالیستیشدا دەوڵەت وەک یەکەیەکی یەکگرتوو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و زۆر قورس دەبێت ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بتوانن ڕۆڵ بگێرن و بوونیان لەنێو بەرژەوەندەییە جیهانییەکانی سەردەم و سیاسەتی نوێی ئەمریکادا گەڵاڵە بکەن، لەکاتێکدا کە دەوڵەتەکان کاراکتەری سەرەکین و ڕۆڵیان بەهێزترە. ئەمە سەرەڕای نەبوونی بانگەشەکردن و لەبەرچاوگرتن بەهای بەدیموکراتیزەکردن و مافی مرۆڤ و ئازادیی و ... هتد کە لە ڕیالیزمی ترەمپدا ئەمانە جێگایان نییە و نابنە بنەماگەلێک بۆ بەرجەستەکردنی مافی نەتەوەیەکی بێ بەش کراو لە دەوڵەت.

هەربۆیە هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ و سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و ناردنی پەیامی یەکەمی ئۆجەلان کە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ بە سڕی سورەیا و پەروین بۆڵداندا بڵاوبوویەوە نیەت پاکی و ئامادەیی خۆی نیشاندا بوو بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، هەروەها بە ناڕاستەوخۆ باسی خراپی دەستی دەرەکی کردبوو لە پرسی کورد. ئەم هەنگاوەی ئۆجەلانیش پێناچێت بێ پێشەکی بووبێت، بەڵکو گفتوگۆی پشت پەردە و نهێنی نێوانیان دەکرێت ڕۆڵی هەبووبێت لەو هەنگاوەدا.

من پێموایە نەک تەنها کۆبوونەوەی نهێنی لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو دەگوترێت لە یەکێک لە دەوڵەتە ئەوروپیەکان بە چاودێری ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش کۆبوونەوە کراوە و فراوانیش بووە. پێشوازیکردن لە پەیامەکەی دووەمی ئۆجەلان لە بەرواری ٢٧/٢/٢٠٢٥ لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان و… هتد پێمان دەڵێن ئاگادارین و پشتگیرین !

هەردوو پەیامەکەی ئۆجەلان خوێندنەوەی زۆری بۆ کرا، ئەوەی جێگەی سەرنجی زیاتر بوو ئەوە بوو کە کێشەی کوردی وابەستەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت کردبوو، کە بەڕوونی نووسیبووی ' دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆنەکان، خۆبەڕێوەبەری ئیداریی، ڕێبازە کەلتورییەکان، بوون بە دەرئەنجامی نەتەوەپەرستییەکی توند، ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەی کۆمەڵناسی کۆمەڵگای مێژوویی. ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی فکر، بە ڕێکخستنبوونی دیموکراسیی، دامەزراندنی کۆمەڵگای-ئابووریی و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگا و گۆڕەپانی سیاسی دیموکراتیک بەدی دێت.'[13] واتە دیموکراتیزەکردنی تورکیا بۆ کورد گرنگە و ئەو شێوازانەی تر بەکەڵک نایەن و نابنە خواستی کۆمەڵگا. من پێموایە ئەمەی باسی دەکات ڕەنگدانەوەی قۆناغەکەیە، بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لە سیستمی نوێی جیهانی لەلایەن ترەمپەوە، نەک بۆ کوردی باکوور، بەڵکو بۆ پارچەکانی تریش.

ئەگەر بڕیار بێت تورکیا بەهێزبێت لە ناوچەکە دەبێت لە ناوخۆی خۆیدا دەستبکات بە هەنگاوی پرۆسەی ئاشتی، بۆ ئەمەش گرەنتی یەکپارچەیی خاکەکەی خۆی و سوریای وەرگرتووە، ڕوون و ڕاشکاو ئۆجەلان پرۆژە و ئایدیا سنووربەندییەکان ڕەتدەکاتەوە وەک فیدراڵی و خۆسەری و دەوڵەتی نەتەوە کە ئەمانە پێویستیان بە نەخشەسازی جوگرافی هەیە ئەستەمە تورکیا بتوانێت بەهێزبێت بەبوونی بیرۆکەی گۆڕینی سنورە جوگرافیەکان لەلایەن کوردەوە نەک لە تورکیا، بەڵکو لە سوریاش. بەواتایەکی تر بەداخەوە گوتاری کوردستانی گەورە و دەوڵەتی کوردی نابینرێت.

هەوڵەکانی ئاشتی لە تورکیا و کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ وەفدی ئیمڕاڵی لە ١٠/٤/٢٠٢٥ ئەرێنی بوو بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ئۆجەلان کە تیایدا هەوڵەکان بەئاڕاستەی بەرەوپێشەوەچوونە لە ئاستێکی ئومێد بەخشدا، بۆیە کوردی باکووریش گەیشتوونەتە قۆناغێک کە کۆمەڵگەی دیموکراسی لەسەر ئاشتی بنیات دەنێرێت و بنەماکەیشی گەڵاڵەکردن و ڕێگەخۆشکردنی ناوخۆیی و گەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکانە. ئەم پەیام و هەنگاوانەی ئێستای ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە نەک جێگەی ڕخنە نەبوو، بەڵکو هەموو پێکەهاتەکان و لایەنە جیاوازەکان پێشوازیان لێکرد لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکە، بەجۆرێک تەنانەت وازهێنانیش لە خەباتی چەکداری نەبووە ڕێگری لەبەردەم ئەوەی کە پەیامەکەی بە هەندوەرنەگیرێت و پەکەکەیش لە قەندیل پێشوازی لێکرد و ئامادەیی دەربڕی. ئەمانە ئەوەمان پێدەڵین کە بارودۆخی سیاسی و نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لە قۆناغێکدایە ئیتر دەبێت لەچوارچێوەی دەوڵەتە جوگرافییە دیفاکتۆکاندا مامەڵە بکرێت بە ئاشتی و ناکرێت یەک جۆری ئاستی مامەڵەی بەدەستهاتوو بەشەکانی تر لە یەک ئاستدا بێت.  هەربۆیە وەک وەفدی ئیمڕالی ڕایانگەیاند هەنگاوەکان ئومێدبەخشن و لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەمی دەبێت!

 لەمیانەیەیشدا بۆ ڕۆژئاڤا ڕێکەوتنی واژوکراوی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی لە بەرواری ١٠/٣/٢٠٢٥[14] کتومت ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سوریا و کاریگەری پەیامەکانی ئۆجەلانی پێوەدەبینرا. ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا واژوویان کردووە باس لە شێوازێکی دیاریکراوی خودسەری و فیدرالیزم و چی و چی ناکات، بەڵکو لەچوارچێوەی سوریایەکی 'یەکگرتوو'دا خۆی دەبینێتەوە، بۆ ئەمەش نەک نیازپاکی، بەڵکو ڕاگەیەنراویش هەیە باس لە یەکێتی خاکی سوریا دەکات لەلایەن کورد لە سوریای نوێدا. ئەتوانین بڵێین، کوردی سوریا تاوەکو ئەم ساتەی کە تیایدا ئەم بابەتە دەنووسرێت هیچ پرۆژەیەکی فیدراڵی پێشکەش نەکردووە و بوونی نیە لەلایەن کوردەوە لە سوریا. هەرچەندە لە بەرواری ٢٦/٤/٢٠٢٥ دوای چەندین هەوڵ و هاوکاری ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی کۆنگرەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی ببەستێت و ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیش بڵاوبکەنەوە، بەڵام دیارنیە کە چەندێک کرادرییە. لەو کۆنگرەیەدا کە بە بەشداری ٤٠٠ ئەندام بەڕێوەچوو توانرا بڕیارێک بدەن کە وەفدێکی هاوبەش بۆ دانووستان لەگەڵ دیمەشق پێکبهێنن، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پرسی کورد لە ڕۆژئاڤا و جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشییە. لەهەمانکاتدا پێویستە پرۆژەی هاوبەشیش ببێتە هەوێنی ئەو یەکریزیی و یەکهەڵوێستییەی کە باس دەکرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نیە ئاخۆ لەو بوارەدا ڕەنگدانەوەی کرداری دەبێت یاخود نا، کە ئومێد دەکرێت بەرەوپێشچوون بێت لە پرسی کورددا. لەلایەکی ترەوە هەوڵەکانی ئەمریکا لە نێوان هەسەدە و ئەحمەد شەرعدا پێدەچێت بیەوێت لەچوارچێوەی سوریادا کورد مامەڵەی سیاسی بکات و پێناچێت سنووربەندی خۆسەری ڕۆژئاڤا بەوشێوازە بەردەوام بێت کە ئێستا هەیە و گۆڕانی بەسەردا دێت.

پێموایە کوردی ڕۆژئاوا باش لە یارییەکە تێگەیشتوون کە لەم قۆناغەدا ئەوان ناتوانن لە دەرەوەی ئەو ئیرادەیەی کە ئەسەدی ڕووخاند یاری بکەن، لەکاتێکدا بەداخەوە کوردی ڕۆژئاوا بەشێک نەبوون لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و جەنگیان دژی ئەسەد نەبووە و لەماوەی بەڕێوبەری خۆسەریان کە ئەمریکاش لەوێ بوونی سەربازی هەبوو، هەربۆیە کاتێک ئەسەد دەڕووخێت ئەوان باش دەزانن ڕووخانێکی لەناکاوی وا دەکرێت بوونی ئەجێندای دەرەکی ڕۆڵی گەورەی بینیبێت تیایدا بەتایبەت تورکیا کە تاوەکو ئێستاش ئاسایشی سوریایان وابەستەی ئاسایشی تورکیا کردووە و ڕۆڵی تورکیاش بەڕوونی دیارە لە سوریای نوێدا. ئەمە بەدەرلەوەی کە کۆی دەوڵەتانی عەرەبی پشتگیری دەسەڵاتی نوێی سوریان و دەیانەوێت ئارامی بەخۆیەوە ببینێت بەتایبەت سعودیە کە لە ناوچەکەدا ڕۆڵی هەیە. دەوڵەتانی ڕۆژئاواش بەتایبەت ئەورووپیەکان و لەناو ئەوانیشدا فەرەنسا و ئەڵمانیا گرفتێکی گەورەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا نییە و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵی و ئامادەیی هاوکاریشیان نیشانداوە.

ئەم بارودۆخە نوێیەی سوریا نیشاندەری ئەوەیە کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ شتێکی گەورەی بۆ کورد پێی نیە جگەلەوەی بوارێک دەڕەخسێت لە ناوخۆی  سوریا و دەوڵەتەکەدا ڕۆڵێکی نوێیان پێبدرێت کە لەگەڵ سیستمی نوێی جیهانیدا گونجاو بێت و سوریا بە یەکگرتووی بمێنێتەوە.

هەرچی کوردە لە باشوور لە میانەی ئەم پرۆژە نوێیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێناچێت پلانێک هەبێت بۆ بەدەستهێنانی زیاتر وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە لە واقیع و دەستووری عێراقیدا.

گومانی تێدا نییە ئەمریکا کاریگەری لەسەر هاوکێشەکان هەیە بەتایبەت لە عێراق و ناوچەکە و ترەمپیش هاوپەیمانی هەیە و کوردیش لەبەرەی ئەمریکادایە و ئیسرائیلیش بە پاڵپشتی ئەمریکا فشارەکان زیاتر دەکات، بەڵام ئیسرائیل لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کۆک نیە لە ناوچەکەدا بەتایبەت تورکیا. ئەمە بۆ کورد پێدەچێت باش نەبێت بە جۆرێک ئەمریکا سەیری بەهێزەکان دەکات و کوردیش لە باشوور ئەو کاراکتەرە بەهێزە نیە بتوانێت شوێن هاوپەیمانە بەهێزەکانی ئەمریکا پڕبکاتەوە. ئەمریکایەک دەستبەرداری بەشێک لە بەرپرسیارێتی خۆی ببێت لەگەڵ هاوپەیمانە دێرینە ئەورووپیەکانی و ڕەچاوی بارودۆخیان نەکات و جەنگی ئابووریشیان لەگەڵدا ڕابگەیەنێت ئەبێت کورد چاوەڕیی چی بکات؟ هەرچەندە مارکۆ ڕۆبیۆ و بەرپرسانی تری ئیدارەی نوێ پەیوەندیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەڵام پەیوەندییەکان لە دەرەوەی چوارچێوە دەستوورییەکان نیە و زیاتر باس و خواسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمە لەڕێگای تورکیاوە، ئەمەش بابەتێک نیە جگە لە بەدەستهێنانی سوودی ئابووری بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. هێشتا ئیدارەی نوێی ترەمپ هیچ گووتار و پلانێکی نیە بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی کورد لە عێراقدا ئەمە جگە لەوەی ئیسرائیلیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا پرسی کوردی لەبەرچاو نەگرتووە، بگرە دوور نیە بە زیانیش بشکێتەوە بەسەریدا.  

کێشەی کورد وادەردەکەوێت لە سنوورە جوگرافییە سەپێنراوەکەی سایکس ـ پیکۆ دەرنەچێت و پلانەکەش بۆ دوو دەیەی داهاتوو کەمتر نییە. لە بەرواری ٢٧/٢/٢٠٢٥  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی هەولێر ڕایگەیاند؛ بەڵێ پەیوەندیمان باشە لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن و ترەمپ، بەڵام بڕیارەکانی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدا دەبێت و سیاسەتی هەرێم بەشێک دەبێت لە سیاسەتی عێراق، خۆ ئێمە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان نین. ئەمە واتای ئەوەیە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی ئەو سنورەدا دەبێت کە پێی دەوترێت عێراق و هەموو لایەکیش دەزانێت کە ئێران لەڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە تا ئەم ساتە باڵادەستە تیایدا!

پێموایە ئێمەی کورد لە هاوکێشەی ناوچەکەدا بەهێز نین بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە، ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل بکەوێتە بەردەم هەڵبژاردن لە نێوان کورد و ئەوانی تردا ئەوا زۆر قورسە ئێمە هەڵبژێرن. نەک کورد، بەڵکو هەموو ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەکەن ئەبێت وانەیەک لە مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ زلنسکی و ناتانیاهۆ لەگەڵ بەرئەنجامی ڕیفراندۆم وەربگرن، کە چۆن بە پارەو پاڵپشتی بێ وێنەی ئەمریکا جەنگی ڕووسیایان پێکرد و پاشان لە کۆشکی سپیش دەریانکرد و ئێستاش فشاری زۆری لێدەکەن بۆ گەیشتنە ڕێکەوتن لە بەرژەوەندی ڕووسیا، هەروەها چۆن ئیسرائیل لە سەرەتادا وایدەردەخست کە پاڵپشتی ڕیفراندۆمە و پاشان پشتی تێکرد.  هەرچی ئەمریکاشە لە ڕابردوو بێ بەڵێنی زۆری کردووە بەرانبەر بە کورد و مێژوویەکی لەو بابەتەدا هەیە و نموونەش زۆرن، تەنانەت لە کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)ی  کاک مەسعود لە بەرگی شەشەمدا هاتووە کە نزیکەی ١٥ جار ئەمریکییەکان بێ بەڵێنیان کردووە لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٦، ئەمە ئەو بێ بەڵێنیانەی باس کردووە کە بۆ ڕایگشتی دەشێت باس بکرێت، ئەی دەبێت چەند بێ بەڵێنی و فشاری تری نهێنی کرابێت و بۆ باسکردن نەشێت؟

هەربۆیە کورد لەم گۆڕانکارییانەدا هاوپەیمانێکی بەهێزی ترەمپ نیە و پاڵپشتیکراو نیە بە ناتانیاهۆ، تەنانەت ترەمپ پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کوردیشدا نیە و زۆر باشیش نامانناسێت بە بەراورد بەجۆ بایدن.

هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ پێشهاتە لەناکاوەکانی جیهانی نوێ، تاکە ڕێگەی ئەوەش بەدەمەوەچوونی داواکارییە ڕەواکانی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنێتی پاشان ئاشتەوایی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان. دەوڵەتانی ئەوروپا بەو بارودۆخەی خۆیانەوە ئامادەکاری دەکەن و داوا لە هاووڵاتیانيش دەکەن کە لە قۆناغی نوێ تێبگەن و جیهان گۆڕاوە (ماکرۆن و کییەستامەر بەنموونە). کوردیش نابێت وابزانێت ئەو گۆڕانکارییانە ناگاتە هەرێم و لێکەوتە و کاریگەریی نابێت، بەڵکو بە ئەگەری زۆرەوە دەگاتە هەرێم و ناوچەکە. لەکاتێکدا دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەردەم مەترسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدان ئەوا ئەکتەرە نادەوڵەتی و بێ پاڵپشتەکانی وەک کورد ئەولاتر دەبێت مەترسیان زۆرتر بێت.

هەرچی کوردی ڕۆژهەڵات جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ بەشەکانی تر ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی سیستمە سیاسییەکەی ئێران و پێگەی لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەی ئەمریکییەکان فشاری زۆریان هەیە بۆ سەر ئێران، بەڵام پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە گوتاری ترەمپ و ئەمریکادا بوونی نییە و ئیسرائیلیش کێشەی لەگەڵ نفوزی ئێرانە لە ناوچەکە و بەرنامە ناوەکییەکەی نەک مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ... هتد بە هەمان شێوە لە ئێستادا گرفتی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ناوخۆی ئەو وڵاتە و مافی پێکهاتەکان نییە، باشترین بەڵگەش ناڕەزایی ئەم دواییانەی (ژن، ژیان، ئازادی) وای نەکرد لە ئەمریکا هیچ هەڵوێستێک بگرێتەبەر دژی ئێران، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیدگایەی کە ئەمریکا لێی دەڕوانێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا کە کێشەی سەرەکی بەرنامە ناوەکییەکەی و نفوزی ئێرانە لە کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەک ناوخۆی ئێران، ئەوەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە بوونی نفوزی بەهێزی ئێران بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا .

ئەکرێت کوردی ئێرانیش هەوڵی بەناوخۆییکردنی کێشەکانیان بدەن لەگەڵ ئێران و ئێرانیش پرۆژەیەک بۆ گفتوگۆ پێشکەش بکات بۆ کورد لەپێناو بەرجەستەکردنی زیاتری بارودۆخی سیاسی نوێ، کە بگونجێت لەگەڵ سەردەمەکە و ئەو قۆناغەی پێیدا تێپەڕ دەکەین.

سەبارەت بە فشارەکانی سەر ئێران ترەمپ زۆر بەڕوونی دەیەوێت گوشار بۆ سەر ئێران زیاد بکات و ڕۆڵی لە ناوچەکە بباتە دواوە و هەنگاوی سوریا و نەمانی ئەسەد گورزێکی بەهێز بوو بەر ئێران کەوت، ئێرانییەکانیش زۆرباش ئەمە دەزانن کە سەودای ئەمریکا و ڕووسیا هۆکارێکی شکستەکە بوو، بەڵام ئێران دەیەوێت لە کاریگەرییەکانی بۆ سەر پێگەی خۆی بەسەر خۆیدا نەهێنێت و واپیشان نەدا کە بارودۆخی لە مەترسیدایە، بەردەوام هێرشی ڕاگەیاندن بۆ سەر یەکتر سیمایەکی ئەم ململانێیەیە و ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش لە نێوان هەردوولادا لە سەڵتەنەی عومان لە بەرواری ١٢/٤/٢٠٢٥ بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی هەنگاوێکی ئەرێنییە لەم بابەتەدا، بەتایبەتی بۆ دوور خستنەوەی پلان B ئەمریکا بۆ لێدانی ئێران. پاش تەواوبوونی گەڕی یەکەمی دانوستانەکان عێراقچی گفتوگۆکانی بە ئەرێنی وەسف کرد و ڕایگەیاند دانوستانەکان لە کەشێکی ڕێزگرتنی هاوبەش بەڕێوەچوون و بەردەوامیان دەبێت، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئەمەش هیچ پەیوەندی نییە بە مافی کەمینەکان و نەبوونی ئازادیی و دادگەریی و ... هتد، ئەم دروشمە بێ بەها و بێ ناوەڕۆکانەش نەبوونەتە ڕێگایەک نە ئەمریکا و نەئیسرائیل بیگرنەبەر بۆ دژایەتی ئێران، تەنانەت باسی گۆڕینی ڕژێم و کۆتایی هاتنی سیستمی ئێران هەر لە بەرنامەدا نییە و لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا باس ناکرێت.

کۆتایی و دەرئەنجام

لەڕوانگەی ئەوەی خستمانەڕوو سەبارەت بە پرۆژەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ وادەردەکەوێت شتێکی نوێی بۆ کورد پێنە بێت و پرسی کورد لەچوارچێوەیەکی بێ چارەسەردا بمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی دوورمەودا و دەتوانین لەم چەند خاڵەدا دەرئەنجامەکان بخەینەڕوو:

یەکەم: بەشێوەیەکی گشتی لە پرۆژە جیاوزەکان بۆ گۆڕێنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی کورد و پرسی کورد وەک خۆی وەرنەگیراوە و نەبووەتە چەقی ئەو پرۆژانە، بەڵکو ئەوەی بووەتە سەنتەر تیایاندا بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکایە بە پلەی یەکەم.

دووەم: لە هەموو پرۆژەکاندا جگە لە پرۆژەکەی ڕالف پیتەرز کە باسی دەوڵەتی کوردی دەکات و ئەویش سیفەتی فەرمی نیە هیچ بڕگەیەکی پرۆژەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا نییە باسی دەوڵەت بکات بۆ کورد، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کورد و پرسەكەی وەك ئایندەی نەتەوەیەک لای ئەوان گرنگی نییە و لە پەراوێزدا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.   

سێیەم: هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ دەوڵەتی کوردی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە ئەو کاراکتەرانەی کاریگەرییان لە ناوچەکە هەیە دەوڵەتن و دەوڵەت لەپشتن، ناکرێت پێگەی تورکیا یان سعودیە یان تەنانەت ئێران و ئێستای سوریاش لە ناوچەکە و جیهان بەراورد بکەیت بە کورد و پێگەکەی. ئەگەر باسی نەوت بکرێت نەوتەکەی سعودیە زۆر گرنگترە بۆ ئەمریکا تا هەرێم، ئەگەر باسی پێگەی سیاسی و جیۆسیاسی بکەیت، بەداخەوە تورکیا و سعودیە ئەولاترن بۆ ئیسرائیل تا کورد، هەربۆیە کاتێک گۆڕانکاری دێتەبوون ئەمانە لە پڕۆژە نوێیەکەدا حساب بۆ کراوبن نەک شتی تر.

چوارەم: خاڵێکی تر پەیوەستە بە خودی گووتاری کوردییەوە، کە نەتوانێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا پێگە و ئایندەی گەورەی بێت، ئێستای گووتاری کوردی سەرەڕای دابەشبوونێکی قوڵ لە پاشەکشەدایە لەسەر کوردستانی گەورە و خەونی بەدەوڵەتبوون، بەتایبەت دوای پەیامە نووسراوەکەی ئۆجەلان گووتاری کوردی لەچوارچێوەی دیموکراسییەتی ناوخۆییدا خۆی دەبینێتەوە.

پێنجەم: سیستمی جیهانی گۆڕاوە و ڕەنگدانەوەشی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەداخەوە ئەم گۆڕانکارییە نوێیەی جیهان دەوڵەت وەک کاراکتەری سەرەکی دەتوانێت جوڵەی سیاسی و ئابووریی و پەیوەندییەکانی هەبێت و کاراکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک هەرێمی کوردستان یان ڕۆژئاڤا ناتوانن ببنە دینامیکییەتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافیا سەپێنراوەکان و ئەوانی تریش لە سنورێکی دیاریکراودا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، هەربۆیە گرنگە کورد عەقڵییەتی سیاسی خۆی پەرەپێبدات و بزانێت ئەگەر بەتەواویش یەکگرتووبن هێشتا ناتوانن پێگەیەکی گەورەتر بۆ کورد مسۆگەر بکەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، بەڵکو دەتوانن لێکەوتەکانی ژانی لەدایکبوونی سیستمێکی نوێی هەرێمایەتی و جیهانی لەسەر کورد کەمتر بکەنەوە، چونکە زیاتر بەهێزەکان سوودی لێوەردەگرن و دەیبەنەوە و لاوازەکان بەداخەوە دەبێت مەینەتییەکان هەڵگرن.

 

شەمعون بیریس, الشرق الاوسط الجدید, الطبعة الثانية (عمان: دار الجليل للنشر, ١٩٩٦). ل ٢٣.

[2] بیریس. ل ٦١-٦٢

[3] حسين شريف، ينابيع المعرفة في السياسة الدولية، الجزء السابع، الطبعة الاولى، الهيئة المصرية العامة للكتاب، القاهرة، 2004، ل803.

 

[4]دەقی پرۆژەکە لە  (مجلة السياسة الدولية)،  ژمارە ( 156) لە بەرواری نیسانی  2005، ل297- 301.

[5] د. احمد ثابت، العرب بين الحوار الثقافي والانعزال، الطبعة الأولى، الدار الوطنية، الجديدة، دمشق،2004، ص191.

 

[6] ابراهیم محمد عزیز، اشکالیە الاصلاح السیاسی في الشرق الاوسط، ل٥٥.

[7]  ئەم بابەتە لە گۆڤاری (Armed Forces) ی ئەمریکی لە ژمارەی یونیو ٢٠٠٦دا بڵاوکردەوە. لەژێر ناوی (Blood Borders: How a better Middle East would look ).  بۆ زیاتر زانیاری لەسەر شێوازی دابەشکاری دەوڵەتەکان بگەڕێرەوە بۆ ئەو بابەتە.

[8]  ناتانیاهۆ لە چەندین کاتی جیاواز و لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆردا ڕایگەیاندووە کە خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ دەهێنێتەکایەوە و نەخشەی ناوچەکەش دەگۆڕێت، ئەمە بووەتە سیما و بانگەشەی ئیسرائیل لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە هەتا ئێستا.

[9] ڕێگا و ڕێرەوێکی ستراتیژیی ئاسایشی و ئابووریی ئیسرائیلە، کە درێژدەبێتە بەسەر ئیسرائیل و سوریا و عێراقدا، بەمەش فراوانخوازی ئیسرائیل پەلدەکێشێتە سەر ناوچەکەدا.

[10]  پێگەی ڕووداو، https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/turkey/110420252

[11] بی بی سی، بەرواری ٩/٤/٢٠٢٥.

[12] بۆ بێ بەڵێنی و هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر پرسی کورد بڕوانە کتێبی 'بۆ مێژوو، مسعود بارزانی، چاپی دووەم، چاپخانەی ڕۆکسانا، هەولێر، تشرینی یەکەم، ٢٠٢٠.

[13]  دەقی پەیامی ئۆجەلان کە لە ٢٧/٢/٢٠٢٥ لەڕێگەی وەفدی ئیمراڵی ناردبووی و ئەحمەد تورک لە بەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و جەماەردا خوێندییەوە.

[14]  ئەم ڕێکەوتنە یەکەم دەقی ڕێکەوتنی نووسرای کوردە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا کە پاش گفتوگۆی هەردوولا دێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دوولایەنە و بە ئاگاداری ئەمریکا بووە، ڕێكەوتنەکە لە ٨ خاڵی سەرەکی پێکدێت و هەردوولاش ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق واژوویان کرد.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure