مەولود باوەمراد
ده‌ستپێك
كورد گه‌لێكی دێرینی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه، مێژوونووسان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونەن كه كورد یه‌ك نه‌ته‌وه پێكده‌هێنێت كه (3000) ساڵه له‌م نیشتمانه‌ی ئێستایدا ده‌ژی.(1) ئه‌م ڕاستییه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به كۆنترین گەلی ناوچه‌كه بێته ئه‌ژماركردن، وه‌ك: عه‌ره‌ب و تورك و ئاشووریی و ته‌نانه‌ت پێش ڕۆمه بێزه‌نتییه‌كانی هاتوو بۆ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ.
كوردستان سنووری نێوده‌وڵه‌تی دانپێدانراوی نیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و شێوازی نه‌خشه‌ی كوردستان، خاڵی ته‌وه‌ره‌یی ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌یه، بۆیه ده‌بێ به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌ی ناوكتێبه مێژووییه‌كان، ئاماژه به نیشتمانی كورد بكه‌ین، كه باكووره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی چیاكانی ئاراراته‌وه هەتا هه‌ردوو دیوی چیاكانی زاگرۆس و پتشكۆ و دۆڵی نێوان دوو ڕووبار-میزۆپۆتامیا-له‌باشووره‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاوا هەتا ناوچه‌ی ئه‌نده‌نه‌ی نزیك ئه‌سكه‌نده‌رونه‌ی سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و به‌ره‌و باكوور هەتا ئه‌رزه‌ڕوم، به سه‌زه‌مینی ئێستا و مێژوویی كۆنی ئه‌و هۆز و تیرانه داده‌نرێت كه گه‌لی كوردیان پێكهێناوه، وه‌ك: میدی و گۆتی و كادۆخی ... هتد. مێژوونوسان له ڕه‌چه‌ڵه‌كناسیدا، نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر ڕه‌چه‌ڵه‌ك و زمانی (هیند/ ئه‌وروپی) پۆلێن ده‌كه‌ن، پاش هاتنی عه‌ره‌به‌كان له فتوحاتی ئیسلامی‌دا له سه‌ده‌ی پێنجه‌می زایینی به‌دواوه له كوردستان جێگیربوون، هاتنی هۆزه توركه مه‌غۆلی و سه‌لجوقییه‌كان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی یازده‌هه‌مه‌وه(1029ز) به چه‌ند شه‌پۆل له بانه‌كانی ڕۆژئاوای چین و توركمانستان و خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای خه‌زه‌ره‌وه هاتنه ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.(2) له‌و سه‌رده‌مه به‌دواوه گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی فارس و عه‌ره‌ب و تورك، گه‌لانی ناوچه‌كه پێكده‌هێنێت.
گه‌لی كورد له مێژووی ناوچه‌كه‌دا خۆی له كۆمه‌ڵێك میرنشین و ویلایه‌ت و ئیماره‌تی سه‌ربه‌خۆ و نیمچه سه‌ربه‌خۆ و وابه‌سته، له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێران‌دا هەتا ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ی ده‌وڵه‌ت/نه‌ته‌وه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا، ده‌سه‌ڵات و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ڕێكخستبوو.
ڕۆڵی دابه‌شكردنی كوردستان له دروستكردنی پرسی كورددا:
بۆئه‌وه‌ی بگه‌ینه وێسگه مێژوویی و سیاسی و جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی ده‌ستنیشانكردنی هۆكاره بنه‌ڕتییه‌كانی تایتڵی بابه‌تی دیارده‌كه، ده‌بێ له ده‌روازه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ده‌وڵه‌ت/ نه‌ته‌وه‌ی پاش ڕوداوه‌كانی جه‌نگی یەكەمی جیهانی و كۆتایی هاتنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌وه، گوزه‌ر بكه‌ین و نموونه مێژووییه‌كان و به‌ڵگه و شرۆڤه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو.
*ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی میحوه‌ردا (ئه‌ڵمانیا، ئیمپراتۆریه‌تی نه‌مساوی مه‌جه‌ری، بولغاریا) چووه ناو جه‌نگی یەكەمی جیهانی، كه له 28/7/1914 دا هه‌ڵگیرسا، له‌كۆتاییدا به سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان، كه پێكهاتبوون له:(به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ڕووسیا، ئیتالیا، ئه‌مریكا، ڕۆمانیا و چه‌ند وڵاتی تر) و دۆڕاندنی وڵاتانی میحوه‌ر گورزێكی كه‌مه‌رشكێنی به‌ركه‌وت، له ڕۆژانی 12و 13/10/1918 ئه‌سته‌مبوڵی پایته‌خی خه‌لافه‌تی عوسمانی، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیه‌تی، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیاوه، به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وتنی ئاگربه‌ستی جه‌نگ (مۆدرۆس) داگیر كرا، دواتر به مۆركردنی ڕێكه‌وتنامه‌كه-مۆدرۆس- له 3/10/1918 له نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و وڵاتانی هاوپه‌یماناندا، جه‌نگی یەكەمی جیهانی، به سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی سه‌خت به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، كه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو -هاوپه‌یمانان- چووبوونه ناو وردترین ورده‌كاریی له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خاكی سوڵتان.(3) به‌مه‌ش سه‌رده‌مێكی نوێی ڕێكخستنه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیكی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ڕێگه‌ی كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس(1919-1920)ەوە كه وڵاتانی گه‌وره له هاوپه‌یمان-به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، ئه‌مریكا، ئیتالیا- بڕیاری هه‌ڵوه‌شاننه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانیاندا، له‌ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌یماننامه و ڕێكه‌وتنامه و به‌ڵێننامه، كه به‌زۆری له كۆنگره‌ی ئاشتیدا ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كرا، به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ڕكێفی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوون، هاوپه‌یمانان لای خۆیانه‌وه ئه‌و بڕیاره‌یان وه‌رگرتبوو، كه ده‌وڵه‌تی عوسمانی لسه‌ر ئه‌و خاك و سه‌رزه‌مینانه ده‌مێنێته‌وه كه خه‌ڵكه‌كه‌ی توركن-به‌زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن-، له 10/8/1920 په‌یماننامه‌ی سیڤر له نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و گه‌وره وڵاتانی هاوپه‌یماناندا واژۆكرا، به‌گوێره‌ی مادده‌كانی(62، 63، 64) تایبه‌تكرابوون به دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆمی بۆ گه‌لی كوردی باكوور، به‌ڵام به جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماددانه و ڕێكاره پێویسته‌كانی كۆڵۆنیالیستی كوردستان، چونكه به‌گوێره‌ی مادده‌ی(62) ئه‌و ناوچه كوردییه‌ی ده‌بوو ئۆتۆنۆمی له‌سه‌ر جێبه‌جێبكرێت بۆ كورد، ئۆتۆنۆمییه‌كی ناوخۆییه، كه له چوارچێوه‌ی توركیادا جێبه‌جێ ده‌كرێت.(4)
مادده‌كانی(22، 89،94) تایبه‌كراون به سنووره‌كانی توركیا و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیا و ده‌وڵه‌تی سوریا و میسیۆپۆتامیا، كه سنووری ئه‌و سێ ده‌وڵه‌تانه‌ش، خاكی كوردستانی به‌رده‌كه‌وێت و له نێوان (توركیا) و (سوریا) و (عێراق-میسیۆپۆتامیا-)دا. مادده‌ی:(22) ده‌رباره‌ی ئه‌و سنورانه‌یه كه پێشتر سه‌ربه ئیمپراتۆری عوسمانی بوون ئێستا دانیاپیاده‌نرێت كه سه‌ربه‌خۆبن، سیستمی ئینتداب به‌سه‌ر ئه‌و سنورانه‌دا داده‌نرێت.(5)-سوریا و عێراق له‌و سنورانه بوون.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر جێبه‌جێكردنیان ئه‌سته‌م بوو، هاوپه‌یمانان خواستی خۆدزینه‌وه و خۆده‌ربازكردنیان هه‌بوو لێی، كه‌مال ئه‌تاتۆرك به توندی دژایه‌تی ده‌كرد.(6) سه‌ره‌نجام له كۆنگره‌ی ئه‌نجومه‌نی هاوپه‌یمانان له سان ڕیمۆی ئیتالیا 18-26/1920 گرێدرا، خاڵی یه‌كه‌می هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ر بوو، به‌م شێوه‌یه كۆتایی به‌و ئومێده‌ش هات كه گه‌لی كورد به سیڤه‌ره‌وه به‌ستبوو.
له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یەكەمی جیهانیدا، پرۆتۆكۆلی ئه‌سته‌مبوڵ له تشرینی یه‌كه‌می 1915دا، هاته‌كایه‌وه، ڕووسیا و به‌ریتانیا، به‌ویست و خواستی خۆیان ئه‌م پرۆتۆكۆله‌یان ڕێكخست، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌رسنووری نێوان ده‌وڵه‌تی ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی یه‌كلا بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆمیسیۆنێكی هاوبه‌شیان دروستكرد و زۆر خێرا و به‌په‌له سنوری نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تیان، له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌سنیشان كرد، به‌جۆرێك كێشه‌كه‌یان به‌لاداخست، هەتا ئێستا‌ش وه‌ك بنه‌مایه‌كی مێژوویی چاره‌سه‌ركردنی كێشه سنورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌به‌رچاوده‌گیرێت، كاره‌كانی هەتا تشرینی یه‌كه‌می 1914 كۆتایی هات.(7)
دوای ئه‌م كورته پانۆرامایه، ئێسته كوردستان و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له دۆخی كۆتایی جه‌نگی یەكەمی جیهانیدایه، گه‌لانی ئه‌رمه‌ن، عه‌ره‌ب و تورك، له‌سه‌ر میراتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سیاسیان بۆ دروستكرا، یان بۆیان پێكه‌وه‌نرا، ته‌نها گه‌لی كورد نه‌بێت، نه‌ك هه‌رئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی خاڵی مایه‌وه، به‌ڵكوو نیشتمانه‌كه‌شی-وه‌ك مێژوونووسانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێن: بلاد الأكراد- به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شكرا.
لێكه‌وته‌كانی دابه‌شكردنی كوردستان
1-گه‌لی كورد ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێكی سه‌خت و ناهه‌مواری ده‌روونی و نه‌ته‌وه‌یی و جیۆپۆله‌تیكی و ئاسایشی ته‌نیاكه‌وتنه‌وه بوویه‌وه.
2-كێشه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا سه‌پاند، كاتێك پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئاماژه‌بێت بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی مێژوویی و زمان و كه‌لتوور و نه‌ریت و ڕۆشنبیریی و هاوبه‌ش و سه‌رزه‌مینێكی هاوبه‌ش كۆیانده‌كاته‌وه، ئه‌مه پێناسه‌یه‌كی ئه‌نترۆپۆلۆژی/ كۆمه‌ڵایه‌تییه، دواجار ده‌چێته‌خانه‌ی پێناسه ڕۆشنبیرییه‌كانه‌وه. به‌ڵام پێناسه‌ی سیاسی نه‌ته‌وه: گوزارشت له پێكه‌وه گرێدانی مرۆڤ و نیشتمان و ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌بردن، له سه‌رزه‌مینێكی هاوبه‌شدا، ڕه‌چه‌ڵه‌ك و كه‌لتوور و ڕۆشنبیری هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش پێكه‌وەیان ده‌به‌ستێت.
3-دابه‌شكردن كه‌مترین بواری بۆجموجوڵی هێز و بزووتنه‌وه و ڕێكخراوه‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ به‌ده‌ستهێنانی لانیكه‌می مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خۆبه‌ڕێوه‌بردن نه‌هێشتووه‌ته‌وه.
4-گه‌لی كورد كه‌وته به‌رده‌م كێشه‌ی شوناسی سیاسی، ناچاركرا ده‌ست له هه‌موو خه‌سڵه‌تی وجودیی خوداكردی خۆی هه‌ڵگرێت، به‌گوێره‌ی شوناسی فه‌رمی ده‌وڵه‌تانی به‌سه‌ردا دابه‌شكراو، له توركیا توركی و له سوریا سووریی و له عێراق عێراقی و له ئێران ئێرانی بێت.
5-له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته ناسیۆنالیسته یه‌كڕه‌هه‌ند و ناوه‌ندگه‌راكانی ئه‌م وڵاتانه‌وه، كورد كرایه بابه‌تی مه‌ترسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه و هه‌میشه به چاوی سوس و خیانه‌تی جوداخوازی تاوانبار كراوە!!
6-یه‌كێك له ئاڵۆزیی و سه‌ختییه‌كانی ئه‌م دابه‌شكردنه، به‌گوێره‌ی تیۆری (سه‌نته‌ر/په‌راوێز) كوردستان بووه‌ته كه‌ڤه‌رێكی سنووریی بۆ سنووری ئه‌و وڵاتانی به‌سه‌ریاندا دابه‌شكراوه، هه‌ر جموجوڵ و بزووتنه‌وه و هێز و خه‌باتێكی چه‌كداریی و ته‌نانه‌ت چالاكی وخه‌باتی سیاسی/ مه‌ده‌نی دیموكراتیش توانای دروستكردنی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕینی بڕیار وهه‌ڵوێست و تێگه‌شتنه‌كانی سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی نابێت، ئه‌گه‌ر شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران، 1925به سه‌ره‌تای ئه‌زموونی شۆڕشی مافخوازی گه‌لی وه‌رگرین، له سه‌د ساڵی ڕابردووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد، له هه‌ر چوار پارچه‌كه‌دا ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه.
7-كاریگه‌ریی به كه‌ڤه‌ركردنی دابه‌شكردنی كوردستان، واده‌كات له ئه‌گه‌ری شه‌ڕی نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا، كوردستان له هه‌ردوو دیوی سنوره‌كانه‌وه ده‌بێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكدادان، وه‌ك: ناكۆكی شه‌ڕی نێوان (توركیا و عێراق)، (سوریا و توركیا) و (توركیا و ئێران) له باكووره‌وه (ئێران و عێراق)، هه‌موو ئه‌م ئۆپشنانه‌ش به جۆرێك له جۆره‌كان له كات و مێژوویه‌كدا تاقیكراونه‌ته‌وه.
له‌وه‌ی ئاماژه‌ی بۆ كرا ده‌رباره‌ی شۆڕش و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد، ده‌گه‌ینه دوو گریمانه‌ی لۆژیكی:
1-له‌ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین خه‌باتێكی داخراوه، لانیكه‌م ده‌بێ بڵێین بێده‌ره‌تانه، كه‌مترین هه‌لومه‌رجی مانۆڕی سیاسی و په‌یوه‌ندی هاوكاریی لۆجستی ده‌وڵه‌تانی بۆ ناڕه‌خسێت، جگه له چیاوچۆڵا، سه‌رزه‌مینی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌بووه و نیه!! وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌زۆربه‌ی شۆڕش و جوڵانه‌وه‌كانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، خه‌باتی پرۆلیتاریی و چینایه‌تی، خه‌باتی دژی ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی، له دنیادا ڕوویداوه و ڕوده‌دات، كه وڵاتێكی هاونه‌ژاد یان هاوبیر و به‌رژه‌وه‌ندی، یان هه‌بوونی ڕوبه‌رێكی ئاوی، نموونه‌ی فه‌له‌ستین، ڤیه‌تنام، كشمیر ... هتد.
2- له‌به‌رئه‌وه‌ی:[بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، له هه‌ر پارچه‌یه‌كیدا، خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكات، یان داوای ئۆتۆنۆمی بكات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و بزوواندنی حزب و كۆمه‌ڵه كوردیه‌كانی پارچه‌كانیتری داده‌نێت، به‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كاروباری نێوده‌وڵه‌تی-په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان- ده‌بێت].
لێره‌وه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دوو گریمانه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، به‌كارهێنانی پرسی كورد له ململانێی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا، دۆخێكی پێشبینیكراو و چاوه‌ڕوانكراوه.
نموونه مێژووییه‌كانی به‌كارهێنانی پرسی كورد
كورد له گه‌مه‌ی سۆڤیه‌ت و ئێران‌دا
یه‌كێك له نموونه دیار و كاریگه‌ره‌كانی دیارده‌ی به ئامرازكردنی پرسی كورد، كه مێژوونووسان له‌سه‌ری وه‌ستاون، په‌یوه‌سته به ڕوداوه‌كانی سه‌رده‌می كۆماری مه‌هاباد، له ململانێی نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، له سه‌رده‌می ڕووداوه‌كانی جه‌نگی دووەمی جیهانیدا.
پاش نزیكه‌ی دوو ساڵێك له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یەكەمی جیهانی (1/9/1939) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێرانی سه‌رده‌می (ڕه‌زاشا) بێلایه‌نی وڵاته‌كه‌ی له جه‌نگدا ڕاگه‌یاندبوو، له ساته‌كانی به‌ره‌به‌یانێكی زوودا، له سه‌عات 4ی به‌یانی، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی 25/8/1941 له سێقۆڵه‌وه، هێرشكرایه سه‌ر ئێران، ڕووسیا له باكووره‌وه، به‌ریتانیا له ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی عێراقه‌وه بۆ به‌هاناوه چوونی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت خۆیان كرد به‌ناو خاكی ئێران‌دا كرد و داگیریان كرد، به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌رچی ڕووسیا به‌پشتبه‌ستن به‌په‌یمانی "ده‌ستدرێژی نه‌كردن بۆ سه‌ریه‌كتر" له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا ڕێككه‌وتبوون، و بێلایه‌نی و خۆدوورگرتنی له‌شه‌ڕه‌كه ڕاگه‌یاندبوو، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی، ئه‌ڵمانیا ڕووسیای غافڵگیر كرد و به‌شێكی زۆری خاكی وڵاته‌كه‌ی داگیركرد، به‌مه‌ش ڕووسیا كه‌وته به‌ره‌ی (هاوپه‌یمانانی) شه‌ڕه‌كه، كه له به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكا و چه‌ند وڵاتێكی‌تر پێكهاتبوون، له به‌رانبه‌ردا ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا هه‌بوو، وه به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وتنی ئابووری 1935 ژماره‌یه‌كی به‌رچاو شاره‌زا و ته‌كنیكار ڕاوێژكار و دیپلۆماتكاری تێدابوو، هەتا ئه‌و ئاسته‌ی به‌ریتانییه‌كان مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه ئێران ڕێكه‌وتنه نه‌وتییه‌كانی نێوان ئێران و ئینگلیز له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ڵمانیا هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.(8) به وته‌ی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی مێژوویی ئێران جمه‌ی ده‌هات له جاسوسی ئه‌ڵمانی. وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌لایه‌ك مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بوو، (ڕە‌زاشا) كه خۆی مه‌یلی به‌لای هیتله‌ردا هه‌بوو، بچێته ناوچه‌نگه‌كه، له‌لای دووهه‌مه‌وه جگه له ڕێگه‌ی نزیك و خێرای ئێرانه‌وه، بواری گه‌یاندنی هاو‌كاری لۆجستی جه‌نگ بۆ ڕووسیا نه‌مابوویه‌وه، هاوپه‌یمانان به داگیركردنی ئێران له‌ڕێگه‌ی كه‌نداوه‌وه به‌ناو خاكی ئێران‌دا و پاشان له ده‌ریای (خه‌زه‌ر)ەوه، پێویستییه‌كانی جه‌نگییان ده‌گه‌یانده یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
پاش داگیركردنی ئێران له‌ژێر گوشاری هاوپه‌یماناندا، ڕه‌زاشا له به‌رژه‌وه‌ندی محەمەدی كوڕی ده‌ستیان له سه‌ڵته‌نه‌تی په‌هله‌وی پێهه‌ڵگرت و ڕه‌وانه‌ی مه‌نفاكرا بۆ جۆهانسبێرگی ئه‌فریقای باشوور، سوپای ئێران هه‌ره‌سی هێنا و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه و توانای كه‌مترین به‌رگریی نه‌مابوو، به چۆڵكردنی سه‌ربازگه‌كانیان بڵاوه‌یان لێ‌كرد و گه‌ڕانه‌وه ماڵی خۆیان، به‌شی هه‌ره‌زۆری چه‌كه‌كانیان كه‌وتنه ده‌ستی خه‌ڵك، له‌وانه‌ش خه‌ڵكی ناوچه‌كانی كوردستان.
ئێران له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه دابه‌شكرا به‌سه‌ر سێ زۆندا، ناوچه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی وڵات -كه جێكه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وتی به‌ریتانیا بوو- بوویه ناوچه‌ی نفوزی به‌ریتانیا، ناوچه‌ی بێلایه‌ن تاران و مه‌شهه‌دی ده‌گرته‌وه، ناوچه‌ی باكوور ناوچه‌ی نفوزی سۆڤێتییه‌كان بوو، كه به‌شی باكووری كوردستان، ئورمییه و ناوچه‌كای ده‌وروبه‌ری به‌ر زۆنی ڕووسیا كه‌وتبوو، ناوچه‌كانی باشووری كوردستان، به‌ر وڵاتی به‌ریتانیا كه‌تبوون، وه‌ك شاره‌كانی سنه و كرماشان، به‌شی ناوه‌ڕاستی كوردستان، كه مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌گرته‌وه، وه‌ك ناوچه‌یه‌كی بێلایه‌ن مایه‌وه.(9)
په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و یەكێتی سۆڤیه‌ت
سه‌ره‌تا وه‌ك جۆرێك له‌پاراستنی ئه‌و ناوچه كوردیانه‌ی كه‌وتبوونه به‌ر زۆنی سوپار ڕووسیا، له دژی هێرشی سوپای ئێران دڵنیاییان ده‌دایه خه‌ڵك و خۆیان لێ به‌خاوه‌نكردبوون، له‌كاتی ڕودانی ئاژاوه‌یه‌كی چه‌كداری له زۆنی كۆنترۆڵی ڕووسه‌كاندا، ئێران داوای له سه‌ركردایه‌تی سوپای سۆقیه‌تی كرد ڕیگه‌یان بدات، هێزه سه‌ربازیه‌كانیان بۆ سه‌پاندنی ئاسایش و یاسا ببه‌نه ناوچه‌كه، به‌ڵام داواكه‌یه‌ن له‌لایه‌ن سوپاوه ڕه‌تكرایه‌وه.(10)
پاش جێگیربوونی له‌شكری سوور له باكووری كوردستان، كاربه‌ده‌ستانی ڕووسیا له ناوچه‌كه، تێگه‌شتن له‌گه‌ڵ دۆخی پرسی كورددا ڕووبه‌ڕوون، كارمه‌ندانی ڕووس كه له ته‌ورێز و ورمێ كاربه‌ده‌ستبوون، گه‌یشتنه ئه‌وڕایه‌ی پێویست به‌وه هه‌یه كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزتر له‌گه‌ڵ كورد دامه‌زرێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا ڕێكخراوه‌یه‌كی سیاسی یان كۆمه‌ڵه وده‌سته‌یه‌كی نوێنه‌رایه‌تی له‌مه‌هاباد پێكنه‌هاتبوو، كۆمیسیاره سیاسی و ئه‌فسه‌ره‌كانی سۆڤیه‌ت، گه‌شتنه ئه‌وڕایه‌ی كه ده‌سته‌یه‌كی(30) كه‌سی له كه‌سایه‌تی ڕۆشنبیر و ئاغا و پیاوه ناسراوه‌كانی نوێنه‌ری چین و توێژه‌كان، بۆ (باكۆ)ی پایته‌ختی ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌تی بانگهێشت بكه‌ن، له تشرینی دووهه‌می 1941دا سه‌ردانه‌كه كرا، یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه قازی محەمەد بوو، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی به‌نفوزی ئاینی و ڕۆشنبیر وسیاسی ناسراو بوو، ته‌نها سه‌ردانی پرۆتۆكۆلی یه‌كترناسین و بیروڕاگۆڕینه‌وه و لێكترگه‌شتن بوو، بۆیه له ئایاری 1942 سه‌فه‌ری دووه‌م ڕێكخرا، ئه‌م سه‌ردانه كه باقرۆفی سه‌رۆك كۆماری ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌تی، ڕاسپێراوی تایبه‌تی كرملن بوو بۆ كاروباری ئازه‌ربایجانی ئێران و كورد، سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ده‌كرد، له دیداره‌دا به‌رپرسانی سۆڤیه‌ت به نوێنه‌رانی كوردیان وتبوو: كه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پشتیوانی له مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی كه‌مینه‌كان ده‌كات، به‌ڵام هێشتا كاتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه‌هاتووه.(13) له‌گه‌ڵ ئه‌وەی (قازی محەمەد) پێشنیازی ئۆتۆنۆمی كوردستانی له چوارچێوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ئازه‌بایجانی ئێران‌دا بێت، ڕه‌تكردبووه‌وه، به‌ڵام باقرۆڤ به‌ڵێنی هاو‌كاری و پێدانی چه‌كی پێدان به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كانی هیچی لێشین نه‌بوو.(11)
ئیداره‌ی كورد له ناوچه‌كانی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری به كرده‌یی بوونی خۆی سه‌لماندبوو، جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌كی خۆجێی وه‌رگرتبوو، كه له تارانی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی دابڕیبوو، له به‌رانبه‌ردا سۆڤیه‌تیه‌كان په‌یوه‌ندی و بوونی خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی مه‌هاباد فراوانتر كردبوو، له ئاڵوگۆڕی یاداشتنامه‌ی ناڕه‌زایی ده‌ستێوه‌ردانی سۆڤیه‌ت له كاروباری ئێران‌دا، له نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌روه‌ی ئێران و یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا، وه‌ڵامی فه‌رمی حكومه‌تی سۆڤیه‌ت ئه‌وه‌بوو بڵێن: (ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بەر‌پرسن له توڕه‌كردنی كورد).(12)
دامه‌زراندنی یه‌كه‌م ڕێكخراو به‌ناوی ژیانه‌وه‌ی كورد
له ماوه‌ی پاش حوكمی ڕه‌زاشا، دۆخی ئێران زیاتر به‌ره‌وكرانه‌وه، و ئازادی سیاسی ده‌ڕۆیشت، هه‌لومه‌رجی دروستكردنی ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی سیاسی هاته‌ئاراوه، له كوردستانیش وه‌ك (ده‌یڤد ماكداوڵ) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات:(پازده كه‌س له خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد له 16/9/ 1942دا له ماڵێكدا كۆبوونه‌وه، بۆئەوەی حزبێكی سیاسی دامه‌زرێنن و خه‌ونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی وه‌دیبهێنن، ئه‌مانه كۆمه‌ڵه‌ی (ژیانه‌وه‌ی كورد)یان دامه‌زراند، كه به (ژ.ك) ناسرا، زه‌بیحی كه‌خۆی یه‌كێك بوو له‌و پازده كه‌سه، به سكرتێری ئه‌م حزبه هه‌ڵبژێردرا، له‌م كۆبوونه‌وه‌دا نه‌قیب میرحاج ئه‌حمه‌د كه ئه‌فسه‌رێكی عێراقی بوو، به نوێنه‌رایه‌تی حزبی (هیوا) ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.(13) ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه وه‌ك یه‌كه‌م ڕێكخراوی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، نهێنی ئه‌وكاتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌ژمار ده‌كرێت، له تشرینی یه‌كه‌می 1944دا داوا له قازی محەمەد كرا بۆ بوونه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌كه (ژ،ك)، ئه‌ویش داواكه‌ی په‌سه‌ند كرد، له‌وكاته‌وه بوویه سه‌رۆك و ڕابه‌ری كۆمه‌ڵه‌كه، له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌دا له ساڵی 1944دا، بڕیاری ئه‌وه درابوو هه‌ر كه شه‌ڕ كۆتایی هات، ده‌وڵه‌تی كوردستان ڕابگەیەنرێت.(14)
فراوانبوونی كۆمه‌ڵه‌ی (ژ.ك) و بڵابوونه‌وه‌ی له‌ناو زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستاندا، بوویه بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ دامه‌زراندنی حزبی دیموكراتی كوردستان له 16/8/1945، له شاری مه‌هاباد، به وتاری قازی محەمەد له فه‌زایه‌كی كراوه‌ی شاری مه‌هاباددا ڕاگه‌یه‌نرا، خۆشی بوویه سه‌رۆك و پێشه‌وای، گه‌ل و هه‌موو نیشتمان په‌روه‌رانی به‌ره‌و لای خۆی ڕ‌اكێشا، ئاڵای كوردستان له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵكرا، حكومه‌تی ئێران وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی له ڕووداوه‌كه هه‌ستا به ناردنی سێ یاداشت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه بۆ وڵاتانی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا و ئینگلیز.(15)
ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه و ئێران و كوردستان له گۆڕانێكی خێرادا بوون، له سایه‌ی ئه‌و دۆخه‌دا، سه‌ركرده‌كانی حزبی دیموكرات، له ڕۆژی 22/1/1946دا، بڕیاری دامه‌زراندنی (كۆماری مه‌هاباد)یان له مه‌یدانی چوارچرا و له‌ناو ئاپۆڕایه‌كی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری شاری مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری و میوانانی بانگهێشكراودا، به سه‌رۆكایه‌تی قازی محەمەد ڕاگه‌یه‌نرا.(16)
كاردانه‌وه‌كانی حكومه‌تی ئێران به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌حمه‌دی قه‌وام سه‌ڵته‌نه، سه‌رباری هه‌وڵه ناوخۆییه سیاسی و سه‌ربازی و چه‌ند خولی گفتوگۆ و دانوستان و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی توند له نێوان كۆماری مه‌هاباد و كۆماری دیموكراتی ئازه‌ربایجاندا، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمار، له‌ولاشه‌وه داوای له سوپای سوور كرد به‌گوێره‌ی په‌یماننامه‌ی سێقۆڵی ئیتحادی له نێوان ئێران و ڕووسیا و به‌ریتانیا له ئێر ڕۆژی 29/2/ 1942، له مادده‌ی (5) ئه‌و په‌یمانه‌دا هاتووه: له‌كاتی ڕاگیرانی جه‌نگ ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان، له ماوه‌یه‌كدا كه له شه‌ش مانگ تێنه‌په‌ڕێت، هێزه‌كانی خۆیان له ئێران ده‌به‌نه ده‌ره‌وه.(*) پێویسته له ئێران بچێته ده‌ره‌وه، ئێسته ئه‌وه كۆتایی شه‌ڕی دووەمی جیهانی به‌خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان وڵاتی یابان كۆتایی هاتووه له ڕۆژی 2/9/1945دا، هێزه‌كانی ئه‌مریكا تا له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵه‌كه و هێزه‌كانی به‌ریتانیا هەتا كۆتایی ساڵا كشانه‌وه.(17)
ڕووخاندنی كۆمار
له به‌رئه‌وه‌ی ڕووسیا له‌و گفتوگۆ و پرس و ڕایانه‌ی له‌میانه‌ی ساڵی 1944دا له نێوان هه‌ردوو حكومەتی به‌ریتانیا و ئه‌مریكادا به‌ڕێوه‌چوو، له هه‌وڵه‌كانیان ده‌رباره‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئیمتیازاتی ده‌رهێنانی نه‌وتی ئێران به كۆمپانیاكان و حكومه‌تی ئێران ئاماده‌یی له‌سه‌ر داواكانیان ده‌ربڕیبوو، به‌ڵام هه‌مان داوای ڕووسیای ڕه‌تكرده‌وه، لێره‌وه، به بیانووی ئه‌وه‌ی ئیمتیازی نه‌وت به هیچ وڵاتێك نادرێت تا دوای كۆتایی جه‌نگ، ڕووسیا ده‌ستیكرد به به‌كارهێنانی ڕێگا نادیپلوماسییه‌كانی گوشاركردن له ئێران، به‌تایبه‌ت نه‌كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له ئێران و به‌رده‌وامی له هاوكاریی حكومه‌تی ئازه‌ربایجان و كۆماری مه‌هاباد.
سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌حمه‌د قه‌وام سه‌ڵته‌نه، بڕیاری هه‌ڵبژاردنی گشتی ئه‌نجومه‌نی شورای میللی ئێرانی له 17 سه‌رماوه‌زی 1325 دیاریكرد و به‌ستییه‌وه به گه‌ڕانه‌وه‌ی نیزام و سوپای ئێران بۆ ناوچه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی ته‌ورێز و مه‌هاباده‌وه، ئه‌فسه‌رانی باڵای سوپای ئێران له ترسی هێرش و هاتنه ناوه‌وه‌ی سوپای سووری سۆڤیه‌ت بۆپاراستنی هه‌ردوو كۆماره‌كه، ڕازی نه‌ده‌بوون سوپا بۆ گرتنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و كوردستان بكه‌وێته‌ڕێ.(18)
ئه‌حمد قوام سه‌ڵته‌نه، به‌مه‌به‌ستی ڕازیكردنی كشانه‌وه‌ی سوپای سوور له‌ناو خاكی ئێران و گه‌ره‌نتیكردنی نه هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپای سوور له‌كاتی هێرشه‌كانی سوپای ئێران بۆ سه‌ر هه‌ردوو ناوچه‌ی ته‌برێز و مه‌هاباد سه‌ردانی مۆسكوی كرد، ماوه‌ی 15ڕۆژ مایه‌وه، پێش ڕۆیشتنی چه‌ند بڕیارێكی له به‌رژه‌وه‌ندی حزبی (توده-شیوعی-) ده‌ركردن، له‌وانه دامه‌زراندنی چه‌ند كه‌سێكیان وك وه‌زیر، ئازادكردنی ڕۆژنامه و بڵاوكراوه‌كانیان، ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك له به‌ندكراوه‌كانیان.(19)
له گفتوگۆكانی قه‌وام و كاربه‌ده‌ستانی ڕووسیادا سێ خاڵ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی گفتوگۆكانی نێوانیان بوو:
یه‌كه‌م: بابه‌تی نه‌وت بوو، كاربه‌ده‌ستانی مۆسكۆ به‌ر له هه‌ر شتێ، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان سۆڤیه‌ت و ئێرانیان له‌وه‌دا ده‌بینی كه ئیمتیازی نه‌وتی باكووری ئێرانیان پێ بدرێت.
دووه‌م: دیاریكردنی كاتێك بۆ كشانه‌وی هێزه‌كانیان له ئێران، ئه‌م پرسه‌ش له‌لایه‌ن ڕووسه‌كانه‌وه به‌سترابووه‌وه به وه‌رگرتنی ئیمتیازی نه‌وتی ئێرانه‌وه.
سێیه‌م: پرسی ده‌سبه‌رداربوون له هاو‌كاری هەردوو كۆماری مه‌هاباد و ئازه‌ربایجان، له گفتوگۆكانی قه‌وامدا له‌گه‌ڵ (ستالین) بابه‌تی پێدانی ئیمتیازاتی نه‌وتی باكۆ به ڕووسیا ده‌كاته ته‌وه‌ری گفتوگۆكان، له وه‌ڵامدا قه‌وام ده‌ڵێت: ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی میللی ئێراندایه، دواجار ڕووسه‌كان له هه‌موو پرسەكانی نێوانیان، بۆچوونی خۆیان به قه‌وام ده‌ڵێن: ڕووسیا چاوی ته‌ماحی نه‌بڕیوه‌ته یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌روه‌ریی ئێران، سه‌باره‌ت به كێشه‌ی ئازه‌ربایجان و ناوچه‌كانی تر، مۆسكۆ ئه‌وه به كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی ئێران له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، ده‌بێت به گفتوگۆی حكومه‌تی ئێران و ئه‌و لایه‌نانه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام بابه‌تی كشانه‌وه له ناوچه‌كانی باكوور و ڕۆهه‌ڵاتی ئێرانیان به‌سته‌وه به گفتوگۆی ئیمتیازاتی نه‌وه‌ته‌وه، كه باڵیۆزی ڕووسی (سادچیكۆف) له ئێران، گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كات.(20)
قه‌وام له ئازاری 1946دا نامه‌یه‌كی ده‌میی بۆ سه‌فیری ڕوسی(سادچیكۆف) نارد و ڕه‌زامه‌ندی ئێرانی له‌سه‌ر پێدانی ئیمتیازانی نه‌وتی ناوچه‌ی باكۆ به دامه‌زراندنی كۆمپانیای هاوبه‌شی نێوانیان بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وتی پیڕاگه‌یاند، دواتر سه‌فیری ڕووسیا سادچیكۆف كشانه‌وه‌ی سوپای سوری ڕووسیای له ئێران له‌به‌رواری 24/3/ 1947 له ماوه‌ی مانگ و نیوێكدا به قه‌وام ڕاگه‌یاند.(21)
ئه‌نجومه‌نی باڵای سوپای ئێران، له سه‌ره‌تای مانگی سه‌رماوه‌زی 1325دا، به فه‌رمانی شا، بڕیاری هێرشی له سێقۆڵه‌وه بۆسه‌ر ئازه‌بایجان و كۆماری مه‌هاباد ده‌ستپێكرد، له 20 سه‌رماوه‌زدا، سوپای ئێران گه‌یشته شاری ته‌ورێز و فیرقه‌ی دیموكراتی ئازه‌ربایجان به‌بێ به‌رگری تێك‌شكان و بڵاوه‌یان لێ‌كرد، كوشتارێكی زۆر له ته‌ورێز ڕوویدا.
سوپا گه‌مارۆی مه‌هاباد و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری خێراتر له پلانه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چوون، خه‌ڵكی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی شۆكبوونی ئاوا خێرا تێكشكانی هێزه‌كانی فیرقه‌ی دیموكراتی ته‌برێز، به‌و هه‌موو چه‌ك و تفاقی جه‌نگی مه‌شقی سه‌ربازی ڕاوێژكارانی سۆڤیه‌ته‌وه به‌رگه‌ی هیچیان نه‌گرتوو تار وماركران، هه‌ر به هه‌مان هۆ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا گفتوگۆی نوێنه‌رانی كۆمار و شه‌خسی قازی خۆی، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی سوپای ئێران به هیچ جێگه‌یه‌ك بگات، سوپای ئێران له ڕۆژی 17/12/1946دا سوپای ئێران گه‌یشته شاری مه‌هاباد و به خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشه‌وا قازی و هاوڕێكانی كۆتایی به كۆماری كوردستان هات.(22) ڕۆژی 31/ 3/ 1947 هه‌ر سێ قازی(پێشەوا قازی، سه‌یفی قازی و سه‌دری قازی) له‌هه‌مان گۆڕه‌پانی چوارچرای له‌سێداره‌دران.
پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌یدا، بوویه قوربانی به‌كارهێنانی له ململانێ و كێشه‌ی نه‌وتی نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان
(1) د. برهان أبابكر یاسین، كوردستان فی سیاسة القوی العظمی، دهۆك، مطبعة: هاوار، گ:1، 2002، ص35.
(2) د.نیشتمان به‌شیر محەمه‌د، كورد و سه‌لجوقییه‌كان، و: ئیدریس عه‌بدوڵڵا مسته‌فا، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، چ2، 2006، ل76.
(3) پۆڵ دۆمۆن، فرانسوا جیۆرجیۆن، مه‌رگی ئیمپراتۆریای عوسمانی(1908-1923)، وه‌رگێڕانی له فه‌ره‌نسییه‌وه: نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، چاپخانه‌ی تاران، چ1، 2021، ل166.
(4) د. مارف عومه‌ر گوڵ، په‌یوه‌ندی مه‌سه‌له‌ی كورد به یاسای نێوده‌وڵه‌تانه‌وه، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، چ:1، س: 2002، ل11.
(5)د.مارف عومه‌ر گوڵ، س.پ ، ل:12-13.
(6) د. بورهان أ.یاسین، په‌یمانی سیڤه‌ر سه‌د ساڵ دواتر، ده‌زگای ڕۆشنبیری جه‌مال عیرفان، چاپخانه‌ی تاران، چ: 1، 2021، ل:86.
(7)حسەین مه‌ده‌نی، كوردستان و ستراتیجییه‌تی ده‌وڵه‌تان، ب1، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، چ1، 2009، ل210.
(*)له ڕۆژی 4/9/1925دا، له‌كاتی دادگایی كردنی شێخ سه‌عیدی پیراندا، له وتاری سه‌رۆكی دادگا كه فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی ده‌خوێندەوه، هاتووه: (به‌شێك له ئێوه بۆمه‌به‌ستی خۆتان خه‌ڵكتان به سوغره گرتووه، هه‌ندێكیترتان به پیلانی بێگانه، چاوتان بڕیوه‌ته ده‌سكه‌وتی سیاسی، به‌ڵام هه‌مووتان له یه‌ك خاڵدا هاوبه‌شن، ئه‌ویش دامه‌زراندنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆیه.)حسین مه‌ده‌نی، س،پ.
(8) نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، حكومه‌تی كوردستان، سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجی، سلێمانی، چ:3، س:2007، ل:27.
(9)د. بورهان أبابكر یاسین، كوردستان فی سیاسه‌ت القوی العظمی،1941-1947، ترجمة: هوراس، چاپخانه‌ی هاوار، دهۆك، ج:1، س: 2002، ل:54.
(10)لازاریف، المسأله الكوردیه(1923-1945)ت: عبدی حاجی، مؤسسة ئاراس، أربیل، گ:1،س:2007، ص:335.
(11)ده‌یڤد ماكداول، مێژووی هاوچه‌رخی كورد، وه‌رگێرانی: ئه‌بوبه‌كر خۆشناو،ن اوه‌ندی ئاوێر، هه‌ولێر، چ:3، ص:2019، ل:375.
(12) لازاریف، هه‌مان س.پ ، ل:346.
(13)نه‌وشیروان مسته‌فا، س.پ ، ل:66.
(14) دایڤد ماكداول، س.پ ، ل:373-374.
(15) حسێن مه‌ده‌نی، س.پ ، ل:283
(17) نەوشیروان مسته‌فا ئه‌مین، س.پ ، ل:38.
(18) حسێن مه‌ده‌نی ، س.پ: ل: 312.
(19) ئه‌یوب ئه‌یوبیان، له ژێكافه‌وه بۆ كۆمار، چاپخانه‌ی ڕۆژ، هه‌ولێر، چ:1، س: 2014، ل:475.
(20) ئه‌یوب ئه‌یوبیان، س.پ ، ل: 482.
(21) ئه‌یوبی ئه‌یوبیان، س.پ ، ل:479.
(22)حسێن مه‌ده‌نی، س.پ ، ل: 324.