جیاوازى نێوان مرۆفەکان مەسەلەیەکى خواکرد و خۆڕسکە و ناتوانرێت لێی لابدرێت، خواى گەورە دەفەرموێت (وَلَوْ شَاء اللّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَـكِن لِّيَبْلُوَكُمْ فِي مَا آتَاكُم) (المائدة: ٤٨)، ئەم جیاوازییە سەرتاپاى مرۆڤ بە دەرەوە و ناوەوەى دەگرێتەوە، هەر لە بەژن و باڵا و ڕوخسارەوە تا حەز و خولیا و بیرکردنەوە و باوەڕ و قەناعەت، ئەمە حەتمیەت و واقیع و چەسپاوە و نکۆڵى لێناکرێت.
نەبوونى جیاوازى واتە جوینەوە و کۆپی بوون و دووبارەبوونەوە و وەستانى ڕەوڕەوەى ژیان و کۆتایی پێهاتنى. بۆیە ئەم جیاوازییە لە دوو کوڕەکەى ئادەمەوە دەستپێدەکات و دەبێتە مایەى ئەفراندنى زۆر جوانیی و ناشیرینى، خۆشيی و ناخۆشی، ئاراميى و پشێوى، ئاوەدانيى و کاولکاریی....، تا دوا مرۆڤ لەسەر ئەم ئەستێرەدا نیشتەجێ بێت جیاوازیش بەردەوام دەبێت.
ئەم ڕاستییە زانراوانە بۆیە جەختی لێدەکەمەوە تا ئەوەى ئەمڕۆ لە نێوانماندا دەگوزەرێت بە بارێکى نامۆ لێی نەڕوانین.
سەرنجى قورئانى پیرۆز بدەین بەتایبەت بەسەرهاتەکان، دەبینین ململانێی تیایاندا بە زەقی ڕەنگى داوەتەوە، گەشتێک بە ژیانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله علیه وسلم) بکەین دەبینین هەر بابەتێک یان دەقێک بێ چەندو چوون یەکلایی نەکردبێتەوە، جێگەى مشتومڕى نێوان هاوەڵان بووە، هەر کە نیگاى خوداییش کۆتایی دێت و دەق نامێنێت دابەزێت، هێشتا جەستەى پێغەمبەرى خودا (صلى الله علیە وسلم) نەنێژراوە، جیاوازى لە نێوان باشترین نەوە لە مێژوودا بەشایەتى قورئان (كُنتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ) [آل عمران : 110] پەیدا دەبێت بۆ مەسەلەى پڕکردنەوەى بۆشایی دواى پێغەمبەرى ئیسلام (صلى الله علیە وسلم)، ناکۆکى دەکەوێتە نێوان هاوەڵانى پشتیوانان و کۆچەرییان لەسەر شایستەیی پڕکردنەوەى بۆشاییەکە(١)، ئەم جیاوازییە تەنها لە بوارى سیاسيی و ئیدارییدا نەبووە، بەڵکو بوارەکانى فیقهو زانستەکانى دیکەشی گرتووەتەوە بە بەشێک لە مەسەلە عەقیدەییەکانیشەوە(٢)، ئەم ڕاجیایی و ناکۆکییانە تایبەت نییە بە مێژووى موسڵمانان و جیهانی ئیسلاميیەوە بەتەنها، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتيى و زانست و ئایدیاکانى دیکەشى گرتووەتەوە، چونکە وەک لە پێشەوە ئاماژەمان پێدا ڕاجیایی بابەتێکى خواکرد و خۆڕسک و پێویستیشە بۆ بەردەوامبوونیشیان.
بەدڵنیاییەوە ئەم جیاییە دەرهاویشتەى دەبێت، کاریگەریی و کاردانەوە و ناکۆکى و تێکگیرانیشى بەدوادا دێت، بەڵکو ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت و نەخرێتە سەر ڕێڕەوى خۆى تەشەنە دەکات، گرژى و ئاڵۆزى و ئاژاوە تەنانەت شەڕ و پێکدادانیشى لێ پەیدا دەبێت.
بۆیە زانا و بیریارەکان بە وردى لەم بابەتە کۆڵیونەتەوە و کۆمەڵێک بنەما و شێوازیان بۆ داڕشتووە بە پشتبەستن بە دەق و توێژینەوە و لۆژیک و ئەزموونە جیاوازەکان(٣). لەم پێشەکییە گشتییانەوە دەچینە ناو خودى بابەتەکە تا بزانین ئیسلامییەکانى کوردستان لە کوێی ئەم بنەمایانەدان.
دیارە پێش هاتنى بانگەوازى نوێی ئیسلامى(٤)، ئەوانەى کارى بێدارکردنەوەى خەڵکیان لە ئەستۆ گرتبوو لە ڕووە ئاینیيەکەوە شێخ و مەلاکان بوون، لەناو شێخەکانیشدا هەردوو تەریقەتى قادريى و نەقشبەندى بەربڵاوبوون و بە هەزاران مورید و مەنسوبیان هەبووە، ئەگەر سەرنجى مێژوو بدەین ئەو جیاوازییە لە نێوان مەلا و شێخەکان لەلایەک و لە نێوان ئەو دوو تەریقەتەدا لەلایەکى دیکەوە بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکو زۆرجار سەرى کێشاوە بۆ مشتومڕى توند و تۆمەتبارکردنى یەکديى و سەنگەر و ناوچە لەیەکجیاکردنەوە، تەنانەت هاندانى دەسەڵات و خەڵک لە دژى یەکترى(٥)، ئەم حەقیقەتە هەر لەناو دوو تەریقەتەکەدا نەبووە، بەڵکو لەناو خودى مەلاکانیشدا ڕاستە و هەمان حاڵەت ڕوویداوە(٦).
کە بانگەوازى نوێی ئیسلامیش هاتە کوردستان بە ئایدۆلۆژیایەکى نوێ و زمانیکى دیکە کەوتە چالاکى، هەرزوو لەگەڵ هەردوو بەرەکەدا جۆرێک لە ناکۆکيى و ململانێ هاتە ئاراوە، سەرەتا بە خودى بانگەوازەکەش، لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ قۆناغى جیاجیا و هەوراز و نشێوى زۆرى بڕیوە، (قۆناغى دامەزراندن ـ قۆناغى متبوون ـ سەرهەڵدانەوە ـ پێکهێنانى حیزب ـ هاوخەباتيى و بەشدارى سیاسيی و ئیدارى ـ قۆناغى جیابوونەوە و فرەیی) هەریەک لەم قۆناغانەش بە هەلومەرجى خۆیاندا تێپەڕیون و هۆکارى خوديى و بابەتى، ناوخۆیی و دەرەکى ڕۆڵیان هەبووە لە پەیدابوون و بەردەوامى و کۆتایی هاتنیاندا.
بە هەمووشیانەوە کاروانەکەیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ بە گشت خاڵە ئەرێنيى و نەرێنییەکانیيەوە، ئەگەر توێژینەوە لە گشت ئەو قۆناغانە بکەین ڕاجیایی و ناکۆکى بەزەقی لە هەموویاندا بەدى دەکەین، ئەوەى ئەمڕۆش خەمى بانگەوازى ئیسلامى هەڵگرتووە، جگە لە ڕەوتەکانى ڕابردوو (مەبەستم مامۆستایانى ئاینيى و تەریقەتە جیاوازەکانە) بریتین لە:
١ـ حیزبە ئیسلامییەکان.
٢ـ هەڵگرانى بیرى سەلەفى.
٣ـ ڕەوت و گرووپ و کەسایەتییە ناحیزبییەکان.
ڕوونیشە هەریەک لەم سێ تاقمەش لەناو خۆیاندا دابەشن، ڕاوبۆچوون و ئیجتیهاد و بیرى جیاوازیان هەیە، لەمەڕ شێوەى کار و بانگەوازى ئیسلاميى و ئەولەویەتى بایەخپێدان و ئامانج و هۆکارەکاندا.
ئەم جیاوازییانه لە سەرەتادا کەم و بچووک بوون و لەناو بازنە داخراوەکاندا بوون، بەڵام بەتێپەڕبوونى کات و فراوانبوونى کار، جیاوازییەکانیش دیار و دیارتر کەوتن، کە ئەمڕۆ هەموو لایەک لێی ئاگادارە و هەر تاقمێک شێوازى خۆى و میمبەرى تایبەت و گوتارى لەوانى دیکە جیاوازە، ئەم ڕاستییە هەم خۆیان ڕایدەگەیەنن و هەم جەماوەریش لێی بەئاگایە.
ڕاستە زۆرجار لێرە و لەوێ یاران و نەیارانیان لە ڕووى سۆزداريى و عاتیفەوە یان بە مەرامى تانە و تەشەر و شکاندن، ڕەخنەى توند لە جیاوازییەکانیان دەگیرێت، جارجارەش کەسایەتییەکان وەک پڕوپاگەندە یان پابەندبوون بە بنەما ئاینییەکەوە لەسەر یەکڕیزى دەڵێن هەموومان یەکین هیچ جیاوازییەکمان نییە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەگوزەرێت نەک ئەوەى دەوترێت یان حەزمان لێیەتى.
هۆى جیاوازییەکانیش هەندێکى نەگۆڕ و بەشێکیشی گۆڕاون، نەگۆڕەکان ئەوانەبوون باسمان کردن:
١ـ حەتمیەتى ڕاجیایی خواکرد و خۆڕسکە و ڕەوڕەوى ژیان لەسەر ئەوە گەشە دەکات.
٢ـ پاشخانى هزريی و بیرکردنەوە سەرچاوەى بەرنامە.
٣ـ هۆکارى مێژوویی و ئەولەویەتى بایەخپێدان.
٤ـ هۆکارى سیاسی بە ناوخۆیی و دەرەکییەوە.
٥ـ هۆکارى شەخسيی و دەمارگیری.
ڕەنگە هۆکارى دیکەش هەبن، بەڵام لەو بڕوایەدام لەناو یەکێک لەم هۆکارە سەرەکییانەدا جێگەیان دەبێتەوە. کەواتە لەبرى ئەوەى بە دووى ڕێگاى سڕینەوەى ڕاجیاییدا بگەڕێین، کە ئامانجێکى مەحاڵ و دەستنەکەوتووە، دەبێت لە دووى چارەسەرى دیکەوە بین.
بەدڵنیاییەوە ئەم جیاوازییە تەنها لە سنوورى ڕاجیاییدا قەتیس نەماوەتەوە زۆر جار و لە زۆر شوێندا گەشتۆتە ئاستى ناکۆکيى و سنووربەزاندن و هەندێک جاریش پەرتەوازەیی، ئەمانەش کاریگەریی نەرێنی بەدواى خۆیاندا هێناوە لە ئاستى ناوخۆیی ئیسلامخوازان و دەرەوەشیاندا.
دڵسۆزانى کارى ئیسلامى زۆرجار هەوڵى چارەسەرى ئەو پەرتبوونەیانداوە و چەندین جۆر پرۆژەى لێکنزیکبوونەوە پێشکەشکراوە، سەردان و دیدار و کۆبوونەوە و کۆنفرانس لە ئاستە جیاوازەکاندا سازدراوە، کە ناکرێت بوترێت هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە نەگەیشتووەتە ئامانجى سەرەکییان، پێشناچێت بەم زووییە هەر هەوڵێکى دیکە بەو ئامانجە بگات، لەبەر زۆر هۆکارى خوديى و دەرەکى، مێژوویی و دنیابینى، دەروونيى و دەستەگەریی.
کەواتە گرنگە لە نێوان پەرتەوازەییدا کە هەموان لێی بێزارن و لە نێوان یەکڕیزییشدا کە بۆى عەوداڵین و پێی ناگەین، لە دووى چارەسەرى دیکە بگەڕێین. چارەسەرێکى واقیعى مومکین نەک ئەوەى پێمانخۆشە و حەزى لێدەکەین، بەڵکو ئەوەى تواناى بە کرداریی بوونى هەیە.
ڕەنگە باشترین چارەسەر پێش هەموو شتێک لە یەکگەیشتن و یەکدى قبوڵکردن بێت، بە دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوەى سلبى بۆ مەرام و نیازى یەکدى و گەڕان بە دواى کەموکورتییدا، یاشان تۆمەتبارکردنى یەکدى بە لادەر، بیرتەسک، بیدعەچی، دواکەوتوو، لەبرى ئەوانە بگەڕێین بە دواى خاڵى هاوبەشی نێوان بیروڕا جیاوازەکاندا، کە زۆر لە خاڵە جیاکان زیاترن. بە واتایەکى دیکە دەکرێت کارى ئیسلامخوازان کارێکى تەواوکاریی بێت.
مەبەستم ئەوەیە ئایینى پیرۆزى ئیسلام ئایینێکى تێروتەسەل و سەرتاپاگیرى ژیانە، هەریەک لەم دەستەو بیروبۆچوونە جیاوازانەش ئەگەر وەک قەناعەت ئاینیان بەوشێوە تێروتەسەلەش وەرگرتبێت، گومانى تێدا نییە کە چالاکيى و توانایی خۆیان لە بەشێکى ئەو سەرتاپاگیرییەدا چڕکردووەتەوە، خۆیانى زیاتر تێدا ماندوو دەکەن و پێی ناسراون و بووەتە پسپۆڕى ناسنامەیان.
بەڕوونى دیارە کە بەشێکى زۆرترین کاتى بە زانستە شەرعییەکانەوە خەریکە بەتایبەت بوارى عەقیدە، سیاسییەکانیش توانایان پڕبووەتەوە لە هەوڵى گۆڕانکارى دەسەڵاتدا، بەشێکیش باس لە کارى تەزکيیە و پاکژکردنەوەى دەروون زۆرتر سەرقاڵى بۆ دروستکردوون، خەڵکێکیش کارى ڕێکخراوەیی و پیشەیی کردووەتە ڕێڕەوى خۆى و بووەتە ڕێبوارى ئەو ڕێگایە.
ئەگەر سەرجەمى ئەم بوارانە و بوارى دیکەى هاوشێوەیان سەرنج بدەین، لە هیچیان بێ ئاتاج نین و هەریەکەیان زەرورەتى خۆى هەیە، سروشتى بەشێک لە چین و توێژەکانى کۆمەڵگەش بەسەر هەموویاندا دابەش دەبێت.
بەدرێژایی مێژووى بانگەوازى نوێ هەر لایەنێکیش لافى ئەوە لێبدات کە تاقمەکەى ئەو سەرتاپاگیرە و بایەخ بە سەرجەم ئەو بوارانە دەدات، لە ڕووى تیۆرییەوە لێی بسەلمێنرێت هەرگیز بۆى نەلواوە و فریاى گرتنەبەرى گشت بوارەکان نەکەوتووە.
کەواتە لێرەوە دەگەینە دەرچەیەک، ئەویش ئەوەیە دەکرێت هەردەستە و تاقمێک سەرقاڵ بێت بە کار و پسپۆڕى خۆیەوە و پێکەوەش ببنە جەستەیەکى تەواوکاریی (تکاملی) بۆ یەکتر، بەم شێوازەى کار سەرتاپاگیريى و تێروتەسەلیەکەى ئاینى ئیسلام بەرجەستە دەبێت، هەمووشیان پێویستن و لێیان بێئاتاج نین، ڕەنگە لە زەمین و زەمانێکدا بەشێکیان سەردەستەبن و لە ڕیزى پێشەوەى زەرورەتيیەکان بن، بەڵام مەرج نییە لە هەموو قۆناغەکاندا ئەو ڕیزبەندییە لزومێکى بمێنێت، سەرەکى و لاوەکى جگە لە مجێزى مرۆڤەکان کات و شوێن کاریگەرییان هەیە لە دیاریکردنیاندا.
هەنگاونان بۆ بڵاوبوونەوەى ئەم گیانە تەواوکارییە، ڕەنگە سەرەتاى گرتنەبەرى ڕێگە ڕاستە دوورودرێژەکە بێت، کە ئامانجى هەموو لایەکە، چونکە پەیدابوونى ئەم قەناعەتە زۆر تەمومژى گومانى دەڕەوێنێتەوە و چاویلکەى ڕەشی چاوەکان ڕووندەکاتەوە، کاریگەریی گەورەى لەسەر دنیابینى لایەنەکان دادەنێت.
لە پڕۆسەیەکى وەها بنەڕەتدا، کەس بەشی کەس ناخوات، برا گەورە و برا گچکە نامێنێت، هیچ لایەک خەمى توانەوە و پاشقولى لایەنەکەى دیکە ناخوات.
بەدڵنیاییەوە تایبەتمەنديى و جیاوازى هەر دەمێنێت، ڕەخنە و گلەیی ناسڕێتەوە، ئیشی خۆ بەگرنگتر زانین بەردەوام دەبێت، بەڵام زاراوەى پەرتەوازەیی هەڵدەگیرێت و دەگۆڕێت بۆ ڕاجیایی.
وەک ئاماژەمان پێدا ئەگەرى مەیسەربوونى ئەم پڕۆسەیە هەیە ئەگەر دڵسۆزانى هەموو لایەک بەرنامەى بۆ داڕێژن و خۆیانى بۆ ماندوو بکەن، بەو مەرجەش کێشە شەخسيی و نەفسییەکان نەبنە بەربەست.
سهرچاوه و پهراوێزهكان
١ـ سەیرى ناکۆکییە سیاسییەکانى نیوان هاوەڵان بکە، و.ڕێدار ئەحمەد، وردەکاريى و جۆرى ئەو ڕاجیاییانە باس دەکات.
٢ـ
٣ـ زانایان لە کۆن و نوێدا لەم بابەتە دوواون، ڕەنگە یەکێک لە باشترین نووسراوەکان کتێبی (أدب الاختلاف)ى د. طه جابر العلوانی بێت کە زیاد لە نووسەرێک بۆ زمانى کوردى وەریانگێڕاوە.
٤ـ بانگەوازى نوێی ئیسلامى بە مانا سیاسییەکەى مێژووى دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو، بڕوانە ئیدریس سیوەیلى: ڕەوتى ئیسلامى لە کوردستانى عێراق.
٥ـ بڕوانە کتێبی :
٦ـ بۆ نموونە سەرنجى (د.موستەفا زەڵمى: کاروانى ژیانم) ى بدە کە بۆچی سلێمانى و کوردستانى بە یەکجاری جێهێشتووە و وازى لە مەلایەتیش هێناوە.