١- ئاین و سیاسەت دوانەیەکی لێکدانەبڕاون و پێکەوە لەدایک بوون. هەر هەوڵێک بۆ کردنە دەرەوەی هەر یەکێکیان، هەوڵێکی نەزۆکە. هەرکامێکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان لە دەرگاوە بکرێتە دەرەوە، ئەوا لە درز و کونی دیوار و بنمیچەکانەوە خۆی دەخزێنێتەوە ژوورەوە.
٢- مێژووی سیاسەت و ئاین بە ئەندازەی مێژووی مرۆڤ درێژە. مرۆڤ بۆ ساتێکیش نەیتوانیوە دەست بەردارییان بێت ئەگەر لە سادەترین فۆڕمیشیاندابووبێت.
٣- لە ئاینی ئیسلامدا، ئەو بەشەی پێی دەوترێت ئەحکام و لە چوارچێوەی هەردوو زانستی ئوسوڵی فیقهو فیقهدا داڕێژراون، جێبەجێکردنیان تەنها بە دەسەڵات دەکرێت. فەقیهەکان بە تەنها ناتوانن حوکمەکان جێبەجێ بکەن. حاکم و دەسەڵاتدارەکانیش بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکان پێویستییان بە پشتیوانی فەقیهەکان هەیە. هەربۆیە خودی فەقیهەکان و زانستی فیقه لەم بوارەدا پێگەی تایبەتیان هەیە.
٤- لە ژیانی کردەیی حەزرەت و یارانیدا، جۆرێک لە حوکمڕانی و پیادەکردنی سیاسەت و ئیدارەدانیان کردووە، ئەمەش جگە لە سیاسەتکردن هیچی تر نیە. چونکە بەشێوەیەکی سروشتی و ئاسایی جەنگیان کردووە و ڕێککەوتنامەی ئاشتیان واژۆکردوە و جۆرێک لە میکانیزم بۆ هەڵبژاردنی کەسێک تا سەرپەرشتی کاروباری گشتییان بکات بەناوی "خەلیفە، ئەمیری موئمینین، والی"یان پەیڕەوکردووە کە بریتییە لە "بەیعەتدان". ئەمە وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا و ئەحکامەکان.
٥- بۆ هەڵبژاردنی کەسی یەکەم و داڕشتنی حوکمەکان دەستەیەک بەناوی "ئەهلی حەل و عەقد" دامەزرێنراوە کە زاناکان و فەقیهەکان پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە تیایدا، ئەم دەسەیەش دەسەڵاتی یاسادانانی پێدراوە. جگە لە پێکهێنانی دەستەیەک بەناوی " شورا"وە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەنوسی بڕیاردانێکەوە کە ئایا ئەو بڕیارە بدرێت یان دوابخرێت یان هەر نەدرێت.
٦- موفتی و قازی، دوو پێگەن پێکهێنراون یەکەم بۆ فەتوادان و ڕێکخستنی ژیانی تایبەت و یەکلایی کردنەوەی بابەتە ئاینییەکان و دووەمیشیان دەسەڵاتی دادوەری پێ سپێردراوە.
٧- لەسەر ئاستی زانستی کەلام، لە چوارچێوەی بابەتی سەلماندنی پێغەمبەرایەتی و پێویستبوونی مرۆڤ بە پێغەمبەر و پێغەمبەرایەتی، بابەتی "ئیمامەت" و "ویلایەت" بابەتێکی تەواوکاری پێغەمبەرایەتییە. بەو واتایەی کاتێک پێغەمبەر خاوەنی دەسەڵاتی پاراستنی ژیانی دنیای هەیە و خاوەنی یاسادانانە و دەسەڵاتی باتینیشی هەیە، ئەی ئەگەر پێغەمبەر مرد کێ ئەم کارانە ڕادەپەڕێنێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەوترێت:
أ- فەقیهەکان لە ڕێگەی "ئیجتیهاد" و "فەتوادان"ەوە درێژە بە ئەرکی تەشریعی پێغەمبەرایەتی دەدەن.
ب - خەلیفە، ئیمام، ئەمیری موئمینین- لەڕێگەی سیاسەتی شەرعییەوە درێژە بەکاری پێغەمبەرایەتی دەدەن کە ڕێکخستنی ژیانی تاک "تایبەت" و "گشتی" کۆمەڵگەیە.
ج- وەلییەکان، شارەزایانی تەسەوف، بەردەوامی بە دیوی نادیار "باتینی" پێغەمبەرایەتی دەدەن.
باسکردنی ئیمامەت و گرنگییەکەی لە چوارچێوەی زانستی کەلامدا کە زانستە بە میتافیزیکا و ناساندنی جیهانی غەیب دەستپێدەکات و یەکەم هەنگاوە بۆ خستنەڕووی بابەتەکانی ئیمان بەمیتۆدی عەقڵانی، ئاماژەیە بۆ گرنگی بابەتی سیاسەت و پەیوەندی بە ئاینەوە.
٨- لەسەر ئاستی فەلسەفی، فەیلەسوفە موسڵمانەکان وەک بابەتێکی بنەڕەتی ناو کایەی فەلسەفە چەندین تێکستی گرنگ و دانسقەیان لەبارەی سیاسەتەوە نوسیووە بە شێوەیەک ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی موسڵمانان بێت.