د. کامهران محهمهد
ئەو سەرچاوانەی تاکو ئیستا[1] لە بەردەستدان زۆر بە دەگمەن نەبێت باسی ئایدیۆلۆژیا و تێکڕای چالاکییە ژیرییەکانی مرۆڤی کورد ناکەن، بۆیە دەتوانم بڵێم بە هەڵەدا ناچین ئەگەر بەدرێژایی مێژوو تاکو سەردەمی ئێستامان لەم دۆزە بکۆڵینەوە، پێویستی بە جیاکردنەوەیەکی ئەوتۆی قۆناغە مێژووییەکان ناکات، چونکە کۆمەڵگهی کوردی لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گەشەسەندنێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بۆماوەیەکی دوور و درێژ پێکهاتە و پەیوەندییەکان هەروەک خۆیان ماونەتەوە، ئەم زەمەنەش زەمەنی دووبارەبوونەوەی یەك دیمەنە، کە پێویستی بە ڕەهەندەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو نییە، سەردەم هەر ئەوە بووە کە هەبووە و ئێستا هەیە[2].
بەواتایەکی تر، له ڕابردوودا گۆڕانێکی ئهوتۆ لە هەناوی کۆمەڵگهی کوردی ڕووی نەداوە، بەڵکو ئەو گۆڕانانەشی کە ڕوویانداوە زیاتر دیمەنە ڕووکەشەکانی ژیانیانی گرتووەتەوە و بۆماوەیەکی دیاریکراوی کورتخایەن بوون.
ئایدیۆلۆژیا سنووری نەتەوە ناناسێ و تاپۆی نەتەوە و گەلێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو خۆی بە هەموو گۆشەیەکی کۆمەڵگهکانی مرۆڤدا دەکات، بۆیە هیچ نەتەوەیەک نەبووە لە بنەڕەتەوە تاکە ئایدیۆلۆژیایەکی لەسەر خۆی تاپۆ کردبێ و لەوە بەدواوە دەرگای ئاڵوگۆڕی فیکريی و ئایدیۆلۆژیای بەڕووی جیهانی دەرەوە و گۆڕانکاری و گەشەکردنی ئایندەدا داخستبێ.
کۆمەڵگهی کوردیش وەک تێکڕای کۆمەڵگهکانی تری مرۆڤ ڕووبەڕووی تەوژمی ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان بووەتەوە، بەڵام ئایا تا چ ئەندازەیەک کورد پێویستی ""حاجە"" بە ئایدیۆلۆژیا هەبووە و تا چەند توانییویەتی سوود لە ئایدیۆلۆژیا وەربگرێت و مافە ڕەواکانی خۆی پێ بەدی بهێنێت؟! ئایا کۆمەڵگهی خێڵەکی کوردی تا چ ئەندازەیەک ئامادەیی ""استعداد"" وەرگرتنی ئایدیۆلۆژیایان هەبووە و بەدەمییەوە چوون؟ سەرەڕای ئەمانەش ئایا خودی ئایدیۆلۆژیاکە چ گۆڕانێکی لە کۆمەڵگهی کوردیدا کردووە و تا چەند له کۆمەڵگهکهدا توانییویەتی جێگای خۆی بکاتەوە؟
بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی کە وا پێویستیی ""حاجە"" کورد بە ئایدیۆلۆژیا ڕوون بکەینەوە، بێگومان ئایدیۆلۆژیا فاکتەری کاریگەری یەکخستنی توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگهیە، واتا ئایدیۆلۆژیا لە خزمەتی یەکخستنی کۆمەڵگهدایە یەکەم ئەرکی بریتییە لەو پڕۆسە مەزنە.
لێرەدا جێی خۆیەتی کە چاوێکی خێرا بە مێژوودا بخشێنین بۆئەوەی پەی بە حەقیقەتی ئەو دۆزە ببەین و ڕۆڵی ئایدیۆلۆژیامان لە یەکخستنی ڕیزەکانی کۆمەڵ و تواناکانی و دروستکردنی دهوڵهت و پاشانیش هێشتنهوهی کۆمهڵ و دەوڵەت بە سەربەخۆیی.
بەدەوییەکان لەسەروو هەموویانەوە عەرەبی سەردەمی نەفامێتی لە نیمچە دوورگەکەیاندا بە کۆمەڵی پەرتەوازە و لێك و جوودا دەژیان، کە پەیوەندی ڕەچەڵەک تاکەکانی پێکەوە دەبەستێتەوە و کۆمەڵەکانی لێک جیا دەکاتەوە، مەرجە مادديیەکانی ژیانی ئەو کەسانە لە وشکی زەوی، جێگۆڕین، کەمی لەوەڕگا، چەند خەسڵەت و سیفاتێکی دیاریکراوی پێ بەخشیوون کە نەیاندەتوانی دەسەڵاتێکی گشتی دابمەزرێنن تاوەکو خێرا لەخۆیەوە گەشە بکات بۆ دەسەڵاتێکی ناوەندی لە شێوەی دەوڵەت.
جا بۆئەوەی دەوڵەتێکیان بۆ دروست ببێت پێویستی بە فاکتەرێکی تر هەبوو کە سیفەتەکانیان هەڵبگێڕێتەوە و ڕیزەکانیان یەک بخات، و ئاڕاستەی هێز و چالاکییەکانیان بە ئاڕاستەیەکی تردا بگۆڕێت، بەدەر لە ئاڕاستەی ململانێی خێڵەکی کە بەردەوام قەوارەکەیانی پەرت دەکرد[3].
ئەو فاکتەرە پێویستەش تەنها ئایین بوو، ئایين کە ئیرەیی و ململانێی نێوانیانی نەدەهێشت و ڕەوشتە ناپەسەند و خراپەکانی لادەبرد و خەسڵەتە پۆزەتیڤەکانی تێدا تۆخ دەکردنەوە و وشە و گوتاریانی یەک دەخست بۆ دەرخستنی ڕاستی کۆی دەکردنەوە و سەرکەوتنی بۆ مسۆگەر دەکردن[4].
جا ئیسلام توانی کۆمەڵگهی سروشتی ئەوکاتەی عەرەب تێبپەڕێنێت و کۆمەڵگهیەکی نوێ لە نیمچە دوورگەی عەرەبدا بنیات بنێت، وەک دەمارگیرییەکی باڵا و پەرەسەند و تا ئاستی پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی تاوەکو بە نیشانە پەیامییەکە (رسالی)یهوه بتوانێت دەمارگیرییە خێڵەکییەکان بەشێوەیەکی دروست ئاڕاستە بکات بۆ کۆمەڵگه بەرەنجامی ئیجابی لێبکەوێتەوە.
ههربۆیە گوتاری دەمارگیریی وەک ناوەڕۆکێکی هەمیشەیی بۆ شێوەی دەسەڵات بەردەوام بووە و توانییویەتی ڕەمزە ئایینیەکان وەربگرێت و لە پڕۆسەی دەسەڵاتدا بەکاریان بهێنێت، ئەم بەکارهێنانەش بەشێوە و شێوازی جیاواز بووە، بێ ئەوەی کایەکهی بە کایەکانی ترەوە ببەستێتەوە! ئەمەش هەر لە ئەزموونی خەلافەتی ڕاشیدییەوە کە لە پاش کۆچی پێغەمبەر (د.خ) دەستی پێکرد، ڕاستەوخۆ شێوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای لەخۆگرت و دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو، کە ئامانجی هەموو دەسەڵاتێکە لە مێژوودا، ئەوانیش: یەکخستنی ڕیزەکانی ناوەوەی دەوڵەت و پاشانیش بەرگری لێکردنی لە مەترسی دەرەکی. (ئەگەر بەڕێگای فتووحات)یش بێت.
قۆناغی دەسەڵاتی ڕاشیدی توانی گۆڕانێکی ئینقیلابی لە ناوەڕۆک (مضمون)ی گوتاری دەمارگیریدا بکات، دەمارگیری لە دەلالەتە عەشایريی و نزیکی خوێنەوە بۆ دەلالەتێکی تر کە جۆرێکی نوێی سنووربەزێن (خارق) بوو، گواستەوە ئەویش دەمارگیری پابەندبوون بە گۆڕانی جیهانەوە ئەوەندەی دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت[5].
بۆیە لێرەوە کاریگەری فاکتەری ئایدیۆلۆژیا لە درووستکردنی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، لێرەدا مەبەستمان لە ئایدیۆلۆژیا ئایینە بە چەمکە فراوان و گشتگیرییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەکاندا لە سەربەن (منطلق)ی بانگەوازی ئیسلام دامەزرا و پایەکانی چەسپا، واقیعی مێژوويیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وا بانگەوازی ئیسلامی لە بەشێکی گەورەی جیهان لەسەر بنەڕەتی جیهاد دامەزرا، بێگومان ئەمەش پشتی بە دەزگایەکی سیاسی و سهربازیی ساکار دهبهست و بهخێرایی بۆ دهزگایهکی ئاڵۆز کە لە دەوڵەتدا خۆی بینییەوە گەشەی کرد[6].
بەهەمان شێوە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام گرنگترین هۆکاری بەهێز بوون و بە دەوڵەت بوونی تورکە عوسمانییەکان بوو، چونکە ئەرکی گەیاندنی ئایینی ئیسلام و بەرگریکردن لە سنوورەکانی جیهانی ئیسلامییان خستە ئەستۆی خۆیان، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆئەوەی موسڵمانان زیاتر ڕووبکەنە ناوچەکە بە مەبەستی جیهاد کردن لە پێناوی ئیسلامدا و میرنشینی عوسمانیش سوودی لە وزە و توانا و بەهرەکانیان وەرگرت و میرنشینەکە فراوان بوو، دواتر بووە دەوڵەت و پاشانیش ئیمپراتۆرییەت.
ئەگەر چاوێك بە مێژووی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بخشێنین لە هۆکاری دروستبوونی چەند میرنشینێکی کوردی وەک میرنشینی شەدادی و ڕەوادی و دەوڵەتی دۆستەکی مەروانی و دەوڵەتی ئەیوبی بکۆڵینەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام _ بە چەمکە فراوانەکەی _ هۆکاری یەکەمی دروستبوونیان بووە، بەرگری کردن لە ئایين و ئایدیۆلۆژیای ئیسلام بە قازانجی میرنشینەکان کۆتایی هاتووە.
لێرەدا نموونەیەکی ئاشکرا دەهێنینەوە، میری میرنشینی شەدادی میر فەزلۆن (٣٧٥-٤٢٥) کە هێرشی کردووهتە سەر گورجەکان و توانیویەتی تێکیان بشکێنێ، ئەم کارە وایکردووە لە دەرەوەی سنووری میرنشینەکەی بناسرێ، بە جۆرێک کە مێژوونووس (ابن الجوزی) دەڵێت:" هەواڵی ئەم سەرکەوتنە لە موسڵەوە گەیشە بەغداد"[7].
لەلایەن خەلافەتی عەباسییەوە بایەخی گرنگ بە میرنشینە کوردییەکان دراوە و چەندەها نازناو بە میرە کوردییەکان لەلایەن خەلیفەکانی عەباسییەوە بەخشراوە، وەک نازناوی (ناصرالدین و الدولە، کە خەلیفە القادر بااللە (٣٨١-٤٢٢)) بە میر بەدری کوڕی حەسنەوی بەخشی، یاخود میر نصر الدولە ئەحمەدی کوڕی مەروان کە نازناوی (نصر الدولە و عمادها) لەلایەن خەلیفە القادر باللە وه پێ بەخشرابوو[8].
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بەرگری کردن لە ئايین و ئایدیۆلۆژیای ئیسلام بوونی میر و میرنشینە کوردییەکانی لەنێو مێژوودا سەپاندووە و ئەوانی تر دانیان بە دەسەڵاتەکەیاندا ناوە.
بێگومان لە دوای ڕووخانی تێکڕای میرنشینە کوردییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە کورد بەبێ قەوارەیی و پەرتەوازەیی ماوەتەوە. دیارە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام خاڵێکی هاوبەشی پێکەوە بەستنی تێکڕای کوردەکان بووە، بەڵام لە سەردەمەکانی دوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە کوردهکان وەک پێویست نەیانتوانیوە سوود لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلام وەک خاڵێکی هاوبەش و فاکتەرێکی کۆکەرەوە وەربگرن و سەرلەنوێ قەوارەی سیاسی سەربەخۆی خۆیانی پێ درووست بکەنهوه!
بۆیە لەدەرەنجامی ئەم خستنەڕووە مێژوویيەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئایدیۆلۆژیا بۆ گەلێکی بێ قەوارە و دەوڵەتی سەربەخۆی وەک کورد چهند پێویسته! پێویسته بۆ بنیاتنانی قهواره و دهوڵهتێکی سهربهخۆی کورديی و بەرگری لێکردنی لەو مەترسیيانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
بێگومان هەر ئایدیۆلۆژیایەک ئەگەر فەلسەفی یاخود ئایینی یان زانستی بێت لە هەموو سەردەمە مێژووییەکان و شوێنە جیاوازەکاندا لەسەر یەک شێواز و ئاڕاستە بڵاو دەبێتەوە.. هەموو ئایدیۆلۆژیایەک لەلایەن ژمارەیەک مرۆڤەوە بڵاودەبێتەوە کە بڕوایان پێهێناوە و ملکەچی ئەو ئایدیۆلۆژیایە بوون و ئایدیۆلۆژیاکەش بەسەر بیر و بۆچوون و پایەیاندا باڵی کێشاوە. جا بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیاش لە کۆمەڵگهی کوردیدا زیاتر بەشێوازی خوتبە و ئامۆژگاری و وەعز بووە. بەدەر لە وتوێژی زانستیيانە و بەڵگەهێنانەوە، چونکە کورد زۆر حەز بە گێڕانەوەی سەرگوزەشتە و چیرۆکی قارەمانێتی و شەڕ دەکات، ئەم چیرۆکانەش شوێنەواری گەورەی لەسەر دڵی ڕۆڵەکانی خێڵ بەجێهێشتووە.
زۆر لە منداڵه لاوەکان بەتایبەت لە گوندەکاندا شەوانە تا درەنگ دەمێننەوە و بە تاسەوە گوێ بۆ ئەو چیرۆکە نەبەردیانە دەگرن کە (پاڵەوان)ە کوردییەکان لە سەردەمە مێژووییەکاندا نواندویانە، بێگومان زۆربەی ئەم چیرۆکانەش ڕووداوی ئەفسانەیی و خەیاڵین[9]. لەلایەکی تریشەوە، تاکی کوردی حەزێکی زۆری لە سادەیی هەیە و ئەم سادەییەش لە دیاردە جۆر بە جۆرەکانی ژیانیاندا دەردەکەوێت، تەوژمی ژیار و مەدەنییەت زۆر کاری لێ نەکردوون[10]. هەڵبەتە دروست بوون و بەردەوامبوونی ئەم بارەش چەندەها هۆکاری خودیی و بابەتیی خۆی هەیە، کە بەدرێژایی سەردەمە مێژووییەکان ڕۆڵیان لە گەڵاڵە بوونیدا بینیوە.
جا بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیا بەشێوەیەکی زانستییانە و لە سەر بنەڕەتێکی ژیری ئەوا هۆکارێك بووە کە کوردەکان وەک پێویست ئایدیۆلۆژیاکە وەرنەگرن و لەهەمانکاتدا ئایدیۆلۆژیاکە نەیتوانییوە کاری بنچینەیی خۆی لە کۆمەڵگهدا ئەنجام بدات.
هەروەکو مامۆستا مەسعود محمد ئاماژە بەم ڕاستيیە دەکات و بە نموونەی ناو واقعی کۆمەڵگهی کوردی و دەڵێت: "لە ١٣٠٠ ساڵەوە کورد بەرەو قیبلە "بااسم اللە" لە سەربڕین دەکات و تیغ بەشوێنی دیاریکراوی گەردنی کوشتوودا دەهێنێت، ئەگەر نا بە مرداری دادهنێت"، هەر ئەو کوردە کە هێندە دەربەستی مارەبڕین و سەربڕینە شایی ڕەشبەڵەک دەکات، چەندێکی بۆی بلوێ لە مەیدانی زایەند "جنس" بێ یان لە مەیدانەکانی دیکەی دنیابێت بە قیلە شەرعان وە یا بەبێ شەرعی پاتە و پات ئارەزووە ناڕەواکانی دابین دەکات، تۆ سەیری ئەو دزەی کە بەرخی دزراوی لەدەس مردار دەبێتەوە لیی ناخوا! خۆ دزین حەرامترە لە گۆشتی مردارەوە بوو، ڕەنگە کۆمه نەکا لە دامرکاندنی حەزی نێرانەی، وە یا مێیانەی، بەڵام بەدوای ئەو حەزەدا نوێژی بێ دەستنوێژ وە یا بێ غوسڵ ناکات"[11]. یاخود تاکی کوردی زۆر بە توندی دەست بە بنەماکانی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامییەوە دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کوشتن (کوشتنی بە ئەنقەست) نایگەڕێنێتەوە.
ئایدیۆلۆژیای ئیسلام کە عەرەبی یەکخست و هێزێکی وای لێ دروست کردن کەوا ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی و فارسی لە ڕۆژهەڵات و دەوڵەتەکانی بەربەر لە ڕۆژئاوا لەبن بهێنێت، ئەم (یەکێتی)یە تەنها چوارچێوەیەکی کشاو بووە بۆ دەمارگیرییە جیاواز و جۆراوجۆرەکان، کە هەر یەک لەو دەمارگیریيانە پارێزگاری لە قەوارە و کەسایەتی خۆی لە چوارچێوە فراوانەکەدا کردووە.
ئیسلام بوونی عەرەب بەواتای نەمانی دەمارگیرییە جۆراوجۆرەکانی ناو خودی کۆمەڵگهی عەرەب ناگەیەنێت، بە هەمان شێوە ئیسلام بوونی فارس و ڕۆم و بەربەر و تورک و کورد و.. هتد، واتای ئاوێتەبوونێکی تەواو لە (نەتەوە)ی ئیسلامدا ناگەیەنێت، بەڵکو زۆربەی ئەو دەمارگیرییانە ههتاکوو ئەمڕۆش ماونەتەوە، جا چ لە شێوەی گڵۆتی سیاسی یاخود خێڵ یان نیمچەخێڵدا بن، هەر کۆمەڵە و پارێزگاری لە خودی خۆی کردووە، هەر ئەمەش وای لە کۆمەڵگهی ئیسلامی کردووە کە تابێ پایان کۆمەڵگهیەکی زۆرینەبێت.
ئهو باره دهمارگیرییه (یهکێتيیه ڕاوهستاوهکه لهسهر زۆرینه)-تا بێپایان فاکتهری (تحکم) کردن بووه له ڕووداوه سیاسیی و کۆمهڵایهتییهکان که لهمێژووی ئیسلامییدا ڕوویانداوه[12]. ههربۆیە دەتوانین بڵێین کە ئاینی ئیسلام نەیتوانی کۆمەڵگهی ئەوکاتەی کوردی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا بوو تێپەڕێنێت و کۆمەڵگهیەکی نوێ بنیات بنێ وەک ئەو کۆمەڵگهیەی کە لە سەرەتای ئیسلامدا لە نیمچە دوورگەی عەرەبی بنیاتی نا، بەواتایەکی تر ئایدیۆلۆژیای ئیسلام لە کۆمەڵگهی کوردیدا وەک دەمارگیرییەکی باڵا و پەرەسەندوو تا ئاستی ئەو پڕۆژە ڕۆشنبیرییەی کە بە نیشانە پەیام بەیەکەوە دیارە، نەیتوانی دەمارگیرییە خوێناويی و هاوشێوەکانی لێك هەڵبوەشێنێتەوە، یاخود بەئاڕاستەیەکی دروست ئاڕاستەی بکات!![13].
دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە خێرایی و جەخت کردن لەسەر فتوحاتی ئیسلامی بە ئاڕاستەیەکی ئاسۆیی! واتا گرنگیدانی زیاتر بە فەتح کردنی ڕووبەر و خاکی ناوچەکانی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ههربۆیە ئاساییە کە ببینین لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا سنووری دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتەوە بگاتە هيند و سەمەرقەند و بوخارا و لە ڕۆژئاواشەوە بگاتە ڕۆژئاوای عەرەب و ئیسپانیا.
بێگومان ئەمە خۆی لەخۆیدا بەرەنجامێکی نێگەتیڤی لیکەوتەوە، ئەویش بریتیبوو لە فەرامۆش کردنی فەتح بە ئاڕاستە ستوونییەکەی، واتا پەروەردە نەکردنی ئەو نەتەوانەی کە تازە موسڵمان بوون و جێگیر نەکردن و تۆخ نەکردنەوەی چەمکە ئیسلامییەکان لە ناخیاندا.
ئهوهش وايكرد چەندين شۆڕش و هەڵگەڕانەوە دژ بە دەوڵەتی ناوەندی ڕووبدا و لەدوای سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) و هەردوو خەلیفەی ڕاشیدین (ئەبو بەکر و عومەر) (ر.خ)، کۆمەڵگهی ئیسلامی لە پاشەکشەکردندا بوو لە چەمکە ئیسلامییە ڕەسەنەکان، بەتایبەت لەدوای گۆڕانی سیستمی فەرمانڕەوایەتی لە شووراوە بۆ بنەماڵەیی و لێکترازانی یەکڕیزی لە دەوڵەتی ئیسلامیدا و تۆخ بوونەوەی دەمارگیرییە خوێناوییە خێڵەکییەکان، ئەمەش لە خۆیدا گەڕانەوە بوو بۆ سەردەمی نەفامێتی و پێش هاتنی ئایینی ئیسلام.
بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئاینی ئیسلام گۆڕانێکی کاریگەر و زۆری لەلایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگهی کوردیدا کرد، جا ئەو گۆڕانە چ لەبواری فیکريی و ڕۆشنبیریدابێ یاخود لە بواری چاکسازی کۆمەڵایەتی و لایەنی سیاسی و...هتد دابێت، هەرچەندە بەشی زۆری کوردەکان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە ئیسلام نەبووە، بەڵام شوێنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام کەوتوون، چونکە ئیسلام لای کورد ئایين و مێتۆدی ژیان بووە! هەمیشە بە موقەدەسیان زانیوە و خۆیان بە قوربانی کردووە، چەندەها داستانی خۆبەختکارانەیان لەپێناویدا تۆمار کردووە!.
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش بۆچى بوونی ژمارەیەکی زۆری زانای کورد و لێهاتوو لە بوارە جۆراو جۆرەکانی زانست و مەعریفەدا کارێکی ئەوتۆی نەکردووەتە سەر گۆڕان و پێشخستنی کۆمەڵگهی کوردی؟!
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە بە وردی چاوبخەینە سەر واقیع و ڕەوتی مێژوویی ڕووداوەکانی کۆمەڵگه.
کۆمەڵگهی ئیسلامی سەدەیەک لە پێش (کەوتن)ی بەغدا لەساڵی ٦٥٦ک بەدەستی مەغۆلەکان تاوەکوو سەردەمی نوێ تووشی بارودۆخێکی دواکەوتوویی و تەقلیدگەرایی هات، واتا تەقلید بووە خەسڵەتێکی دیاری کۆمەڵگهی ئیسلامی لەو ماوە مێژووییەدا.
دیارە بڵاوبوونەوەی تەقلیدیش لەو سەردەمانەدا کۆمەڵە هۆکارێکی هەبووە:
١) لاوازی دەسەڵاتی سیاسی خەلافەت، دەوڵەت وەکو سەردەمەکانی پێشوو نەمایەوە، بەڵکو چەندەها میرنشین و دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئیسلامی دروست بوون، بێگومان ئەم بارەش کاری لەسەر ژیانی فیقهی و زانستی و زانا و فوقەهاکان کرد، چونکە هاندەری لێکۆڵینەوەی بەهێز و بایەخ پێدانانیان نەما تەنها بە پاشماوەکانی پێشینەکانەوە مانەوە و وازیان هێنا.
٢) مەزهەبە ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی تەواو نوسرانەوە و ڕێکخران، ئەوەش وای لە زاناکان کرد کەوا دەروونیان ئارام بگرێت لەبەردەم ئەو سەروەتە فیقهيیە مەزنە و واز لە لێکۆڵینەوە و هەڵهێنجان بهێنن.
٣)-لاوازی متمانەبەخۆ بوون و هەڵاتن لە ئیجتیهاد، فوقەهاکان خۆیان بە لاوازی و دەسەوسانی و کەمتەرخەمی تۆمەتبار دەکرد و وا گومانیان دەبرد کە ناتوانن حوکم لە چاوگە ڕەسەنەکان وەربگرن، بۆیە باشترین و شایستەترین ئەرک بریتییە لە پابەند بوون بە مەزهەبێکی دیاریکراو و سووڕانەوە بەدەوری خولگەکەیدا و دەرنەچوون لەو خولگەیە، لە دیدی ئەواندا سەردەمی ئیجتیهادی ڕەها بەسەرچوو، بەمشێوەیە دەروازەی ئیجتیهاد داخراو و تەقلید باڵی بەسەر نەتەوەی ئیسلامدا کێشا[14].
کۆمەڵگهی کوردیش وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگهی ئیسلامی تووشی هەمان پەتا بوو، بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین زانستەکانی قوتابخانە شەرعییەکان لە سەدەی پێنجەم و شەشەمی کۆچی چۆن بوو لە سەدەکانی دە و یانزەش هەمان زانست و قوتابخانەکان هەمان مێتۆدیان هەبوو.
سەرەڕای ئەمەش لەبەرئەوەی زاناکانی کوردستان لە چاو کۆمەڵگهی کوردیدا کەم بوون، واتە دەستەبژێرێک بوون، کەوا زیاتر ڕۆڵێکی فەرهەنگيی و ڕۆشنبیریان بینیوە نهک ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی[15].
ئەم ڕۆڵە فەرهەنگیی و ڕۆشنبیرییەی کە بینیویانە لەبەرئەوەی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆیان نەبووە، کە ئەم گەلە خۆی تیا بناسێ و خۆی تیا بناسێنێ! واتا نەبوونی بۆتەیەکی تایبەت بۆ جێگیر کردنەوەی بەرهەمی ئەقڵ و داهێنانی کوردی نەخشی ئەم گەلەی لە بنیاتنانی شارستانیەت و لە مێژوودا سڕیوەتەوە.
جگە لەوە بەرهەمەکانی ڕژاوەتە ناو بۆتەی فارس و عەرەب و تورک کە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆ و بۆتەی تایبەت بە خۆیان هەبووە! واتا بۆ دۆزینەوە و ساغکردنەوەی فەرهەنگ و مێژوومان پێویستە بچین لە فەرهەنگ و مێژووی فارس و تورک و عەرەب بکۆڵینەوە و خۆمانی تیا بدۆزینەوە!!
ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی گەلی کورد لە مێژوودا بەرەو دواوە پاشەکشە بکات، بەڵکو لە سنوورەکانی مێژوو دەربکرێت و جێگەی نەبێتەوە و تاکو ئێستاش جەنگی خۆدۆزینەوە لە مێژوودا بکات[16].
واتا ئەو زانا و ڕۆشنبیرانەی کە لە قۆناغە جیاواز و دوابەدواکانی مێژووی کورددا دەرکەوتوون هەر لە ئیبن ئەسیرەوە تاکو ئیبن سەلاحی شارەزووری و پاشان مەلای جەزیريی و ئەحمەدی خانی و مەلا ئیبن ئادەم و حاجی قادری کۆیی و نالی و مەولانا خالید و..هتد. سەرەڕای ئەوەی کە تێکڕایان لە یەک سەردەمی مێژوویدا نەژیاون، بەهەمان شێوەش لە ناوچە کوردییەکان و شارە گەورەکانی ئەوکاتەی جیهانی ئیسلامی پەرش و بڵاو بوون، جگە لەوەی هەریەک لەم زانا و ڕۆشنبیرانە لە بوارێکی دیاریکراودا و هەندێ جاریش زیاتر شارەزا بوون، واتا بەشێوەیەکی گشتگیر و سەرتاپاگیر بیریان نەکردووەتەوە و بەشبین و پەرت بوون، بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە لەگەڵ بوونی هەموو ئەو زانایانە لە کوردستاندا گۆڕانێکی ئەوتۆ لە کۆمەڵگهی کوردیدا بەدی نەکرێت.
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین کەوا ڕۆڵی گرنگی ئەو زانا و ئەدیب و ڕۆشنبیرانە لە بواری زانست و مەعریفەدا هچیان لە ئاستی زاناکانی بەشەکانی تری جیهانی ئیسلامی لەو سەردەمەدا کەمتر نەبووە، بەڵکو چرای زانست و مەعریفە هەمیشە لە کوردستاندا درەوشاوە بووە!.
بەڵام وەکو وتمان زیاتر توێژێک بوون لە سەردەمی مێژوویی جیاواز و لە بواری تایبەتیدا بەهرەمەند بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دێوەزمەی تەقلید ئاسمانی نەک قوتابخانە شەرعی و زانستییەکانی کوردستان، بەڵکو جیهانی ئیسلامیشی داپۆشیبوو، سەرباری داخراویی و پارێزگاری کە خەسڵەتێکی دیاری بونیادی کۆمەڵگهی کوردی بوون.
باری ژێردەستەیی کوردیش لە مێژوویەکی دێرینەوە بەسەریدا زاڵ بووە، هەمیشە ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازی گرتووەتە بەر و کاریگهرییەکی زۆری لەسەر بڵاو بوونەوەی ئایدیۆلۆژیا لەناو کورددا هەبوو. ههربۆیە هەمیشە بە پەرۆشەوە باوەشیان بۆ ئەو ئایدیۆلۆژیایانە گرتووەتەوە و هانایان بۆ بردووە کەوا گەلانی ژێردەستە لە خەباتیاندا لە دژی داگیرکەران و ئیمپریالیزم باوەڕیان پێ هێناوە و بەرگری داگیرکەرانیان پێ کردووە و سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناوە.
بەڵام ئەم وەرگرتنە بەبێ لێکۆڵینەوە و ديراسەکردن هەروەکو دروشمێک وەریان گرتووە و عاتیفیانە شوێنی کەوتوون، نەیانتوانیوە چاک و خراپی لەیەکتر پێ جیا بکەنەوە! بەبێ ئەوەی بزانن کە تا چ ئەندازەیەک ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی دا ئەگونجێت و زەمینەی گەشە کردنی تا چ سنوورێکە.
بەرچاوترین نموونە بۆ ئەم دۆزە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستە کە لە کۆتایی چلەکانەوە تاکو کۆتایی حەفتاکان گۆڕەپانی کوردستان _ مەبەستمان کوردستانی باشووره_ ی پاوەن کردبوو.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە لە هەندێ ناوچەی باشوورى كوردستاندا لەو ماوە مێژووییە (١٩٤٥-١٩٨٠) دەگەڕێتەوە بۆ بوونی تەنگژە و قەیرانە ئابووريی و کۆمەڵایەتییەکان واتا لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی هەژاریی و خراپی باری گوزەرانی جوتیارەکان لەلایەکەوە و خراپی و ستەمکاری ڕەفتاری (ئاغا)کان لەگەڵ ژێردەستەکانیان کە گیرۆدە ببوون و لەژێر ئەم بارە ناهەموارەدا دەیان ناڵاند.
ههربۆیە لەبەرامبەر ئەم بارەدا حیزبی کۆمۆنیستی عێراق وەکو نوێنەری ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیست لەوکاتەدا کە بانگەشەیان بۆ دەکرد بانگەشەی ژیانێکی بەهەشت ئاسا و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی بە گوییاندا دەدا و پەیمانی هێنانی ئامرازی پێشکەوتووی کشتوکاڵی بە جوتیارەکان دەدا![17]
هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەچاوکردنی خوو و نەریتە خێڵەکییەکانی ناو کۆمەڵگهی کوردی ئەویش بەکێش کردنی سەرۆک خێڵ و کەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگه! ههربۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە ببینین زۆربەی ئەندامە بەرزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق لە بنەماڵەی ناودار و چینی بەرزی ناو کۆمەڵگهن، ئەمە نەک هەر لە کوردەکانی ناو حیزبی کۆمۆنیستی عێراق، بەڵکو لەناو عەرەبەکانیشدا بەهەمان شێوە بوو، زۆربەی ئەندامە بەرزەکانیان لە چینی بۆرژوازی و کوڕی ئاغاکان بوون وەکو عەبدولقادر ئەلبوستانی و ڕەفیق بەهاددین نوری و ... هتد[18].
پابەند بوونی تاکی کوردی بەسەرکردە و کەسە ناسراوەکانی ناو خێڵەکەی یاخود کۆمەڵگهکەی زۆر بەهێزە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەم ڕاستییە ئەم نموونەیە دێنینەوە وەک گەڕیدەی ئینگلیزی (ڕیچ) دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: لەکاتێکدا براکەی عەبدولڕەحمان پاشای بابان لە بەغداد مرد، یەکێك لە شوێنکەوتووەکانی وتی: "چی؟!! ئاغا مرد؟ دەبێ یەک ساڵ دوای ئەو نەژیم، خێرا لەسەر کۆشکە چەند نهۆمییەکەوە خۆی بەردایەوە و خۆی کوشت!!"[19]، هەر ڕیچ دەڵێت: لە ڕاستیدا پابەندبوونی کورد بە سەرکردەکانیانەوە زۆر بەهێزە[20].
ههربۆیە ئاساییە کە ئاغا ببێت بەچی شوێنکەوتووەکانیشی چاوی لێ دەکەن و بەگوێی بکەن، لە مێژووی کورددا ئهم حاڵهت زۆر دەبینین كه بە نەمان و لەناوچوونی کەسایەتیەکی ڕێبەر جا چ سیاسی بێت یاخود هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک بێ، بزوتنەوە سیاسییەکە یاخود ئایدیۆلۆژیاکە بەرەو پووکانەوە چووە!.
بۆیە دەبینین کە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیست کەوا لە هەندێک ناوچەی کوردیدا بڵاوبووەتەوە و خێڵە کوردییەکان بڕوایان پێ هێناون و ملکەچی بوون، بەڵام بەبێ ئەوەی کە تەنها شتێکی کەمیشی لێ بزانن! لهمبارهيهوه د.موحسین عەبدولحەمید ڕووداوێک دەگێڕێتەوە و دەڵیت: " هاوڕێیەکم لە کەرکوک بۆی گێرامەوە، وتی ڕۆژێکیان لادێییەک هاتە لام و لەبەر خۆیەوە دوعا و سەڵاواتی دەخوێند و گووتی: "ئەمڕۆ خۆم و خێزان و بنەماڵەکەمان چووینە ناو حیزبی شیوعییەوە!" بهڵام پاش ئەوەی حەقیقەتی شیوعیەتی بۆ دەرکەوت داوای لێخۆشبوونی لە خوا دەکرد و ڕۆيشتە لای ئەو کۆمەڵە جوتیارییەی کە دەستەیەک شیوعی بەڕێوەیان دەبرد، تاوەکو ناوی بکوژێننەوە، چونکە ئەم موسڵمانە و بێبەریيە لەوان[21].
وابزانم کەسمان نییە ئەو بەسەرهاتەی نەبیستبێ کە کوردێکی ناو حیزبی شیوعی بێزار دەبێت و دەڵێت: "وەڵڵاهی وام لێهاتووە بڵێم شیوعیش بۆ خوای ناکات"!!، دابونەریت و پەیوەندییە خێڵەکییەکان لە کۆمەڵگهی کوردیدا زۆر لە ئایدیۆلۆژیا بەهێز تر و پتەوترە، ههربۆیە دەبینین ئەگەر باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیایەک هێنابێ و قەناعەتیان پێی بووبێ، بەڵام لەکاتێکدا ئەو ئایدیۆلۆژیایە لەگەڵ بەرژەوەندی خێڵ و خێڵەکهیاندا ڕووبەڕوو بووبێتەوە ئەوا بێ یەک و دوو وازیان لە ئایدیۆلۆژیاکە هێناوە و ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژیاکە وەستاونەتەوە!.
تاکی کوردی بە ئەندازەیەکی زۆر لایەنی عاتیفە و ویژدانەوە لەگەڵ غەیری خۆیدا هاوبەشی دەکات، کاری تێ دەکات و هەڵدەچێت، لەکاتێکدا دەبینێت هاوەڵەکەی کاری تێ کراوە یاخود لە بارێکی هەڵچووندایە، ئەگەر بە گریاوی بیبینێ بۆ (گریان)ەکەی دەگرییەت، خۆ ئەگەر بە پێکەنین و ڕووگەشییەوە بیبینێ ئەوە بۆ (پێکەنین)ەکەی پێ دەکەنێت!، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانێت یاخود پرسیاری ئاڕاستە بکات[22]. زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت لە لایەنی عاتیفەوە کاری لێ بکرێت و لە گۆڕەپانی ژیاندا سەما و یاری پێ بکرێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین تاکی کورد سیفەتی بە گشتی کردن(تعمیم) لەسەر ئایدیۆلۆژیایەک یاخود ڕووداوێکی دیاریکراو بەسەریدا زاڵە، وا دادەنێت لەبەر ئەوەی هەڵگری ئایدیۆلۆژیا دیاریکراوەکە پەیوەنديدارێتی (انتماء) بۆ نەیارەکەی هەیە، ئەوا لە دیدی ئەودا ئایدیۆلۆژیاکەش بە نەیاری خۆی دادەنێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی چلەکان و جەنگی دووەمى جيهانى و دەنگدانەوەی کاریگەری ئەم جەنگە لەسەر گەلی کورد، ئەوا دەبینین نازییەکان بە وروژاندنی سۆزی ئاریچێتی توانیان کارێکی زۆر لە کورد بکەن، هەروەها کوردیان هان دەدا بۆئەوەی لە قسەکردن و خوێندن و نووسینی کوردی و چەک هەڵگرتندا داوای سەربەخۆیی خۆیان بکەن، زۆری نەخایاند توانیان (١٠)هەزار چەکداری کورد هانبدەن بۆئەوەی لە ٢٨ ی نیسانی ١٩٤٢ پەلاماری شاری ورمێ بدەن و ئازادی بکەن[23].
یەکێک لەوانە کە هەر لە زووەوە مەسەلەی پان ئاریزم سەرنجی ڕاکێشابوو مامۆستا (صاڵح قەفتان)ی مێژوونووس بوو، ئەوەبوو هەر لە ساڵی ١٩٣٦ نامیلکەیەکی لەسەر نەژاد و پەیوەندی کورد و ئەڵمانەکان بەناوی (بەراوردێکی تەئریخی) بڵاوکردەوە، لە ساڵانی جەنگیش تا ساڵی ١٩٤٣ چەندان بابەتی مێژوویی لەسەر هەمان مەسەلە لە گۆڤاری گەلاوێژدا بڵاوکردەوە، لەوانە (کۆچ و ڕەوی ئەقوامی کۆن تاریخی هێناوەتە کایەوە) – (نەزەریەی پەیدابوونی ئەقوامی هیندۆ ئەروپایی یان ئاری و کۆچ و ڕەوەکانیان) و (پەیدابوونی ئایینی ئیسلام بۆ چ کەیانی ئاری کۆن ڕووخاوە)، (لەبابەت پەیابوونی نەتەوەی قەفقاس و ئارییەوە)[24]. ههربۆیە کوردەکان لە ساڵانی جەنگدا پتر لە مەرامی هیتلەردا دەژیان تا مەراقی چارەنووسی خۆیان و نەتەوەکەیان، هیتلەریش یەک جار ناوی کوردی نەبرد[25].
تەنانەت لە شاری هەولێر وەکو چاولێکەریی بۆ نازییەکان خۆیان ساز کرد بۆ کوشتنی جوولەکەکانی ئەو شارە لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١، بەڵام موتەسەریف (فایەق تۆفیق کاکەمین) فریایان کەوت و ڕێگای نەدان[26].
یەکێ لەو کوردانەی تر کە بە دڵ بۆ ئەڵمان دەسووتا، حەسەنە فەندی بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووەمی سەرەتایی هەولێر بوو، هەستی کوردایەتی وایلێکردبوو هەر کارەساتێک بەسەر کورددا بهاتایە دەیخستە ئۆباڵی ئینگلیزەکان، بۆیە هەمیشە لە قوتابخانەدا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هێرشی دەکردە سەر کاربەدەستە گەورەکانی ئەوکاتی بەریتانیا وەکو (چەرچڵ و ئەیدن)، هەر کاتێکیش ئەڵمان سەرکەوتنێکیان بەدەستبهێنایە ئافەریم و دەستخۆشی لێ دەکردن. لە ١٦ ی مارسی ١٩٤١دا سەرپەرشتی خۆپیشاندانێکی جەماوەری دەکرد لە هەولێر و سوێندی خوارد و گووتی دەبێ هەر ئێستا ئاگرێ بکەمەوە ڕووناکییەکەی بەرلین ڕۆشن و دوکەڵەکەشی لەندەن تاریک بکات! ئەوەبوو ئەو ڕۆژە ئۆتۆمبێلی ساڵح زەکی بەگی ساحێبقڕانی موتەسەریفیان سووتاند[27].
بڵاوکردنەوەی هەواڵی سەرکەوتنێکی ئەڵمان، گەنجەکانی دەخستە هەلەکەسەما و چەپڵە و فیکەیان لێ دەدا و شیرینیان دەبەخشییەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئینگلیزچییەکان قەڵس دەبوون، ئەگەر ئەو شوێنەیان بەجێ نەهێشتایە ئەوە شەڕ و تێکهەڵچوونیش بەدوادا دەهات[28].
سمێڵ تاشین و هێشتنەوەی وەکو سمێڵی هیتلەر ببو بە مۆدێل!، لە پاش جەنگ و دوای سەرکەوتنی هاوپەیمانەکان و یەکێتی سۆڤیەت و دەرکەوتنی ناوی ستالین و شیوعیەت لە برەو سەندندابوو، هێشتنەوەی سمێڵ ئەمجارەیان وەکو شێوەی ستالین بوو بە مۆدێل، لەکاتێکدا لە سەرەتای جەنگدا شیوعیيەکان خوانەناس و کافر و بێزراو بوون لەناو خەڵکیدا[29].
لەم ڕوانگەیەوە ئەم ئایدیۆلۆژیا و ڕاوبۆچوونانەی کەلە ماوەی سەردەمە مێژوويیەکاندا لە کۆمەڵگهی کوردیدا بڵاوبوونەتەوە، لە دەروونی تاکەکانی خێڵە جیاوازەکاندا نەچەسپاون، و وای لە خێلەکان نەکردووە کە هاوکار و هاوبەشی یەکتری بکەن بەلایەنی کەمەوە ئایدیۆلۆژیایەک هەڵبژێرن کەوا بە کەڵکیان بێت. ئەم هاوکاری نەکردنەش ڕێگری کورد بوو وەکو کۆمەڵێکی نەتەوەیی، کە هەست بە تواناکانیان بکەن، سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەڵگری ئەو ڕاو بۆچوون و ئایدیۆلۆژیایانە سایکۆلۆژیای گەلەکەی خۆیان نەناسیوە، ئەو نەناسینەش پاڵنەرێکی سەرەکی لێکترازان و یاخیبوون بوو، کە بۆچوونهكانيان پەرت کردووە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ئایدیۆلۆژیایانە لەکاتێکی نالەبار و ناسرووشتیانە هاتوونەتە ناو کۆمەڵگهی کوردییەوە.
لێرەدا بۆیە گەڕاینەوە بۆ باسکردنی خێڵ، چونکە وەکو باسمان کرد بونیادی کۆمەڵگهی کوردی بونیادێکی خێڵەکییە، ئەم ڕەوشەش بەسەر نەستی خوێندەوار و ڕۆشنبیرەکاندا زاڵ بووە، بۆیە ئەگەر لەکاتێکی دیاریکراودا ئایدیۆلۆژیا ڕایچڵهکاندبێتن، ئهوا به ئاساییبوونهوهی باره دیاریکراوهکه هێدی هێدی گەڕاونەتەوە حاڵەتە سرووشتییە کۆنەکهی خۆیان.
لێرەدا دەتوانین پەی بە نهێنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلام و مانەوەی وەک ڕەگەزێکی چەسپاو لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ببەین. ئایدیۆلۆژیای ئیسلام تێکەڵ بە هەست و نەستی مرۆڤی کورد بووە و چووەتە ناو تۆڕی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگهی کوردی، ئەگەر بە شێوەیەکی ناتەواویش بووبێت.
بۆیە دەبینی کە لەکاتێکی ناهەمواردا لادان ڕوویدابێ ئەوا پاش نەمانی ناهەموارییەکە گەڕاونەتەوە سەر بارە ئاساییەکەی پێشوویان، ئەمە جگە لە موقەدەسی ئایین لای مرۆڤەکان بەگشتی و مرۆڤی کورد بەتایبەتی. لەبەرامبەر ئەمەشەوە لە نهێنی شکستهێنان و پاشەکشەکردنی ئایدیۆلۆژیاکانی وەکو کۆمۆنیست و نازییەت (ئاریچێتی) دەگەین!
سەرەڕای نەبوونی زەمینەیەکی لەباری گەشە کردن و نامۆییانە لە کۆمەڵگهی کوردی، ئەوا ڕەچاوی گیانی خێڵایەتی و هۆزایەتیشیان نەکردووە، واتا نەیانتوانیوە تێکەڵ بەدابونەریتی کۆمەڵایەتی کورد ببن! ئەوەش ئەوە دەردەخات ئەگەر نەزانرێت ئایدیۆلۆژیا چۆن دەخرێتە ڕوو و پێشکەش دەکرێت، ئەوا بەزیانی ئایدیۆلۆژیاکە تەواو دەبێت، واتا بڵاونابێتەوە، ئەگەر ئەو ئایدیۆلۆژیایە ڕاست و درووستیش بێت.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە هەموو چالاکییەکی فیکری یاخود جیهانبینی (تصوری) دەتوانرێت بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیا، جا ئەو ئایدیۆلۆژیایە ئاینیی بێت یاخود فەلسەفی یاخود زانستی بێ و وەیا ڕێبازە فیکرییەکان و...هتد[30].
بەڵام ئایا لە کۆمەڵگهی کوردیدا ئەم چالاکییانە تا چ ئەندازەیەک هەبوون و گۆڕاون بۆ ئایدیۆلۆژیا؟! بێگومان ئەم چالاکییانە لە کۆمەڵگهی کوردیدا هەبوون، گۆڕانیش ڕوویداوە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕیشەیی نەبوون و قۆناغبەنديی و پێکهاتەی کۆمەڵایهتی کۆمەڵگهی کوردی ڕەچاو نەکراوە، جگەلەوەی کە چالاکییە فیکریيەکان لاواز بوون، ههربۆیە زیاتر شێوەیەکی ڕووکەشی و تەقلیدگەرایی پێوە دیارە و نەیتوانیوە بچێتە هەناوی کۆمەڵگهی کوردییەوە.
لەلایەکی ترەوە مێژووی مرۆڤی کورد لەگەڵ گۆڕانی ئایدیۆلۆژیاکاندا گۆڕانی بەسەر هاتووە، بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و باڵاتر، واتا نزیک کەوتنەوە لە ئایدیۆلۆژیا نوێیەکان، ئەمەش زیاتر لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام وەکو باسمان کرد عاتیفیانە و ڕووکەشيیانە و بێ لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی خاڵە ئیجابی و سلبییەکانی، ئایدیۆلۆژیاکان لەلایەن کوردەوە پێشوازی لێکراوە و لەکاتێکی دیاریکراودا بڵاوبوونەتەوە، بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە بە خێرایی بپوکێنەوە و بەرە و کزی و نەمان بڕۆن.
[1] ) ئهم بابهته له بنهڕهتدا بهشی سێیهمی (توێژینهوهی دهرچوون)ی نووسهر بووه، که له ساڵی (1998-1999) وهک بهشێک له پێداویستییهکانی بهدهستهێنانی بڕوانامهی بهکالیوریۆس له مێژوودا پێشکهشی (بهشی مێژووی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سهلاحهددین)ی کردووه.
[2] ) حهیدهر لهشکری: دهسهڵاتی میری کورد له سهدهکانی ناوهڕاستدا، گ (شانهدهر)، ژ(9)، ههولێر، ئاداری 1999، ل23.
[3] ) محمد عابد الجابری: فکر ابن خلدون (العصبیة و الدولة) معالم نظریة خلدونیة فی التاریخ الاسلامی، ط3، بیروت، 1982، ص392.
[4] ) محمد عابد الجابری: فکر ابن خلدون...، ص393.
[5] ) مطاع صفدی: استراتیجیة التسمیة فی نظام الانظمة المعرفیة، ط2، بغداد، 1986، ص162 163.
[6] ) محمد عابد الجابری: فکر ابن خلدون...، ص391.
[7] ) عبدالرحمن ابن الجوزی: المنتظم فی تاریخ الملوک و الامم، ج8، مطبعة دائرة المعارف الاسلامیة، حیدر اباد – دکن، 1959، ص49 50.
[8] ) حهیدهر لهشکری: دهسهڵاتی میری کورد له سهدهکانی ناوهڕاستدا، ل31 32.
[9] ) هاشم طه عقراوی : الاسس النفسیة والاجتماعیة للقبائل الكردیة، كركوك، 1971، ص 17.
[10] ) هاشم طه عقراوی : الاسس النفسیة والاجتماعیة ...، ص 17.
[11] ) مهسعود محهمهد: بۆ ئهمیری حهسهنپوور له ههرکوێیهک بێت، بهغدا، 1985، ل 87.
[12] ) محمد عابد الجابری: فکر ابن خلدون...، ص 395.
[13] ) بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا ئیسلام به سیفهتی ئایين و پیرۆزیی و مانهوهی بهدرێژایی چهندین سهده بووهته بهشێک له فهرههنگ و کلتووری کورديی و ، وهکو ئایدیۆلۆژیا فهلسهفی و زانستییهکانی تر نیه!
[14] ) محمود الخالدی: الاصول الفکریة للثقافة الاسلامیة، ج1، عمان، 1983، ص212.
[15] ) مهبهستمان له ڕۆڵی کۆمەڵایەتی واته گۆڕانێکی بنجی و کاریگهر له بونیادی کۆمهڵگهی کوردیدا بکهن، ئهگهرنا ڕۆڵی کۆمهڵایهتییان بینیوه، بهڵام له سنوورێکی دیاریکراودا بووه..
[16] ) سۆران سێوکانی: کێشهی کورد و ستراتیژییهتی کاری ئیسلامی، گ(پهیامی ڕاستی)، ژ(45)، سلێمانی، تشرینی یهکهمی 1996، ل 38.
[17] ) محسن عبدالحمید: الاکراد یرفضون المارکسیة، جریدة الحیاد، العدد 102، بغداد، 21 اب 1960، ص4.
[18] ) الرفیق رعد: موقف الشیوعیین من السلطة الحاضرة، جریدة الحیاد، العدد 78، تموز، 1960، ص 4.
[19] ) هاشم طه عقراوی : الاسس النفسیة والاجتماعیة ...، ص 78.
[20] ) هاشم طه عقراوی : الاسس النفسیة والاجتماعیة ...، ص 77.
[21] ) محسن عبدالحمید: الاکراد یرفضون المارکسیة، جریدة الحیاد، العدد 102، ص 4.
[22] ) هاشم طه عقراوی : الاسس النفسیة والاجتماعیة ...، ص 17.
[23] ) یوسف خورشید مستهفا: ڕهمزی نافیع و پهیوهندی نێوان کورد و ئهڵمانیا له ساڵانی جهنگی دووهمی جیهانی، لێکۆڵینهوهی دهرچوون له بهشی مێژوو – کۆلێژی ئاداب – زانکۆی سهلاحهدین، بڵاونهکراوهتهوه، 1997-1998، ل61.
[24] ) یوسف خورشید مستهفا: ڕهمزی نافیع و...، ل62.
[25] ) مهسعود محهمهد: گهشتی ژیانم، چ1، ستۆکهۆڵم، 1992، ل262.
[26] ) یوسف خورشید مستهفا: ڕهمزی نافیع و...، ل 63.
[27] ) یوسف خورشید مستهفا: ڕهمزی نافیع و...، ل 64.
[28] ) یوسف خورشید مستهفا: ڕهمزی نافیع و...، ل 66.
[29] ) نهوشیروان مستهفا ئهمین: حکومهتی کوردستان، کورد له گهمهی سؤڤێتیدا، چ2، ههولێر، 1993، ل76.
[30] ) فرانسوا شاتلیة: تاریخ الایدیولوجیا، ج1، (ترجمة: انطوان حمصی)، دمشق، 1997، بهرگی کتێبهکه.