هەڵمەتی هۆشیاریی (شکۆپارێزیی) بۆ پاراستنی ئاکاری پیشەیی و نهێنی چارەخوازان، زەنگێکی پێویست و لە کاتی خۆیدایە بۆ دیاردەیەکی مەترسیدار، کە وەک ژەهر بە هێمنی بە جەستەی کۆمەڵی کوردەوارییدا بڵاودەبێتەوە.
درکاندنی نهێنی کەسیی لەلایەن پیشەکارێکەوە (پزیشک، دەروونناس، پارێزەر، یان هەر پیشەیەکی تر) لەسەر شاشەی میدیاکان، تەنها پێشێلکارییەکی یاسایی و ئاکاریی سادە نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە، کە قووڵترین برینەکانی تاک و کۆمەڵی ئێمەی تێدا ڕەنگدەداتەوە. ئەم دیاردەیە نیشانەیەکە بۆ شێواویی کەسێتی تاک و نامۆبوون بە خودی پیشەیی و بەرهەمی مێژوویەکی درێژی داگیرکاریی و پێنەگەیشتنی دامەزراوەییە.
لە بازرگانیکردن بە مەرگەساتەکانەوە بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤ:
لە کرۆکدا، پەیوەندی نێوان پیشەکار و چارەخواز لەسەر بنەمای (متمانە)یەکی پیرۆز بونیاد نراوە. کاتێک مرۆڤێک ئازار، نهێنی، یان کێشە هەرە تایبەتەکانی ژیانی لە بەردەم کەسێکی تردا دادەنێت، ئەو تەنها زانیاری ناگوازێتەوە، بەڵکو بەشێک لە شکۆی خۆی وەک ئەمانەت دادەنێت. پیشەکاری پابەند بە ئاکار، دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەو شکۆیە.
بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، پرۆسەیەکی تەواو پێچەوانەیە. هەندێک پیشەکار، نهێنی و ناڵاندنی خەڵکی وەک (کەرەستەی خاو) بۆ نمایشکردنی خۆیان بەکاردەهێنن. لەم پرۆسەیەدا، چارەخواز لە مرۆڤێکی خاوەن کەرامەتەوە بۆ (بارێکی سەرنجڕاکێش) دەگۆڕدرێت و تراژیدیاکەی دەبێتە کاڵایەک بۆ بازاڕی میدیا و سۆشیال میدیا. ئەمە لوتکەی بێڕێزیکردنە بە مرۆڤ، گۆڕینی ئازارە بۆ چێژێکی بینراو و شکاندنی شکۆی تاکە لەپێناو بەدەستهێنانی ناوبانگێکی کاتی یان سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت.
هۆکارە دەروونییەکان: کەسێتی پێنەگەیشتوو و نامۆبوونی خود
بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی پیشەکارێک پەنا بۆ کارێکی وا نائەخلاقی دەبات، دەبێت لە بونیادی دەروونی تاکی کورد بڕوانین، کە لەژێر کاریگەریی مێژوویەکی پڕ لە داگیرکاریی و نەهامەتیدا شێواوە، واتە کۆمەڵی کوردەواریی بەهۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەقامگیر و بەهێز و داگیرکاریی فیکری و سیاسی بەردەوامەوە نەیتوانیوە (خود)ێکی بەهێز و سەربەخۆ بۆ تاکەکانی بونیاد بنێت. کەسێک کە خاوەنی هەستێکی بەهێزی ناوەکی بۆ (بەها و پێگەی خۆی) نەبێت، بەردەوام لە دەرەوەی خۆی بەدوای دانپێداناندا دەگەڕێت. شاشەی تەلەفزیۆن و لایک و کۆمێنتی سۆشیال میدیا دەبنە ئەو سەرچاوە دەرەکییەی کە بۆشاییە ناوەکییەکەی پێ پڕدەکاتەوە. ئەو پیشەکارە لە ڕاستیدا لە پێگەیەکی (زانستیی) و (بەهێزییەوە) قسە ناکات، بەڵکو لە پێگەی (من)ێکی بریندارەوە هاوار دەکات، تا ببینرێت و وەک ( فریادڕەس) و (شارەزا) دەربکەوێت. واتە (کەسێتی پێنەگەیشتوو و گەڕان بەدوای دانپێدانان).
هاوکات ئەو پیشەکارە لە چەند ئاستێکدا تووشی نامۆبوون بووە. یەکەم، لە (ئەرکی پیشەیی) خۆی نامۆ بووە و چیتر هەست بە پیرۆزییەکەی ناکات. دووەم و ترسناکتر، لە (مرۆڤبوون)ی خۆی و بەرامبەرەکەی نامۆ بووە. ئەو چیتر ناتوانێت هاوسۆزییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئازاری چارەخوازەکەیدا دروست بکات، بەڵکو وەک (بابەت)ێک سەیری دەکات، کە دەتوانێت بۆ مەبەستەکانی خۆی بەکاری بهێنێت. ئەمە لوتکەی نامۆبوونە، کە تیایدا مرۆڤ توانای تێگەیشتن لە ئازاری مرۆڤێکی تر لەدەست دەدات. واتە نامۆبوونی خود (Alienation).
گوتاری فریادڕەسی ساختە: زۆرجار، ئەم پیشەکارانە چیرۆکی تاکەکەسێک بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی (وانەی ئەخلاق) بە تەواوی کۆمەڵگە بڵێنەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە. بەکارهێنانی کێشەی تاکێک بۆ لێدان لە کۆمەڵ، گوتارێکی ستەمکارانەیە، کە نەک چارەسەر ناکات، بەڵکو کۆمەڵگە زیاتر بەرەو هەستی تاوانباری و بێزاری لە خۆی دەبات.
شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکان: داخورانی متمانە و شێواندنی بونیادەکان
ئەم دیاردەیە تەنها زیانی بۆ تاکە کەسەکە نییە، بەڵکو کاریگەری وێرانکەری لەسەر تەواوی کۆمەڵ هەیە، کە دەتوانین ڕوونتر لەم خاڵانەدا ئاماژەیان بۆ بکەین:
کوشتنی متمانەی کۆمەڵایەتی: کاتێک خەڵک دەبینن نهێنییەکانیان لەلایەن ئەو کەسانەوە پارێزراو نییە، کە دەبێت جێی متمانەبن، چیتر پەنا بۆ سیستمی تەندروستی، دەروونی و یاسایی نابەن. ئەمەش واتای ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن و کێشەکانیان قووڵتر دەبێتەوە. واتە داخورانی متمانە یەکسانە بە ئیفلیجبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ.
ئاساییکردنەوەی دەستدرێژی بۆ سەر ژیانی تایبەت:
وەک لە بانگەوازی هەڵمەتەکەدا هاتووە، زۆر باسکردنی ڕووداوێک، دیاردەکە زیاد دەکات. کاتێک بینەر دەبینێت کە پیشەکارێک بە ئاسانی نهێنی خەڵک باس دەکات، فێری ئەوە دەبێت، کە دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی خەڵک کارێکی ئاساییە. ئەمە چێژوەرگرتن لە تراژیدیای خەڵک (Voyeurism) دەکاتە کەلتوور و بونیادی ئاکاری کۆمەڵ دەشێوێنێت.
چاندنی تۆوی ترس و گومان: ئەم کارە، وەک لە بانگەوازەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ترس و دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی دەخاتە نێو زەینی تاک و خێزانەکانەوە. خەڵک دەترسن لەوەی کێشەکانیان باس بکەن، نەکا سبەی لەسەر شاشەیەک نمایش بکرێن. ئەم ترسە دەبێتە بەشێک لە (نائاگایی کۆمەڵایەتی Collective Unconscious) و کۆمەڵێکی گوماناوی و پڕ لە دڵەڕاوکێ بەرهەم دەهێنێت.
لەکۆتاییدا دیاردەی درکاندنی نهێنی چارەخوازان لە میدیاکاندا، زۆر لەوە قووڵترە، کە تەنها پێشێلکارییەکی پیشەیی بێت. ئەمە نیشانەی برینێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی قووڵە، برینێک کە لە مێژووی داگیرکاریی، پێنەگەیشتنی کەسێتی و شێوانی بونیادە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
پشتگیریکردن لە هەڵمەتی (شکۆپارێزی) ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە. بۆیە ئەم هەڵمەتە هەوڵێکە بۆ:
بەبیرھێنانەوەی پیرۆزیی سوێند و پەیمانی پیشەیی، کە ئەرکی پیشەکار پاراستنی شکۆیە، نەک شکاندنی. هاوکات بەهێزکردنی تاکی کورد، بە پێدانی زانیاری لەسەر مافەکانیان، تاکەکان بەهێز دەبن و چیتر قبوڵ ناکەن، ببنە قوربانی نمایشی میدیایی. دواتر دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری کۆمەڵایەتییە، واتە پاراستنی نهێنییەک، تەنها پاراستنی زانیارییەک نییە، بەڵکو خشتێکە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە. بێ متمانەش، هیچ کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد نانرێت.
بۆیە، با هەموومان ببینە دەنگی ئەم هەڵمەتە. با ڕێگە نەدەین ئازاری تاکەکانمان ببێتە بابەتی گەرم بۆ سەر شاشەکان. پاراستنی نهێنی یەک چارەخواز، پاراستنی شکۆی تەواوی کۆمەڵە. چونکە کۆمەڵێک ڕێز لە نهێنی و شکۆی تاکەکانی نەگرێت، هەرگیز ناتوانێت بگات بە شکۆی (کۆمەڵیی) خۆی.