سەنگەری زمانی پاراو
سەنگەری زمانی پاراو
  د. کامەران محەمەد     2026/04/29     37 جار بینراوە    


لە کایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، جۆرە ڕۆشنبیرێک پەیدا بووە کە وا دەبینێت ئەگەر وشەکانی بە گوڵاو بشواتەوە و جنێو نەدات، ئیتر خاوەنی باڵاترین کەرامەتی ئەخلاقییە. ئەم جۆرە نووسەرانە کاتێک ڕووبەڕووی تووڕەیی ویژدانی گشتی دەبنەوە، لە جیاتی پێداچوونەوە بەو تەقەلا نادروست یان بریندارکەرەی کە بەرانبەر بە شکۆی قوربانییەک کردوویانە، پەنا دەبەنە بەر سەنگەرێکی نوێ و دەڵێن: "من و ئێوە جیاوازین، چونکە من ڕێز لە قەڵەمەکەم دەگرم و ئێوە لە زۆنگاوی جنێودان!"

بەڵام وەرن با بپرسین: بەڕاست مێژووی نووسین بە چی پیس دەبێت؟ ئایا بەو وشە زبرانەی کە مرۆڤێکی ئاسایی و بریندار لە تاو کولانەوەی برینەکەی دەریان دەبڕێت، یان بەو تیۆرە سارد و بێ‌ ڕۆحانەی کە تەرمی کچێکی پارچەپارچەبوو دەکاتە کەرەستەیەک بۆ تاقیکردنەوەی مەعریفە و ئەخلاقی جوانی؟ مێژووی نووسین بەو قەڵەمە پیس دەبێت کە دەتوانێت بە زمانی پاراو و وشەی جوان، گەورەترین سوکایەتی بە جەوهەری مرۆڤبوون بکات. کاتێک تۆ مەرگی مرۆڤێک لە شانسی فۆتۆجینیک بووندا کورت دەکەیتەوە، ئەوا نەک هەر شکۆی ئەو مرۆڤەت شکاندووە، بەڵکو پەڵەیەکی ڕەشت بە نێوچەوانی مێژووی فیکرەوە جێهێشتووە کە بە هەزار وتاری پاکانە و کەرامەت ناشۆرێتەوە.

ئەو نووسەرەی باس لە ئەخلاقی گفتوگۆ دەکات، دەبێت بزانێت کە یەکەمین مەرجی ئەخلاق هاوسۆزییە لەگەڵ قوربانی، نەک نمایشکردنی باڵایی خۆی بەسەر خەڵکدا. شکۆشکاندنی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە خەڵک پێ بڵێن هەڵەیت، بەڵکو ئەوەیە کە تۆ لە ناو تابوتەکەدا ناسنامەی مرۆڤبوون لە کچێک دابماڵیت و پێی بڵێیت: "ئەگەر جوان نەبویتایە کەس نەدەهاتە سەر گۆڕت". ئەمە لوتکەی بێویژدانییە کە بە بەرگێکی ئیمانی و ڕۆشنبیرییەوە ئاڕاستە دەکرێت. ئایا ئیمان ڕێگە بەوە دەدات کە خوێنی مرۆڤێک وەک کەرەستەی نووسین بەکاربهێنرێت؟ ئایا ڕێزگرتن لە قەڵەم واتە بێدەنگکردنی ویژدان لەبەرانبەر جەستەیەکی هەلاهەلادا؟

ئەم باڵاییە ساختەیە تەنها جۆرێکە لە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی. کاتێک دەڵێیت: "من و ئێوە سنوورێکمان لە نێواندایە"، ڕاست دەکەیت، سنوورەکە ئەوەیە کە ئەوان خوێنی قوربانییەکەیان بینی و تۆ تەنها سوراوی سەر لێوەکان سەرنجی ڕاکێشایت. ئەوان مرۆڤیان بینی و پۆستەرەکان تۆیان کەمەندکێش کرد. ئەوەی کە تۆ ناوی دەنێیت دۆزینەوەی ڕاستی، لە ڕاستیدا دۆزینەوەی ناشرینییەکی داپۆشراو بوو لە ناو ناخی خۆتدا.

شکۆشکاندن ئەوەیە کە تۆ وەک ڕۆشنبیرێک نەتوانیت وەک مرۆڤێکی سادە هەست بە ئازاری بەرانبەر بکەیت و دواتر بە زمانێکی هەڵئاوساو و لوتبەرزانە، خەڵکی تووڕە بە زۆنگاو نشین ناوزەد بکەیت. جیاوازییە جەوهەرییەکە لێرەدایە: خەڵکەکە ئەگەر جنێویشیان دابێت، لەبەر برینداربوونی ویژدانیان بووە، بەڵام تۆ ئەگەر بە جوانیش نووسیبێتت، لەبەر بێدەربەستیی بەرانبەر بە ئازاری مرۆڤ بووە.

لە کۆتاییدا، مێژوو بەو قەڵەمانە شەرمەزار دەبێت کە لە جیاتی ئەوەی ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی کەرامەتی قوربانی، دەبنە مقەستێک بۆ بڕینی واتا مرۆییەکان و گۆڕینیان بۆ کاڵای بازاڕیی.

بێدەنگیی پڕ لە کەرامەت ئەوە نییە کە دوای سوکایەتیکردن بە مردوویەک، باس لە ئەخلاقی نوسین بکەیت، بەڵکو ئەوەیە کە دان بەو ناشرینییەدا بنێیت کە بە ناوی فیکرەوە ڕشتووتە. بەڵام وادیارە لای هەندێک کەس، پاراستنی وێنەی خۆیان لە ناو شاشەکاندا، لە پاراستنی حەقیقەتی ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕژاوە گرنگترە.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure