ئەم وێنەیە ڕێزلێبگرن ، جوان سەیریکەن ، لێی ڕامێنن ، خۆتان و باپیرو ڕەچەڵەکتانی تیا بدۆزنەوە، ئەم تابلۆیە تەنها ڕوویەکی جوانی مرۆڤێکی ئەشکەوتێکی سەر خاکی کوردستان نیە خەڵکی قسەو باسی سادەو ساکاری لەسەر بکەن و نوکتەی لەسەر بێننەوە.
بەڵکو ئەم تابلۆ دەسکردە خەزێنەیەکی دۆزراوەیە ، دوژمنانی کوردی هێناوەتە سەرخەت ، توڕەن لەوەی چۆن دەبێ مێژووی ئەم گەلە ناکۆک و دوژمن بەیەک و بێ دەوڵەتە هێندە درێژ بێت و دەیان هەزار ساڵ لە ئێمە بەتەمەنتر بن.
مێژوونووسان و سیاسیەکانی عێراقی عەرەبی دەڵێن ئەگەر ئەو 75 هەزار ساڵە بۆ تەمەنی کورد ڕاست بێت ، کەواتە کورد لە سۆمەرو ئەکەدو ئاشورو ئورو بابلی ئێمە کۆنترن و ناگونجێ بڵێین کورد لەنەوەی خالیدو ناتالی عەرەبین ، واتە ئەوان بەچاوەوە بوون کە عەرەب کۆچی کردە خاکی دوو ڕوبار ، هەر بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین ناوی کورد لەسەر ئەو تابلۆ بسڕینەوەو بکرێتە تابلۆیەکی عێراقی ڕەسەن.
فارس دەڵێ ئەگەر ئەو وێنە ناشرینە ڕاست بێت ، واتە کورد بە هەزاران ساڵ لە دەوڵەتی ئەخمینی و ئەشکانی و ساسانی و تەنانەت دەوڵەتی ئەفسانەیی کییانی و پێشدادی ئێمە کۆنترن و هەر عەیبە خۆمان لەگەڵ تەمەنی ئەوان بەراورد بکەین و قسە لەسەر ئامۆزایەتی فارس و کورد بکەن.
تورک دەڵێ دەبێ ئەو تەمەنە درێژە بۆ کورد بوەستێنرێ ، چونکە دەری دەخات کە ئەوان بە چاوەوە بوون کە باپیرەمان عوسمان ئۆزاڵ بەخۆی و خێڵەکەیەوە هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر لەبەردەم مەغۆڵی تورک هەڵهات و لە ئەنادۆڵی خاکی کورد نیشتەجێ بووین و لەسەر لاشەی میرنشینە کوردەکان ئیمپراتۆریەتی عوسمانیمان دروست کرد ، واتە کورد دەیان هەزار ساڵ لە تورک و مەغۆل و مەنگۆل و ئۆغۆزو مەنشوریای باپیرمان کۆنترن و هەر عەیبە کورد بەتورکی شاخاوی ناوزەد بکەین.
داخەکەم، کورد زۆر مەزن و کۆن و بە ئەزمون و خاوەن مێژووە، بەڵام تا ئیستە بۆی نەگونجاوە خۆی بناسێ ، یان خۆی بە دەوروبەر بناسێنێ .