عێراق وڵاتی سەیرو سەمەرە
عێراق وڵاتی سەیرو سەمەرە
  حەسەن مەحمود حەمەکەریم     2024/08/22     255 جار بینراوە    


ماوەیەک لەمەوبەر دادگایی عێراق لقی نەجەف حوکمی لە سێدارەی دەرکرد بۆ خەلیفەی ئەمەوی هیشامی کوڕی عبدالملک.

ئەمە یەکەم دادگایی مێژووییە کە بۆ تاوانێکی وەک شەهیدبونی زەیدی کوڕی ئیمام زەین العابدین کوڕی ئیمام حسێن کوڕی ئیمام عەلی خوایان لێ ڕازی بێت ڕێکخراوە، ڕوداوی کوژرانی زەید پێش 1378 ساڵ لەمەوبەر لەسەردەمی خەلیفەی ئەمەوی هشام کوڕی عبدالملک دا ڕویداوە.

دادگاییەکە لە هۆڵی دانشگای کوفە بەڕێوە چوو ، کە لە سێ قازی و یەک مدعی عام و دوو محامی بەرگریکار لە تاوانبار پێکهاتبوون بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر.

شکاتکەران بریتی بوون لە لێکۆڵەرو مێژوونووس د.حسن عیسی حکیم و، پیاوی ئاینی و لێکۆڵەر مهدی حکیم و ، ڕۆژنامەنووس حیدر حسین جنابی ،  دادگا گوێی گرت لە شایەتەکان کە وتیان بەڵێ هیشام زەیدی کوشت و چوارساڵ کردی بە دارا ، دوایی یەسقانی شکێنراو لاشەکە سوتێنراو خۆڵەمێشەکەی فڕێدرایە ئاوی فورات ساڵی 121 کۆچی.

دوو محامیەکەی هیشام بەرگری تەواویان لە هیشام کرد ، دوای چوار سەعات گفتوگۆی گەرم دادوەر بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکرد بۆ هیشام و بە غیابی جێبەجێ کرا، ئەم کارە پەنجا ملیۆن دیناری عێراقی تێچوو.

زەید کێیە؟

زەیدی کوڕی عەلی کوڕی ئیمام حسین کوڕی ئیمام عەلی ئەبی تالبب ، زاناو فەقیهی گەورەبوو ، زەید زۆر توڕەبوو لەوەی پێشتر ڕویدا لە ئیمام حسینی باپیری و کەس و کاریان ، هەستی بەستەم و سوکایەتی دەکرد ، دژی کارە ناپەسەندەکانی خەلیفەکانی ئەمەوی بوو ، کەشی کوفەش کەشی شۆڕش و ڕاپەڕین بوو ، هشامیش تاوانبار بوو لەوەدا کە گوێی لێنەدەگرت ، گاڵتەی پێدەکرد ، تاوانباری دەکرد بە دەرچوون و بێ گوێیی و جوڵەی نەشازو شۆڕش و خەڵک هاندان ، زەید بە نهێنی خۆی شاردەوە لە کوفە ، خەڵکی کوفەش هانیان دەداو چل هەزاریان بەیعەتیان پێدا ، هەرچەند ئامۆزاکانی و کوڕەزاکانی ئیمام عەلی و زانایان ئامۆژگاریان کرد کە وازبێنێ و  نەخەڵەتێ ، وتیان اهل العراق اهل النفاق ، خەڵکی کوفە چیان نەکرد بە حسەینی باپیرت و ئیمامی عەلی کە لە تۆ باشتر بوون ، بەڵام وەک باپیری هیچ نەچوو بە گوێی پیرۆزیداو ئەو قەرەباڵغیەی دەوری خەڵەتاندی ، هەرچەند وتیان غەڕات دەکەن و فوت تێەکەن و هانت دەدەن و دوایی سەیرت دەکەن چاری نەبوو .

ساڵی 121کۆچی شۆڕشەکەی دەست پێ کرد، ڕۆژێ پێش شۆڕشەکە کۆمەڵێکی گەورە لەشۆڕشگێڕانی کوفەو کەربەلا وتیان دەبێ نەفرەت لە ئەبوبەکرو عومەر بکەی، زەید نەیکرد ، ئەوان لێی جیابونەوەو ڕەفزیان کرد، لەوەوە ئەوانە ناونران ڕافیزە ، دوو سەد کەس لەگەڵ زەید مانەوە ناونران زەیدیە ، ڕافیزەو زەیدیە لەوێوە بوونە دوو ڕێبازی جیا ، کوفەییەکان کە ئیمام حوسەینی مەزلومیان بەتەنها جێهێشت ، ئەمیشیان وا پێ کرد ، دواتر نیوەی تریشی لە ترسێ سەرما و هەڕەشەی ئەمەوی دواکەوتن و لێی جیا بونەوە ،  مایەوە سەدکەس لە کەس وکاری ، هەمویان لەشەڕێکی نابەرامبەردا کوژران ..

 زەید بەقەرەباڵغی خەڵەتاو تاکڕەوانەش بڕیاریدا ، پەلەی کرد ،  کەشی بۆ نەسازاندبوو ، بەو دەردە ڕۆی کەباپیری و باوکی باپیری پێی خەڵەتا .

هیشام کێیە ؟

 هیشامی کوڕی عەبدوالملک کوڕی مەڕوان کوڕی حەکەم ، ساڵی 72 کۆچی لە مەدینە لەدایک بوو ، ساڵی 105 کۆچی بووە خەلیفە ، زۆر دژی ڕێبازە گومرا لارەکانی وەک غولاتی شیعەو ڕافیزەو  قەدەری و باتنی و جەعدی و زۆر لارە ڕێبازی تر بوو کە باسیان لە خوایەتی ئیمامی عەلی و پێغەمبەری حسین و حەسەن و محمد باقرو زۆری تر دەکرد.

خوای گەورە لە هەمویان خۆش بێت.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure