لەڕوداوی کوشتنی "هەولێر" و "گرێزە"دا خوێندەوار و نەخوێندەوار قسەیان لەسەر ئەنجامەکە کرد، بەڵام کەس پرسیار ناکات هۆکارەکان چین؟
ئەو هۆکارە چیە وا لەدکتۆرێک دەکات ژیانێکی پڕ لەدەستکەوت و ڕێزی کۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە؟ لەژێر چ فشارێکی دەرونیدا بووە کە وای لێکردووە دەست بۆ ئەم کارە ترسناکە ببات؟
هەروەها، هۆکار چییە کوڕێک دەستی بچێتە خوێنی دایک و باوکی؟ ئەگەر ئەمە لەبەر دین کردویەتی، بۆچی لەئەوروپا بەرامبەر بێ دین و مەسیحیەکان نەیکرد؟
لەم رووداوانەدا، ئەنجام و هۆکار هەردووکیان گرنگن. ئەم ڕوداوە دڵتەزێنانە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان چارەسەر دەبن، نەک تەنها بە سەرنجدان لەئەنجامەکانیان.
فشاری دەروونی ڕەش و سپی ناناسێت، هەموومان وەک مرۆڤ تووڕە دەبین و هەندێک جار لەسروشتی ئاسایی خۆمان دەردەچین. هەموومان فشاری دەروونیمان بینیوە و دەزانین چۆن دەتوانێت بەرەو هەڵسوکەوتی خراپمان ببات، هیچ بکوژێکی ئەم جۆرە روداوانەمان نەبینی دوای روداوەکە نەڵێت پەشیمانم، تاکی کورد لەژێر چەندین فشاری جیاوازە:
- فشاری خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەربەدەری.
- هەستکردن بەناعەدالەتی و خراپی گوزەرانی خەڵک لەهەرێم.
- نائارامی سیاسی و ترس لەوەی کە "عێراق تێکدەچێت“.
- وەک موسڵمان، هەستکردن بە بێدەسەڵاتی لەبارودۆخی جیهاندا.
ئەم فشارانە کە لەسەر یەک کەڵەکە دەبن، بۆ هەموو کەس قورس دەبێت و فشارێکی دیکەی بچوک دەتوانێت دەرئەنجامی ترسناک بخولقێنێت.
ئەوەی بۆ کۆمەڵگای ئێمە گرنگە، رێگەگرتنە لە هۆکارەکان، نەک ئەوەی کە هەر رووداوێک روو بدات، خەڵک دابەش ببن بەسەر چەند بەرەیەکدا و بکەونە گیانی یەکتری.