تەکنۆلۆژیا چۆن جەنگەکانی گۆڕی
بۆمبی زیرەک
بۆمبی ئاسایی
بیربکەرەوە فڕۆکەیەک بۆ ئەوەی ئامانجێک بپێکێت دەبێت دەیان بۆمب لەناوچەیەک بخاتە خوارەوە بەهیوای ئەوەی یەکێک لەو بۆمبانە ئامانجەکە بپێکێت و زۆرجاریش بەشێکی لەو بۆمبانە دەبنە هۆی کاولکاری و کوشتنی خەڵکانی بێتاوان، بۆمبی ئاسایی کە لەفڕۆکە دەکەوێتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئاراستەیەکی بگۆردرێت بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوییەوە یەکسەر بۆ زەوی دەڕوات و بەشێوازی هەڕەمەکی لەسەر زەوی دەکەوێت، وەک ئەوە وایە بەردێک لەئاسمانەوە فڕێبدەیت بۆیە بەم جۆرە بۆمبانە دەوترێت “بۆمبی گێل”.
بۆمبی زیرەک
بۆمبی زیرەک بۆمبی ئاسایین، بەڵام بە هەستەوەر (حاسە)و سیستەمی کۆنترۆڵ (کۆمپیوتەر) زیرەک کراون، هەروەها لەڕێگەی باڵۆچکەکانیەوە ئاراستە دەکرێت، بە (هەستەوەر، کۆنترۆڵ، ئاڕاستە) بۆمبە ئاساییەکان دەکرێن بە بۆمبی زیرەک، کە دەتوانێت ئاراستەی کەوتنی بۆمبەکە لەهەڕەمەکییەوە بگۆردرێت بۆ ئاراستەکراو و پێکانی ئامانج.
بۆمبی زیرەکی چۆن کاردەکات؟
بۆمبەکان جۆریان زۆرە بەڵام بەشێوازێکی گشتی بەم جۆرە کاردەکەن:
فڕۆکەیەک بۆمبێکی پێیە و دەیەوێت ئاڕاستەی ئامانجەکەی بکات، بۆمبەکە لەفڕۆکەکە فڕەدەدرێت، بەخێراییەکی زۆر بەرەو زەوی دەڕوات، هەستەوەرەکە (حاسەکە) زانیاری لەسەر ئامانجەکە دەدات بە سیستەمی کۆنترۆڵەکە (کۆمپیوتەر)، پاشان لەسەر بنەمای زانیاری هەستەوەرەکە سیستەمی کۆنترۆڵ زانیارییەکان شیدەکاتەوەو فەرمان دەدات بە باڵۆچکەکانی بۆمبەکە بۆ ئەوەی ئاراستەی بۆمبەکە بەرەو ئامانجی دیاریکراو بگۆڕن.
بۆ نمونە ئەگەر ئامانجەکە ئۆتۆمۆبیلێک بێت و بەردەوام بڕوات، ئەوا هەستەوەرکان بەردەوام گۆڕینی شوێنی ئۆتۆمۆبیلەکە دەدەن بە سیستەمی کۆنترۆڵ و سیستەمی کۆنترۆڵیش ئاراستەی بۆمبەکە دەگۆرێت بەرەو ئۆتۆمۆبیلەکە.
بۆ ئەوەی بەواقیعی بتوانرێت ئاراستەی بۆمبەکە بگۆردرێت ، سیستەمی کۆنترۆڵی بۆمبەکە پەیامێک دەنێرێت بۆ ماتۆڕەکان کەبۆ جوڵاندی باڵۆچکەکانی بۆمبەکە دانراون. ئەم باڵۆچکانە بە هەمان شێوەی باڵە بچووکەکانی سەر فڕۆکە کار دەکەن. بە لارکردنەوەی باڵۆچکەکان بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا، سیستەمی کۆنترۆڵی بۆمبەکە هێزی بەرگریی هەوا لەسەر ئەو لایەی بۆمبەکە زیاد دەکات. لە ئەنجامدا، بۆمبەکە بەو ئاڕاستەیەدا دەسوڕێتەوە.
ئەم پڕۆسەی ڕێکخستنە بەردەوام دەبێت تاوەکو بۆمبەکە دەگاتە ئامانجەکەی، کە بۆمبەکە گەیشتە ئامانجەکە، فتیلەیەک کە لەناو بۆمبەکەیە گڕ دەگرێت دەبێتە هۆی تەقینەوەی بۆمبەکە.
جۆرەکانی بۆمبی زیرەک
بۆمبە زیرەکەکان هەمویان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش پێکانی ئامانجەکەیە، جا مرۆڤ، باڵاخانە یاخود ئۆتۆمۆبێل یان هەرشتێکی دیکە بێت، بەڵام شێوازی کۆنترۆڵکردنی ئەم بۆمبانە بەپێی جۆری تەکنۆلۆژیاکە دەگۆرێت، جیاوازیی سەرەکی لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی بۆمبی زیرەکدا بریتییە لەوەی کە چۆن ئەم بۆمبە ئامانجەکە “دەبینێت”.
١- شەپۆلی ڕادیۆی: وەک ئەوەی (سەیارەیەکی کۆنترۆڵ) لێبخوڕیت. کەسێک لە دوورەوە جا لەناو لەفڕۆکە بێت یان سەرزەوی لەڕێگەی شەپۆلی ڕادیۆیی بەشاشەیەک سەیری بۆمبەکە دەکات و بە دەسکێک بۆمبەکە ئاڕاستە دەکات تا بەر ئامانجەکەی دەکەوێت.
٢- کارۆ ڕوناکی: ئەم جۆرەیان لەڕێگەی کامێرایەک دەبێت کەلەسەر نوکی موشەکەکە دانراوەو وەک چاوی بۆمبەکەیە ڤیدیۆی ڕۆشتنی خۆی بۆ زەوی بۆ بنکەی کۆنترۆڵکردن دەنێرێت و لەوێشەوە بۆمبەکە بەرەو ئامانجەکە ئاڕاستە دەکرێت.
٣- تیشکی ژێر سوور: ئەم جۆرە بۆمبە لەڕێگەی تیشکی ژێر سورەوە کە ئامانجەکە دەریدەکات و دەیدۆزێتەوە پاشان خۆی پیا ئەکێشێت، ئەم جۆرە بۆمبە پێشیان دەوترێت (بۆمبی گەرمی) کە بەدوای گەرمی مەکینەی تانکێک، فڕۆکەیەک یان هەر شتێکی گەرمدا کە لەئامانجەکەوە دەربچێت دەگەڕێت و خۆی پێدا دەکێشێت. ئەمجۆرەیان خۆی ئامانجەکە دەدۆزێتەوەو پێویستی بەکۆنترۆڵکردن نیە.
٤- لەیزەر: تیشکێکی لەیزەر کە بەچاو نابینرێت بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکە، بەو لەیزەرە ئامانجەکە دیاریدەکەن، واتە تیشکی لەیزەرەکە ئەخەنە سەر ئامانجەکە پاشان ئەو بۆمبە دوای ئەو تیشکە لەیزەرە دەکەوێت و بەهێڵی لەیزەرەکەدا ئەڕوات تا خۆی دەکێشێت بە ئامانجەکەدا.
٥- ڕادار: بۆ ئاڕاستەکردنی ئەم جۆرە بۆمبە، سەرەتا لەڕێگەی ڕادارێکەوە شەپۆلی کارۆ موگناتیسی ئاڕاستەی ئامانجەکە دەکرێت، دەبێت تیشکەکە بەر ئامانجەکە بکەوێت و پاشان تیشکەکە بگەڕێتەوە بۆ ئارێڵی وەرگری بۆمبەکە، کە بۆمبەکە تیشکەکەی بۆ گەڕایەوە ئامانجەکە دەدۆزێتەوەو بەرەو ئامانجەکە دەڕوات بۆ پێکانی.
ئەو ڕادارەی کە شەپۆلی کارۆ موگناتیسی دەنێرێت بۆ ئامانجەکە ئەگەر لەناو بۆمبەکەدا بوو ئەوا پێی دەوترێت “ئاراستەکردنی ڕاداری چالاک”، لەم حاڵەتەدا بۆمبەکە خۆی تەواوی کارەکە دەکات و پێویستی بەهیچیتر نیە، بەڵام ئەگەر ڕادارەکە لەناو فڕۆکەیەکی دیکە یان بنکەیەکی سەربازی بوو پێی دەوترێت “ئاراستەکردنی ڕاداری ناچالاک” کە ئەمە زیاتر بۆ پێکانی ئامانج لەمەودایەکی زۆر دوردا بەکاردێت.
٦- مانگی دەستکرد: ئەم جۆرە بۆمبە لەڕێگەی (GPS)ەوە کاردەکات، پێش ئەوەی بۆمبەکە بتەقێنرێت ناونیشانی شوێنەکەی پێدەدرێت (وەک ئەوەی تۆ بەنەخشەی ناو مۆبایلەکەت دەچیتە شوێنێک)، ئەم جۆرە بۆمبە لەڕێگەی پەیوەندی بەمانگی دەستکردەوە شوێنی گونجاو بۆ ڕۆشتن بەرەو ئامانجەکە دەدۆزێتەوەو خۆی دەگەینێتە ئامانجەکە، ئەم جۆرەیان بەهۆی ئەوەی زانیاریەکان لەمانگی دەستکردەوە وەردەگرێت لەهەموو جۆرە کەش و هەوایەکەدا دەتوانێت زۆر بەباشی کاربکات.
بۆمبەکان لەسەردەمی زیرەکیی دەستکردا
بەهۆی ئەوەی زیرەکی دەستکرد توانای شیکردنەوەی ملیۆنەها زانیاری لەیەککاتدا هەیە دەتوانێت زۆر بەخێرایی زانیاری لەسەر ئامانجەکان کۆ بکاتەوەو بگاتە ئەنجام، بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە سەرجەم ئەو جۆرە بۆمبانەی سەرەوە لەدۆزینەوەو پێکانی ئامانجدا زۆر وردو کاریگەر تر بوون، هەروەها دەتوانرێت چەندین بۆمب لەیەککاتداو وەک یەک گروپ پێکەوە هێرشی خۆیان بکەن کە بۆمبێک ئامانجەکە بدۆزێتەوەو ئەوانی دیکە هێرشی بۆ بکەن.
هەر لەڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەم بۆمبابە دەتوانن وێنەی ئامانجەکەی پێبدرێت و پاشان شیکاری بۆ بکات لەنێوان ملیۆنەها زانیاری و ئامانجەکە بدۆزێتەوە، هەروەها سەرەڕای نیگەرانی و مەترسیەکانی لەئێستادا لەڕێگەی ئەلگۆریزم و زیرەکیی دەستکردەوە ئەم بۆمبانە بەئۆتۆماتیکی کراون و بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ مەترسیەکان هەڵدەسەنگێنن و بڕیاری هێرش دەدەن.
تێبینی: بۆمبی زیرەک جیاوازە لەموشەک و درۆن و ئەو دوانەش وردەکاری و شێوازی کارکردنی خۆیان هەیە.