مەلا کاکە حەمەی تاڵشی
مەلا کاکە حەمەی تاڵشی
  یاسین تەها     2025/08/25     205 جار بینراوە    


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، "ڕێکخراوی خاڵ" لەگەڵ دوا ژمارەی گۆڤارەكەدا (49) بەدواداچوونێکی مێژوویی د. عومەر نیزامی، پێشنوێژی مزگەوتی بێخود، لەبارەی مەلایەکی دەگمەنی کوردەوە لە شێوەی نامیلكەیەكی پاشكۆ بڵاو کردەوە، کە ئەگەر کارنامە و ژیانی بخوێنیتەوە، شەرم لە خۆت دەکەیت تا ئێستا وەک پێویست نەتناسیوە: مەلا کاکە حەمەی سەیفوڵڵای تاڵشی.

لە بنەڕەتدا بنەماڵەی ناوبراو لە مەهابادەوە هاتوونەتە سلێمانی. خۆی لە ساڵی ١٨٩٠ لەدایک بووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا باوکی لەدەستداوە، بەڵام بە گوتەی خۆی «پەرۆشی خوێندن بیری بازرگانیی لە مێشکدا دەرکردووە» و نەچووەتە سەر دوکانەکەی باوکی. لەم ڕێگایەشدا سنە و سابڵاغ و سەقز و سەردەشت گەڕاەوە بۆ خوێندنی فەقێیەتی و دواجار لە کۆیە بە «جبە و مێزەری خەڵاتییەوە» گەڕاوەتەوە سلێمانی.

مەلا کاکە حەمە دەڵێت: «لە حەوت ساڵیمەوە، هەموو کاتێک میکرۆبی مێشکی باپیرەم لە مێشکمدا بوو، بەو ماخۆلانەوە نەمتوانی لە شاردا بژیم، ڕامکردە لادێ». لەم هەڵاتنە دووەمەشیدا لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا خێزان و دایکی بەجێدەهێڵێت و لە سەردەمی حوکمڕانیی شێخ مەحمووددا دەکرێتە قازیی سەنگاو و دواتریش قەرەداغ. لەمەش هەڵدێت بۆ ناو جاف؛ هاوینان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبن و زستانانیش لە سەنگاو.

دوا بڕیاری مەلا کاکە حەمە ئەوە دەبێت تا «قەومەکەی لە سەدا شەستی خوێندەواریی تەواو نەبێت... بە هیچ نابین». بۆ ئەم مەبەستەش لێبڕاوانە دەست بە وانەوتنەوە وتنەوە دەكات، بەڵام «نەک بۆ حوڕیفرۆشتن بە مووچە و خۆ پێ دەرخستن و خۆژیاندن بە خەڵك" وەك خۆی دەڵێت.

بە خەتی خۆی لە ڕێکەوتی (١١/ ١/ ١٩٥٨) نووسیویەتی: نانی جۆی ڕەق و وشک و هەموو خواردنە نایابەکان و میوە بەتامەکانی لا وەک یەکە. گونیە و لەباد لەبەرکردن و قوماشی فاسۆنی لەندەنی و شتی نایابی لا جیاوازیی نییە. پیاهەڵدان و سەرزەنشتکردنی لا وەک یەکە. شەو و ڕۆژی دابەشی سێ بەش کردبوو: یەکەم، خەو و پشوودان؛ دووەم، خوداپەرستی؛ سێیەم، خەریکبوون بە زانستەوە.

لە کاروانی زانستیدا گرنگیی داوە بە: نووسین، حساب، خوێندن و زانینی زمانی کوردی بە ڕێزمان، ئینجا عەرەبی، فارسی، تورکی و پاشان زمانەکانی تر. خەوتن دوای عیشا بووە و دوو کاتژمێر پێش نوێژی بەیانی بۆ دەرسخوێندن ڕابووە.

مەلا کاکە حەمە تەنیا یەك فۆتۆی بەردەستە، لەبارەی هۆکارەکەیەوە نووسیویەتی: «وێنەم لا نییە و وێنەگریشم دەست ناکەوێت، ناچمە شار». هێندەش شەیدا و عەوداڵی خوێندنەوە بووە، کە دەڵێت: "بیری کەس ناکەم، سەر لە کەس نادەم، کەس سەرم لێ نادا». هەروەها دەڵێت: «ئەوانەی خزمەتی بیرەکەم بکەن، ڕۆحم فیدایانە و ئیتر کەسی ترم ناوێت... نامەوێت بناسرێم، با بۆنی خۆدەرخستنی لێ نەیەت".

بۆ فێرکردنی خەڵکی گوندەکان، چووەتە باقوبەرەی هۆرێن و شێخانی سەر بە خانەقین (١٩٥٥-١٩٦١). ڕازی نەبووە سوود لە نفووزی بنەماڵەی خاڵوانی (بنەماڵەی موفتی) لە سلێمانی وەربگرێت بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە، بەڵکو ڕووی ردووەتە گوندەکان. جگە لە میکایلییەکانی جاف، لەم گوندانەش مامۆستایەتیی کردووە: کرپچنە، فەقێ مستەفا، مەلا هۆمەر، کوێخ، مەسۆیی، خان ئیبراهیم، خانچی، داربەڕوو، قەرەداغ، قزڵابات، چەوری، دوڕاجی, تەپەسپی، سیا مەنسوور، چیارەزا، باقوبەرە و لە داوودەش ٢٤ خوێندکاری لە کوڕی ئاغا و هەژارانی گوندەکانی دەوروبەری بە خۆڕایی فێر کردووە .

شێوازی وانەوتنەوەی قوتابخانەکەشی زۆر تایبەت و ناوازە و فرەلایەن بووە و جێگەی سەرنجە، کە پێویستە خوێنەر لە کتێبەکەدا چێژ لە شێواز و ڕێگاکانی وانەوتنەوە و پەروەردەكردن و بەشە ناوخۆییەكەی وەربگرێت، چونکە لێرەدا دەرفەتی باسکردنی نییە و تێكەڵەیەكە لە خوێندن و وەرزش و كاری هەرەوەزی و دابڕان و لێبڕان بۆ خوێندن.

دە ساڵ پاش کۆچی دواییی مەلا کاکە حەمە، "شاکر فەتاح" نامیلکەیەکی لەسەر نووسیوە (١٩٧١)، پاشان مستەفا نەریمان لە ساڵی ١٩٧٢ ژیاننامەکەی وەک سەردانێکی مەیدانی خۆی بۆ قوتابخانەكەی بڵاو کردووەتەوە. لەم ساڵانەی دواییشدا كۆمەڵێك کاری دیکەی لەسەر کراوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ ساز کراوە، بەڵام هێشتا وەک بابەتێکی نوێ وایە، چونکە ئەم مامۆستا ڕۆشنبیرە ئایینییە کوردپەروەرە، ئەم بەرهەمە دەستخەتانەی هەیە و هێشتا كەرەستەی خاون بۆ لێكۆڵینەوە:

• بە كوردیكردنی هەموو قورئانی پیرۆز.

• وەرگێڕانی کتێبی «مینهاج»ی ئیمامی نەوەوی لە سێ بەرگدا.

• نامیلکەیەک بۆ خەڵکی گوندەکان لەسەر بنەما سەرەکی و لاوەکییەکانی ئایین.

• وەرگێڕانی «عەوامیلی بەرکەوی» لە زانستی نەحوی عەرەبیدا.

• وەرگێڕانی «خوڵاسەی حساب".

• داڕشتنەوەی یاسای سزادان (قانون العقوبات) لەسەر شێوازی پرسیار و وەڵام.

• وەرگێڕانی «کەلەنبەوی بورهانی» (لە زانستی مەنتیقدا). (1933)

• وەرگێڕانی یاسای ماف و ئەرکە کشتوکاڵییەکان (١٩٤٠).

• وەرگێڕانی یاسای یەکلاکردنەوە و مافی زەویوزار.

• هەندەسە بە زمانی کوردی (١٩٤٠).

• نامیلکەیەک لەسەر زانستی حساب.

• وەرگێڕانی «ئیساغۆجی» لە زانستی مەنتیقدا. (1946)

• نامیلکەیەک لەسەر زانستی ئایین (١٩٥٥).

• ئادابی بەحس و مونازەرە.

• نەحو و سەرف بە کوردی.

• قەواعیدی زمانی کوردی.

• وەرگێڕانی "شافیەی ئیبن حاجب".

• مێژووی سروشتی بە کوردی.

• بابەتێک لەبارەی ئاژەڵناسییەوە بە کوردی.

هێشتا چەند کتێب و دەستخەت و بەرهەمی دیکەشی هەن، کە لەوانەیە تا ئێستا ساغ نەکرابنەوە.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure