لە مارسی 2024دا، لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییمان لەبارەی ژیان و بەسەرهاتی "مەلا یوسفی گڵێجاڵی" بە ناوی “مێزەری خوێناوی” بڵاوکردەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەم بابەتە هەندێک خوێندنەوە، کاردانەوە، خراپ تێگەیشتن و خراپ بەكارهێنانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. وەک توێژەری ئەم کارە، چەند سەرنجێکمان لەسەر بەشێک لە کاردانەوەکان بە پێویست زانی:
* بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە و لە هەر ڕووداوێکی مێژوویی دیکە، پێویستە لە چوارچێوەی هەمان سەردەم و بارودۆخی خۆیدا بخوێنرێتەوە، نەک بە پێوەرەکانی ڕۆژگاری ئێستا. ئەم لێکۆڵینەوەیەی ئاماژەی پێکرا شەن و کەوی بەسەرهاتێکی ساڵی 1946 دەکات لە گوندێکی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە و نزیکەی 80 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە. لەو کاتەشدا (سەردەمی پاشایەتی) ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی، ئایینی و حکومی تێکەڵوپێکەڵ بووە، هەندێک وردەکاری ڕووداوەکەش هەن کە هێشتا ئەڵقەی ون و نادیارن.
* ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەبارەی "مەلا یوسفی گڵێجاڵ" بڵاوکراوەتەوە، بۆ بێڕێزیکردن یان هەوڵی سڕینەوە و تەشەردان لە هیچ بنەماڵەیەک نییە. بەڵکو ئاوڕدانەوەیەکە لەم مامۆستا ئایینییە ڕۆشنگەرە و بەسەرهاتێکی بنەماڵە و خەڵکی گوندەکەی. هەروەها، بەرچاوڕوونییەکە لەبارەی وردەکاری و چوارچێوەی گشتی یەکێک لەو گرژییە پڕ لە ناسۆرانەی کە لە سنووری هەڵەبجە ڕوویداوە و لە چەند بیرەوەرییەكدا باسکراوە و ئاماژەی پێکراوە. ئەمەش گۆشەیەک بوو بۆ توێژینەوەی مێژوویی و بەدواداچوونێکە بۆ تێگەیشتن لە ڕابردوو، نەک دوژمنایەتی و گرژی دروستکردن و هەڵمەت و هێرشکردنە سەر کەس بە تایبەتی شێخانی بیارە کە هیچ کاتێک خوازراو نییە و پێویستە هەرکات هەبوو بەری لێ بگیریت.
* لە لێکۆڵینەوەکەدا باس لە هەندێک لە ڕۆڵە مێژوویی و ئەرێنییەکانی بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی هەورامان کراوە کە لە هەندێک کاردانەوەدا لەبەرچاو نەگیراون، بۆ نموونە: بووژانەوەی مەدرەسەی بیارە لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا بە جۆرێک بووەتە ڕووگە و پەناگەی فەقێ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە. جگە لەمەش، زۆرێک لە شێخەکانی بنەماڵەی نەقشبەندی چەند ڕۆڵێکی جۆراوجۆری خزمەتگوزارییان لە ناوچەکە بەجێهێناوە: مورشیدی تەریقەت بوون، وەک پزیشک و حەکیمی میللی کاریانکردووە، هاوکاری حوجرەیان کردووە و..... (بڕوانە: مێزەری خوێناوی، ل 12، 23). توێژەری ئەم بابەتەش لە دەرفەت و جێگەی دیكەدا لە چوارچێوەی كاری ئەكادیمی خۆیدا چەند دەستخەت و لایەنێكی دیكەی ئەرێنی شێخانی تەریقەت و بیارەی ئاماژە پێكردووە كە بەردەستن (پۆدكاستی شوناسی ئایینی، ئەڵقەی 7، 2024 و ئەرشیفی ناوەندی كوردستان بە نموونە).
* هەر کۆمێنت و پۆستێكی نێو سۆشیال میدیا لەسەر ئەم کتێبە کە زمانی زبر و نەشیاویان بەرامبەر هەر بنەماڵە و تەریقەتێکی ئایینی بەکارهێنابێت، بە تایبەت نەقشبەندی، جێگەی نیگەرانییە و لە هیچ کات و هەلومەرجێکدا ئەو شێوازە ڕەوا و ڕێگەپێدراو نییە، بە تایبەت ئەوانەی کە قۆستنەوەی بوون بۆ مەبەستی دیكە یان کەڵکوەرگرتنی خراپ بوون.