ئایا ڕۆشنبیر هەمیشە پیاوی دەسەڵات بووە؟
ئایا ڕۆشنبیر هەمیشە پیاوی دەسەڵات بووە؟
  رێبوار سیوەیلی     2026/02/15     26 جار بینراوە    


بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات، دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەین کە چەمکی "ڕۆشنبیر" خۆی چەمکێکی مێژوویی گۆڕاوە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێی دەڵێین ڕۆشنبیر (Intellectual)، لە ڕابردوودا بە ناوی دیکەی وەک "حەکیم، فەیلەسوف، زانا، یان پیاوی ئایینی" ناسراوە. ئەگەر سەیری مێژووی دێرین و سەدەکانی ناوەڕاست بکەین، دەبینین زۆربەی زۆری ئەوانەی خاوەنی مەعریفە بوون، لە ناو جەرگەی دەسەڵاتدا بوون. ئەمە نە لەبەر ئەوەی "خۆفرۆش" بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی لەو سەردەمانەدا "مەعریفە" و "دەسەڵات" وەک یەک تانوپۆ دەبینران.

لە یۆنانی کۆنەوە، ئەفلاتوون خەونی بە "فەیلەسوف-پاشا"وە دەبینی. لای ئەو، باشترین جۆری دەسەڵات ئەوەیە کە فەیلەسوفێک بڕیار بدات. لێرەوە دەبینین فەلسەفە نەک هەر دژی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو دەیەویست ببێتە خودی دەسەڵات. لە مێژووی ئیسلامیشدا، کەسانێکی وەک فارابی و ئیبن سینا و غەزالی و ئیبن خەلدوون، هەمیشە لە پەیوەندییەکی نزیکدا بوون لەگەڵ خەلیفە و سوڵتانەکان. ئەمانە پێیان وابوو بۆ ئەوەی "چاکەی گشتی" بەدی بێت و کۆمەڵگە ڕێک بخرێت، دەبێت عەقڵ ڕاوێژکار و ڕێ نیشاندەری شمشێر بێت. بۆیە ئەو بڕیارە پێشوەختەی کە دەڵێت "ڕۆشنبیری ڕاستەقینە دەبێت دژ بێت"، بڕیارێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنەیە.

لە ڕاستیدا، تا پێش سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم، ڕۆشنبیر (یان زانا) ئەرکی پاراستنی "نەزم و سیستم" بوو. ئەو وەک ئەندازیارێکی هزرى دەسەڵاتی دەبینی بۆ پاراستنی شارستانییەت لە فەوزا. بۆ نموونە، "خواجە نیزامولمولک" لە کتێبی (سیاسەتنامە)دا، نموونەی ئەو بیرمەندەیە کە دەسەڵات بەبێ هزرى ئەو ناتوانێت بەردەوام بێت. لێرەدا ڕۆشنبیر "پاشکۆ" نییە، بەڵکو "داڕێژەر"ی عەقڵی دەوڵەتە.

کەواتە ئەو تێڕوانینەی دەڵێت "ڕۆشنبیر دەبێت هەمیشە دژ بێت"، لە کوێوە هات؟ ئەمە لەگەڵ سەرهەڵدانی مۆدێرنە و بەتایبەت لە "کێشەی درایفۆس" لە فەرەنسا (کۆتایی سەدەی ١٩) سەری هەڵدا. کاتێک ئیمیل زۆلا و کۆمەڵێک نووسەر دژی دەوڵەت وەستانەوە بۆ بەرگریکردن لە حەقیقەت. لێرەوە وێنەی "ڕۆشنبیری ئۆپۆزیسیۆن" دروست بوو. بەڵام کێشەکە لێرەدا دەست پێدەکات: کاتێک ئەم وێنەیە دەبێتە قاڵبێکی چەقبەستوو (تۆتالیتاری)، وەک ئەوەی فەرماندەیەک بە ڕۆشنبیر بڵێت "یان لەگەڵمی یان دژی منی".

ئەم جیاکارییە "یان دژ یان لەگەڵ" بە جۆرێک لە گەمژەیی دادەنرێت، لە ڕاستیدا زادەی ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکانی سەدەی بیستەمە (چەپ و فاشیزم). لەم ئایدۆلۆژیایانەدا، ڕۆشنبیر تەنها وەک "سەربازێکی فکری" دەبینرا؛ یان دەبێت لە خزمەت شۆڕشدا بێت یان دەبێتە خیانەتکار. ئەم دیدگایە، ڕۆحی ئازادی و ڕەخنەگری لە ڕۆشنبیر دادەماڵێت. ڕۆشنبیرێک کە بە ناوی "دژایەتی دەسەڵات"ەوە دەبێتە پاشکۆی حزبێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو، ئەویش سەربەخۆیی خۆی لەدەست داوە، تەنها جێگای دەسەڵاتەکەی گۆڕیوە.

ڕۆشنبیر لە مێژوودا هەمیشە لەناو ئەم کێشمەکێشەدا بووە: چۆن بتوانێت کاریگەریی لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە هەبێت (کە ئەمە پێویستی بە جۆرێک لە لێکتێگەیشتنە لەگەڵ دەسەڵات) و چۆنیش بتوانێت حەقیقەت بڵێت (کە ئەمە زۆرجار دەسەڵات تووڕە دەکات). کەواتە ڕەهاکردنی ئەم بابەتە و وتنی ئەوەی کە "ڕۆشنبیر هەمیشە پیاوی دەسەڵات بووە" غەدرێکی گەورەیە لە مێژووی عەقڵ، چونکە زۆرینەی شارستانییەتەکان بە عەقڵی ئەو ڕۆشنبیرانە بونیاد نراون کە لە ناو جەرگەی سیستەمەکاندا کاریان کردووە بۆ چاکسازیی. بەڵام لە هەمان کاتدا، ڕۆشنبیرێک کە ببێتە "پاساوهێنەر" بۆ ستەمکاریی، لێرەدا ئەرکە ئەخلاقییەکەی خۆی لەدەست دەدات.

لە نێوان عەقڵی ڕەخنەگر و ژاوەژاوی ڤیدیۆچییەکاندا

بۆیە مێژووی پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات، مێژوویەکی ڕەها نییە و هەمیشە پانتاییەک بۆ هاوکاریی و ڕەخنە هەبووە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، دیاردەیەکی نامۆ و مەترسیدارە کە پێویستی بە وردبوونەوەی فەلسەفی و سیاسی هەیە. دیاردەیەک دروستبووە "ڤیدیۆچییەکان" و ئەو پارە زۆرەی بۆ زڕاندنی ناوی ڕۆشنبیران خەرج دەکرێت، لە ڕاستیدا بەشێکە لە ستراتیژییەکی گەورەتر بۆ "بێناونیشانکردنی حەقیقەت".

ئەم "ڤیدیۆچییانە" یان پۆپۆلیستە نوێیانە، ئەرکی سەرەکییان دروستکردنی کەلێنە لە نێوان "عەقڵ" و "بڕیار". کاتێک دەسەڵات یان گروپگەلێکی ناو دەسەڵات، پشتیوانی لە کەسانێک دەکەن کە تەنها کاریان گومانخستنە سەر ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکانە، ئەوا لە ڕاستیدا خەریکی "تیرۆری فکری"ن. ئەم تیرۆرە لەوەوە دەست پێدەکات کە ڕۆشنبیر ناچار دەکەن یان ببێتە "چەپڵە لێدەرێکی بێ مەرج" یان "نەیارێکی توندڕەو". هەر هەوڵێک بۆ بیرکردنەوەی جیاواز، بۆ شیکاریی ورد، یان بۆ گرتنەبەری هێڵێکی سەربەخۆ، لە لایەن ئەم ڤیدیۆچییانەوە وەک "خۆفرۆشی" یان "دوژمنایەتی" وێنا دەکرێت.

بێگومان، ناچارکردنی ڕۆشنبیر بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لەم دوو جەمسەرە (یان لەگەڵ یان دژ)، کوشتنی ڕۆحی داهێنان و ڕەخنەگرییە. کاتێک کۆمەڵگە یان دەسەڵات یان ئەو گروپە سێبەرانە، ڕۆشنبیر ناچار دەکەن تەنها لە یەک ڕەنگدا خۆی ببینێتەوە، خەریکن "وەزیفە"ی ڕۆشنبیر پەک دەخەن. ئەرکی ڕۆشنبیر "وەلائـ" (Loyalty) نییە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو وەزیفەی ئەو "سۆز" (Commitment)ـە بۆ حەقیقەت. ئەو ڤیدیۆچییانەی کە بە پارەی گوماناوی و لە ژێر چەتری هەندێک کەسی ناو دەسەڵاتەوە دەردەکەون، ئامانجیان ئەوەیە کە هەر دەنگێکی حەکیمانە و عاقڵانە لە گۆڕەپانەکەدا نەهێڵن. چونکە عەقڵی ڕۆشنبیر "نەزم" دروست دەکات، بەڵام بەرژەوەندیی ئەوان لە "فەوزا و جەمسەرگیری"دایە.

ئەو دیدگایەی پێیوایە ڕۆشنبیر دەبێت "هەمیشە دژ" بێت، لە ڕاستیدا تووشی هەڵەیەکی کوشندە بووە لە تێگەیشتن لە چەمکی "ڕەخنە". ڕەخنە بە واتای ڕەتکردنەوەی ڕەها و جنێودان نییە. ڕەخنە پرۆسەیەکی عەقڵییە بۆ جیاکردنەوەی چاک لە خراپ. ئەو ڤیدیۆچییانەی کە ڕۆشنبیران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە گوایە "دژ بە دەسەڵاتن" تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەیەکی زانستییان هەیە، لە ڕاستیدا دەیانەوێت دەسەڵات لە عەقڵ داببڕن. ئەوان دەیانەوێت دەسەڵاتدار تەنها گوێی لە ژاوەژاوی ئەوان بێت، نەک لە دەنگی دڵسۆز و ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکان.

ئەو هێڵە باریکەی کە ڕۆشنبیر دەتوانێت بیگرێتە بەر، "سەربەخۆیی مەعریفی"یە. ڕۆشنبیر دەبێت بتوانێت لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی دەسەڵات و لە دەرەوەی سۆزی کوێرانەی جەماوەر بوەستێت. لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمە قورسترین کارە. چونکە لە لایەکەوە "ڤیدیۆچییەکانی دەسەڵات" بەوە تۆمەتبارت دەکەن کە تۆ "نەیار و تێکدەری"، لە لایەکی تریشەوە "پۆپۆلیستەکانی شەقام" بەوە تۆمەتبارت دەکەن کە تۆ "خۆفرۆشی" چونکە جنێو بە دەسەڵات نادەیت. ئەمە ئەو "داوی دووفاقەییە" کە جۆرێکە لە گەمژەیی یان بێ مۆڕاڵی سیاسی.

بۆ ئەوەی ڕۆشنبیر هەم سەربەخۆ بێت و هەم کاریگەر، پێویستە مۆدێلی "هاوبەشیی ڕەخنەگرانە" پەیڕەو بکات. ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەر دەسەڵات پڕۆژەیەکی بنیاتنەری هەبوو، ڕۆشنبیر نەک هەر نابێت دژی بێت، بەڵکو دەبێت بە عەقڵی خۆی دەوڵەمەندی بکات. لە هەمان کاتدا، دەبێت هەرکاتێک دەسەڵات لایدا، یەکەم کەس بێت کە ڕەخنە بگرێت. ئەو ڤیدیۆچییانەی کە دەیانەوێت ئەم هاوسەنگییە تێک بدەن، لە ڕاستیدا دوژمنی دەسەڵات و دوژمنی ڕۆشنبیریشن. ئەوان دەیانەوێت دەسەڵات وەک "دوورگەیەکی دابڕاو" لە عەقڵ نیشان بدەن.

لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەو جیاکارییە "یان لەگەڵ یان دژ"، گەورەترین مەترسییە بۆ سەر "ئیعتیبار"ی ڕۆشنبیر. ئەگەر ڕۆشنبیر بکەوێتە ناو ئەو گەمەیەوە، ئیعتیبارە کۆمەڵایەتییەکەی لەدەست دەدات. ئەگەر ببێتە پاشکۆی ڤیدیۆچییەکان، دەبێتە "کەرەستە"، ئەگەر ببێتە نەیارێکی ڕەهای بێ مەنتیقیش، دەبێتە "نەهیلیست". سەربەخۆیی ڕۆشنبیر لەوەدا نییە کە "لە کوێ" وەستاوە، بەڵکو لەوەدایە کە "چۆن" بیر دەکاتەوە. ئەگەر بیرکردنەوەکەی پاشکۆی هیچ "دۆگما" و "ڕایەڵێکى سیاسی" نەبوو، ئەوا ئەو ڕۆشنبیرێکی ئازادە، تەنانەت ئەگەر لە ناو جەرگەی بڕیاردانیشدا بێت.

دروستکردنی "گومانی دەستکرد" و کوشتنی پانتایی سێیەم

لێرەدا دەگەینە خاڵێکی جەوهەری کە پەیوەستە بەو واقیعە سیاسییەی ئاماژەمان پێ کرد: پرۆسەی "بەدگومانکردن لە ڕۆشنبیران" لە ڕێگەی ئامرازە نوێیەکانی وەک سۆشیال میدیا و ڤیدیۆچییەکانەوە. ئەمە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو "کودەتایەکی فکرییە" دژی هەر جۆرە هۆشیارییەک کە بیەوێت لە دەرەوەی بازنەی پڕۆپاگەندە بوەستێت.

ئەو کەسانەی لە پشت ئەم ڤیدیۆچییانەوە وەستاون و پارەی گشتی بۆ ئەم مەبەستە خەرج دەکەن، ئامانجێکی وردیان هەیە: کوشتنی پانتایی سێیەم. پانتایی سێیەم ئەو شوێنەیە کە ڕۆشنبیر تێیدا نەک وەک "دوژمن" و نەک وەک "پاشکۆ"، بەڵکو وەک "چاودێرێکی دڵسۆز" دەردەکەوێت. کاتێک ئەم پانتاییە نامێنێت، کۆمەڵگە و دەسەڵات دابەش دەبن بۆ دوو بەرەی ڕادیکاڵ؛ بەرەیەکی تەواو "تەسلیمبوو" و بەرەیەکی تەواو "ڕەتکەرەوە". ئەم دۆخە باشترین ژینگەیە بۆ گەشەکردنی گەندەڵی و ستەمکاری، چونکە لە دۆخی جەمسەرگیریدا، دەنگی عەقڵ دەخنکێنرێت و تەنها دەنگی "وەلائی کوێرانە" یان "هێرشی کوێرانە" دەبیسترێت.

ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت "ڕۆشنبیر یان لەگەڵە یان دژ"، لووتکەی تۆتالیتاریزم و گەمژەییە. تۆتالیتاریزم تەنها لە سیستمە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو لە "شێوازی بیرکردنەوە"دایە. کاتێک مرۆڤ توانای تێگەیشتن لە "ئاڵۆزی" و "فرەڕەهەندی" لەدەست دەدات، پەنا دەبات بۆ جیاکارییەکی سادە و گەمژانە: (دۆست یان دوژمن). ئەم مەنتیقە، کە فەیلەسوفی ئەڵمانی "کارل شمیت" وەک جەوهەری سیاسەت دەیبینێت، کاتێک دەچێتە ناو بوارە هزرییەکە، دەبێتە هۆی وێرانکاری. چونکە ڕۆشنبیر ئیشی ئەوە نییە "دوژمن" دروست بکات، بەڵکو ئیشی ئەوەیە "کێشەکان" شی بکاتەوە.

ئەم ڤیدیۆچییانە و ئەو گروپانەی لە ناو دەسەڵاتدا پشتیوانییان دەکەن، لە ڕاستیدا دەیانەوێت ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە لە نێوان دوو بەرداشدا ورد بکەن:

١. لە لایەکەوە، بە "نەیار" و "ئۆپۆزیسیۆن" ناو زەدیان دەکەن بۆ ئەوەی دەسەڵات لێیان بترسێت و گوێیان لێ نەگرێت.

٢. لە لایەکی ترەوە، وایان نیشان دەدەن کە ئەمانە خەریکی "گەمەى سیاسی"ن بۆ ئەوەی جەماوەریش متمانەیان پێ نەکات.

ئەمە "ستراتیژیی بێدەنگکردن"ە. کاتێک ڕۆشنبیرێک ڕەخنەیەکی زانستی لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە یان ئابووری دەگرێت، ڤیدیۆچییەکان نایێن وەڵامی زانستی بدەنەوە، بەڵکو دەچن "نێتی" تێک دەدەن و دەڵێن "ئەمە دژی قەوارەیە" یان "ئەمە سەر بەم تاقم و ئەو تاقمەیە". ئەم جۆرە لە مامەڵە، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە ئەرکی ڕۆشنبیر بەرامبەر بە دەسەڵات. ئەرکی ڕۆشنبیر بەرامبەر دەسەڵات وەک ئەرکی "ئاوێنە"یە. ئەگەر ئاوێنەکە نیشانی دا کە دەموچاوت پەڵەی پێوەیە، تۆ نابێت ئاوێنەکە بشکێنیت، بەڵکو دەبێت پەڵەکە پاک بکەیتەوە. ڤیدیۆچییەکان ئیشیان ئەوەیە ئاوێنەکان بشکێنن و وێنەیەکی ساختە و جوانکاریی (فلتەرکراو) پێشکەشی دەسەڵاتدار بکەن.

لێرەوەیە کە دەڵێین ئەم جیاکارییە لەو "گەمژەییە"وە هاتووە کە جیاوازی نێوان "دڵسۆزیی" و "ملکەچی" ناکات. ڕۆشنبیرێک کە ڕەخنە دەگرێت، زۆرجار دڵسۆزترە لەو پۆپۆلیستەی کە تەنها وەسف دەکات. چونکە یەکەمیان دەیەوێت سیستمەکە چاک بێت و بمێنێتەوە، بەڵام دووەمیان تەنها دەیەوێت گیرفانی خۆی پڕ بکات و لە کاتی تەنگانەشدا یەکەم کەس دەبێت کە پشت لە دەسەڵات دەکات.

ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان جۆرێکە لە "تیرۆری مۆڕاڵی". کاتێک پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێت بۆ ناشرینکردنی سیمای ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ، ئامانجەکە تەنها ئەو کەسانە نین، بەڵکو ئامانجەکە "کوشتنی ئومێدی چاکسازییە". چونکە کاتێک عەقڵ و دەسەڵات لێک دابڕان، جێگای عەقڵ بە "زەبروزەنگ" و جێگای دەسەڵاتیش بە "پاشاگەردانی" پڕ دەبێتەوە.

پاراستنی شکۆی عەقڵ لە سەردەمی پاشاگەردانیی دیجیتاڵیدا

لەم بەشە کۆتایییەدا، دەگەینە کڕۆکی مەبەستەکەمان: هەوڵی سیستماتیک بۆ ناشرینکردنی سیمای ڕۆشنبیر و دروستکردنی کەلێن لە نێوان "مەعریفە" و "بڕیاری سیاسی" لە هەرێمی کوردستاندا. ئەو پارە زۆرەی بۆ "بەکرێگیراوە دیجیتاڵییەکان" یان "ڤیدیۆچییەکان" خەرج دەکرێت، لە ڕاستیدا تەنها هێرش نییە بۆ سەر چەند ناوێکی دیار، بەڵکو هێرشە بۆ سەر خودی "پڕۆژەی عەقڵانییەت" لەم وڵاتەدا.

ئامانجی ئەم ڤیدیۆچییانە و ئەو گروپانەی لە پشتیانەوەن، ئەوەیە کە کۆمەڵگە بخەنە دۆخێکی "سڕبوونی فکری"یەوە. کاتێک ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لە لایەن دەسەڵاتەوە وەک "نەیار" و لە لایەن پۆپۆلیستەکانەوە وەک "خۆفرۆش" تۆمەتبار دەکرێت، دەرەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە ڕۆشنبیر "پەراوێز" دەخرێت. کاتێکیش ڕۆشنبیر پەراوێز خرا، کایەی گشتی چۆڵ دەبێت بۆ کەسانێک کە نە خاوەن مێژوون، نە خاوەن فکر، بەڵکو تەنها "ئامرازی هاوارکردنن". لێرەدا دەسەڵاتدار تووشی گەورەترین هەڵە دەبێت؛ چونکە پێیوایە بە بێدەنگکردنی ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرەکان، کورسییەکەی پارێزراو دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەم کارەی، خۆی لە "عەقڵی داهێنەر" بێبەش دەکات و دەبێتە بارمتەی دەستی کۆمەڵێک پۆپۆلیست کە تەنها بۆ بەرژەوەندیی مادی لە دەوری کۆبوونەتەوە.

هێڵە جیاکەرەوەکە لە کوێدایە؟

بۆ ئەوەی ڕۆشنبیر نەبێتە قوربانیی ئەم "یارییە گەمژانەیە"، پێویستە هێڵێکی سێیەم بگرێتە بەر کە پێی دەوترێت "بەرپرسیارێتیی مەعریفی". ئەم هێڵە بریتییە لە جیاکردنەوەی "دەوڵەت" لە "حزب"، و جیاکردنەوەی "بەرژەوەندیی گشتی" لە "بەرژەوەندیی تاقمەکان". ڕۆشنبیر دەبێت پشتگیریی دەسەڵات بکات کاتێک دەسەڵات خەریکی بونیادنانی دەوڵەت و پاراستنی شکۆی هاوڵاتییە، بەڵام دەبێت سەرسەختترین نەیاری دەسەڵات بێت کاتێک دەسەڵات دەبێتە ئامراز بۆ ستەم و گەندەڵی.

ئەمەی کە دەوترێت ڕۆشنبیر "یان لەگەڵ یان دژ"، مەنتیقێکی تیرۆریستییە. چونکە عەقڵ ناتوانێت لە ناو ئەم دوو جەمسەرەدا کار بکات. ڕۆشنبیر ئیشی ئەوە نییە ببێتە "سەربازی سەنگەر"، بەڵکو ئیشی ئەوەیە ببێتە "ڕووناککەرەوەی ڕێگا". ئەگەر دەسەڵات لە ڕێگای ڕاست لایدا، ڕۆشنبیر بە ڕەخنەکانی ڕێگاکەی بۆ ڕاست دەکاتەوە. ئەمە "دژایەتی" نییە، بەڵکو "دڵسۆزیی و پاراستنە". ئەو ڤیدیۆچییانەی کە ئەم ڕەخنە دڵسۆزانە وەک "نەیاریی" وێنا دەکەن، گەورەترین خیانەت لە دەسەڵات خۆشی دەکەن، چونکە دەسەڵات بەرەو کوێریی سیاسی دەبەن.

چۆن ڕۆشنبیر ئیعتیبار و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت؟

١. نەکەوتنە ناو تەڵەی کاردانەوە: ڕۆشنبیر نابێت ڕێگە بدات ڤیدیۆچییەکان و پۆپۆلیستەکان ئەجێندای قسەکردنی بۆ دابنێن. ئەو دەبێت لەسەر بنەما فکرییەکانی خۆی بەردەوام بێت، نەک لە وەڵامی هێرشی ئەم و ئەو شێوازی قسەکردنی بگۆڕێت.

٢. بەها گەردوونییەکان وەک پێوەر: کاتێک ڕۆشنبیر بەرگری لە "دادپەروەری" دەکات، مەرج نییە دژی کەس بێت، بەڵکو ئەو بەرگری لە "پڕەنسیپ" دەکات. ئیعتیباری کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیر لەوەوە دێت کە خەڵک ببینن ئەو بۆ بەرژەوەندیی شەخسی قسە ناکات، بەڵکو بۆ حەقیقەت قسە دەکات.

٣. جیاکردنەوەی پۆست لە فکر: ڕۆشنبیر دەکرێت لە ناو سیستمدا بێت و پۆستیشی هەبێت، بەڵام دەبێت "عەقڵەکەی" سەربەخۆ بێت. نموونەی وەک "گۆتە" لە ئەڵمانیا یان "مالرۆ" لە فەرەنسا، نیشانیان داوە کە دەکرێت مرۆڤ لە ناو جەرگەی دەسەڵاتدا بێت و لە هەمان کاتدا خاوەنی بەرزترین ئاستی ڕەخنە و داهێنان بێت.

کۆتایی: بەرەو شارستانییەتێکی عاقڵ

ئەو کەسەى پێی وایە ڕۆشنبیر دەبێت یان مۆرەی دەستی دەسەڵات بێت یان جنێودەری سەر شەقام، بەرهەمی عەقڵییەتێکی خێڵەکی و دواکەوتووە. شارستانییەتە گەورەکان ئەوانە بوون کە تێیدا "عەقڵ" و "هێز" لە دیالۆگێکی بەردەوامدا بوون. هێز بەبێ عەقڵ دەبێتە "ستەمکاریی"، و عەقڵ بەبێ هێز دەبێتە "خەیاڵپڵاو".

لە هەرێمی کوردستاندا، کاتی ئەوە هاتووە کە دەسەڵاتدارانی ژیر تێبگەن کە ئەو ڤیدیۆچییانەی بە پارەی ئەوان پەلاماری ڕۆشنبیران دەدەن، لە ڕاستیدا خەریکن گۆڕ بۆ خودی دەسەڵات هەڵدەکەنن. چونکە کاتێک کۆمەڵگە متمانەی بە ڕۆشنبیر و دەنگی حەکیمانە نەما، ئیدی لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، هیچ دەنگێکی عاقڵ نامێنێت کە خەڵک ئارام بکاتەوە یان ڕێگای دەربازبوون نیشان بدات. ئەو کاتە تەنها "فەوزا" دەمێنێتەوە.

ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، وەک "تۆماس مۆر" دەڵێت، ئەو کەسەیە کە ئامادەیە "خزمەتی پاشا بکات، بەڵام پێش هەموو شتێک خزمەتی خودا (حەقیقەت) بکات". ئەمەیە ئەو هێڵە باریکەی کە ڕۆشنبیر دەتوانێت بیگرێتە بەر: سەربەخۆیی لە بیرکردنەوە و هاوبەشی لە بونیادناندا. هەر جیاکارییەک لە دەرەوەی ئەمە، تەنها هەوڵێکە بۆ وێرانکردنی کەرامەتی مرۆڤ و ناشرینکردنی مانای سیاسەت.

ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ڕێگە نەدەین "ژاوەژاوی ڤیدیۆچییەکان" دەنگی "حیکمەتی ڕۆشنبیران" کپ بکات. چونکە لە کۆتاییدا، ڤیدیۆکان و پارە سیاسییەکان دەفەوتێن، بەڵام تەنها ئەو "هزرینە سەربەخۆیە" دەمێنێتەوە کە دەتوانێت ڕێگای نەوەکانی داهاتوو ڕووناک بکاتەوە. ئەمە ئەو جەنگە مەعریفییە قووڵەیە کە دەبێت ڕۆشنبیری کورد تێیدا سەرکەوتوو بێت: سەرکەوتن بەسەر "تۆتالیتاریزمی یان لەگەڵ یان دژ" و گەڕانەوە بۆ "فەزای فرەڕەهەندی و ڕەخنەی بنیاتنەر".

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure