عومه‌ر ئیسماعیل ره‌حیم
ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و ڕووداوه‌كان، توراس و كه‌لتووره‌كان، ئه‌فكار و دیدگاكان، ڕه‌مز و كه‌سایه‌تییه‌كان، له چه‌ندین گۆشه نیگا و پێگه‌ی جیاجیاوه بكرێت، له پێگه‌ی سۆز و مه‌یله‌وه بێت، له پێگه‌ی بڕیاری پێشوه‌خته و ئایدۆلۆژییه‌وه، یا خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستی و بابه‌تیانه بێت، هه‌روه‌ها ده‌كرێت به گیانی نهیاريی و گه‌ڕان به دوای دۆزینه‌وه و لكاندنی خه‌وش و كه‌م و كوڕییه‌وه بێت، ده‌شكرێت به گیانی گه‌یشتن به ڕاستییه‌كانه‌وه بێت.
هه‌ریه‌ك له‌و جۆره خوێندنه‌وانه‌ش به ئامراز و شێوازی تایبه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت و شوێنه‌وار و نه‌خشی ئه‌رێنی، یا نه‌رێنی تایبه‌تی خۆی به جێده‌هێڵیت له‌سه‌ر بابه‌تی خوێندراو و ڕهخنهكراو، هه‌ربۆیه‌ش تا ڕاستییه‌كان و چییه‌تی و حه‌قیقه‌تی ڕوداو و ئه‌فكار و توراس و كه‌سایه‌تییه‌كان گوم نه‌بێت و چهواشهكاريی و سه‌رلێشێوان ڕوونه‌دات، بابه‌تیانه و زانستییانه شته‌كان بخوێنرێنه‌وه و هه‌ڵبسه‌نگێنرێن، زانایان چه‌ندین مه‌نهه‌جیه‌تی خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌یان داناوه، تا ئه‌وه‌نده‌ی بكرێت مه‌یل و سۆز و ئایدۆلۆژی كه‌سی خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر له سه‌ر بابه‌ته‌كانه‌وه دووربخرێته‌وه. قوڕئانی پیرۆز بانگمان ده‌كات بۆ بابه‌تی بوون و ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و پابه‌ندبوون به پرنسیپی عه‌داله‌ت له هه‌موو شتێك‌دا، له‌وانه خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن له (مێژوو و ئه‌فكار و توراس و كه‌سایه‌تییه‌كان)، ده‌فه‌رموێت: (يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُونُوا قَوَّامِينَ لِلَّهِ شُهَدَاءَ بِالْقِسْطِ وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا اعْدِلُوا هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ)(1)، عه‌دل ده‌ركردنی بڕیاری بابه‌تییانه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر نه‌یار و دوژمنه‌كانیشت، لێره‌وه هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به پابه‌ندبوون به‌و مهنههجیهتهی قورئانه‌وه، بابه‌تیانه و به‌بێ تێكه‌ڵكردنی ئایدیۆلۆژیای خۆیان و به خه‌رجدانی عاتیفه و سۆز به‌رامبه‌ره‌كانیان ده‌خوێنده‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كردن، سه‌یری عه‌مری كوڕی عاص بكه چۆن ڕۆمهكانی ده‌خوێنده‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نه‌یار و دوژمنی یه‌كتر بوون، مستهورهدی قوڕه‌یشی ده‌ڵێت گوێم له پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بوو ده‌یفه‌رموو: كاتێ قیامه‌ت دێت له‌و كاته ڕۆمه‌كان زۆرینه‌ی خه‌ڵك پێكدێنن، عه‌مری كوڕی عاص پێی‌ووت: ئه‌گه‌ر من بڵێم، ڕۆمه‌كان چوار خه‌سڵه‌تیان تیایه: ئارامگرترین گه‌لێكن له‌كاتی كێشه و ئاژاوه، خێراترین گه‌لن له هه‌ڵسانه‌وه دوای موسیبه‌ت، نزیكترینن له گه‌ڕانه‌وه دوای پشتهه‌ڵكردن و ڕاكردن، باشترینن بۆ كه‌سانی بێ باوك و لاواز، خه‌سڵه‌تی پێنجه‌میان كه زۆر جوانه له هه‌موو كه‌س باشتر ڕێگه ده‌گرن له سته‌م و زۆرداری پاشا‌كان(2).
خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌ی بابه‌تیانه ئه‌وه‌یه دووربێت و خاڵی بێت له هه‌رچی به‌ربه‌ستێكی تایبه‌ت و په‌یوه‌سته به كه‌سی خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر وه‌ك: (تێگه‌یشتن و بڕیاری پێشوه‌خته و هزر و ئایدۆلۆژیا و ئه‌و په‌یام و ئایینه‌ی هه‌ڵیگرتووه)، تا بابه‌تیانه و زانستیانه تێبگات به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و پێداروه مێژووییانه‌ی له‌به‌رده‌سته.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی مه‌عريفی و بابه‌تیان:
1- به كه‌سی نه‌كردنی پرس و بابهتهكان.
2- نه‌سه‌پاندنی نهوتراوێك به‌سه‌ر نوسه‌ر، یا كه‌له‌پووردا، هه‌ڵنه‌به‌ستن و نهخولقاندنی ڕوداوێك كه ڕووی نه‌داوه.
3- لایه‌نگیری نه‌كردن و دووركه‌تنه‌وه له سۆز و عه‌واتف.
4- ده‌رخستن و په‌رده‌لادان له سه‌ر ڕاستییه‌كان وه‌ك خۆیان.
5- پاراستنی هاوسه‌نگی و موباله‌غه نه‌كردن، نه له هه‌ڵه و نه له ڕاستییه‌كاندا.
ـ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی:
1- به كه‌سی كردنی بابه‌ت و پرسه‌كان.
2- به قسه‌هێنان و سه‌پاندنی نهوتراوێك به‌سه‌ر نوسه‌ر، یا كه‌له‌پوور، له خۆوه هه‌ڵبه‌ستنی هه‌ندێ وورده ڕوداو و تێهه‌ڵكێشكردنی له‌گه‌ڵ ڕووداوه ڕاستییه‌كان.
3- لایه‌نگیری و جولاندنی هه‌ست و سۆز.
4- شاردنه‌وه‌ی و بزركردنی هه‌ندێ له ڕاستییه‌كان.
5- بێزراندن و ناشیرینكردن، یا گومانخستنه سه‌ر ڕاستییه‌كان.
6- نه‌پاراستنی هاوسه‌نگی و موباله‌غه‌كردن له وێناكردنی هه‌ڵه و ڕاستییه‌كان.
7- له‌به‌رچاو نه‌گرتنی كات (الزمن) له خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و ڕووداوه‌كان و موحاكهمهكردنیان به پێوه‌ری زه‌مه‌نێكی جیاواز.
8- خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و ڕووداوه‌كان له سایه‌ی پسپۆریه‌تی خودی ڕه‌خنه‌گر (اختزالی هه‌موو پسپۆریهتییهكان له پسپۆریه‌تی ڕه‌خنه‌گر).
بۆ گه‌یشتن به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ش زۆرجار خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گری ئایدیۆلۆژی په‌نا ده‌باته به‌ر چه‌ندین ئامراز و میكانزم وه‌ك:
1- شاردنه‌وه و فه‌رامۆشكردن: له‌م شێوازه‌دا خوێنه‌ر، یا ڕه‌خنه‌گر وێنه گه‌وره و ته‌واوه‌كه _متكامل- ناخاته ڕوو، یا ڕووداوه‌كان له هه‌موو قۆناغه‌كان به‌یه‌كه‌وه نابه‌ستێته‌وه، هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی ژیان (كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فیكری، ئه‌خلاقی، ژیاری) ناخاته ڕوو، به‌ڵكو لای خۆی هه‌ندێ بڕیار و بۆچوونی پێشوه‌خته‌ی هه‌یه سه‌باره‌ت به بابه‌تی خوێنراو، یا ڕهخنهكراو، ئه‌نجا دێت ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و دیمه‌ن و تابلۆ و ڕوداوانه دێنێت كه بۆچوون و بڕیاره‌كانی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، وه‌ك ئه‌وه كه له‌گه‌ڵ مێژووی مسوڵمانان، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌ر(د.خ) كراوه، وه‌ك نمونه به‌درێژایی ژیانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له مه‌دینه، چی ده‌زانین سه‌باره‌ت به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دۆست و نه‌یاره‌كانی، به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ڕۆژانه‌ی مسوڵمانان، په‌یوه‌ندییه ديپلۆماسیهكانی، شێوازی بانگه‌وازی بۆ ئیسلام و چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی تر، هه‌ر كتێبێكی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) وه‌ربگره ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی به پێنوسی مسوڵمانانیش نوسراوه له ئه‌نجامی كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری مه‌نهه‌جیه‌تی خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان، سه‌یرده‌كه‌یت به جه‌نگی به‌در ده‌ستپێده‌كات و به جه‌نگی فه‌تحی مه‌ككه‌ش كۆتایی دێت، زنجیره‌یه‌كه له جه‌نگ و غه‌زه‌وات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی ئه‌و جه‌نگانه پڕیانكردۆتهوه له كۆی ژیانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) زیاتر له چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك ناخایه‌نێت، ئه‌ی ئه‌و كاتانه‌ی تر چیكردووه، چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تی و بانگخوازيی و سیاسییه‌كانی بۆ نه‌خراوه‌ته ناو مێژووی ژیاننامه‌كه‌ی، ئه‌مه كاریگه‌ری مه‌نهه‌جیه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیانه‌یه.
2- پشتگویخستن، ئه‌و كه‌سانه‌ی له پێگه‌ی ئایدیۆلۆژییه‌كی دیاریكراوه‌وه و به‌و گیانه‌وه هه‌وڵی خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوو، یا توراس و كه‌له‌پوور، یا ڕه‌مز و كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رامبه‌ره‌كانیان ده‌ده‌ن، به به‌رنامه و پلانێكی داڕێژراوه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن خاڵه گه‌ش و ئه‌رێنییه‌كان و ئه‌وانه‌ی مایه‌ی شانازین بشارنه‌وه و ڕوناكیان ناخه‌نه‌سه‌ر، به‌پێچه‌وانه خاڵه نهرێنیيهكان نه‌ك هه‌ر ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵكو زیاده‌یان ده‌خه‌نه‌سه‌ر، هه‌ندێ شتی ئاسایی، یا ئه‌و شتانه‌ی بۆچوونی جیاواز هه‌ڵده‌گرن به‌شێوه‌یه‌ك ته‌فسیر ده‌كه‌ن كه ببێت عه‌یبه و كه‌موكوڕی و جێگه‌ی ڕه‌خنه‌لێگرتن. نمونه‌یه‌كی دیار له‌و میكانزمه وه‌ك (د.عبدالرحمن علی حه‌جی) ده‌ڵێت كتێبه‌كه‌ی فیلیب حه‌تی له مێژووی مسوڵمانان كه ناوی ناوه (تاریخ العرب) له دوو به‌رگدا، جارێ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ناونیشانی كتێبه‌كه به هه‌ڵه به‌ڵام بۆ مه‌رام و به مه‌به‌ستێكی دیاریكراو ناوی ناوه، چونكه ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه مێژووی بانگه‌واز و گه‌لان(شعوب)و به‌رهه‌مه شارستانییه‌ته‌كانی مسوڵمانانه، كه چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی تری غه‌یره عه‌رب ده‌گرێته خۆ، بێگومان پڕۆفیسۆر (حه‌تی) ئه‌و ڕاستییه‌ی زانیوه و ئه‌نجا ناونیشانه‌كه‌شی به‌وشێوه داناوه، ئه‌وه بێ مه‌رام نه‌بووه، ئه‌نجا به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی كه پێكهاتووه له (408) لاپه‌ڕه له كۆی ئه‌و لاپه‌ڕانه (152) لاپه‌ڕه و له دوو توێی حه‌وت فهصلدا ته‌رخان كردووه بۆ قسه‌كردن له سه‌ر مێژووی نیوه دورگه‌ی عه‌ره‌بی پێش ئیسلام، كه‌چی ته‌نها (93) لاپه‌ڕه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ قسه‌كردن له سه‌ر هاتنی ئیسلام و بانگه‌وازه‌كه‌ی و هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاريیانهی بانگه‌وازی ئیسلام و كۆمه‌ڵگه تازه‌كه‌ی به‌رهه‌می هێنا تاكۆتایی قۆناغی خه‌لافه‌تی ڕاشدین، كه بێگومان دیاره به‌ڵگه‌نامه و سه‌رچاوه‌ی زۆر زیاتر بۆ قۆناغی ئیسلامی تا قۆناغی پێش هاتنی ئایینی ئیسلام له به‌رده‌ستدایه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆژی له پشت نه‌بێت چۆن له‌و هه‌ڵوێسته ده‌گه‌ین و لێكیدهدهینهوه.
3- خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ت، یا خولقاندن و داهێنانی ڕوداوێك كه له‌ڕاستیدا نه‌بووه و لكاندنی به وێنه گه‌وره‌كه‌ی مێژووێكی دیاریكراو، به هه‌ندێ پاساودانی نا زانستی نا ڕوون. هه‌ندێ جار خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر به پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆژيی و له ڕێگه‌ی نییه‌ت خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌یه‌كی بێ به‌ڵگه و ڕاشكاو، هه‌وڵده‌دات بۆچوونێكی خۆی بسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ی پێمخۆشه لێره وه‌ك نمونه بیهێنمه‌وه، بۆچوونی هه‌ندێ كه‌سی پاشخان چه‌په سه‌باره‌ت به قانعی شاعیر كه ناسراوه به شاعیری چه‌وساوه‌كان، كه ڕه‌خنه‌گرتنی زۆری شاعیر (قانع) له دیارده‌ی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵگه و وه‌ستانه‌وه‌ی له ڕووی سته‌می ئاغه‌وات و پیاوه ئایینیه ده‌ستڕۆیشتوه‌كان، به‌رگریكردنی له چه‌وساوه و چینی زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژار و نه‌داره‌كان لای هه‌ندێ نوسه‌ر و توێژه‌ری چه‌پ و به پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆژی وه‌ها لێكدراوه‌ته‌وه كه قانع شیوعی بووبێت و باوه‌ڕی به‌و سۆشیالزمه و یه‌كسانییه كه په‌یامی شیوعییه‌كان بووه هێناوه، كه ئه‌مه زیاتر خوێندنه‌وه‌ی نییه‌ت و به‌ڵگه‌ی ڕاشكاوی له‌سه‌ر نییه، له‌و پێگه‌وه ئه‌و خه‌باته‌ی ده‌ستپێكردبێت، ئاخر قانع پێاوێكی خوێنده‌وار و مه‌لا و شه‌رعناس و سه‌رڕاست و نه‌ترس و بێ باك له ده‌سته‌ڵاتی به‌گ و ئاغا و شێخه‌كان، ئه‌شێت له چه‌ند به‌یته شیعر یا هه‌ندێك هۆنراوه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و فیكره یه‌كی گرتبێته‌وه(3)، به‌ڵام له درێژی و پانی دیوانه‌كه‌ی پابه‌ندی قانع به ئایینی ئیسلام ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه جگه له مه‌لایه‌تییه‌كه‌ی و مێزه‌ر و كه‌واو جوببهكهی ناكرێت به پاڵنه‌ری ئیسلامی ئه‌و خه‌باته‌ی دژ به سته‌م و چه‌وساندنه‌وه ده‌ستپێكردبێت.
یا لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێ به‌یت و بڕگه‌ی هۆنراوه‌كان و قه‌سیده‌كانی مه‌وله‌وی و مه‌حوی كه ئه‌شێت له حاڵه‌تێكی ڕوحی و وه‌جدی سوفیانهیان وترابێت، به باوه‌ڕ بوونیان به وه‌حده‌ت الوجود، یا لای هه‌ندێ به ئینتیما بۆ ئایینی "یارسان" لێكدرابێتهوه، ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه و ڕه‌خنه‌كردنه جگه له ئایدیۆلۆژیا و بوونی بڕیار و بۆچوونی پێشوه‌خته‌ی خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر به چیتر لێكده‌درێته‌وه.
4- دزێو و ناشیرینكردن، له میانه‌ی ئه‌و ئامراز و شێوازه‌دا خوێنه‌ر، یا ڕه‌خنه‌گر، هه‌وڵده‌دات ڕووه ناشیرنه‌كان و دیوه دزێوه‌كان پیشانبدات و جه‌ختیان لێبكاته‌وه، گه‌وره‌یان بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه بابه‌تی خوێنراو ته‌نها بریتییه له‌و دیمه‌نه دزێو و ناشیرنانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی مێژوونووس و ڕۆژهه‌ڵاتناسه خۆرئاواییه‌كان كردوویانه له‌گه‌ڵ مێژووی مسوڵمانان، كه تێیدا ته‌نها تیشكیان خستۆته سه‌ر شه‌ڕ و جه‌نگه‌كان، دیمه‌نی جه‌نگ و كوشتارهكانیان قهبهكردووه، هه‌وڵیانداوه گرته‌كانی گه‌وره بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه كه مێژووی مسوڵمانان ته‌نها سه‌ربڕین و ملپه‌ڕاندن بێت، بۆنی خوێن و ته‌پوتۆزی ژێرپێی ئه‌سپ و بهریقی شمشێر بێت، جگه له‌وه هه‌موو دیمه‌ن و تابلۆ و چالاكییه مرۆیی و حهزاريیهكان فه‌رامۆش كراون، جه‌نگه‌كانیش وه‌ك خۆیان نه‌خراونه‌ته ڕوو، به‌ڵكو زۆر زیاتر له قه‌باره‌ی خۆیان گه‌وره كراون، ئه‌وه جگه له گۆڕینی ئه‌و ئامانجانه كه شه‌ڕه‌كانیان بۆ ئه‌نجامدراوه.
5- گومانخستنه سه‌ر، زۆر جار خوێندنه‌وه، یا ڕه‌خنه‌گرتن به گیانی ئایدیۆلۆژیانه بۆ گه‌یشتن به‌مه‌به‌ست و ته‌حقیقكردنی ئامانجه‌كان په‌نا ده‌باته‌به‌ر گومانخستنه سه‌ر بابه‌تی خوێندرا و ڕهخنهكراو _مێژوو، یا توراس، یا ئه‌فكار، یا ڕه‌مز و كه‌سایه‌تی بێت، به‌بێ گوێدانه ڕاستی و دروستی و به‌هێزی به‌ڵگه‌نامه و دیكۆمێنته‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش سوود له بێئاگایی و نا هۆشیاريی و نه‌شاره‌زایی به ئامانجگیراوه‌كان وه‌رده‌گرن، بۆ نمونه پرسی جه‌سوری و ئازایه‌تی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) چ له مه‌یدانی جه‌نگه‌كاندا و چ له به‌رده‌م كێشه و ئاریشه سه‌خته‌كاندا ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌نده ڕوون و ئاشكرایه، پێویست به ڕوونكردنه‌وه ناكات، ته‌نانه‌ت عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب ده‌ڵێت:” كاتێ شه‌ڕ زۆر گه‌رم ده‌بوو و فشارمان بۆ ده‌هات ئێمه خۆمان ده‌دایه په‌نای پێغه‌مبه‌ر و خۆمان به‌و ده‌پاراست، كه‌سێك نه‌بوو له ئێمه وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (د.خ) نزیكتر بێته‌وه له ڕیزی دوژمنه‌كان”(4)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش قه‌شه و ڕۆژهه‌ڵاتناس لامانس پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به كه‌سێكی ترسنۆك ده‌ناسێنێت و وه‌سف ده‌كات، ئایا لامانس ئازایه‌تی و چاونه‌ترسی پێغه‌مبه‌ری(د.خ) لا شاراوه بوو، هه‌رگیز، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیانه‌یه و مه‌رامی تایبه‌تی هه‌بووه، هه‌ر ئه‌و قه‌شه ناحه‌زه وه‌سفی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌كات به كه‌سێكی زۆر خۆر و خه‌واڵو و خه‌وخۆش، واته زۆر ده‌خه‌وت، كه هه‌ردووكی پێچه‌وانه‌ی ده‌قی فه‌رموده‌ی متهواتهر و قورئانن(5).
6- پارچه و به‌ش به‌شكردن، ئه‌مه میكانزمێكی تره هه‌ڵگرانی ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونی پێشوه‌خت، مێژوو و توراس و به‌رهه‌مه فیكرییه‌كانی به‌رامبه‌ره‌كانی پێ ده‌خوێننه‌وه و ڕه‌خنه ده‌كه‌ن، مێژووی هه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك چه‌ند ڕوداوێكی په‌رش و بڵاو و لێكترازاو نییه، تا ڕوداو ڕوداو، یا قوناغ به قوناغ و دوور له یهكتريی و به جیا بخوێندرێته‌وه و ڕه‌خنه بكرێت، توراس و كه‌له‌پوور و به‌رهه‌مه فیكرییه‌كان به هه‌مان شێوه له خۆوه و به‌بێ پێشه‌كی و كه‌ڵك له یه‌ك وه‌رگرتن نه‌هاتونه‌ته به‌رهه‌م، هه‌روه‌ها مێژوویش زنجیره‌یه‌ك ڕوداوی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوه، وه‌ك شكسته‌كان بێ هۆكار و كه‌مته‌رخه‌می پێشوه‌خت نه‌بوون، هه‌رواش سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌بێ ڕێخۆشكردن و كاربۆكردنێكی درێژخایه‌ن نایه‌نه به‌رهه‌م، بۆیه ناكرێت به دروستی له مێژووی گه‌لێك تێبگه‌یت به پارچه و به‌ش بهشكراوی، یا توراس و كه‌له‌پووری بخوێنیته‌وه و ره‌خنه بكه‌یت له میانه‌ی كتێبێك و دووان، یا به‌رهه‌می نوسه‌رێك و دووان، وه‌ك مێژوو نوس و ڕۆژهه‌ڵاته خۆرئاواییه‌كان، یا بیرمه‌ند و نوسه‌ره چه‌په‌كان به پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆژی به‌رامبه‌ر مێژوو و كه‌له‌پووری ئیسلامی كردویانه.
جارێكی تر نمونه به مێژووی ئیسلامی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌هێنینه‌وه، ده‌بینین مێژوونووس له جه‌نگێكه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ جه‌نگێكی تر، له‌ویشیان بۆ دواتر، به‌ڵام په‌یوه‌ندی ئه‌و ڕوداوانه به یه‌كتر و چالاكی و جموجۆڵی پێغه‌مبه‌ر و مسوڵمانان له نێوان ئه‌م جه‌نگانه هیچی لێ باس ناكرێت. یا سه‌باره‌ت به توراس و كه‌له‌پووری ئیسلامی به‌تایبه‌تی توراسی سیاسی، دێن توراسی ماوه‌ردی و غه‌زالی و ئیبن خه‌لدون و ئیبن ته‌یمیه وه‌ك چه‌ند كه‌سێكی هه‌ڵكه‌وتوو ده‌خوێننه‌وه، وه‌ك ئه‌وه به‌ر له‌وان كه‌سێكی تر نه‌بوبێت و دوای ئه‌وانیش هزری ئیسلامی ووشكی كردبێت، چاو له‌وه داده‌خه‌ن كه به‌رهه‌مه زانستی و هزریيهكانی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ش به‌شێكه، یا ئهڵقهيهكه له زنجیره‌یه‌كی بزوتنه‌وه‌ی زانستی و هزری مسوڵمانان، ئه‌گه‌ر ئه‌و ههڵكهوتوانه زۆریان داهێناوه و پێشكه‌شیان كردووه به نه‌وه‌كانی دوای خۆیان، بێگومان به‌رهه‌م و تیۆرياكانی خۆیشیان له سه‌ر ڕابردووی خۆیان بنیاتناوه(6).
نمونه‌یه‌ك له مامه‌ڵه‌ی ئایدۆلۆژیانه له گه‌ڵ توراسی هزريی و ئه‌ده‌بی كوردی:
له دوو ده‌یه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا به‌ڵكو به‌رله‌وه‌ش ته‌وژمی زاڵ به سه‌ر ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی كوردیدا ته‌وژمی چه‌پ و ماركسیه‌ت بوو، به‌شێكی زۆری نوسه‌ر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كانی ئه‌و ماوه مێژووییه یا چه‌پ و ماركسی بوو، یا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كه‌تبوونه ژێركاریگه‌ری بیری چه‌پگه‌رایی، هه‌روه‌ها توانیبوویان بخزێنه ناو ئۆرگان و بازنه ده‌ستڕۆیشتوه‌كان له بواری ئه‌دب و ڕۆشنبیریدا، لێره‌وه هه‌وڵدراوه سیما و ڕوخسارێكی چه‌پی و سۆشیالزمی بدرێت به كایه‌ی فیكر و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری، به‌و ئامراز و میكانزمانه‌ی له پێشه‌وه ئاماژه‌م پێكرد، به ته‌فسیر و ته‌ئویل، یا نییه‌ت خوێندنه‌وه، یا ته‌نانه‌ت فه‌رامۆش و بزركردن و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه و پێدراوانه‌ی نه‌توانراوه به ئاره‌زووی خۆیان مامه‌ڵه‌ی و ئاڕاسته‌ی بكه‌ن، هه‌رچی گیانی ئایینداريی و په‌یوه‌ست به ئیسلام و هه‌ڵقوڵاوی پرنسیپ و به‌ها ئیسلاميیهكانهوه بووبێت هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی یا ته‌فسیركردنی و لێكدانه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بیری ئه‌وان ته‌ریب بێته‌وه دراوه.
له‌و ماوه مێژووییه‌ی كه ئاماژه‌مان پێكرد هه‌ر نوسه‌ر و توێژه‌رێك كه ناساز و نهیاربوایه به ته‌وژمی چه‌پ و ته‌فسیری ماددی بۆ دیارده و ڕووداوه‌كان ئه‌وا ته‌نگی پێههڵدهچنراو دژایه‌تی ده‌كرا، من خۆم جارێك له ساڵی 1988 له وه‌رزێكی ڕۆشنبیری له هه‌ولێر به‌شداربووم كه ئه‌وانه‌ی بیرمه كۆڕیان بۆ گیرا: دكتور (عمادالدین خلیل) پڕۆفیسۆر و بیرمه‌ندی عێراقی، پسپۆر له مێژوو، هه‌روه‌ها مامۆستا و نوسه‌ری گه‌وره‌ی كورد (مه‌سعود محمد) بوون، له‌و وه‌رزه ڕۆشنبیریيهدا به چاوی خۆم بینیم كه چۆن ڕۆشنبیره چه‌په‌كان له ڕێگه‌ی پرسیار و كۆمێنتهكانیانهوه گاڵته و لاقرتێیان ده‌كرد به (مه‌سعود محمد)، چونكه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ته‌وژمه زاڵه بوو.
مامه‌ڵه‌ی ئایدیۆلۆژیانه‌ی ئه‌و ناوه‌نده له‌گه‌ڵ پیره‌مێرد و به‌رهه‌مه فیكری و ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا:
له میانه‌ی چه‌ند ته‌وه‌رێك ئه‌و مامه‌ڵه ئایدیۆلۆژیانه له‌گه‌ڵ پیره‌مێرددا ده‌سه‌لمێنین:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، شێوه‌ی خستنه‌ڕوو و دابه‌شكردنی هۆنراوه‌كانی پیره‌مێرد له دیوانه‌كه‌یدا به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی دیوانه‌ی مامۆستا محه‌مه‌د ره‌سوڵ هاوار كۆیكردۆته‌وه. پیره‌مێرد وه‌ك بڕواداریكی ڕاسته‌قینه و خاوه‌ن په‌یام، هه‌ستی به به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له به‌رامبه‌ر ئایینه‌كه‌ی له‌لایه‌ك، خه‌مخۆری بۆ میلله‌ته‌كه‌ی و به‌ته‌نگه‌وه بوونیان و ڕێ پیشاندانیان له‌لایه‌كی تر، به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه ئه‌ركی دینداری خۆی ڕاپه‌ڕێنێت، ڕاستیيهكانی ئایینی ئیسلام بۆ خه‌ڵك ڕوون بكاته‌وه، ئاگاداریان بكاته‌وه له‌و شتانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئیسلامن و ئه‌وان خویان پێوه‌گرتووه، وه‌ڵامی ئه‌و گومان و دوودڵیانه بداته‌وه كه نه‌یار و ناحه‌زانی ئیسلام هه‌ڵیان به‌ستوون و دورستیان كردوون، به‌ناو گه‌نجه‌كاندا بڵاویان كردونه‌ته‌وه، هه‌میشه ئامۆژگاری ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه كه پابه‌ندبن به ئایینه‌كه‌یانه‌وه، لێی لانه‌ده‌ن، چونكه سه‌ربه‌رزی و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن له پابه‌ندی و شانازیكردنیان به ئایینهكهیانهوهیه، بۆیه ئیدی پیره‌مێرد ته‌نها خوێنده‌وارێكی ساده و ئاسایی نه‌بوو، ته‌نها شاعیر نه‌بوو شیعر بهۆنێته‌وه و به‌س، به‌ڵكو پیره‌مێرد بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوف بوو، خاوه‌ن هزر و جیهانبیینیهكی ڕوون و ڕاشكاو بوو، له هه‌موو بۆچوون و شیعر و نوسینه‌كانی له دیدگای ئه‌و فه‌لسه‌فه و جیهانبینیه‌وه ده‌رده‌چوو، بۆ هه‌ر په‌ندێك كه نوسیویه‌تی و بۆ هه‌ر شیعرێك كه هۆنیویه‌تییه‌وه ئامانجێكی هه‌بووه، بۆیه ناكرێت و ناتوانرێت جیهانبینی پیره‌مێرد به گشتی و ڕوانینی بۆ ئایین به تایبه‌تی كورتبكرێته‌وه له‌و چه‌ند پارچه شیعره‌ی كه له ژێر ناوی (ناڵه‌ی پیری پیران)دا بڵاوی كردۆه‌ته‌وه، ناوی بنرێت هۆنراوه ئایینیه‌كانی پیره‌مێرد، هه‌روه‌ك چۆن د.عيزهدین مسته‌فا ڕه‌سوڵ(7) و محه‌مه‌د ڕه‌سول هاوار(8) كردویانه، به‌ڵكو جیهانبینی و بیروباوه‌ری ئیسلامی پیره‌مێرد و لێكدانه‌وه‌كانی بۆ بوون و ژیان و دیارده‌كانی تر، به پێی ئه‌م جیهانبینییه له ته‌واوی په‌ند و شیعر و نوسینه‌كانی تریشی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.
مامۆستا هاوار ئه‌و كۆمه‌ڵه هۆنراوه‌ی ناوی ناوه هۆنراوه ئایینیه‌كانی پیره‌مێرد خستویه‌تییه دوای دواوه‌ی دیوانه‌كه‌ی، ته‌نها به‌شی هۆنراوه‌كانی گاڵته و گه‌پ له دوای هۆنراوه ئایینیه‌كانه‌وه دێت، نازانم به چ پاساوێك ئه‌وه‌ی كردووه، ئاخر ئه‌گه‌ر به‌پێی پێوه‌ری زۆری شیعره‌كان بێت، یا به‌پێی كاریگه‌ری كایه‌كه بێت، یا به هه‌ر پێوه‌رێكی تری دابه‌شكردن نابێت شیعری ئایینی بكه‌وێته دوای شیعری وه‌سف، نیگار و سروشت و جوانی، چونكه شیعره‌كانی نیگار و سروشت و جوانی (28) لاپه‌ڕه‌یه، به مه‌رجێك زیاتر له (7) لاپه‌ڕه پێشه‌كی و ڕونكردنهوه و شه‌رحی هاوار خۆیه‌تی، كه‌چی شیعره ئایینیه‌كان (25) لاپه‌ڕه‌یه كه‌متر له دوو لاپه‌ڕه پێشه‌كی خۆیه‌تی، خۆ دیاره كاریگه‌ری ڕۆڵی كایه‌ی ئایین له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری چه‌نده‌یه و پرسی نیگار و سروشت مه‌گه‌ر ده‌سته‌بژێرێك سه‌روكاری له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه ببێت. هه‌روه‌ها شیعری نیشتمانی (22)لاپه‌ڕه‌یه زیاتر له (5)لاپه‌ڕه پێشه‌كی و ڕونكردنهوهی مامۆستا هاوار خۆیه‌تی، كه‌چی هه‌ر له پێش شیعره ئاینیيهكان دانراوه. ئیتر نازانم به چ پێوه‌رێك ئه‌و ڕێكخستنه ئه‌نجامدراوه، به‌نده جگه له به‌كه‌م سه‌یركردنی ئایین و هه‌وڵ بۆ بچوككردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ئایین شتێكی تر نابینم.
بۆ زیاتر دڵنیایی خوێنه‌ری به‌ڕێز و ده‌رخستنی خه‌مخۆری پیره‌مێرد سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ڕی ئیسلامی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به گشتی و گه‌نجه‌كانی به‌تایبه‌تی، ڕێگه گرتن له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌وكاته دراوه بۆ گومڕاكردن و تێكدانی باوه‌ڕی ئایینی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیره‌مێرد له ڕێگه‌ی هۆنراوه و په‌نده به پێزهكانییهوه بۆ ئه‌و هه‌وڵانه به‌شێوه‌یه‌كی ساده و قبوڵكراوی سروشت و ڕه‌مه‌كی مرۆڤ، دوور له فه‌لسه‌فه و هزری ووشك و ڕووت، به‌هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی لۆجیكی و واقیعی تا فریای ئه‌و خه‌ڵكه بكه‌وێت، له‌سه‌ر لێشێواوی ڕزگاریان بكات به پێویستی ده‌زانم چه‌ند نمونه‌یه‌ك بێنمه‌وه(9).
له به‌شێكی ناڵه‌ی پیری پیران سه‌باره‌ت به به‌ڵگه‌كانی دامه‌زراندنی بڕواهێنان به خودا و وه‌دیهێنه‌ری ئه‌م بوونه‌وه‌ره ده‌فه‌رموێت:
خوای گه‌وره و بزورگ پادشای ڕێی نیاز
بێ هاوبه‌ش، بێ كه‌س، بێ شوێن و بێ هاوڕاز
تێگه‌یشتنت دامێ تێتبگهم
پێم لێنا هه‌ر تۆی، بێ زیاد و كه‌م
چاوم هه‌ڵبڕی، ئاسمانم دی
وتم بێ وه‌ستا نه‌هاتۆته دی
ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی بێ "گا" نه‌بوایه
ئه‌شیا بێ ستوون ڕانه‌وه‌ستایه
دیاره هه‌ر چه‌رخێ پیاو دروستی كا
كاتێكت زانی سوا و تێكشكا
چه‌رخی ماكینه‌ی ئه‌م ڕۆژ و شه‌وه
بێ هه‌ڵم و به‌نزین ئه‌خولێته‌وه
چه‌وری پێ ناوێ، هیچ ژه‌نگ ناگرێ
لێك هه‌ڵناوه‌شێ ده‌ستی تێ نابرێ
هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه، كه تێكخراوه
هێشتا جهڕێكی لێ نه‌گۆڕاوه
هه‌ر به‌و پێودانه، كه بۆت داناوه
وا دێت و ده‌چێ، هیچ نه‌وه‌ستاوه
بێ گوڕه و بڕه بێ چرپه و بێ ده‌نگ
تێكڕا له كاران یه‌ك ڕه‌نگ یه‌ك ئاهه‌نگ
تۆ نه‌بوویتایه چۆن تێك ئه‌خرا
ئه‌مانه له كوێ پێكه‌وه ئه‌نرا
چۆن چه‌رخی گه‌ردوون بێ ده‌ستی وه‌ستا
له كارا ئه‌بوو هه‌تاكو ئێستا
ئاش بێ ئاش وه‌ستا نانرێته‌وه
"گا" بێ "هۆ"ی جوتیار ناگه‌ڕێته‌وه
سه‌د هه‌زار هه‌زار ئه‌ستێره‌ناسان
ئه‌و دیو خێوه‌تیان نه‌دی به‌ئاسان
منیش ئه‌گه‌ڕێم كه تۆ بناسم
ناتدۆزمه‌وه كوێر و كهساسم
چاوێكم به‌رێ تۆی پێ ببینم
"ارنی" بێژ نیم، كرده‌وه بینم
ده‌ستم پێ گرتووی شه‌رمه‌نده‌م مه‌كه
بۆ به‌خشین "گونای" زۆر و كه‌م یه‌كه
هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك له من ڕووی داوه
له‌پێش كردنا، لای تۆ نوسراوه
كه له‌و ته‌خته‌یه‌ی لای تۆ نوسراوه
كێ ڕێ ده‌كه‌وێ بڵێ وا نابێ(10)
بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌یان ووت سروشت خۆی خۆی ئه‌فراندووه، بۆ ته‌فسیركردنی بوونی ئه‌و جیهان و بوونه‌وه‌رانه پێویستمان به خودا نییه، به ڕاستی هه‌ركه‌س هۆنراوه و نوسینه‌كانی پیره‌مێرد به‌گشتی و به ووردی بخوێنیته‌وه، بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه كه به‌رگریكارێكی دڵسۆز بووه بۆ بیروباوه‌ڕی ئیسلامی گه‌نج و لاوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌وژم و هێرشه ئایدیۆلۆژی و فیكرییانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه شه‌پۆله‌كانیان گه‌یشتبووه وڵاتی ئێمه، وه‌ك تیۆر و بیروباوه‌ڕه‌كانی ماركسییه‌ت، تیۆره‌كانی داروین و هی تریش، پیره‌مێرد دانایانه و به عه‌قڵێكی سهلیقهدارانه و به زمانێكی ساده و شیرین و به به‌ڵگه گه‌لێكی ههڵێنجراو له ژینگه‌كه و نزیك له عه‌قڵ و هۆشیاری خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه، له هه‌مان كات سه‌رنج ڕاكێش و لۆژیكی و زانستی و دڵنیاكهر.
ئه‌م هۆنراوانه به بۆچوونی من ته‌نها وه‌ك خولیایه‌كی هونه‌ريی و ئه‌ده‌بی شاعیر له‌دایك نه‌بووون، به‌ڵكو جگه له‌و خولیایه به‌رهه‌می تێفكرین و موعانات و خه‌مخۆری پێره‌مێرد بووه، له‌لایه‌ك بۆ ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه سه‌ریان لێ نه‌شێوێندرێت، هه‌روه‌ها بۆ خه‌مخواردن له بیروباوه‌ڕی ئیسلامی خۆی، كه خۆی له به‌رامبه‌ردا به به‌رپرسیار زانیوه، ئیتر ئه‌و هۆنراوانه به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌زموونه بانگخوازيی و خه‌باته ئیسلامی و ئایین پهروهريیهی بووه.
له شوێنێكی تری زنجیره هۆنراوه‌ی پیری پیراندا ده‌فه‌رموێت:
خوایه ئه‌وانه‌ی كه بێ باوه‌ڕن
هیچیان نه‌دیوه وا ههڵهوهڕن
ئه‌گینا سه‌یری باغێكی گوڵ كه‌ن
ته‌ماشایه‌كی به عه‌قڵ و دڵ كه‌ن
ئه‌و ڕه‌نگه جوانه‌ی په‌ڕه‌ی "هه‌رجایی"
به زه‌ڕه‌بینی تیشكی بینایی
لێی وردبنه‌وه كه ئه‌و سنعه‌ته
كێ ده‌ڵێ زاده‌ی خووی ته‌بیعه‌ته؟
گه‌ڵای "گوڵ په‌سه‌ند" كام مه‌قه‌ست بڕی
"په‌رده عه‌روسی" كێ په‌رده‌ی دڕی
كێ هات "لاولاوی" به‌دارا ئاڵان
كام ده‌ست گه‌رده‌نی "وه‌نه‌وشه"ی شكان
ئه‌مانه نه‌یسا بڵێین بێ گیانن
ماده‌یه‌كه ڕوویدا زۆر كه‌س ئه‌یزانن
ئاغای شیوه‌كه‌ڵ یه‌كێكیان تیا‌بوو
كه ئاغال ئاغای قادراغای ناوبوو
پێی بریندار بوو، لێی كرد بهخۆره
ئه‌هاتنه سه‌ری حه‌كیم به نۆره
ڕۆژێك "مه‌وله‌وی" حه‌كیمی بانه
پێی وت ڕه‌حمت بێ به‌م مناڵانه
ئه‌م ده‌رده پیسه ئه‌ته‌نێته‌وه
پیاو ئه‌بێ لێیان دووركه‌وێته‌وه
ئاغا له دوور دێ چووه بن دارێ
ڕاكشا و ڕوانی بۆی كشا مارێ
ئه‌میش بێزار بوو چاوی لێ قووچان
تا هاته سه‌ر پێی خۆی هیچ نه‌جولان
هه‌رچه‌ند خه‌ڵك و خوا له دوور په‌یدابوو
تا ئه‌وان هاتن مار پێوه‌ی دابوو
پێی چاك بوه‌وه وه‌ك دۆخی جاردی
خۆ ناڵێن ئه‌مه‌ش ته‌بیعه‌ت ناردی
به‌رده زله‌كه‌ی ناو ئاوی دووكان
كه بۆ ئه‌ندازه‌ی ئاو بووه به‌نیشان
شاره مێرووله‌ی له‌ناودا ئه‌ژی
ئه‌ویش ته‌بیعه‌ت هێناویه‌ته دی؟
ئه‌م ئاسمانه كه بێ ستوونه
بۆ كرده‌وه‌ی تۆ بوو به نموونه
چه‌رخی ماكینه‌ی ئه‌م ڕۆژ و شه‌وه
بێ هه‌ڵم و به‌نزین ئه‌سووڕێنه‌وه
چه‌وری پێ ناوێ هیچ ژه‌نگ ناگرێ
لێك هه‌ڵناوه‌شێ ده‌ستی تێ نابڕێ
ئاش بێ ئاش وه‌ستا ناسوڕێته‌وه
گا جووت بێ جوتیار ناگه‌ڕێته‌وه(11).
ته‌وه‌ری دووه‌م: بزركردن و شاردنه‌وه‌ی نامێلكهیهكی پیره‌مێرد كه ڕه‌خنه‌گرتن و مهحكومكردنێكی ڕاشكاو و ده‌گمه‌نه له‌و سه‌رده‌مه له سیاسه‌ته‌كانی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت.
له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی بیری شیوعیه‌ت، پیره‌مێرد زۆر دژی شیوعییه‌ت و ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت بووه، بێگومان به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و دژایه‌تییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دژایه‌تی كردنی شیوعیه‌ت بۆ بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلام و بێبڕواییان به خودا، ته‌نانه‌ت وه‌ك د.مارف خه‌زنه‌دار باس ده‌كات هه‌ر له دژی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌ت و بیروباوه‌ڕی ماركسیزم بوو. بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ناميلكهیێكی په‌خشانی هونه‌ری نووسیوه به‌ناوی "ئاوه ڕه‌شه‌ی ڕووسی سوور" له ساڵی 1940 نوسیویه‌تی و له چاپخانه‌ی ژین چاپی كردووه و له سلێمانی بڵاوی كردۆته‌وه، واته پێش ئه‌وه‌ی ڕووسیا تووشی جه‌نگی دووه‌می گێتی بێ، ئه‌م په‌خشانه بریتییه له په‌خشانێكی ئه‌ده‌بی سیاسی به زمانێكی جوان و پاراو نووسراوه‌ته‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌م كاره ئه‌ده‌بییه‌ی پیره‌مێرد دیزه بهدهرخونهكرا، ناوی له هه‌موو ئه‌و زانیاريی و هه‌واڵه زۆرانه‌ی له بابه‌ت پیره‌مێرده‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه نه‌هاتووه. له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی(12)، كاتێك ئه‌و په‌ره‌گرافه‌م به‌رچاوكه‌وت، ئیدی ده‌ستمكرد به گه‌ڕان به دوای ئه‌و ناميلكهیه، هه‌رچی كتێبخانه گشتییه‌كانی هه‌ولێر هه‌یه گه‌ڕام و پرسیم، به‌ڵام بێ ئاكام هیچم ده‌ست نه‌كه‌وت و هه‌واڵێك نه‌بوو، له كتێبخانه تایبه‌ته‌كان ئه‌وانه‌ی ده‌مزانی دێرینن و سه‌رچاوه و كتێبی ده‌گمه‌نیان تیایه وه‌ك كتێبخانه‌كه‌ی نوسه‌ر و ڕوژنامه‌نووس مومتاز حه‌یده‌ری، دواجار له ڕێگه‌ی دۆستێكه‌وه په‌یوه‌ندیم كرد به كاك بونیادی كوڕی د.مارف خه‌زنه‌دار كه پێم وابوو مادام له مێژوویی ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی باسی كردووه ده‌بێت نوسخه‌ی بوبێت، به‌ڵام له‌وێش هه‌واڵێكم ده‌ست نه‌كه‌وت، له ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیم كرد به كاك دانای كچه‌زای پیره‌مێرده‌وه، ئه‌ویش ووتی ئێمه هه‌رچی ئه‌رشیفی پیره‌مێرده داومانه به بنكه‌ی ژین، له سه‌فه‌رێكم بۆ سلێمانی سه‌ردانی برای به‌ڕێزم مامۆستا عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز له ڕێكخراوی زانست كرد و باسی ئه‌و ناميلكهیهم بۆ كرد به‌ڵكو یارمه‌تیم بدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی فه‌رمووی من په‌یوه‌ندیم خۆشه له‌گه‌ڵ بنكه‌ی ژین، دوای ماوه‌یه‌ك ووتی ئه‌وه نوسخهیهكیان بۆ كۆپی كردووین، لێره‌وه سوپاسێكی زۆری مامۆستا عومه‌ر ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشی و سوپاسێكی بێ پایانیشم هه‌یه بۆ بنكه‌ی ژین و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ماندونه‌ناسانه كاری تێدا ده‌كه‌ن و پارێزگاری له‌و توراس و كه‌له‌پووره‌ی نوسه‌رانی كورد و دیكۆمێنته‌كانی ده‌كه‌ن.
ئه‌و نوسراوه‌ی پیره‌مێرد ئه‌گه‌رچی له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا كه به ده‌یان و بگره سه‌دان توێژینه‌وه له‌باره‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی تێز و فه‌لسه‌فه‌ی شوعیه‌ت و ماركسیه‌ت و چه‌ندینی تریش سه‌باره‌ت به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانیان و موماره‌سه‌ی خه‌فه‌كردنی ئازادییه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن حيزبی شیوعی نوسراوه زۆر ساده‌یه، به‌ڵام به‌ها و نرخی مێژوویی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، هیچ نه‌بێت یه‌كێكه له ئاوێنه‌ی خهمخۆریيهكان و په‌رۆشی پیره‌مێرد سه‌باره‌ت به پارێزگاری كردنی ئایین و بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌و لافاوه بێدیینهی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیه‌ت له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یهێنێت له‌لایه‌ك و به‌رگریی كردنی له ئایینی پیرۆزی ئیسلامی له‌لایه‌كی تر، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش له كۆتایی ئه‌و نوسینه‌دا به ڕێنوسی سه‌رده‌م بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، منیش لای خۆم ده‌ڵێم ئه‌و دیزه‌به‌ده‌رخۆنه كردنه هه‌ڵوێستێكی نامۆ نییه له هه‌وادارانی بیری چه‌پ و ماركسیه‌ت و ئه‌و ناوه‌نده ڕۆشنبیريیهی ئه‌وان تێیدا باڵا ده‌ست بوون.
ته‌وه‌ری سێیه‌م، كه‌می قسه‌كردن و ئاماژه‌كردن به قۆناغی دووه‌می ژیانی پێره‌مێرد، واته ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له توركیا ژیاوه. به بۆچوونی به‌نده ژیانی پیره‌مێرد به سێ قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت، قوناغی پێش چوونی بۆ ئه‌سته‌مبۆڵ كه له له‌دایكبوونیه‌وه له ساڵی 1867 ده‌ستپێده‌كات تا 1898، قۆناغی دووه‌م له چوونی بۆ ئه‌سته‌مبۆڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا گه‌ڕانه‌وه‌ی له ساڵی 1924، كه ده‌كاته نزیكه‌ی (26) ساڵ، ئاشكرایه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له ئه‌سته‌مبوڵ بووه دوای ته‌مه‌نی (40) ساڵییه و هه‌ڕه‌تی به‌خشین و چالاكی فیكريی و ئه‌ده‌بی مرۆڤه، كه‌چی كه‌مترین تیشكی خراوه‌ته سه‌ر و قسه و باسی له باره‌وه كراوه، كه‌مترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و فیكری ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌وتۆته به‌رده‌ست، كه وه‌ك له هه‌ندێ به‌ڵگه‌نامه و دیكۆمێنت ده‌رده‌كه‌وێت لێوان‌لێو بووه له چالاكی ڕێكخراوه‌یی و سیاسيی و فیكريی و كارگێری، به‌تایبه‌تی چالاكییه ئیسلاميیه‌كانی له‌گه‌ڵ زانای پایه به‌رزی كورد سه‌عید نورسی، كه‌سانی تریش، پیره‌مێرد له‌گه‌ڵ نورسی یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی "جمعیه الاتحاد المحمدی"(13)، كه وه‌ك له په‌یامه‌كانی نوور به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه خه‌باتكردن بووه بۆ گێڕانه‌وه‌ی وه‌حده‌تی مسوڵمانان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیری تۆرانییه‌ت و پارچه پارچه كردنی جیهانی ئیسلامی و مسوڵمانان(14). هه‌ره‌وها وه‌ك محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار ده‌ڵێت: پیره‌مێرد زۆر كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری بیرمه‌ندی تورك نامق كه‌مال(15)، كه ئه‌ویش خه‌باتگێرێكی سه‌رسه‌ختی وه‌حده‌تی ئیسلامی و پشتیوانێك بووه بۆ خه‌لافه‌تی عوسمانی(16). ئه‌شێت كه‌می قسه و باس له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانی پیره‌مێرد به كه‌می بوونی به‌ڵگه‌نامه و زانیاری پێویست پاساو بدرێته‌وه، به‌ڵام پێموایه پاساوێكی لاوازه، پاساوی حه‌قیقی ئه‌و خوێندنه‌وه و مامه‌ڵه ئایدیۆلۆژیه‌یه له‌گه‌ڵ توراسی پیره‌مێرد.
ته‌وه‌ری چواره‌م، به ئینتیقائی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆی به‌رهه‌می شیعری پیره‌مێرد، ئه‌و به‌راورده‌ی كه له‌م ته‌وه‌ره‌یه ده‌یكه‌م نابێت ئه‌وه‌ی لێبخوێنرێته‌وه كه من به سووك، یا به كه‌م سه‌یری نه‌ورۆز وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌م، به‌ڵكو زیاتر بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هاوه‌سه‌نگی و ڕونكردنهوهی ڕاستییه‌كانه، پیره‌مێر سێ چوار پارچه شیعری هه‌یه سه‌باره‌ت به نه‌ورۆز، ساڵانه‌ش ئه‌گه‌ر بۆی بگونجایه ئاهه‌نگی سازده‌كرد بۆ زیندو ڕاگرتنی یاده‌كه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یان توێژینه‌وه و سه‌دان لاپه‌ڕه له باره‌ی پیره‌مێرد و نه‌ورۆز نوسراوه، كه‌چی جگه له وه‌رگێرانی قه‌سیده عیرفانیيهكانی مهولهويی و چوارینه‌كانی عاریفی فارسی ئه‌بوالخیر و مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی بۆ سه‌ر شێوه‌زاری سۆرانی به شێوه‌یه‌كی داهێنه‌رانه و كه‌م وێنه، موماره‌سه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانێكی عاریفانه و خوداناسانه به درێژایی ژیانی، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا تائێستا شتێكی ئه‌وتۆ له باره‌ی پێره‌مێرد و عیرفان نه‌نوسراوه، له به‌شێك له ژیانیدا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری كردووه، چه‌ندین توێژینه‌وه له‌و باره‌وه كراوه، كه‌چی وه‌ك باسم كرد ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به عیرفان و چالاكی و خه‌باتی ئیسلامی پیره‌مێرد نوسراوه نزیكه له هیچ و له حوكمی نه‌بوندایه.
به لای منه‌وه ئه‌و حاڵه‌ته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی ته‌وژمێكی زاڵ به‌سه‌ر ناوه‌ندی هزريی و ئه‌ده‌بی كوردی له‌و په‌نجا شه‌ست ساڵه‌ی ڕابردوودا، ئه‌ویش ته‌وژمی چه‌پگه‌رایی بووه.
ئاوه ڕه‌شه‌ی ڕوسی سوور
له چاپخانه‌ی (ژیان)ی سلێمانی چاپ كراوه
1359 ه 1940 م.
غهڕهزی سیاسه‌تی ڕوسیا له شه‌ڕدا
ڕوسیا ئه‌یه‌وێ به هه‌موو (اولكهی) دونیادا فیتنه و خراپی بڵاو بكاته‌وه، له عاله‌مدا هیچ نه‌یه‌ڵێ له قینی ئه‌وانه‌ش سه‌لامه‌تی و ئاسایشی جیهانیان ئه‌وێ.
مه‌سائیلی ڕوسیا به‌تایبه‌تی دوو ڕوییێكه هیچ ڕویهك ڕو ناكاته ئه‌و ڕوه‌كه‌ی تر، ڕوسی شیوعی ده‌وڵه‌تێكه و له عه‌ینی زه‌ماندا ده‌عوه‌تی ئیجتماعیشه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م دوو وهجههیه له هه‌ندێ جیهاتدا یه‌ك ناكه‌ون.
مه‌سه‌له‌ن سیاسه‌تی لاوه (وه‌لاوه نان) یه‌عنی سیاسه‌تی خارجیه و مه‌رجه‌عی هه‌یه له هه‌ندێ كاردا یهكدیگیر ئه‌بن و له هه‌ندێكی تردا نابن. یه‌كێكیان حكومه‌ت ڕهسمیهیه كه موقهیهده به ڕاه و –مه‌به‌ستی ڕایه- (ڕێڕه‌سمی جه‌میعی حكومه‌ته‌كانی تر، له ئه‌حوالی موعامهلاتی دوه‌لیه و مه‌ڕاسمی سه‌فارات و دۆستی و په‌یمانداری و قه‌واعدی تیجاری به‌ینه‌ل ئومه‌م، كه‌چی نایه‌وێ ڕیعایه‌تی دڵ به جێ هێنان و خاتر شوناسی و ملكه‌چی بۆ هیچ كه‌س بكا، ئه‌گه‌رچی به زاهیریش بێ كه حوكمی زه‌روره‌تی پێ ده‌ڵێن.
مه‌ڕجه‌عی دووه‌م حزبی شیوعیه كه ئیعلانی دوشمنایه‌تی له‌گه‌ڵ عاله‌مدا كردووه ئه‌م هه‌موو ئوممه‌تانه به‌سه‌رمایه‌ی به‌رده‌ستی خۆی ده‌ناسێ، پێیان ئه‌ڵێن (ئومه‌می سه‌رمایه و هیچ نایه‌وێ موناسه‌به‌تی له‌گه‌ڵ ئوممه‌تی تردا ببێ. زۆر لاقهید و به ده‌عیه و فیز حه‌تتا سوفهرایشیان وانه.
حزب ده‌سته‌ڵاتدار تر و به قووه‌ت تری مهرجهعهكانه بێ قڕه و بڕه چونكه صاحیب نفوز و زۆرداره، له‌وێدا ڕه‌فیق (ستالیین) كه له شئوونی ده‌وڵه‌تدا هه‌ر خۆی حیسابه. هه‌ر چه‌نده كه ستالیین موهزهفیش نه‌بێ به وه‌زیفه‌ی حكومه‌تی، دیسان خه‌تایه ئه‌گه‌ر ئێمه بڵێین حزب سه‌ربه‌خۆ و ئه‌توانێ چشتێ بكات وه‌له‌و له حساباتی زهروریشدا بێ و به وقایهی هه‌ندێ ئه‌حوالی مه‌مله‌كه‌ت پارێزیش بێ بتوانی سه‌ربه‌ست بی غایه و مه‌رامی ئه‌م حزبه:
نه زانراوه و نه ئه‌زانرێ چونكو ئه‌مه غایهیێكه (كاڕل ماركس) له حه‌یاتی خۆیدا مژده‌ی داونێ كه (دیكتاتۆری) یێك په‌یدا ئه‌بێ و شیوعی دێته ناو، تا دونیا ئه‌بڕێته‌وه ده‌وام ئه‌كا، جا له‌سه‌ر ئه‌و مژده‌ی كاهینی ماركسیه له‌و وه‌قته‌وه ماركیزیۆنهكان خه‌ریكن و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا ئه‌ده‌ن، كه شیرازه‌ی نیزامی عاله‌م وه‌رگێڕن و گڕی ئاگری ئاشوب بخه‌نه جیهانه‌وه، تا ئه‌و دیكتاتۆریه‌ی پێی ده‌ڵێن صهعلیكی ده‌ست كه‌وێ و شیوعی بكه‌وێته دنیاوه.
ئه‌م غایهیهش دوو ویجهه‌ی هه‌یه یه‌كێكیان ڕێ و ته‌ریقه‌ی تڕوتسكی یه! لای وایه ده‌وڵه‌تی شیوعی و مه‌بادئی ماركسی بنج نابه‌ستێ تا پشێوییه‌ك و ناكۆكییه‌ك نه‌خرێته ناوه‌وه و نیزامی سهرمایهگیری _رأس المال_ نه‌گیرێ به‌ده‌سته‌وه خواهو ناخواه یه‌عنی بییه‌وێ نه‌یه‌وێ.
ئینجا چار نییه بۆ ڕوسیا غه‌یری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاشوبه به‌ناو ته‌به‌قاتی جه‌میعی ئوممه‌تدا و پیاوی جه‌ربه‌زه‌ی ده‌م هه‌راش ههڵساندنه پێ و لێره و له‌وێ نه‌شری ده‌عوه‌تی ماركیزی جارێ به ڕیساله و كیتاب، جارێكی‌تر به ئاین و ئۆین و گه‌ردش و ئاشوب.
ته‌ریقه‌ی ستالین له ته‌شكیلی ئه‌م حزبه‌دا ئه‌مه‌یه ئه‌م شیوعییه به دنیادا بڵاو نابێته‌وه، ئیللا له پێشدا ده‌وڵه‌تێكی زۆر به قووه‌تی به زۆر و سام ته‌شكیل نه‌كرێ ئه‌و ده‌وڵه‌ته شه‌ڕ و ده‌عوا نه‌خاته ناو وڵاته‌وه و خۆی فرسه‌ت نه‌بینێ به سه‌ر ئه‌وانه‌دا كه له شه‌ڕدا ماندو و كز و بێ هێز ئه‌بن و نه‌یان كا به ئومه‌می ره‌ئس مالی، ئه‌وسا له سه‌ر شكسته‌ی دار و په‌ردوی ئه‌و ئوممه‌ته ده‌سته به‌هه‌شتێكی ماركیزی ئه‌كرێته‌وه و ئه‌و مژده‌ی كاڕل ماركسه دێته‌دی.
ئه‌مه‌یه كه ڕوسیه‌ی سووری خستۆته ژێر قه‌زیه‌ی ستالینه‌وه له‌به‌ر ئه‌مه‌یه شه‌ڕی خستۆته ناوه‌وه، بێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه كه چۆن ئه‌م شه‌ڕه ده‌خاته ناوه‌وه، ئه‌یه‌وێ ئه‌م عاله‌مه به گژ یه‌كدا بچن قڕیان تێكه‌وێ ته‌نها ئیشی خۆی بێته به‌رهه‌م، وه‌كو له شه‌ڕی ئیسپانیادا به ماڵ و به له‌شكر و سیلاح قسوری نه‌كرد، نیهایه‌ت به‌خت نه‌یهێنا حكومه‌تی ئیسپانیا سه‌ركه‌وت.
ئه‌گه‌ر تای ته‌رازوی (فرانكۆ) سه‌ربكه‌وتایه ئه‌وروپای ده‌خسته دووبه‌ره‌كی، وه‌كو له‌لایه‌كه‌وه ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا، و له لایه‌كی تره‌وه فه‌ڕنسا و به‌ریتانیای گه‌وره وای لێكدابوهوه فرانكۆ كه دۆستی نازی و فاشیستی بوو نفوزی و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیای به‌سه‌ر ساحیلی به‌حری سپی غه‌ربی و كه‌ناری به‌حری موحیتی ئه‌تڵه‌سیدا بڵاو ئه‌كرده‌وه و ئینجا ئه‌شیا ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌وروپا به‌گژ یه‌كدا بچێ و بكه‌ونه سه‌ر و چاوی یه‌كتری، دیاره كه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه چوون به گژ یه‌كدا و ئاشوب كه‌وته دونیاوه، ڕۆژ ڕۆژی ڕوسیا ده‌بێ. به‌و فیكر و نیازه ستالین حكومه‌تی ئیسپانیای خسته جندرهوه و په‌لی به‌ست، ئه‌م هه‌مو كوشتاره ناحهقهیان لێك كرد، ئه‌مه‌نده ره‌حم و مروه‌ت له دڵیا نه‌بو كه به‌م خوێنڕێژی یه نه‌ختێ دڵی دانهچڵهكی.
سیاسه‌تی ژاپۆن و چینیش نمونه‌یه‌كی ئه‌م سیاسه‌ته‌یه جه‌نجه‌ڕی ڕاده‌كێشی ساڵ به ساڵ و ئیقلیم به ئیقلیم شه‌ڕ و كوشتاره، هه‌رچه‌ند ویلایاتی موته‌حیده و به‌ریتانیای گه‌وره خه‌ریكن بكه‌ونه ناو و ئه‌م خصومهته نه‌هێڵن، به‌ڵام هێشتا چاره‌یه‌ك په‌یدا نه‌بووه. چ جای ئه‌وه دابمرێتهوه ئیختلافێك و بهربهرهكانییهك له به‌ینی ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیای گه‌وره و فه‌ڕه‌نسه‌دا په‌یدا بووه.
له‌سه‌ر مه‌سئه‌له‌ی (دانزیغ) یا خود پۆلونیا ئایا ئه‌مه كێ هه‌ڵیگیرساند؟
ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ریتانیای عوزما و فه‌ڕه‌نسه‌دا یه‌ك بكه‌وتایه و له ئه‌ندازه‌ی ئه‌ڵمانیای نازیدا په‌یڕه‌وی بكردنایه خه‌ته‌ر و تههلوكهی حه‌ڕب ئه‌وسایه نه‌ده‌ما، چونكه تای ته‌رازوی ئه‌من سه‌لامه‌تی قورس تر ئه‌بوو، شه‌ڕ به‌ر هه‌وا ده‌بوو، عه‌لاوه‌ی ئه‌وه كه به‌ینی شیوعی و نازی هیچ ڕێك نه‌بووه هه‌میشه عه‌داوه‌ت و ناكۆكی و شه‌ڕه جنێویان له بهینایه، وا مۆسكۆ و به‌رلینی یه‌ك خستووه كه سه‌ریش ناگرێ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه شیوعی و فاشیستی ئیختلافێكی مه‌زهه‌بی وایان له به‌یندایه له دیوانی خۆیشدا یه‌ك ناكهوون.
ئهعوان و ئه‌نصار و ده‌سته و پێڕه‌وه‌كانی كاڕڵ ماركس و لینین بۆیه ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به خه‌ته‌ر و تههلوكه ئه‌زانن ئه‌وانه‌ی كه ماڵ و ئه‌رزیان ته‌واو به‌ده‌سته‌وه نییه به ئومه‌م ڕه‌ئس مال ئه‌ناسن، كه له‌به‌ر ئیحتیاجییه، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان مال و ئه‌رزیان بده‌نێ و دڵنه‌واییان بكه‌ن ڕه‌گی شیوعی له خاكی خۆیاندا ناهێڵن. جا به‌و ڕه‌نگه چاویان له‌وه‌یه ده‌وڵه‌ته بچكۆله‌كان نه‌مێنن، هه‌میشه خه‌ریكی سه‌وره و ئینقیلابن و بفه‌وتێن و ڕه‌واجی قیامی صهعالیكی په‌یدابێ ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتن و جه‌هله كه بڵێین شیوعی ئه‌یانه‌وێ ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان پایه‌دار بمێننه‌وه، چونكو ده‌وڵه‌ته‌كان نایه‌ڵن شیوعی په‌ره بسێنێ.
ئه‌مه كلیلی قاپی خهیاڵخانهی سیاسه‌تی شیوعی یه ده‌وام ئه‌كا، هیچیشی له هیچی ناكا سیاسه‌ته‌كه‌یان ڕوو ئه‌كاته دوو نوقته: ئه‌وه‌لیان، خراپی و پشێوی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان، دووه‌میان، دۆست و ئهسدیقایان هه‌رچییان به‌سه‌ر بێ ئه‌وان پێیان ناخۆش نییه.
ڕوسیه‌ی حمری _مه‌به‌ستی سووره_ له‌سه‌ر ده‌ستوری ئهسلافی ئه‌ڕۆن، ئیمپڕاتۆرهكانی به پادشای دین و دونیا ئه‌زانی كه‌چی فرصه‌تی ده‌ستكه‌وت ڕه‌گی ده‌رهێنان، له‌ولایشه‌وه له سه‌ر خولیای دولی پتروی گه‌وره ئه‌ڕۆن ئه‌یانه‌وێ دونیا بكه‌ن به شیوعی، دراوسێیه‌كانیان به ڕه‌نگی سووری شیوعی ڕه‌نگ بكه‌ن و دیموقراتی نه‌هێڵێ له به‌حری به‌لتیق و به‌حری سیاوه –ڕه‌ش- په‌ره بسێنن و جیهان گیریان بۆ بلوێ.
ئه‌م هه‌موو بهیاناتهمان نوسی هێشتا كه‌س له ڕوسیا ناگا مه‌سله‌كی –سیاسات و نه‌هجی- چییه ته‌نها ئه‌وه زانراوه موشهدهمهیهكی به‌ده‌سته‌وه‌یه ئاگری فیتنه و فه‌سادی به هه‌موو لایه‌كدا پێ بڵاوئه‌كاته‌وه یهقینیشمان وایه خۆیان ناخه‌نه وهڕتهی حه‌ربه‌وه و ماندوببن، ئه‌مه نه‌بێ به هه‌ڵكه‌وت په‌لاماری بێدهستهڵاتهكان بده‌ن و نایشیان ئه‌وێ شه‌ڕ ئه‌مڕۆ كۆتایی بێت و ببڕێته‌وه تا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ماندو ئه‌بن ئه‌وان به ده‌ماخی خۆیان و به كه‌یف و نیشات ئیش و كار بگرنه ده‌ست خۆیان.
بایه‌خی ئه‌و ناميلهكهیه:
ئه‌و ناميلكه ده‌گمه‌نه‌ی پیره‌مێرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ڕووی قه‌باره‌وه زۆر بچوكه و له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه ساده‌یه، به‌ڵام له چه‌ند ڕوويهكهوه بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵێك ده‌كه‌م:
یه‌كه‌م: بایه‌خی مێژوویی: ئه‌و ناميلكهی پیره‌مێرد بایه‌خێكی مێژوویی گرنگی هه‌یه، خوێنده‌وارێكی كورد له ناوچه‌یه‌كی ئاوا دوور و له‌و سه‌رده‌مه كه ئه‌شێت تازه بیری چه‌پ و ماركسییه‌ت گه‌یشتبێته كوردستان به‌ر له 76 ساڵ بێت به‌وشێوه ڕه‌خنه له شیوعییه‌ت و سیاساتی ده‌وڵه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بگرێت، كه له‌وكاته جیهان به گشتی و گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی، شه‌یدا و عاشقی شیوعیه‌ت بوون و له هه‌موو لایه‌ك گۆرانی به باڵادا ده‌وترا، پیره‌مێرد هاتووه نه‌وه‌ك ته‌نها ڕه‌خنه له فیكر و عه‌قیده‌ی ماركسیه‌ت به‌ڵكو نه‌شته‌رگه‌ری سیاسه‌ته‌كانیشی ده‌كات، ئه‌مه جێگه‌ی تێڕامانه و به‌هاو نرخی مێژوویی خۆی هه‌یه و ده‌بێت وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگ لێی بڕوانرێت و بپارێزرێت.
دووه‌م: ئامراز و خاڵێكی گرنگه بۆ ناسینی پیره‌مێرد به‌ته‌واوه‌تی و به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست، پیره‌مێرد وه‌ك له هه‌ندێ سه‌رچاوه وێناكراوه پیاوێكی گۆشه‌گیر و دێوانه‌یه‌ك بووبێت له قهلهندهرخانهكهیدا، دوور له نه‌خێر پیره‌مێرد بیرمه‌ند و ڕوناكبیرێكی گه‌وره و هۆشیار و ده‌گمه‌ن بووه، به‌دواداچوونی خۆی هه‌بووه بۆ سیاساتی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئاگاداری ڕووداوه‌كان بووه، شیكردنهوهيی و لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه كه‌مه و نوسینه كورته‌یدا ده‌بینین چۆن به‌دواداچوون بۆ سه‌ره‌داوی ڕوداوه‌كان و جموجوڵه سیاسییه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ده‌كات و شيیاندهكاتهوه و به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش پێشبینی سیاسی خۆی ده‌خاته ڕوو.
سێیه‌م: بیروباوه‌ڕی سیاسی پیره‌مێرد زیاتر ده‌رده‌خات، هه‌ركه‌س ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رپێیش بێت هۆنراوه و په‌نده‌كانی پیره‌مێرد بخوێنێته‌وه، تێده‌گات پیره‌مێرد له پاڵ ئه‌وه‌ى ئه‌دیب و نوسه‌ر و ڕۆنامه‌نووس و دانا و عاریفێكی گه‌وره بووه، بیرمه‌ندێكی سیاسیش بووه، دیدگا و بۆچوونی سیاسی تایبه‌تی خۆی بۆ پرسه‌كان هه‌بووه. پیره‌مێرد قه‌ناعه‌تی ڕوون و ڕاشكاوی خۆی له دووتوێی نوسینه‌كانی له باره‌ی پرسه‌كانی چاكسازی، ئاشتی و ئاسایش، میانڕه‌وی، به‌یه‌كه‌وه ژیانی جیاوازییه‌كان و فره‌یی، مافی مرۆڤ، پێشكه‌وتن و مه‌ده‌نییه‌ت، مافه‌كانی ئافره‌ت و پێگه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه و ڕوڵی ته‌واوكاری له‌گه‌ڵ پیاودا، چه‌ندین پرسی تری هه‌ستیار ده‌ربڕیوه و ڕاگه‌یاندووه.
له‌م ناميلكهیهشدا زیاتر بیروباوه‌ڕی سیاسی و هه‌ڵوێستی پیره‌مێر سه‌باره‌ت به دابه‌شبوون و بلۆك به‌ندییه سیاسیه‌كانی جیهان و ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه ڕویانداوه ڕوون ده‌بێته‌وه. ده‌توانرێت نوسه‌ر و توێژه‌ران پشتی پێببه‌ستن بۆ هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه به گشتی و له‌مه‌ڕ پیره‌مێرد به تایبه‌تی.
چواره‌م: له میانه‌ی ئه‌و بزركردن و دیزه به‌ده‌رخۆنه كردنه‌ی ئه‌م ناميلكهیه وه‌ك مارف خه‌زنه‌دار ده‌ڵێت، ده‌توانین ئه‌وه بسه‌لمێنین كه شیوعییه‌كان نه‌یانتوانیوه له ڕووی مه‌عریفی و فیكریيهوه ڕووبه‌ڕووی پیره‌مێرد و ئه‌وانه ببنه‌وه كه دژ بوون به ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وكاته، نه‌یانتوانیوه له ڕێگه‌ی وه‌ڵام و نوسینه‌وه له كاریگه‌ری گوتاری پیره‌مێرد و هاوبۆچوونه‌كانی كه‌مبكه‌نه‌وه بۆیه هاتوون هه‌وڵیانداوه به‌وشێوازه بۆچوون و ئهفكارهكانیان له ناوه‌ندی ڕوشنبیری كوردی دوور بخه‌نه‌وه.
ـ وێنه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و كۆتایی نامێلكه‌ی ئاوهڕهشهی ڕوسی سوور



سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان
- 1ـ سوره‌تی مائده، ئایه‌تی 8.
- 2ـ (قَالَ الْمُسْتَوْرِدُ الْقُرَشِيُّ عِنْدَ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ سَمِعْتُ رَسُولَ اللهِ يَقُولُ: «تَقُومُ السَّاعَةُ وَالرُّومُ أَكْثَرُ النَّاسِ». فَقَالَ لَهُ عَمْرٌو: أَبْصِرْ مَا تَقُولُ؟! قَالَ: أَقُولُ مَا سَمِعْتُ مِنْ رَسُولِ اللهِ قَالَ: لَئِنْ قُلْتَ ذَلِكَ، إِنَّ فِيهِمْ لَخِصَالًا أَرْبَعًا: إِنَّهُمْ لَأَحْلَمُ النَّاسِ عِنْدَ فِتْنَةٍ، وَأَسْرَعُهُمْ إِفَاقَةً بَعْدَ مُصِيبَةٍ، وَأَوْشَكُهُمْ كَرَّةً بَعْدَ فَرَّةٍ، وَخَيْرُهُمْ لِمِسْكِينٍ وَيَتِيمٍ وَضَعِيفٍ، وَخَامِسَةٌ حَسَنَةٌ جَمِيلَةٌ، وَأَمْنَعُهُمْ مِنْ ظُلْمِ الْمُلُوك) ئیمامی موسليم گێڕاویه‌تییه‌وه.
-3ـ ڕاسته قانع له هه‌ندێ شیعر باسی له لینین كردووه و ئاماژه‌ی به سوشیالزم كردووه، به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت بوبێته شیوعی و باوه‌ڕی به‌و سۆشیالزمه هێنابێت كه په‌یامی شیوعییه‌ت بووه، هه‌ر ئه‌وه‌یه هاوتهریبیهك و یهكانگیریهك له ڕووی دژایه‌تیكردنی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه له لایه‌ن ده‌ره‌به‌گه‌كانه‌وه بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و بیر‌و بۆچوونانه‌ی قانع پێیبووه، كه له بنه‌ڕه‌تدا له ئایینی ئیسلام سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه قانع زۆر به توندی ئیمانی پێیبووه وه‌ك له زۆر له شیعره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، به نمونه:
یا محه‌ممه‌د لێو به بار و‌دڵ به بوریانم مه‌كه
ئه‌ی ڕهئبسی هه‌ردوو دونیا، دیده گریانم مه‌كه
ده‌سته ئه‌ژنۆ و چاوه‌ڕێگه‌ی ده‌ستی یارانم مه‌كه
من كه ئالی تۆم، زه‌لیلی باری عصیانم مه‌كه
غه‌یری قاپی ڕه‌ئفه‌تت، بۆ كه‌س سه‌ناخوانم مه‌كه! (سه‌یری دیوانی قانع بكه)
4ـ عَنْ عَلِيِّ بْنِ أَبِي طَالِبٍ ، رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ ، قَالَ : " كُنَّا إِذَا احْمَرَّ الْبَأْسُ، وَلَقِيَ الْقَوْمُ الْقَوْمَ اتَّقَيْنَا بِرَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَمَا يَكُونُ أَحَدٌ أَقْرَبُ إِلَى الْعَدُو مِنْهُ".
-5ـ كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُفْطِرُ مِنَ الشَّهْرِ حَتَّى يُظَنَّ أَنَّهُ لا يَصُومُ مِنْهُ، وَيَصُومُ مِنْهُ حَتَّى يُظَنَّ أَنَّهُ لا يُفْطِرُ مِنْهُ ، وَكَانَ لا تَشَاءُ تَرَاهُ فِي اللَّيْلِ مُصَلِّيًا إِلا رَأَيْتَهُ ، وَلا نَائِمًا إِلا رَأَيْتَهُ " .
سه‌باره‌ت به خه‌وتن و شه‌و بێداریش قورئان ده‌فه‌رموێت: (إِنَّ رَبَّكَ يَعْلَمُ أَنَّكَ تَقُومُ أَدْنَى مِنْ ثُلُثَيِ اللَّيْلِ وَنِصْفَهُ وَثُلُثَهُ وَطَائِفَةٌ مِنَ الَّذِينَ مَعَكَ وَاللَّهُ يُقَدِّرُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ ۚ عَلِمَ أَنْ لَنْ تُحْصُوهُ فَتَابَ عَلَيْكُمْ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنَ الْقُرْآنِ عَلِمَ أَنْ سَيَكُونُ مِنْكُمْ مَرْضَى وَآخَرُونَ يَضْرِبُونَ فِي الْأَرْضِ يَبْتَغُونَ مِنْ فَضْلِ اللَّهِ ۙ وَآخَرُونَ يُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ۖ فَاقْرَءُوا مَا تَيَسَّرَ مِنْهُ ۚ وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ وَأَقْرِضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا ۚ وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكُمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا ۚ وَاسْتَغْفِرُوا اللَّهَ ۖ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ) بۆ زیاتر درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته سه‌یری كتێبی "الاسلام في مواجهة الغزو الفكري الاستشراقي والتبشيرى، محمد مهدي حسن بخيت، ل171 به دواوه.
6ـ بۆ زیاتر ئاشنا بوون به هه‌ندێ له‌و میكانزمانه و نمونه‌ی زیاتر له مێژووی مسوڵمانان سه‌یری كتێبی: د.عبدالرحمن علي الحجي: نظرات في دراسة التاريخ الاسلامي، لة ل23 - 57، چ1، ضاثى دار الارشاد، 1969.
7ـ د.عيزهدین مسته‌فا رسول، ئه‌ده‌بیاتی نوێی كوردی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپخانه‌كانی فێركردنی باڵا، هه‌ولێر، 1990، ل55-70.
8ـ دیوانی پیره‌مێردی نه‌مر، محه‌ممه‌د ڕه‌سوڵ هاوار، زنجیره‌ی بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی شڤان 25، ساڵی 2007.
- 9ـ ماوه‌ی زیاتر له دوو ساڵه سه‌رقاڵی نوسینی كتێبێكم له مهر جیهانبینی و ئایین په‌روه‌ری و خه‌باتی ئیسلامی پیره‌مێرد، به‌شێكی باشم نوسیوه، به‌ڵام به هۆی ده‌ست نهگهیشتنم به هه‌ندێ سه‌رچاوه‌وه له ته‌واوكردن دواكه‌وتم، پشت به خوا له‌م نزیكانه ته‌واو ده‌بێت و ده‌گاته خزمه‌ت خوێنه‌ران.
10ـ دیوانی پیره‌مێرد، ئومێد ئاشنا، ب2، ل61-62.
-11ـ دیوانی پیره‌مێرد، ئومێد، ب2، ل85-87.
- 12ـ د.مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، ب5، ل110.
- 13ـ مامۆستا عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز له كتێبه نایابه‌كه‌ی خۆی به‌شێكی ته‌رخان كردووه بۆ چۆنیه‌تی یه‌كتر ناسینی پیره‌مێرد و سه‌عید نورسی و په‌یوه‌ندی نێوانیان.
- 14ـ بۆ نمونه سه‌یری ئه‌و شوێنانه بكه له كتێبی "كلیات رسائل النور" كه سه‌رجه‌م په‌یامه‌كانی نووری گرتۆته خۆ: ب8، ل447، 454، 529، 533،534، ب9، ل95، 96،107.
-15ـ دیوانی پیره‌مێرد، محه‌ممه‌د ڕه‌سول هاوار، ل57.
- 16ـ بۆ دروستی ئه‌و بۆچوونه بڕوانه: منظور الدين احمد: النظريات السياسية الاسلامية، ل90.