د.حه‌كیم ئه‌حمه‌د خۆشناو
له‌دایكبووى كۆيه، ساڵى 1966.
دكتۆرا له مێژووی ئیسلامی
چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستی له گۆقارهكانی زانكۆكانی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
زۆر جار تێكه‌ڵه‌یه‌ك دروست ده‌كرێت له نێوان مێژووی ئیسلام و مێژووی مسوڵمانان، له ئه‌ده‌بییاتی كوردیشدا زۆر جار وشه و زاراوه عه‌ره‌بیه‌كان به‌هه‌ڵه وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی، به هه‌مان پاشگرهكانیانهوه بۆ نمونه: (التاريخ الاسلاميي = مێژووی ئیسلامی) ، (الحضارة الاسلاميية – شارستانێتی ئیسلامی) ، (الشخصيات الاسلاميية – كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كان )...... هتد.
كه‌چی له‌ڕاستیدا ئه‌م (ی) ئینتیساب تایبه‌ته به ڕێزمانی عه ره‌بی كه گواستنه‌وه‌ی وه‌ك خۆيی و به‌هه‌مان مانا بۆ كوردی دروست نییه، ئه‌مه له لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بینین هه‌ندێك جار (مێژووی ئیسلام) به كارده‌هێنرێت، دیاره ئه‌مه‌شیان به‌كارهێنانێكی ورد و زانستی نییه، چونكه (ئیسلام) ئاینه كه له بنه‌ڕه‌تدا له ڕووی ئه‌خلاقیات و بیروباوه‌ڕ و عه‌قیده‌دا هاوبه‌شه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئاینه ئاسمانییه‌كانی تر، كه له ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كانه‌وه گه‌یه‌نراون به گرۆی ئاده‌میزاد له كات و شوێنی جیاوازدا، كه‌واته ئايینی خودا نه‌گۆڕه له ئه‌سڵدا ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وان و پێشڕه‌وانی ده‌ستكاری نه‌كه‌ن به هۆكاری نه‌زانی و بێ ئاگايی و به‌رژه‌وه‌ندی....هتد.
هه‌روه‌ك له ئاینه‌كانی یه‌هودی و مه سیحييهتدا به زه‌قی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه كتێبه پیرۆزه‌كانیان شێوێنراون و به‌شێوه‌ی جیاجیا نوسراونه‌ته‌وه و تۆماركراون، دیاره ئه‌مه‌ش ڕهنگدرانهوهی هه‌بووه له‌سه‌ر شوێنكهوتووانيان و بۆته هۆی گۆڕانكاری زۆر به‌سه‌ر پره‌نسیب و یاساوڕێساكان و حه‌ڵاڵ و حهرامهكانیان كه له گۆڕانكاری ناو ده‌قه‌كانی كتێبه پیرۆزهكانیانهوه ـ زۆرجارـ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ده‌بینین مه‌زهه‌ب و ئاینزا یه‌هودی و مه‌سیحییه‌كان جیاوازی ڕیشهيی له نێوانیاندا هه‌يه سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ڕ و ئايینی خودا و خودی ده‌قه‌كانی ناو ته‌ورات و ئینجیله‌كان.
كه‌واته لێره‌دا ده‌توانین وه‌ك زاراوه وشه‌ی (مێژووی یه‌هودییه‌ت) و (مێژووی نه‌سرانییه‌ت – مه‌سیحییه‌ت) به‌كاربهێنرێت، به‌ومانایه‌ی كه هه‌ریه‌ك له‌م دوو ئایینه به درێژايی قۆناغه جییاوازهكان له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا چۆن گوزه‌ريان كردووه و چييان به‌سه‌ردا هاتووه و مێژووه‌كه‌يان چۆنه، هاوكات میلله‌تانی مه‌سیحی و زۆربه‌ی ئایینه‌كانی تریش مێژووی خۆیان هه‌یه، له ڕووی سیاسيی و ئابوريی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئايینه‌كانی پێوه دیاره، به‌ڵام به‌گشتی مێژووه‌ی مرۆڤه‌كان جیاوازه له‌گه‌ڵ مێژووی ئایینه‌كان، لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه ئایا هه‌مان هاوكێشه له‌سه‌ر ئیسلام و مسوڵمانانیش جێبه‌جێ ده‌بێت، واته ئایا به‌هه‌مان شێوه دوو شتی جییاواز هه‌ن به ناوه‌كانی (مێژووی ئیسلام) و (مێژووی مسوڵمانان)؟
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: بهبڕواى ئێمه‌ی مسوڵمانان، ئیسلام یه‌ك ئایینه و كتێبه پیرۆزهكهشی قورئانی پیرۆزه، هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئایینه و دابه‌زینی ئایه‌ت و سوره‌ته‌كانی قورئان له كات و شوێن و بۆنه و ڕووداوی جیاوازدا هه‌ر هه‌مان ئیسلام و قورئانه، كه‌واته شتێك نیه به‌ناوی (مێژووی ئیسلام) وه‌ك ئایین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه (مێژووی مسوڵمانانه)، واته په‌یڕه‌و و شوێنكه‌وتوانی ئیسلام وه‌ك مرۆڤ ئه‌م مێژووه‌یان دروستكردووه، به باش و خراپیه‌وه به سه‌ركه‌وتن و شكستهكانيهوه به لاپه‌ڕه دره‌وشاوه و ڕهشهكانيهوه، چونكه ئه‌وه مرۆڤه مێژوو دروست ده‌كات و شارستانييه‌ت به‌دیده‌هێنێت به‌پێی شیان و تایبه‌تمه‌ندی و ههلومهرجهكانهوه، دیاره مرۆڤیش فریشته نییه، كار ده‌كات.. ڕاست ده‌كات و هه‌ڵه ده‌كات، ده‌پێكێت و نایپێكێت...هتد.
جا ئه‌م مرۆڤه چه‌ند هه‌وڵبدات و كۆشش بكات و نیاز و مه‌رامی پاك و په‌سه‌ند بێت مه‌رج نییه هه‌موو كات سه‌ركه‌وتن و ڕاست پێكان چاره‌نوسی بێت و له بڕگه‌یه‌ك له بڕگه‌كانی یان زیاتر، تووشی هه‌ڵه و كه‌موكورتی نه‌بێت، جا ئه‌م كه‌سه هه‌رچه‌ند پابه‌ندبێت یان هه‌وڵبدات به‌بنه‌ما ئایینی و ئه‌خلاقییه‌كانی ئیسلامه‌وه. له‌ڕاستیدا خودی مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه و تێگه‌یشتن لێی و له‌و كار و ڕوداوانه‌ی له سه‌رده‌ستی ئه‌و ڕوو ده‌ده‌ن ئاڵۆزتره، له هه‌مووی ئاڵۆزتر نوسینه‌وه و تۆماركردنی ئه‌و ڕوداوانه‌یه كه خودی مرۆڤ ئه‌نجامییان ده‌دات، دیاره ئه‌م مرۆڤه‌ش له (مێژوو نوسیندا) ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری چه‌ندین فاكته‌ر و پاڵنه‌ری: ئایدۆلۆژيی، ده‌روونی، مه‌عنه‌ويی و ماددى كه ئه‌سته‌مه ده‌ربازبوون له هه‌ر هه‌موویان هه‌رچه‌نده مێژونووسهكهش هه‌وڵبدات، له‌به‌رئه‌وه‌ى له سه‌ره‌تا و كۆتاييدا ئه‌و هه‌ر مرۆڤه و مرۆڤیش به‌نده به تۆڕێك له هه‌ست و نه‌ست و سۆز و (ئينتيمائات) كه ناكرێت هیچ مێژوونووسێك به ته‌واوی خۆی لێیان دابماڵێت.
كه‌واته ناكرێت ئه‌م كارانه‌ی مرۆڤه‌كان ئه‌نجامییان ده‌ده‌ن پیرۆز(مقدس)بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی مرۆڤ كائینێكی پیرۆز نییه و (قاجره)، ده‌كرێت ڕاست بكات و ده‌شكرێت هه‌ڵه بكات، جا ئه‌م یاسایه سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان ده‌گرێته‌وه به مسوڵمان و غه‌یره مسوڵمان، چونكه مرۆڤ به مسوڵمانبوونی (مقدس) نابێت و كاره‌كانیشى له سه‌رووی لێپێچینه‌وه و به‌دواداچون نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كار و كرداره‌كانی مرۆڤی مسوڵمان (دروستكه‌ری مێژوو) جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به كارامه‌یی و دڵسۆزانه تر و ڕاستگۆیانه تر و به‌مه‌به‌ستی خێر و ئامانجدار ئه‌نجامییان بدهان و هه‌وڵبدات كه‌متر هه‌ڵه و خه‌وشیان تێدابێت... به حوكمی ئه‌و باوه‌ڕ و هه‌سته‌ی كه به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی دیاری ده‌كات له به‌رده‌م په‌روه‌ردگار و لێپرسینه‌وه‌ی به‌ر له خه‌ڵك و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه تێیدا ده‌ژين.
جا هه‌ستكردن به‌م پرسیارانه به‌نده به چه‌نده‌ها ئه‌گه‌ر و هه‌لومه‌رجه‌وه، له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه كه‌سی ڕابه‌ر و پێشه‌وا واته چه‌نده پێشه‌وا باوه‌ڕدار و كارامه و دڵسۆز بێت ئه‌وه‌نده ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر تاك و گرووپه‌كانی كۆمه‌ڵگه و چالاكی و كار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانيان نمونهشيان بۆ ئه‌مه هه‌ردوو خه‌لیفه عومهرهكهن كه له هه‌ردوو سه‌رده‌می ڕاشیدی و ئومه‌وی، كه له مێژووی ئیسلامدا نه‌خشیان دیاره. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه‌بكه‌ین كه زیاده‌ڕه‌وی مسوڵمانان له هه‌ست و سۆزدا وایكردووه زۆرجار به‌هه‌ڵه‌دا بچن له خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕوداوه‌كانی مێژووه‌كه‌یان و كه‌سایه‌تییه‌كانی، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بگاته به پیرۆز سه‌یركردن و ده‌ركردنی كه‌سایه‌تییه‌كان له سروشتی مرۆڤانهكهیان و بۆیهكردنیان به‌بۆیه‌ی پیرۆزی و پارێزبه‌ندی له هه‌ڵه‌ى مرۆڤانه، كه‌چی ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵ و مه‌نتیقه، وێڕای پێچه‌وانه‌ی ده‌قه پیرۆزه‌كانی قورئان و فه‌رموده دروسته‌كات كه جه‌خت له‌سه‌ر به‌هه‌ڵه‌داچوونی مرۆڤه‌كان ده‌كاته‌وه له‌هه‌ر ئاست و پۆستێكدا بن و له‌هه‌ر كات و زه‌مه‌نێكدا بێت (ان النفس لامارة بالسوء)، دیاره وشه‌ی (السو‌ء) وشه‌یه‌كی گشتییه و هه‌موو جۆره‌كانی خراپه ده‌گرێته‌وه له سته‌م و ئیرهيی و ماف پێشێلكردن و نادادگهريی و مه‌حسوبیه‌ت ومه‌نسوبیه‌ت و ته‌ماعكاری و ....هتد. به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه‌سی ده‌ست ڕۆیشتوو ده‌سه‌ڵاتدار زیاتر خراپه‌كاری لێ ده‌وه‌شێته‌وه، چونكه بازنه‌كانى جوڵه و كاركردنی فراوانتره.
كه‌واته له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانى مێژووی مسوڵمانان به سه‌رده‌می پێغهمبهريشهوه(د.خ) هه‌ڵه و كه‌موكورتی هه‌بووه، به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی جیاواز و ته‌نها پێغه‌مبه‌رانن كه مه‌عسومن (پارێزراون له گوناهو تاوان)، ئه‌گه‌رنا ئه‌وانیش له بۆنه و هه‌ڵوێسته جیاوازه‌كاندا جار هه‌بووه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه سه‌رزه‌نشت كراون و ئاگادار كراونه‌ته‌وه، به‌هۆی هه‌ڵوێستێكیان كه له هه‌مبه‌ر حاڵه‌تێكی دیاریكراودا نوانیدویانه و نه‌یان پێكاوه، دیاره ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش له قورئانی پیرۆزدا تۆمار كراون، واته پێغه‌مبه‌رانيش وه‌ك مرۆڤ (دور له لایه‌نه سروشیيهكه) قابیلی هه‌ڵه‌بوون چ جای هاوه‌ڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ر و خه‌لیفه‌كان و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی مسوڵمانان له سه‌رده‌مه جیاجیاكاندا. زۆر جاریش ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌ركرده‌یه‌ی كه هه‌ڵه ده‌كات و بڕیاری نادروست ده‌رده‌كات به‌دیدی خۆی ڕاستی كردووه و مه‌به‌ستی خێر‌و چاكه بووه، به‌ڵام له دیدی خه‌ڵك و میلله‌تدا به سه‌ره‌ڕۆ و سته‌مكار و قۆرخكار وێناكراون، دواتر ئه‌وه ئه‌نجامی كاره‌كانن كه ده‌ری ده‌خه‌ن ڕاستی له‌كوێدایه ..
لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه ئێمه به هه‌ڵه‌دا ده‌چین كه مێژووه‌كه‌مان بابه‌تییانه ناخوێنینه‌وه و ئاماده‌نین هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستییانه‌ی دوور له تهرهفگیریان بۆ بكه‌ین، به حوكمی ڕۆچون له هه‌ست و سۆز و عاتیفه‌ى ئایینیمان، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خودی ئیسلامیش به سه‌رچاوه بنهڕهتییهكانيشییهوه ئه‌مه‌یان پێ په‌سه‌ند نییه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه وا خودی فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ريش له شێواندن و به‌لاڕێدا بردن ڕزگارنه‌بوون كه‌سانێك به پاڵنه‌ری سۆزى ئاینيی و سیاسيی و مه‌زهه‌بی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی سڵیان نه‌كردۆته‌وه له هه‌ڵبه‌ستان به‌ناو و زمانی پێغه‌مبه‌رمان(د. خ)و به هه‌زاران و ده‌یان هه‌زار وته‌یان له سه‌ر ژیانی ئه‌م زاته‌وه به (فه‌رمووده) هه‌ڵبه‌ستووه و گێڕاویانه‌ته‌وه و دواتر تۆمار كراون، له‌پێناو ساغكردنه‌وه‌ی فه‌رموده‌كان و پۆلێنكردنیان زانسته‌كانی فه‌رمووده‌ى وه‌ك (علم الجرح والتعدیل)و(علم الرجال) ده‌ركه‌وتن و له‌م ڕێگایه‌شدا چه‌ندین زانای ناودار ده‌رده‌كه‌وتن كه هه‌وڵ و كۆششێكی بێ ئه‌ندازه‌یان داوه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان و چه‌سپاندنی فه‌رمووده ڕاست و دروسته‌كان و پۆلێنكردنیان به پله و ئاستی جیاواز ..
ئه‌ی كه‌وابێت بۆ ده‌بێت ئێمه مێژووی مسوڵمانان چ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ڕوويداوه یاخود ئه‌وه‌ی كه تۆماركراوه له دوتوێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، به‌پیرۆز سه‌یربكه‌ین و هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌م ڕابردووهمان و دروستكه‌رانی ڕه‌تبكه‌ینه‌وه یاخود به گومانه‌وه له‌م كه‌سانه بڕوانین، كه ڕه‌خنه‌گرانه و شیكاریان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ڕیوایه‌تى ناو سه‌رچاوه مێژوويیهكان ده‌كه‌ن؟
یان بۆ ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ پینه و په‌ڕۆكردنی هه‌ڵه و په‌ڵه‌كان و پاساوهێنانه‌وه بێت بۆ كه‌موكورتی خاڵه ڕه‌شه‌كانی ناو مێژووه‌كه‌مان، یاخود زیاده‌ڕه‌وی كردن له خوێندنه‌وه و وێناكردنی لایه‌نه ئه‌رێنیه‌كانی ڕابردوومان و بچوكردنه‌وه یان شاردنه‌وه‌ی لایه‌نه نهرێنیيهكان؟
بۆ ده‌بێت هه‌موو سه‌روه‌ری و گه‌وره‌يی و دروشانهوهیهك بده‌ینه باڵا باوك و باپیرانمان ڕابردووی دوور و نزیكمان، كه چی بۆ بهرامبهرهكانمانی به‌ڕه‌وا نه‌بینین و هه‌رچی لایه‌نی ئه‌رێنی ئه‌وانه بچووك بكرێنه‌وه یان بشارێنه‌وه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی مسوڵمانین، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی پێوه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئیسلامن كه له ده‌قه‌كانی قورئانی پیرۆز و فه‌رمووده‌كان و ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر سه‌رچاوه‌یان گرتووه و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، مسوڵمان ده‌بێت دادپه‌روه‌ر بێت له هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی مرۆڤه‌كان به چاوپۆشی له ئینتیما و هزری فهلسهفیانهيان بۆ ژیان دونیا بینییان.
له‌وانه‌يه یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی به پیرۆز سه‌یركردنی مێژووی مسوڵمانان له‌لای هه‌ندێك كه‌س كاردانه‌وه‌ی عاتیفییانه‌ی ئه‌م بۆچونه نابابه‌تی و نازانستی و ئایدۆلۆژیه بێت، كه سه‌رتاپای مێژووی مسوڵمانان به خوێنڕێژی و ستهمكاريی و دواكه‌وتوويى وێناده‌كات، ته‌نانه‌ت تروسكاییه‌كی خێریشی تێدا نابینێت، دیاره پشكێكی زۆری ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاریگه‌ربوون به خوێندنه‌وه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كان بۆ ئیسلام و مێژووی شارستانێتی مسوڵمانان كه نه‌فه‌سێكی دهمارگیريی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی له پشته‌وه‌یه كه له‌مپه‌ره له به‌رده‌م خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی ته‌ندروستانه بۆ هه‌رچی په‌یوه‌سته به ئايینى ئیسلام و مێژوو شارستانیه‌تی مسوڵمانان (دیاره مه‌به‌ستم زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌كانه نه‌ك هه‌موویان).
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م تێڕوانینه نادروست و ناحه‌زانه بۆ مێژووی مسوڵمانان وایكردوه كه (انتقائیانه) و به‌پێی ئاره‌زوو مه‌به‌ست چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له زه‌مه‌نێكی مێژوويی دیاریكراو شوێن و ژینگه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌ڵبژێردرێت و به‌سه‌ر كۆی زه‌مه‌نه‌كان و شوێنێكی تر بگشتێندرێت، واته به‌شێك(جزء) به‌سه‌ر گشت(كل) بسه‌پێنرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما زانستییه‌كانه، ئامانج لێی شێواندنی ڕاستییه‌كان و له خشته‌بردن و گومان دروستكردنه.
یه كێكی تریش له فاكته‌ره‌كان به گه‌وره و پیرۆز ڕاگرتنی مێژووی مسوڵمانان له‌وانه‌یه په‌یوه‌ست بێت به‌م بارودۆخه دژواره ی كه مسوڵمانان له سه‌رده‌می نوێ‌دا پێیدا ده‌گوزه‌رێن، كه تاكو ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه، كه به‌ڕاستی بارودۆخێكی تاریكه له زۆربه‌ی ڕووه شارستانیيهكان كاتیك مسوڵمانان و كۆمه‌ڵگه‌كانیان له ڕیزی ههرهدواوهی كۆمه‌ڵگه‌كانی ترن، ته‌نانه‌ت ڕۆڵی پاشكۆیه‌تی و كلكایه‌تی ده‌بینن نه‌ك زیاتر له‌به‌ر زۆر هۆكاری خودی و بابه‌تی، كه له‌وانه‌یه له پێشه‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه په‌راوێزخستنی لایه‌نی عه‌قڵی و لاساييكردنهوه و خۆ به‌كه‌م زانین بێت، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه له سه‌رده‌مه‌كانی ناوه‌ڕاستدا ڕۆڵی ڕابه‌رایه‌تی شارستانی و سیاسیان ده‌بینی له ڕیزی هه‌ره پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌كانی تر بوون.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بڵێم، ئه‌م واقیعه دژواره‌ی ئه‌مڕۆی مسوڵمانان به به‌راورد له گه‌ڵ نه‌ته‌وه نامسوڵمانهكان، وايكردوه كه خه‌ون به ڕابردووه‌وه ببینین و هه‌وڵ بده‌ن هه‌ر له‌و ڕابردووه شیرینه‌دا بژین، به‌ڵكو قورسايی و سه‌ختی واقیعی ناهه‌مواری ئه‌مڕۆیان له بیربباته‌وه، دیاره ئه‌مه‌ش چه‌كێكی بێ كاره و هیچی له‌و واقيعى تاڵ پێ ناگۆڕێت، بێگومان ئه‌م خه‌ون و خه‌یاڵه‌ش سه‌رچاوه‌كه‌ی سۆز‌و عاتیفه‌یه، كه به پیرۆز سه‌یركردنی ڕابردووی لێ ده‌كه‌ویته‌وه سه‌رئه‌نجامیش درێژه‌دانه به چهقبهستويی و په‌راوێزخراوه‌یی، دیاره ئه‌م هه‌ویره ئاوێكی زۆری گه‌ره‌كه.
لهكۆتايیدا ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ته‌كانێك به واقیعی ئه‌مڕۆمان بده‌ین پێویستیمان به عه‌قڵانیه‌تێكی زیاتر و دوركه‌وتنه‌وه له‌م عاتیفیبوونهى كه زۆرینه‌مان نوقمی بووین، به‌واتایه‌كی تر ڕاگرتنی هاوسه‌نگی له نێوان هه‌ردولادا .. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ مێژووی مسوڵمانان كه شیكاری ڕه‌خنه‌گرانه بێت دور له (تقدیس)و به پیرۆز ته‌ماشاكردنی، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی مێژوو(وه‌ك مرۆڤ) له سه‌روو ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تییانه‌وه نيه به‌پێی سه‌رده‌م و هه‌لومه‌رجی خۆی.