سامان حمەصاڵح ڕەباتی
ماستەر لە کارگێڕی و بانکی ئیسلامی ، تەنمیەی بەردەوام
پێشەکی
حاڵەتی ئاسایی ژیانکردن وایە کە مرۆڤ پێکەوە ھەڵبکات و ئازاد بێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکەی و سنووری بەرامبەری نەبەزێنێت، تێکچوونی ئەم حاڵەتە ئاساییە ئەگەر بوو بەدیاردە، ئەوکات ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەکەوێتە مەترسیەوە، پێویستە دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و ھێزی کاریگەری نێوکۆمەڵگە لە میدیاو ئایین ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری پێکەوەژیان، ئەی ئەگەر سیاسەتی حیزبی باڵادەست و میدیاو لۆبیکردن لەخزمەتی گەورەکردنی شەرخی پێکھاتەکانی نێو کۆمەڵگە بن، ئەوکات کێ بەئەرکی چارەسەر ھەستێت؟! بەداخەوە ئەوکات ئەبێ تاك لەخەمی خۆیدابێت و لە چوارچێوەی ڕێکخراو خۆی کۆبکاتەوەو بتوانێت لەڕێی یاسا و بەدەستباری خەمخۆرانی ئەوژینگەی تێیدا ئەژی بەرەنگاری دیاردەی جیاکاری ببێتەوە.
(ئیسلامۆفۆبیا) لە ڕۆژئاوا ڕیشەیەکی مێژوویی قوڵ و ئامادەییەکی بەھێزی ھەیەو پشتیوانی و تەرویج لەھێزی کاریگەری حیزبی و میدیایی و کۆمەڵگەوە وەرئەگرێت. بەشێوەیەك کە پرۆسەی دیموکراسیش بووە بە پەیژەی سەرکەوتنی ھێزە ڕەیسست و نازیە نوێیەکان، ئەتوانین بڵێین ھێزێکی دووڕووی باڵادەست لە جیھان ئاڕاستەی میدیا ئەکات بۆ پڕکردنی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی لە ئیسلام و موسڵمانان، ڕاستیەکی تاڵیش ھەیە شانبەشانی ئەم ھێزە زەبەلاحەی ڕۆژئاوا توندڕەویی ئیسلامیش چەکێکی پڕ قازانجە بەدەست ئەوھێزانەوە بۆ بەکارھێنانی وەکو ماددەیەکی میدیایی و فلیمسازی بۆ زیاتر گەشەکردنیان لەڕووی سیاسی تابتوانن بەبەڵگە بیسەلمێنن و بە کۆمەڵگەکانیان بڵێن ئەوە ئێمەین ئەتانپارێزین لەدەست ھەڕەشەی ئیسلام و موسڵمانان، ھەر لەوڕێیەوە بتوانن لە ڕێگەی بەیاساکردن کۆت و بەند دابنێن لەسەر ئازادیە ئایینیەکان ھەر لە حیجاب و نیقاب و مزگەوتەکان، بەرتەسککردنەوەی یاساکانی پەنابەری.
ئەم پەڕاوە ئەیەوێ لە دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا) بکۆڵێتەوە و پاڵنەرو ھۆکار و چارەسەری گونجاویش بخاتەبەردەست، ھەتاکو ئەوانەی لەخەمی مرۆڤایەتین خەمێك بۆ داھاتوو بخۆن و سنوورێك بۆ سیاسەتی بێمۆراڵ دابنێن، ھەرچۆن ھێزێکی شەڕخواز و بەرژەوەندخواز ئیشئەکات بۆ نانەوەی ئاشوب و بڵاوکردنەوەی ڕق و برەودان بە(ئیسلامۆفۆبیا)، بەھەمان شێوەش ھێزێکی ئینسان دۆست لە ڕۆژئاوا لەھەوڵی زۆر جدییە بۆ بەرگرتن لە لێکترازانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ھەمیشە بەرپەرچی دەمارگیری و خۆپەسەندی ھێزە ڕادیکاڵەکان ئەداتەوە، بۆیە بەرچاوڕوونی و ڕۆشنبیری تاکی ڕۆژئاوایی و موسڵمان و ڕێکخراوی ئیسلامی بەسەلیقە, گەرەنتی کاڵبونەوەی (ئیسلامۆفۆبیا) و سەکەروتنی ھێزە مرۆڤدۆستەکانن.
ئیسلامۆفۆبیا واتای چییە ؟
بۆ ناسینی ھەر چەمکێک پێویستمان بە چاوگی وشەکەو مێژووی بەکارھێنان و ھۆکاری لەدایکبوونی ئەو چەمکە ھەیە، زاراوەی ئیسلامۆفۆبیا لە دوو بڕگەی (ئیسلام)؛ کە دووەم سەرەکی ترین و کاریگەرترین ئایینی ئاسمانیە(1) و شوێنکەوتوانی زیاد لە ملیارێك و ھەشت سەد ملیۆن کەسە.
(فۆبیا) ؛ ووشەیەکی یۆنانییە بۆ نەخۆشیەکی دەروونی بەکارئەھێنرێت کە ترسێکی بێ بنەماو بێسنوور و بەردەوامە لە جوڵەیەکی تایبەت یان تەنێک یان کەسانێک لەکاتی بینین یان بیرلێکردنەوەیان، کەسی توش بو بەردەوام لە دڵتەنگی و ڕەنگھەڵبزڕکاویدا ئەژیت(2). لێکدانی ھەردوو ووشەکە ئەبێت بە(ئیسلامۆفۆبیا) واتە ترس و ڕقبوونەوە لەئیسلام و موسڵمانان بەگشتی بەبێ ھەڵاوێردەی ئایینەکە یان زۆرینەی ھەرەزۆری موسڵمانان کە کارەکتەری پۆزەتیڤی نێوکۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانن.
مێژووی چەمکی (ئیسلامۆفۆبیا) :
بۆیەکەمجار ئەم زاراوە لە زمانی ئینگلیزی کە بەکارھات لە ساڵی ١٩٩٧ بوو لەلایەن خانەیەکی فکری چەپڕەو، بۆ پرۆتێستی ھەستی ڕقلێبونەوە و ترس و بڕیاری پێشوەخت لەدژی ئیسلام و موسڵمانەکان(3) بەڵام زەقبوونەوە و ڕەنگدانەوەی(ئیسلامۆفۆبیا) لە پانتایی میدیا ئەمریکی و ڕۆژئاوایی و دەستەمۆکانیان لە ووڵاتانی ئیسلامی، لە دوای ڕوداوەکانی ١١ی سێبتەمبەر بوو، بوو بە مانشێتی سەرەکی و ھەواڵی بەپەلەی ڕۆژنامەو تیڤییەکان.
مێژووی ترس لەئیسلام لەلایەن ڕۆژئاواییەکان:
دیارە مێژووی زاراوەکە ئەگەرێتەوە بۆ دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو، بەڵام مێژووی ترس لەئیسلام زۆر لەوە کۆنترە، مایکڵ کورتیس Michael Curtis لە کتێبی (Orientalism and Islam ڕۆژھەڵاتناسی و ئیسلام)(4) دەربارەی ترس لەئیسلام ئەڵێت: (ئەوترسە ئەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەی زایینی و کاتی گەشەکردنی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی، کە ترسێکی سەربازی و ئایینی باڵی کێشابوو بەسەر ئەوروپا لەبەرامبەر ئیمپراتۆری عوسمانی . سیاسەتی ئەوکاتی ڕۆژئاواییەکان چاندنی ڕق بوو بەرامبەر بە ئیسلام، وەکو ڕێگەیەک بۆ بەدەستھێنانی سۆزو پشتیوانی خەڵکی دژی ئیسلام، بۆ ئەمەش بیریارەکانیان (Theologist) کارتێکردنی کاریگەرو نەرێنیان ھەبوو بۆ دروستکردنی ئەم وێنە ناشرینە بەرامبەر بە ئیسلام، بەشێوەیەک گومانیان وابوو لەڕووی مرۆڤ بوونیشەوە جیاوازن لەگەڵ موسڵمانەکان، چەندەھا دەقی ئەدەبیان لە نووسین و شیعر لە بارەی ناشرینکردنی ئیسلام و موسڵمانان ئەھۆنیەوە، -ئەمە بۆ قۆناغێك و بەتایبەت بۆ ڕێگری لە پێشڕەوی ئیمپراتۆریەیی نوێ مافی ھەموه دەوڵەت و ئایین و نەتەوەیەکە، بەڵام کێشە لەوەدایە ھەمان دیدو تێڕوانین بھێنرێت بۆ مەکسەبی سیاسی و ئابووری تەرویجی پێبدرێت بەبێ ئەوەی بیر لەو ھەڕەشە جدییە بکرێتەوە کە لە ئەنجامی دەمارگیری ڕوو لە کۆمەڵگەی بەشەری ئەکات - بۆیە ئێستاشی لەگەڵ ھەمان مێژوو دوبارە ئەبێتەوە لە ناو کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان بەڵام بە ستایلێکی مۆدێرن بۆ دورکەوتنەوەی زیاتری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی لە ئیسلام و موسڵمانان).
ئیتر بە بەردەوامی بیریارو نوسەرە ڕۆژئاواییەکانی سەربە قوتابخانەی (ئیسلامۆفۆبیا) لەسەر ئیسلام و موسڵمانان ڕقیان بڵاوکردۆتەوە، بەشێوەیەک تەواو لێکدابڕانی گەورە دروستبووە لە نێوان موسڵمان و مەسیحی ڕۆژئاوا، بە پێچەوانەی مەسیحیە کەمینەکانی ووڵاتانی ئیسلامی کە ھەزاران ساڵە لەگەڵ موسڵمانەکان پێکەوە ئەژین و کەمتر و ھەندێکی کەمنەبێت بڕوا بەو پڕوپاگەندانەبکەن.
بەشێکیتر لە مێژووی گەشەکردنی دیاردەی ترس لە ئیسلام و موسڵمانان ئەگەڕێتەوە بۆ کاتی داگیرکاری (کۆڵۆنیالیزم) و زیاتر ڕەنگیدایەوە، ئەوەش بۆ ڕەوایەتیدان بەداگیرکاری و کوشتوبڕ و بۆ ڕاکێشانی وەلائی کەمینە ناموسڵمانەکان، لەنموونەی ئەو ژەھرە دوژمناکاریانە کتێبی (The Muslim Policy in West Africa) سیاسەتی موسڵمان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ساڵی ١٩١٠ کە لە لایەن( Alain Quellien) ئالان کیولان نوسرا،(5) کورتەی کتێبەکە ئەڵێت: (بەنیسبەت بەشێک لە مەسیحی و ئەوروپیەکان، موسڵمان دوژمنێکی سروشتیەو موناقەشەو سازش ھەلناگرێت، کەوتت موسڵمانم بەلای ئەوانەوە وەکو ئەوە وایە حەزارەتێك ڕەتبکەیتەوە، وەشوێن کەوتنی دینی محمد (د.خ) ھیچ مانایەک نابەخشێت جگە لە وەحشیگەری و دڵڕەقی و مەرامی خراپ).
دیاردەیەك کە (مایکڵ کورتیس) ئاماژەی پێنەکردوە ئەویش دیاردەی ململانێی خوێناوی مەزھەبی لە ڕۆژئاوا بەتایبەت لەنێوان ھەردوو مەزھەبی کاثۆلیک و پرۆتستانت، کەواتە ئەم دیاردەی قبوڵ نەکردن و ڕق لە ئیسلام بێجگە لەوەی پیاوانی کەنیسە پێغەمبەری ئیسلام -درودی خوای لەسەربێت- و ئیسلامیان وەکو ئایینێکی ناڕاست و دەجەل ناساند بە شوێنکەوتوانی مەسیحیەت، بەڵام ھەر لە بونیادی فکری تاکی ڕۆژئاوایی قبوڵ نەکردنی تەنانەت مەزھەبێکی تر کە لە ھەمان ئایینی مەسیحییە بوو بە بەشێك لە عەقیدە و کلتووری، ئامادەی بەشداری بووە وەکو سەربازێك لە پێناو پاکتاوکردن و جینۆسایدکردنی ھاودین و بەڵام مەزھەب جیاواز، بەناوبانگترین شەڕی ناوخۆیی ئایینی لە ئەوروپا لە ساڵانی ١٦١٨ بۆ ١٦٤٨ نمونەیەکی مێژوویی ئەو قبوڵ نەکردنەیە کە بە (٣٠ ساڵ شەڕ) (thirty years war) ناوبانگی دەرکرد و زیاد لە ھەشت ملیۆن مرۆڤ بونە قوربانی(6) تەنھا ئەڵمانیا لە ٪٣٠ دانیشتوانەکەی لەدەستدا، ئەمەش وەکو بەڵگەی ئەوەی کە جینۆسایدی یەکتریان کردووە تەنھا لەبەر جیاوازی مەزھەبی، ئیتر چۆن ئایینێکی تری قبوڵە کە بەدینی ناڕاست وێناکرابێت، ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی کۆمەڵگە موسڵمانەکان کە کەم ووڵات و شاروشارۆچکەی موسڵمانان ھەیە ئایینزاو مەزھەبی جیاواز پێکەوە ژیان نەکەن بەبەراورد بەھەمان ئەو مێژووەی کە ئەوان پاکتاوی مەزھەبی یەکتریان تێدا ئەکرد، لەماوەی تەنھا ٣٠ ساڵ و ھەشت ملیۆن مرۆڤ بەڕاستی ژمارەیەکی ترسناكە .
برەودەرەکانی ئیسلامۆفۆبیا:
ئیسلامۆفۆبیا ڕەگوڕیشەییەکی مێژوویی و زمینەیەکی لەباری ئێستای ھەیە، بەڵام بزانین کێن برەو بەم دیاردەیە ئەدەن بە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ، ئاماژە بە بەشێکیان ئەدەین:
برەودەری یەکەم: میدیا: لەبارەی کاریگەری میدیاوە ئەوترێت (میدیا وێنەکە دروست ئەکات نەك وێنەکە بگوێزێتەوە) ئەمە لەکاتێکدایە میدیا میسداقیەتی خۆی لەدەست دابێت و ئیش لەسەر بەشەیتاندن بکات بۆ مەرامی داگیرکاری و ئابووری و سیاسی.
بەشێك لە میکانزمی میدیا بۆ برەودان بە ئیسلامۆفۆبیا:
١- فیلمسازی: فیلم وەکو چەکێکی کاریگەری ڕاگەیاندن، بۆ دروستکردنی ڕای گشتی یان جێگیرکردنی بۆچونێک، ڕۆڵی زۆر گەورەی نەرێنی بینیووە، لەو فیلمانە زۆرن کە موسڵمان وەکو دوژمن وێنائەکات، بەتایبەت فیلمە ئەمریکییەکان بینەر زۆر بەسانایی ھەوڵی ناشرینکردنی ئیسلام بەدی ئەکات، ھەندێک ووڵاتی عەرەبیش بەناوی دژایەتی توندڕەوی نیشانەی گومان لە سەر ڕیش و حیجاب و شەعیرە ئایینیەکان دائەنێن(7).
کێ لە ئێمە لە فیلمی کاوبۆیی ئەمریکی ھیندەسوورەکانی وەکو دڕندە نەھاتۆتە پێشچاو، لەکاتێکدا ئەوان خاوەن نیشتمانی خۆیان و دانیشتوانی ڕەسەنی ئەوخاکە بوون، کەواتە وێنەکە ڕێك پێچەوانە بۆتەوە لە زیھنی ئێمە، بەھەمان شێوەش ئێمەی موسڵمان ھەمان وێنەو بگرە خراپترمان ھەیە لە زیھنی تەماشاچی فیلمی ئەمریکی کە باس لەتیرۆرو تۆقاندنی کەسانی ھەڵگری ئایینی ئیسلام ئەکات.
٢- ھەواڵ: داڕشتن و پەخشکردنی ھەواڵ و تایتڵ و وێنەی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە بەناوبانگەکان کاریگەری ڕاستەوخۆ جێئەھێڵێت لەسەر داڕشتنەوەی بۆچوونی تاکی ڕۆژئاوایی، کاتێک ئەبینێت ڕۆژانە ھەواڵ لەسەر موسڵمان یان گروپێکی ئیسلامی توندڕەو ئەخوێندرێتەوە یان چاپ ئەکرێت و ھەواڵەکە بەشێوازێك داڕشتنی بۆکراوە کە لەلای بینەر و بیسەرو خوێنەر گشتاندنێكی لائیرادی دروست ئەبێ بەرامبەر ئیسلام و موسڵمانان، بەبێ ئەوەی بچوکترین ئاماژە بەوە بکرێت کە ئیسلام و ملیۆنان موسڵمان پەرێزپاکن لەکاری وا، بەڵکو بە پێچەوانەوە وێنەکە وائەخرێتە بەردەستی تەماشاکار کە موسڵمانان تیرۆرستن، بەڵام بەداخەوە گەر ھەمان ڕووداو مەسیحیەکی توندڕەو ئەنجامی بدات ئەڵێن لەئەنجامی تێکچوونی باری دەروونی ئەو کارەی ئەنجامداوە، ئەوکات کۆمەڵگە بەزەیی پێدادێتەوە لەجیاتی ڕق لێبوونەوە.
ھەر ئەم جۆرە ھەواڵانەش زیاتر بینەری ڕۆژئاوایی ڕقئەستور ئەکات و لەڕووی دەروونی ئامادەی ئەکات بۆ تۆڵەسەندنەوە لەھەر موسڵمانێک، چونکە ئامانجی سەرەکی ھەواڵچن ئەوەیە ئیسلام تێوەبگلێنێت و ئەو وەھمە بکات بە حەقیقەت کە ئیسلام و موسڵمانان سەرچاوەی ترسێکی حەقیقین(8).
٣- یارییە ئەلکترۆنیەکان: ئەو سیدی یارییە ئەلکترۆنیانەی کە شەڕی لەسەرە و بۆ پلەستەیشن و ئامێرەکانی تری یاری دروستکراون زۆر جار کەسێکی ڕیشدار یان مزگەوتێک ئەبێت بکرێنە ئامانج بۆ ئەوەی یاریزانەکە بگات بە قۆناغی دواتر، ئەم گەنجە ئەوروپییە ئەم وێنەی کە کوشتوێتی لە یاریەکە و موکافەئەی کوشتنەکەی بڕینی قۆناغی یاریەکە بووە، ڕۆژانە لە گەڕەک و بازاڕ بەرکەوتنی ھەیە لەگەڵ ھەمان کارەکتەری موسڵمان و بینینی مزگەوت، دیوێکی خراپی تری ئەم یارییە ئەوەیە کە یاریەکە مناڵێکی موسڵمان پێی ھەستێ و ئەشبێت ڕۆڵی سەربازێکی ئەمریکی ببینێت کە چۆن ھێرش ئەکاتە سەر کەسە ڕیشدارەکە یان بۆردومانکردنی شوێنێکی پیرۆز بۆ سەرکەوتن و بڕینی قۆناغێکی یارییەکە، کاریگەری نەرێنی ئەم دیمەنانە لەسەر دروستکردنی کەسایەتیەکی یان ڕوخاو بەرامبەر بە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی دروست ئەکات یان ڕق ئەستوری ئەکات کاتێک ئەبینێت پیرۆزییەکانی لەناو یارییەک ئاوھا پێشێل ئەکرێت(9).
٤- کتێب: یەکێکی تره لە میکانیزمی دێواندنی ئیسلام و موسڵمانان، بۆ ئەمەش ڕۆژھەڵاتناسەکان سەرمەشقی ئەو نادیدەگیریەن و بۆ گەیشتن بەئامانجێکی سیخوڕی یان دەمارگیرییەکی ئایینی یان داگیرکاری، پەنای بردووە بۆ وروژاندنی ھەموو گومانێك ھەتا وێنەی زۆر لێڵ و پڕ چەواشەکاری بگەیەنێت بە کۆمەڵگەکانی خۆیان(10).
لەپاش ئەمانیش ئەو نووسەرو سیاسیە توندڕەوانەی کە بڕیاری پێشوەختیان لەسەر ئیسلام و موسڵمانان وەرگرتووە و بەوڕۆحەوە شت ئەنووسن، لەنموونەی ئەو نووسەرانە سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشوی پەلەمانی ھۆڵەندی لە حیزبی ڕاستڕەو (Joram Van Klaveren یورام فان) خاوەنی کتێبی (فیتنە) کەمەبەست لێی ئیسلام بوو، پاش ئەوەی مووسڵمان بونی خۆی ڕاگەیاند ئەویش دوای ئەوەی ویستی خۆی تەرخان بکات بۆ نووسینی کتێبێکی تر دژی ئیسلام بەڵام ئەمجارەیان بڕیاریدا ڕاستەوخۆ ئیسلام لەسەرچاوەکانی خۆیەوە بناسێنێت، بەڵام توشی شۆك بوو کاتێک بینی ئەوەی بیستوێتی لەبارەی ئیسلامەوە بێجگە کۆمەڵێك بڕیاری پێشوەختە کە پڕواپڕبوون لەڕق ھیچی تر نەبوون، بۆیە بڕیاری مووسڵمانبونی ڕاگەیاند، بەتایبەتر کاتێك ژیانی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) خوێندەوە(11). ڕاستییەکە ئەوەیە (یورام فان)بەرھەمی چەواشەکاری ڕۆژھەڵاتناس و نووسەرە دابەستەکان بوو، تا گەیشتە ئەوەی داوای دەرکردنی موسڵمان و قەدەغەکردنی ئیسلامی کرد لە ھۆڵەندا، ئێستاش سەدان نووسەرو سیاسەتمەدار وەکو (یورام فان) چەواشەکراون و وا ئەزانن لەناو حەقیقەتی ڕەھان و گەیشتن بەو وێستگەی کە (یورام)ی پێگەیشت نەك ئاسان نییە بەڵکو دەیان بەربەستی دەروونی و سیاسی و دەرمارگیری ئایینی لەمپەرن لەڕێگەیان.
٥- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: بووە بە مینبەری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و ڕێگایەک بۆ کۆکردنەوەی ھاوبیرەکانیان و تەجنیدکردنی خەڵکی نوێ و شوێنی بڵاوکردنەوەی ڕق و دژایەتیان لە ئیسلام و موسڵمانان، ئەوەی جێگەی سەرنجە کۆمپانیەکانی ئەو تۆڕەکۆمهڵاییەتیانەو دەزگای پۆلیس ڕۆڵێکی ئەوتۆ نابینن لەبەرگرتن بە دیاردەی سوود وەرگرتن لەو ھۆکارانە، بەڵکو دەستەوستان بوون لە بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی کوشتنی ڕاستەوخۆی بەشێك لە موساڵمانانی مزگەوتەکانی (لینود و نور) لەشاری کرایست چێرچس لە نیوزلەندا لەمانگی ئازاری ٢٠١٩(12).
برەودەری دووەم/ دەوڵەت: دەوڵەت ئەتوانێت بەیاسا و لەڕێگەی میدیاو ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سێکتەری پەروەردە باشترین ڕۆڵبگێڕێت بۆ نەھێشتنی یان کەمکردنەوەی کاریگەری ھەژمونی (ئیسلامۆفۆبیا) لەسەر تاکی ڕۆژئاوایی، بەڵام کاتێك ببینین فەرەنسای دایکی شۆرشی پیشەسازی و مۆدێرنە دێت و بەناوی پارێزگاری لە سیکولارزیم، حیجاب قەدەغە بکات لە کاتی دەوامی فەرمی لە قوتابیان و تەنانەت دایکەکانیشیان گەر بیانەوێت ھاوسەفەری مناڵەکانیان بن لەگەشتە زانستی و تەرفیھێکانیان نابێت باڵاپۆشبن، ئایا ئەمە بێجگە لە پێشێلکردنی مافی تاکەکەس، پاڵنەرو ھۆکاری سەرکی نییە بۆ لێکترازانی زیاتری کۆمەڵگە لەیەکتری و دروستکردنی ھەستی ھاووڵاتی پلە دوو و سێ لەلای موسڵمانەکان و پاشان بەحەقیقەتکردنی ئەو ترسەی کە موسڵمان ھەڕەشەیە بۆسەر قیەمی ژیاریی ڕۆژئاوا و بێجگە لەوەی کە ئەم جۆرە ھەڵسوکەوتەی دەوڵەت دەستلەپشتدانی بزوتنەوە ڕادیکاڵەکانیشە(13).
نموونەیەکی تری قوڵکردنەوە و برەودان بە دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا) ڕێگری ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و لەسەردەمی ئیدارەی(ترمپ Trump) لە سەفەرکردنی ھاووڵاتیانی موسڵمانی چەند ووڵاتێکی ئیسلامی، ئەو ڕاستیەمان پێئەڵێت کە دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا) دەوڵەتی لە پشتە بەھەموو ھێزی خۆیەوە(14).
برەودەری سێھەم/ ھەندێك لەسەرۆک و کاربەدەستانی ووڵاتانی ئیسلامی: کاتێک سەرۆکێک بەکودەتاو دوور لە دەنگدانی شەفاف و دیموکراسیانەی ڕاستەقینە دێتەسەر دەسەڵات، ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، ئەویش لەڕێگەی داپڵۆسینی ناوخۆیی و دروستکردنی دوژمنێکی وەھمی کە ھەموو ڕۆژ کۆمەڵگەی پێ چاوترسێن بکات و بیانویەکبێت بۆ درێژەدان بە حاڵەتی نائاسایی لەووڵات، ئەم جۆرە لەسەرۆک و دەسەڵات لە ووڵاتانی ئیسلامی بەھەموو قەناعەتێکەوە ئیش ئەکات کە چۆن بتوانێ پارێزگاری لە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی ووڵاتە دەستڕیۆشتوەکانی ڕۆژئاوابکات و زیرەکانە لەسەر ئەو خاڵە ئەوەستێ کە ترسی ڕۆژئاوایە، ئەویش ئیرھابی ئیسلامی، بەجۆرێک بابەتەکان ئەوروژێنن کە ئەگەر ئەمان لەدەسەڵات نەمێنن ئەوا ئیسلامی توندڕەو شوێنگرەوەیانەو ئەوکات بەرژەوەندی ڕۆژئاوا ئەکەوێتە مەترسیەوە، ڕۆژئاواییەکانیش لەبەرامبەردا ھەموو چاوپۆشیەک لەم دیکتاتۆرانە ئەکەن و وەکو پاسەوانی بەرژەوەندییە نزیک و دوورمەوداکانیان لێیان ئەڕوانن، لەنموونەی ئەو سەرۆکە خۆسەپێنانە سەرۆکی ووڵاتی میسر (عبدالفتاح السیسی)کە لەناوجەرگەی ئەوروپا بەووڵاتانی ڕۆژئاوا ئەڵێ: (چاودێری مزگەوتەکان بکەن)(15) واتە ئەمیش ھاوڕای ڕاستەڕەوە توندڕەوەکانە لەوەی مزگەوت بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی خەتەرەو شوێنی بەرھەم ھێنانی توندڕەوییە، قسەیەکی لەو شێوەو لە زاری سەرۆکی ووڵاتێکی موسڵماننشینی گەورەی وەکو میسر تەواو خزمەت بە ئەجندای توندڕەوەکانی ڕۆژئاوا ئەکات و زیاتر ئەو بڕوایە ئەچەسپێنێت لەلایان کە (ئیسلامۆفۆبیا)حەقیقەتە و ھەرمزگەوتێک بۆمبێکی تەوقیت کراوەو ھەر ڕۆژێک بێت پیایاندا ئەتەقێتەوە، ئەمەلەکاتێکدایە (عبدالفتاح سیسی) بە کودەتایەکی خوێناوی بەسەر سەرۆکێکی شەرعی و ھەڵبژێردراو ھاتۆتەسەرحوکم و لەپێشچاوی ھەمو ڕۆژئاواو بە موبارەکەی خۆیان.
برەودەری چوارەم/ موسڵمانی ھەڵگەڕاوە: ھۆکاری ھەڵگەڕانەوەی ئەم موسڵمانانە لەئیسلام ھەرچییەك بێت سەرەنجام قسەکانیان خزمەت بەدیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا)ئەکات، ھەندێکیشیان ئەکەونە داوی ڕێکخراوە ئەنتی ئیسلامییەکان لە مەسیحی و لە نازییە نوێیەکان، ئەوانیش کۆمەکی مەعنەوی و مادیان ئەکەن و ڕەواجیان بۆ دروستئەکەن، کاریگەری نەرێنی ئەمانە لەوەدایە زۆرێکیان ھەر لە بنچینەدا بە پرۆسەی پەروەردەیەکی خواری کۆمەڵایەتی یان تەدەیونێکی ناتەندروست تێپوڕیوەو پەرچەکرداری بۆ دروستبووە لەواقعەکەی خۆی، ھاتووە ئەم تێگەیشتنە کەڵەکەبوە ناڕێکە وەکو حەقیقەتێک پەخش ئەکات و گوێگری ڕەیسستی ڕۆژئاوایی زیاتر دڵنیایی بۆ دروست ئەبێت لەسەر بۆچونە نێگەتیڤەکانی لەسەر ئیسلام و موسڵمانان، ئەمەش وائەکات دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا) زیاتر ڕەواج پەیدابکات،
لەنموونەی ئەو ھەڵگەڕاوانە ؛ (ماجد نەواز) ئەم کەسە ئێستا بێژەر و پێشکەشکارە لە ڕادیۆی ( LBC leading britain's conversation) بە ڕەچەڵەک پاکستانیەو ھەڵگری بیری پەڕگیری و ئەندامی حیزبی تەحریری ئیسلامی بووە، دوای ئەوەی سجن ئەکرێت و پاشتر ئازاد ئەکرێت گۆڕانکاری زۆری بەسەردادێت، تاوای لێدێت ئەبێت بە لیبراڵی و حەداسی کە ئایین لە نەگۆڕ خاڵی ئەكەنەوە، تێکەڵاویەکی زۆری لەگەڵ ئەنتی ئیسلامییەکان بۆ دروست ئەبێت و وا خۆی نمایش ئەکات دژی توندڕەوییە بەڵام نازانێت لە توندڕەویەکەوە کە پێشتر ھەیبووە لە حیزبی تەحریر سەنگەری گواستۆتەوە بۆ سەنگەری توندڕەویەکی تر کە ئەویش سەنگەری ئەنتی ئیسلام و ڕەواج پێدەرانی (ئیسلامۆفۆبیا)ن، لەو کەسانەی ئەم تێکەڵاویان ئەکات (سام ھاریس Sam Harris) خاوەنی کتێبی (Islam and the Future of Tolerance)ئیسلام و داھاتوی لێبورەدەیی، ئەم کتێبە بەھاوبەشی لەگەڵ نەواز دایانناوە، (ھاریس) ئیسلام بە ترسناک ناوزەند ئەکات و (نەواز)یش وەکو کەسێکی لیبراڵی بەرگریکار لەئیسلام دەرئەکەوێت و قەناعەتی وایە ئیسلام وەکو ھەردینێکی تر بنەماکانی کرانەوەی تێدایەو ئەتوانێت لەگەڵ سیکۆلاریزمدا خۆی جۆر بکات(16).
لایەنێکی نادیاری ئەم جۆرە لە موسڵمان ئەوەیە کاتێك لەژینگەیەک گەورە ئەبن و تێکەڵەیەک لە ئیسلام و نەریتی خێڵ و کلتووری نابەجێ بە ئیسلام نمایش ئەکرێت و دواتر لەناوکۆمەڵگەیەکی کراوە خۆیان ئەبیننەوە لەجیاتی بێن و (شەن و کەوی)بیرو تێگەیشتنی ڕابوردوی خۆیان بکەن ، لەڕووی دەرونییەوە ھەست بەکەمی ئەکەن بەرامبەر واقیعەتازەکە. بۆیە دەستبەردار ئەبن لەبنەم انەگۆڕەکان بەناوی چاکسازی ئایینی، ئەم جۆرە لە ڕوخان و تەسلیم بوونە شایەتی دانێکی ناڕاستەوخۆ و پشتیوانیەکی بەھێزە بۆ رەواجپێدەرانی (ئیسلامۆفۆبیا) کە بە ئاسانی ئەتوانن بڵێن: خۆ ھەر ئێمە نین ئەڵێین ئیسلام ترسناکە، ئەوەتا ھەر لەموسڵمانەکان خۆیان بەشێك لە(دەقەکانی قورئان و فەرمودە) رەدئەکەنەوە یان لەمانا و مەبەستی خۆی دوری ئەخەنەوە، ئەم وێنەش لە حیواری نێوان (ھاریس و نەواز)دا بەرجەستەئەبێت.
(نەواز) لەلایەن (Jewish News) کە سەنتەرێکی ڕۆنامەوانی و ھەواڵیی جولەکەیە و پشتیوانی ئیسرائیلن خەڵات ئەکرێت و ھەر لەوێش زۆر بابەت بڵاو ئەکاتەوە و ڕەخنەی توند لە موسڵمان ئەگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا ناکۆک و ناجۆرە لەگەڵ سەنتەرو ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بەتایبەت دامەزراوەی (MCB. Muslim council of Britain) ئەنجومەنی موسڵمانی بەریتانی کە سەرپەرشتی سەدان مزگەوت ئەکەن، تۆمەتباریان ئەکات بە توندڕەو(17).
ھاوشێوەی (نەواز) زۆرن لە ڕۆژئاوا کە ڕۆڵی نەرێنی ئەگێڕن بەرامبەر بە ئیسلام، ھەندێک لە کوردەکانیش لە ڕۆژئاوا ھەمان ڕۆڵ ئەگێڕن بەڵام لەڕووی کاریگەری و ئەکادیمیەوە نەگەیشتون بەئاستی پێویست بۆیە کەمتر ناسراون.
برەودەری پێنجەم / موسڵمانی پەڕگیر(المسلم المتطرف):
موسڵمانی پەڕگیر بەڵگەیەکی بەھێزی دەستی برەوپێدەرانی (ئیسلامۆفۆبیا)ن و قەناعەتیان وایە ئەم موسڵمانانە تەرجەمەی کردەیی دەقەکانی قورئان و فەرمودەن، خزمەتێکی باش و بەلاشی ڕەوتی مەسیحی توندڕەو نازییە نوێیەکان ئەکەن و بوون بەمادەی خاوی میدیای ئەنتی ئیسلام، بۆئەوەی زیاتر بتوانین وێنای مەشھەدەکە بکەین، کەسێکی ڕۆشنبیری ئینگلیز بھێنە پێشچاوی خۆت کە میراتگری ئەو وێنە کۆن و نوێیە ناشرینەیە بەرامبەر بە ئیسلام و موسڵمانان کێشراوە لە زھنیدا بەڵام نایەوێ تەسلیمی ئەو خوێندنەوە نێگەتڤە ببێت، ھەر ئەم کەسە لەسەر پردی وێستمینستەر نزیک سەعاتی بیگبن پیاسە ئەکات، لەناکاو موسڵمانێکی پەڕگیر بەدەموتنەوەی(اللە اکبر)بەسەیارەکەیەوە خۆی ئەکات بەناو خەڵکی پیادەی سەرشۆستەکان و دەیانیان لێئەکوژێت و بریندارئەکات، ئایا ئەم ئینسانە ھیچ کەلێنێکی مەنتقی بۆ ئەمێنێتەوە کە بیرۆکەی(ئیسلامۆفۆبیا) ڕەتبکاتەوە، ئایا بەبێ ھیچ گومانێك و دوودڵیەک کاری ئەم موسڵمانە پەڕگیرانە نابێتە بەڵگەی قەتعی بۆ نەخشەسازانی (ئیسلامۆفۆبیا)!!؟
بێجگە لەوەی توندڕەوی ھیچ بەڵگەیەکی قورئان و فەرمودە پشتیوانی لێناکات و بەڵکو دژی دەیان دەق ئەوەستێتەوە، لەگەڵ ئەمەش دژە بە عەقڵی سەلیم و مەنتیق. ھەندێك لەو ناڕێكیانەی توندڕەوی:
١- توندڕەویی ئیسلامی نەیتوانی گەلانی ڕۆژئاوایی و حکومەتەکانیان لێکجیابکاتەوە، بۆ تەبریرھێنانەوە ئەڵێن ئەم حکومەتانە دەستی سەرەکیان ھەیە لە پشتیوانی دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵی ووڵاتانی ئیسلامی-ئەم قسە تاڕاددەیەكی باش ڕاستە- بەڵام خەڵکێکی سڤیل بۆچی باجی حکومەتەکەیان بدەن؟! ، پاشان بانگەوازکردنی خەڵکی بەگشتی لە واجبی موسڵمانان نییە؟ ئایا تەقینەوە یان شێلان بەسەیارە یان ھەرڕێگەیەکی تری کوشتن نابێتە لەمپەر بۆ بانگەواز؟! وەکو ئاماژەشم پێدا پێشتر بەڵگەیەکی بەرجەستەی دەستی ھەڵگرانی بیرۆکەی (ئیسلامۆفۆبیا)یە.
٢- توندڕەویی ئیسلامی فەزای ئازادی ڕۆژئاوایان شێواند بەشێوەیەک بەقازانجی توندڕەوی مەسیحی و نازییە نوێیەکان شکایەوە، پانتاییەکی ئازادی زۆر باش لەئارادا بوو لە ھەموو ڕوویەکەوە بەڵام ئیستغلالکردنی ئەودۆخە بۆ بیری کورت و بێ ئامانجی توندڕەوی بوو بە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگری یاساناس و سیاسیە ڕاستڕەوەکان کە کۆمەڵێك یاساو کۆتوبەند بەسەر دەوڵەتدا فەرزبکەن لەژێر ناو و بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی، لێرەش دیسانەوە بابای توندڕەو ئەم خزمەتەشی پێشکەشکردن لەسەر سینیەکی ئاڵتونی.
٣- توندەڕویی ئیسلامی زەمینەی بانگەوازکردنی ڕۆژئاواییەکانی بەرتەسک کردەوە و قورستریکرد، چونکە وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان میراتگری وێنەیەکی شێوێنراوی مێژوویین لەبارەی ئیسلامەوە، دنیای ئەمڕۆی ڕۆژئاواش بە ھەمان وێنە و بەبەرگێکی مۆدێرن و لە چوارچێوەی (ئیسلامۆفۆبیا) بازاڕی بۆ گەرمئەکەن، بۆیە ھەموو ھەڵسوکەوتێکی ناعاقڵانی خزمەت بە تەوژمی دژە ئیسلام ئەکات.
٤- توندڕەویی ئیسلامی پێشێلی بنەمای نەگۆڕی ئەوەی کرد کە موسڵمان خاوەن پەیمان و ئەمانە لە سەر ھەر خاك و لەناو ھەر خەڵکێک کە ئەژی.
ئەنجام و ڕێگەچارە :
ئایا بەڕاست شتێك ھەیە بەناوی چارەسەر بۆ دیاردەی (ئیسلامۆفۆبیا)!؟
زەمینەی لەباری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بۆ قبوڵکردنی وەھمی(ئیسلامۆفۆبیا) و ئیشی بەردەوامی ڕاستڕەوە توندڕەوهکان لە ڕێکخراو و حیزبی سیاسی و میدیا و سیاسەتی گشتی زۆرێك لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا، وایکردوە قسە لەسەر چارەسەر نزیك بێت لە تەرحێکی ناواقعی،
بەڵام ھەرچۆن یاسایەك ھەیە ئەڵێت: (ما لا يدرك كله لايترك جله) ئێمەش ئەگەرچی لە ئەنجامی ئەو واقعە دڵنیا ئەبین چارەسەری ڕیشەیی لە گۆڕانکاری بەسەر نیەت و سیاسەتی ووڵاتانی ڕۆژئاوا و خەمخۆری ڕاستگۆیانەی ووڵاتە ئیسلامیەکان دەست پێ ئەکات، بەڵام وەکو ئەویاسای ئاماژەم پێکرد لە نەبونی ھەنگاوێکی لەوشێوە لە ئێستادا بۆ چارەسەر . ناکرێت موسڵمانان دەستەوستان دابنیشن و خۆیان تەسلیمی ئەمری واقعێك بکەن کە ناحەزانی ئیسلام خوڵقاندویانە، بۆیە جالیەی ئیسلامی لە ڕۆژئاوا تاڕاددەیەکی باش توانیویانە لە ڕێگەی چەند ھەنگاوێکەوە ژینگەی دەوروبەری خۆیان بکەن بەژینگەی پێکەوەژیانی دوور لە جیاکاری و دەمارگیری. ئەگەر لەم جۆرە ھەوڵانە بەردەوام بن و فراوان بکرێن، لە دورمەودا ڕۆڵی گەورەی ئەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ھەژمونی (ئیسلامۆفۆبیا) لەسەر کۆی کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و میدیاییەکەی ڕۆژئاوا، گرنگترینیان بریتین لە:
١- ھەوڵی چڕوپڕ و نەبڕواوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی توندڕەوی بەناوی ئیسلامەوە لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە سەنتەرە ئیسلامی و مزگەوتەکان و قوڵکردنەوەی گوتاری پێکەوەژیان.
٢- پەخشی ڕادیۆ و تیڤی ئیسلامی بەزمانی لۆکاڵ و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نموونەی سەتەلایتی (کەناڵی ئیسلامIslam channel).
٣- دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنی بەمەبەستی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوو کەسایەتییە ڕۆژئاواییانەی کە دژی وەھمی (ئیسلامۆفۆبیا) دڵسۆزانە و مرۆڤدۆستانە وەستاونەتەوە لە نمونەی ئەوان پرۆفسیۆر (جۆن لویس ئێسپۆزیتۆ(18)(J(John Louis Esposito
Descripti
DescriptioJohn Louis Esposito
DescriptionJohn Louis Esposito
DescriptJohn Louis Esposito) مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتن،
٤- ڕێکخستنی بۆنەو یادە ئیسلامییەکان و بانگھێشتکردنی دراوسێی ناموسڵمانەکان بۆی .
5- تێکەڵاوی کردن و بەشداری پێکردنی خەڵکانی نزیک و دراوسێی سەنتەرە ئیسلامی و مزگەوتەکان لە بۆنەکان و تایبەتکردنی ڕۆژێک لەساڵەکە بۆ ناساندنی ئیسلام، ماوەی چەندساڵێکە ئەم کارە لە بەریتانیا لە ژێر ناوی (Vist my mosque)سەردانی مزگەتەکەم بکە, لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی موسڵمانی بەریتانیا MCB زیاد لە ٢٥٠ مزگەوت لە ٣/٣/٢٠١٩ دەرگاکانیان بەڕووی ھەمووان کردەوە، یەکێک لەچالاکییەکان پێناسەی ئیسلام و مێژوی ئیسلام بوو بۆ بەشداربوان(19).
٥- بەشداری چالاکانەی ھاوکاری و بەدەمەوەچوونی ھەرلێقەومانێک کەڕوو ئەکاتە ئەو ووڵاتەی جالیەی موسڵمانی لێ نیشتەجێیە، لەخوێن بەخشین و کارەستاتی سروشتی و شتی تر.
٦- موشارەکەی سیاسی و لۆبیکردن، جالیەی ئیسلامی لە بەشێک لەووڵاتانی ڕۆژئاوا کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەگەر ئاڕاستەیەکی تەندروست و ڕۆشنبیری و وەعی سیاسی لەئاستی پێویست بێت، ئەمەش ڕێگەیەکی باشە بۆ پشتیوانی کردنی ئەودەنگانەی کە دژی (ئیسلامۆفۆبیان) ھەرچەندە موشارەکەی سیاسی تائێستاشی لەگەڵبێت نەبووە بەجێگەی بایەخ و سەرنجی کۆی جالیە ئیسلامیەکە.
٧- سوود وەرگرتن لە یاساکانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ بەرگریکردن لە مافی تاك و ڕێگریکردن لە دەمارگیری، لەوەش گرنگتر بردنەوەی ئەم کەیسانەیە لە داگاکان، شایەنی باسە ئەوە یاسایە سنوورێکی بۆ تاوانکاری ڕەگەزپەرستی داناوە ھەرچەندە زیادی کردوەو ڕوو لەھەڵکشانە، بەڵام گەر ھێزی یاساو دادگاو پۆلیس نەبێت، ڕێژەکە ئەبێت بەدەیان ھێندە.
٨- بەشداریکردن و ئەندام بوون لەو دەزگاو دامەزراوانەی کە بۆ بەرەنگاری ڕەگەزپەرستی دروستکراون چ لەئاستی ووڵاتان یان لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتوەکان کەچەند دامەزراوەیەکی ھەیە بۆ ئەومەبەستە دامەزراوە(20).
٩- بانگەوازکردن بۆ ئیسلام کەسانێك پێی ھەستن کە پڕبن لە جوانی و ڕەنگدانەوەی میھرەبانی ئیسلام تیایاندا و دووربن لە زمانی ڕق و توڕەبون و حیواری نا لۆژیکی.
ئەمانەو دەیان ڕێگەی تر ھەن کە موسڵمانەکان ئەتوانن ژینگەیەکی لەبار بۆخۆیان فەراھەم بھێنن و ئەمەش بەدڵنیایی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەو چواردەورە دروست ئەکات، نموونەی ئەمەش یاریزانی ئێستای یانەی (لێڤەرپوڵ)ی بەریتانی (محمد سەڵاح) توانیوێتی نموونەکی بەرزی خوڕەوشت پیشان بدات بەو ھۆیەوە دیاردەی دەمارگیری بەڕێژیەکی زۆر کەم بکاتەوە بەتایبەت لەسنووری شاری (لێڤەرپوڵ)و بەگشتیش لە ئاستی (بەریتانیا)، ھەروەك چۆن پێگەی ڕۆژنامەی (ئیندپێندێنت independent) لە ٤/٦/٢٠١٩ ئاماژەی پێکردوە لەژێر ناونیشانی (Mohamed Salah has caused Islamophobia in Liverpool to fall since joining club, study finds)(21) محمد سەڵاح ئیسلامۆفۆبیای شکست پێھێنا لەوکاتەوەی پەیوەندی کردوە بە یانەی لێڤەرپوڵەوە.
ھەرچەندە ئەم ھەواڵانە دڵخۆشکەرن بەڵام لەسەرێکیشەوە ئازاربەخشن، واتە ئەوە تەنھا موسڵمانەکانن ئەبێت تێکڕا ببنە (محمد سەڵاح) بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێن، کە ئەمەش داواکاریەکی بێئینسافانەیە، چونکە ناکرێت شوێنکەوتوانی ھەمو ئایین و مەزھەبێک تێکڕا خەڵکی باشبن و گشتاندنی وێنایایەك بەسەریاندا دورە لە مرۆڤدۆستی و دادگەری و پڕە لە دەمارگیری و ڕقی بێ بیانوو.
سەرچاوەکان:
١- https://arabic.rt.com/middle_east/902874
٢- https://ar.m.wikipedia.org/wiki/رهاب- .
٣-https://ar.m.wikipedia.org/wiki/إسلاموفوبيا- .
٤-(Michael Curtis (Orientalism and Islam
٥-https://www.city-journal.org/html/theres-no-such-thing-islamophobia-15324.html
٦-https://ar.m.wikipedia.org/wiki/حرب_الثلاثين_عاما-
٧- https://www.aljazeera.net/programs/religionandlife/2004/6/3/صورة-المسلمين-في-السينما-الأميركية
٨-https://www.google.com/amp/s/www.albayan.ae/sports/2006-10-16-1.954180%3fot=ot.AMPPageLayout
٩-https://www.google.com/amp/s/www.masrawy.com/islameyat/makalat-other/details/-
١٠-https://www.google.com/amp/s/www.albayan.ae/sports/2006-10-16-1.954180%3fot=ot.AMPPageLayout
١١-https://www.facebook.com/207242941103/posts/10156174798166104?sfns=mo
١٢-https://www.google.com/amp/s/www.bbc.com/arabic/amp/science-and-tech-47593625-
١٣-https://www.trtarabi.com/now/قانون-فرنسي-يحظر-ارتداء-الأمهات-الحجاب-رفقة-أبنائهن-18234-
١٤-https://www.google.com/amp/s/www.bbc.com/arabic/amp/world-40454703-
١٥-https://youtu.be/Wo88XEs1_oA
١٦-https://en.m.wikipedia.org/wiki/Islam_and_the_Future_of_Tolerance-
١٧-https://www.lbc.co.uk/radio/presenters/maajid-nawaz/maajid-slates-the-muslim-council-of-britain/-
١٨-https://www.google.com/amp/s/www.aljazeera.net/amp/programs/withoutbounds/2004/6/4/%25
١٩-https://www.visitmymosque.org
٢٠-https://www.un.org/ar/letsfightracism
٢١-https://www.google.com/amp/s/www.independent.co.uk/sport/football/news-and-comment/mohamed-salah-liverpool-islamophobia-muslim-goal-celebration-study-a8943501.html%3famp