نەفرەتی زمان و ئۆینەکانی لەبارەی ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی"
نەفرەتی زمان و ئۆینەکانی لەبارەی ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی"
  2022/07/06     901 جار بینراوە    


هەرێم عوسمان، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی

ئەگەر ڕۆمانەکانی دیکەی بەختیار عەلی نیشاندانی کورد لە چاوی کورد خۆیەوە بێت، ئەوا "داگیرکردنی تاریکی"(١) نیشاندانی کوردە لە چاو و نیگا و بینینی ئەویترەوە. بەپێچەوانەشەوە دروستە، واتە ڕۆمانەکە نیشاندانی ئەویترە لە دیدی منەوە، گوتاری ڕۆماننووسێکی کوردە سەبارەت بە مێژووی تورک و بینین و سڕینەوەی کورد وەک نەبینراو و بێدەنگکراو و تاریککراوێک. تاریکییەک کە ناگیرێت و ئەویتر دەیەوێت بیگرێت و ڕاوی بکات. ئەم تاریککردنە مێژوویەکی هەیە، ئەویتر بۆ کوردی دروستکردووە و کوردیش لەنێو ئەو تاریکيیەدا نەبێت، ناتوانێت بە ئاشکرا دەرکەوێت. مرۆڤە کوردەکان خۆیانن و خۆیانیش نین، ئەویتر بەردەوام دەیەوێت وایان لێبکات خۆیان نەبن، ئەوانیش دەچنە تاریکییەوە تا ئەویتر دەستی پێیان نەگات، بۆیە لە ڕۆمانەکەدا کەسێتی سەرەکی[تاریق ئاکانسو] ترسی لەو تاریکییە هەیە، نیگەرانە کە دەستی بەناو تاریکییەکە ناگات و دەیەوێت بگاتە ناو تاریکيیەکە و ڕاوی بکات، پێیوایە کوردەکان لە مردنیشدا هەر جێگەی مەترسین و دەبێت بکوژرێنەوە، بۆیە دەچێت ئێسکەکانیان دەردەهێنێت و جارێکی دیکە وردیان دەکات، ئەم ترسەی تاریق لە تێنەگەیشتن و وێناکردنێکی پێشینە و ئایدۆلۆجی ‌بینییەوە سەرچاوەی گرتووە. تاریق بە ئازایەتی نابینێت ڕاوی شتە ئاشکراکان بکات. ئەوەی ترسی لا دروستدەکات تاریکیيەکەیە، ئەم تاریکییەش ڕۆحی کوردە، نەک جەستەی.

لە پاڵ ئەم داگیرکردنەدا، کوردانێکمان هەن، بوونەتە تورک و کوردبوونیان سڕیوەتەوە یان سڕاوەتەوە، خۆویست و خۆنەویستانە بوونیان شاردۆتەوە[بەڵام بە گشتی لەژێر فشاردایە]، لە دۆخ و ساتێکدا دەیانەوێت لەو تاریکیيەی ناو ناخیان ڕزگاریان بێت و بگەنەوە بە ڕۆشنایی[کوردبوون]، ئەمەش لە ڕەزا باکلان ڕوودەدات، کە دەیەوێت لە زوڵمەتی خۆنەبوون دەرچێت و ببێتەوە بە خۆیی و ماسکەکەی فڕێبدات، پێویستی بە دەستی مەهدیيە تا ڕووناکی کوردبوونی لە ڕێگەی زمانەوە تیابدۆزێتەوە و لە دەریای ئەویتربوون ڕزگاری بکات.

ڕەهەندەکانی زمان، زمان و دەسەڵات

"دەوڵەتی تورک زمانەکەی بەو جۆرە بەسەرماندا سەپاند، وەک کەوچکێک لە پیسایی هەڵکێشیت و بیدەیتە دەست یەکێک و بڵێیت دەی هەر دەبێت بەوە نان بخۆیت...گەر دڵت تێکەڵبێت، گەر هێڵنج بدەیت، ئەوە پەیوەندی نە بەخواردنەکە و نە بە کەوچکەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسەوە هەیە کەوچکەکەی پیسکردووە"(مەهدی، ل،٦٤٤).

"فیشەکەکە لە خەندەکانی خێراتر بوون"(ل،٦٧٠)

ئەزموونی ڕۆماننووسی بەختیار عەلی، وێڕای فەنتازییايه‌کی تایبەت و بابەتی، کە بەردەوام هاوڕێ لەگەڵ کێشەیەکی گەورەی مرۆیی، سیاسی، مێژوویی باڵا دەکات، هاوکات زمانێکی بەرینی ئەدەبی دەبینین، کە پێموایە جوانی ڕۆمانەکانی بەختیار زۆرتر لە زمانەکەیدایە. ئەوە زمانە، فەنتازیا و هزر و خەیاڵی ڕۆشنکردۆتەوە، نەک ڕووداو و گێڕانەوە. زمانی کراوە و ئازادە بیرکردنەوە و خەیاڵی ئاوەڵا و بەرەڵا کردووە. هەر توانایی زمانە لە پێشبینی و زەنگی ئایندەی ڕووداوەکان ئاگادارمان دەکاتەوە، لەپڕێکدا و ڕاستەوخۆ یان پەسنییانە، دەڵێ، دوای بیست ساڵی دیکە یەک دەبیننەوە، یاخود هەرگیز یەک نابیننەوە.. ئەمە وێڕای هونەری گێڕانەوە، کە گێڕانەوەی هەمووشتزان وایکردووە، ڕۆماننووس دەستکراوە بێت، تا ناوەوە و دەرەوەی ڕووداو و کەسێتییەکانمان نیشان بدات.(٢) لێرەشەوە دەنگی کەسێتییەکان لە تاک‌دەنگەوە بۆ ناو دەنگەکانی دیکە دەکرێتەوە. ئەم فرەدەنگيیە ناڕاستەوخۆییە، بواری زمانێکی بێسنوور و ڕاقی بە پیاوکوژ و نەخوێنەوارترین کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکە داوە. زمانی ڕۆمانەکە تەنیا لەبەرئەوەی گوتاری ڕۆمانەکە لەبارەی زمانە، دەوڵەمەند و جوان نییە، بەڵکو دەسەڵاتی زمانی ڕۆماننووسە ڕۆمانەکەی جوان ‌کردووە. 

فەنتازیای ناو ڕۆمانەکە بەهۆی زمانەوە قووڵتر و جوانتر و بەرینتر دەرکەوتووە. کاتێک ئیمران کارتاڵ لەگەڵ پڵنگەکە دەدوێت یاخود باسی پەیوەندی خۆی بە سروشتەوە دەکات، تەواو دیوە ڕۆحیيەکەی سروشت بەهۆی زمانەوە بەرجەستە دەکات، هەر لێرەدایە پێشبینی هەنگاوەکەی بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئاکانسو دەبینین. ئیمران دەڵێ "دەزانم سروشت بەردەوام سەیرم دەکات، ڕۆژێک ئارام و ئاسوودە سەیرمبکات هەستی پێدەکەم، ڕۆژێک بە خۆشەویستییەوە سەیرمبکات هەستی پێدەکەم، ڕۆژێک توڕە و ناڕازی سەیرمبکات هەر پێیدەزانم. ئەوەتەی ئەو پڵنگەم ڕاوکردووە، عەرد و دار و بەرد لەگەڵمدا گۆڕاون. هەم من شەرم لە خاک و ئاوی هەرێمەکە دەکەم و هەم ئەوان من وەک دوژمن سەیردەکەن"(ل، ٢٩٤). زمانی سروشت خۆی بۆ زمانی مرۆڤ ئاوەڵا کردووە، کرانەوەکەش پەیوەستە بە پەیوەندی کەسێتییەکە بە سروشتەوە، کە لێرەدا نەفرەتی سروشت بەهۆی خیانەتکردنیيەوە دەبیستێت. دەبینین چۆن زمان دەبێتە ئاماژە بۆ ئاماژەبۆکراوی ناوەوە، ئەو ناوەوەیەی لە پەیوەنديی و هەستێکی ناوەکی و یادەوەرییەکی تایبەتدا ڕسکاوە.

دواندن و سەیرکردنی پڵنگەکەش دیسان دەرخەری هەمان توانای نیشاندانی ئەوی بێ زمانە: "ئەوکاتەی من تۆم گرت، من تورک نەبووم و تۆ کورد، بەڵکو من ئینسان بووم و تۆ پڵنگ...پڵنگەکە وەک گوێ بۆ دۆستێکی دێرینی خۆی بگرێت گوێی بۆ ئیمران دەگرت. زۆر خرۆشابوو، بەڵام شەڕانگێزی پێوە دیارنەبوو...کە دواتر لە قەفەزەکە دوورکەوتنەوە پڵنگەکە تا ماوەیەکی درێژ هەر سەیری دەکردن. پڵنگەکە لەناو هەموو بینەرەکاندا سەری بەرزدەکردەوە بۆئەوەی بیانبینێت"(ل٢٨٩-٢٩٠). زمان لێرەدا جگەلە دیوە جوڵە و ناوەکی و ئیستاتیکاکەی بۆ نیشاندانی پڵنگ، کە پڵنگە و لە ڕەمزی کوردبوون خراوە و وەک خۆی دەبینرێت، نەک ئەو دیدە تورکیيەی پڵنگ وەک ڕەمزی کۆیلە و ڕاوکردن و سەرکەوتکردن دەبینێت. لێرەدا زمان دەبێتە پانتایی دەرخستنی شت وەک ئەوەی هەیە*، بینین و سەربەرزکردنەوەی پڵنگ، زمانن، نیشانەن، وەک دەنگێک بۆ ئاشتبوونەوە و لێخۆشبوون. دیوی نەوتراوی زمانی لێرەدا پەنجە بۆ شتێک ڕادەکێشێت لە ڕێگەی خودی خۆیەوە، کاتێک ئیمران دەڵێ سروشت و خاک بە ڕقەوە لێم دەڕوانن، پڵنگ سەری بەرزکردەوە بمانبینێت، ئەو ئاماژانەن کە بەهۆی پەسنی زمانەوە دەتوانین پێشبینی کردە و هەناوی ڕووداوەکانی لێبخوێنینەوە، هاوکات دەرخەری پەیوەندیيەکی دێرین و ڕۆحی ئیمران بە سروشت و ئاژەڵانەوە نیشان دەدات، کە وەک تورکێکی ڕاوچی بە ئاکار بە عیشقەوە لەنێو سروشتدا دەژی و ڕاودەکات، نەک وەک ڕاوچییەکی سیاسی لەنێو سروشت و خاکی کوردان بێت، کە هەموو زمانی سروشت بۆ ئاکانسو دەبنە ترس و نیگەرانی و ویستی قڕکردن و ڕاوکردن.

ئیمران و ئاکانسو هەردوکیان زمانی سروشت دەبیستن، بەڵام ئەوە جیهانبینی و ڕوانینی خۆیانە بڕیار دەدات چی ببیستێت. زمانی ئاماژەی سروشت و پڵنگ بۆ ئیمران بەهۆی ئازادییەوە خۆدەربڕە نەک سەپێنەر و ئیمران ‌دەربڕ. ڕۆماننووس لەبارەی هەستی تاریق ئاکانسو دەنووسێت: "هێندەی لە پاشەڕۆژی خۆی دەترسا، دەهێندە لەو هێزە تاریکە سڵی دەکردەوە لەسەر خاک و لە گوێ ئاو و لە پێدەشت و لە جەنگەڵ و لە بان ترۆپکانی ئەم خاکە دەسوڕێتەوە، هێزێکە دەستەمۆنەبووە و بە نهێنی و بێدەنگ لە تاریکیدا دەژی"(ل٢٦٤). زمانی سروشت، زمانی بیرکردنەوە و هەستی تاریقە، لەکاتێکدا ئەو خۆشی و هێمنی و ئاراميیەی ئیمران لە سروشت بەدیدەکرد، بۆ تاریق دەبێتە ترس و دڵەڕاوکێ. زمانی سروشت بۆ ئیمران ڕوون و شەفاف و نەرمە، بەڵام بۆ ئاکانسو دەبێتە نهێنی، تاریکی و ترس، ئەوەش پەیوەندی بە ترسی خۆیەوە هەیە. لەبەرئەوە زمانی سروشت لای ئاکانسو ئازاد نییە. هەر لەم زمانە وەسفیيەوە ڕۆماننووس پەیوەندی نا پەیوەندی نێوان ئاکانسو و کورد، هاوسۆزی ئیمران و کورد دەردەخات، ئایندەی ڕووداو و کەسێتیيەکانیش بەهۆی ئەم وەسفانەوە تاڕادەیەکی زۆر ئاشکراو و ڕۆشنن، دەزانین کە چی لە پێش پاکی و هەست بە تاوانکردنی ئیمران و ترس و دڵەڕاوکێی ئاکانسووەوەیە.

ڕۆماننووس لە ڕێگەی زمانەوە وەسفی بوون و دۆخی کورد دەکات، لە ڕوانینە جیاوازەکانی ئەوانەوە ناسنامەیان دەستنیشان دەکات، کە هەر فەرماندە و سەرکردەیەک کورد بە شتێک دەبینێت و بەپێی ئەو بینین و ناونانە مامەڵەیان دەکات، واتە زمانی ئەوان بەجۆرێکە هیچ کات شتەکە ئازادانە خۆی دەرناخات، بەڵکو زمان دەبێتە داردەست و کۆیلە. زمان دەبێتە ئاوێنەی نیشاندانەوەی ئەو ڕوانینە ئایدۆلۆجی، ناسیۆنالیستی، سیاسی و عەسکەرتاريیەی بەدرێژایی مێژوو، بیر و خەیاڵ و یادەوەری ئەویتری بەرامبەر بە منی کورد نەخشاندووە. کورد لە دیدە جیاوازەکانی ئەوان دەمێ دەبێت بە: جنۆکە، ئاژەڵ‌ و دڕندە، کۆیلە و نزمتر لە کۆیلە، شێت، یاخود ئاژەڵمرۆ، کە مەبەست لێی "جۆرە بوونەوەرێکە ئەرکەکانی لە ئەرکی ئاژەڵ زیاتر و قورسترە، بەڵام مافەکانی لە مافەکانی مرۆڤ کەمترە. پلەیەکە دەوڵەت خەڵکی ئەم ناوەی تێدا هێشتۆتەوە، نە دەهێڵن چێژ لە لەزەتەکانی دونیای ئاژەڵان ببینن و نەدەهێڵن چێژ لە مرۆڤبوون ببینن"(ل، ٢٩٧). زمانی ئەویتر کە کۆیادەوەری نەتەوەیەکە لەسەر ڕەتکردنەوەی بوون و زمانی من ژیاوە، هەر ئەمەش زمان و جیهانبینی مرۆڤەکانی بەرتەسککردۆتەوە، وەک لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا نەوەیەکی نوێی تورک دەبینین، کچی عیسمەت کە پارێزەرە، هەمان پەروەردەی کەمالیست و گورگە بۆرەکانی هەیە، ناتوانێت لە سنووری تورکبوون دەربچێت و ئەزموونی ئەویتربوون بکات، ئەویتری کورد ببینێت، هەتا ئەگەر باوکی خۆشی بێت "گەر ئەم پیاوە باوکی منیش بێت و ئەو چیرۆکەش ڕاستبێت ئەو کابرایە دەیگێڕێتەوە، من کچێکی تورکپەروەرم، لە منداڵییەوە فێربووم تورکم و تورکبوونی خۆم لە هەموو شتێکی تر بۆ گرنگترە...تکایە من دایکم زۆر ماندووبووە تا پەروەردەیەکی تورکانە وەربگرم، نامەوێت وەک تورکێک بۆ ساتێکیش گومان لە پاکێتی خوێنی خۆم بکەم"(ل،٧١١). لێرەدا پەروەردە و تێگەیشتن و زمانی ئایدۆلۆجی هێندە بەرتەسک دەبێتەوە، کە ڕەمزیەتە نەتەوەییەکە دڕ بە هاوخوێنی و بوونی خۆش دەدات، کە کچە کوردێکە و ناتوانێت جگە لە تورک خۆی ببینێت. 

زمانی کوردی بۆ ئەوی تورکی دیکتاتۆر و ئایدۆلۆجی‌بین، زمانی مردوو و نەبووە، زمانی شێتە، زمانی تورکیش، زمانی مرۆیی و سەرومرۆیی، زمانی عەقڵ و زیندووە، زمانی ژیان و مرۆڤە بەرزەکانە. لە بەرامبەردا زمانی تورکی بۆ کوردان و تورک جیاوازە، بۆ تورکی سیاسی و ئایدۆلۆجی زمانەکە پیرۆز، شیعری، پڕ ئاهەنگ و زمانی گؤرانيیە، تەنیا زمانە و زمانی عەقڵ و دەسەڵاتە، زمانێکە دەچێتە بەرگی مێتافیزیکەوە و خوا پێی دەدوێت، زمانی هێز و ڕزگاريی و سەردەستەکانە. وەلێ لە دیدی کوردی داگیکراوی تورکی بەسەرداسەپێنراو، زمانەکە توندو ڕەق و زبرە، لێی هەڵدێن و بەرەنگاری دەکەن، دەیانەوێت زمانی جێگرەوە و جەستە بدۆزنەوە، خۆیان کەڕولاڵ دەکەن بۆئەوەی ڕووبەڕووی زمانی تورکی ببنەوە، یاخود شەوان لە خەو هەڵدەستن، چونکە بە ڕۆژ ناهێڵن کوردی قسە بکەن، بۆیە ناچارن دووی شەو هەستن و لەگەڵ یەکدی بدوێن و گۆرانی بە کوردی بڵێن، تا زمانەکەیان بپارێزن. ئەمە جۆرێک لە زمانپەرستی و عیبادەتی زمانی دەردەخات، کە کوردەکان بۆ مانەوەیان پەنا بۆ ڕۆژوو و پارشێوەی زمان دەبەن، شەوان کاتی پارشێو بە کوردی قسە دەکەن، بە ڕۆژیشدا بەهۆی تورکە-خوا خۆ لاڵ دەکەن، ئەم ستراتیژە بۆ خۆ-مانەوە و مانەوەی زمان، زۆر جیاوازە لەو کارکردن و بیرکردنەوەیەی تورکەکان کە لە سەنتەری دەسەڵاتن، کەواتە پێگەی دەسەڵات، ڕوانین و کردەی زمانیش دەگۆڕێت.

مەهدی کورد، کە گوندنشینە و مامۆستای عەلی ئیحسانە، بە خوێندکارەکەی دەڵێ: "ئینسان کاتێک بە ئازادی و ویستی خۆی فێری زمان فێردەبێت، هەر کۆمەڵێک وشە نائاخنێتە سەری خۆی و بەس، بەڵکو کۆمەڵێک مەحەبەتیش دەخاتە دڵی خۆی. بەڵام باوکت و فەرماندارەکانی تر وایان لەگەڵ ئێمە نەکرد، بە شەق و بە کوتەک، بە لێدان، تورکییان فێری ئێمە کرد. بۆیە زمانەکەتان چەند جوان بێت هەتاهەتایە لای زۆر کەس لە ئێمە بە ئازار و ترسەوە گرێدراوە". ئەم پراکتیکە زمانیيە لای مەهدی بە پێگەی مامۆستایەتی و باوکایەتی ڕەمزی مەهدی بۆ عەلی سەرچاوەی گرتووە، بەڵام پراکتیکی زمانی بەرامبەر بە دکتۆری باوکی زۆر جیاواز و سنووردار و ناخۆییە، هاوکات زمانی ئەویتری تورکیش بە جیهانێکی دەرە زمانی گرێدراوە، دڵسۆزانی زمانی تورکی بەپێچەوانەی خواست و مەبەستیانەوە، زمانەکەیان لە دیدی ئەویتردا ناشیرین، نەک جوان کردووە.

ناونان و زمانی شاعیرانە

لە زماندا ناونان، بریتییە لە شوناس بەخشین بە شتەکان و ناسینەوە و دەستنیشانکردنیان. ناونان دروستکردنی فەزا، یادەوەری و مێژووە، دیاریکردن و ئاڕاستەکردنی بینینمانە. بەهۆی ناونانەوە ڕەهەندەکانی بیرکردنەوە دەکرێنەوە و ئاسۆی تێگەیشتن و ڕوانینمان دیاری دەکرێت. زمانی جوڵە و وەسف لە ڕۆمانەکەدا بنەڕەتیی گوتار و هونەری گێڕانەوەیە، کە بەشێکیان لەسەر بنەمای ناونانەوە وەستاون. ڕۆماننووس بەهۆی توانایەکی بەرزی ناونانەوە، بواری ناسینەوە و گێڕانەوەی وردی ڕووداو و دۆخەکانی بۆ خوێنەر ڕەخساندووە.(٣) ناونان لای ڕۆماننووس ڕەهەندێکی وێنەیی و ئیستاتیکی هەیە، کە بۆ کەسێتی، دۆخی کەسێتی، ڕووداو و ڕەوتی گێڕانەوە، کات و شوێنی جیاواز ئەنجامیداوە. ناونان چێژ و فەزایەکی هونەری بە خوێنەر دەبەخشن. وێڕای ئەوەی گوتاری ڕۆمانەکە لەسەر زمان وەستاوە و ئیشی بنەڕەتی ئاکانسو ناونانەوەی ناوچە کوردنشینەکانە، تا مێژوو و بناوان و یادەوەری نەتەوەیەک دابڕێژێتەوە. لەڕووی ناونانەوە دەتوانین چەند نمونەیەک کە ئەرکی مانادان بە دۆخ و کەسێتی و ڕووداوەکان دەبەخشن بهێنینەوە: "[ڕێکخراوی زمانی] دووی نیوەشەو، نەخۆشی سیاسی، زمانی مردووەکان، زمانی نەزانراو، لیژنەی ئەمنی زمانەوانی، زمانی قیامەت، پڵنگی تینوو، سابوندز، داگیرکردنی تاریکی، گورگە بۆرەکان، بەوری تینوو، خاکی جنۆکە، ئاژەڵمرۆ، گەنجە بێناسنامەکە، [نەخۆشخانەی] بەهەشتی کوردان. ڕێگای شۆڕشگێڕانە". هەریەک لەم ناو و ناونانانە وێنەن و گوزارشت لە دۆخ، دید، ڕووداو، شوێنکات، کەسێتییەک دەکەن، هاوکات خوێنەر پاش خوێندنەوەی دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم ناوانەوە وەک کلیلی ڕۆمانەکە بیخوێنێتەوە. وێڕای ئەوەی جوانیيەکی هونەریان بە گێڕانەوەی ڕۆمانەکە بەخشیوە. "دووی نیوەشەو، گورگە بۆرەکان"، دوو ڕێکخراو و گرووپن، کە بەهۆی تاک‌وشە دروستەکەرەکەیان خوێنەر تێگەیشتن و وێناکردنی بۆیان دەبێت. "سابوندز، گەنجە بێناسنامەکە" دوو ناون بۆ دوو دۆخی جیاوازی عەلی و ئارسین، کە لە ڕێگەیەوە جوڵەی گێڕانەوە دەبینین، هاوکات شاعیرانە وێنەی دۆخەکەیان بەسەردا سەپێنراوە، واتە وەک کامێرایەک کە ساتە دەگمەنەکان دەگرێت، ئاوا ساتی گێڕانەوە ناوازەکان بەهۆی ئەم ناونانەوە نیشاندراوە.  

هاوکات هەر لە ڕێگەی وەسف و زمانی شاعیرانەوە، زۆرجار پێشخستن و ڕووداوەکانی ئایندە بەرجەستە دەکات، بۆ نمونە کاتێک پێنج کورد ڕێگە بە عەلی دەگرن و برینێکی بچووک لە دەستی بەجێدەهێڵن، ڕۆماننووس بەم جۆرە پەسنی خوێنی ئەو برینە دەکات "دڵۆپە خوێنەکان لە بەفرەکەدا بچووک بوون، زۆر بچووک، بەڵام کاتێک عەلی ئیحسان لێی دەڕوانین لەبەرچاوی گەورەبوون و گەورەبوون و گەورەبوون تا بوون بە دەریایەک...هەموو بەفرەکە تەواو سووربوو، هەموو شارەکە تەواو سووربوو"(ل، ٤٩٢). ئەم دووبارەکردنەوانە زمانێکی شاعیرانەیە، دەرخەری هەست و دەرونی عەلین، نیشاندەری ئایندەیەکی ڕەق و توندە کە دونیای عەلی و تورکەکان بە خوێنبارین و تووڕەبوونی کوردەکان پێشی گیراوە، سەرەتای تۆڵەیە، ئاماژەیە بە سووربوونی شارەکان و دابارینی ڕق و توڕەیی بە ئایندەی وڵات.

زمانی وەسفی ڕۆماننووس، بەشێوەیەکی هونەری و قوڵ دیوە باریک و دەزوئاساکەی ناوەوە و پێگەی کەسێتییەکان نیشاندەدات، ئەو دەزوەش دەردەخات کە لەسەری پەتپەتێن دەکەن یاخود وەستاون. سەبارەت بە عەلی دەڵێ: ویژدانێکی بێ ئیرادەی هەیە، لە نێوان جەلاد و قوربانیيەکاندا گەمە دەکات.-ئارسینی برای- وای پێدەڵێت، عەلی ڕۆڵی مرۆڤێکی دووکەرت دەبینێت، بۆیە لە ڕوخساریدا بێگەردیەک هەیە متمانەی پێدەکرێت، بەڵام لەبوونیدا ئیرادەی نیە ئەو ویژدانە سەلیمە ئاراستە بکات. هاوکات لەگەڵ جەلاد و قوربانیەکاندایە، ناتوانێت خۆی یەکلابکاتەوە. "عەلی لەنێو دڵی دوو نەتەوە وەستابوو، تورک و کورد".(ل،479). ئەم دوو لەتبوون و پارچەبوونە. پەیوەندی بە باوکی و مامۆستاکەیەوە هەیە، باوکی دیکتاتۆرێکی تورک و پەروەردەکارێکی کۆماریپەرست و دڵڕەق، مامۆستاکەی کوردێکی جوتیار، کە کوردی فێر دەکات، لەگەڵیدا عەشقی نێو زمانەکەشی پێدەدات، لەبەرئەوە وەک کوڕی خۆی سەیری دەکات، عەلی لە نێوان ئەم دووانەدا گیری خواردووە و نایەوێت خیانەت لە هیچ کامیان بکات. ڕۆماننووسیش بە زمانێکی دەقیقی شاعیرانە ئەو گەمە سێرکيیەی عەلی لە نێوان جەلاد و قوربانیدا دەردەخات، ئێمەش بە خیانەتێکی جوانی دەبینین، کە هەر ئەم خیانەتە وا دەکات دووجار بکوژرێت. 

یەکێکی دیکە لە دەرخستنی تواناکانی زمانی وەسف و ناونانەوە، بریتییە لە وشەسازيی و دەستکاریکردنی وشە و بەکارهێنانی وشەی نوێ کە هەندێکیان جوان و نوێ و چێژبەخشن، زمانی ڕۆمانەکەیان دەوڵەمەند کردووە، هەندێکیشیان ناجۆر و نەسازن: "پرسچی، خەجڵاو، قاچاغبەر، واگرە، کارئاشنا، فێرەپاس، تاکباڵ، خاویلکە...". بۆ نمونە "تاکباڵ" لەبری تەنیاباڵ هاتووە، کە ناساز و هەڵەیە، بەڵام وشەی پرسچی جوان و وردە، مەبەست لەو کەسانەیە ئیشیان پرسینە، نەک ئەوانەی پرسیارسازن.

زمان و وێنەی کەسێتییەکان

دید و گوتاری ڕۆماننووس لە ڕێگەی زمان و ئەو پەسنانەی بۆ کەسێتی و دۆخەکان دەیکات، دەردەکەوێت. کاتێک وێنەی کەسێتیيەکمان لە ڕێگەی زمانەوە بۆ دەکێشێت، بەهۆی وەسفەکانەوە، هەست و سۆزی خوێنەر دەجوڵێنێت، هاوکات بڕیاری پەسەندی و ناپەسەندی کەسێتیەکە دەدەین. ڕۆماننووس بەهۆی گوتاری زمان و لایەنگری زمانییەوە، گۆڕانی کەسێتییەکان و باری گوتاری ڕەخنەیی تورکمان پێدەڵێت، بۆ نمونە کاتێک عەلی ئیحسان دوای زیاتر لە بیست ساڵ چاوی بە سامی[کە ئێستا دکتۆر و بەرپرسی نەخۆشخانە- شێتخانەی کوردەکانە] دەکەوێت، لە ڕێگەی وەسفەوە دەبینین، چۆن سامی لە مرۆڤێکی بێگەردەوە ئێستا بووە بە مرۆڤێکی شەیتانی و ناشیرین. ئەم کەسێتییە پێشتر بەرامبەر بە کورد خراپ نەبووە، بەڵام ئیستا بووەتە مرۆڤێکی خراپ: "عەلی ئیحسان نەیدەتوانی خەیاڵی بۆ ئەوە بچێت، ئەم پیاوە سەرزل و مۆن و وشکە هەمان هاوڕێی لەشسوک و ڕۆحسوکەکەی ئارسینە"(ل ٣٠٤). گۆڕانی هەڵوێستی کەسێتییەکان لە زمانی وەسفکردنی کەسێتیەکاندا دەگۆڕێت، واتە ڕۆحسوکی بە مۆن و سەرزلی گۆڕاوە، ئەم پەسنەش هاوسۆزی و ڕق لای خوێنەر دروست دەکات و لایەنگرانەیە. زمانێکە بێبەشە لە زانیاری بێگەرد، بەڵکو زانیارییەکان هەستی کراونەتەوە، واتا زمان دەبێتە ڕوانگە، نەک زانیاری پوخت. لێرەدا وێنەیەکی ناشیرینی ئێستا و جوانی ڕابردووی کەسێک دەردەخات، کە ئەوەی ناشیرینی کردووە، گۆڕانی هەڵوێستی سیاسی و کردەکانی ئیستایەتی، جوانیی گەنجیشی پەیوەندی بە لاویەتیەوە نییە، هێندەی پەیوەستە بە خراپە و هاوبەشی نەکردن لە تاوان. یاخود گێڕەرەوە کاتێک ڕقی دیدەم شاهین بۆ زمانی کوردی نیشان دەدات، دەنووسێت "دیدەم شاهین هەتا کاتێک دەنوسێت زمانێکی نەزانراو ڕقێک لە دەست و پەنجەکانیدایە"، هاوکات وەسفی دیدەم خۆیشی دەکات، بەپێچەوانەی ناوە شاعیرانەکەیەوە ڕق و زبرە، نەرمی و جوانی تێدا نابینیت. وا پەسنی دەکات کە تۆی خوێنەر ناشیرین بیبینیت، حەز بەچارەی نەکەیت "ژنێکی ئاسنین دیارە، جوتێک پێڵاوی پاژنە بەرزی لەپێدایە، پێڵاوەکان شێوەیەکی سەربازییان بە وەستان و ڕۆینی بەخشیوە. دەموچاوێکی باریک و نیگایەکی ساردی هەیە، قژێکی کاڵ و لوولی وەک تاج بەرزکردۆتەوە و لە دواوە بەستویەتی، مەکیاژێکی تەنک دەکات و بەردەوامیش جگەرە دەکێشێت" لە شوێنێکی دیکە دەنوسێت"دڵڕەقترین ژنی دونیایە"، ناساندنی کەسێتی و وەسفیان پەیوەستە بە ڕوانگە و هەڵوێستیان، واتە زۆرجار ڕۆماننووس بەرلەوەی کردەکانیان بخاتەڕوو، لە ڕێگەی وەسفی زمانییەوە دەزانیت ئەو کەسێتيیە چۆنە و تۆی خوێنەریش هاوسۆزی و گرژیت بەرامبەری دەبێت. بەپێچەوانەی دیدەم کاتێک وەسفی پیرە پیاوێکی کوردی کوردپۆش دەکات، درۆزنیەکەیت خۆش دەوێت، شاعیرانە وێنای دەکات، کە لە بەردەم دەسەڵاتدارە تورکەکان حاشا لە کوردبوونی دەکات و دواتر خێرا ڕادەکات لە تەواولێت دەگری. یاخود کە وێنەی سینەم کچە کوردەکە دەکێشێت، زمانەکەی جوانی دەبەخشێت، نەک نیگەرانی و ڕەقی، ئەمەش باری سەرنج و ڕوانگەی لایەنگرانەی ڕۆماننووسە بۆ کەسێتیەکان: "سینەم کیژێکی باریکی قژڕەش و چاوڕەش بوو، ویقار و هێمنییەکەی چووبووەوە سەر دایکی، وەک سەی قاسم هەموو ڕۆژێک بە کوردی پێیدەگووت، یەکێک بوو لە خاتوونە قەشەنگ و بەژن دەلالەکانی ئامەدە". ئەم پەسنە وێڕای نیشاندانی دوانی دایک و کچ، هاوکات کوردیبوونی دەردەخات و جوانی هەڵسوکەت و بەژنوباڵاشی دەردەخات، لەگەڵ ئەوەشدا لە زمانی کەسێکی دیکەوە پەسنی دەکات، نەک تەنیا گێڕەرەوەی هەمووشتزان، ئەمەش تا دیوە لایەنگرانەکە بەتەواوی دەرنەکەوێت.

بوونی نەتەوە و زمان

لەم ڕۆمانەدا دیوە تاریک و پەنهان و ڕۆشنەکانی زمان دەبینین، بەر نەفرەت و تام و ڕەنگ و بۆنە جیاوازەکانی دەکەوین، زمانێک دەبینین خۆی و دژە خۆی، هەموو شتێک دەردەخات و دەشارێتەوە، شتێک دەڵێ و پەنهانەکەی لە خۆیدا هەڵدەگرێت، دیوە نادیارەکەش مەحکوم دەکرێتەوە بە دەربڕین، بەڵام بە خواروخێچی، کە ڕەنگە هەر دیوە خێلەکەی زمان هەقیقەتی بوون نیشانبدات. زمان لەم ڕۆمانەدا کە پرسێکی بنەڕەتییە، دیوە شەیتانی و پەریئاساکەی، ژهر و دەوای، سیحر و واقیعیيەتەکەی دەردەکەوێت. وێڕای توانای زمانی ڕۆماننووس لە بەرجەستەکردنی ئەو ڕەهەندە جیاوازانەی زمان کە وەستان و وەسفەکانیشی جوڵە و ڕێخۆشکەری هاتنی ڕووداون، ئەوا پرسی زمان لە ڕۆمانەکەدا دەبێتە ڕایەڵەی کۆپەیوەندی بە کایەو بوارە جیاوازەکانەوە. کاتێک عیسمەت تورکی بیردەچێتەوە و بەر نەفرەتی زمانی کوردی دەکەوێت، سەرەتا شیرینی و ئاهەنگی زمانەکە دەچێژێت، تاڵيیەکەی پاش ئەشکەنجەی زۆر دەردەکەوێت و دەڵێت "من هەر تورکم...زمان هەموو شتێک نییە، دڵنیابن بە دڵ و دەروون هەر تورکم...زمان هیچ نییە، من گەر بە ڕۆح تورک بووم با بە هیندی قسەبکەم"(ل، ٢٧٧). ئەمە دەرخەری ئەو ڕەهەندە پێچەوانەیەی زمانە کە خۆی دەشارێتەوە، نیشاندەری ئەو دۆخەیە زمان دەربڕی بوون نییە، هاوکات لەودیویشەوە زمان دەکەینە ئەو کەرەستەیەی کە خۆمانی پێبشارینەوە و ئەویتری پێ فریو بدەین. زمان نابێت بە نیشاندەری باری نەتەوەییمان، بەڵام دووکەرتمان دەکات، ناتوانین ببین بە شتێکی گیرساوە و کۆتاییهاتوو، ناتوانین ببینەوە بە خۆمان، ئەمە نەفرەتی زمانە عیسمەت هەڵدەلوشێت و لەنێوان دوو نەتەوەدا گیری دەدات. هەروەک زانینی زمانی کوردی و تورکیش بۆ عەلی دەبێتە پردی نێوان هەردوو نەتەوەکە، عەلی لەنێو هەردوو نەتەوەکەدا گیر دەخوات، نە تورکە و نە کوردە.

ڕۆحیەتی هاوسۆزی باکلان بۆ کورد سەرەتا لە ڕێگەی زمانەوە دەرناکەوێت، بەڵام بەبێ زمانەکەش هەست بە کەمی و نوقسانی بوونی کوردانەی دەکات. واتا نەزانینی زمانی کوردی، بوونی کوردانەی توشی قەیران دەکات. ئەمەش پێچەوانە و هاوئاهەنگ بە دۆخی عیسمەت کە زمانەکە سەرەتا هیچ نەفرەتێکی نییە و دواتر دەبێت بە نەفرەت و تورکبوون نەک کوردبوونی زەقتر دەکاتەوە. لێرەدا زمانی کوردی ناتوانێت کوردبوون نیشانبدات، بەڵام دیوە ڕاستەقینە و ڕاستگۆکەی زمان دەتوانێت بوونی مرۆڤ و نەتەوەش دەربخات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پرسێکی گرنگە و ناتوانین زانین و نەزانینی زمان بە بوونەوە گرێبدەین، ئینگلیزی زانی نامانکات بە ئینگلیز، کوردیزانیش مانای کوردبوون ناگەیەنێت. واتە دەکرێت بە زمانی نەتەوەیەک قسەبکەین و ئینتیمامان بۆ نەتەوەیەکی دیکە هەبێت، بەڵام نابیت بە کوڕی ئەو نەتەوەیەی کە زمانەکەی دەزانیت، زۆرتریش ئەمە پەیوەستە بە بیرکردنەوە و ڕوانینەکانمان کە چەند پێشبڕیار و سیاسی و ئایدۆلۆجییانە سەیری زمان بکەین، هێندەش لە بوون و ڕۆحی نەتەوەکە دوورمان دەخاتەوە. سیاسەتی تورکیا، کە بەسەر کۆپرسی بوارەکان پەخش دەبێت، پرسی زمانیش دەبێت بە ڕیشە و بنچینەی نەتەوەیەک، لەبەرئەوە بە درێژایی ڕۆمانەکە کە سیاسەتی جیاوازی دەسەڵاتداران نیشاندەدات، لە ئاستی ڕۆشنبیریی و بڵاوکراوەکانیشیاندا، ناوی کورد و زمانی کورد بڤەیە، ناوهێنانی زمانەکە گوزارشتە لە کورد خۆی، ئەمەش هاوئاهەنگە بە دیدی کوردانەوە کە لە ڕێگەی زمانەوە گوزارشت لە بوونی خۆیان دەکەن، مانەوە و هەرمانی لە هەرمانی زمانەوە دەبینن، لەبەرئەوە لە ڕوانگە سیاسیی و نەتەوەییەکەوە زمان بوونی نەتەوە نیشان دەدات، سڕینەوەی زمان، سڕینەوەی نەتەوەیە، ڕێکخراوی دووی شەو، گوزارشت لە خەباتی مانەوەی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی زمانەوە دەکات.

د. جەمال نەبەز پێیوایە، ناکرێت بەهۆی زمان و لە ڕێگەی زانینی زمانی کوردییەوە، بڕیار لەسەر کوردبوونی ئەو مرۆڤانە بدەین کە کوردی دەزانن، دەکرێت کوردی نەزانێک لە کوردیزانێک زیاتر کورد بێت. وەک چۆن عیسمەتی خۆبەتورکزانی کوردیزان یان عەلی تورکی کوردیزان خۆیان بە کورد نازانن، بەڵام کوردی دەزانن، کوردیزانیش نەیکردوون بە کورد[هەرچەند لەنێوەی هەردووکیاندا وەستاون]، هاوکات ڕەزا باکلانی کورد، کوردی نەزانیيەکەی نەبووەتە هۆی سڕینەوەی کوردبوونی، هەرچەند بۆماوەیەکی زۆر کوردبوونی سڕبووە. کەواتە کوردیزانی عیسمەت لە تورکبوونی نەخستووە، کوردی نەزانی باکلان لە کوردبوونی نەخستووە، ڕۆحیەتی کوردانەی نەکوشتووە و لەوپەڕی دیوە دڕندانەکەشی، دیوە کوردانە ڕەسەنەکەی دەردەکەوێت و نەفرەت لە خۆفریودانی تورکانەی خۆی دەکات. لە بەرامبەردا چەندین کوردی جاش و خۆفرۆشمان هەن کە کوردیزانن، بێ ئەوەی ڕۆحی کوردانە و کوردبوونیان هەبێت، یاخود بە دڵ و گیان کوردبن. لە شێتخانەکە عیسمەت دەڵێ، ئەم سوکایەتیيە قەبوڵ ناکەین، لەبەر کوردیزانی بمانخەنە تەنیشت کوردەکانەوە، خوێنی ئێمە هەر تورکيیە، لەولاوە کوردێکیش بە توڕەییەوە دەڵێ "ڕاستە زۆر خەڵکمان هەن زمانی خۆیان بیرچۆتەوە و تەنیا تورکی قسە دەکەن، بەڵام ئا لێرەدا، لە سینەماندا دڵێکی کوردی هەیە، بەڵێ وایە زمان هیچ نییە...ئەگەر وشەیەکیش کوردی نەزانین، بەڵام ئەو دڵەی لێرەدا لێدەدا دڵێکی کوردییە"(٣٢١). ئەمە هەمان‌دیدی تورک و کوردێکە، کە زمان هیچ نییە و ئەوەی لە ناوەوە و دڵماندایە گرنگە. جەمال نەبەز دەڵێ: "زمانی کوردی لەلایەن جەماوەری کوردەوە، زۆر نرخی پێدەدرێ، بەپێناسەیەکی یەکجار گرنگ بۆ "بوونی کورد" و "کوردبوون" دەدرێتە قەڵەم. کوردی واش هەن پێیانوایە کە کورد هێندە کوردە تا زمانەکەی ماوە"(٤). ئەم جیهانبینیە لای کوردەکان باوە، کە زمان بە کوردبوونەوە گرێدەدات، جەمال نەبەز بەپێچەوانەوە، پێیوایە زانینی زمانی کوردی کوردبوون ناگەیەنێت. مەهدی، مامۆستا کوردەکەی عەلی ئیحسان، بە عەلی ئیحسان دەڵێ "ئەگەر باوکت بەردەوام بە تۆ دەڵێت"تۆ دەوڵەتی تورکت هەیە". ئێمەش تەنیا شتێکی گرنگ هەمانە ئەو زمانەیە"(ل٢٨٤). لێرەدا هێزی زمان و دەوڵەت بەرامبەر بەیەک وەستاونەتەوە، کە بەهۆی زمانەوە ڕووبەڕووی دەوڵەتی تورک دەبنەوە.

دیارە زمان بۆ کوردەکان [بەتایبەت لە ڕابردوودا] گوزارشتی لە بوون کردووە. بەڵام وەک جەمال نەبەز دەڵێ، لەڕووی بوونەوە ناکرێت زمانزانی بەرگی ئەو بوونەمان بداتێ کە زمانەکەی دەزانین، نەزانی زمانەکەش بوونە نەتەوەییەکەمان لێوەرناگرێتەوە، ئەمەش لە ڕۆمانەکەدا بە زەقی دەردەکەوێت، کە چەندین کەسێتی بەهۆی لێسەندنەوەی زمانەکەیان کەوتوونەتە دۆخی جیاوازەوە، یاخود بوونەتە تورک و کوردبوونیان لەبیر کردووە، یاخود زمانی تورکیان کردووە بە دەمامک بۆ شاردنەوەی دیوە ڕۆحی و وجوديیەکەی کوردبوونیان، هاوکات ئەو کەسێتییانەش دەبینین کە بە هۆکارێک یان لە ڕێگەی دەنگی ویژدانەوە کوردبوونیان دەردەکەوێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی دەرکەوتی دیوە ڕۆحی و ناوەکیيەکەی زمان.

کەواتە ڕۆمانەکە هەڵگری ڕەهەندە جیاوازەکانی زمانە، کە دەکرێت تورکێک کوردی فێری کوردەکان بکات، کوردەکانیش کوردی فێری تورکەکان بکەن، ئەمەش لە گوتاری ڕەخنەگرانەی ڕۆمانەکە کەمناکاتەوە، کە ڕەخنەی ئەو مێژووە ترسناک و بێ ویژدانەی تورک لە ئاستی سیاسەت و ئایدۆلۆجیا دەردەخات، نەک ئەوەی تورک خۆی لە خۆیدا هەڵگری دیوە شەیتانیيە ڕەتکەرەوەکە بێت، بەواتایەکی دیکە ترسناکی دیوە ناسیۆنالیست و ئایدۆلۆجی و دەوڵەتپەرستیەکەی تورک بەسەر کورد و ئەرمەن و یۆنانی، عەلەوی و کریستیان نیشان دەدات، کە سیاسەتی تورک لەناوبردنی ئەویترە جیاوازەکانە، ئیدی ئەو ئەویترە گرنگ نییە گەر شوناسی نەتەوە، ئاین و مەزهەبی هەڵگرتبێت. کردەی سڕینەوە و ڕەتکردنەوەکەش زۆرتر لە ڕێگەی سڕکردنی زمانەوە ئەنجام دەدرێت و دراوە.

 

سەرچاوەکان

1ـ بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند- سلێمانی، چ1، ٢٠٢٠.

٢ـ عەلی عوسمان یاعقووب، ڕۆمان، ژانری تەکنیکە جوانەکان و ڕەگەزە فرە ڕەهەندەکان، دەزگای سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٩.

٣ـ ئاهەنگ شەفیق حەمە بچکۆل، گوتاری جەستە لە ڕۆمانی کوردیدا-کرمانجی خواروو ساڵانی(١٩٩٥-٢٠٠٥)، [تێزى دکتۆرا] کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، ٢٠١٩، ل٨٧.

٤ـ جەمال نەبەز، ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد، لێکۆڵینەوەی: پێوەندارێتی کوردی، کورد کێیە و کوردبوون مانای چی؟ چ2، کتێبفرۆشی سۆران، ٢٠٠٧. ل ١٧.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure