کاریگەری ڕۆمان لەسەر پێکهێنانی هۆشياريى و پێکهاتەى فکریی خوێنەری کورد
کاریگەری ڕۆمان لەسەر پێکهێنانی هۆشياريى و پێکهاتەى فکریی خوێنەری کورد
  2022/07/17     515 جار بینراوە    


نووسينی: عه‌بدولباقی یوسف، ڕۆماننووس و ئه‌دیبی كوردی سوریا

وه‌رگێڕانی: ڕێدار ئه‌حمه‌د

مرۆڤی کورد بە سروشتی خۆی ئاره‌زووی له‌ ڕۆشنبیريی و ڕۆشنگه‌ریی هه‌یه‌، ئاره‌زووی له‌ ئەدەب هه‌یه‌، چونکە قەرەبووی وڵاتەکەی  تێدا دەبینێت کە لێی داگیركراوه‌.

ئەم ئەدەبەش له ‌ناڕه‌حه‌تی سه‌راسیمه‌بوونی لە دەوڵەتەکەیدا باشترین هاوده‌مه‌ بۆی، ناڕه‌حه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌  داگیرکەران ته‌نها به‌داگیركردنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی وازیان لێی نه‌هێناوه‌، بەڵکو هەندێکجار سەرکوتیان کردووە و ڕێگرییان لێکردووە له‌وه‌ی به‌زمانی خۆی قسە بکات، یان جلوبەرگی خۆی بپۆشێت، بەمشێوەیە وایلێهاتووه‌ ته‌نانه‌ت خەونی گەڕاندنەوەی دەوڵەتەکەشی وەک ناپاکییەكی مه‌زن ته‌ماشای بكرێت کە شایستەی توندترین سزاکان بێت.

ئەمە ئەو ڕاستییە تراژیدییە کە مرۆڤی کورد لەنێو نه‌هامه‌تیيه‌كانیدا له‌گه‌ڵ كه‌سانێكدا دەژی کە بانگەشەی  ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن خۆشیان ده‌وێت، لەکاتێکدا منداڵ و ژنەکانی بە خراپترین جۆری چەکی کوشندەی کیمیایی دەسووتێنن و بانگەشەی  ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن خۆشیان ده‌وێت،  له‌ده‌مێكدا بە هەزاران كه‌سیی له ‌گۆڕی بەکۆمەڵدا بە زیندوویی دەیاننێژن.

هەموو ئەم پێشێلکاريیە مرۆییە ترسناکانە لەلایەن نامسوڵمانەوە لەگەڵیان ناکرێت، بەڵکو لەلایەن مسوڵمانانەوە دەکرێت، ڕەنگە هۆكارى ئەوەی مسوڵمانان به‌سه‌ریاندا هێناوه‌ ئه‌وه‌ بێت کە کورد مسوڵمان بوون، بۆیە کەس نییه ‌بەرگرییان لێبکات، چونکە ئەوان بەئیرادەی خۆیان ئایینێكیان  هەڵبژاردووە کە دەیانچەوسێنێتەوە.

بۆیە پێموایە ئەوان بوێری ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌یان نه‌بووایه‌ ئه‌گه‌ر كورد بۆ نموونە گاور یان جوله‌كه‌ بوونایه‌. بێگومان لێره‌دا ئەم ڕاستییە پڕ ئازارە بۆتە هۆكاری ئەوەی هەندێک لە کوردەکان لە ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه ‌و ڕووبكه‌نه‌ مەسیحییەت یان بێدینی، یان بێباوه‌ڕی، لە وەڵامی ئەم پێشێلکاريیانەی لە سایه‌ی ئایه‌ته‌كانی قورئاندا بەرامبەریان دەکرێت، یان ناوی ئیسلامیان بۆ تاوانەکانیان بەرامبەر بە کورد به‌كارهێناوه‌. ئەمەش بەزۆری گەنجه‌كان لەخۆوە دەگرێت و ڕاستيیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئیلحاده‌ كاردانه‌وه‌یه‌، نه‌ك ئیلحادێكی سروشتی.

لە ڕۆمانێكمدا به‌ناوی( الملحد)، یەکێک لە كه‌سه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ دەڵێت:" ئەگەر کورد جولەکە بوایە، سەدان ساڵ لەمەوبەر دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی لەسەر خاکی خۆی دەبوو، کەس نەیده‌وێرا بەرد بگرێته ‌دیواری دەوڵەتەکەیان، ئه‌وان پێشتر دەوڵەت بوون، تەنانەت پێش هاتنی ئیسلام ئیمپراتۆریەتیش بوون، بەڵام کە ئیسلام هات، باوه‌ڕیان پێهێنا و باوەشیان بۆ کردەوە، به‌تێپه‌ڕبوونی كات وەک ئەوەی دوژمنی هەندێک لە مسوڵمانان بن،  مسوڵمانه‌كان له‌ژێر دروشمی ئیسلامییدا ده‌ستیان كرد به‌ سته‌مكردن لێیان، تا لە ئیسلام دەریان بکەن، له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌مان سووربوون لەسەر مانەوەیان به‌مسوڵمانێتی و مه‌نهه‌جی  سوننە و جەماعە و پێشکەشکردنی باشترین كه‌سەکانیان بۆ خزمەتی ئیسلام، ئه‌وه‌ش هیچ سوودێكی نه‌بوو بۆیان، تەنانەت وایلێهات هەندێکیش كوردیان له‌ نەتەوەی کوردی داده‌ماڵی، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد کورد نین، چونکە تەنانەت ئەو بیرۆکەیەیان قبوڵ نییە کە کورد  خزمەتی ئیسلام بکات.

هیچ وەسیلەیەکی کوشتنیان نەهێشتەوە به‌كاریان نه‌هێنابێت بۆ کوشتنیان، به‌فیشه‌ك کوشتنیان، لەژێر ئەشکەنجە و برسیکردندا کوشتنیان، له‌سه‌رمادا ڕه‌قیان كردنه‌وه‌ و کوشتنیان، به‌هەڵواسین کوشتنیان، خنکاندنیان، بە سەربڕین کوشتنیان، به‌پانكردنه‌وه‌ کوشتنیان، به‌ چەقۆ لێدان کوشتنیان، به‌سه‌رپانكردنه‌وه‌ کوشتنیان، بە تاک کوشتنیان، بە هەڵمەتی کۆمەڵکوژی کوشتنیان، لە زیندانەکاندا کوشتنیان، بە زیندەبەچاڵکردنیان بە زیندوویی کوشتنیان، بە گازی ژەهراوی کوشتنیان، بە چەکی کیمیاوی کوشتنیان، منداڵەکانیان بە بەرچاوی دایک و باوکیانه‌وه‌ کوشت، دایک و باوکیان بە بەرچاوی منداڵەکانیانەوە کوشت. بەڵێ کچەکەم ئەگەر کوردەکان جولەکە بوونایە ئه‌وا جولەكه‌ ئەم هەموو بەڵایەیان به‌سه‌ر نه‌ده‌هێنان، ئەگەر مەسیحی بوونایه، مەسیحیەکان کۆمەڵکوژیان بەسەر نەده‌هێنان، ئەگەر هیندۆسیی بوونایە، ئەگەر بوودایی بوونایە، ئەگەر هه‌ر بیروباوەڕێکی تریان هه‌بووایه‌ جگە لە ئیسلام، ئەو هەموو کارەساتەیان بەسەر نەدەهات كه ‌به‌سه‌ریان هاتووه‌، بەڵام كاتێك هەندێک لە مسوڵمانان بە دوژمنی خۆیانیان دانان، له‌سه‌ر باوەڕی خۆیان بەجێیان هێشتن، هەموو ئەمانە کچم  بۆ ئه‌وه‌ بوو تا لە ئیسلام دەریان بکەن.

 له‌مه‌شدا به‌رانبه‌ر هەندێک لە گەنجەکانمان سەرکەوتووبوون و له ‌ئیسلامیان هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه،  کاتێک هه‌موو ئه‌مانه‌ لەسەریان کەڵەکەبوون  و هه‌موویان هەڵگری دروشمی ئیسلامیی بوون و  لە هه‌ندێك قۆناغیی مێژوويیدا ڕوویداوه‌ مسوڵمانه‌كان ڕێگریيان لێ دەکردن تەنانەت بە زمانی خۆیان وشەیەک بڵێن، یان ناوێكی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن، تەنانەت پۆشاكی خۆیان لەبەر بکەن،  ئه‌وه‌یان لێ  قەدەغەكردن به‌زمانی خۆیان یه‌ك پیتیش بنووسن، هەندێک لە گەنجەکانمان له‌ وەڵامی هەموو ئەمانەدا وازیان لە ئیسلام هێناو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، هه‌یانه‌ مولحیدبوونی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌، له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌دا به‌رانبه‌ر ئه‌و باوه‌ڕداره‌ سیاسيیانه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و سته‌م له‌ كورد ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ كورد ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی مسوڵمان بوون پێویسته‌ له‌ قه‌ومیه‌تی خۆیان دابماڵدرێن و ببنه‌ شوێنكه‌وته‌ی ئه‌مان، وایلێهات گرووپی سیاسی  له‌لایه‌ن مولحیدانی كورده‌وه‌ دروست بوو. 

کەواتە: کورد هیچی تری بۆ نەماوە جگە لەو کەلەپوورە کەلتووریيەی کە لەهەمانکاتدا بۆتە دیوه‌كه‌ی تری دەوڵەتە ون و دڵخوازەکەی. بێگومان ڕۆمان داوای گێڕانەوەی مافەکانی ئەم گه‌له ‌دەکات و لەلایه‌ك شوناسی کوردی لای کورد بەهێز دەکات، هه‌روه‌ها ئەم مافەی به‌به‌رچاوی ئه‌وانی تره‌وه‌ زه‌وتكراوه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌، چونکە زۆرینەی کورد بە کوردی نانووسن، بەڵکو بە زمانەکانی دیکەی وەک: عەرەبی و فارسی و تورکی ده‌نووسن. جگه‌ له ‌هه‌رێمی کوردستان كه‌ تاکە هەرێمی کورده‌ کە ئه‌وانه‌ به‌ زۆری ده‌زانن بۆ كورد و، دەیانەوێ لێیان بسه‌ننه‌وه‌ و، سه‌رقاڵی پیلانگێڕین لە دژی  و، ده‌یانه‌وێت برسی بکەن، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بپچڕێنن، هێرشی ببه‌نه‌ سه‌ر. دیسانیش هەموو ئەمانە تەنیا لە مسوڵمانانەوە دێت نەک لە کەسی تر، بۆ؟! چونکە ئەوان دڵنیان  کە کورد مسوڵمانە و چەند منداڵ و ژن و پیاویان بکوژێت، چەند ستەمیان لێ بكرێت کەس بەرگریان لێ ناکات.

بەڵێ ڕۆمان هەموو ئەو ڕاستییە تاڵە تۆمار ده‌كات کە کورد  بەدەستی مسوڵمانان چه‌شتی، تاكه‌ تۆمەتیان ئەوەیە کە ئەوان مسوڵمان بوون، یەکەم شت کە مسوڵمانان به‌سه‌ریان هێنان تاڵانکردنی دەوڵەتەکەیان بوو، تەنانەت هەوڵی تواندنەوەی زمان و دزینی کەلەپوور و شارستانییەته‌كه‌یان و ده‌ستدرێژیكردنه‌سەر باشترین ئه‌دیب و نووسەر و هونەرمەند و سه‌ركرده‌كانیاندا.

بەڵێ ئەمە ئەو شتەیە کە ڕۆمانی کوردی تۆماری ده‌كات، ئیدی چ لەلایەن ڕۆماننووسێكی کورده‌وه‌ بە کوردی نووسرابێت، یان بە زمانێكی دیكه‌ نووسیبێتی. یەکەم ڕۆمانم به‌ناوی (بروین) لە ساڵی 1997 لە دیمەشق به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رپێچی له‌ یاسای بڵاوکردنەوە بڵاومكردەوە، باسم له‌ كرۆكی ئه‌م بابەتە کردووه‌. من سانسۆرم ڕەتکردەوە و  گوێم به‌وه‌ نه‌دا  یاسا ڕێگه‌ بە چاپکردنی ڕۆمانەکەم نادات، هه‌موو ئه‌وانه‌م گوێ پێنه‌دا و ڕۆمانه‌كه‌م چاپ كرد، ئه‌وه‌ بوو ڕۆمانه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراو منیش لەلەلایەن ئاسایشی سیاسییەوە له‌ دیمەشق  دەستگیرکرام.

ڕەنگە ئەم ڕۆمانە  لە یەکەمین ڕۆمانە سورییەکان بێت  کە داوای مافی کوردی کردووە، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی ئەو پاڵەوانەی ڕۆژێک لە خەو بێدار بوویه‌وه‌ و جه‌سته‌یه‌كی دیکەی له‌لاشه‌ی خۆیدا بینی، بۆیە کەیسەکەی بوو به‌ گەڕان بەدوای جەستە ونبووەکەیدا ، چونکە ئێستا بە جەستەیەکی نامۆوه‌ دەژی، خەڵکیش بەم جه‌سته‌ نوێيه‌وه‌ ده‌یانناسیی كه‌ ئەو  ئێستا به‌وشێوه‌یه‌یه‌،  كاتێ باسی له‌ گه‌ڕان بە دوای لاشە ونبووەکەیدا دەكرد به‌شێت تۆمه‌تباریان ده‌كرد.  ڕۆمانەکە هه‌روه‌ها باسی مەسەلەی بڵاوبوونەوەی پەیوەندییە سێکسییە لادەرەکانیشی له‌خۆگرتبوو.

دواتر ڕۆمانی ڕۆهات (روهات)م لە دیمەشق و بەیروت له‌ ساڵی 2006 بڵاوبوویه‌وه‌، له‌م ڕۆمانه‌مدا  هاتووه‌: (مه‌ناف وتی:" ئه‌وه‌ی دڵخۆشم ده‌كات دکتۆر، ئه‌وه‌یه‌ کە کورد سەرەڕای ئەو هەموو پارچەپارچه‌بوونە، بەو هەموو هێزەوە دژایه‌تی ده‌كرێن كه‌چی هێشتا زمانی خۆی پاراستووه‌".

چونکە زمان ئه‌و به‌شه‌ی نیشتمانیانه‌ كه‌ ماویانە و کەس ناتوانێت لێیان زه‌وت بكات، بۆیە منداڵی کورد شوێنی له‌دایكبوونی هه‌ركوێ بێت یه‌كه‌م شت خۆی فێری ئەلفوبێی کوردی دەكات، هەروەها ژنی کورد ئەگەر لەگه‌ڵ خێزانێکی غەیرە کورد هاوسەرگیری کرد، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە منداڵەکانی فێری زمانی باوباپیرانی بكات و تەنیا کاتێک هەست بە نزیکبوون لە منداڵەکانی دەکات کە بەم زمانە قسه‌یان له‌گه‌ڵ دەکات، خۆشحاڵە كاتێ ده‌یانباته‌وه‌ بۆ لای ماڵباته‌كه‌ی خۆی به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن، زمانی کوردی زمانێكی ئاریايی دێرینە و دابەش بووە بەسەر چوار شێوه‌زاری سەرەکیدا کە لە سێ ناوچەی کوردستان بڵاوبوونەته‌وه‌، شێوه‌زاری كرمانجی باکوور كه ‌کوردانی تورکیا و سووریا و دهؤک لە عێراق قسەی پێ دەکه‌ن، شێوه‌زاری کرمانجی باشوور كه‌ زؤرينه‌ى کوردانی عێراق و ئێران قسەی پێ ده‌كه‌ن، لەهجەیەکی ڕۆژئاوایی هەیە کە لەنێو چەند هۆزێکی پەرتەوازەی کورد بڵاوه‌.

شێوه‌زاری باشوور بەسەر سێ بنزاردا دابەش بووە، ئه‌وانیش: بابانی، سۆرانی، هه‌ورامی و گۆرانییە، سێيەمیان لە دیالێکتەکانی لوڕ و به‌ختیاريی و له‌ك پێکدێت، زمانی کوردی هەزاران وشەی هاوشێوەی ئەو وشانە لە زمانەکانی ئاریان  تێدایە، لەوانە خێزانی زمانی سلاڤی و ئەوروپی و خێزانی زمانه‌ ئێرانییه‌كان، کە جگەلە زمانی کوردی، لە زمانەکانی فارسی، ئەفغان، به‌لۆچی و ئەستینی پێکهاتووە.

زمانی کوردی زۆر كۆنه‌ و ئه‌وه‌م بۆ ڕه‌خسا هاوشێوه‌یی ئه‌و له‌گه‌ڵ کۆنترین زمانی نووسراو كە مرۆڤ ناسیبێتی ببینم.

-مەبەستت سۆمەرییە؟

- بەڵێ مەناف، بەم زمانە بە (شجرة) دەگوترێ: دار، بە کوردیش به‌هه‌مان شێوه‌ پێی دەوترێ: دار، بە قوڵایی دەوترێ: کور، بە کورديش دەوترێ: کور،  بە جۆ وتراوە : شا جۆ، بە کوردی دەگوترێ: جۆ.

کاتێک کە ئاهەنگەکانی جه‌ژنی نه‌ورۆز دەبینن، بۆتان دەردەکەوێت کە فۆلکلۆری کوردی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین فۆلکلۆره‌كانی گەلانی جیهان، کە تا ئەمڕۆ لە پاراستنی کەلەپوور و ڕەسەنایەتیی خۆیان بەردەوامه‌.

مرۆڤی کورد لە هەر کوێیەک بێت مرۆڤێکی ئاشتیخوازە، چه‌ندین داستانی میللی لە کەلەپووری کورددا هەیە: زەمبیل فرۆش، كه‌ ئامۆژگاری سه‌ره‌كی زۆری بۆ مرۆڤی کورد لهخۆگرتووه‌.

پیاوەکە بە ژنەکەی دەڵێت: خەونێکی جوانم بینی، کۆشکی زێڕم هاته‌ پێشچاو و تۆم لەو کۆشکانەدا لە پشتی پەردەکانه‌وه‌ به‌دی كرد وه‌ك په‌ری ڕاوەستابووی، كاتێ ویستم بێمە ناو کۆشکەکان تا لەگەڵ تۆ بم، له‌وكاته‌دا  په‌رییه‌ك دەرکەوت و پێی گوتم: بگەڕێوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی هاتووی، مەچۆره‌ کۆشکەکان و بڕۆ وه‌ك گەشتیارێک بگه‌ڕێ، هەژار و دیندار به‌، دەستبه‌رداری نوێژ و ڕۆژوو مەبە، بە پاڵتۆیەکی کۆنه‌وه‌ هەژارانه‌ بژی، گوێ بگرە و یارمەتی برا هەژارەکانت بدە، نه‌كه‌ی ببیته‌ میری ژێر کۆت و بەند،  چونكه‌ دەزانی مردن بە حەتمی دێت و ده‌ربازبوون لێی نییه‌، باشه‌ ئیتر چ پێویستت بە پارەی جیهانە؟

واز له کۆشک و تەلار و باخەکان بهێنه، کاری چاك و باش ئه‌نجام بده‌ تا بچیته‌ به‌هه‌شت .ئه‌مه‌ بانگهێشتی پیاوی کورد دەکات به‌ سادەییه‌وه‌ بە دونیادا بگەڕێت و، بە خۆشی بژی، خۆشەویستی بچێنێت و تا دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات.

له‌په‌ندی کوردیدا هاتووه‌: زێڕ، سەرەڕای بەرزی نرخەکه‌ی، پێویستی بە بڕین هەیه‌، ئەمه‌ش ئا{استه‌كردنییه‌تی به‌وه‌ی کە  ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌رچه‌ندی هه‌بێت، پێویستیان بە هەژارانە.

له‌ خۆشەویستییەوە دێته‌ دی، سەبر و ئارامگریی لە چیاکانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌بڕوای من خۆڕاگرترین مرۆڤە له‌سه‌ر ئازار، پێموایە ئەمە گرنگترین فاکتەرێکە كه‌ توانیوویه‌تی تا ئێستا بەبێ نیشتمان بوونی خۆی بپارێزێت و بمینێته‌وه‌، بەڵكو هۆکاری خۆڕاگریشيیه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تەنانەت ڕێگه‌ی قسەکردنی زمانی خۆی و هه‌ڵپه‌ڕینی به‌شێوه‌ی میللی خۆی و گۆرانی وتنی لە هەندێک شوێن کە لێییەتی پێنادرێت. تەنیا گه‌له‌ کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 30 ملیۆنه‌ و  سێیەم گەورەترین گه‌لی ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ڕووی دانیشتوانه‌وه‌ و، یەکێک لە کۆنترین گه‌لانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خواروو كه‌ لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا نیشته‌جێبوون، ڕووبه‌ری خاکی کوردستان زیاتره‌ لە دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهانە، هه‌تا ئێستاش کورد له ‌هه‌موو ناوچه‌كان پەرتەوازەیە  به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌كیان هه‌بێت، بێ ئەوەی زمانێکی هه‌بێت و جیهان دانی پێدا نابێت.

دوای چەند ساتێک بێدەنگی له‌كاتێكدا هه‌ردووكیان سەیریان دەکرد گوتی: دەمەوێ ئەوەتان بۆ ڕوونبکەمەوە کە وشەی جیهاد لای مرڤی كورد پەیوەستە به‌جیهادی خۆشەویستییەوە، ئه‌و ده‌كرێت له‌پێناوی ئەو کەسەدا گیانی ببه‌خشێت كه‌ خۆشی ده‌وێت لەکاتێکدا کە قبوڵی نییه‌ له‌پێناوی هه‌ر ئامانجێكدا زیان بە کەس بگەیەنێت. ئه‌و زۆر شت له‌بیر ده‌كات، زۆریش لێبورده‌یه‌ لەپێناوی ئه‌وه‌ی به‌ کراوەیی و خۆشەویستی و پەیوەستبوون بەوانی ترەوە له‌ قسەکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابووريی و مرۆییەکان بمێنێته‌وه‌. من پێموایە ئەو خۆشەویستییە بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداره‌ لە بنیاتنانی کولتوور و شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا.

تەنانەت کاتێک نووسەرێک جگە لە زمانه‌ کوردییەکەی خۆی به‌زمانێكی تر دەنووسێت، به‌کوردی بیردەکاتەوە و ده‌نووسێت، بۆ نموونە بە عەرەبی دەنووسێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئەم ڕۆمانانە جێی سەرنجڕاكێشانن. ئەدەبی عەرەبی ئەزموونی لەو جۆرەی تێدایه‌ کاتێک هەندێک نووسەری عەرەب بە زمانەکانی دیکە نووسیوویانه‌، وەک ئەزموونەکانی ئەمین مەعلووف لە ڕۆمانی "صخرة طانيوس"دا کە بە زمانی فەڕەنسی نووسیویەتی، هەروەها كاتب یاسین لە ڕۆمانی نەجمە و هەندێک لە شيعرەکانی مالیک حەداد.

ئەم کارانە خاوه‌ن ناسنامەی کوردین به‌ زمانی جیاواز نووسراون، چونکە نووسینیان بەو زمانانە ناسنامەی نەتەوەیی کوردیێتیان لێ دانابڕێت، هه‌روه‌ها نووسینه‌كانی ئەوانەی باسم کردن هه‌مان ناسنامەی عەرەبی ڕەسەنیان هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ بە زمانی ناعەرەبی نووسراون. هەروەک شيعرەکانی مالیک حەداد وایكرد ڕۆشنبیرانی فەڕەنسا بەجۆش و خرۆشه‌وه‌ لە بەرانبه‌ر داگیرکاری فەڕەنسا لە جەزائیر ڕابوه‌ستن، لێره‌دا نۆبه‌تی ئه‌و نووسەرانه‌ی کوردە کە سەرکەوتووبوون لە قایلکردنی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیرانی عەرەب بۆئەوەی پشتگیری له‌ كێشه‌كه‌یان بكه‌ن.

ئەدەبی کوردی ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه‌ كه‌ ناسنامەی گەلی کوردی هه‌ڵگرتووە، نووسه‌ری کوردیش ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌ كه‌ ویژدانی گەلەکەیەتی و نوێنەرایەتی ناسنامەکەی دەکات، و گەل و نیشتیمانی بە جیهان دەناسێنێت، بۆیە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ڕۆمانی کوردی، ئیدی به‌ هەر زمانێک نووسرابێت ئەوەیە کە توانیویەتی هەستی نه‌ته‌وه‌یی كورد بۆ  نەوەكانی داهاتووی کورد بپارێزێ و بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان پەرە پێبدات.a


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure