نووسينى: دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕەخنەگر.
دڵشاد کاوانی: فرەڕەهەندی بنەمایێکی بەهێزە بۆ دیاریکردنی ڕۆمانی باش و ناوازە. ئەوانەی زمان سادە دەکەنەوە چیرۆک چڕدەکەنەوە ئەمانە نووسەرانێکن پانتایی بیرکردنەوەیان بچووکە و هەڵگڕی مەعریفەیەکی پتەو و بەهێز نین.
دڵشاد کاوانی: کۆمەڵێک ڕۆماننووسی تازە پەیدابوون فێری ئەوە بوون دەڵێن دەبێت ڕۆمان زمانی سادەبێت و گرێی گاڵی تێدانەبێت، دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خوێنەرانیان بگونجێنن من پێموایە پانتایی بیرکردنەوەی ئەم ڕۆماننووسانە خۆی سادە و ساکار و بێ ئەوەی خۆشیان هەست بەوە بکەن لەگەڵ ئاستی خوێنەرەکانیان دابەزیوون.
دڵشاد کاوانی: مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بەدوایدا بچێت.
پێشەکی:.
ڕۆمان وەک دیارترین و تازەترین ژانری سەرەکی ئەدەبی، بۆتە بابەت و ڕوانینی جیاجیای ناوەندە زانستی و ئەدەبییەکانی جیهانی و وەک زهروورەتێکی ئەدەبی خۆی خزاندۆتە نێو سەرجەم ئەدەبیاتی نووسراوی جیهان و ئەدەبە جیاوازەکانی گەلان و هەریەکەیان بە زمانێک و کلتوورێکی جیاوازەوە لە ڕێگای ڕۆمانەوە دید و ڕوانین و بچم و دابونەریت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان نیشاند دەدەن.
چیرۆک و ڕۆمان لە شێوەی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب بە سادە و ساکاریی لە هەناوی پەخشانەوە لەدایکبوو پاشان خزایە نێو فەرهەنگ و کایەکانی ژیانی مرۆڤ، بەم جۆرە لەڕووى مێژووی ئەدەبییەوە ڕۆمان دەرگای بەسەر خواستی مرۆڤایەتی کردووە و دواتر گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بۆئەوەی بەراوردێکی ئەدەبی زانستيیانە بکەین، دەبێت سەرەتا بزانین ژانری ڕۆمان چییە و چۆن و کەی وەک پێوستییەکی نووسین ڕووی کردۆتە نێو ئەدەبیاتی جیهان و مێژوویی ئەدەبی نووسراوی کوردی، ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشە ئەدەبییەداین، کە ڕۆمان وەک ڕەوتێکی تازە و هەنووکەیی دونیای ئەدەب پێیدا تێدەپەڕێت.
سەرەتا:.
ڕێشەی ڕۆمان بۆ وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ چیرۆک بەکاردەهێنرا. وەک ناسنامە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا وادادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە پەنجا هەزار وشە لەخۆبگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوە لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات.
مێژووی ڕۆمانی جیهانی:.
هەرچەندە ڕۆمان لەچاو ژانرەکانی تری ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، دەقی ڕۆمان كە بەشێوەی پەخشان نووسرابێت نەوەك شیعر و بە یەكەم ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤاییەتی دابنرێت و بەتەواوی بەشەكانییەوە مابێتەوە، ڕۆمانی (كەری زێڕین)ـ لە نووسینی نووسەر و فەیلەسووفی ئەمازیغی لۆكیوس ئەپۆلیوس، لە ساڵی (١٢٥-١٨٠ز) ئەگەرچی ڕۆمانێكی دیكە پێش ئەو هەیە بەناوی (سێریكون) لە نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئەریتەر) کە لە ساڵی (٦٦ز) مردووە و ڕۆمانێكی تەنزئامێزە، بەڵام بەناتەواوی گەیشتووهتە دەستی خوێنەران و هەندێک بەشی لێ فەوتاوە. بۆیە ڕۆمانی (كەری زێڕین) یەكەم ڕۆمانی كۆنە كە دەقەكەی هیچی لێ نەفەوتابێت و وەک خۆی مابێتەوە. ڕۆمانی (كەری زێڕین) بە شێوازێكی نوێی ئەدەبی و بەشێوەی پێكهاتەگەرایی نووسراوەتەوە كە كۆمەڵێك چیرۆك لەخۆدەگرێت، كەسی یەكەمی تاك ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە، ئەو شێوازەی لەم ڕۆمانەدا بەكارهاتووە، لە سەردەمەكانی دواتر لە گەلێك ڕۆماندا بەكارهێنرا و سوودی لێوەرگیرا و تا ئێستاش سوودی لێوەردەگیرێت.
لۆكیوس ئەپۆلیوس، نووسەرێكی لاتینی و گوتاربێژێكی ئەمازیغیی نۆمیدیە و فەیلەسووف و زانای سروشت و ڕۆماننووس و شانۆنووس و داستاننووس و شاعیر بووە، خەڵكی ناوچەی نۆمیدیا بووە، كە دەكەوێتە وڵاتی جەزائیری ئێستا. لە ساڵی ١٢٥ز لە شاری مادور (مداوروشی جەزائیر) لەدایكبووە، لە ساڵی ١٨٠ز كۆچی دوایی كردووە.
سەرەتای ڕۆمانی ئەوروپی نوێ:.
لە دوای ئەوە، توێژەرانی ئەدەبی، باسی ڕۆمانی "دۆن كیشۆت"ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس (١٥٤٧- ١٦١٦ز) دەكەن، كە بە دوو بەش لە ساڵانی ١٦٠٥ و ١٦١٥ بڵاویكردووهتەوە و بە یەكەم ڕۆمانی ئەوروپیی نوێ، بە یەكەم گەورەترین كاری ئەدەبیی جیهانی دادەنێن و بۆ زۆربەی زمانەكانی جیهان وەرگێڕدراوە.
ڕۆمان لە جيهانی عەرەبی:.
هونەری ڕۆمان زۆر دواتر دەگاتە جیهانی عەرەبی و ڕۆمانی ئاقیبەت خێر (حسن العواقب)ی زەینەب فەواز كە لە ساڵی ١٨٩٩ دەرچووە، بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دێتە هەژمار، دوای ئەویش ڕۆمانی دڵی پیاوەكە (قلب الرجل)ی لەبیبە هاشم كە لە ساڵی ١٩٠٤ بڵاویكردووەتەوە، پاشان ڕۆمانی (بديعة و فؤاد)ی عەفیفە كەرەم دێت، كە ساڵی ١٩٠٦ بڵاوكراوەتەوە. ئەم ڕۆماننووسە ئافرەتانە، پێشەنگی ڕۆمانی زمانی عەرەبین و هەرسێكیان خەڵکی وڵاتی لوبنانن. ئەمە لەكاتێكدا كە تا ماوەیەكی زۆر و بەر لە دۆزینەوەی ئەمانە، لە مێژووی ئەدەبی عەرەبیدا، ڕۆمانی (زەینەب)ی محەمەد حوسێن هەیكەل، كە لە ساڵی ١٩١٤ بڵاوبووهتەوە، بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دەزانرا(1).
ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا:.
کەچی زۆر لەوە بەکاوەخۆتر لە ئەدەبیاتی كوردی لەڕووی گێڕانەوەوە، وەكوو هەموو بوارەكانی دیكە، لە دوای ئەدەبیاتی وڵاتانی دیكە دێت، یەكەم ڕۆمانی كوردی، لە ساڵی ١٩٣٥ لەلایەن عەرەبی شەمۆ (١٨٩٧- ١٩٧٨)، لە ئەرمەنستان بەناوی (شڤانێ كورمانجا) بڵاوكراوەتەوە كە بە پیتی ڕووسی نووسراوە، بەمەش (شڤانێ كورمانجا) دەبێتە یەكەم ڕۆمانی كوردی كە چاپ و پەخش كرابێت(2).
پێش ئەوە، ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) كە ئەحمەدموختار جاف لە ساڵانی (١٩٢٧- ١٩٢٨) نووسیویەتی، بەڵام ئەو كات و بەهۆی نەگونجانی بارودۆخەكە، یان ههر بارودۆخێكی دیكهی پهیوهست به نووسهرهكهیهوه، ئەم ڕۆمانە چاپ نەكرا و بە دەستنووس مایەوە، تا ساڵانی حەفتا، ئینجا چاپ و بڵاوكرایهوه.
یەكەم ڕۆمانی چاپكراوی كوردی باشووری كوردستان، ڕۆمانی (پێشمەرگە)یە، كە دكتۆر ڕەحیمی قازی نووسیویەتی و سەرەتا لە ساڵی ١٩٥٩ لە شاری ئیرەوانی وڵاتی ئەرمینیا چاپكرا و چاپی دووەمیشی لە بەغدا لە ساڵی ١٩٦١ بڵاوبۆتەوە.
قۆناغەکانی ڕۆمان:.
ڕۆماننووسان، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزريی و پێویستی ئەدەبی و کەرهستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بەڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەرهەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێننەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بەگشتی بەم جۆرەیە.
ڕۆمانی سەدەی نۆزدەههم
لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لەژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و ھەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون. گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی ١٨٤٧ لە نووسینی چــارلۆت بــرۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لەناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.
نمونەیەکی دیکە (وزەرین ھایت) کە لە ساڵە ١٨٤٧ بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە. ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بەناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی نـــاسانیەل ھۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.
ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا
ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (1837-١٩٠١). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستە دەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریيانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کـــریسمس کــارۆڵی) لە ساڵی ١٨٤٣ نووسیووە. لــویس کـــاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی ١٨٦٤ و (بەناو شێوە شووشەییەکە)دا لە ساڵی ١٨٧١ نووسیووە.
ڕۆمانی ڕیالیزمی
ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەریهەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سرووشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێھێز ببوون بەھۆی سرووشتيیانەوە.
نموونەی ڕۆمانی سرووشتگەرایی (کابینەی خاڵە تــۆم) ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، لە ساڵی ١٨٥٢ دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیویەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لەلای (تــۆم ســاویێر) لە ساڵی ١٨٧٦ و (سەركێشی هەكەلبێرى) لە ساڵی ١٨٨٥ لەلایەن (مـــارک تــواین) و (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.
ڕۆمانی (مۆدێرنێتە) و سەدەی ھاوچەرخ
ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەش دەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنێتە(1900-1945) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆست مۆدێرنێتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، سرووشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمی سەرەکی ڕۆمانەکانە.
ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیھانی و جەنگی فێتنام و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمۆنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی بێ و نوسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.
ڕۆمانی پۆست مۆدێرن
هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆست مۆدێرنێتە، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناويی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوە دهكاتهوه کە مرۆڤ لەلایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فهرمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنێتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆست مۆدێرنێتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) 1982 لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی 1966، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە 1976، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی 1973، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (100ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا ماركێز.
ڕۆمانی ناوخۆ:.
لە سەرەتاکانی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەقی ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردی کەوتە جموجۆڵ و گەشەی ئەدەبیی خۆی کە لە ڕۆماننووسانی شەستەکان دێن، بگرە تا دێتە سەر نەوەی حەفتاکان، نەوەیەکی دیاری ڕۆماننووسانی کوردین زۆر بەڕوونی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیاڵیستی و بەهۆی بوونی کێشەیەکی نەتەوایەتیی زیاتر بەرەو ئەدەبی بەرگريی و ناسیۆنالیزمی و بە دیاریکراوی لەژێر هەژموونی ئەدەبی ڕووسی دان. بەتایبەتی ماکسیم گۆرکی و دیسکۆفیسکی و تریرۆدۆسکی کاریگەری تەواویان لەسەر ڕۆماننووسانی کورد هەیە. بۆیە زۆرتر گۆشەنیگای ئەدەبی ئەوانە لەسەر فۆرم بووە، نەوەک تەکنیک و شێوزا و بونیادی ئەدەبیی.
لە ئەدەبیاتدا بەگشتی پێوەرێک هەیە و پەيڕەوی دەکڕێت وەک جولیا کریستۆفا دەڵێ: هەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕێشەی لەناو تێکستی پێش خۆیەتی. بەواتایەکی دیکە گەڕانەوەی نەوە بۆ پێش نەوەی خۆی ڕەنگە ڕەوابێت، ئەمە بەهێزی نەوەی دواتر دەردەخات. لێ من ئەمە بۆ ڕۆمان بە باش نابینم، چونکە دەبێت ڕۆمان هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاريی و پێویستی ژیانکردنی مرۆڤایەتی خۆی نوێ بکاتەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆڵ و ئاڕاستە نوێکانی ڕۆمانی جیهانی ڕێ بکات.
من ئەم دەرچوونە لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بەدەگمەن دەبینم، هەرچەندە خۆ جیاکردنەوەی ئەدەبی پێوستی بە ڕێچکە و ڕێبازی ئەدەبی خۆجێی هەیە. بەڵام لە ئەدەبیاتی کوردی تەنیا هەوڵ دەبیندرێت، هەروەک ئۆکتاڤیۆپاس گوتوویەتى: نوێخوازى لە بەرانبەر نوێخوازییەکى تر ڕەخنەى گرتووە و خۆى بەیان کردووە، بۆیە لەڕێگەى مانیفێستەوە دەریدەبڕن. بەشەکەى دیکەیان ئەو جەنگەیە کە لە نێوان گرووپى ئەدەبى شارچییەتی هەیە، بیانووەکەش ئەوەیە کە جیاوازى ستایلى کارکردنە، یاخود جیاوازى بۆچوونە بەرانبەر بە زمانى ئەدەب. ئەگەرچى مانیفێستەکە چ لەنێو فیکر و چ لەنێو ئەدەبیاتى گەلانیشدا شتێکى نوێ نییە، پێشتر لەنێو ئەدەبیانى گەلانى ڕۆژهەڵاتیشدا هەبووە، بۆ نموونە لەنێو فارسەکاندا، (بزورگى عەلەوى، سادقى هیدایەت و د.موسەدەق) هەبوون، ئەم ئەدیبانە لەژێر کاریگەرى ئاڵوگۆڕى ڕەوشێکى سیاسى لە ئێران، ئەو مانیفێستەیان دەرکرد، لەناو عەرەب و بەتایبەتى ئەدهیبانى عێراقیش وەک (سامى مەهدى، فازل عەزاوى، فەوزى کەریم و خالید عەلى) دروستبوون، ئەمانیش لەژێر کاریگەرى فیکرى چەپگەرایى بوون کە لە ئەوروپاوە وەک پردێک لە لوبنان و میسرەوە ڕووی لە عێراق کردبوو، ئەم دەستانە خۆیان ڕاگەیاند و مانیفێستی تایبەت بە خۆیان بڵاوکردەوە.
دەستە و گرووپە ئەدەبیە کوردییەکان
بەهەمان شێوەش لەناو ئەدیبانى کورد، مانیفێستەى ئەدەبى گرووپى کفريى و ڕوانگەییەکان بەتایبەتی بزوتنهوهی (ڕوانگە لە ساڵى ١٩٧٠) هەبوون، ئەم بزوتنهوهیه یهکهمین بانگهوازی خۆی له ڕێكهوتى ٢٥/٤/١٩٧٠دا له ژماره (١٥)ی ڕۆژنامهی (هاوکاری) له شاری بهغدا بڵاوکردهوه. بزوتنهوهکه خواستی سهرهکی نوێکردنهوهی ئهدهبی کوردی بوو، به ههوڵی کۆمهڵێک قهڵهمی تازەی ئهو سهردهمه که دواتر دهبنه ناوێکی دیاری ئەدەبیاتی کوردی، لەوانە (حسێن عارف، کاکهمهم بۆتانی، جهمال شارباژێڕی، جهلال میرزا کهریم، کهمال ڕهووف محهمهد، شێرکۆ بێکهس) ئهمانه لەژێر دروشمی (بیری نوێ، وتهی نوێ، کرداری نوێ)، ههستکردن به زهرورهتی تازهکردنهوهی ئهدهبی کوردی و نوێکردنهوهی جیهانبینی خوێنەرانی کورد، ههڵدهستن به داڕشتنەوەی کۆمهڵێک فۆڕم و پێودانگ و جومگهی کۆنی ناو ڕۆشنبیری کوردی و گۆڕینی به فۆڕم و ناوهڕۆک و بابهتی تازه. لەوانە شێرکۆ بێکهسی شاعیر یهکێک بوو له ڕابهرانی بزوتنهوهکە هەرچەند ڕۆماننووسانی وەک حسێن عارف و کاکەمەم هەبوون، لێ ئەمە زێتر لە چوارچێوەی شیعریی و هەوڵی تاکەکەسی مایەوە، نەوەک دەستە و گرووپ.
هەروەها لە نەوەدەکانیشدا مانیفێستى (وێران) و پێشووتریش کۆمەڵێک نووسەری هەولێر دەستەجەمعییەکیان بەناوی قوتابخانەی هەولێر هەبووە، لە هەندەرانیش گرووپى (ڕەهەندییەکان) لە پەنای کارى فیکريی و لێکۆڵینەوەدا خۆیان ڕاگەیاند. لێ هیچ یەکێک لەو دەستە و گرووپانە کاریگەری خۆیان نەخستە سەر نەوەکان و ئەو ستایلە ئەدەبییەش کە تا ئێستا کارى پێدەکرێت. لێ لە هەریەکێک لەم بزوتنەوە ئەدبییەکان بەتایبەتی کوردی ڕۆڵی چێڕۆکنووسان و ڕۆماننووسان کەمتر دەردەکەوێت و مانیفێستەیانە نەبووە مۆدێل و گوتارێکى زاڵى ئەدەبى و نەوەى دواى ئەوان بیکات بە بنەما و کارى پێکات، چونکە ئەدەب کارى تاکگەراییە نەک گرووپ کە ئەمە دواى چارەکە سەدەیەک بوو بە تێگەیشتنى فیکرى لەناو ئەدیبانى کورد، هەربۆیە دواتر لەبەریەک هەڵوەشانەوە، کە بینیمان گرووپەکانى کەرکووک و ڕوانگە و هەولێر و ڕەهەندييەکان چۆن توانەوە و نەیانتوانی شتێک زیاد بکەن بۆ سەر ئەو مانیفێستە ئەدەبییانە، چونکە دەرکەوت ئەدەب کارى تەنیاییە نەک گرووپ.
دواجار ئەوەى کە لە چەمکى مانیفێستەوە تێدەگەین، کارێکى دوو پەتییە، یەکەمیان: لە پشت دەقى ئەدەبیدا مشتوومڕێکى مەعریفی و هزریى دێنێتە ئاراوە تا برەو بە جیاوازییەکان بدات، دووەمیان: ئەوەیە کە لەو دیووی ئەدەبدا جیاوازيیەکان دەمرێت، دەرووناسی کەسی توندڕۆ دادەبڕێنێت لە نووسەری دەق کە ڕەخنە لە دەقەکەى دەگیرێت و بە ئاسایى وەریدەگرێت، ئەوەش کە گورز لە جیاوازى دیدگا دەوەشێنێت، گرووپێک ئەوانیتر پشتگوێ دەخەن و دایاندەبڕن لە دونیاى ئەدەب، بە بیانووگرتنی نوێخوازيی و دابڕان و کەلێنێک دروست دەکەن و تاقی دەکرێنەوە، بۆیە هەموو مانیفێستێک تەنیاوتەنیا بۆ ماوەیەکى کورت دەڕۆن نەوەک درێژ.
دوو دەیەی پێشوو مایەی ئەوە بوون کە ببنە فاکتۆیەک بۆ گەشەسەندنی ئێستای ڕۆمانی کوردی هەرچەند ڕۆماننووسانی نەوەکانی پێشوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین، لەوانە حسێن عارف لە هەشتاکانەوە هەردوو ڕۆمانی شار و ئەندێشەی مرۆڤێکی چاپ کرد، عەزیزی مەلا ڕەش کوێخا سێوێ و غەوارە و خەسرهو جاف کۆردەرە و هیچی چاپ کرد.
لە ئەدەبیاتی شاخ و کێو دا، محەمەد موکری ڕۆمانەکانی سەگوەڕ و تۆڵە و هەرەس و حەمەکەریم عارف کۆچی سووری چاپ کرد. لە هەندەرانیش چەند بەرهەمێک لەدایکبوون وەک ڕۆمانی مرنا کاڵەکەی ڕەند و هاوارا دیجلەیێ محەمەد ئۆزۆن، بەشێوەزاری کرمانجی ژووروو.
ئەگەرچی لەم قۆناغانەشدا یەک شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری شۆسیالیستی ناسیۆنالیزمی بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.
سەرباری ئەو ڕۆمانانە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی ڕەچەڵەک کورد ڕۆمانیان بە زمانی بێگانە دەنووسی كه ناوبانگی جیهانییان هەبوو وەک یەشار کەمال کە بە تورکی دەنووسێت، سەلیم بەرەکات بە عەرەبی و ئیبراهیمی یونسی کە بە فارسی دەینووسی.
هەرچەند ئەم ڕۆماننووسانە لەڕووى زمانهوه ناچنە خانەی ڕۆمانی کوردی، کەچی لە ناوەڕۆکدا باسی ژیان و خەباتی کورد دەکەن.
- دواین نەوەی ڕۆماننووسی کوردی
تا ئێستا جگە لە چەند ڕۆماننووسێک کە بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرین، گەرنا بەگشتی ڕۆماننووسانی گەنج لەژێر هەژموون و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەی پێشوتر دەرنەچوون و نەیانتوانیوە ئەم قاوغە تێک بشکێنن. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر من دوو ڕۆمانی دوونەوەی جیاوازم خوێندەوە کە هەردووکیان لە ناوەڕۆکدا یەک باس بوون. کە یەکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانە و دووەمیان ڕۆماننووسێکی تازەیە، هەردووکیان لە فۆرم و ناوەڕۆک باسی ڕێکخستنەکانی ناو شاری بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن. ئەمە کاردانەوە و موتروبەکردنی بیری لقی دوومە لەسەر فۆڕم و بیری یەکەم لق و پۆپی گرتووە، کە دەبووایە سیمایەکی نوێی بە بیرەکەی بدایە. بۆیە پێوستە ڕۆماننووسان هەمیشە خۆیان تازە بکەنەوە و بەرەو ڕەوت و کارتێکردنی تازە بچن، لە بەرامبەرشدا هەوڵی زۆر جوان هەن وەک پڕۆگرافیکی شەوانی باکۆی کەماڵ سەعدی، لەڕووی شکلییەوە و سادیستییەتی ڕۆمانی بەڕێگاوەی بەندە و زانستیی مرۆڤی هەرزانی گۆران سەباح، عیرفانی ڕۆمانی میدیای هۆشەنگ شێخ محەمەد. کە بەتەواوی لە فکر و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانی پێش خۆیان دەرچوون و تازەن بە ئەدەبیاتی کوردی. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.
پەیام لەنێو ڕۆمانی کوردیدا.
لە هەموو دونیادا ڕۆمان ههميشه پەیامێکی بەرزتری بۆ خوێنەرانی پێیە، بۆیە زۆرجار نووسهر دهگهیهنێته ئاستی دوودڵی و دڵهڕاوێكی جددی. لێره كارامهیی و زهندی نووسهر خۆی زیت دهكاتهوه و دێته پێشهوه كاتێك كه وا له خوێنهر دهكات ناچار تا ئاستی دهق بهرزبێتهوه، چونكه پانتایی نێوان خوێنهر و نووسهر زۆرجار وهك پانتایی نێوان زهوی و ئاسمان واییه، گرنگه باشترین نووسهران ئهو كهسانه نهبن كه بۆ ئاستی خوێنهر دێنه خوارهوه، بهڵكو ئهوه خوێنهره دهبێت به پایهكان و نهردهبانهكانی نووسین سهركهوێت وهك جهبار جهمال غریب(3) دهڵێت: من گهر یهك خوێنهرم ههبێت درێژه به نووسین دهدهم.
سەرەڕای هاتنی گۆلباڵ و پێشكەوتنی تەكنەلۆژییا و سەرقاڵبوونی زیاتری مرۆڤەكان و خەریكبوونیان بە بابەتە كورت و خێراكان، تا ئێستاش ڕۆمان پێگەی خۆی لەدەست نەداوە و ڕۆماننووسانیش بەردەوام لە ڕووی تەكنیك و گرێچنی و گێڕانەوەی ڕووداوەكانەوە، پەرە بە هونەرەكەیان دەدەن. هەرچەندە لەگەڵ دەركەوتنی كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زرنگەكان، باسی مەرگی نووسراوی سەر كاغەز و بەر لە هەمووشیان باسی مەرگی ڕۆمان لە جیهان دەكرێت.
ڕۆڵی ڕۆمان لە هەمبەر فەلسەفەدا:.
هەڵبەتە ژانری ڕۆمان یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ئەدەب کە مرۆڤ بە دەربڕینێكی جیاواز لە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیان بەدەر لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەریی و بیرەوەرییەکان، بە زمانێکی تابيەتی تر و باڵاتر لەوانەی پێشوو کە باسمان کرد، لە ڕێگای گەمەی زمان و گێڕانەوەی سەرد و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دەرخستەی داهاتووی خۆی پێ دیاری دەکات. هەروەک ئەلبێر کامۆ لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دهڵێت: "ئەوەی ڕۆمانی پێ لە ژانرەکانی تری ئەدەبی جیا دەکرێتەوە هەمەچەشنی و فرەڕەهەندی ڕۆمانە لە نووسینەوەی ڕووداوەکان"، بەمەش ڕۆمان وەک قورسترین و زەحمەترین ژانری ئەدەبی دیاری دەکرێت. بە هەمان شێوە کامۆی ڕۆماننووسی جیهانی لە درێژەی تێڕوانینە تایبەتییەکانی خۆیدا دەنووسێت:" ئهگهر ئهتەوێت ببیت بە فەیلەسووف سەرەتا بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە"(4)، گەر بێت و ئەمە دیدگایەکی ئەدەبی بێت بۆ باڵگرتنی دەقی ڕۆمان، پێچەوانەکەشی هەر درووستە. وەک ژان پۆڵ سارتەری فەیلەسووفی بوونگەرایی سەرنج دەخاتە سەر فەلسەفە:" فەلسەفە وەک نووسینی ڕۆمان وایە، لە هەموو ڕووداوێکدا پرسیارێک دروست دەکات"(5) بەم پێودانگە دەکرێت ڕۆماننووس وەک فەیلەسووفێکی بچووک لێی بڕواندرێت. سەرباری ئەوەی کە مەرجە نووسەری ڕۆمان سەرەتا ئەدیب بێت و دواتر ڕوانینی تایبەتی و باڵای هەبێت بۆ ژیان و سەرهداوی جیاواز و ئەبستکراتی و ڕەهایی هەبێت بۆ پڕۆژیکتۆیی ژیان و دەرخستەی نهێنی و پەنهانەکانی ناخی مرۆڤ لەبەر یەک هەڵبخات، شیکاری بۆ بکات و بیخاتە بەر خەرمانی ئەدەب و ئازایانە و بە بوێریەوە بیخاتە بەرباس.
هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی لە ڕۆماندا:.
مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوایدا بچێت. لە بەر دوو هۆکار.
یەکەمیان: تەنیا ڕووداوێکی دیاریکراو، خوێنەرێکی دیاریکراویش بە سەرنج دەگرێت.
دووەمیان: تەنیا یەک ڕووداوی گشتگیر پەیامێکی دیاریکراویش بەدەستەوە دەدات. وەلێ لە فرە ڕەهەندی ڕووداودا خوێنەری هەمە ڕەنگ و پەیامی فرە چەشنیش دەکاتە ئامانج.
ئەرکی ڕۆمان لە ژیانی مرۆڤ:.
هەروەک چۆن هەردوو نووسەری دیاری جیهانی بواری دەروونی ماسۆشیەت و سادیزمی، دۆناتا فرانسۆ دیسادی فەرەنسی، ناسراو بە مارکیز دیساد لە ساڵی ١٧٤٠- ١٨١٤ و فۆن زاخر مازۆخی نەمساوی لە نێوان ساڵانی ١٨٣٦-١٨٩٥ دوو نووسەری دەروونشیکار نەبوون بەڵکوو دوو ڕۆماننووس بوون توانیان گەورەترین دوو نەخۆشی سادیسییەت و ماسۆخیزمی بدۆزنەوە. بەمەش دەشێ ڕۆماننووس ببێتە فاکتۆیەک بۆ چارەسەر و گۆڕانکاری گەورە لە سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە ڕزگاريی و ئازادیی و پاراستنی چەمکە مرۆییەکان.
تەنانەت وەک بەرگریکاری نوێ و بێ لاگیريی و گوێدانە قرخە قرخ و مقۆکان و هەڵواردەی جیاوازییە سروشتییەکان، ڕۆماننووس ڕۆڵی کارای دەبێ وەک ژیل دۆلۆز دەڵێت:" نموونەی هەرە گەش لای من بریتییە لە: کافکا، بیکێت، گیراسیم لۆکا و گۆدار، نووسینەوەی تەتەڵەیەکی زۆر جوانیان داهێنا، ئەویش نووسینەوەی تەتەڵەی تایبەتی خۆیانە. بەوپێیەش وەکوو کافکا ئەرکی ڕۆماننووس نووسینەوەی ڕووداوەکان و پیسی و پۆخڵی مرۆڤە وەک خۆی و لە ڕێگای شەپۆڵەکانی هزر و خەیاڵی تایبەتی نووسەر، بەمەش نووسەر دەبێتە هەڵگیرسێنەری شۆڕشێکی تایبەتی لە ناخی خوێنەردا و لێکەوتەکانیشی دەچێتە خزمەتی گیرفانی کەسانی تر، بەناوی شۆڕشی فکريی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، نەتەوەیی و نەژادی، ئەمەش بە ڕوونی لە لای ماکسیم گۆرکێ لە "دایک" و "زانکۆکانی ژیانم" و چیخۆڤ "زیندە خەون" و دیسکۆفیسکی لە "تاوان و سزا"دا بە سەرجەم ڕەههندەکانی دیکە دەبنە زەرورەتی ژیان لای خوێنەر.
زمان لە ڕۆمانی کوردیدا
سەرباری ئەوەی ڕۆمانی ئێستا لە ناوەڕۆکی گێڕانەوە و تەکنیک و شێوە و شێواز و بوونیاد بەهێزە، لە بۆ گێڕەوەی هەمووشتزان و کەم شتزان دا، پێشکەتووترە لە ڕۆمانەکانی شەستەکان و حەفتاکان، ئەمەش کاریگەرییەتی زۆر و زەوەندی وەرگێڕانی دەقی بیانی و نووسەرانی بێگانەیە لەسەر ڕۆماننووسانی کورد.
پێمخۆش بوو ئەمە ڕوون بکەمەوە كه له ئێستادا ڕۆمانی کوردی لە ڕووی زمان و ڕێنووس و ڕێزمانی کوردييهوه، لە خراپیترین دۆخدایە، دەتوانین بڵێین زۆربەی ڕۆماننووسانی کورد نەشارەزان بە زمانی زگماکیی، هەر ڕۆماننووسێك ڕێنووسێکی تایبەتی خۆی هەیە و بەتایبەتی تر لەڕووى بەکارهێنانی زمان و ڕێنووسهوه، هەرچەندە ئێمە تا ئێستا یەک ڕێنووسی دیاریکراو و یەکانگیریی کوردیمان نییە، ئهوهش وايكردووه هەریەکەمان بە جۆرێک دەنووسێت. وەک ئەوە وایە بڵێین لە جەنگدا هەموو شتێک ڕەوایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زمانی داگیرکاریی زمانەکانی سەردەستە و کۆچ و تێکەڵی ڕۆماننووسانە بە ئەدەبی دەرەوە کە سەری زمانی کوردی خواردووە.
ئەنجام:.
هەڵبەتە هەموو دەقێك چەندان گۆشەنیگای جیاوازی هەیە و دەشێت چەندان توێژینەوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەک دەق بكرێت، ڕێی تێناچێت ڕۆمانێک بنووسرێت، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی هزری تاکی کورد نەکات، خوێنەری کورد تامەزرۆیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لا دروست بێت، ڕۆماننووس بە ئاسانی دەتوانێت خوێنەر بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چۆن چێژ لە ژیان وەردەگرێت و زۆرجار خۆی لە دەقدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا دەستی ناکەوێت.
لهكۆتاييدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ڕۆمانی کوردی لە نێوەندێکی جیاوزدایە نە فرە دەنگە و نە یەک دەنگ، واتە ڕۆمانی کوردی نەوەک تاک توانیویەتی وەک دەنگی جیاواز سنووری زمانەکانی تر ببڕێت و وەک ڕەوت و دەستە و گرووپیش نەبۆتە ئەو دەنگە کە ببێتە ڕیبازێکی بە هێزی ئەدەبی و کاریگەری و لێکەوتەی لەسەر گەلانی دیکە هەبێت، تەنیا هونەری ڕۆمانی کوردی لەسەر هەوڵی جوانی تاکەکەسی ماوەتەوە.
پهراوێزهكان
1 - تأريخ الرواية، الموسوعة العربیة العالمیة، مجلد (١١)، ط٢، مؤسسة أعمال الموسوعة للنشر و التوزيع، ١٩٩٩.
2 سەنگەر زراری: ڕۆمانی كوردی، مێژوو و سەرهەڵدان، له سهرهتاوه تا ڕاپهڕینی (١٩٩١)، گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٣٩)، نیسانی ٢٠١٧.
3 سهرچاوه: پێنجهمین كتێب جمال جبار غریب.
4-کتێبی یادداشتەکان ئەلبێر کامۆ. و پێشڕەو حسێن.
5-کتێبی فەلسەفەی ژیل دۆلۆز. و ڕێبین ڕسوڵ اسماعیل.
سەرچاوەکان
کوردی
-ـ سەنگەر زراری: ڕۆمانی كوردی مێژوو و سەرهەڵدان له سهرهتاوه تا ڕاپهڕینی ١٩٩١، گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٣٩)، نیسانی ٢٠١٧.
-ـ جمال جبار غریب: ڕۆمانی پێنجهمین كتێب، ٢٠٠٩.
-ـ یادداشتەکان ئەلبێر کامۆ. و. پێشڕەو حسێن، ٢٠١١.
-ـ فەلسەفەی ژیل دۆلۆز، و. ڕێبین ڕسوڵ اسماعیل، ٢٠١٨.
-ـ حسێن عارف : ڕوانگهو یاران و نهیارانی- دهزگای چاپ و پهخشی سهردهم، چ1، سلێمانی، 2005 .
ـ شوان ئهحمهد: ڕوانگهی یار و نهیار، ڕۆژنامەی ئەیکتڕۆنی وتاری کورد، . 2013-12-04
ـ سمکۆ محەمەد: مانیفێستۆى ئەدەبى، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، 27ى ئازارى 2019.
عەرەبی
- ـ تأريخ الرواية، الموسوعة العربیة العالمیة- مجلد(١١)، مؤسسة أعمال الموسوعة للنشر و التوزيع، ط٢، ١٩٩٩.
- ـ عبد المللك مرتاض: نظرية النص الادبي، 3- يونيو 20017.
- ـ لأدب بين القومية والعالمية كيف يصبح الأثر الأدبى جزءا من الأدب العالمي. https://al-vefagh.ir/News/163716.html
فارسی
- ـ دن کیشوت، سروانتس ترجمهی محمد قاضی، 29ى بهمن1397.
-ـ فرانتس کافکا: مسخ (The Metamorphosis)، ژانر کتاب : پوچ گرایانه، قالب ادبی، رمان زبان : آلمانی تاریخ خلق اثر : پراگ ، ۱۹۱۲ تاریخ چاپ : ۱۹۱۵ ناشر: Kurt Wolff Verlag.
-بهرترین رمان ها تحلیل رمان ۱۹۸۴ اثر جورج اورول. پتامبر 23, 2019/2 دیدگاه /توسط محمدرضا تیموری.