خاڵ دیجیتاڵ
لە پرۆژەیەکى هاوبەشیاندا، ڕێکخراوى خاڵ بۆ هزر و رۆشنبیرى و زانکۆى هەڵەبجە، ئینسایکلۆپیدیایەکى تایبەت بە پارێزگاى هەڵەبجە ئامادە دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکى باڵا و چەند لیژنەیەکى لاوەکییان پێکهێناوە.
لیژنەى باڵاى ئینسایکلۆپیدیاکە پێکدێت لە، تۆفیق کەریم لە ڕێکخراوى خاڵ و دکتۆر حسێن محەمەد ساڵح نوێنەرى سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە، لەگەڵ مامۆستا عادل سدیق و مامۆستا نالى مامۆستایانى زانکۆ لەگەڵ نوێنەرى بەڕێز شێخ عەلى شێخ "عیزەدین شێخ زاید " لەگەڵ مامۆستا ڕێبوار حەمە تۆفیق.
جگە لە لیژنە باڵاکە چەند لیژنەیەکى دیکە بۆ ئامادەکردن و کۆکردنەوەى داتا و بەڵگەکان پێکهێنراوە کە بەگوێرەى پسپۆڕییان ڕێکخراون.
لە ئێستادا قۆناغى یەکەمى ئامادەکردنى "ئینسایکلۆپیدیای پارێزگای هەڵەبجە" دەستى پێکردووە و لیژنەى باڵا چەند کۆبوونەوەیەکى ئەنجامداوەـ هەروەها بۆ ناساندنى پرۆژەکەش لە زانکۆى هەڵەبجە مەراسیمێک رێکخرا.
رۆژى یەکشەممە ٧-٨-٢٠٢٢ مەراسیمەکە بەڕێوەچوو تێیدا بەرپرسان و رۆشنبرانى دەڤەرەکە ئامادەیبوون و لە دوو سیمیناردا تەواوى پرۆژەکە خرایەڕوو.
لە ئێستادا و بۆ بەڕێکردنى کارەکانى، لیژنەى باڵاى "ئینسایکلۆپیدیای پارێزگای هەڵەبجە" ئۆفیسى خۆى لە دەروازەى شارى هەڵەبجە کرووەتەوە.