گفتوگۆی: ئیدریس سیوەیلی
لەم گفتوگۆیەدا، د.عادل باخەوان كۆمەڵناس و شرۆڤەكار لە ڕوانگەیەكی كۆمەڵناسییەوە باس لە گرنگی و پێگەی ئایين دەكات، باس لە دۆخی ئیسلامییەكانی كوردستان و هەلومەرجی گەشەكردنیان دەكات، بە قوڵایی 1400 ساڵەی مێژوودا شۆڕدەبێتەوە و ئەو پرسیارە دەوروژێنێت كە ئیسلام چی پێشكەشی كورد كردووە؟ یان بە دیوێكی تردا ئەگەر كورد مسوڵمان نەبوایە و ئایینی ئیسلامی وەرنەگرتایه ئێستا لە كوێی دونیا بوو؟
خاڵ: ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌ی كه ده‌مانه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئیسلامییه‌كانی كوردستان و به‌دیاریكراویش باشووری كوردستان، مه‌سه‌له‌ی ئیسلامییه‌كان و كاریگه‌ری ئیسلامییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له ڕوانگه كۆمەڵناسییەوە بچینه ناو بابه‌ته‌كه‌وه، سه‌ره‌تا به‌و پرسیاره ده‌ست پێدەكهین، به‌گشتی ئه‌ركی ئایین له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا له ڕووی كۆمه‌ڵناسییه‌وه چییە؟
د. عادل باخه‌وان: زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی گۆڤاری خاڵ، كه گۆڤارێكی توێژینه‌وه‌یه، نه‌ك گۆڤاری ڕۆژانه و هه‌فتانه و خه‌ریكی بابه‌ته هه‌نووكه‌ییه‌كان بێت، ئه‌م پرسیاره‌ی به‌ڕێزت پرسیارێكی دوورمه‌ودایه، ده‌كرێت ئه‌مڕۆ قسه‌ی له‌سەر بكه‌یت، وه‌ك ده‌كرا ساڵێك لهمهوپێش قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، وه‌ك ده‌كرا ده‌یان ساڵیش له‌مه‌ودا قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، واته بابه‌تێكی جهوههريیه، بۆیه ئاماده‌بوونی ئایین له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌گشتیی و له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا به‌تایبه‌تی، بابه‌تێكی ڕۆژانه نییه تێپه‌ڕێت، گۆڤاره‌كه‌ی ئێوه‌ش بابه‌تی ڕۆژانه ناوروژێنێت، بۆیه به‌خته‌وه‌رم كه گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ ئه‌كه‌م، ئه‌وه خاڵی یه‌كه‌م، خاڵی دووه‌م، من ده‌زانم له ئێستا و له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان به‌ریه‌ككه‌وتنێكی تووند هه‌یه له‌ناو كێڵگه‌ی ڕۆشنبیری كوردیدا، له‌ناو ڕادیكاڵه‌كاندا، ڕادیكاڵی ئه‌وسه‌ری ئه‌وسه‌ر له‌گه‌ڵ ڕادیكاڵی ئه‌مسه‌ری ئه‌مسه‌ر، زۆر زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌نگێك هه‌یه له نێوان ئه‌م هه‌موو ڕادیكاڵه، ئه‌گه‌ر ڕێگه بدرێت بوترێت ڕادیكاڵی چه‌پی چه‌پ و ڕادیكاڵی ڕاستی ڕاست، ڕه‌نگه بۆ كوردستان وا چاك بێ بوترێت ڕادیكاڵی عه‌لمانیی له‌گه‌ڵ ڕادیكاڵی ئیسلامیی، به‌داخه‌وه له نێوان ئه‌م دوو ڕادیكاڵلیزمهدا سڵ له‌وه ناكرێته‌وه به هه‌ردووكیان بڵێن من ڕادیكاڵم. به‌ڕاستی هه‌ردووكیان ڕادیكاڵن، ڕادیكاڵ بریتيیه له‌وه‌ی كه یه‌ك بۆچوونت هه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌كی قه‌تعی ده‌ته‌وێ بیسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كدا، ئه‌وه له چه‌پی عه‌لمانی هه‌مانه، له ڕاستی ئیسلامیش هه‌مانه، بۆیه ئه‌م گۆڤاره كه هه‌وڵ ده‌دات دیالۆگێكی وا دابمه‌زرێنێ خۆی بۆ خۆی كارێكی باشه له نێوان ئه‌م دوانه‌دا، من پێموایه ده‌كرێت قسه له‌سه‌ر ئایین بكه‌ین، بۆ نموونه پیاوێكی وه‌ك كارل ماركس، ئێمه هه‌میشه ئه‌و ڕسته‌یه‌مان له‌بیره كه ده‌ڵیت ئايین تلیاكی گه‌لانه، به‌ڵام ئه‌و ڕسته‌یه‌مان له‌بیر نییه كه ده‌ڵێت ئایين دڵی هه‌موو چه‌وساوه‌كانه، چونكه هه‌ركه‌سێك به لێكدانه‌وه‌ی خۆی به دوای ڕسته‌كه‌ی تردا ده‌گه‌ڕیت، بۆچی كارل ماركس ده‌ڵێت ئاین دڵی چه‌وساوه‌كانه، بۆ ده‌ڵێت ئایين دڵی هه‌موو ئه‌وانه‌یه دڵیان نییه، ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی كۆمەڵناسییانەی كارل ماركسه بۆ بوونی ئايین له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆچی ده‌ڵێت ئاین تلیاكی گه‌لانه، خۆی باسی خودی ئایین ناكات، به‌ڵكو له چركه‌ساتێكدا كه شیكاری ئاماده‌یی ئایين له كۆمه‌ڵگەیه‌كدا كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی یان فه‌ره‌نسی، ئه‌و له‌وێوه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شیكاركردنی ده‌ركه‌وتنی ئايین له كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌ك بێ ئایين. پرسیاره‌كه‌ی جه‌نابت ڕۆڵی ئاین چیه له هه‌رێمی كوردستاندا؟ ده‌كرێت به شێوه‌یه‌كی تر ئه‌م پرسیاره بكه‌ین، باشه ئه‌گه‌ر له كوردستاندا ئایینی ئیسلام نه‌بوایه، ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی چی بوو؟
خاڵ: بە دیوێكی تردا ئه‌مه پرسیاری ئێمهشە كە ئیسلام چی پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه؟
د. عادل باخه‌وان: پرسیاره‌كان له هه‌ردوو سه‌ره‌وه گرنگن، ئه‌گه‌ر كورد ئیسلامی نه‌بوایه وه‌كو ئایين، ئێستا چی پێ بوو؟ ئێستا چی ده‌بوو؟ ئیسلام توانیویه‌تی چی بكات له‌ناو مێژووی كۆمه‌ڵگەی كوردیدا؟ هه‌ردوو پرسیاره‌كه به هه‌ردوو سه‌ره‌كه‌ی زۆر زۆر گرنگه. ته‌ماشاكه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه بۆ مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به‌درێژایی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كوردی، به‌درێژایی مێژووی فیكری كوردی، نابێ فیكری كوردی ته‌نها له سه‌ده‌ی بیستدا ببینی، له‌گه‌ڵ هاتنی ناسیۆنالیزم بۆ كوردستان و هاتنی قوتابخانه جیاوازه‌كانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، پێش ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بوو به‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، پێش ئه‌مه‌ش هه‌ر ڕۆشنبیر هه‌بووه، ڕاسته پێی نه‌وتراوه ڕۆشنبیر، ڕاسته پێی نه‌وتراوه بیرمه‌ند، له فه‌ڕه‌نساش هه‌ر پێی نهوتراوە ڕۆشنبیر یان بیرمه‌ند، پێش سه‌ده‌ی بیستیش شتێك هه‌بووه به‌ناوی كێڵگه‌ی فیكر. ته‌ماشا ده‌كه‌ی به درێژایی ئه‌م هه‌زار ساڵه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئاماده‌بوونی ئیسلام هه‌میشه ئه‌و پره‌نسیپه باڵایه بووه كه ژیانی فیكریی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ژیانی كه‌لتووریی له كوردستاندا ڕێكخستووه، ئێستا من باسی ئه‌وه ناكه‌م بڵێم جه‌نابتان، به‌ڕێزتان هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێكخستنه یان نا، ده‌كرێت جه‌نابتان هاوڕا نه‌بن، ده‌كرێت بۆچوونێكی ڕهخنهگرانهتان هه‌بێت، ده‌كرێت بۆچوونێكی لایهنگرانهتان هه‌بێت، هه‌موو ئه‌مانه ڕاستن، به‌ڵام ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین كه به‌درێژایی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ ئیسلام ئه‌و پره‌نسیپه باڵایه بووه كه چوارچێوه‌كانی بوون و ئاماده‌بوونی كورد له‌ناو مێژوودا ده‌ستنیشانكردووه، ئه‌گه‌ر ئیسلام بێنیته ده‌ره‌وه له چوارچێوه شیكارییەكەت، ئایا ده‌توانن له فیكر له كوردستاندا تێبگه‌ن، ئایا ده‌توانن له سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تیی تێبگه‌ن؟
خاڵ: ئه‌گه‌ر بیهێننه ده‌ره‌وه له‌و سیاقه مێژووییه‌ی كه 1400 ساڵ كورد تیایدا ژیاوه، چیمان بۆ ده‌مێنێته‌وه؟
د. عادل باخه‌وان: ئه‌گه‌ر ئیسلامی لێ ده‌ربهێنی ئیتر شتێكی تر نامێنێ ڕێگه به جه‌نابت بدات كه واتای كوردی مه‌فهوم بێت، واته ته‌نها و ته‌نها ده‌رگایه‌ك كه هه‌یه لێی بڕۆیته ژووره‌وه بۆئه‌وه‌ی له مێژووی 1400 ساڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تێبگه‌ی، ئه‌وه هه‌ر ده‌رگای ئیسلامه، ئه‌مه خاڵێك، به لامه‌وه گرنگه وه‌كو تێبینی، خاڵێكی تریش به لامه‌وه گرنگه ئه‌وه‌یه ئیسلام خۆی له خۆیدا دۆخێكی نەرێنی یان ئەرێنی نییه، ئه‌وه‌ی كه نەرێنی و ئەرێنییە چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، ته‌ماشا ده‌كه‌یت ئیسلام له وڵاتێكدا ده‌كرێت چه‌كی چه‌وساوه‌كانی دنیا بێ، بۆ بەرگری له به‌رامبه‌ر چه‌وساندنه‌وه، هەروەك ده‌كرێت ئیسلام له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تردا بكرێ به چه‌ك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی چه‌ندین كۆمه‌ڵگه‌ی تر، بۆ نموونه بڕۆ بۆ عه‌ره‌بستانی سعودیه، به‌ناوی ئیسلامه‌وه ده‌كرێت چه‌ندین چینی كۆمه‌ڵگه هه‌یه سه‌ركوت بكرێت، به‌ڵام له چه‌ندین شوێنی دونیا ئیسلام به‌كارده‌هێنرێ وه‌كو چه‌كی به‌ره‌نگاربوونه‌وه بۆ گه‌یشتن به ڕزگاريی و ئازادیخوازی، پرسیاری من له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌مه‌یه، كورد چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئیسلامدا ده‌كات؟
خاڵ: ئه‌و فۆڕمه‌ی ئێمه وه‌رمانگرتووه له ئیسلام، چی پێشكه‌ش كردووین له ڕابردوو و له ئێستادا؟
د. عادل باخه‌وان: من پێموایه هه‌ڵه ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پێمانوابێت كورد به یه‌ك شێوه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا كردووه، كورد به یه‌ك فۆڕم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا نەكردووه، فۆڕمه‌كان زۆر زۆر جیاوازن، ئهگهربێتو نموونه‌ی ئێستا وه‌ربگرین ڕه‌نگه قسه‌مان زیاتر له‌گه‌ڵدا بكات، ته‌ماشا ده‌كه‌یت سه‌له‌فییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا هه‌مان فۆڕمی یه‌كگرتووه‌كان نییە، فۆڕمی یه‌كگرتووه‌كان هه‌مان فۆڕمی كۆمهڵیيهكان نییه، ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌م ڕاست بێ، فۆڕمی ئه‌و مسوڵمانه پراكتیكيیه مولتهزیمانهی كه ئینتیمای سیاسی‌یان نییه جیاوازه له فۆڕمی ئه‌و مسوڵمانه مولتهزیمانهی كه ئینتیمای سیاسی‌یان هه‌یه، بۆیه هه‌ڵه ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پێمانوابێت یه‌ك فۆڕم بێت، ئیسلام یه‌ك ئیسلامه، یه‌ك ئایينه، كه ئاینێكی یونیفیرساری كه‌ونی ته‌وحیدی یه‌كگرتووی مێژووییه، كه له ده‌ره‌وه‌ی زمان و له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان هه‌یه، به‌ڵام چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئايینه تهوحیدیە مێژووییه‌دا، یه‌ك جۆر نییه، یه‌ك فۆڕم نییه، به‌ڵكو زۆرتر له فۆڕمێكه، بۆیه بۆچوونی من ئه‌وه‌یه ئهگهربێتو قسه بكه‌ین له‌گه‌ڵ مامه‌ڵه‌كردنی كورد وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كانگیری یه‌كگرتووی یهكگرتووكراو له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، هه‌ڵه ده‌كه‌ین.
خاڵ: به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان به‌وه‌دا كه چه‌ندین فۆڕمی مامه‌ڵه‌كردن لەگەڵ ئیسلام لە كوردستان هه‌یه، پارتی ئیسلامیمان هه‌یه له كوردستاندا هه‌ریه‌كه و جۆرێكی قاڵبی ئیسلامی پێشكه‌ش ده‌كات، به بڕوای به‌ڕێزت ئه‌م ڕه‌وت و پارته ئیسلامیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له كوێی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدان؟
د.عادل باخه‌وان: زۆرجار بیستوومه و خوێندوومه‌ته‌وه له كوردستان، باس له‌وه ده‌كرێت ماده‌م یه‌ك حیزبی ئیسلامیمان نییه، ماده‌م زیاتر له حیزبێكی ئیسلامی هه‌یه له كوردستاندا، ئه‌مه خۆی بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه خه‌له‌لێك هه‌یه، خۆی به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گرفتێك هه‌یه، چونكه ئيسلام خۆی یه‌كه، كه‌واته یه‌ك حیزبیشی پێویسته، ئه‌مه ئه‌و سیستمه‌یه ئهرگۆمینهیشن به ئیستیدلال به‌رده‌وام ده‌هێنرێته‌وه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه زۆر زۆر هه‌ڵه‌يه، به‌پێچه‌وانه‌وه، بوونی زیاتر له گرووپێك، بوونی زیاتر له بۆچوونێك، بوونی زیاتر له فۆڕمێك ئه‌مه خۆی له خۆیدا ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كۆمهڵگەكهیه، ئه‌گه‌ر كۆمهڵگەیهكت هه‌بێت به یه‌ك جۆر بیر بكاته‌وه له ئیسلام، به یه‌ك شێوە ڕه‌فتار بكات له‌گه‌ڵ ئیسلامدا، به یه‌ك شێوە ئیسلام ته‌فسیر و شیكار بكات، ئه‌وكاته ته‌ماشا ده‌كه‌یت ئه‌مه جۆرێك له هه‌ژارییه، هه‌ژاری فیكریی، هه‌ژاری كۆمه‌ڵایه‌تیی، هه‌ژاری كه‌لتووریی و هه‌ژاری سیاسیی، به‌ڵام كاتێك كه ده‌بینیت زیاتر له كۆمه‌ڵت هه‌یه، یهكگرتووت هه‌یه، بزووتنه‌وه هه‌یه، ئەمە ئاماژەی ئەرێنییە.
خاڵ: به‌ڕێزت بوونی ئه‌م فۆڕمه جیاوازانه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئەرێنی ده‌زانیت؟
د. عادل باخه‌وان: به ده‌وڵه‌مه‌ندی و به ئەرێنی ده‌زانم، ئه‌گه‌ر نه‌بونایه ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر نه‌بوونایه ئەرێنی نه‌بوو، من پێموایه هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌ك كه توانای به‌رهه‌مهێنانی فره‌یی نییه، ئه‌وه‌ی كه به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت (دایڤهر سیتی) به فه‌ره‌نسی پێی ده‌وترێ (دیڤه‌ر سیتی). هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك توانای به‌رهه‌مهێنانی فره‌یی نه‌بێت، فره‌یی بۆچوون، فره‌یی فیكر، فره‌یی چوارچێوه، ئه‌وه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هه‌ژار و له كۆمه‌ڵگه‌ی سعودی ده‌كات، لە كۆمه‌ڵگه‌ی قهتهريی و ئیماراتی ده‌كات، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بتوانێت زیاتر له گرووپێكی ئیسلامیی هەبێت، ئه‌وه خۆی كۆمه‌ڵگەیه‌كی زیندووه، ئه‌وه خاڵی یه‌كه‌م، به‌ڵام گرفته‌كه له كوێدایه، گرفتی هه‌ره سه‌ره‌كی له كوردستاندا لای ئیسلامیيه‌كان ماده‌م گفتوگۆ له‌سه‌ر ئیسلامییهكانە، ده‌بێت له‌و ئاسته‌دا بوه‌ستین، ئه‌گینا ده‌توانین گشتیگری بكه‌ین بۆ حیزبه‌كانی تریش، بۆ پارتی و یه‌كێتی، ده‌توانین بیگشتێنین له‌سه‌ر عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گرفته‌كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه، بوونی فره‌یی، بوونێكی زۆر زۆر ئەرێنییە، نه‌بوونی فۆڕمێك بۆ ئیداره‌دانی فره‌یی كاره‌سات و تراژیدیایه، بوونی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و بزوووتنه‌وه و سه‌له‌فییه‌كان، كۆمه‌ڵێك بوونی ئەرێنییە، چونكه ده‌ریده‌خات كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه یه‌ك ڕه‌هه‌ندی نییه، كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌ك جۆری نییه، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌ك مۆسیقایی نییه، یه‌ك ئاهه‌نگی نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره ئاهه‌نگه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاره‌ساته كه شێفێكت نه‌بێت، ئۆركسترایهكت نه‌بێت، كه ئۆركستراكه بجوڵێنێ، ئه‌وه‌ی كه مۆسیقاره‌كان ده‌جوڵێنێت – سه‌په‌رشتیاری ئاوازه‌كان – ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاری ئاوازه چی ده‌كات، پێت ده‌ڵێت ئه‌م عوده كهمانهكه نییه، كهمانهكه سازه‌كه نییه، سازه‌كه دهفهكه نییه، دهفهكه ته‌پڵ نییه، ئه‌مه كه ئێستا ئیسلامیيه‌كان هه‌یانه، عه‌لمانییه‌كانیش بێگومان، ئه‌و فۆڕمه‌یه بۆ ئیداره‌كردنی (دایڤهر سیتی) خۆی، كه تۆ فۆڕمهكهت نه‌بوو، چی دروست ده‌بێت، ئه‌و فۆرمه ئه‌گه‌ر هه‌بوو، سنوور دیاری ده‌كات، چوارچێوه دیاری ده‌كات، حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌كانی دیالۆگ دیاری ده‌كات، حه‌رام و حه‌ڵاڵه‌كانی ڕه‌فتار دیاری ده‌كات، خه‌تی سوور دیاری ده‌كات، خه‌تی زه‌رد دیاری ده‌كات، خه‌تی خۆڵه‌مێشی دیاری ده‌كات، به تۆ ده‌ڵێت تا كوێ مافت هه‌یه بڕۆیت، تا كوێ ده‌توانیت قسه بكه‌یت، له كوێدا ده‌بێت بوه‌ستیت، نه ئیسلامییه‌كان و نه عه‌لمانییه‌كان، ماده‌م گفتوگۆ له‌سه‌ر ئیسلامییه‌كانه ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا فۆڕمیكیان نییه بۆ ئیدارهكرنی ئه‌م فره‌ییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی فۆڕممان نییه، ته‌ماشا ده‌كه‌یت دیالۆگێكی زۆر زۆر ساده له نێوان یه‌كگرتوویه‌ك و كۆمه‌ڵێكدا ده‌كرێت تا سنووری ته‌كفیر بیانبات، له نێوان سه‌له‌فیه‌ك و سۆفیهكدا تا سنووری كوشتن بیانبات، ڕووداوێك ڕوویدا له سۆران له‌م ماوەدا، گه‌نجێكی سه‌له‌فی چه‌قۆیه‌كی زۆر زۆر گه‌وره‌ی پێیه برا گه‌وره‌كه‌ی له ژووردا ده‌رگای له‌سه‌ر خۆی داخستووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هاتۆته‌وه بۆ ماڵه‌وه. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه بینیویه‌تی سه‌یری فیلمێك ده‌كات كه له فیلیمهكهدا ژنێكی تیا بووه قاچی به ده‌ره‌وه بووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه قاچی به ده‌ره‌وه بووه، وتوویه‌تی براكه‌م ده‌یه‌وێت له ڕێگای ئه‌م فیلمه‌وه كه قاچی ژنه‌كه دیاره ئیمانی من زه‌عیف بكات، بۆیه من هه‌ڵده‌ستم به جیهادی شه‌رعی خۆم ده‌بێت بیكوژم، برا گه‌وره‌كه‌شی ده‌رگاكه‌ی له‌سه‌ر خۆی داخستووه و ته‌له‌فۆنی بۆ ئاسایش كردووه بۆئه‌وه‌ی فریای بكه‌ون، ئه‌مه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی فۆڕمێك نییه بۆ ئیداره‌كردنی ئه‌م فره‌ییه له نێوان دوو مسوڵماندا له‌كاتێكدا كه براكه‌ی ئیمانداره، مسوڵمانه، نوێژ ده‌كات، ڕۆژوو ده‌گرێت، هیچ گرفتێكی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا نییه، ئه‌وه‌ش نییه عه‌لمانی بێت، به‌ڵام ئه‌م دوو مسوڵمانه كه دوو فۆڕمی جیاوازیان هه‌یه له ئیسلام ناتوانن ئیساره‌ی دیالۆگ و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان به‌یه‌كه‌وه بكه‌ن، ئه‌مه له‌م نموونه بچووكه‌وه ده‌توانی بیبه‌ی هه‌تا نموونه‌یه‌كی زۆر زۆر گه‌وره كه‌واى لێ بكه‌ین بگه‌ینه حه‌دی دابڕان، ئیتر كه نه‌توانین له‌گه‌ڵ یه‌كدا قسه‌ی بكه‌ین، دابڕان بگاته ئه‌وه‌ی كه حیزبێك ئاماده‌بێت له‌گه‌ڵ عه‌لمانییه‌كان قسه بكات، به‌ڵام ئاماده نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان قسه بكات. هه‌ست به‌وه بكات كه ئیتر هیچ شتێك نامومكین نییە.
خاڵ: ئه‌م فره‌ییه‌ی به‌ڕێزت باست كرد چی پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه؟
د. عادل باخه‌وان: وه‌ك باسم كرد، هه‌ر بوونی فرهییهكه خۆی له خۆیدا ئه‌وه‌یه چانسێك ده‌دات به كۆمه‌ڵگەی كوردی كه ئینتیماكانیان بۆ ئیسلام، مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا به‌و ڤێرژنه‌ی كه گرووپه سیاسییه‌كان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، یه‌ك ڕه‌هه‌ندی نه‌بێت، له بازاڕدا، كاتێك گه‌نجێكی كوردی ده‌ڕواته بازاڕ، له بازاڕدا یه‌ك جۆر كاڵای له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێت، زیاتر له كاڵایه‌كی له‌به‌رده‌ستدا بێت، گه‌نجی كوردی، مرۆڤی كوردی، هاوڵاتی كوردی، ته‌نها یه‌ك بژارده‌ی نه‌بێت، به‌ڵكو زیاتر له بژارده‌یه‌كی هه‌بێت، بۆ نموونه له نێوان كاڵای كۆمه‌ڵ و كاڵای بزووتنه‌وه، كاڵای سه‌له‌فیه‌كان و كاڵای یه‌كگرتوو، تۆ بژاردەت هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه بژاردەت ده‌ده‌نێ ئه‌مه خۆی بۆ خۆی ئەرێنییە. .
خاڵێكی تر، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كگرتوو بۆ ئیسلام جیاوازه له خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ، خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ جیاوازه له خوێندنه‌وه‌ی سه‌له‌فییه‌كان، بوونی ئه‌م جیاوازیيه خۆی له خۆیدا كه‌لتووری كۆمه‌ڵگە ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی كرانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كات. خاڵیكی تریش ئه‌وه‌یه كه جۆرێك له جۆره‌كان ئاستی ڕادیكاڵیزم داده‌به‌زێنێ، چونكه ڕادیكاڵیزم ته‌نها یه‌ك بۆچوونت له‌به‌رده‌ستدایه، كه ده‌تباته بنی بن، كه ده‌تباته سه‌ری سه‌ره‌وه، كه ده‌تبات تا مریشكه ڕه‌شه، ئه‌وكاته ناچاری له‌گه‌ڵیدا بڕۆیت، به‌ڵام تۆ ته‌ماشا ده‌كه‌ی له‌م گرووپه بێزار ده‌بیت ده‌توانیت بڕۆیته ناو گرووپێكی تر، له‌م ته‌فسیره بێزار ده‌بیت ده‌توانی بڕۆیته ناو تهفسیرێكی تر، ئه‌مه‌ش واتلێده‌كات ڕادیكاڵیزم به جۆرێك له جۆره‌كان ببێته شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی، بۆیه من به‌ش به حاڵی خۆم پێموایه بوونی زیاتر له بۆچوونێك زۆر ئەرێنییە له كۆمه‌ڵگەدا. خۆزگه بۆ چه‌په‌كانیش وابوایه، خۆزگه بۆ ناسیۆنالیزمی كوردیش وابوایه، خۆزگه بۆ هه‌موو قوتابخانه‌كان وابوایه.
خاڵ: كۆمه‌ڵێك له توێژه‌ران و نووسه‌ران سه‌رنجیان داوه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له ڕووه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌وه خه‌ڵك زیاتر متمانه‌ی به ئیسلامییه‌كان كردووه به به‌راورد به بوارە سیاسییه‌كه، كاتێك كه دێينه سه‌ر بواری سیاسیی و هه‌ڵبژاردن هه‌میشه ئیسلامییه‌كان ده‌نگیان له ئاستێكی نزم و كه‌مدایه، سه‌رنجی تۆ له‌مباره‌یه‌وه چییە؟
د. عادل باخه‌وان: تێزی من هه‌میشه ئه‌وه بووه، وتوومه ئیسلامییه‌كان له كوردستاندا و له زۆر وڵاتی تریش له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه یارییه‌كه ببه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی یارییه‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه، بۆچی یارییه‌كه‌یان بردووه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی، چونكه ئه‌وان به‌ناوی ئاینێكی ته‌وحیدی مێژووییه‌وه قسه ده‌كه‌ن كه زیاتر له یه‌ك ملیار و حه‌وت سه‌د ملیۆن كه‌س ئینتیمای بۆی هه‌یه، ئه‌مه خاڵێك، به‌ناوی هێزێكی ترانسانت فهوقیيهوه قسه ئه‌كه‌ن، كه هه‌موو مرۆڤه‌كان له هه‌ر شوێنێكی دنیا، به‌شێكی هه‌ره زۆری مرۆڤه‌كان له هه‌ر شوێنێكی دنیادا بن له به‌رامبه‌ریدا ده‌وه‌ستن، واته كاتێك به‌ناوی هێزێكی فهوقیيهوه قسه ده‌كه‌ی، با ئه‌و هێزه فهوقیيهش خۆی به‌لاوه گرنگ نه‌بێت، با ئه‌و هێزه فهوقيیهش پێی وابێ تۆ نوێنه‌رایه‌تی ناكه‌یت. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ توانیوته، هێزی ئێسلامییهكان له‌وه‌دایه وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی توانیویانه خۆیان وا بخه‌نه سه‌رشانه‌وه كه به‌ناوی ئه‌و هێزه فهوقیيهوه قسه ده‌كه‌ن، كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هێزه فهوقيیه ده‌كه‌ن، كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ئایينه تهوحیدیيه مێژووییه یونیڤارساده ده‌كه‌ن كه مێژوویه‌كی هه‌زار و چوارسه‌د ساڵی هه‌یه، كاتێك كه تۆ له گه‌ڕه‌كێكی وه‌كو كارێزهوشكدا له ماڵێكدا دانیشتووی كه په‌راوێزی پهراوێزكراوی ناو مێژووی ئێستامانه، به‌ڵام ئینتیمای خۆت له ئاینێكدا ده‌بینیته‌وه كه مێژووه‌كه‌ی هه‌زار و چوار سه‌د ساڵه، كه كشاوه به‌ناو هه‌ر چوار پارچه‌ی زه‌ویدا، كه ئهفریقيیهكی ڕه‌ش له لادێیه‌كی دووره‌ده‌ست، كه ئهمریكيیهكی چاو زه‌رد له نیویۆرك، فهرهنسیهكی قژ زه‌رد له پاریس‌دا، هه‌ر هه‌موویان به جارێ ئینتیمایان بۆی هه‌یه، هه‌ست به گه‌وره‌یی خۆت ده‌كه‌یت، هه‌ست به گهردوونیهتی خۆت ده‌كه‌یت، هه‌ست به مێژووبوونی خۆت ده‌كه‌یت، هه‌ست به باڵابوونی خۆت ده‌كه‌یت، ئه‌مانه هه‌ستێكت لا دروست ده‌كات كه هه‌ست به‌وه نه‌كه‌یت كه له گه‌ڕه‌كێكی پهراوێزكراوی كارێزهوشكدایت، یان له قالاوا دانیشتووی، یان دۆلاراوا دانیشتووی، به‌ڵكو هه‌ست به‌وه بكه‌یت له‌ناو كه‌ون و له‌ناو مێژوودا كشاوی، ئیسلامییه‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه له‌وه‌ی كه توانیویانه خۆیان بكه‌ن به ئه‌وه‌ی كه به زمانی ئینگلیزی پێی ده‌وترێت (ئهنكهر ناسیۆن) واته (ته‌جسید)، واته به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌م مێژووه له هه‌زار و چوار سه‌د ساڵی ئه‌م ئایينه تهوحیدیيه یونیڤێرساله ده‌كه‌ن له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆیه كاتێك له‌گه‌ڵ باوكم قسه ده‌كات، له‌گه‌ڵ باوكت قسه ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ دایكم له‌گه‌ڵ دایكت، له‌گه‌ڵ هه‌ژاران، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندان، له‌گه‌ڵ چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌كان، كه ئاینیان به لاوه گرنگه، كه خۆیان به لاوه گرنگه، هێزه‌كه‌یان له‌وه‌دایه كه توانیویانه ئه‌م هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیانه قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن، كه ئه‌مان به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ن، كه ئه‌مان نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك، نوینه‌رایه‌تی ئاوات، نوێنه‌رایه‌تی حه‌ز، نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئاینی ئیسلام بكه‌ن له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، لێره سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه.
به‌ڵام كه ده‌په‌ڕیته‌وه بۆ دیوه سیاسییه‌كه‌ی ته‌ماشا ده‌كه‌یت به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانیوه كۆمه‌ڵگه قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن سه‌ره‌ڕای قه‌ناعه‌ته كۆمهڵایهتیيهكان كه له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی ئه‌مان توانایان هه‌یه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندی و چاوهڕوانیيهكانی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن، هۆكاره‌كه‌ی دوو جه‌مسه‌ره، یه‌كه‌میان تێنه‌گه‌یشتنی هێزه ئیسلامیيهكانه له دنیای كۆمه‌ڵایه‌تیی، واته زۆرجار هێزه ئیسلاميیهكانیی كوردستان كاتێك به‌راوردیان ده‌كه‌یت به هێزه‌كانی تر له ده‌ره‌وه، ژێرخانی ڕۆشنبیرییان یاخود به كوردی پێی ئه‌ڵێن سه‌رخان، یاخود بنه‌ماكانی ڕۆشنبیریان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و زانستانه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌مان وه‌ك خۆی پێ ده‌ناسێنن، بۆ نموونه كادرێكی باڵای بزووتنه‌وه، یان یه‌كگرتوو، یان كۆمه‌ڵ، بۆئه‌وه‌ی له دنیای كۆمه‌ڵایه‌تی تێ بگات زۆر به گرنگی نازانێ بزانێ كۆمەڵناسی ده‌ڵێ چی، ئه‌نسرۆپۆلۆژیا ده‌ڵێ چی، سایكۆلۆژیا ده‌ڵێ چی، زانسته سیاسیيه‌كان ده‌ڵێن چی، به‌ڵكو به‌لایه‌وه زۆر گرنگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵێ ده‌قی ئايینی تر، كه ئه‌م ده‌قه ئاینیيانه له كۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا به‌رهه‌م نه‌هاتوون، له هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا به‌رهه‌م نه‌هاتوون، بڕیار نییه دەقەكانی قورئان ده‌قی كۆمه‌ڵگەیه‌ك بن، بڕیاره ده‌قی سه‌رووی كۆمه‌ڵگە بن، بڕیاره ده‌قه‌كانی قورئان ده‌قی ناكۆمه‌ڵایه‌تی بن، ناسیاسی بن، نامێژوویی بن، ناجوگرافی بن، نازمانەوانی بن، ناڕەگەزی و نانەتەوەیی بن، بڕیاره ئه‌م ده‌قه قورئانیيانه ده‌قی یونیڤیرسالی بێ، كاتی بێ، شوێنی بێ، زمانی بێ و ڕەگەزنامە بن.
له دۆخێكی ئاوا ناتوانی به ته‌نها پشت به ده‌قه‌كانی قورئان ببه‌ستی بۆ ئه‌وه‌ى بزانی چی له كۆمهڵگەكهتدا ده‌گوزه‌رێت، ئه‌مه وایكردووه كه هه‌ژارییه‌كی مێژوویی گه‌وره لای ئیسلامییه‌كان هه‌بێت، بۆ نموونه له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی په‌یوه‌ندی هێز، له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی په‌یوه‌ندییه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگەیه‌كدا، له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی ئابووری، له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی پرسه گه‌وره‌كانی وه‌كو مافی مرۆڤ، مافی ئافره‌ت و مافی منداڵ، له‌سه‌ر بەڕێوەبردنی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه وایكردووه كه ئیسلامییه‌كان نه‌توانن وه‌كو پێویست له‌ناو دونیا بوونیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی گرنگ به‌شێكی زۆر له هه‌ڵوێستی ئیسلامییه‌كان له به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردندا، له به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانێتیدا، له به‌رامبه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا، به‌شێكی زۆر له‌سه‌ر سۆزی فێڵلێكراو بینا كراوه، بۆ نموونه كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و پاریس تێكچوو، ساڵێك لهمهوپێش، په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ تێكچوو؟ خۆ له‌سه‌ر ئایين تێكنه‌چوو، تێكچوونه‌كه په‌یوه‌ندی به جیۆپۆلیتیكه‌وه هه‌بوو، په‌یوه‌ندی به ئاماده‌بوونی توركیا یان فه‌ره‌نسا له لیبیا له سوریا، له هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندی به ئه‌مانه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆك ئه‌ردۆگان زۆر عاقڵانه توانی به‌شێكی زۆر له بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كان ته‌عبیئه بكات، به برایانی مسوڵمانه‌وه به خه‌ڵكی تره‌وه، بخاته نێوان ئه‌م هەڵمەتەوە دژی فه‌ڕه‌نسا، من یه‌كێك بووم له‌وانه له ته‌له‌فزیۆن ده‌ركه‌وتم ئامۆژگاری ئیسلامییه‌كانی كوردستان‌م كرد و وتم ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندی به ئێوه‌وه نییه، نه وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له كوردستاندا نه وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی ئایينی كه ئێوه ئاینتان به‌لاوه زۆر زۆر گرنگه، ئه‌مه سه‌رۆكێكه شه‌رعیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه دنیا ته‌عبیئه بكات له بهرژوهندیيهكانی توركیا، ئێوه ئه‌م یاریيه مه‌كه‌ن زۆر به قازانجتانە، كه‌چی ته‌ماشا ده‌كه‌ین ساڵێكی به‌سه‌ردا نه‌چوو په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌رۆك ئه‌ردۆگان ته‌واو ئاسایی بوونه‌وه، سه‌رۆك ئه‌ردۆگان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نارد بۆ لای سه‌رۆك ماكرۆن، نامه‌یه‌كی بۆ نارد، له نامه‌كه‌دا به عه‌زیزی من ده‌ستیپێكرد، بۆ سه‌رۆك ماكرۆن، هه‌روه‌ها سه‌رۆك ماكرۆرنیش به هه‌مان زمان وه‌ڵامی دایه‌وه، ناچار ورده ورده ده‌رگاكان له‌سه‌ر برایانی موسڵمان داخرا، ده‌رگاكان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی داخرا.
ده‌مه‌وێت بڵێم كاتێك ئیسلامییه‌كانی كوردستان بڕیاریاندا به‌رگریی له ئه‌ردۆگان بكه‌ن له به‌رامبه‌ر ماكرۆندا بڕیارێكی سۆزداری بوو، نه‌ك بڕیارێكی عەقڵانی، بۆ نموونه كاتیك ته‌ماشا ده‌كه‌یت فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگەری ده‌ڕوات بۆ لای كونسوڵی فه‌ره‌نسا و به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌داتێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له فه‌ره‌نسا ئه‌مه به‌ره‌نجامی دیراساتێكی وردی پهیوهندیيهكانی هێز و ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵی دادگەری له‌ناو پهیوهندیيهكانی فه‌ره‌نسا نییه، ئه‌م نامه نووسراوه، دوو سێ كه‌س دانیشتوون و ڕاوێژیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا كردووه و به‌یاننامه‌یه‌كیان نووسیوه و كۆنسوڵی فه‌ره‌نساش وه‌ریده‌گرێت، یاخوا به‌خێربێن و كارێكی باشتان كردووه و كه ئێمه‌تان نه‌كوشتووه و به‌ڵكو بهیاننامهیهكتان ده‌ركردووه، ئه‌مه لێره بۆ كۆمه‌ڵ ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام بۆ فه‌ره‌نسا ناوه‌ستێت، فه‌ره‌نسا دێت له‌سه‌ر ئاستی دوورمه‌ودا ئه‌مه شیكار ده‌كات، ده‌یان ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی هه‌یه كه ئیشی ئه‌وه‌یه له‌مانه تێبگات، ئه‌مه له چ پاشخانێكهوه هاتووه، چۆن هاتووه، بۆ هاتووه، ئایا ئه‌م گرووپه مه‌ترسییه، له داهاتوو ده‌كرێت ببێ به مه‌ترسی به سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی فه‌ره‌نساوه، له هه‌رێمی كوردستان، له عێراق، له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، فەڕەنسا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بكات، كۆمه‌ڵ چ سوودێك وه‌رده‌گرێت بۆ نموونه به‌یاننامه‌یه‌ك بدا به كونسوڵی فەڕەنسا، ئه‌وه هه‌روه‌ها بۆ یه‌كگرتوو، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم ههژاریيهكی مه‌عریفی ته‌واو هه‌یه كه وای لێكردوون، مه‌عقوله كه تۆ بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیت هه‌بێ به‌لای كه‌مه‌وه له ساڵی 1952 له كوردستاندا بوونی هه‌بێت، له (1952 تا 2022) چه‌ند ساڵ ده‌كات؟ نزیكه‌ی (70) ساڵ ئه‌كات، كه حه‌فتا ساڵه تۆ بوونت هه‌یه كه‌چی تا ئێستا توانای ئه‌وه‌ت نه‌بێت ڕێژه‌ی (17%)ی ده‌نگه‌كان تێپه‌ڕێنێت، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌م پرسیاره هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه نابێته ئیشكالیه‌تی موراجه‌عات لای بزووتنه‌وه ئیسلامیيه‌كان خۆی بۆ خۆی گرفته.
خاڵ: به‌ڕێزت ئایندهی ڕه‌وته‌ی ئیسلامییه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
د.عادل باخه‌وان: له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی پێموایه هه‌موو شانسێكیان هه‌یه به‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی بمێننه‌وه، چونكه بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت له كۆمه‌ڵگەی كوردستاندا چه‌ندین هێزی تر دروست بوون، به‌تایبه‌تی (نه‌وه‌ی نوێ)، من داتایه‌ك بخه‌مه ڕوو، عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه یه‌كێكە له ده‌وڵه‌ته هه‌ره گه‌نجه‌كانی كه‌ون، ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له خوار (30) ساڵه‌وه‌یه له (68%)ی كۆمه‌ڵگەیه، كه ده‌گاته (27) ملیۆن مرۆڤ له كۆی (40) ملیۆن، ئه‌وانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو (30) ساڵه‌وه‌یه بێگومان، یا له سه‌رووی (50) ساڵەوەیە یا له سه‌رووی (60) ساڵ ڕۆژانه ده‌مرن، به‌تایبه‌تی ڕێژه‌ی مناڵبوون له باشووری عێراق (7.2)ه، ئەمە زۆر زۆره، شتی وا كه‌مه، ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن كه عێراق گه‌نجترینی كۆمه‌ڵگه بێت به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، له‌ناو ئه‌م چینی گه‌نجانه‌دا ده‌یان ئه‌فكار هەیە، ئه‌وه نه‌ماوه بۆ نموونه وه‌كو دوو هه‌زاره‌كان كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، یان دوو هه‌زار و دهكانیشدا، ته‌نها چه‌ند ئۆپشنێكی له‌به‌رده‌ستدا بێت، ئێستا ژماره‌ی ئۆپشنهكان له‌به‌رده‌م گه‌نجدا، ڕێژه‌ی بژارده‌كان له‌به‌رده‌م گه‌نجی كوردیدا زۆر زۆر بووه، ده‌ڵێن ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی شانسی مانه‌وه‌یان زۆر زۆره، ناڵیم شانسی فراوانبوونیان، ناڵێم شانسی به‌هێزبوونیان، چونكه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا كۆمه‌ڵێك هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی تر دروست بووه كه ده‌یه‌وێت جۆرێكی كه بژی، كه ده‌یه‌وێت به جۆرێكی تر دنیا بكات، كه ده‌یه‌وێت به جۆرێكی تر بێت، دنیابینیيهكی تری هه‌یه. به‌ڵام له‌ڕووی سیاسییه‌وه، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م هه‌لومه‌رجی بابه‌تی ئیسلامییه‌كان له‌بار نییه كه نهپووكێنهوه. پێموایه له ده ساڵی داهاتوودا ئه‌و ڕێژه‌ی (17%)یه كه چه‌ندین جار به‌ده‌ستیان هێناوه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی داببه‌زێ.
خاڵ: زۆر جار ئیسلامییه‌كان به تیرۆر، زه‌بر و زه‌نگ تۆمه‌تبار ده‌كرێن، پێتوایه ئه‌مه چ كاریگه‌رییه‌كی كردووه‌ته سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا؟
د. عادل باخه‌وان: پێموایه پێناسه‌كردنی ئیسلامییه‌كانی كوردستان به تیرۆر هه‌ڵه‌یه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی سێ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی هه‌یه كه خۆیان به مونته‌می بۆ ئیسلام ده‌زانن، بنه‌ماكانی یارییه‌كه‌یان قبوڵ كردووه، بنه‌ماكانی یارییه‌كه بریتیيه له چی؟ بریتییه له‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئێمه‌ش ده‌مانه‌ویت هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، تۆ ده‌ته‌وێت به‌شداری حكومه‌ت بكه‌یت؟ ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ین، ئه‌مه دوو، سێیه‌م تۆ ده‌ته‌وێت ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێنیت، ئێمه‌ش وه‌كو تۆ له به‌رنامه و پرۆگرامی خۆماندا خستوومانه‌ته ناو به‌رنامه و پرۆگرامه‌وه و تا ئێستا پارتی یان یه‌كێتی به فه‌رمی نه‌یانخستووه‌ته ناو پرۆگرامیان كه خه‌بات ده‌كه‌ن له‌پێناو بیناكردنی ده‌وڵه‌تیكی كوردیدا، ته‌ماشا ده‌كه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ به فه‌رمی خستوویانه‌ته ناو پرۆگرامی خۆیانه‌وه، ئه‌مه‌ش وەك پرسێكی سۆزداری دیسانه‌وه ئیسلامییه‌كان كردوویانه، چونكه ئه‌گه‌ر تۆ وشیار بی به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تیدا، هه‌رگیز ئه‌مه ناكه‌یت.
خاڵ: پێتوانییه ئه‌مه وه‌كو پەندە كورد ده‌ڵێت له كانی دواكه‌وتووه له ڕێگا په‌له په‌ل ده‌كات، ئیسلامییەكان لە خەباتی چەكداری قۆناغی شاخ دواكەوتن و ئێستا پەلەیانە لە دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی؟
د. عادل باخه‌وان: بێگومان، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو پێیانوابێت له هه‌ولێر و سلێمانی دانیشتوون و چاودێری ناكرێن و ناخوینرێنهوه وه‌كو هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیی سیاسی و به ئاره‌زووی خۆم هه‌ڵده‌ستم بڕیار ده‌ده‌م ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌خه‌مه به‌رنامه‌وه، لای ده‌به‌م، چه‌ك هه‌ڵده‌گرم، چه‌ك داده‌نێم، ئه‌مه هه‌ڵه‌ی زۆر زۆر گه‌وره‌یه، له پاریسه‌وه بۆ واشنتن، له ئه‌نقه‌ره‌وه هه‌تا ده‌گاته قاهیره و تاران، ده‌یان و سه‌دان ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی ورد هه‌یه كه مه‌عریفه به‌رهه‌م ده‌هێنن له‌گه‌ڵ ههرشتێكیدا، بۆیه خستنه ناو پرۆگرامی ده‌وڵه‌تی كوردی و پرۆگراميیهوه ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی سۆزدارییە، ده‌مه‌وێت بڵێم تۆمه‌تباركردنی ئه‌م حیزبانه یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه به تیرۆریزم، له‌سه‌ر ئاستی كه‌لتووری هه‌ڵه‌یه، له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی هه‌ڵه‌یه، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیش مه‌ترسییه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه بزووتنه‌وە، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، بنكەی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان وا ڕاهێناوه كه ڕێز له بنه‌ماكانی یارییه‌كه بگرن، كه به‌شداری سیاسی بكه‌ن، كه به‌شداری كه‌لتووری بكه‌ن، كه به‌شداری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن، كه خۆیان به مناڵی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیە بزانن، ئاماده بن به‌شداری حكومه‌تێك بكه‌ن هه‌موو شتێكی ئیسلامی نه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی ئیسلامی نییه و تهبهنیشی نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تۆ ئه‌مانه بته‌وێت به زۆر فڕێیان بده‌یته چوارچێوه‌یه‌كه‌وه و وه‌كو داعش و ئه‌لقاعیده مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت، پێموایه ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئه‌منی قه‌ومی هه‌رێمی كوردستان، كه هه‌ركه‌سێ بیكات هه‌ڵه ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر من ده‌سه‌ڵاتدار بم له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان گوێ بۆ من بگرن، ده‌بێت هه‌موو هه‌لومه‌رجێك ئاماده بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی باشتر ئیسلامییه‌كانی كوردستان، هه‌ر سێ بزووتنه‌وه‌كه، به‌شداربن له پرۆسێسی سیاسی، هه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌تا ئیداره‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی كوردستان.
خاڵ: دوایه‌مین پرسیار، به بڕوای به‌ڕێزت ئیسلامییه‌كان چۆن ده‌توانن ببنه هێزێكی كاریگه‌ری ئەرێنی له داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا؟
د. عادل باخه‌وان: بە به‌خۆداچوونه‌وه، به‌خۆداچوونه‌وه‌ی خۆیان، ئه‌وه‌ی كه ئیسلامییه‌كان نایكه‌ن، پێداچوونه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئه‌وه‌ی كه كاری نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی كه ئامانجه‌كانی نه‌پێكاوه، ئه‌وه‌ی كه وایكردووە ئیسلامییه‌كان ببن به په‌راوێز و پاشكۆ، ئه‌م خوێندنه‌وه و بەخۆداچوونەوە ڕه‌خنه‌گرانه‌یه له یه‌ك ئاستدا نه‌بێت، بۆ نموونه ته‌نها له ئاستی سیاسیی‌دا بێت، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی بێت، بۆچی ئێمه له فراوانبوونه‌وه ئێستا كه‌وتووینه‌ته به‌ر بژارده‌ی گریمانه‌ی مانه‌وه، له‌سه‌ر ئاستی كه‌لتووری، له‌سه‌ر ئاستی ئابووری، له‌سه‌ر ئاستی جیۆپۆلێتیك، له هه‌موو بواره‌كاندا، ته‌ماشا بكه، بۆچی ده‌ڵێم له‌سه‌ر ئاستی جیۆپۆلێتیك، كاتێك ده‌ڵێم جیۆپۆلێتیك مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه چی ڕێگره له كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه كه كۆمیسیۆنێكی باڵا دروست بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌راوردی خۆیان بكه‌ن به ئه‌زموونی (نهضه) له تونس، (داد و گەشەپێدان) له توركیا، (داد و گەشەپێدان) له مه‌غریب، چی وا له‌وه ده‌كات كه بێن لیژنه‌یه‌ك بنێرن بۆ نموونه بۆ به‌ریتانیا، لیژنه‌یه‌ك بنێرن بۆ ئه‌ڵمانیا، چونكه ئه‌وه‌ش هه‌ر مسوڵمانه، ئه‌ویش هه‌ر ئیسلامییه، بۆ ئیسلاميیه‌كان له فه‌ره‌نسا پێیانوایه ده‌بێت ململانێ بكه‌ن له‌پێناوی پاریزگاریكردن له عه‌لمانیه‌تدا، چونكه عه‌لمانیه‌ت تاكه گه‌ره‌نتیه‌كه كه ده‌یانپارێزیت له به‌رامبه‌ر هه‌موو ڕادیكاڵیزمێكدا، به‌ڵام بۆ ئیسلامییه‌ك له كوردستاندا پێیوایه عه‌لمانیه‌ت بریتيیه له لوتكه‌ی شه‌ڕ، كه هه‌رچیمان كردووه ده‌بێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ململانێی بكه‌ین، ناڵێم ئه‌مه باشه یان خراپ، ده‌ڵێم كۆمیسیۆنێك بنێره با تێبگات، با بكرێته‌وه به‌سه‌ر دنیادا بزانێ ئه‌و سیسته‌می (ئه‌ردی موشینه)ی ئه‌وێ چییه كه وا ده‌كات، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ی كه ئێستا ئیسلامییه‌كان پێویستيیانه ئه‌وه‌یه كه به وردی موراجه‌عاتی گوتاری خۆیان بكه‌ن، له هه‌موو بواره‌كاندا، ئه‌و موراجهعاتانه ده‌ره‌نجامه‌كانی ته‌به‌نی بكه‌ن لای خۆیان و ئه‌مه ڕێگه‌یان پێده‌دات كه باشتر بتوانن له‌ناو كۆمه‌ڵگەی كوردیدا خزمه‌تی خۆیان بكه‌ن و بوونی خۆیان له‌ناو مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كه‌لتووری كوردستاندا ده‌ستنیشان بكه‌ن.