هاوڕەگەزبازی ڕەفتارێكی بەدەستهاتووە یان بەهۆی جینەكانەوەیە كە كۆنتڕۆڵ ناكرێن
هاوڕەگەزبازی ڕەفتارێكی بەدەستهاتووە یان بەهۆی جینەكانەوەیە كە كۆنتڕۆڵ ناكرێن
  2022/12/27     743 جار بینراوە    


نووسینی: ئیبراهیم سەید                               

وەرگێڕانی: ڕێدار ئەحمەد

ماوە ماوە باس لە دەستكەوتی زانستی لەبواری دۆزینەوەی جینی هاوڕەگەزبازی (Gay Gene) دەكرێت كە بانگەشه‌ی ئەوە دەكات هاوڕەگەزبازی لای مرۆڤ كارێكی سروشتی و (فیتری)یە، ئەمجۆرە توێژینەوە یان هەواڵانە بەیەكێك لەو پایە سەرەکییانە دادەنرێت كە گوتاری بێباوەڕانی لەسەر دامەزراوە و پەرە بەو بیرۆكەیە دەدات هاوڕەگەزبازی ناتەواوی یاخود نەخۆشییەکی ئۆرگانی یان تێکچوونی دەروونی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی زۆر ڕەوایە، چونکە سروشتێکی بۆماوەیی هەیە و لە ترشەڵۆكی ناوەكی مرۆڤ (Human DNA)دا هەیە و لەگەڵ مرۆڤ لەدایک دەبێت و ناتوانێت لەكۆڵی بكرێتەوە و ناشتوانرێت بەهۆیەوە سزای بدرێت وەك ئەوەی ئایینە ئاسمانییەكان داوای دەكەن، لەم چوارچێوەیەدا و بۆ نموونە ڕیتشارد دوكنزی مولحید بۆچوونی وایە: "بەرەوپێشچوونەكان بەتەواوی لە ڕێگەی چەند تیۆرێکەوە هاوڕەگەزبازی ڕوون دەکاتەوە"، شەریف جابری مولحیدی عەرەبیش پێی وایە هاوڕەگەزبازی ڕەفتارێکی سروشتییە کە پێویست بە ترسان یان خۆڕزگاركردن لێی ناكات، بەڵکو دەبێت پشتگیری بکرێت و سازانی لەگەڵ بكرێت.

لەگەڵ زیادبوونی بەسیاسیکردنی پرسی هاوڕەگەزبازی، بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥دا کە دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاریدا کە ڕێگە بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزەکان دەدرێت لە سەرتاسەری ئەمریکادا، لەكاتێكدا پێشتر ئەو بابەتە تەنیا لە ٣٦ ویلایەت لە کۆی ٥٠ ویلایەتدا ڕێگەپێدراو بوو، بەم بڕیارە ئەمەریکا چووە نێو لیستی ئەو وڵاتانەوە کە ڕێگە بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزەکان دەدەن، وەک دانیمارک، هۆڵەندا، بەلجیکا، باشووری ئەفریقا، بەڕازیل و ئەوانی دیکە. باشە ڕاستی ئەو بانگەشە زانستییانەی سەبارەت بە هاوڕەگەزبازی دەكرێت چییە؟! ئایا هاوڕەگەزبازی ڕەفتارێکی سروشتییە کە لە ئەنجامی میراتێکی بۆماوەییەوە دێتە ئاراوە کە لە ماوەی هەزاران ساڵدا پەرەی سەندووە، یان ڕەفتارێکی وەرگیراو و ناتەواوییەکی دەروونییە کە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە؟!

چۆن لێكدانەوە بۆ هاوڕەگەزبازی بكەین؟

ئەو گوتارەی بانگەشە بۆ هاوڕەگەزبازی دەكات لەسەر بنەمای بڵاوكردنەوەی بیرۆكەی "سروشتیبوون"ی لادانی سێكسی دامەزراوە و بۆ ئەمەش پشتی بە سێ ئاڕاستە بەستووە: یەكەمیان بریتییە لە بەراوردكردنی ڕەفتاری مرۆڤ لەگەڵ ڕەفتاری گیانلەبەران، چونكە تێبینی ئەوە كراوە زۆرێك لە گیانلەبەران هاوڕەگەزبازیان تێدایە. ئاڕاستەی دووەمیش بریتییە لە بانگەشەی بوونی كۆدی جینی (Genetic code)ی دیاریكراو كە بەرپرسە لە هاوڕەگەزبازی -ڕەفتاری سێكسی بەشێوەیەكی گشتی- لە ترشی ناوەكی مرۆڤدا. ئاڕاستەی سێیەم خۆی لەوەدا دەبینێتەوە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و فاكتەرە كۆمەڵایەتییان هیچ پەیوەندییان بە دیاریكردنی ئاڕاستە و ناسنامەی سێكسییەوە نییە.

دیارە ڕاستبوونی ئەم ئاڕاستانە ڕووبەڕووی گومانێکی زۆر دەبێتەوە، ئەمەش لەلایەن دوو برا كە نووسەری زانستین، بەناوەكانی نیل وایت هێد و بریار وایت هێدەوە لە کتێبەکەیاندا (جینەکانم وایان لێکردم بیکەم!) پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو دوو نوسەرە لە پێشەكی كتێبەكەیاندا دەڵێن: "ڕۆژئاوا لە ماوەی بیست یان سی ساڵی ڕابردوودا مەیدانی هەڵمەتێكی زانیاری ناڕاست و فریودان بوو، کە تێیدا دامەزراوە گشتییەکانی، لە یاسادانەرانەوە تا دادوەر و لە کەنیسەکانەوە تا پسپۆڕییە مێشكییە تەندروستییەكان، بەشێوەیەکی بەرفراوان باوەڕیان وایە هاوڕەگەزبازی بەشێوەیەکی ئۆرگانیکی بۆماوەییە هەربۆیە ناتوانرێت بگۆڕدرێت". مارک دایس شرۆڤەکاری ڕاگەیاندن هاوڕایە لەگەڵ ئەم بۆچوونە و دەڵێت:"میدیا لیبراڵەکان بەمەبەستی باوەڕهێنان بە ئەمریکییەکان كە ڕێژەی هاوڕەگەزبازی بەرزبووەتەوە لەڕێگەی پڕوپاگەندەی هاوڕەگەزبازییەوە پرۆسەی مێشك شۆردنی ئەنجامداوە".

ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی لای ئاژەڵەكان

زۆرێك لە زانایان بۆچوونیان وایە بەڵگەهێنانەوە بە ڕەفتاری هاوڕه‌گەزبازی لای ئاژەڵ بۆ بەڕاست نیشاندانی زگماكبوونی ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی لای مرۆڤ بەڵگە هێنانەوەیەكی هەڵەیە لەدوو ڕووەوە، یەكەمیان: بریتییە لەوەی غەریزەكان و ڕەفتارە ئاژەڵییەكان ڕاست نییە بەهاوشێوەكانی لای مرۆڤ پێوانە بكرێت، بۆ نموونە، هەندێك پشیلە –نێر و مێیان- هەڵدەستن بە كوشتنی پشیلە بچووكەكان تەنانەت ئەگەر ئەو پشیلە بچووكانە بێچووی خۆشیان بێت، ئەم ڕەفتارە هۆكارێكی غەریزەیی لای پشیلە هەیە بەهۆی هەندێك گۆڕانكاری سایكۆلۆژيی و ئۆرگانییەوەیە. لە ڕەفتارێكی ئاوەهادا، ئایا دەكرێت بێهوودە برا مرۆڤەكەی بكوژێت بە بیانووی ئەوەی ئەمە ڕەفتارێكی سروشتییە لای ئاژەڵەكان، هەر جۆرە بوونەوەرێكی زیندوو (Species) پێكهاتەی بونیاتی و وەزیفی جیاواز لەتەواوی جۆرە بوونەوەرەكانی تر هەیە.

لایەنی دووەمی ڕەتکردنەوەی پێوانەکردنی ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی ئاژەڵەکان لەسەر ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی مرۆڤەکان ئەوەیە کە زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی دەکەن بەهۆی پاڵنەری شەهوەت و ئارەزووی سێکسی بۆ هاوڕەگەزەكەیان ئەنجامی نادەن، بەڵکو هۆکاری جۆراوجۆری هەیە کە زۆرجار پەیوەندییان بە بوونی مەیلی سێکسی ڕەسەنەوە بەرامبەر بە هەمان ڕەگەزی خۆیان نییە، لە هۆکارەکانی هاوڕەگەزبازی لە جیهانی ئاژەڵەکاندا: ڕاگەیاندنی زاڵبوونی نێرینە بەسەر نێرەكانی تردا و، دەرخستنی باڵادەستی ئەو نێرینەیە بەسەر زەوییەكی دیاریكراودا و، چەسپاندنی نێرینەیەتی ئەو نێرینەیە لەبەردەم ئەو مێینانەی بۆ بەهێزێك دەگەڕێن، هەندێكجاریش: تێكچوونی هەستی بۆنكردن -كە بەرپرسە لە وەرگرتنی نامە سێكسیەكان لای هەندێك لە ئاژەڵەكان- لای نێرینە لە دیاریكردنی كامە مێینەیە و كامە نێرینەیە. ئەم پاساوانەش جیاوازە لەو پڕوپاگەندانەی كە پشتیوانی هاوڕەگەزبازی دەكەن.

توێژینەوەیەك ئەوەی سەلماندووە ڕەفتاری سێكسی بەدەست دەهێنرێت -لانی كەم بەشێوەیەكی بەشەكی- لەكاتی پێگەیشتندا و بەشێوەیەكی بەهێز لە منداڵییەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری پەروەردە و ڕەفتارێكی زگماگی چەسپاوی ڕیشەدار نییە لای مەیموونەكان كە لەكاتی لەدایكبوونیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لە توێژەران ئەو پرسیارە دەكەن: ئایا غەریزە سروشتییەكان بەتەنها دیاریكەری ڕەفتاری سێكسین لای ئاژەڵەكان یاخود هۆكارە كۆمەڵایەتییەكانیش ڕۆڵیان هەیە لە دیاریكردنی مەیلی سێكسیدا؟!

لە یەکێک لە تاقیکردنەوە سەرەکییەکان کۆمەڵێک زانا هاتن کۆمەڵێک مەیموونی نێریان لە دایکیان جیاکردەوە و بەبێ بوونی دایکەکە بەخێویان کردن، كاتێك ئەو بەچكە مەیموونە نێرانە گەورە بوون مەیموونی مێیەنەی قبوڵكراوی سێكسیان هێنا بۆیان، مەیموونە نێرینەكان سەریان لێ شێوا و بەردەوام لە سەرسوڕماندا دەسوڕانەوە، تەنانەت هەندێک لە مەیموونە نێرەکان هەوڵیان دەدا لەگەڵ مەیموونە مێینەکاندا تێکەڵاو ببن، بەڵام شکستیان هێنا. بەم شێوەیە ئەم توێژینەوەیە دەریخست کە ڕەفتاری سێکسی لانیکەم لە بەشێکدا لەکاتی پەروەردەکردندا بەدەست دێت و لە کۆرپەییەوە کاریگەری بەهێزی پەروەردەی لەسەرە، نەک شتێکی زگماکی و جێگیر بێت لای مەیموونەکان لەكاتی لەدایکبوونیانەوە.

میدیا و ڕاستزانی جینی هاوڕەگەزبازی

زۆرجار ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان هەندێك مانشێتی ئاوەها بڵاودەكەنەوە: دۆزینەوەی (جینی هاوڕەگەزبازی) یان (توێژینەوەیەک دەیسەلمێنێت کە جین ئاڕاستەی سێکسی دەكات). بەڵام پێدەچێت زۆربەی ئەم مانشێتانە لەڕووی ڕادەی بڕواپێکراويی و ڕاستبوونیانەوە جێگەی پرسیار بن. بۆ نموونە لە یەکێک لە ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکاندا، زانای بەناوبانگی بۆماوەی ئەمریكی و لایەنگری هاوڕەگەزبازی "دین هامر" هەستا بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەك كە تێیدا بانگەشەی ئەوە دەكات پەیوەندی هەیە لەنێوان زانستی جینەكان و هاوڕەگەزبازیدا، ڕۆژنامە ئەمریکییەکان زۆر بەخێرایی هەواڵەکەیان لەژێر ئەم مانشێتە ڕاشكاوەدا بڵاوكردەوە: (توێژەرێک جینی هاوڕەگەزبازی دەدۆزێتەوە)، سەرەڕای سەرنجڕاکێشی ئەم ناونیشانە و مانا ئاشكراكەی لای خوێنەری ئاسایی، كەچی دین هامر خۆی پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە ئەو كارەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند: "جینی بەرپرسی لە ئاڕاستەی سێكسیمان نەدۆزیوەتەوە، بەڵكو باوەڕمان وایە لەئەسڵدا ئەو جینە هەر بوونی نییە"، خودی هامر - کە لایەنگری سەرسەختی هاوڕەگەزبازییە- پێی وایە هەر هەوڵێک بۆ سەلماندنی بوونی یەک جین کە هاوڕەگەزبازی بەڕێوەدەبات، هەوڵێكی بێهودەیە.

لەڕووداوێكی هاوشێوەدا ساڵی 2015، تیمێك لە توێژەرانی زانكۆی كالیفۆرنیا هەستان بەڕاگەیاندنی بوونی هەندێك نیشانەی سەرو جینی (*) كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لای پیاوان كاریگەریان هەیە لەسەر هاوڕەگەزبازی. گۆڤاری سروشت (Nature)ی بەناوبانگ هەستا بە گەرمی پێشوازی لەو هەواڵە كرد، بەدوای ئەودا چەندین پێگەی زانستی ئەلیكترۆنی هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە. بەڵام هەندێك لە لێكۆڵەرەوان هەستان بە پێداچوونەوەی توێژینەوەكە و هەندێك هەڵەیان بەرچاو كەوت كە بەڕاستزانی تەواوی لێكۆڵینەوەكە دەخاتە ژێر پرسیار، نووسه‌ری زانستی به‌ریتانی ئێد یۆنگ به‌شێك له‌و هه‌ڵانه‌ی دەرخستووە و ڕوونی كرده‌وه‌ كه‌ تیمی توێژینه‌وه‌كه‌ كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو له‌ تاقیكردنه‌وه‌یان دوورخستوەتەوە و هەندێكی تریان هەڵبژاردووە بۆ هاوڕابوون له‌گه‌ڵ ‌ئەو لۆگۆریتمانه‌ی توێژینه‌وەكە‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن تیمی توێژینه‌وه‌كه‌وه‌ دانرابوون، ئه‌مه‌ جگه‌لەوەی توێژینەوەكە تەنها پشتی بە 47 دوانە (جمك) بەستووە بۆ توێژینەوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە و بەس نییە بۆ گشتاندنی توێژینەوەکە یان تەنانەت بۆ دووبارە تاقیکردنەوەی، چونکە گەرەنتی هێزی ئاماریی (Statistical Power) پێویست ناکات، پاشان بە ناڕەزایەتییەوە وتی: "بەپێی ئەو ستراتیژەی کە لەلایەن ئەم تیمی توێژینەوەیەوە پەرەی پێدراوە، چانسی بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی بریتییە  لە ڕێكەوتی هەڕەمەکیی".

لە چوارچێوەی هەمان توێژینەوەدا، جۆن گریلی زانای جینات ڕەخنەی لە توێژینەوەكە گرتووە و گەیشتووەتە ئەوەی سەرۆكی تیمی توێژەرەوان خۆیان كە دانیان بەوەدا ناوە توێژینەوەكەیان لەڕووی زانستی و ئامارییەوە ناتەواوە، پاشان گریلی دەڵێت: "كێشەی توێژینەوەكانی سەروو جینات تەنها پەیوەست نییە بەم توێژینەوە هەژارەوە، بەڵكو كێشەیەكی سیستەمییە و، ناتوانرێت هۆكارە كیمیاویيەكان بەشێوەیەكی میكانیكی بە ڕەفتارێكی دیاریكراو ببەسترێتەوە، چونكە پەیوەندییەكە مانای هۆكاربوون ناگەیەنێت. "

توێژینەوە جینییەکانی ڕەفتاری سێکسی

دوور لەو توێژینەوانەی کە لە ڕاگەیاندنەكاندا زۆر بانگەشەی بۆ دەکرا، تیمێک لە توێژەرانی زانکۆی نۆرس وێستەرن لە ساڵی ٢٠١٤ توێژینەوەیەکی زانستییان ئەنجامدا کە دی ئێن ئەی ٤٠٠ پیاوی هاوڕەگەزبازیان پشکنی. توێژەران نەیانتوانی یەک جین بدۆزنەوە کە بەرپرس بێت لە ئاڕاستەی سێکسییان، رایانگەیاند کە "جینەکان یان ئەوەتا بەس نین، یاخود پێویست نین بۆئەوەی هیچ کام لە پیاوەکان وا لێ بكەن هاوڕەگەزبازى ئەنجام بدەن". پرۆفیسۆری جیناتی ئەمریکی ئالان ساندەرز لەسەر ئەم توێژینەوەیە دەڵێت: "جینەکان تەواوی چیرۆکەکە نین، شتەكە بەوشێوەیە نییە".

بەڵام ئایا توێژینەوە پەیوەندارەكان بە هاوڕەگەزبازی هاوشێوەی توێژینەوەكانی پەیوەست بەنەخۆشییە ئۆرگانییەكانە؟! وادیارە ئەمە وا نییە، گەڕان بەدوای جینی هاوڕەگەزبازیدا کێشەیەکی گەورەی تێدایە، ئەو كێشە گەورەیە بریتییە لەوەی توێژینەوە جینی-ڕەفتارەکان (Behavioral Genetics) بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە ڕەفتاری مرۆڤ دیاری ناكات، وەك ئەوەی جینێكی تایبەت نەخۆشییەكی دیاریكراو دیاری دەكات. دۆگلاس ئابۆت، مامۆستای توێژینەوەی خێزان لە زانکۆی نێبراسکا، ئەم کێشەیە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: زۆر کەس پێیان وایە جینەکان دەبنە هۆی ڕەفتاری دەروونی ئاڵۆز، بەڵام ئەمە وانییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو ڕەفتارانە لە ئەنجامی کاریگەریی بۆماوەیی (جینی) کارلێککردوو لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان و ئیرادەی ئازادی مرۆڤ دروست دەبێت.. كاتێك سەردێڕی ڕۆژنامەكان دەخوێنینەوە: (جینی X دەبێتە هۆی ڕەفتار Y)، ئەمە زیادەڕەوییەکە کە کەسانی سادە باوەڕیان پێی هەیە، چونكە جینەکان ڕاستەوخۆ نابنە هۆی ڕەفتار، بەڵکو جینەکان کۆدی ئەو پرۆتینانە دروست دەکەن کە لەڕێگەی زنجیرەیەکی درێژی پرۆسەی بایۆکیمیاییەوە هەیانە، لەكۆتایی كارەكەدا هەندێك كاریگەری لەسەر ڕەفتار دروست دەكات". پاشان دۆگلاس دەڵێت: "بازدان لە جینێکی پێناسەکراوەوە بۆ ڕەفتارێکی دیاریکراو كارێكی زۆر تێكەڵ و ئاڵۆزە".

بۆیە پێدەچێت پرۆسەی بەستنەوەی جین بە ڕەفتارەوە زۆر قورس بێت، بەوپێیەی هاوشێوەی گەڕان بەدوای جینێکدا نییە کە بەرپرس بێت لە نەخۆشییە فیزیۆلۆژییەکان کە تایبەتمەندی ئۆرگانیکی دیاریكراویان هەبێت کە بتوانرێت بەڕوونی لەناو جەستەی زیندەوەران چاودێری بکرێت، بەڵكو گومان و دوودڵییەکی زۆر لەخۆ دەگرێت، وەک پرۆفیسۆری بایۆلۆجی "ئیڤان باڵبان" هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی "دۆگلاس ئابۆت" و جەختی لەسەر دەكاتەوە: "تەواو ئەستەمە ئەو جینانە دەستنیشان بکرێت کە بەرپرسیارن لە تێکچوونەكانی ڕەفتار، بۆ نموونە هۆگربوونی کحول ناتوانرێت بەشێوەیەکی بێ دوو دڵی دیاری بکرێت، هەروەها ڕەفتارێک کە بەهۆی چەندین هۆکاری ژینگەییەوە دروست دەبێت نەک تەنها یەک جین".

جینەکان لەژێر وردبینی ڕێژەی هاوڕەگەزبازیدا دامەزراوەی (یەك لە دە) (One n Ten)  لەپاڵ دەیان دامەزراوە و پلاتفۆرمی دیکەدا، هەڵدەستن بە گشتاندنی ئەو بیرۆکەیە کە 10%ی دانیشتووان بە سروشتی خۆیان هاوڕەگەزبازن. بەڵام ئایا ئەم ڕێژەیە ڕاستەقینەیە؟ تا ساڵی ٢٠١٠ زیاتر لە سی ڕاپرسی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەنجامدرابوو بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هاوڕەگەزبازان، هیچ یەکێک لەو توێژینەوانە لە ١٠% نزیک نەببووەوە، بەڵكو هەموو ڕێژەکان لە نێوان ٢-٣%دا بوون.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن پرۆفیسۆری کۆمەڵناسی ئەمیباتلەرەوە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا پێداچوونەوەی هەموو ئەو ڕاپرسییانەی کردووە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە باسیان لە ڕێژەی ئەو کەسانە کردووە کە لە ئەمریکادا هاوبەشی هاوڕەگەزبازیان هەبووە، توێژەرەکە بۆی دەرکەوتووە کە ڕێژەکان لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی بەدواوە دوو هێندە زیاد دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە میدیا و هۆکارە کۆمەڵایەتيی و سیاسییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە دیاریکردنی ئاڕاستەی سێکسیدا، ئەگەر هاوڕەگەزبازی تەنها بەهۆی جینەوە بووایە، ئەوا ڕێژەكان بە بەردەوامی وەك خۆیان بەنەگۆڕی دەمانەوە.

یەکێک لە ڕاستییە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە ڕێژەی هاوڕەگەزبازی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و، هەندێکجاریش ڕێژەی پێوانەیی لە نێو کەنیسەکانی ڕۆژئاوادا تۆمار دەكات، قەشەی ئەسقەفی ئەمریکی "مالکۆم بۆید" دەڵێت: "ئەو لە مەدرەسەی کڵێساکاندا زیاتر ڕووبەڕوی هاوڕەگەزبازی بووەتەوە لەوەی لە ژیانیدا لە هۆلیوود ڕووبەڕوویان بووەتەوە".

لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاوکردەوە ئەوەی تێدا خرابووە ڕوو کە مردن بەهۆی ئایدز (AIDS) لەنێو ڕۆحانییە مەسیحییەکانی ئەمریکادا ١٠ هێندە زیاترە لە مردن بە هەمان نەخۆشی لە دانیشتووان بەگشتی. هەندێک ڕاپۆرت هەیە کە باس لە بەرزبوونەوەی گەورەی هاوڕەگەزبازی لە کۆلێژەکانی ئیلاهیاتی ئەمریکیدا دەکات، هەندێکجار دەگاتە ٣٠%ی کۆمەڵگەی زانکۆکانی ئەوێ. پێویست ناکات ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڕێژانە ئەوە دەگەیەنێت كە داپڵۆشێنەری فاکتەرە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە جین و سروشتی مرۆڤەوە نییە.

هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانی هاوڕەگەزبازی

چی دەبوو ئەگەر تەنها جینەکان بەرپرس بوونایە لە ڕەفتاری هاوڕەگەزبازی؟ بە گریمانەكردنی ئەمە، ئەوا جینەکان بە تەنها، سەرەڕای ئەوەی، بەدەر لە فاکتەرە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان کار ناکەن، چونكە سروشتی کاری جینەکان وەهایە بەشێوەیەكی بەردەوام لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیدا تێكەڵ دەبێت تا ئەو کاتەی کاریگەرییەکانیان بەشێوەیەکی دیاریکراو دێتەدی.

دەیڤید شێنک، نووسەری زانستی ئەمریکی ئەم بابەتە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: "وێڕای ئەوەی جینەکان وەک هێڵكاری تەواوكەرن، جینەکان وەک دوگمە و کۆنتڕۆڵی دەنگ لە ستۆدیۆکانی تۆمارکردندا وایە، ئێمە ڕاستەوخۆ لە جینەکانمانەوە سیفەتەکان وەرناگرین، بەڵكو ئێمە لە ڕێگەی پرۆسەی داینامیکی جینەکانەوە سیفەتەکان پەرەپێدەدەین بۆئەوەی جین و ژینگەی کۆمەڵایەتی كارلێك بكەن پێكەوە". پاشان قسەكانی بەوە كۆتایی پێدەهێنێت و دەڵێت: "لە جیهانی کارلێکی نێوان جینەکان و ژینگەدا، هێشتا جیاوازییە جینییەکان بەشێوەیەكی مەركەزی گرنگن، بەڵام بە تەنیا: جینەکان ئەوە دیاری ناکەن کە ئێمە کێین".

بە پرسیارکردن سەبارەت بەڕادەی زیندووێتی جینەکان بۆ ئاڕاستەی سێکسی - ئەگەر هەبێت – ئەوا هەردوو برا (وایت هێد) دەڵێن کە ڕاکێشانی هاوڕەگەزبازی: "دەتوانرێت لەڕووی جینییەوە 10% کاریگەری لەسەر بێت، بەڵام ئەم کاریگەرییە ناڕاستەوخۆ و لاوازە. بۆ نموونە: ئەو جینانەی وا دەکەن پیاو بەرز بێت مەرج نییە بتوانن یاریزانێكی باسکە بەرهەم بهێنن".

سەبارەت بەو هۆکارە کۆمەڵایەتیانەی کە کاریگەرییان لەسەر مەیلی هاوڕەگەزبازی هەیە، زۆر و جۆراوجۆرن، توێژینەوەیەک دەریدەخات کە نەبوونی باوک یان دایک وا دەکات ڕێژەی هاوڕەگەزبازی لە ٢٠٪ زیاتر بێت. لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ٨٤٪ی هاوڕەگەزبازەکان دانیان بەوەدا ناوە کە باوکیان بێباک بووە و كاتێ مناڵ بوون هیچ گرنگی پێنەداون، لەكاتێكدا ئەو ڕێژەیە 10% بووە لای جیاڕەگەزەکان (واتە ئەوانەی سێکس لەگەڵ ڕەگەزەكەی تردا دەکەن).

سەبارەت بە هاوڕێیەتی لە منداڵیدا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زۆرجار هاوڕەگەزبازەکان هاوڕێی هاوڕەگەزیان کەم بووە و لەلایەن گرووپە گەورەکانی هاوڕەگەزیانەوە ڕەتدەکرانەوە. لە ئەنجامی تێکچوونی خێزان یان بەهۆی ئەوەی ژینگە کۆمەڵایەتییان پێیان ڕازی نەبووە، حاڵەتێکی دیاری نەكردنی ڕەگەزیی (Gender Non-Conformity) لەلای هەندێک لە منداڵاندا دەردەکەوێت، ئەمەش بە ڕێژەی 15% بەشدارە لە مەیلیان بۆ هاوڕەگەزبازیی، بەتایبەت ئەگەر ئەم تێکچوونە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەگەڵدا بێت ئەو كاتەی تەمەنیان بچووك بووە.

-----

(*) هۆكارە سەرو -جینیيەكان (Epigenetic Markers) بریتییە لەو گۆڕانكارییە كیمیایيانەی كە كاریگەری نییە لەسەر پێكهاتەی ترشی ناوەكی.

سەرچاوە: الجزیرة.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure