وهرگێڕانى: بنار جهبار
بۆچی تەنها دوو ڕەگەز هەیە، گەرچی مەودایەکی فراوانی کلتووريی و هۆرمۆنی لەناو ڕەگەزەکاندا هەیە؟ گفتوگۆیەک لەگەڵ کریستیانا نوسلێن ڤولهارد، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، لەسەر ئایدۆلۆجیای ترانسجێندەریزم و هاودەستە ساویلکەکانی ئەو ئایدۆلۆجیایە، هەروەها لەسەر ئەوەی بۆچی باوەڕی وایە یاسای دیاریکردنی ڕەگەزی خود "شێتانەیە."
ـ پڕۆفیسۆر نوسلێن ڤولهارد، وەکو ئاگاداریت سڤین لیمان، نوێنەری کویرەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا، دەڵێت: ئەوانەی دەڵێن تەنها دوو ڕەگەز هەیە قسەیەکی نازانستی دەکەن. چەندین ڕەگەز هەن.
پڕۆفیسۆر نوسلێن: ئەوە قسەیەکی نازانستییە! ڕەنگە بەڕێز لیمان لە وانەی زیندەوەرزانیی نەچووبێتە ژوورەوە.
ـ مادام وایە با بۆی قەرەبوو بکەینەوە.
پڕۆفیسۆر لیمان: باشە، هەموو شیردەرەکان دوو ڕەگەزیان هەیە، مرۆڤەکانیش سەر بە شیردەرەکانن. ڕەگەزێکیان هێلکە بەرهەم دەهێنێت و دوو کرۆمۆسۆمی ئێکسی (X) هەیە. ئەم ڕەگەزە پێی دەگوترێت مێ. ڕەگەزێکی تریش هەیە سپێرم بەرهەم دەهێنێت، هەروەها کرۆمۆسۆمێکی وای (Y) و یەکێکی ئێکسی (X) هەیە. ئەمەیان پێی دەگوترێت نێر. کاتێک هێلکەیەک و سپێرمێک یەک دەگرن، ژیانێکی نوێ دروست دەبێت.
ـ خەڵکی حەزیان بەوەیە نموونەکانی جیهانی ئاژەڵان بکەن بە بەڵگەی هەبوونی زیاد لە دوو ڕەگەز، بۆ نموونە، چی لەسەر هێلکەشەیتانۆکە دەڵێیت؟
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: ئەوان دووڕەگەزن. خانەی هێلکە و سپێرمیشیان هەیە. دەتوانن خۆیان بپیتێنن. بەڵام زۆرینەی کات لەگەڵ هێلکەشەیتانۆکەیەکی تردا جووت دەبن. هۆکاری ئەمە ئەوەیە کاتێک خۆیان دەپیتێنن، بێچووەکەیان بە تەواوەتی لە خۆیان دەچێت. بەڵام کاتێک دوو دانەی جیاواز بۆماوە ماددەیان تێکەڵ دەکەن، جۆراوجۆریی زیاتر دروست دەبێت، بێچووەکەیش تەندروستتر دەبێت. ئەمە هۆکاری سەرکەوتنی ئەم بنەمایەیە لە سروشتدا. بەڵام، ئەوەی کە زیندەوەری دووڕەگەز هەن ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئەمانە دوو خانەی بەرهەمهێنەرن، واتا هێلکە و سپێرم، کەوایە دوو ڕەگەزن نەک زیاتر.
ـ بەڵام دادگای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕایگەیاند پێویستە جیا لە "نێر" و "مێ،" لەژێر ناونیشانی "جیاواز"دا جێگا بۆ ڕەگەزی سێیەمیش بکرێتەوە، بۆ ئەو کەسانەی نێوانەڕەگەزن.
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: نێوانەڕەگەزی زادەی لادانی زۆر دەگمەنە، بۆ نموونە لە سێتێک کرۆمۆسۆمدا، بەڵام کەسانی نێوانەڕەگەزیش سیفەتی هەردوو ڕەگەزەکەیان تیادایە، ئەوان ڕەگەزی سێیەم نین.
ـ بەڵام فراوانییەکی زۆر لەناو خودی ڕەگەزەکاندا هەیە.
پڕۆفیسۆر لیمان: بێگومان. پیاوی وا هەیە لایەنی ژنێتی تیایدا زاڵە، ژنیش هەیە لایەنی پیاوەتیی بەهێزە، ئەمەیش هۆکاری زۆرە و تەنها پەیوەندیی بە فاکتەرە کلتوورییەکانەوە نییە، بەڵکو ئاستی هۆرمۆنە جیاوازەکانیش ڕۆڵییان تیایدا هەیە. فراوانییەکی زۆر هەیە، بۆیە بابەتەکە سەرنجڕاکێشە.
ـ بەڵام زاراوە دروستە سیاسییەکە لە ئێستادا ئەوە نییە ئەگەر پیاوێک "وەکو ژن هەستی کرد،" پێویستە کۆمەڵگە و یاسادانەران دەرفەتی بدەنێ لە ڕەگەزی دڵخوازیدا بژی. بەڵکو ئەمەیە: ئەو کەسە پیاو نییە، مادام دەڵێت ژنە، ژنە.
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: ئەمە قسەی بێمانایە! بیرکردنەوەی ئارەزوومەندانەیە. کەسانێک هەن دەیانەوێت ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ناتوانن. هەر بە دوو ئێکسی (XX) یان بە ئێکس و وای (XY) دەمێننەوە. پرسە چارەنووسازەکە ئەوەیە هەبوون و نەبوونی کرۆمۆسۆمی وای (Y) لە ماوەی دووگیانیدا، هەروەها بێگومان لە هەرزەکارییشدا، کاریگەریی هەیە. بۆیە سیفەتی ڕەگەزیی کچان و کوڕان جیاوازە. ئەم جیاوازییە لەناو نابرێت. وەکو چ ڕەگەزێک لەدایک بوویت، وەکو ئەوە دەمریت. بێگومان لە ڕێگای وەرگرتنی هۆرمۆنەوە هەندێک گۆڕانکاری دەکرێت، بۆ نموونە، ئەگەر کچێک هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن وەربگرێت، دەنگی گڕتر دەبێت و ڕیشیشی زیاد دەکات. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ئەم کچە ببێت بە خاوەنی گون، هەروەها سپێرمیشی بۆ دروست ناکات. ئەو کەسانەیشی کە لەگەڵ لەدایکبوونیاندا نێرن، ئەگەر هۆرمۆنیشیان بدەیتێ هەر هێلکە بەرهەم ناهێنن و دووگیان نابن. لێرەدا کێشەکە لەگەڵ نەشتەرگەريی و دەستێوەردانە چاکنەکراوەکاندا دروست دەبێت. بەڵام هۆرمۆنەکانیش بێ زیان نین، چونکە شتێک دەخەیتە ناو جەستەوە کە نابێت لەوێدا بێت. هۆرمۆنەکان لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی، کاریگەریی زۆریان هەیە. بە بۆچوونی من، وەرگرتنی هۆرمۆن بەشێوەیەکی بەردەوام کارێکی مەترسیدارە. لەسەر ئاستی دوورمەودا، جەستە بەرگەی ناگرێت. هەموو ئەو هۆرمۆنانەی وەریاندەگریت، کاریگەریی لاوەکییان هەیە. وەرگرتنی هۆرمۆن هەر لە بنەڕەتەوە مەترسیدارە.
ـ لە داهاتوودا، کەسانی لاوی سەرووی ١٤ ساڵ دەتوانن ڕەگەزی خۆیان دیاری بکەن.
ـ ئەمە شێتییە! زۆرینەی کچان لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا ناشادن. خۆم باش ئەوە دەزانم. منیش لە ١٤ ساڵیدا دڵخۆش نەبووم و حەزم دەکرد کوڕ بم. ئەوکات بۆم نەبوو پانتۆڵ لەبەر بکەم، یان قژم ببڕم. زۆرجار قسەم بە خۆم دەگوت و دەمگوت: خۆزگە پیاو بوومایە! ئەگەر حەزت بە کارێک بێت کە زۆرینەی پیاون، بێگومان ڕەنگە حەز بکەیت تۆش پیاو بیت. بەڵام کارە ڕاستەکە ئەوەیە ڕێگایەک بدۆزیتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوە و سەلماندنی خۆت. دەبێت کچەکانمان فێری ئەمە بکرێن.
ـ پێتوایە ئەوە ڕاستە کە یاسادەرکەر ڕێگا بە خەڵک دەدات ئەم بەناوگۆڕانە ڕەگەزییە ئەنجام بدەن؟
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: یاسادەرکەر ناتوانێت بڕیاری ڕەگەزگۆڕین بدات. تەنها دەتوانێت بڵێت، لەم چرکەیەوە، ئیدی ئەم ژنە دەتوانێت بڵێت پیاوە و بە پێچەوانەشەوە. بنەڕەتە بایلۆجییەکە بە هیچ جۆرێک ناگۆڕێت. جا ئەگەر ئێستا پیاوێک بڵێت ژنە، پاشان بچێت بۆ یانەیەکی وەرزشی و لەگەڵ ژناندا یاری بکات، کێشەیەکی گەورەمان تووش دەبێت. چونکە بەهۆی هۆرمۆنە نێرەکانیيەوە، لە ژنان بەهێزترە و لەوان خێراتر ڕادەکات. وەکو خواردنی ماددەی وزەبەخش وایە. ئەگەر هەر لە بنەڕەتەوە پیاوێک بۆی نەبێت بڵێت ژنە، شتێکی وا ڕوونادات.
ـ دادگای دەستووریی فیدراڵی چەند بڕیارێکی لەسەر نێوانەڕەگەزی داوە، کە پەیوەندییان بە چەمکی ڕەگەز و جێندەرەوە هەیە. یاساکەی ٢٠١٧ دەڵێت: "لە زانستە پزیشکی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکاندا، کۆڕایی لەسەر ئەوە هەیە ڕەگەز تەنها بەپێی سیفەتە کرۆمۆسۆمییە بۆماوەییەکان دیاری ناکرێت، بەڵکو فاکتەرە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیش ڕۆڵیان هەیە." تۆی زیندەوەرزان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ چیت لەسەر ئەمە هەیە؟
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: ئەمە قسەی بێمانایە. هەستکردنی مرۆڤ بەپێی بارودۆخە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان دەگۆڕێت، بەڵام ڕەگەزی ناگۆڕێت. لەو شوێنەی زانست ئەنجام دەدرێت، هیچ گومانێک لەسەر ئەم قسەیەم نییە.
ـ ئاخر داڕشتنەکە هی دامەزراوەی پزیشکیی ئەڵمانییایە.
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: وا دیارە ئەمانیش شتێکیان لێ تێک چووە: جیاوازیی نێوان ڕەگەز و جێندەر. بێگومان لە جێندەردا، واتا ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، جۆراوجۆری هەیە، بەڵام لە ڕەگەزی بایلۆجیدا تەنها نێر و مێ هەیە. نوقتە سەری دێر. بێگومان دەگونجێت کچێت حەز بکات بە ناوی کوڕەوە باس بکرێت. لە چیرۆکی "پێنج هاوڕێکەدا" جۆرج ئاوایە.
ـ کاتێک ماری لویس ڤۆلبرێختی خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی هەمبۆڵدت، لە مەراسیمی شەوانی زانستەکاندا، ویستی وانەیەک لەسەر دووڕەگەزخوازی بدات، خۆپیشاندان کرا، لە ئەنجامدا زانکۆکە وانەکەی لابرد.
ـ ئێستا ئیدی وانەی زیندەوەرزانیش لادەبەن؟ واتا چیتر نازانین کێین، خەبەرمان لەوە نییە ڕەگەزی مرۆڤ چۆن دیاری دەکرێت؟ لەبەرئەوەی گوایە خراپە، چیتر فێری نەبین؟ بیرمه لە کۆتایی هەشتاکاندا کەمپینیان دژی ئەو توێژەرە دەکرد کە جینی وایی (Y) دیاریکەری ڕەگەزی دۆزیبوویەوە. بەڕواڵەت، ئەو بە ئەنجامدانی کارێکی قێزەون دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار دەکرا، چونکە جینێکی دۆزیبوویەوە کە هانی بەرهەمهێنانی تێستۆستیرۆنی دەدا. ئەوە شێتانە بوو، من تۆقیبووم! بەڵام لێرەوە ڕوونە خەڵکی هیچ لەسەر زیندەوەرزانی نازانێ، کەمی خوێندەواری و پەروەردە لەم بوارەدا زۆر خراپە.
ـ خودی خۆت ئەزموونی ئەم دژایەتییەی ڕاستی و زانستت کردووە؟
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: بێگومان. توێژینەوەکردن لەسەر کۆرپەلە بەسە بۆئەوەی وەکو خراپەکارێک دەربکەویت، چونکە هەموان وا هەست دەکەن تۆ خەریکی دەستکاریکردنی کۆرپەلەکانی. هەموو ئەوەی پێویست بوو ئەوە بوو بڵێم توێژینەوە لەسەر کۆرپەلە دەکەم – تەنانەت گەر کۆرپەلەکە هی مێشیش بووبێت – ههتاکو هێرشم بکرێتە سەر! بەداخەوە، دژایەتیکردنی زانستی لە ئەڵمانیا ئاشکرا و زارەکییە. ڕەنگە لە دوای کۆرۆناوە کەمێک باشتر بووبێت. زۆرێک لە خەڵکی بۆیان دەرکەوت دەبێت گوێ لە زانست بگرن. ئاشکراشە گوتنی ئەوەی ڤایرۆسەکە بوونی نییە، تەنها لەبەرئەوەی حەز ناکەیت بوونی هەبێت، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و لە ئەنجامیشدا خۆت زەرەر دەکەیت.
ـ ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێکی نوێ، چیتر بابەتەکە ئەوە نییە چ زانستێک ڕێگاپێدراوە، بەڵکو بریتییە لە "زاڵبوونی بیرکردنەوەی خەیاڵی بەسەر مەعریفەی زانستیدا."
ـ لە بنەڕەتدا، ناکرێت وانەیەک قەدەغە بکەیت، تەنها بە بیانووی ئەوەی دەکرێت کێشەیەکی هەبێت. بەڵام ئەو خوێندکاری دکتۆرایەی باست کرد ویستوویەتی شتێک ڕوون بکاتەوە کە لە هەموو مەنهەجێکدا هەیە. ئەو ئاوێتەبوونی خۆبەگەورەزانینی ئەخلاقی و نەفامییەی لێرەدا هەیە کوشندەیە.
ـ نکوڵیکردن لە حەقیقەتە بایلۆجییەکان تا ئاستێکی باوەڕپێنەکراو دەڕوات. بەم دواییانە، چالاکوانە ترانسەکان داوایان کردووە زێی مێ وای پێ نەگوترێت، چونکە ئەوان دەڵێن زێ مێ مەرج نییە ئەندامێکی جەستەی مێ بێت.
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: بێگومان زێ ئەندامێکی زاوزێی جەستەی مرۆڤی مێیە! پێویست دەکات ئەم کەسانە بە جددی وەربگرین؟
ـ ئەوە ڕوونە.
ـ پڕۆفیسۆر لیمان: ئەوەی کە نابێت ئازاری ترانسەکان بدرێت ڕوونە. مامەڵەکردنی خراپ خراپە، بەڵام بۆیان نییە بیرۆکەکانیان وەکو حەقیقەت بەسەر هەموو خەڵکدا بسەپێنن.